Draw Media

کە  ئێمە دەنگ ناکەین ئیتر تۆش بۆت نییە سواری سەرمان بی!

کە  ئێمە دەنگ ناکەین ئیتر تۆش بۆت نییە سواری سەرمان بی!

2023-02-28 06:08:21


عەلی كەریمی

لە دنیای سیاسەت و مرۆڤایەتی و پڕ لە ئەخلاق، ڕەوایە و باوە کە کەسێك، لایەنێک یان حیزب و سەرکردەیەک تووشی هەڵە و شکستی گەورەی بێقەرەبوویی دەبێتەوە بە سەزای دەگەیەنن یانکی خۆی دێ و سەخترین سەزا بەسەر خۆیدا دەسەپێنێت.
ڕەزا پەهلەوی کوڕی حەمەڕەزا شای ئێرانی ٤٤ ساڵ پێش دوای ئەم هەموو ساڵە و بە تاڵانبردنی ملیونان دوڵار پارە و سەروەتی خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی گەلانی ئێران و ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانی و عەیاشی و پاڵدانەوە، بە بێ خۆپێگەیاندنێک و کەمێک وەرگرتنی عیلم و شەهادە و هزر و مەعریفە، بە بێ ئەوەی تاقە جارێک بێت و بڵێت؛ کە باب و باپیرم ئەم زوڵم و زۆرەیان لە خەڵک دەکرد؛ من منداڵ بووم و هیچم نەدەزانی و شەریکی جنایەتەکانی ئەوان نیم و قبووڵی ناکەم، هاتووە لە ژێر سێبەری شۆڕشەکەی "ژینا"ی کچە کورد سەری هەڵێناوەتەوە و داوای شازادەگی و فەرمانڕەوایی تەواوی ئێران دەکات!
دەبێ بڵێم چ چەرمەڕوویەکە ئەوانە و مەداحەکانیان دێن و لەسەر جادەکانی بە خۆێن سووری ژیناکان، ڕێ و شوێنمان بۆ دادەنێن و بە ڕۆژی ڕووناک خەریکن شۆڕشەکەمان داگیر دەکەن و خۆیانی لێدەکەنە خاوەن. وەرن با پێی بڵێین باب و باپیری تۆ بە هەزاران ڕۆڵە و سەرکردە و کچ و کوڕانی ئێمەیان کوشت و گوند و شارەکانیان وێران و قەلاچۆ کرد و بە سەتان لاوی خوێنگەرمی ئێمەیان لە زیندانەکانیاندا داڕزاند و سەقەت کرد، بە دەیان سەرکردەیان لە ساڵانی چلەکاندا لە بن بەرد و هەرداندا بە فیشەکی ژاندەرمە چڵکنە سواڵکەر و بەرتیلخۆرەکانیان جوانەمەرگ کرد.
بۆ پێت وایە وا زوو فەرامۆشی دەکەین و دێین و بەیعەتت پێدەکەین، ئەگەر زۆر بەخشندە و بە لوتف و مێهرەبان بین دەبێ زۆر مەمنوون بی بە حوکمی منداڵ بوونی ئەوکاتت  لێت ببورین و دڵمان گەورە بێت کە وەک هاووڵاتێک بە بێ ئیزندانی تەداخول لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات لە قوژبنێکی ئەم ئێرانەدا بژی. دەبێ فێر بی کەمترین شت کە یەک تاوانبار و شکستخواردووی سیاسەت دەبێ بیکا وازهێنانە لە سیاسەت!
یانکوو پەرستوویەکی مەداحی ئاخوندەکان دێت و ئەمرۆکە زیاتر لە دایکی "ژینا" خۆی دەکاتە "مەسیح" ی مێهرەبان و خاوەندار و هەر وەک مەداحەکانی عاشوڕا و تازییەبارانی ئیمام حوسێن ڕۆژ تا ئێوارە هەرچی مایکە دەیگرێ و بە چەشنی ئاخوندە ڕەوزە خوێنەکان قیژە و هەرایەتی بە دەنگێکی نارەسەنی پڕ لە مزایدە و خۆ دەرخستن و پۆپۆلیستی لە شەڕی وەرگرتنی پۆستی بالای دواڕۆژییدایە لە حکومەتە سەرئاوەکەی پەهلەوی!

دەبێ ڕێ خۆشکرێت بۆ هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لە سەر جادەکاندا خوێن دەڕێژن و جیهانبینی زۆر جیاوازیان هەیە لە هەموو ئێمەی پیاوانی دۆێنێ.
ڕێ و شوێن نە کێشرێت بۆ ئەوانەی زیاتر لە ٤٤ ساڵە نەماندیون و نایانناسین، گەر دەمانهەوێت لە پشتیان بین و کورەی خەباتیان گەرمتر بکەین و ئەگەر ڕاست دەکەین لە دڵسۆزیی بۆیان وەرن هەموو بە یەکەوە بەرەی فراوانی یەکگرتووی کوردی چێ بکەین و دڵی کۆمەڵانی خەڵک خۆش بکەین!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand