Draw Media

پێشەنگەکە پارتییە

پێشەنگەکە پارتییە

2020-12-05 21:08:40


سلێمان عەبدوڵا یونس    

نادیاری لە داھاتی نەوت قاچاخچێتی سنورەکانی بەدوادا ھاتوە، ئەگەر بەبەرچاوی ھەمو دنیاوە داھاتی نەوت دیارنەبێت ئەوا ھیچ گومانی تیانیە لەمەرزە ناوخۆییەکانیش قاچاخچێتی  دێتەکایەوە. 

پارتی بە مۆنۆپۆڵی داھاتی نەوت، باڵانسی حوکمڕانی تێکدا و بەوپارەیە نەخشەی ھەڵبژاردنی گۆڕی و سیمای تاکڕەوی خۆی لەبڕیاڕ و بەڕێوەبردندا خستە شوێنی فیفتی بە فیفتی و سەرقافڵەیی یەکێتی، لە زۆربەی جومگەکاندا بەکۆتایی ھێنا. 

ئەوەی ئێستا یەکێتی بەرامبەر پارتی ڕاگرتوە، ھێز و ئەمن و ئەرزەکەیەتی، بێگومان ئەوەش لەسایەی نەبونی موچە و بودجەوە، مەترسی ڕاستەقیەی لەسەرە. چونکە ئەگەر بەلەدەسچونی شتەکانی دیکە، یەکێتی بچوک بوبێتەوە، ئەوا بەلەدەسچونی سێكوچكەی ھێز و ئەرز و ئەمن، قەڵەمڕەوە مێژوییەکەی، یەکێتی بە خەڵک و خاکەوە، ڕۆدەچێت. 

من پاساو بۆ قاچاخچێتی ناھێنمەوە و دژی تاڵانی و دزی و فزیم لە داھاتی گشتی بەھەمو شێوەیەک، بەڵام خۆ ئەگەر بڕیارە چاکسازی ڕاستەقینە بکرێت، دەبێت یەکەمجار پارتی دەستی خۆی لەنەوتەوە بۆ جەوت، بەو شێوە ناڕەوایەی کە باس دەکرێت دەربھێنێت، ئینجا؛ قاچاخچێتی ئاشکرای سەرانسەری مەرزەکان ڕابگیرێت، بەوانەی بندەستی یەکێتیشەوە. 

بێگومان ڕەخنەی جدی لەسەر بەڕێوبردنی قەڵەمڕەوی سەوز ھەیە و یەکێتی و گۆڕانیش بەرپرسیاری بڕێکی زۆری ئەم پاشاگەردانیەن، بەڵام خۆ ئەوەی لەسەر ئاستی کوردستان دەگوزەرێت و دۆخەکەی گەیاندۆتە نزیک لوتکەی مایەپوچی، پێشەنگەکەی پارتیە. 

پارتی؛ باشترە خۆی یەکلایی بکاتەوە، ھەژمونی حزبی بەلاوە گرنگە یان سەرخستنی ئەزمونی کوردستان؟ چاوی لەوەیە ھەر خۆی قەبە و قەڵەو بکات، یان حوکمڕانیەکی بەھێزی دیموکرات و پێکەوەیی بنیات بنێت؟ پرسیاری جدی ڕوی لە پارتیە، یەکەمین وەڵامی بنبڕیش ھەر لای ئەوە ئینجا یەکێتی و گۆڕان یەک بەدوای یەکدا بەرپرسیارن بێنەسەرخەت!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand