Draw Media

یەکێتی دوور لە حیکمەتەکانی مام جەلال

یەکێتی دوور لە حیکمەتەکانی مام جەلال

2020-12-03 22:43:52


 ئاسۆ حاجی

ماوەیەکە کار لە پرۆژەیەک دەکەم کە ناچاری کردووم بە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بچەمەوە،لە نێو ئەو مێژووەدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە لە ساڵی ١٩٦٤ کە بە جەلالی ناسراو بوون بەردەوام خۆیان و مێژوویان دووبارە کردۆتەوە.
یەکێتی لە سەرەتاوە وەک پەرچە کردار دروست بووە لە بەرامبەر پارتی و ئامانجی تەنها سڕینەوەی پارتی و لەناوبردنی بنەماڵەی بارزانی بووە، ئێستاش نەیتوانیوە خۆی لە فکری تۆڵە کردنەوە و سڕینەوەی بەرامبەر دەرباز بکات،بۆیەشە نەتوانیویەتی و نە دەتوانی تەجاوزی پارتی بکات.
لە دوای جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی کە ئەو کات بە جەلالی ناسراو بوون،لە ساڵانی شەستەکان تا رێکەوتننامەی ١١ ئادارت ساڵی ١٩٧٠ هەر حکومەتێک لە عێراق دروست بووبێ ئەو جەماعەتەیان بەکارهێناوە لە دژی شۆڕش و لاوازکردنی و کاڵکردنەوەی بیری کوردایەتی،لە ماوەی شەش ساڵدا سێ حکومەتی عێراقی کە بە کودەتا دەسەڵاتیان وەرگرتووە ئەو جەماعەتە بە هەمان ئامانج و نەفەس هەمان کاریان بۆ کردوون،بەڵام لە کۆتاییەکەیدا بەغدا پێی گوتوون کە بۆ رێکەوتن تەنها مەلا مستەفا موخاتبی ئێمەیە و تەنها ئەو نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکات.
ئێستا یەکێتی بە هەمان نەفس و ئامانج هەمان کار بۆ بەغدای داگیرکەر دەکا و هەموو جاریش روبەڕوی هەمان هەڵوێستی مێژوویی دەبێتەوە کە پێی دەگوترێ تۆ نوێنەرایەتی کوردستان ناکەی.
ئەوانەی لە رێگای کودەتایەکی سپی دەستیان بە سەر یەکێتی دا گرتووە و بازیان بەسەر خوێنی هەزاران شەهید و قوربانی خەڵکانی تێکۆشەر داوە دەبی ئەو راستەقینەیان لە بەر چاوبێ کە لە یاسای فیزیادا پەرچەکردار یەکسانە بە کردار،واتا ناتوانێ تەجاوزی کردارەکە بکات،لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانیشدا بەردەوام پارتی لە دۆخی کردار و یەکێتیش لە دۆخی پەرچەکردار بووە،بۆیە تەجاوزکردنی پارتی و بردنەوەی گرەوی سیاسی بە تەجاوزکردنی ئەو عەقلیەتە و دووبارە نەکردنەوەی مێژوو دەبێت.
یەکێتی کە بەخۆی توانای وەدیهێنانی ئامانجەکەی نەبووە دەبێ لە دوای ئەو هەموو رووداوانە بەتایبەتی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر تێبگات کە بە هوکاری و دەست دۆیی داگیرکەرانیش ناتوانێ بە ئامانجەکەی لە سڕینەوەی پارتی بگات،بۆیە باشترین رێگای بەردەم سەرۆکایەتی نوێی یەکێتی ئەوەیە کە بۆ حیکمەتەکانی مام جەلال بگەڕێنەوە و گوێ لەو کەسانە بگرن کە باشتر مامیان ناسیوە و لەگەڵی ژیاون و کاریان کردووە تا لە بڕیار و دەربڕینی هەڵوێستە سیاسیەکانی یەکێتی بەشدار و کارا بن نەک سڕیان بکەن،هەروەها دۆستایەتی پارتی و هەموو هێزە کوردستانیەکان بکەنە ستراتیژیەتی کاریان و پەیوەندیان لەگەڵ هێزگەلی داگیرکەر بۆ خانەی تاکتیک دابەزێنە خوارەوە،ئەگەر بتوانن کە باوەڕ ناکەم بتوانن چونکە بڕیار و ئیرادە لە دەستی خۆیان دانیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand