ڕێگری لە ئاشوب لێرەوەیە
2022-12-23 09:28:06
فارس نەوڕۆڵی
ژیان لەسەر دوو چەمک بەڕێوە دەچێت، ئەو دوو چەمکە یەکێکیان فەزای ئاشوب و ئەوی دیکەیان فەزای ئارامی دروست دەکات. ئەو دوو چەمکەش (توندوتیژی و ناتوندوتیژییە) هەریەک لەو دوو چەمکە تیۆریست و ڕابەرانی خۆیان هەیە. مەبەستمە قسە لەسەر کەلتوری ناتوندوتیژی بکەم، کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ یەکێتی ژیان لە نێوان سۆز و بۆچوون و کارکردنمان و گەڕان بە دوای فەلسەفەی ژیاندا، ژیانیش واتە بەرهەمهێنان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێ ترس و ئازا، مەبەست لە ئازایەتی بەو مانا دواکەوتووە وەحشیانە نیە، کە بریتی بێت لە مرۆڤ کوژ و تۆقێنەر و ترسێنەری خەڵک ئازایەتی مانای ئەوە نییە خەڵک لێت بترسێت، چونکە ئەگەر لێت ترسان ڕۆژێک بیر لە کوشتنت دەکەنەوە، بەڵکو ئازایەتی لە ڕووی مرۆیی و ئەخلاقییەوە واتە ناتوندوتیژ و تێکۆشان دژی ترس و لەرز، بۆیە ڕابەرانی ناتوندوتیژی (گاندی و مارتن لۆسەر و ماندێلا) ئازایەتیان بەرجەستە کرد بۆ نەمانی ترس و تۆقاندن و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێ ترس، چونکە ئەو ڕابەرانەی ناتوندوتیژی پێیان وابوو هیچ نەتەوەو شارستانییەتێک بەر مەبنای ترس پێشناکەوێت و دروست نابێت.
کەواتە هەر حکومەتێک و هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرمەبنای ترس و تۆقاندن دامەزرێ ئەوا نەتەوەیەکی ترسنۆک دروستدەکات و توانای هیچ ئاڵنگارییەکی دەرەوەی خۆی نییە. بۆیە مارتن لۆسەر پێیوایە ئازایەتی هێزی زیهنە بۆ لەناوبردن و ملکەچکردنی ترس هەتا کۆمەڵگایەکی بوێر دروستببێت. کەواتە ناتوندوتیژی بۆ ئەوەیە ترس لەناوبەرین نەک کۆتایی بە ململانێی جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤەکان بهێنین، بەڵکو زەمینەسازییە بۆ دروستکردنی ململانێی ئاشتییانەی نێوان ئامانجە جیاوازە ئەخلاقییەکان.
کەواتە مرۆڤە بە ئەخلاق و بوێرەکان مرۆڤە ناتوندوتیژەکانن لەبەرامبەردا ترسنۆکەکان توندوتیژن، نمونەی دیکتاتۆرەکانی جیهان زۆرن بۆیە گاندی ڕابەری ناتوندوتیژی دەڵێت: ( ناتوندوتیژی شایستەی ئەو کەسانەیە کە لە ڕووی ڕۆحییەوە بەهێزن نەک ئەوانەی دوو دڵ و لەرزۆکن ) ناتوندوتیژی ئەو فەزایە دروستدەکات جیاوازەکان پێکەوە هەڵکەن، لە ناتوندوتیژیدا زەمینەی دادپەروەری فەراهەم دەبێت و ڕێگا خۆش دەکات داهات بە دادپەروەرانە دابەشبکرێت.
ئەو کاتەش داهات بە دادپەروەرانە دابەشکرا ڕێگا لە ئاشوب دەگیرێت. کورد ئەو نەتەوەیەین کە لە مێژەوە زۆرترین بەریەککەوتنمان لەتەک توندوتیژی داگیرکەراندا هەبووە هەتا ئاستی سڕینەوەمان، لەلایەکی دیکەوە ئەو توندوتیژییانەی لەناوخۆدا دەرهەق بە یەکتر کردومانە کەمتر نییە لە توندوتیژی داگیرکەران.
بۆیە گەلی کوردستان لە هەموو شت زیاتر پێویستی بە قوڵکردنەوە و چاندنی کەلتوری ناتوندوتیژییە و پێویستی بە ئامرازی ناتوندوتیژییە، پێویستی بە پەروەردەی ناتوندوتیژییە، پێویستی بە سیاسەت و حزب و کارەکتەری ناتوندوتیژە، پێویستی بە کۆمەڵگای ناتوندوتیژە بۆ ئەوەی تاکێکی بێ ترس و کۆمەڵگایەکی بێترس بەرهەمبێت، چونکە ئەوە تاکی ئازاو ئازاد و نەترسە دەتوانێ نەتەوەو دیموکراسی دروستبکات نەک دەوڵەتی بەهێز، بۆیە ڕێگای ناتوندوتیژی کلتوری ناتوندوتیژی تەنها ڕێگایە بۆ ڕێگرتن لە ئاشوب و گەشتن بە ئامانجەکانمان.