Draw Media

هەڵگەڕانەوە لە پڕەنسیپەكانی راپەڕین

هەڵگەڕانەوە لە پڕەنسیپەكانی راپەڕین

2023-03-06 06:02:12


  

هیوا سەید سەلیم 

وەك دەزانرێت هۆكاری بابەتی لەسەر ئاستی ناوچەكە فاكتەری سەرەكی بوو بۆ زەمینەسازی ئەنجامدان و سەركەوتنی راپەرینی ئاداری ١٩٩١، بەڵام لە پاڵ ئەو فاكتەرە لە ئاستی ناخۆشدا زەمینەی ئەو راپەڕینە هەبوو كە پێی دەوترێت فاكتەرە ناوخۆییەكان.
داگیركردنی وڵاتی كوێت لە لایەن سەدام حوسێن، دواتر بە هەند هەرنەگرتنی هەڕەشەی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی بۆ كشانەوەی بێ مەرجی سوپای عێراق لە نێوخاكی ئەو وڵاتەی، وایكرد سەدام حوسێن وڵاتەكەی رووبەڕووی جەنگێكی دیكە بكاتەوە، كە هەمووی دوو ساڵ دەبوو لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران رزگاری بووبوو.
گەلەكۆمەكی سوپای هاوپەیمانان دژ بە رژێمی سەدام بووە هۆی ئەوەی نەك هەر سوپاكەی لە كوێت وەدەربنرێت، بەڵكوو لە ناوخۆی وڵاتیش دەسەڵاتی سوپاكەی لاواز و بێ هەژموون بێ. بۆیە لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشی زەمینی هاوپەیمانان لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ١٩٩١لە یەكەم هەڵگەڕانەوەی سوپای عێراق لە شاری بەسڕا تانكێكی سووپا لوولەی تانكەكەی لە پەیكەری سەدام حوسێن دەكات، ئەمەیان دەبێتە دەستپێكی گەورەترین راپەڕین لەسەر ئاستی شارەكانی خوارووی عێراقدا.
بۆیە زۆری دەبرد راپەڕین لە ماوەیەكی زەمەنی زۆر كورتدا سەرجەم شارەكانی باشووری كوردستانی گرتەوە بە شاری كەركووك و خانەقین و شەنگال و تەواوی جوگرافیای باشووری كوردستان.
راپەڕینی ئاداری ١٩٩١لە باشووری كوردستان وێڕای راماڵینی دەسەڵاتی داگیركارانەی رژێمی بەعس،چەندین لە دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی لێكەوتەوە، گرنگترینیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لێرەدا پێویستە بگووترێت ئەوەی زامنی سەركەوتنی راپەڕینی ١٩٩١خەڵكی كوردستانی كرد، دوو پڕەنسیپی زۆر گرنگ بوو كە یەكەمیان لەسە ئاستی حزبەكان لە ئاوارەیی كاری بۆكرابوو كە ئەویش یەكڕیزی نێوان هێز و لایەینە سیاسیەكانی كوردستان بوو كە خۆی دەبینیەوە لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانی.
پڕەنسیپی دووەم خۆڕسكانە درووستبوو، كە بریتی بوو لە پشتیوانی خەڵك بۆ هیزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشداری بەرفراوانیان لە راپەڕین و سەرخستنی پرۆسەی راپەڕین تەنیا لە بیست رۆژدا.
جێگای ئاماژەیە، ئەگەر یەكڕیزی لایەنە سیاسیەكان و پشتیوانی جەماوەری خەڵكی كوردستان لە كاتی خۆیدا بووبێتە هەوێنی سەركەوتنی راپەڕینی ١٩٩١خەڵكی كوردستان، لە ئێستادا غیابی ئەو یەكڕیزیە وایكردنەوە هێزە سیاسیەكانی كوردستان متمانە و پشتیوانی جارانی خەڵك لەدەست بدەن.
شایانی باسە، هەموو لایەك دەزانێت كە پێش راپەڕین خەڵكی كوردستان خەونیان بە ئازادییەوە دەبینی، بۆیە ئامادەبوون لە پێناوی ئازادی ژیانی كولەمەرگی هەڵبژێرن، تەنیا بۆ ئەوەی لەدەست رژێمێكی سەركووتكەری وەك بەعس رزگاریان بێت، بۆ ئەم مەبەست بوو خەڵك راپەڕی.
بەڵام مخابن هەر زوو شەڕی پۆست و پارەی حزبەكان، هەروەها فەرهوود و تاڵانی ژیرخانی كوردستان لە ماوەی ٣٢ساڵی دوای راپەڕین، هۆكاربوون كە خەڵك پێیان وابێت پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی راپەڕین كراون.
لە ئێستادا كە ٣٢ساڵ بەسەر ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی باشووری كوردستان تێدەپەڕێت، خەڵكی كوردستان بە هۆكاری دزینی دەستكەوتەكانی خەڵك لە بەرژەوەندی دەستەبژێرێكی سیاسی، تەشەنەسەندنی گەندەڵی، نادادی، بەرتەسكردنەوەی ئەو ئازادیەیی كە خەڵك لە ئاداری ١٩٩١دەریایەك خوێنی بۆ رشت، گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی دڵی بەو رۆژە مێژوویە خۆش نەبێت.
دوا جار دەڵێین ئەگەر خەڵكی كوردستان لە ساڵانی دەستپێكی راپەڕین چاوپۆشی لە نەوەی سەردەمی شاخی حزبەكان كردبێت تا چۆنی بیانەوێت دەستبگرن بەسەر پۆست و پارە، ئەوا لە ئێستادا قەبوولی دوو نەوەی دوای ئەوان ناكات.
باشترین كاریش بۆ گەڕانەوە پڕنەسیپەكانی راپەڕین لە ئێستادا بریتیە لە چارەسەری كێشەكانی خەڵك، هەڵگردنی كۆتوبەدنی سەر ئازادییەكان، نەهێشتنی نادادی و بنبڕكردنی گەندەڵی، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، بە بێ ئەنجامدانی ئەم هەنگاوانە پاشەكشێكان لە پڕەنسیپەكانی راپەڕین زیاتر دەبن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand