لەودیوی سۆزانیباز و دینبازەوە
2022-12-28 14:48:19
پەیكار عوسمان
(٢)
"بازرگانی سێکس" بە هەردو باڵی لەشکڕ و لەشفرۆشەوە، نە مافە نە ئازادی، چونکە ماف و ئازادی ئەوەیە کە تەبایە بە کەرامەتی مرۆڤ. کاتێ شتەکە، لە خودی وڵاتانی ماف و ئازادی، بە یاسا قەدەغەیە، ناکرێ ئێمە، لە ڕقی ئیسلامییەکان، لێمان ببێ بە ماف و ئازادی. بەڵکو لە پشتی دەمارگیریی ئایدۆلۆژیستە دینی و نادینییەکانەوە، شتێک هەیە پێ ی ئەوترێ حەق، حەق ئەوەیە لە حەماقەتە دووجەمسەرییەکان بکشێینەوەو بچینەوە بۆ (ماڵی عەقڵ)، کە هەر ئەوێ ماڵی ئازادی و ماڵی خوداشەو لەڕاستییدا نە خوا دێتە ناو بێعەقڵییەوە نە ئازادی!
یەكی لە کێشەکانی "دابەشبوونی ئایدۆلۆژی" ئەوەیە کە حەقی تیا ون ئەبێت، ئیتر کەس خەمی ڕاستی نامێنێ، هەمووی خەمی دەسکەوتی سیاسی و سەرخستنی بەرەی خۆیەتی. هەموو ئایدۆلۆژیاکانیش وان، بەڵام "ئیسلامیزم" لە هەموویان واترە، چونکە خۆی بە نوێنەری خوا ئەزانێ، لەکاتێکا لە توندکردنەوەی جەمسەرگیرییدا، شەڕی (شوناس و بەرژوەندی و هێز) دێنە پێش و خەمی حەق ئەکەوێتە دواوە، خواش حەقە، یەعنی لە شەڕەکانی ئیسلامیزمدا، ڕێک خوا ئەکەوێتە دواوە!
هەر بە ڕاستییش وایەو لەو کاتەوە کە خواکەی ئیخوانیزم و وەهابیزم هاتۆتە پێشەوە، خوای حەق، گۆڕی ونە. ئەوەتەی خومەینی بووە بە خوا، خوا لە ئێران نەماوە، چونکە خوای حەق نابێتە هاوخوای دەجالێک. خوا چاکەیەو ساڵانی یەکەمی ئەردۆگان شتەکان چاکبوو، ئاشتی و بوژانەوە هەبوو، ئیتر بەبێ خوابازی، شتەکان خۆیان خوایی بوون. لەو ساتەوە کە ئەردۆگان بوو بە خوا، خوابازی دەستیپێکردو شتەکانیش خراپبوون.
سەیرکە لە هەرکوێ شتەکان باشە، لەوێ خوابازی کەمە، چونکە "باش" خۆی خواییەو کەڤەری ناوێ. لە هەرکوێ شتەکان خراپە، لەوێ خوابازی جمەی دێ، چونکە خراپ کەڤەرو داپۆشینی ئەوێ. کاری دینبازەکانیش دروستکردنی ئەو کەڤەرەیەو وشەی کوفریش ڕێک یەعنی کەڤەرو داپۆشین، لێرەشەوە "ئیمان" یەکسان ئەبێت بە کافربوون بە دینی کاهینەکان!
کە "خوابازی" دەستیپێکرد، "خواحەقی" کۆتایی دێت، چونکە خوابازی "بەرەی حەق" جیائەکاتەوە، لەکاتێکا حەق ئازادەو بەرەی نیە. بازییەکانیش هەموویان یەک پۆلن، هاوڕەگەزبازی و سۆزانیبازی و سیاسەتبازی و قەڵەمبازی.. هەمووی هەر یەکەو خوابازییش لە هەموویان قێزەونترە، چونکە لە هەمووی زیاتر حەقت لێ ئەشارێتەوە،، ئاخر ئیتر تۆ لە بەرەی موقەدەسیت و دایمە خۆتت پێ حەقە، کە ئەوە سەرەتای ناحەقییەکانە!
(خوابازی و خوا) یەکێکیان هەیەو هەردوکیان لە شوێنێکدا جێیان نابێتەوە. لەکوێدا خوابازی دەسیپێکرد، لەوێدا خوا کۆتایی دێت. چەمکی فەلسەفی (خوا مرد) بڕێک کۆمەکمان ئەکات بۆ تێگەشتن لە دیالەکتیکی نێوان خوا و خوابازیی.
وای دانێ خوا "ڕاستی"یە، لە ڕۆژئاوا بۆیە ڕۆشنگەریی ڕوویدا، چونکە لەوێ کەڤەرو خوابازی مرد، ئیتر بڕێکی زیاتری ڕاستی دەرکەوت و دنیای ڕۆشنکردەوە. لەگەڵ دروستبوونی ئیسلامیزمدا، جارێکی تریش (خوا مرد)، بەڵام ئەمەیان بە عەکسەوە، لێرەدا خوای ڕاستی مردو کەڤەرو خوابازی چووە جێگای، ئیتر ئەم ناوچەیە تاریک بوو.
خۆ "نیتچە" ڕاستیکرد، لە ڕۆژئاوا شتێک مرد، بەڵام ئەوەی کە مرد خوا نەبوو، خوابازی بوو. ئەوەشی لەم ناوچەیە بە ناوی سەحوەو ڕابوونەوە ژیایەوە، خوا نەبوو، ڕووکەشگەرایی و خوابازی بوو!
پەڕینەوە لە مەعریفەی ناڕاستەوخۆوە، بۆ مەعریفەی ڕاستەوخۆ، ڕێگا ڕاستەکەی زانینە. شۆڕشی زانست لەوێوە دەستی پێکرد، کە چیتر زاناکان بە چاوی کەنیسە ڕازی نەبوون و بە چاوی خۆیان ڕوانییان. نوح هەر بەقەت ئەوانیتر ژیا، بەڵام بە چاوی خۆی ئەیڕوانی، ئیتر بەشی هەزار ساڵ دنیای بینی. بە پێچەوانەوە ئەگەر پەنجا ساڵ لە عەینەکی مێگەلێکەوە لە دنیا بڕوانیت، ئەو ماوەیە نەژیاویت و لەدەرەوەی بازنەی هۆشیاریی بوویت، چونکە هۆشیاری بە بینینی ڕاستەوخۆدا ئەڕوات.
مەسەلەکە ئەوەنیە کە هاوبەشی و دنیابینی گشتی دروست نەبێت، مەسەلەکە ئەوەیە دنیابینی گشتی، لە سەر ئەساسی بینینی مرۆڤەکان دائەمەزرێ، نەک لەسەر کوێری جەماعی و لێسەندنەوەی مافی بینین. کوێری مێگەلیانە، بە شەڕ دەستەبەر ئەکرێ، ئەبێ بەردەوام دۆخی ترس و سایکۆلۆژیای شەڕ دروستکەیت و لە پشتی عەقڵەوە قەرەباڵغی خڕکەیتەوە و بەدزی چاوەوە بینینی ساختە دروستکەیت. یەعنی (شەڕ و جەهل و قەرەباڵغی) پاکێجێکە!
پەڕینەوە لە حیرفەوە بۆ پیشەسازی، پەیوەندی نوێ ی دروستکردو پێویستی بە یەکێتی یاساو یەکێتی پەروەردە هەبوو. پێشتر کەسێک پیشەیەکی هەبوو، مناڵەکانی خۆی فێرئەکردو شتەکە بە ویراسەت ئەگوازرایەوە.. بەڵام (کارگە) کەسانێکی زۆر ئیشی تێدا ئەکەن و کۆمەڵێک پسپۆڕی جیای تیایەو شتەکە پێویستی بە خوێندن و ڕاهێنان و پەیوەندی ناخوێنی هەیە.
ڕیفۆڕمی ئاین و وەرگێڕانی کتێبی پیرۆز، پاشەکشێ ی بە زمانی لاتینی کردو زمانە خۆماڵییەکان بوژانەوە. لەولاوە جەریدەو چاپخانەو بیرۆکراتی، دیسان پێویستی بە یەکێتی زمان هەیە..
ناکۆکی میرەکان جیاوازی سیاسی دروستکرد. کارگەو کرێکار، نەقابەکان و کۆمەڵگای مەدەنی دروستکرد. دوو جەنگە جیهانییەکە پیاوی کەمکردەوەو بەشداری ژنی کردە زەرورەت و یەکسانی جێندەریی هێنا. دروستبوونی بانق، جوڵەی سەرمایەی چالاک کرد، جوڵەی سەرمایە جوڵەی زانستی خێراکرد.. هەموو ئەمانەش موتوربەبوو بە جوڵەیەکی فەلسەفی و هونەری و ئەمانە پێکەوە مۆدێرنەو ڕۆشنگەری و شار و دەوڵەتی نوێیان دروستکرد.
دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بەو ڕەوتە دامەزران و دەوڵەتانی دەرەوەی ڕۆژئاوا، بەبێ ئەوەی بەو ڕەوتەدا بڕۆن، کۆپی ئەوێ کرانەوە. تەجروبەی ڕۆژئاوا خۆی بێ کەموکوڕی نیەو شایەنی ڕەخنەیە، کەچی بووە بە مۆدێلی ئەوانیتر. دەوڵەتانی تر دووجار فاشیلن، جارێک کە کۆپی ڕۆژئاوان بەبێ ئەوەی بە ڕەوتەکەدا ڕۆشتبن، جارێکیش کە کۆپییەکی ناچارین و خودی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوا دروستی کردون.
نەک هەر دەوڵەت، بەڵکو تەواوی ئایدۆلۆژیاکان هەر وا هاتن و هەژموونی دەرەکی هێناونی نەک جوڵەی ناوەکی. ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم و لیبرالیزم و فێمینیزم.. لەوێ بەناو ڕەوتی مێژوویی خۆیدا ڕۆشتووە، بۆیە بەردەوام ئەبێتە گەشەو بار سوکیی، بەڵام لەملا، شتەکە لە مێژووەکە بارئەکرێ، ئیتر ئەبێتە بارگرانی و ئاڵۆزیی!
مەبەستم ئەوەنیە دنیا دابەش بکەم بۆ غەرب و شەرق، هەموو ئەوەی هەیە، گەشەی مێژوویەکی تێکەڵاوەو بەرهەمی هەموو مرۆڤایەتییە، بەڵام هەرشتێ بەناو هەژمووندا هاتبێ، گرێیەو ئەبێ بکرێتەوەو بەجۆرێکی تر بێتەوە. لە هەموو گرێکانیش ناقۆڵاتر، ئیسلامیزمە، چونکە تێکەڵکردنێکی خراپی ئایدۆلۆژیا مۆدێرنەکانەو خۆی لێکردوین بە ئایدۆلۆژیایەکی خودایی!
بۆ نمونە "یەکپۆشییەکەی ئیسلامیزم" ناکۆکە بە جلی کولتوریی هەموو کۆمەڵگا موسوڵمانەکان، ئەمە زیاتر سەر بە یەکڕەنگی و تۆتالیتاریەتی فاشیزم و نازیزم و ستالینیزمەو جلێکی سیاسی و دیسپلینێکی عەسکەرییە، نەک کولتوری کوردەواری و کولتوری ئیسلامی، چونکە "کولتور" ئەگەرچی شوناسێکە لەوانیتر جیات ئەکاتەوە، بەڵام هەڵگری فرەییشەو هەرگیز کولتور یەکڕەنگ نیە!
شوناس هەر ئەونە ڕەبتی بە حەقەوە هەیە، کە لیت زەوت نەکرێ. ئەوەی کە خۆی زەوتکەرەو شوناسێکی ئامادەی هەیە بۆ سەپاندن، ئەوە ئینقیلابە بەسەر حەقدا. ئەوە ئایدۆلۆژیایەکی تۆتالیتارە نەک پارێزەری کولتور. "ئیسلامیزم" ئینقلابی شوناسێکی ناڕەسەنە، بەسەر شوناسە کولتورییە ڕەسەنەکاندا، خودی ئەوەش ناحەقییەو ئەوەی لە سەرەتاوە باتڵەو لەسەر ڕووکەشگەرایی دامەزراوە، ناتوانێ لەوسەرەوە حەقت بۆ بهێنێ.
کۆڵەواریی کۆمەڵگاکان پەیوەندی بە هاوردەی دەرەکییەوە نیە، پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە لەناوەوە حەق کەوتووەو ڕووکەشگەرایی سەرکەوتووە. هیچ شتێک بەقەت تۆتالیتاریزم خەتەر نیە لەسەر کۆمەڵگاکان، چونکە تەنیا هاتوویەکی دەرەکی نیە، بەڵکو ڕێک لە جێگای ڕۆحە ناوەکییەکە دائەنیشێ. هیچ شتێک بەقەت نیولیبرالیزم و ئیسلامیزم، هەڕەشە نیە لەسەر کولتوری ئێمە، چونکە تەنیا میوانێک نیە، بەڵکو ماڵەکەت داگیرئەکاو تۆ ئەکاتە دەرەوەو ئەبێ بە مەرجەکانی ئەو بێیتەوە ناو ماڵەکەی خۆت!
لەڕاستییدا کێشەی ئێمە، هاوڕەگەزبازی و سۆزانیبازی نیە، چونکە هەموو کوردستان چەن هەزارێک سۆزانی و هاوڕەگەزبازی تێدانیەو تیاشیابێ کێشەیەکی ئەوتۆ نیە، چونکە کۆمەڵگا بە سروشتی خۆی موحافزکارەو بەرامبەر ئەو شتانە بەرگری هەیە. کیشەی ئێمە خوابازییە، کە وەکو جەیشی مەغۆل، لێشاوی هێناوەو کۆمەڵگاش بەرگرییەکی نیە بەرامبەری!
کۆمەڵگا خۆی خواخوازەو ناتوانێ گومرگ بخاتە سەر کاڵایەک کە لۆگۆی خوای لەسەربێت. ئەوە کاری دەسەڵاتەو دەسەڵاتیش لەپێناو خۆپاککردنەوە لە گەندەڵی، فەرشی سوری بۆ لەشکری خوابازی ڕاخستووە. بە نەتیجەش، ئیتر ئەو بینایەی کە لە ئێران خەریکە ئەڕۆخێ، ئێمە خۆمان خەریکین بناغەکەی دائەنێین!
سۆزانی خەتەر نیە، چونکە ماسکی نیە، دینبازی خەتەرە چونکە بە ماسکی موقەدەسەوە دێتە بەردەمت. کۆنترۆڵکردنی بازاڕی لەشفرۆشی و قومارو چەک و حەشیش.. شتێکی زۆر باشە، بەڵام لەوە باشتر، کۆنترۆڵکردن و ڕیکخستنی بازاڕی دنیبازییە، چونکە تیجارەتە بێ کەڤەرەکان، ئەهوەنترن لە "تیجارەتی کەڤەرەکان".
ماویەتی
لەودیوی سۆزانیبازی و دینبازییەوە
(١)
دواجار هەموومان مرۆڤین، مرۆڤیش فرەڕەهەندو ئاڵۆزەو تۆپەڵێکە لە جیاوازی و لێکچوون، ئەوەش تێکەڵەیەکی داهێنەرە، چونکە هۆشیاریی بە جیاوازییەکانمان، تایبەتمەندی کەسی و کولتوری ناوچەیی دائەهێنێ، هۆشیاری بە لێکچوونەکانیشمان، هاوبەشی و کولتوری جیهانیی ئەخولقێنی.
وا باشە شتەکانیش بە فراوانترین بازنە بپێورێ. یەعنی کاتێ لە پرسێکدا، پێوەرێکی جیهانیمان هەیە، ئیتر پێویست ناکا بگەڕێینەوە بۆ پێوەرە بچوکترەکان. کاتێ "لەشفرۆشی" وەکو (مافی مرۆڤ) پێشێل و بێزراوە، ئیتر پێویست ناکا بە ئاین و کولتوری لۆکاڵی بێپێوین، چونکە پیوەرێکی گشتیترمان هەیەو پێوەریش تاکو گشتیتربێ، ئارگۆمێنتەکەی بەهێزترەو پێوانەکەی دروستترە.
مەسەلەن لە وڵاتانی ئەسکەندەنافی، لەشفرۆشی قەدەغەیەو لەبەر ئەوەش نا، کە لەگەڵ کولتوری ئەسکەندەنافی، یان لەگەڵ ئاینی مەسیحی ناگونجێ، بەڵکو لەبەرئەوەی کە لەگەڵ خودی کەرامەتی مرۆڤ و پێوەرە گشتی و گەردوونییەکان ناکۆکە!
نەگونجان لەگەڵ کولتوری کوردەواری، یان لەگەڵ ئاینی ئیسلام، ئەمانە ئەگەرچی هاکەزایی و بەریئانە بەکارئەهێنرێ، بەڵام جۆرێکە لە فاشیزمی خۆ بە باڵازانین. کاتێ ئەڵێ ی لەگەڵ کولتوری ئێمە ناکۆکە، وەکو ئەوەیە بڵێ ی لەگەڵ کولتوری خەڵکی تر کۆکە، لەکاتێکا لەشفرۆشی بە هیچ کولتورێک ساز نیەو کوردەواری و عەرەبەواری و ئەڵمانەواری و یابانەواری.. بۆ هەمووی وەکو یەکەو ئەسڵەن ئەگەر ئێمە تەنیا ئارگۆمێنتی سادەی کۆمەڵایەتی و ئایینیمان هەیە، خەڵکی تر ئارگۆمێنتی فکری و فەلسەفیشی بۆ ئیزافەکردووەو لەئێمە قووڵتر شتەکاین ڕەت کردۆتەوە!
"لەگەڵ ئاینی ئێمە ناگونجێ" وەکو وایە بڵێ ی لەگەڵ ئاینی تر گونجاوە، لەکاتێکا بە نزیکەیی، هەموو ئاینەکان هەمان مەنزومەی ئەخلاقییان هەیەو لەشفرۆشییش لە هیچیاندا جێ نابێتەوە. یەعنی ئارگۆمێنتەکەت ڕاستە، بەڵام بچوکەو شتەکە ئارگۆمێنتێکی گەورەتری ئەوێ، دیاردەکەش ناکۆکە بە "مەکارمی ئەخلاق" کە گەورەترە لە دین.
مرۆڤ ناوچەی (بوون)ی هەیەو ناوچەی (هەبوون)یش. (کەرامەت) سەر بە ناوچەی بوونی ئێمەیەو خودی مرۆڤبوونمانە. بەڵام ئاینی مرۆڤ و کولتوری کۆمەڵگاو نەریتی خێڵ و یاسای وڵات و ئایدۆلۆژیای گروپ و پەیڕەوی حیزب.. ئەمانە ناوچەی هەبوونی مرۆڤن. هەبوونەکان دەرەکین و دێن و دەڕۆن، هاتن و چوونیشیان هیچ لە مرۆڤبوونی مرۆڤ ناگۆڕێ، بەڵام ئەوەی کە وجودی و ناوەکییە، مرۆڤ بەوە مرۆڤە.
فەلسەفەی "کانت"، ئەخلاقی لەسەر دوو بنەمای عەقڵانی ڕاگرتووە: (مرۆڤ خۆی ئامانجەو نەکرێتە وەسیلە) (شتێک ئەخلاقییە کە بتوانێ ببێتە یاسایەکی گشتی) مەسەلەی بازرگانیکردن بە مرۆڤیش، هەردوو بنەماکەی تێدایە، هەم بە کاڵاکردن و بە وەسیلەکردنی مرۆڤە، هەم گشتێتی تێدایەو ئەوە بێ جیاوازیی، بۆ هەموو مرۆڤێک وایە.
یەعنی شتەکە ڕاستەوخۆ لە ڕەهەندی کەرامەتەوە پێشێلی مرۆڤبوونەو مەسەلەکە قووڵترە لە مەسەلەی ئاینی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەمنی.. خۆ ئەوە باشە کە کولتورو ئاین و بەها لۆکاڵییەکانی تۆ، تەبابێ لەگەڵ بەهایەکی جیهانی، بەڵام وا باشترە هۆشیاری خۆت بکشێنی بۆ بازنە گەورەکە، چونکە هۆشیارییەکی گەورەتر، هۆشیارییە بچوکترەکانیش ئەگرێتەوە، بەڵام هۆشیارییەکی بچوک، هۆشیارییەکی لەخۆی گەورەتر ناگرێتەوە!
ئاشکرایە ئەخلاق، لەسەر ئازادی وەستاوەو شتانی ناچاری، نایەنە ناو ئەخلاق، چونکە ئیرادەی ئازادی تێدا نیە. بەڵام تەنانەت ئارگۆمێنتی ئازادیش ناتوانێ بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لە "نائەخلاقییەت" بخاو بڵێ ی کابرا لەشی خۆیەتی و ئازادە چی لێئەکات.. چونکە "ئەو" تۆ بکات بە وەسیلەو "تۆ خۆت" خۆت بکەی بە وەسیلە، هەردوکی هەر پێشێلی "ئامانجێتی" مرۆڤە.
لێرەشدا لە فەلسەفەی یاسا تێئەگەین و لەڕاستییدا یاسا، بۆ ناچارکردن نیە، بەڵکو کاری یاسا، کارێکی کانتییەو ئەبێ گشتاندنەکانی بە پێ ی هەردو بنەمای "ئامانجێتی و گشتێتی" بێت و ئا لەوێشدا لەگەڵ ئازادییدا یەکئەگرێتەوەو نابێتە دژی، چونکە ئازادیش هەر ئەوەیە کە هەمان ئامانجێتی و گشتێتی تێدایە!
یەعنی ئەگەر دەستورێک، دینێک بسەپێنێ، ئەوە نائەخلاقییەو پێشێلی ئازادییە، چونکە عەقیدەو بیروباوەڕەکان، ڕەگەزی گشتێتی تێدانیەو ئەگەر بیگشتێنیت، ستەم دروستئەکاو ئینسانەکانیش ئەکاتە وەسیلەو ئیتر هەم ئازادی، هەمیش هەردو بنەماکەی ئەخلاق پێشێل ئەبن.
بەڵام ئەگەر دەستوورێک، ئازادی باوەڕەکان فەراهەم بکاو تەنیا ستەم قەدەغە بکات، ئەمەیان ئەخلاقییە، چونکە ڕێزی ئامانجێتی مرۆڤەکانی گرتووەو نەیکردونەتە وەسیلەیەکی ئایدۆلۆژی،، هەر ئەوە ڕەگەزی گشتێتیشی تێدایەو بۆ هەموو کۆمەڵگایەک ئەگونجێ. یەعنی ئەخلاق و ئازادی لە قووڵاییدا هەر هەمان شتن و هەمان ئارگۆمێنتە عەقڵانییەکەی کانت بۆ هەردوکیان ئەبێت!
ئیرادەی ئازاد، هەر ئەو ساتەی ئێستا نیە، بەڵکو ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە. ئەوەی کە وا ئەزانیت لە ئێستادا بڕیاری ئازادانەی خۆتە، ڕەنگە لە پرۆسەیەکەوە هاتبێت، کە دنیایەک ڕەگەزی ناچاریی تێدابێ و تۆ خرابیتە ئەو دۆخەوە، نەک بە ئازادی خۆت چووبیت. لەشفرۆشییش ئەونەی کە ناچاری دروستی کردوە، ئەونە ئازادی دروستی نەکردوە، بۆیە ناکرێ وەکو ئازادییەک قبوڵ بکرێ، ئەبێ وەکو ناچارییەک ڕەت بکرێتەوە. ڕەتکردنەوە بە مانای بڕینی پاڵنەرەکانی دزی، نەک بڕینی دەسەکە!
لەشفرۆشی لە پرۆسەیەکی درێژو هەمەلایەنەوە کەمئەکرێتەوە، نەک لە بڕیاری کەسێک و ئۆپەراسیۆنی شەوێکەوە. بەدیاریکراوی لە حوکمێکی ڕەشیدو عەدالەت و ئازادییەوە کەمئەکرێتەوە. لە نائازادی و ناعەدالەتییدا، شتەکە وەکو ئێرانی لێدێ، کە بە ڕەسمی قەدەغەیە، بەڵام بە ناڕەسمی وڵاتەکە بازاڕێکی گەورەی پیشەکەیە. کێشەکانی ئێمە لە کەمکردنەوەی گەندەڵی، باشکردنی گوزەران، بەرزبوونەوەی هۆشیاری، زیادبوونی ئازادییەکان، کەمکردنەوەی نایەکسانی جێندەری و چینایەتییەوە بەرەو باشیی ئەڕوا، نەک لە پۆپۆلیزمەوە.
چارەسەرە سیحری و ئیعلامییەکان، پینەو پەڕۆی کاتییەو شتەکان لە بنەوە دەسکاری ناکا. پۆپۆلیزم خۆی کێشەیەو نابێتە چارەسەر، پۆپۆلیزمی ئاینیش خراپترین جۆری پۆپۆلیزمە، چونکە مرۆڤ لەبەردەم موقەدەسدا بێدەسەڵات ئەبێ و لێخوڕینی خۆش ئەبێت. باشترین شتی سۆسیالمیدیا ئەوەبوو کە مرۆڤ، ئۆتۆنۆمی لە قاڵبە جەماعییەکان وەرگرت و بوو بە خاوەنی پەنجەرەی خۆی. خراپییەکەشی ئەوەبوو کە جارێکی تر لە دەرگای پۆپۆلیزمەوە، مرۆڤەکانی بردەوە ناو شەپۆلە مێگەلییەکان.
تێکەڵەی (دەسەڵات و موقەدەس و پۆپۆلیزم) شەیتانیترین خەڵتەیە کە مرۆڤ دایهێنابێ. ئا لێرەوە هەموو دژایەتییەکی "بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە" بە باش ئەزانم، جگە لەوەی کە هاوپەیمانێتی نێوان کەهەنەو سەڵاتینە، چونکە ئەوەی ئەم دوو دوکانە ئەیفرۆشن، زۆر تاوانترە لەوەی کە لەشفرۆش ئەیفرۆشێ. هەر لە ئەساسیشەوە ئەم دووانەن کە ئەویتر ئەخەنە ئەو دۆخەوە. ئەو ناعەدالەتییە مادی و فکرییەی لە بەرگی سیاسەت و ئایندا ئەکرێ، فەزای لەباری لەشفرۆشی و خراپەکارییەکانە. یەعنی شتەکە، ساتی ئێستای دوو سەری لەشکڕو لەشفرۆش نیە، بەڵکو پرۆسەیەو دنیایەک سەری تریشی تێدایە!
جارێک لەگەڵ برادەرێک موناقەشەی دۆخی ئۆپۆزسیۆنمان ئەکرد، وتم نابێ سیاسەت کورتبکرێتەوە لە تەلەفزیۆنێکدا، چونکە نەیارەکەت ئەتوانێ تەلەفزیۆنێکی بەهێزتر دانێ. نابێ بە جنێودان بە پارتی، ململانێ ی یەکێتی بکەیت، چونکە ئەوکات یەکێتی خۆی جنێوەکان بە پارتی ئەداو تۆ دەسبەتاڵ ئەمێنێتەوە. ئیسلامییەکانیش ئەگەر هەموو هونەرەکەیان ڕووکەشبازی دینی بیت، کۆتاییان ئەوەیە سەعدی پیرە پێشنوێژییان بۆبکاو فازل میرانی خوتبەی جومعەیان بۆ بخوێنێتەوە!
ماویەتی