قوباد تاڵەبانی
2023-02-23 20:13:19
رێبوار کەریم وەلی
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان و بەدیاریکراویش لە زۆنی جووت برا روودەدات، دەرهاوێشتەی فەشەلی پرۆژەیەکی درێژخایەنی ئەمریکا و رۆژئاوایە لە دروستکردنی میراتگریی سیاسی بۆ حزبەکەی تاڵەبانی.
*
قوباد تاڵەبانی ساڵەهای ساڵە لەو کاتەوەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە ئەمریکا و مانگانە پارەیەکی خەیاڵیی بەناوی لۆبی کردنەوە بۆ خەرج دەکرا، وەکو میراتگری باوکی لێیدەڕواندرا. بێ تێپەڕاندنی هیچ پلەیەکی حزبی و بەپێچەوانەی پەیڕەوی یەکێتی(کە دەبوایە تەنها مەکتەب سیاسییەکان پۆستی باڵا لە حکومەت وەربگرن)کرا بە جێگری سەرۆکی حکومەت.
*
ئومێدی رۆژئاواییەکان ئەوە بوو کە لە رێگەی پرۆژەی قوبادەوە، حزبەکەی باوکی لەژێر هەژموونی ئێران دەربهێنن و هەر بۆیەش لە ساڵانی رابردوودا، قوباد هەمیشە بە پێچەوانەی حزبەکەی و تەنانەت دایکیشی کە ماوەیەک حوکمڕان بوو، بەو ئاراستەیەدا دەڕۆیشت کە پارتی رووی لێبوو.
*
بێگومان قوباد عەڕاب و مێشکی کودتای هەشتی تەمموز بوو. لە رۆژانی یەکەمدا، هەموو کەسی وا تێگەیاند کە برا گەورەکەی ژەهرخواردوو کراوە. ئەو لە رێڕەوی سیاسیی خۆیدا، لەگەڵ دوو لەمپەری هاوسەرۆکەکاندا دەستوپەنجەی نەرم دەکرد.
*
بافڵی برای وەک لاوازترین ئاڵقە دەدیت، بۆیە لەگەڵ ئەودا بەڕەیان لەژێر پێی لاهور و نزیکەکانی دەرهێنا. وەک ژەنڕاڵێکی جوونتا، لە رۆژانی دوای هەشتی تەمموز، هێزە ئەمنییەکانی بەسەر دەکردەوە و بەناوی حکومەتەوە فەرمانی دەبەخشییەوە.
*
ئێستا حوکمی موتڵەقی حزبەکە لای خۆی و براکەی بوو، بەڵام برایەکەشی کە خۆی لێببوو بە سەرۆک و پارتیش موبارەکەی کردبوو، وایزانی چووەتە جێگەی باوکی، بەڵام کە دیتی پارتی چاوەڕێی بەیعەتی لێدەکات، کەوتە ململانێ لەگەڵ پارتیدا. لە یەکەم ئەزمونیدا لە مەسەلەی سەرۆککۆمار، هەم قوبادی برای ژێر بە ژێر لەگەڵ پارتیدا رێککەوت و هەمیش پارتی بە ئاشتبونەوە لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی تەقڵەیەکی سیاسییان پێ لێدا.
*
زۆری نەبرد کە قوباد بە هۆی سیاسەت و لێدوانەکانی برایەکەوە، لە ناو حکومەتدا، گڵۆڵەی کەوتە لێژی. پارتی و بەتایبەتیش مەسرور بارزانی گەورەترین خەرقی ئەمنیی یەکێتییان کرد و بە هێنانی ئەژی ئەمینی موعتەمید و بە قەولی خۆیان باشترین بەرپرسی دەزگای زانیاری(کە لە یەکەم روبەڕوبوونەوەی جووت برا لە ململانێی دەستەڵاتدا بووە قوربانی کەوتە ژێر پۆستاڵەوە) ئابڕوی دەزگای ئەمنیی یەکێتییان برد.
*
کاردانەوەی جووت برا چووە قۆناغی تەسفییەی نەیارە سیاسییەکانیان و ئەوانە گومانیان هەبوو کە رەنگبێ بچنە هەولێر و، لەسەر ئاستی سیاسیش بە پاڵپشتیی رەیان کەلدانی و چەند بەرپرسێکی قەرارگای رەمەزان، تەحددای پارتییان کرد کە رێڕەوی وزەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا دەکەنە گۆڕستانی خۆیان!
*
لە هەموو ئەوانەدا، قوباد مامۆستای براگەورەکەیەتی و ، خەت و نیشانی بۆ دادەنێت. ئیستیسماری سیاسیی ئەوان لەسەر ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پارتی بوو. ئەوە هەڵەترین موحاسەبەی سیاسییە بۆ حزبێکی وەکو پارتی کە میکانیزمی ناوخۆیی وەکو دەوڵەتێک کار دەکات و قەت کەماسییەکانی بح نەیارەکانی نابنە خاڵی ئیجابی.
*
پوختەی کەلام، گەڕانەوەی لاهور شێخ جەنگی بۆ هەرەمی دەستەڵاتی یەکێتی کۆتاییهاتنی چیرۆکی پرۆژەی قوباد تاڵەبانییە. کە دەبوایە لە لا راستەکەی مێژوو بوەستایە، بەڵام پەلەی کرد. ئەگەر لاهور شێخ جەنگی بتوانێ لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، ئارامی و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە، حزبەکەی تاڵەبانی دەکەويتە ئەو دەستە ئەمینەی کە رۆژئاواییەکان چاوەڕێیان دەکرد. کوڕانی تاڵەبانی هێدی هێدی لەگەڵ ئینعزالی سیاسییان، دەکەونە بەردەم وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتە قورسانەش کە دەبێ وەڵامیان بۆ پێ هەبن.