Draw Media

دۆلار، خاڵی دۆڕانی عێراق و ئێران.

دۆلار، خاڵی دۆڕانی عێراق و ئێران.

2022-12-25 17:38:20


ھاوکار عزەت * 
 

🔘چەند رۆژێکەو بە تایبەت ئەمڕۆ، بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی و تومەنی ئێرانی بەرزترین ئاستی تۆمارکردوە، یان ڕاستتر بڵێین ئەو دوو دراوە کەمترین ئاستیان لە بەرامبەر دۆلار تۆمارکردوەو بەهاکەی خۆیان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هێندە لە دەستداوە.
ساڵانێکی زۆرە و لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بەرز و نزمی ئاستی دینار بەرامبەر بە دۆلار دیاردەیەکی هەمیشە بینراوەو هیچ  ڕۆژێک نەبوە بەهای دینارو دۆلار وەک ڕۆژی پێشخۆی یان دوای خۆی بێت، بۆ تومەنیش بە هەمانشێوەبوە.
هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە نا ئاساییەی ئێستای دۆلار و داڕمانی بەهای دینار و تومەن، یەکێکە لە دەستودیارییەکانی حکومەتێکی نەزانی خۆپەرستی  خۆقوتارکەر لە قەیران و نەهامەتیی و ئیحراجیەکان.
🔘کاتێک حکومەتی عێراق بڕیاریدا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەکەی نرخی دۆلار لەسەدا ١٧ بەرز بکاتەوەو دەرگایەک بەڕوی بازرگانانی چاوچنۆکدا بکاتەوە بۆ زیاتر یاریکردن بە نرخەکان و بەرزکردنەوەی نرخەکان، ئێرانیش لەهەمان کاتدا بۆ هەمان مەبەست هەمان کاری کرد کە عێراق کردی و بەهای تومەنی بەرامبەر بە دۆلار دابەزاند بۆ ئەوەی داهاتی وڵاتەکەی زیادبکات و کورتهێنانی بودجەی پێکەم بکاتەوە یان پڕبکاتەوە.

🔘ئێستا عێراقیش و ئێرانیش هەردووکیان لە بەردەم داڕمانی دراوەکەیاندا بێدەسەڵات ماونەتەوەو بازار کەوتۆتە دەست بازرگانان و، بانکی ناوەندیش هیچ دەسەڵاتێکی نییە بەسەر دۆخەکەدا، ئەو دو وڵاتە ئێستا لە بەردەم ئاریشەیەکی گەورەی داراییدان و ناتوانن بڕیاری دروست بدەن، ناتوانن ڕاست و چەپی خۆیان لێک جیابکەوە، ناتوانن سیاسەتی نەقدی و سیاسەتی پاراستنی بەهای دراوی نەتەوەیی بپارێزن.

🔘عێراق کە دراوە دۆلارەکەی کە ڕۆژانە دەیخاتە بازارەکانەوە بەشی خواستی ناوخۆیی ناکات، کەچی بەشێکی زۆری بەرۆژی ڕوناک دەچێتە وڵاتانی دەرەوەو بە قاچاخ ساغدەکرێتەوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتیش تەنها تەماشاکارن.
باجی سەرەتاو کۆتایی ئەم بێ سیاسیەتییەی بانکی ناوەندی و حکومەتەکانی ئەم دوو دەوڵەتە تەنها هاوڵاتیەکانیان دەیدەن، تەنها ئەوان بونەتە قوربانیی دەستی سیاسەتی چەوت و نەزانانەی سیاسیە بەناو ئیدارییەکانیان، ئەوان گوێ لە کەس ناگرن جگە لە مەرجەعە سیاسی و دینیەکانیان بۆیە ڕۆژ بەرۆژ دۆخەکە خراپتر دەبێت.

🔘بە هەموو پێوەرێک و هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ڕۆژانی داهاتوو نرخی دینار و تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزێت و  ئەگەری هەیە بەهای هەر ١٠٠ دۆلار بگاتە ١٦٠ هەزار دینار، هەمان هاوکێشە بۆ تومەنیش راستە ئەگەر دۆلارە دزەپێکراوەکانی عێراق نەبنە فریادرەس بۆ گێرانەوەی بەهای تومەن!!

🔘ئەوەی لەو بوارە خوێندومانەو خوێندومانەتەوە ، وا تێدەگەین کە جگە لە هەڵەیەکی گەورەی دارایی هیچی تر هۆکاری ئەم قەیرانە نوێیە نییە کە بەرۆکی هاوڵاتیانی هەردوو ولاتی گرتۆتەوەو تەنها بە پێداوچونەوەیەکی جدی و تێفکرینێکی مەنهەجییانە چارەسەر دەکرێت لە هۆکارەکان و بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەر پێویستە.

 🔘زۆن ئەو وڵاتانەی لە مێژوی جیهاندا بە قەیرانی توند و کەمەرشکێندا تێپەڕیون، بەڵام بە هۆی بیرکردنەوەی حەکیمانەو گوێکردن لە شارەزایان و تێفکرین لە قەیرانە ‌هاوشێوە جیهانیەکان توانییانە ئیلهامی چارەسەری و دەرچوون لە چوارگۆشەی قەیرانەکان دەربازبن، ئاخۆ عراقیەکان ئەو ئیلهامە دەدۆزنەوە؟!!!

* شارەزای دارایی و بانک

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand