وێنەی باوكەكان لە چاوی كوڕەكانەوە
2023-03-01 14:22:47
ژوان ئەحمەد
بە بۆنەی كۆچی دوایی بارزانیەوە
نزیك بە شەست ساڵە، ناكۆكی دوو رەوتی سیاسی ئەم میللەتە دەهاڕێت، هەر سەردەمێكیش بە فۆرمێكی نوێ ناكۆكیەكان سەرهەڵدەدات و سەردارانیشی فیگەرێكی نوێن..
لەم شەست ساڵەدا، دوو شۆرشی گەورە كراوە، كورد بە هەوراز و نشێوی زۆردا رۆیشتوە، بەشێكی بچوك لە ئامانجی شۆڕشەكان بەدیهاتوە، بەشی گەورەی هێشتا لە بەردەمدا ماوە ، بەداخێكی گەورەشەوە، هێشتا ئومێدی بەدیهێنانیان زۆر كەمە، ئەگەر ئەستەمیش نەبێت.
ئەمرۆ یادی كۆچی دوایی مەرحوم مەلا مستەفای بارزانی یە، بەڵام مەلا مستەفا لە هەموان زیاتر وەتاق كەوتوە، خەریكە یادەوەریەكانی شۆرشەكەشی هێند لە یەك گۆشەوە باس دەكریـَت، هەر لەبیر دەچنەوە.
مەلا مستەفا بە هەموو خاڵە گەش و خامۆشەكانیەوە، سەركردایەتی شۆڕشێكی گەورەی كردوە، سیمبوڵی شۆڕش بوە لە رابردودا، ئێستاش لەجێی حەقی خۆیەتی.
سەركردە تەنیاكان
هەر بە تەنیا مەلا مستەفا نیە كە تاك و تەنیا ماوە، جگە لە پارتیەكان نە كەس باسی دەكات و نە كەس سەردانی گڵكۆكەی دەكات و نە كەسیش ئەیەوێ نەوەكانی لەبارەی سەربوردەی مەلا مستەفاوە هیچ ببیستن.
ئێستا سەركردەكانی تریش بونەتە ڕێبواری ئەو رێگایەی كە مەلا مستەفای پیا رۆیشتوە، خەریكە هەمویان وەتاق دەكەون و لە سایەی دەسەڵاتی نەوەكانیانەوە، لەبەرچاوی خەڵك خراپ دەكرێن.
دوێنێ و ئێستای میراتگرەكانی، سەركردە گەورەكانی شۆرشیان زێدە ناشرین كردوە ، ئێستاش دەكرێ، بە پێخۆری دنەدانی ناكۆكیەكان. تائێستاش وازییان لێناهێنن ناوو روحیان ئاسودە بێت، هەندێك پێیان وایە دەتوانن بە جوڵەی سیاسی ئەم پیاوانە بكەنە فیگۆری تاك و تەنهای شۆرشو بەرخودان. لەكاتێكد فیگەری گەورە میللەتە كە ئێستا زویر بوە لە میراتگرەكانی مەلا مستەفا و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا.
بهێڵن خەڵك ناوە گەورەكانی شۆڕشی خۆش بوێ..
بهێڵن یەكێتیەك مەلا مستەفای لەبەر شۆرشەكەی
پارتیەك مام جەلالی لەبەر خەباتەكەی
ئەوانی دیش نەوشیروانیان لەبەر قەڵەم و مێژووەكەی خۆش بوێ.
خۆش ویستنی مەلا مستەفا و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، بە یادكردنەوە و پەیكەر دروست كردن و وێنە دانان و شاباش كردنو سەپاندن و دروست كردنی جۆرەها چیرۆك نابێ، بەڵكو بە حوكمڕانیەكی جوان و خزمەتگوزار دەبێت.
خەڵك ئەوانەی بەو جۆرە خۆش دەوێ كە:
مەسعود بارزانی خاڵی كۆكەرەوە بێت نەك گومڕایی و ناكۆكی
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەموو هەرێم بێت، نەك باوكێكی جوان و دەوڵەمەند بێ بۆ كوڕە نازدارەكەی
مەسرور بارزانی نەوەی مەلا مستەفا خزمەتی خەڵك بكات، نەك خەمی یەكەم و كۆتایی دروست كردنی كورەكەی خۆی بێت
بافڵ تاڵەبانی، سەری كردە بێت بۆ كورد و یەكێتی، نەك شەیدای دەنگی زوڕنای ستایشی ماستاوچیەكان و دەهۆڵ لێدەرە چاپلوسەكان بێت، ئەو پاشخانە گەشە پێ بدا كە تاڵەبانی باوك جێیهێشتوە.
قوباد تاڵەبانی كوڕی مام جەلال لە خزمەتی خەڵكدا بێت، هەموو هەفتە و مانگێك بازاڕ بەسەربكاتەوە و بزانێت لە بازار چ باسە، نەك تەنیا لە بانگەشەدا بیری ئەوەی بكەوێتەوە.
كورانی نەوشیروان مستەفا، گۆڕان دەربێنن لەو بازاڕە سیاسیەی تیایا بوە بە دوكانێك لاچەپەك كە جۆرەها سەودای گوماناوی تیا دەكرێت. واز لە گرد بێنن نەك بیكەنە تاكە ستراتیژی مانەوەی بزوتنەوەكە
ئەمرۆ درەنگە بۆ ئەوەی وابكەن خەڵك باوك و باپیرتانی خۆش بوێ، ئەمە تەنیا بۆ باوكو باپیرتان نیە، بەڵكو بۆ ئەوەیە خۆشتان وەك ناوێكی جوان بچنە ناو لاپەرەكانی مێژوەوە، نەك وەك كاربەدەستێكی شكستخواردو و ناوتان بنوسرێتو خەڵك رقی لە ئێوە و باوكیشتان بێت.. پارەتان زۆرە، بەڵام متمانەتان كەم، هاوكێشەكە پێچەوانە بكەنەوە، خەڵك پارەی زۆر و ئێوەش متمانەیەكی زۆر و سەرمایەیەكی كەمتان دەبێت، بەڵام دەمێننەوە، رێزتان دەگیرێت، خۆشەویست دەبن
كارەكە ئاسانە، بەڵام لەخۆبوردوویی گەرەكە
بیرتان بێت بە هەرسێ خێزان و حزبەكە، جێی متمانەی لەسەدا 25 ی خەڵكی كوردستان نین، بەڵام هێشتا سەردارن.. تێ دەگەن، یان چاوەروانی تێگەیشتنی ترن!!؟؟