Draw Media

سوڵتانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پله‌ دوو له‌ سوڵتانه‌كه‌ی توركیا وه‌رده‌گرنه‌وه‌

سوڵتانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پله‌ دوو له‌ سوڵتانه‌كه‌ی توركیا وه‌رده‌گرنه‌وه‌

2019-01-31 10:02:42


ئاراس فه‌تاح   

هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌ت نییه‌، به‌ڵام له‌ ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه‌ كه تیایدا‌ بیروڕای ئازاد به‌ ناشرینترین شێوه‌ پێشێلده‌كرێت و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی به‌ نایاساییترین و دڕه‌نده‌ترین شێواز به‌ربه‌ستی بۆداده‌نرێت و ژیانی ڕۆژنامه‌نووسانیش له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دایه‌.

له‌كاتێكدا له‌كۆی 348 ڕۆژنامه‌نووسی كه‌ له‌ساڵی 2018 له‌ جیهاندا تۆماركراون، نیوه‌ی زیاتریان له‌ پێنج وڵاتن: له‌و ڕیزبه‌ندییه‌دا‌ وڵاتی چین پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌ و ژماره‌یان ده‌گاته‌ 60 رۆژنامه‌نووس‌، توركیا له‌ ڕیزبه‌ندی دووهه‌مه‌ به‌ 33 رۆژنامه‌نووس، له‌ ئێران 28 و له‌ سه‌عودی عه‌ره‌بییش 28.

گه‌ر ئه‌م ژمارانه‌ی‌ ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی ڕێكخراوی Reporters Without Borders „په‌یامنێرانی بێسنوور“ به‌ دروست وه‌ربگرین، ئه‌وا ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان بخرێته‌ ڕیزبه‌ندی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دیكتاتۆرییانه‌ی كه‌ كاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ژیانی رۆژنامه‌نووسان تیایدا له‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دایه‌. به‌پێی راپۆرتی ساڵانه‌ی ده‌زگای میترۆ ته‌نها له‌ ساڵی 2018دا ژماره‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا دژ به‌ ڕۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن كراون، 349 حاڵه‌ت بوون. له‌ناویشیاندا ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ به‌بێ بڕیاری دادگا ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ ده‌گاته‌ 24 ڕۆژنامه‌نووس و ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ بڕیاری دادگاش ده‌ستگیركراون 17 ڕۆژنامه‌نووسن. گه‌ر هه‌ردوكیان پێكه‌وه‌ ئه‌ژماربكه‌ین، ئه‌وا ته‌نها له‌ ساڵی 2018دا كۆی ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌ نایاسایی و به‌ بڕیاری دادگا ده‌ستگیركراون ده‌گاته‌ 41 كه‌س. به‌ پێی ئه‌و ژماره‌ و ڕاپۆرتانه‌ی كه ‌له‌به‌رده‌ستدان، ده‌سه‌ڵاتدارێتی سوڵتانیی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕیزبه‌ندیی پێشێلكارییه‌كان دژ به‌ ڕۆژنامه‌نووسان و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی له‌ ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی جیهانییدا پله‌ی دوو له سوڵتانیزمی نوێی‌ توركیا ده‌سه‌نێته‌وه‌ و ده‌كه‌وێته‌ دوای ده‌وڵه‌تی چین.

به‌له‌به‌رچاوگرتنی كه‌میی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ردوو وڵاتی چین و توركیا، ئه‌‌م داتایانه‌ وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌رێم له‌ بواری پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر به‌ مافی بیروڕا و ڕاگه‌یاندن به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن. به‌بۆچوونی من ئه‌م دۆخه‌ مه‌ترسییداره‌ ته‌نها هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته‌ سوڵتانییه‌كه‌ لێی به‌رپرسیار نین، به‌ڵكو هه‌موو هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌ به‌پرسیارن له‌ به‌رده‌وامیی و زۆربوونی پێشێلكاریی دژ به‌ بیروڕای ئازاد به‌تایبه‌ت و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی به‌ گشتیی. ئه‌خلاق و به‌رپرسیارێتیی سیاسیی دروست ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر لایه‌نه‌ و خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و كۆششی ئازادكردنی ئه‌و كه‌س و ڕۆژنامه‌نووس و چالاكوانانه‌ بێت كه‌ به‌ سه‌ر به‌ خۆیانن، به‌ڵكو ئه‌خلاقی سیاسیی به‌رپرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئازادیی ڕاده‌بڕین وه‌كو مافێكی گه‌ردوونی ببینیت و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌گه‌ریی وه‌كو پیشه‌یه‌كی پاڕیزراو بكه‌یت و هه‌موو پێكه‌وه‌ دژ به‌م دۆخه‌ شه‌رمئاوه‌ره‌ و پاشاگه‌ردانییه‌ بوه‌ستنه‌وه‌. ئاساییشی هه‌رێم به‌وه‌ ناپارێزێت كه‌ كۆی سیاسه‌ت كرابێت به‌ كرده‌یه‌كی موخابه‌راتیی و ئاساییشی وڵات و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ژیانی ڕۆژنامه‌نووسان و چالاكوانانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی له‌ مه‌ترسییدا بن، تۆش سه‌لار و بێده‌نگ خه‌ریكی دروستكردنی كابینه‌ی حكومه‌تی داهاتوو بیت.

دۆخی مه‌ترسییداری هه‌رێمی كوردستان ته‌نها ئه‌و ڕاستییه‌ نییه‌ كه‌ مافی ڕاده‌ربڕین و ده‌ستكه‌وتنی زانیاریی و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ژیانی ڕۆژنامه‌نووسان له‌ مه‌ترسییدایه‌، به‌ڵكو ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ تاڵه‌شه‌ كه‌ ئۆپۆزیسیۆنی هه‌رێم تووشی ئه‌لزهایمه‌ری ڕۆشنبیریی بووه‌ و ئه‌و ڕاستییه‌ی بیرچووه‌ته‌وه‌ کە ھیچ ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت بەبێ بوونی میدیایەکی ئازاو سەربەخۆ بەتەنھا شەڕی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتی بکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand