Draw Media

نیۆفاشیزم، پلاتفۆڕمی ئۆپۆزسیۆنی ئێستای تورکیا .

نیۆفاشیزم، پلاتفۆڕمی ئۆپۆزسیۆنی ئێستای تورکیا .

2022-12-23 09:29:42


 

ئاسۆ عەبدوللەتیف

 کوردی عێراق “تەڤگەری باشور” لەگەڵ سیستمی شیعەی دەسەڵاتداری نوێی عێراقدا، ڕێککەوتنی سیاسی و دۆخی لێتێگەیشتنی سازانی لەم ساڵانەی دوایی دروست کردو ڕێگا لۆژیکیەکەی حوکمڕانیکردنی هەڵبژارد لەبری ڕێککەوتن لەگەڵ ناڕازیەکان و ئۆپۆزسیۆنی نادیارو ڕاڕادا، کوردی تورکیاش “تەڤگەری باکور” دەبێت چیتر باوەڕ بە گوتاری ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنە ساختەو تازانە نەکات کە ماوەیەکە بانگەشەی ڕیفۆرم و دیموکراسیەتیان بەرزکردۆتەوە، هەدەپە کە نوێنەرایەتی فەرمی ئەو خەتە گشتییە کوردییە دەکات لە تورکیا، یان دەبێت هێڵی سێهەمی خۆی بپارێزێت یان سازان بکات لەگەڵ پارتی دەسەڵاتداری ئاکپارتی.

پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، خاوەن ٦٧ کورسی پەڕلەمان و سێهەم گەورەترین فراکسیۆنەو بۆتە ئەمری واقیع و ماکینەی گەرمبوونی پرۆسەی سیاسیی و کەلتوریی و ناکرێ پشتگوێ بخرێ، تەنانەت ئەردوغان حسابی جددیان بۆدەکات، کەچی لای ئۆپۆزسیۆنی نوێ توندتر پەراوێزخراون! ئەم بەرە شەش حیزبە ئۆپۆزسیۆنەی تورکیا بەبێ هەدەپەو بە سیاسەتی نەژادپەرستی و دورخستنەوەو دیدی تۆڵەسەندن، مێژووی تاڵ و تراژیدیاکانی سڕینەوەو ئایسیمیلاسیۆنی نەوەدساڵی رابردویان دەرهەق بە کورد هەڵدایەوە. 

هەر لەو سەرەتایەوە سەردەمی کۆنی نکوڵیکردن و ڕەدکردنەوەی سیستمی دڵڕەقانەی کەمالیزمیان بیرخستینەوە، دژی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەساڵی ١٩٢٥ و ڕاپەڕین و شۆڕشی ئاگریی- ئارارات لە ساڵی ١٩٣٠ و کۆمەڵکوژیەکانی دێرسیم و سەرهەڵدانەکانی سەیدڕەزاو هۆزەکان لەساڵی ١٩٣٧ تا کۆمەڵکوژی شێرناخ و ئامەد.

ئەو پارتانە پەیامێکی فاشیستانەیان دا بە گوێی دەنگدەرانی تورکدا کە کوردەکان جێگایەکیان نییە بۆ هاوژیانیی لە ئەجێنداو ڕۆژمێری تازەی ئەواندا گوایە بەو سیاسەتە دەنگ باشتر کۆدەکەنەوە، ئەو پەیامە لە پەیامەکانی ئاکەپەی دەسەڵاتدار توندتربوو، ئەوە هێڵی نیۆفاشیزمی لیبڕاڵە، هەدەپە دەبێ حساباتی بۆبکات چونکە ئەمانە سبەی دەبنە بەشێک لە دەسەڵات، وەک گورگە بۆرەکان و ڕوانگە فیکریەکانی نیۆفاشیزم و ڕاسیستی نوێ دژی کوردو مافەکانی کاردەکەن.

ئەگەرچی لە ئەدەبیاتی سیاسیاندا باس لە هەندێک ماف و ئیمتیاز کراوە بۆ کوردی باکورو کەمەنەتەوەکان، کەچی هەدەپەیان نەخستۆتە بەرەکەیان و هەر لەو سەرەتایەوە ئەجێندای ئەو پارتانە، پڕیەتی لە دیدی فاشیزم و نەژادپەرستی و پاکتاوکردن و گوتاری ڕەدکردنەوەی بە تۆپزیی پێوە دیارە، بەیاننامەی سەرەتاشیان لە ٥/٢/٢٠٢٢ بە دیدێکی تەسکی حیزبیی پانتورکی و تۆرانیزم نوسرا، ئەوە نەخشەڕێگایەکی دژە دیموکراسیی پەتییە کە ئازادی گەلان هەرگیز لە بەرچاو نەگیراوە. گەرچی ئاماژە بە فیدراڵیەت و مافی زمان و کەڵچەر دراوە بە نەژادەکانی ئەرمەنی و یۆنانی بەپێی پێوەری دیموکراسی و خۆ وەرچەرخان بۆ ئەو فرە رەنگیەی یەکێتی ئەوروپا بەڵام ئەوە بەس نییە.

بۆیە گرنگە هەدەپەش ئەجێندای ڕوون بێت و یارییان پێ بکات، بیانخاتە ناو سیناریۆکانی خۆیەوە، بیانکاتە بابەتی گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ ئاکپارتی بۆ دەستکەوتی حیزبی و نەتەوەیی و جڤاکیی. هەدەپە چەندین ساڵە باش لە ستراتیژو ڕوانگەکانی ئاکپارتی تێگەشتوەو تێدەگات،خۆی ڕاهێناوە لەسەر ڕەوشەکەو دەبێ لە ئێستاوە سزای ئەو شەش پارتە بدات دەرچوون لە بازنەکەیان، لە ڕابردوودا هەدەپە کاندیدی چەهەپە-ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆیان سەرخست بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ دژی کاندیدەکەی ئاکپارتی و هیچ دەستکەوتێکی بۆ کوردو دۆزەکەی نەبوو بگرە زیانی زیاتری پێگەیشت لە سیاسەتی جێگیردانان-قەیومدا.

بۆیە هەدەپە لەداهاتووی نزیکی هەڵبژاردنی گشتی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا. دەبێ مۆدێلێکی تر تاقی بکاتەوە، هیچ نەبێت بەو مەسافەو ئەوەندە دوور نەوەستێت لەگەڵ گوتاری ئاکپارتیدا بۆئەوەی بە ئاگری پارتی ئۆپۆزسیۆنی نیۆفاشیستەکان نەسوتێنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand