Draw Media

نەوەی دووەمی تاڵەبانی!

نەوەی دووەمی تاڵەبانی!

2020-12-07 11:49:21


شوان حەمە
جاری یەکەم نییە لەهەرێمی کوردستان بەهێزی سەربازی میدیاکان بێدەنگ دەکرێن!
تەنها یەکساڵ دوای پێکهێنانی پەرلەمانی کورردستان و یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێم، مامۆستا شیرکۆ بێکەس، وەک یەکەمین وەزیری ڕۆشنبیری، بەهۆی داخستنی ڕۆژنامەی وڵات لەهەولێر، دەستی لەکارکێشایەوە!
لەم چەند ڕۆژەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ەدا، جارێکیتر لەشاری سلێمانی، بە هێزی سەربازیی چەندین میدیا داخران. 
داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و میدیاکانی چەتر هۆکارگەلێکی زۆریان لەپشتە. ڕەنگە ترس لەخەباتی دیموکراتی و ڕای گشتی گرنگترین هۆکار بێت!
 ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە بێدەنگکردنی دەنگی جیاواز  بەشێکی بونیادی و کلتوریی پێكهاتەی دنیابینی دەسەڵاتدارانی هەرێمن!
کێشەکانی ئێمە تەنها لەپاوانخوازی و چاوچنۆکی حیزبەکاندا کۆنەبوونەتەوە، بەڵکو بەتەنیشت کێشەی دەسەڵاتەوە، ئێمە گیرۆدەی چەندین کێشەیترین، لەوانە: کێشەی لایەنگیری و چوارچێوەبەندی و هەڵوێستە پێشوەختەکانی نوخبەی کوردی!
بۆ ئەوەی دیوە کۆمیدیەکەی داخستنی میدیاکان لەسلێمانی بدۆزینەوە، پێویستە لەهەڵوێست و شرۆڤەی بەشێک لەنوسەران و چالاکوانان بڕوانین!
یەکێک لەکۆمیدیترین شرۆڤەکان، ئەو دیدەیە کە پێیوایە داخستنی میدیاکانی سلێمانی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خواستی پارتی و تورکیاوە هەیە! 
با لەوە بگەڕێین کە ئەم خوێندنەوەیە پێگەیەکی لاواز و کەمبەها بۆ دەسەڵاتی زۆنی سەوز دەهێڵێتەوە و ڕاستەوخۆ دەیکاتە پاشکۆی سیاسەتەکانی پارتی و تورکیا! 
با پرسیار بکەین:
ئایا پێشتریش تورکیاو پارتی خواست و داواکارییان لە زۆنی سەوز نەبووە؟ 
ئایا پێشتریش پەلاماری میدیا نەدراوە؟ 
ئایا پێشتریش لەهەردوو زۆنەکە ڕۆژنامەنووسان تیرۆر نەکراون؟ 
وەڵامی ئەم پرسیارانە لای زۆرمان ئاشکران، بەڵام پرسیاری نوێ و گرنگ ئەوەیە: ئایا نەوەی دووەمی تاڵەبانی چییان دەوێت؟
ئایا داخستنی میدیاکان لەسلێمانی هەوڵێک نییە بۆ درووستکردنی بیدەنگی لەزۆنی سەوز؟ نەک بەخواستی پارتی و تورکیا، بەڵکو بەخواستی نەوەی دووەمی تاڵەبانییەکان!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand