وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ گۆڕان
2022-12-26 09:36:12
كاوە محەمەد
ئێوارەی رۆژی (١٢/٧/٢٠١٤) لەگەڵ هاوڕێیانی فراکسیۆنی گۆڕان و فراکسیۆنی یەکێتی بە فڕۆکە سەفەری بەغدامان کرد، شەو خەریکی راوێژ و پەیوەندیکردن بووین بۆ زانینی رووداوەکانی پشتی پەردە، بۆمان روونبۆوە کە سوننەکان خۆیان لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان یەکلادەکەنەوە، ئیتر شەو درەنگ لەسەر (د.سەلیم جبوری) ساغ بوونەوە کە بە رەسمی دەبێتە کاندیدیان تا لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگی پێ بدرێت. چونکە لەدانیشتنی یەکەمی پەرلەماندا هێشتا رێکنەکەوتبوون لەسەر کاندیدێک، شیعەکان بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون (ئوسامە نوجەیفی) قبوڵ بکەن ببێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمان، بەتایبەتیش کە ئەوان رێککەوتبوون جارێکی تر (نوری مالکی) نەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران. رۆژێک پێشتر (١١/٧) لەگەڵ هەریەک لە؛ (رێبین هەردی، عەبدلرەزاق شەریف، ئازاد کاکە رەش، نەوزاد نوری بەگ، کوردە حەسەن و سیروان غەریب) لەماڵی کاک نەوشیروان بووین، تازە (ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی) مەرجەعی شیعەکان وتبووی؛ "پێویستە حکومەت پێکبهێنرێت و پشتیوانیی فراوانی هەبێت"، (کاک نەوشیروان) دەیوت؛ ئەوە مەبەستی مالکی-یە، من رام جیاواز بوو و وتم؛ نەخێر مەبەستی دانانی کەسێکی تری غەیری مالکی-یە، چونکە ئێستا ئەو پشتیوانییە فراوانەی نیە کە (سیستانی) باسی دەکات. ئیتر لەم کاتانەدا ئێمەش لەناوخۆی فراکسیۆن بە گەرمی باسمان لەوەکرد کە مادام سێ پۆستی سیادی بەر کورد دەکەوێت، سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ پارتی، ئێ گۆڕان-یش سێیەم فراکسیۆنی گەورەی کوردستانییە، بۆیە مافی (گۆڕان)ە کە سێیەم پۆستی سیادی (جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان) وەربگرێت.
سەعات (١٢ی نیوەڕۆی ١٣/٧/٢٠١٤) دانیشتنی پەرلەمان دەستیپێکرد، ماوەیەک دواخرا، ئەویش بەهۆی نەگەیشتنی لایەنەکان بە رێککەوتن، هەروەها بەهۆی نەهاتنی پەرلەمانتارانی پارتی لەهەولێرەوە، چونکە تۆز و بایەکی زۆر بوو لەبەغدا و فڕۆکە نەیدەتوانی بنیشێتەوە. بەر لەدانیشتنەکە ئێمە وەک فراکسیۆن لەئۆفیسەکەی خۆمان لەپەرلەمان، کۆبووینەوە و باسمان لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد وەک ئیستیحقاقی گۆڕان، هەموومان لەسەر ئەو پرسە هاوڕابووین، من لەو کۆبوونەوەیەدا باسی ئەوەشم کرد کە با بە فەرمی داوای پێکهێنانی (ئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانییەکان) بکەین، بۆئەوەی هاوئاهەنگیی کوردستانی دروستبکەین، نەک بەهۆی کەمیی ژمارەی کورسیەکانمانەوە بکەوینە ژێر کاریگەریی بڕیارەکانی پارتی و یەکێتی، ئەگەر رازی بوون، کارێکی باش دەبێ، ئەگەر رازیش نەبوون، دەڵێین داوامانکرد و نەیانکرد و روانگەی حزبییان زاڵکردەوە.
سەعات (٦.٣٠)ی ئێوارە، (ئارام شێخ محەمەد) کە سەرۆکی فراکسیۆن بوو، لەلایەن (خەسرەو گۆران)ی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی-ەوە ئاگادارکرابۆوە کە خۆی (خەسرەو) کاندیدە بۆ پۆستەکە، ئەمەمان بە کارێکی نابەجێ دانا، ئێمە دژ و یەکێتییەکانیش لێی ناڕەحەت بوون، ئیتر (ئارام شێخ محەمەد) لەگەڵ (کاک نەشیروان) قسەیکردبوو، وتبووی؛ دیارە خۆتان حەزتان لێیە و بۆ خۆتانە، دەنا وەزارەت باشترە لەجێگری سەرۆکی پەرلەمان کە وەریگرن. هەروەها لێی پرسیبوو کە کەس لەبەرپرسانی پارتی قسەی لەگەڵ کردوویت ؟ (کاک نەوشیروان) وتبووی؛ نەخێر کەس قسەی لەگەڵ نەکردووم، پاشان (کاک نەوشیروان) تەلەفۆنی بۆ کردەوە و پێی وتبوو کە (کاک مەسعود بارزانی) پەیوەندی پێوەکردووم و وتوویەتی؛ من لاریم نیە کاندیدەکە لەهەر لایەنێکەوە بێت. لەدانیشتنەکەی پەرلەمانیش هەندێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی (الوطنیەی ایاد عەلاوی کە پێشتر بایکۆتی یەکەم دانیشتنیان کردبوو) سوێندی یاساییان خوارد، دواتر (اسامە النجیفی) رایگەیاند کە (سلیم الجبوری)کاندیدی ئەوانە (تحالف القوی العراقیة) بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان. هەرچەندە شیعەکانیش گەیشتبوونە نیمچە رێککەوتنێک کە (همام حمودی) بۆ پۆستی جێگری یەکەم کاندید بکەن، بەڵام سەرۆکی کاتیی پەرلەمان (مهدی الحافظ) دانیشتەکەی کۆتایی پێهێنا و بۆ دووسبەی (١٥/٧) دوایخست.
دوای دانیشتنەکە، جارێکی تر وەک فراکسیۆن کۆبووینەوە و بڕیارماندا هەنگاوی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە بنێین، ئیتر من و (هۆشیار عەبدوڵڵا) هەواڵەکەمان بۆ هەندێ لەسایتەکان دزەپێکرد و دەستمانکرد بە پەیوەندیکردن بە لایەنە کوردستانییەکان.
رۆژی ١٤/٧/٢٠١٤ (ئارێز عەبدوڵڵا-پەرلەمانتاری یەکێتی) پەیوەندی پێوەکردم و وتی؛ دەمەوێ بە فەرمی پێتانڕابگەیەنم کە ئێمە پێمانباشە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئێوە بێت، ئەمەش رای فەرمی مەکتەبی سیاسیمانە نەک تەنها فراکسیۆن. پارتی-ش لەرێگەی (فازڵ میرانی) ئەندامی مەکتەبی سیاسی پەیوەندیان بە (عومەری سەید عەلی)ەوە کردبوو و رەزامەندیی خۆیان دەربڕیبوو، دواتر (کاک نەوشیروان) پەیوەندی بە (ئارام شێخ محەمەد)ەوە کرد و پێی وتبوو؛ لەناو خۆتاندا کەسێک بۆ پۆستەکە دیاری بکەن و وەڵامم بدەنەوە تا پارتی لێ ئاگاداربکەمەوە. دوای نیوەڕۆ ئەندامانی فراکسیۆن (جگە لەمەسعود حەیدەر کە بە سەفەر لەهۆڵەندا بوو) لەشوقەکەی من کۆبووینەوە، دەرگای خۆکاندیدکردن کرایەوە، سەرەتا کەس خۆی کاندید نەکرد، دواتر(د،تاڤگە ئەحمەد) وتی؛ با (کاک ئارام) بێت، ئەویش وتی؛ بەڵی من خۆم کاندید دەکەم و لەخۆم رادەبینم بە باشی کاری تێدابکەم، روویان لەمن کرد، منیش وتم با (کاک ئارام) بێت، پاشان لەسەر پێشنیاری (ئەمین بەکر) بە تەلەفۆن پەیوەندیمان بە (مەسعود حەیدەر)ەوە کرد و مەوزوعەکەمان بۆ باسکرد و وتمان وەک دەنگ و وەک کاندید دەتوانێت بەشداربێت، سەرەتا وتی؛ ئەمە مەسەلەیەکی ئیداری و سیاسییە و پێویستە گردەکە دیاریبکات، ئینجا وتی؛ منیش خۆم کاندید دەکەم، ئیتر بە نهێنی دەنگماندا، ئارام (٨) دەنگ و مەسعود (١) دەنگی هێنا و یەکلاکرایەوە. ئەمەش بۆ گۆڕان گرنگ بوو کە لەکاتێکی پێوانەیی و لەیەک کۆبوونەوەی کورتدا کاندیدی خۆی دیاریکرد.
پاشان لەرێگەی پەرلەمانتاران (د.نەجمەدین کەریم و ئاڵا تاڵەبانی)ەوە بە یەکێتی-مان راگەیاند، ئینجا قسەمان لەگەڵ پەرلەمانتاران (ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەڵ) و (د.موسەنا ئەمین-یەکگرتوو) کرد، کۆمەڵ پشتیوانیان لێ کرد و یەکگرتووش وتیان باشە، بەڵام پێویستە ئێمەش لەپۆستەکانی تر هەقمان نەفەوتێ. چاوەڕێی هاتنی پەرلەمانتارانی پارتی بووین، ئێوارە گەیشتنە بەغدا و شەو من و (ئارام شێخ محەمەد) و (د.دەرباز محەمەد) لەهۆتێل رەشید لەژوورەکەی خۆی لەگەڵ (خەسرەو گۆران) دانیشتین، وتی؛ ئێمە هیچ کێشەیەکمان نیە، ئەمە لەنێوان ئێمە و ئێوەیە، کە ئێوە داوایدەکەن، ئێمەش لاریمان نیە و بە گرنگی دەزانین بۆ یەکڕیزیی کوردستانی. پاشان لەگەڵ لایەنەکانی تر رێککەوتین کە سبەی پێش دانیشتنی پەرلەمان سەرۆکی هەر پێنج فراکسیۆنە کوردستانییەکە کۆببنەوە و لەسەر پرسەکە رێکبکەون، بەڵام دواتر (ئارام) قسەی لەگەڵ (د.نەجمەدین) کرد و وتی؛ باشە، بەڵام دەبێ ئێوەش بۆ سەرۆکی (ئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانییەکان) پشتیوانی لەئێمە بکەن.
سەعات (١١)ی سەرلەبەیانی رۆژی (١٥/٧/٢٠٤) دانیشتنی پەرلەمان دەستیپێکرد، ئەمە درێژەی دانیشتنی یەکەمە، چونکە بە کراوەیی بەجێهێڵرابوو، بۆئەوەی پێچەوانەی مادەی (٥٥)ی دەستوور نەبێت کە داوادەکات لەجەلسەی یەکەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکی پەرلەمان کرایەوە، کاندیدی سوننەکان (د.سلیم الجبوری) و ژنە پەرلەمانتار (شروق العبایچی)ش کاندیدی (هاوپەیمانیی دیموکراتیی نیشتیمانی) بوون، دەنگدانی نهێنی کرا و د.سلیم (١٩٤) دەنگ و شروق-یش (١٩)دەنگ-یان بەدەستهێنا، (٦٠) دەنگیش بەتاڵ بوون، ئەمەش لەکۆی (٢٧٣) دەنگدەر، بۆیە (د.سلیم) بوو بە سەرۆکی پەرلەمان کە بە پێی دەستوور دەبێ (زۆرینەی رەها)ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، واتە (٥٠+١) ی تەواوی ئەندامانی پەرلەمان کە دەکاتە (١٦٥) لەکۆی (٣٢٩) پەرلەمانتار.
دوای ئەوە، بۆ جێگری یەکەمی پەرلەمان هەریەک لە (حیدر العبادی) لە دەوڵەتی یاسا و وەک کاندیدی شیعەکان (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) کاندیدکرا، بەهۆی ململانێی سەدرییەکان و مالیکییەکان، (د.احمد الچلبی)ش هەر لە(هاوپەیمانیی نیشتیمانی) خۆی کاندیدکرد، دواتر لەژێر گوشاری سەرکردەکانی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی)، رایگەیاند کە بە سیفەتی شەخسی، خۆی کاندید کردووە، دەنگدان بەڕێوەچوو و لەکۆی (٢٦٣) دەنگدەر، عبادی (١٤٩) دەنگ و چلبی-ش (١٠٧) و فارس جەجۆ کاندیدی هاوپەیمانیی دیموکراتیی نیشتیمانی (٦) دەنگیان بەدەستهێنا و (١٣) دەنگیش پووچەڵ بوون. بەمشێوەیە هیچیان نەیانتوانی (٥٠+١)ی کۆی ئەندامانی پەرلەمان بەدەستبهێنن، بۆیە دەرفەتێکی نیو سەعاتی رەخسێنرا تا شیعەکان لەناوخۆیاندا رێککەون، دواتر هاتنە ناو هۆڵی کۆبوونەوە و بڕیاردرا پرۆسەکە بۆ دوو کاندیدی یەکەم دووبارە بکرێتەوە، (همام حمودی) رایگەیاند کە (چلبی) رازی بووە خۆی لەکاندیدبوون بکێشێتەوە، چلبی خۆیشی قسەیکرد و هەمان شتی راگەیاند، دیاربوو ئەو کاندیدی ناڕاستەوخۆی سەدرییەکان بوو و مەبەستیان بوو پەیامی خۆیان بە (دەوڵەتی یاسا) بگەیەنن. بۆیە دەنگدان کرایەوە و ئەمجارە عبادی (١٨٨) دەنگی لەکۆی (٢٦٣) دەنگ بەدەستهێنا و (٧٦) دەنگیش پووچەڵ بوون و بەمجۆرە عبادی بوو بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان. نۆرە هاتە سەر هەڵبژاردنی جێگری دووەم و (ئارام شێخ محەمەد) تاکە کاندیدی کورد بوو و خۆی ناساند و توانی لەکۆی (٢٤١) دەنگ (١٧١) دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێت بە جێگری دووەم. ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ گۆڕان و بۆ کوردیش کە بێ کێشە هەڵبژێردرا.
* بەشێک لەکتێبی (کورسییەک لەتەختەی مێژوو.. ئەودیوی رووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم)