Draw Media

یەكێتی‌و گۆڕان‌و لاپتۆپەكەی ئاشتی هەورامی *

یەكێتی‌و گۆڕان‌و لاپتۆپەكەی ئاشتی هەورامی *

2020-12-04 19:23:08


عەبدولڕەزاق شەریف
گلەیی‌و گازەندەی سەركردەكانی یەكێتی‌و پارتی لەسەر پرۆسەی ئابوری سەربەخۆ‌و پرۆسەی نەوت لە هەرێمی كوردستان، هەمیشە روبەڕوی مام جەلال ئەبوەوە، ئەویش بەهەر شێوەیەك بو بە مەسعود بارزانی ئەگەیاند. لەسەر داوا‌و پێشنیازی بارزانی‌و تاڵەبانی، بەمەبەستی كۆبونەوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا ئاشتی هەورامی گەیشتە هاوینەهەواری دوكان‌و بە تەنیا لاپتۆپێك‌و داتاشۆیەك كۆڵەپشتی ئەو سەفەر‌و كۆبونەوەیەی بو.
-    شوێنێكی باش ئامادە بكەین، ئەمڕۆ دەرسی نەوت بە رەفیقەكانی تۆ ئەڵێم.
ئاشتی ئەم قسەیەی كردو هۆڵ‌و تەدارەكی وانەوتنەوەمان ئامادەكرد‌و ئەو هاوڕێیانەمان لە مەكتەبی سیاسی بانگهێشتی كۆبونەوەكە كرد.
نەخشەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، كۆن‌و نوێ‌، ناوی كۆمپانیاكان، شێوازی گرێبەستەكان، رێژەی بەرهەمی بەرمیلی رۆژانە‌و... هتد، وەك مامۆستایەكی لێزان بە یەك پاكێج‌و بە داتاشۆ رونكردنی كردەوە، زۆر شادمان بو بەو كێڵگە نەوتیانەی كاری لەسەر نەكرابو، دوا قسەی كۆبونەوەكەی ((دروست بڵێم وانەكەی)) هەموو ئامادەبوانی شاگەشكە‌و سەرسام كرد‌و وتی:"لەسەری ساڵی ئایندەوە رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەم ئەهێنین"، ئەمە لە كۆتایی ساڵی 2009دا بو.
جارێكی تر‌و دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لێدوانێكی لەسەر ئاگاداربونی خۆی لە تەواوی پرۆسەی نەوت‌و داهاتەكانی دابو، دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی دوای دڕدۆنگیان بانگهێشتی كۆبونەوەیەكی پەلەیان كرد‌و بە راشكاوی لەبەردەم ئەندامانی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیدا وتی:
-    بەڵێ‌ من ئاگادارم‌و بەشێكی پارەم وەرگرتوە‌و مام جەلال‌و هەندێ‌ هەڤاڵی تری یەكێتی چەند بەشكێكی تریان وەرگرتوە.
-    بۆچی بە ئێمەتان نەتوە؟ فەرمو بۆمان رونبكەرەوە !، مەلا بەختیار وەك بەرپرسی دەستەی كارگێڕ ئەم پرسیارەی كرد‌و لە وەڵامدا عیماد ئەحمەد وتی:
-    مام جەلال بەمنی وتوە ئەو پارەیەت بەرەوڕو ئەكەمەوە، نابێ‌ لای كەس باسی بكەیت. هەتا مام خۆی چاكئەبێتەوە ئامانەتێكە لەئەستۆی مندایە، خۆ ئەگەر چاكیش نەبوەوە، ئەو مەسەلەیە بخەنە كۆبونەوەی سەركردایەتییەوە، گەر زۆرینە بەچی شێوازێك پێتان باش بو، با دەنگی لەسەر بدەن‌و بۆ چەند كەسێكی بدركێنین.
ئەوەندەی من ئاگاداری بم، دوای ئەو كۆبونەوەیە كۆتایی بەو باسە هێنرا. بۆ دڵنیایی ئەو كەسانەی گومانیان هەیە، هەر لەو كۆبونەوەیەدا لیستی پاڵێوراو بۆ پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەتیش عیماد ئەحمەد وتی: لیستێكی مام جەلالم لایە تا ئەو ناوانە تەواو نەبن، هیچ كاندیدێكی ترم بۆ مەنێرن‌و بۆئەم مەسەلەیەش د. خەسرەو گوڵ محەمەدی كرد بە شایەت.
چەند ساڵێك تێپەڕی‌و دوای دیداری نەوشیروان مستەفا‌و مەسعود بارزانی هەمان سیناریۆی پرس لە تاریكی پرۆسەی نەوت لەنێوان ئەو دو جوامێرە دوبارەبوەوە، بەهەمان دەستوری پێشو دوەمیان ئاشتی هەورامی بە كۆڵەپشتەكەیەوە رەوانەی گردی زەرگەتە كرد ! 
+ كەس نازانێ‌ كێیە؟ كوڕی كێیە؟ چۆن هەمو موقەدەراتی ئەم میلەتەتان داوەتە دەستی بازرگانێك ؟ گەر شكست بهێنێت ئەڕوات‌و بە هەمومان بۆمان نادۆزرێتەوە، خەڵك من‌و تۆ ئەناسێ‌و یەخەی من‌و تۆ ئەگرێ‌.
تەنیا قسەیەكی ناو كۆبونەوەكە لەبارەی نەوتەوە كە بە مەسعود بارزانی وتبێ‌، ئەمەبو كە لە كاك نەوشیروانم خۆیم بیست.
ئەو زۆر لە خەمی كورددا بو، كە شارەزای بواری نەوت‌و گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنی نەوتی نیە ! هەمیشە ئەیوت: كەسمان لێی نازانین‌و نامانەوێ‌ بیزانین! راسپاردەی بۆ هاوڕێكانی لە حكومەت‌و پەرلەمان ئەوەبو كە بەهەر نرخێ‌ بێ شارەزای بیانی بهێنینە كوردستان.
بەناچاری خۆی بۆ چەند رۆژێك‌و لە ماڵەكەی خۆی داوەتی چەند پسپۆر‌و شارەزایەكی بیانی كرد. هەر لەو سەروەختەدا ئاشتی هەورامی گەیشتە لای‌و وێنەیەكی گشت گرێبەست‌و زانیاری‌و ناوەرۆكی لاپتۆپ‌و كۆڵەپشتەكەی تەسلیمی كاك نەوشیروان كرد.
-    چەند رۆژێكە لەگەڵ ئەم پسپۆرە بیانیانە دیراسەی فایلی پرۆسەی نەوتی هەرێم ئەكەین، ئەوەی لام سەیرە زۆر ستایشی گرێبەستەكانی ئاشتی هەورامی ئەكەن‌و ئەڵێن زەحمەتە گرێبەستی وا باش لە دنیای بازاڕی نەوتدا كرابێت.
نەوشیروان مستەفا ئەوەی بە من وت‌و بەدوایدا رێنمایی كردم لە میدیای گۆڕان چیتر باسی خراپی پرۆسەی نەوت‌و ئابوری سەربەخۆ‌و گرێبەستە نەوتییەكان نەكەین، وتیشی تەنیا شتێ‌ لەوبارەیەوە باسی بكەن ئەوەیە كە بڵێن پارەكەی لە كوێیە؟
ئەم رێنمایەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەم كرد بە  پەخشنامەیەك‌و بەڕێوەبەری بەشەكانی میدیام لێ‌ ئاگاداركردەوە‌و ئەوانەشی پەخشنامەكەیان جێبەجێ كرد لەژیاندا ماون.
•    دوای گفتوگۆی گەرمی ئەم رۆژانەی وەزیری دارایی پێشو لەگەڵَ سەرۆكی فراكسیۆنی پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی نەوت‌و گرێبەستەكان. بەئەركی سەرشانی خۆمم زانی وەك قسەیەك بۆ مێژو ئەم وتارەم بڵاوبكەمەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand