جەندرمە باشوریەکان کێن؟!
2019-01-28 18:46:04
عەبدوڵای مەلا نوری
جەندرمەکانى ئێرە مەرج نیە ناسنامەی دەوڵەتی تورکیایان لە گیرفان بێت.
ئەو حکومەتەی ئازادی هاوڵاتیەکانی، ئازادی دەزگاکانی راگەیاندن کۆت و بەند بکات بۆ رازیکردنی داگیرکەر، عەمیلە!
ئەوانە جەندرمەی تەواون کە، لە باشوری کوردستاندا شەڕی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی داگیرکەر دەکەن.
ئەوانە جەندرمەی تەواون کە زاڵم و مەزڵوم ، کە شۆڕشگیڕو دیکتاتۆر، وەک یەک تەماشا دەکەن.
ئەوانە جەندرمەی تەواون کە بۆ رازیکردنی داگیرکەر هاوڵاتیە ناڕازی و هوشیار و دڵسۆزو راپەڕیوەکانی خۆی راپێچی بەندیخانە دەکات.
هەر حزبەکانی دەسەڵات لە فۆرمی جەندرمەدا بە تەنها پرۆسەی داگیرکاری بەڕێوە نابەن، بەڵکو ئەوانەش فۆرمێکی تر لە جەندرمەیی پەیڕەو دەکەن کە، لە ئاستی ئەم حکومەت عەمیلەدا بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن!
ئاخر چەند شەرم و نەنگیە لە بەر ئەوەی چاوت لەوەیە لە حکومەتی داهاتوی جەندرمەکاندا چەند پۆستێک وەر بگریت کەچی خۆت و میدیاکانت لە ئاستی بەرتەسکردنەوەی ئازادی میدیایی، لە ئاستی دەستگیرکردنی میدیاکاران، لە ئاستی گرتن و لێدانی هاوڵاتیان و تەنانەت گرتنی کادرە دڵسۆزەکانی خۆشتدا هەڵوێستێکی جدیت نەبێت.
بۆ دەوڵەتی تورکیا وەک داگیرکەر هەر ئەوەندەی لە حیزبەکانی دەسەڵات دەوێت کە لە ئێستادا بەرژەوەندیە ئابوری و ئەمنی و سەربازیەکانی لە باشوری کورستان لە سەر حسابی کەرامەت و ئازدیەکانی هاوڵاتیانی هەرێم پارێزراو بێت!
خۆ هەر ئەوەندەش ئەرکی لە حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەوێت لە ئاستی عەمالەتی حیزبەکانی دەسەڵات و حکومەتی عەمیل بێ دەنگی هەڵبژێرن!
ئیدی ئەم دوانە پێکەوە هەر ئەوە دەکەن کە، ئەگەر دەیان هەزار جەندرمەی تورکیش لێرە بونایە هەر ئەوەندەیان پێ دەکرا.