كوردەكان لە نێوان بەرداشی ئەردۆغان و ئەسەددا
2019-01-30 18:52:22
جۆیس كەرەم
ئامانجی بنەڕەتی سەردانەكەی ئیلهام ئەحمەد، سەركردەی كورد و سەرۆكی دەستەی جێبەجێكردنی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی بۆ واشنتۆن، قایلكردنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ پەلەنەكردن و دواخستنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، كە تا ئێستا خشتەو بەرنامەی كشانەوەكە نادیارە و بەندە بە ئاڵۆزیی دانوستانەكانی نێوان ئەنكەرە و واشنتۆن و هەموو لایەنەكان.
ئیلهام ئەحمەد، رۆژی سێشەممە 29ی كانونی دووەم، لە كۆڕێكیدا لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە دوورودرێژی باسی لە هەڵوێستی دژی كوردەكان كرد بۆ هەر ناوچەیەكی ئارام كە لەژێر كۆنترۆڵی توركیادا بێت، لەگەڵ رەتكردنەوەی هەموو بونێكی توركیا، هەتا ئەگەر لە چوارچێوەی چاودێرانی نێودەوڵەتیشدا بن لەو ناوچانەی كە ئەمڕۆ لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان.
هەروەها ئیلهام ئەحمەد وتی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بێ دوودڵی لێكتێگەیشتن لەگەڵ رژێمی ئەسەد دەكات لە حاڵەتێكدا كە رێككەوتنی ئەمریكا- توركیا بەدیبێت، سەرەڕای جیاوازیو ناكۆكی نێوان هەردوولا ( كوردەكان و ئەسەد) دەربارەی دۆسیەی ئۆتۆنۆمیی و دەستور و گۆڕانكاری لە سوریا.
گرنگترین بابەت كە لە كۆتایی كۆڕەكەیدا ئیلهام ئەحمەد باسی كرد ئەوەبووە كاتێك رایگەیاند ترسی گەورەی كوردەكان رێككەوتنی نێوان ئەسەد و ئەردۆغانە، كاتێك تیشكی سەوز بۆ دیمەشق هەڵبكرێت بۆئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بكاتە سەر ئیدلبو رێگەش بە ئەنكەرە بدرێت دوای كشانەوەی ئەمریكییەكان بێتە ناوچە كوردییەكان.
رەنگە روسیا دژی ئەم جۆرە لە رێككەوتن بێت، هەروەها پێشبینیشناكرێت بێتەدی بەرەچاوكردنی ناكۆكی نێوان ئەسەد و ئەردۆغان و وانەكانی مێژوو دەربارەی نەكشانەوەی توركیا لەو ناوچە سنورییانەی كە بە هەماهەنگی لەگەڵ رژێمدا دەچێتە ناویانەوە، هەروەها وادەرناكەوێت كە ئەسەد پەلەی بێت لە گەڕاندنەوەی ئیدلب، بە تایبەتی دوای سەركەوتنی بەرەی نوسرە " هەئیەی تەحریری شام" لە ئیدلب، ئەسەد زیاتر ناوچەكانی خۆرهەڵاتی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی بەلاوە گرنگترە.
لەگەڵ ئەوەدا، لەگەڵ راگەیاندنی كشانەوەی ئەمریكا, كێشەی هێزە كوردییەكان لە سوریا و كەمی بژاردەكانی بەردەمیان دەركەوتن، رێككەوتن لەگەڵ توركەكان كە كۆتایی بە ئاسۆو دیدی سیاسییان دەهێنێت، یان رێككەوتن لەگەڵ ئەسەد كە بە هەمان ئەنجام دەگات.
بژاردەی نمونەیی بۆ كوردەكان ئەمڕۆ بریتیە لە دواخستنی پاشەكشێكی ئەمریكا و پتەوتركردنی پێگەی مەیدانی و سیاسییان وەك دەستپێكێك بۆ رێككەوتنێكی داهاتوو بە چاودێری نێودەوڵەتی كە بەرژەوەندە سیاسییەكانیان بپارێزێت.
دواخستنی پاشەكشێی ئەمریكا لەم قۆناغەدا، ئامانجێكی ئەستەم نیە، واشنتۆن سەربازەكان لە خۆرهەڵاتی سوریا پاشەكشێ پێنەكردووە، بەڵكو زیاتری كردون، وەك سەرەتایەك بۆ پاشەكشێی هێزەكان كە خشتەو بەرنامەكەی رانەگەیەندراوەو شێوازێكی روونیشی نیە، هەروەها ئەو پاشەكشێیەی كە ترەمپ رایگەیاندووە رووبەڕووی ناڕەزایەتیی بوەتەوە، نەك تەنها لە لایەن ئەو بەرپرسانەی ئیدارەكەیەوە كە كاروباری دۆسیەی سوریا بەڕێوەدەبەن، بەڵكو، لەلایەن ژەنەراڵەكانی فەرماندەیی ناوەندیی سەربازی و سەركردایەتی كۆمارییەكانی كۆنگرێسیشەوە.
سەركردەی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران میچ ماكۆنێل دەستی بە جموجوڵ كرد و هەمواركردنی پرۆژە بڕیارێكی دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو كە تەگەرە دەخاتە بەردەم هەر پاشەكشێیەكی خێرا لە سوریا، یان لە ئەفغانستان، هەروەها ئیدارەی ئەمریكی هەڵوێستی خۆی گۆڕی لە رێگەی جەختكردنیەوە لەسەرئەوەی كە دەرچوون لە سوریا رێكخراو پلان بۆداڕێژراو دەبێت و رەنگە ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو جێبەجێ بكرێت.
بژاردەیەكی تری بەردەم كوردەكان بریتیە لە رێككەوتنێك بە چاودێری روسیا، بەڵام لە سایەی نەبوونی ئامادەگی مەیدانی تەواوەتی لەسەر زەوی، ئەم رێككەوتنە هیچ ئاسۆیەكی نابێت بەبێ چاودێری رژێمی سوریا،
هەروەها جەختكردنەوەی مۆسكۆ لە رەزامەندی لەسەر گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەدەنەی واژۆكراو لە ساڵی 1998، كە رێگە بە توركیا دەدات بێتە ناو سوریاوە، قەیرانی هێزە كوردییەكان سوریا قوڵتردەكاتەوە، كە دژی گەڕانەوەن بۆ بەندەكانی رێككەوتنی ئەدەنە و هەر بوونێكی توركیا لە ناوچەكانیاندا.
كێشەی كوردەكان لە سوریا خۆی لە كەمی بژاردەكانی بەردەمیاندا دەبینێتەوە، لەگەڵ نەبوونی گەرەنتی راستەقینەی ئەمریكی لە دەرەوەی كۆنگرێس، كاری لەپێشینەی ترەمپ بەشداریكردنیەتی لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەكان و مۆركردنی گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ ئەردۆغان لەبەرامبەر گۆشەگیركردنی روسیا لە سوریا، لەم هاوكێشەیەدا توركیا دەستی باڵای هەیە لە رێگەی گرنگی رۆڵی لە جێبەجێكردنی ئەو ئامانجانەدا.
لە هەمان كاتدا ترەمپ بە چەند كێشەیەك گەمارۆدراوە، لەوانە دابەزینی ئاستی جەماوەریی لە ناوخۆدا، بووونی ئۆپۆزسیۆن لەناو حزبەكەیدا، هەروەها جەختكردنەوەی دانیاڵ كۆتس بەڕێوەبەری هەواڵگرییەكەی كە رێكخراوی داعش خاوەنی هەزاران چەكدارە لە سوریا و عێراق كە بەرەو بزوتنەوەیەكی یاخیبوون وەردەچەرخێن.
دواخستنی پاشەشكێی ئەمریكا دوورنیە، كە رەنگە هەل بۆ كوردەكان بڕەخسێنێت بۆ بەدەستهێنانی كاتی زیاتر و دەستپێكردنی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەنكەرە لە پێگەی بەردەوامیی بوونی ئەمریكادا، نەك بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانەی تیایدان.