Draw Media

دوا قسەی کازمی و بەغدا بۆ شاندی هەرێم

دوا قسەی کازمی و بەغدا بۆ شاندی هەرێم

2020-12-06 06:32:44


ئاسۆ حاجی

کات کوشتن و یاریکردن بە هەستی خەڵکی کوردستان بە یاری مشکوپشیلانەی ناردن و نەناردنی 320 ملیار دینارەکە مستەفا کازمی بە ئەندامانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە خەڵکی کوردستانیش دەڵێ کە چەند شاند لە نێوان هەولێر و بەغدا بچن و بێن ئەوە بەغدا لەگەڵ هەولێر رێک ناکەوێ.
وەزیری دارایی عێڕاق بە شاندی حکومەتی کوردستانی گوتووە کە هیچ رێگریەکی یاسایی و دەستووری نیە بۆ ناردنی ئەو 320 ملیارە،کازمیش ئەوەی بۆ دووپات کردبوونەوە بەڵام گوتوویەتی کە هەڕەشەی لادانی لەلایەن شیعەکانەوە لەسەرە بە تایبەتی لەلایەن سەدڕ و عامڕی کە زۆرینەی پەڕلەمان پێکدەهێنن،ئەوەشی بۆ شاندی هەرێم روونکردبۆوە کە بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغدا پێویستان بە سەردانێکی تاران دەبێ!
رەنگە بڵێن نزیکی بۆچوونی هەردوولا لە جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 عێڕاق پێچەوانەی ئەو قسانە دەڵێ،بەڵام راستیە تاڵەکە ئەوەیە کە عێڕاق نایەوێ ناوی هەرێمی کوردستان لە ناو پڕۆژە یاسایەکە نەبێ چونکە پێچەوانەکەی ئەوە دەگەیەنێ کە چیتر هەرێمی کوردستان بەشێک نیە لە دەوڵەتی فیدڕاڵی عێڕاق،بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە و ناردنی بودجە و موچە بە دەردی ساڵانی رابردوو دەچێ.
عێڕاق لە بەردەم دۆخێکی یەکجار خراپی سیاسی و ئابوریدایە و لە سەر لێواری مایەپوچ بوونە،چوونکە عێراق لە ساڵی داهاتوو هیچ یەدەگێکی دارایی و دراوی نامێنێ و ئەوەش ئابوریەکەی بەرەو هەڵاوسان دەبا،بۆیە ئێستا بەغدا بەرەو شکاندنی بەهای دیناری عێڕاقی دەچێ لە بەرامبەر دۆلار بۆ پڕکردنەوەی کەمهێنانی موچەی فەرمانبەرانی،چاوەڕوان دەکرێ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بگاتە 150,000 دیناری عێڕاقی،کە ئەوەشیان راستەوخۆ نرخی کالاکان بەرز دەکاتەوە.
هەروەها عێڕاق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان ناتوانێ قەرز لە سندوقی نەختی نێودەوڵەتی بکات چونکە مەرجەکانی وەرگرتنی ئەو جۆرە قەرزە رەنگە بە عێڕاق جیبەجێ نەکرێن چونکە ئەو سندوقە قەرز ناداتە هیچ وڵاتێک بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی بدات،بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی دەیدات.
عێڕاق لە ساڵی داهاتوو تەنها لە حالەتێک دەتوانێ بەخۆی رابگاتەوە ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت چووە سەرووی 70 دۆلار کە زۆر زەحمەتە،بەرپرسانی عێراق ئەوە لە هەموو کەس باشتر دەزانن بەڵام لە خەڵکی دەشارنەوە بە تایبەتی کە بەرەو هەڵبژاردن دەچن.
ئەندامانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تێکڕایان ئەوەیان بۆ ئاشکرا بووە کە کازمی ئەوە کەسە نیە کە ئیدعای دەکا و ئەو شیعە بوونی خۆی و رەزامەندی هێزە شیعیەکان بە موجامەلەکردنی کورد ناگۆڕێتەوە،بە تایبەتیش کە لە پشت ئەو هەموو بینە و بەردانە لە دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان و رێگری کردن لە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان کوردێک هەیە لە پۆستی سەرۆک کۆمار کە بەرژەوەندیەکانی ئێران لە بەرژەوەندیەکانی نیشتیمان و خەڵکەکەی خۆی دەپارێزێ.
باشە کە عێراق لەگەڵ حکومەتی کوردستان رێک نەکەوێ و چوونە بەرەی ئێرانیش باجێکی قوڕسی بوێ،ئەدی هەولێر دەبی چ بکات؟ تاکە رێگا لەبەردەم هەولێر ماوە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ خۆی بە تەواوکردنی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و پێداچوونەوە بەداهات و ئەو بڕە موچەیەی بە فەرمانبەران دەدرێ،خۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکانیش ئەو راستیە دەزانن،ئەی بۆ ئەو کارە ناکەن؟
کابینەی نۆیەم کە لە سێ لایەنی سەرەکی پێکهاتووە،پارتی و یەکێتی و گۆڕان دەتوانن بە بڕیارێکی هاوبەش ئەو کارە بکەن و خەڵک لەو نیگەرانیە دەروونیە دەرباز بکەن و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانیش ئەوەندە لەبەردەم عێراقی داگیرکەر بچووک نەکەنەوە،بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە تەنها سەرۆکی حکومەتە کە دەتوانێ بە نوێنەرایەتی حیزبەکەی خۆشی بڕیار بدا بەڵام جێگرەکەی تەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی بڕیاردانی نیە و حیزبەکەی لە جیاتی پاڵپشتی بکەن پشتی لە زەوی دەدەن و تا پێیان بکرێ ناشیرنی دەکەن و وەک کەسێکی بێ دەسەڵات و باڵکراو دەیناسێنن کە ئێستا وێنە گەورەکەی لای خەڵک ئەوەیە،بزووتنەوەی گۆڕانیش کە مەرجی چاکسازی بەشداری حکومەتەیان کردووە ئێستا حەماسەتاین بۆ چاکسازی تەنها لە راگەیاندنە و لە کۆبوونەوەکان داوا دەکەن کە سەبر بگیرێ لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی،بە بەهانەی ئەوەی کە رەنگە بەغدا لەگەڵ هەولێر رێکبکەوێ،کێشەی گۆڕان بەهۆى كورسييەكانیەتی لە پەڕلەمانى كوردستان و عێڕاق، ئەو هەموو پؤستە زۆرەیان لە حكومەتى هەرێم وەرگرتووە بەڵام ئێستا نە پەڕلەمانتارەكانى له بەغدا و نە ئەوانەى كوردستانى لەگەڵ حكومەتى هەرێم نين و هەوڵ دەدەن ئەمڕۆ پێش سبەى بڕوخێت، ئيدی کەس نازانێ كێ نوێنەرایەتی  گۆڕان ده كات لە حكومه ت.
هەموو ئەو فەوزایەی لە پەڕلەمانی کوردستان دروست کرا و ئەوەی ئێستاش گواستراوەتەوە سەر شەقامەکان لە قۆستنەوەی ناڕەزایەتی و داوا رەواکانی خەڵک درێژکراوەی هەمان سیاسەت و پەیامە کە لە بەغدا بە شاندی هەرێمی کوردستان دراوە لەوەی کە بەغدا لەگەڵتان رێکناکەوێ تا لە تاران گلۆپی کەسک دانەگیرسێ،بۆ ناسینەوەی ئەو پەیامە و تێگەیشتن لێی زەحمەت و زیرەکی زۆری ناوێ،تەنها گوێ لە لێدوانی پەڕلەمانتارانی کوردی سەر بە ئێران(پەڕلەمانتارانی یەکێتی و نەوەی نوێ و بەشێک لە گۆڕان)،گوتاری میدیای سەر بە بەرهەم سالح و لاهور جەنگی بگرە تێدەگەی هەموو فشارەکە ئەوەیە کە هەولێریش ببێتە بەشێک لە جوگرافیای هیلالی شیعی .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand