Draw Media

شێلادزێ و تووڕه‌ییه‌كی بێ وێنه‌

شێلادزێ و تووڕه‌ییه‌كی بێ وێنه‌

2019-01-30 07:28:06


د.كامه‌ران مه‌نتك    

راپه‌ڕینی شێلادزێ، راپه‌ڕین بوو به‌ واتای وشه‌، به‌رهه‌می تووڕه‌یی سوكایه‌تی پێكردن بوو به‌ میلله‌تێك، ئه‌و ده‌نگانه‌ی لهو‌ راپه‌ڕینه‌ به‌رزبوونه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ دژی توركیاو به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆش دژی پارتی و ده‌سه‌ڵاتی كوردی بوو، ئه‌و راپه‌ڕینه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی نیازی رزگاركردنی خاكی كوردستان بوو، وه‌كو پێویست به‌ كرده‌وه‌ پشتگیری نه‌كرا، له‌و راپه‌ڕینه‌ سه‌ركوتكراوه‌، چه‌ند شتێك به‌ دی ده‌كرێت، له‌وانه‌ ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كانی عێراق و به‌عس نه‌یتوانی تیایدا سه‌ركه‌وێ كورد به‌سه‌ر ده‌ڤه‌رو ناوچه‌ی جیاواز دابه‌ش بكات و كێشه‌یان له‌ نێوان دروست بكات، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ناو كوردیه‌ توانی و تیایدا ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كیش بێت سه‌ركه‌وتووه‌، بۆیه‌ ده‌بینین وه‌كو پێویست هیچ شاره‌كانی تری كوردستان، جگه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، شتێكی ئه‌وتۆ نه‌كرا، له‌ دهۆك شارێكی گه‌وره‌، چه‌ند چالاكوانێك هه‌ڵوێستیان هه‌بو و ده‌ستگیركران، له‌ هه‌موو دۆخه‌كانیشدا هه‌ر هێنده‌ ده‌نگه‌ هه‌یه‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕێت، ترس و چاوسووركردنه‌وه‌، وایكردوه‌ رای گشتی شاراوه‌ بێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات له‌گه‌ڵ دروست بوونی هه‌ر ده‌رفه‌تێكی گونجاودا، چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه‌ی زۆر گه‌وره‌تری لێبكرێت، ، له‌ هه‌ولێرو سلێمانی، هه‌ڵوێستێكی جدی نیشان نه‌درا، كه‌ ئه‌مه‌ جێگای داخه‌، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك ئه‌و دابڕانه‌ نیشان ده‌دات، كه‌ ئاماژه‌مان پێكرد، له‌ لایه‌كی تر بێ باوه‌ڕبوونی خه‌ڵكی كوردستان به‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی! كه‌ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ترسناكه‌ بۆ ئه‌و رۆژانه‌ی دادێت، له‌گه‌ڵ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی هه‌ر ده‌رفه‌تێك توندو تیژیه‌كی ئێجگار زۆر ده‌كه‌وێته‌وه‌ ئه‌و تووڕه‌یوونه‌ زۆره‌و ئه‌و رای گشتیه‌ په‌نگخواردوه‌، هێزێكی گه‌وره‌ی وێرانكردن رووخاندن له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت!!
له‌ راستیدا ئه‌وه‌ی له‌ شێلادزێ روویدا، پێم وانیه‌ له‌ هیچ شوێنێكی دنیا روویدا بێت، ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ر، خاكی تۆی داگیر كردبێت، جه‌نده‌رمه‌كانی گه‌نجه‌كانت بكوژن، فڕۆكه‌كان وڵاتت خاپوور بكه‌ن، كه‌چی كاتێك خه‌ڵك ناڕه‌زایه‌تیه‌ك ده‌رببڕێت، به‌ گێڕه‌شێوێن له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت! له‌ دنیادا نمونه‌ی‌ حزب و ده‌سه‌ڵاتێكی وا شك نابه‌م پشتی ده‌وڵه‌تێكی تری بكوژ بگرێت دژی رۆڵه‌كانی خۆی، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ شێلادزێ روویدا، ئه‌گه‌ر دواش بكه‌وێت، سه‌ره‌تای راپه‌ڕینێكی سه‌رتاسه‌ری ده‌بێت، هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن ئێمه‌ له‌ كۆتایی قۆناغێكدا دا ده‌ژێن هێنده‌ی نه‌ماوه‌ به‌كۆتا بێت و قۆناغێكی تر ده‌ست پێبكات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand