یەكێتیو ئەزموونی ئیرادە
2019-01-30 12:27:42
ئەنوەر حسێن (بازگر)
بەرەی ڕزگاری فەلەستین - یاسر عەرەفات چیلێهات؟
پارتی گەلی كۆماری توركیای – كەمال ئاتاتورك بۆ وایلێهات؟
حزبی تودەی ئێرانی – كیا نوری بۆ كەوت؟
حزبی شیوعی عێراقی – فەهد، بۆ پاشەكشەی كرد؟
پارتی گەلی هیندستانی – بێهێز بوو؟
یەكێتی نیشتمانی كوردستان – ئەم ئەزموونانەی لەبەرچاوە، ئەو حزبەی "شكستی بە شكستدا" و "بەگژ تۆتالیتاریزمی بەعسدا چووەوە" و "تاكە حزبی بیست ساڵی شۆڕش، حەماسەت، مقاوەمەت و ئەنفالەكان بوو" و "داینەمۆی بەرهەمێهێنانی دیموكراسی، ئازادی، شەهید بوون و عەدالەت بوو" و "گوێی لە رەخنەی دڵسۆزانە دەگرت" و "هیچ جوڵەیەكی سیاسی، دبلۆماسی و عەسكەری بێ ئەو نەدەكرا"، كەچی ئێستا پڕە لە قەیران، گرفتی ستراتیژی، پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانی و ناكاریگەری گوتاری یەكگرتوویی، نەبوونی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ناعەدالەتی. پرسیاری گرنگ ئەوەیە یەكێتی، كە دەبوو حزبی یەكەم بێت، كە نییە...!
هەر ئینشیقاقێك ڕوودەدات، پڕیشكێكی بەر ئەم دەكەوێت، كار و ئاكار و پرەنسیپ و مانیفێستی جەلالیزم، كە دەبوو مانفێستۆی حزبەكە بێت، پراكتیزە ناكرێت، دەبوو كۆنگرەكان لە كاتی خۆییدا بگێرێت، وەكو ئەزمونی دیموكراسی ناگێرێت، ركابەرەكانی تا دێت بەهێز دەبن و ناوەندگەرێتی تێدا بەهێزترە، چینی ناوەندی فەرامۆشكردوە كە سەنتەری حزبی سۆسیال دیموكراتە، ناوەندی سەردانە دبلۆماسییەكان نییە و فرۆكەخانەكانی تەنها گەشتی ئابوری و گەشتوگوزاری پێدا دەڕوات كە دەبوو مەیدانی گەرمی دبلۆماسی بووایە.
سەرمایەدارەكانی كوردستان زۆرینەیان، بەبێ دەنگی پاڵیان داوەتە حزبی تر و باس لە بازاڕی ئارام و پاراستنی سەرمایەكانیان دەكەن.
میدیاكاران ڕوودەكەنە كەناڵ گەلێك، كە هیچ پەیوەندی بە ئارمان و ستراتیژییانەوە نییە، جگەلە پارەیەكی زۆر و كەناڵی زۆر و زەوەند.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یەكسانە بە بەردەوامی دیموكراسی، ئازادیی میدیا و سیاسی، ڕێزگرتن لە بوونی ئۆپۆزسیۆن و فرەیی و جیاوازییەكان.
بەڵام ئەو خاڵە نێگەتیڤانەی سەرەوە، یەكێكە لە خەونی ئەو خاوەن ئەڵتەرناتیڤەی كە زۆر لە مێژە خوازیاری ڕاگەیاندنی مەرگی یەكێتی یە، تا بە تاجە گوڵینەی فرمێسكی تیمساحاوی لە حزورییدا بوەستێت و فاتیحای بۆ بخوێنێت، كە دڵنیام ئەم داڵە چاو تەنگانە، هەرگیز ئەو مەرگە نابینن.
بەڵام لە هەموو كەس باشتر كە درك، بە مان و وجودە حەتمییەكان دەكات هەر خودی یەكێتی یە، كە دەتوانێت لەپێنج ساڵی داهاتوودا، شایی و شادی ئاهەنگی سەركەوتن و یەكگرتنەوەی هێزگەلی تر بگێڕێت، چونكە ئەخلاقییەتی سیاسی و مۆڕاڵی جەلالیزم ڕێگا نادات، فاتیحا بۆ مەرگی هیچ هێز و سەركردەیەك بخوێنێت بۆ نەیارەكانی.
بەڵام سەركەوتن و دەربازبوون لە قەیران، شكست، پاشەكشە، هەڵە و كەمووكوڕی و ناعەدالەتی تەنها بڕیار و هەڵوێست و ئیرادەی پۆڵاینی بەسە.