"ئەگەر ئاشتیت دەوێت، خۆتی بۆ ئامادە بکە"
2023-05-29 11:26:26
ئارام سهعید
عیسای مەسیح دەفەرموێت" "هەموو مەملەکەتێک کە لەدژی خۆی دابەشبووبێت، دەڕوا بەرەو وێرانکاری." بەر لە دەستپێکردنی هەر دانوستانێک هەرکات کێشەو ناکۆکی ناوخۆیی هەبوو ئەوا چاوەڕوان بە لایەنی بەرامبەر ئەوە بەکاردەهێنێت و بەجیا لەگەڵ ناکۆکەکان دادەنیشیت و نفوزی خۆی زیاد ەکات. کاریکی تر کە دەیکات ئەوەیە چەند پەیامێک ئاڕاستە دەکات کە دەبێتە هۆی قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکییەکان... بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنی کوردستانی ئەگەرەکانی بەردەمی رێکكەوتنی تەسک دەبێتەوەو دەبێتە هۆی دواکەوتنی دانوستانەکان.
"یەکگرتووبین بەپێوە وەستاوین، دابەشبووین دەکەوین". لەم دانوستانانەدا لایەنەکانی بەغدا متمانەو ڕێزیان بۆ لایەنی کورد کەم دەبێتەوە کاتێک دەبینن کورد پەرش و بڵاو و نارێکخراوەو گیرۆدەی ناکۆکی ناوخۆییە، چونکە ناتوانیت بڕوا بەجێبەجێکردنی ئەو رێکكەوتنە بکات و گومان دەکات لەکاتیدا لایەنێکی کوردی ناڕازیە، هەربۆیە دەرئەنجام کەوتنە.
بەکورتی دانوستانی کاریگەر پێویستی بەوەیە لایەنی کوردی بەیەک بەرەوە بچیتە دانوستانەکەوە، ئامانجەکانی روون و ئاشکرا بن، سازشکردن پێویستە بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە دەرئەنجام تەنانەت ئەگەر ئەوە هەندی گروپ نیگەران بکات کە رەنگە لەبەرژەوەندیان بدرێت چونکە لەکۆتاییدا ئەندامانی دانوستکار دەبێت کار بۆ بەرژەوەندی گشتی بکەن و خۆشگوزەرانی خەڵک لەسەرو هەموو ئارەزوە شەخسیی و حزبیەکانەوە بێت.
کانتی فەیلەسوف لەمبارەیەوە دەڵێت" ئەگەر ئاشتیت دەوێت دەبێت ئامادە بیت بۆ رێکكەوتن" بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەک نیە کە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتیی ئامادەبن بۆ رێکكەوتن و نزیکەی چل ساڵە رێک ناکەون و ناگەنە ئەنجام، لەکاتێکدا لەحکومەتدا پێکەوەن، بەڵام ئایا لە رێکكەوتنەکاندا بەرژەوەندی گشتی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان ئەولەویەتە؟ یان بەرژەوەندی حزبی و فراوانکردنی دەسەڵاتەکەیان لەپێشەوەی بەرژەوەندی هاوڵاتیانە، ئایا دروستە لایەنی کوردی بەتەنها پارتی بێت؟ یان پارتی و یەکێتیی بەجیا دانوستان بکەن؟ ئەی ئەو هێزانەی تر لە کوێی ئەم دانوستانەدان؟ دەبوایە دەیان کۆبونەوەو راوێژی ئاشکرا لەگەڵ هێزەکانی تر هەبوایە بەر لەدەستپیکردنی دانوستانەکان. تۆ بڵێی هەرێمی کوردستان بەخاک و خەلکەکەیەوە موڵکی پارتی و یەکێتیی بن؟
لەکۆتاییدا پاش ململانێی سەختی چل ساڵی رابردوو، هەموو دانوستانەکان بەم دەردە دەچێت، هەربۆیە ئومێدێک نیە کە بتوانن لەهیچ دۆسیەیەکی کوردستاندا بیبەنەوەو کۆتاییەکەی دەبێتە لەدەستدانی ئەوەی ماوە لە دەستیانداو هاولاتیانیش بەشێوەیەک بیزارن لەم دەسەڵاتە حوکمی بەغدایان پێباشترە لەوەی ئێستای کوردستان لەکاتێکدا دەرفەتی زێڕین هەبوەو دەسەلات لەدەستیداوە نەک هاوڵاتیان. پەنابردن بۆ حوکمی بەغدا بەم بیرکردنەوەو ئاڕاستەیەی ئێستای دەسەڵاتدارانی بەغدا وێرانکارییەکی ترە بەڵام لای هاوڵاتیان سزادانێکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتی ئێستای کوردستان کە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەرئەنجامەکانی تەواو دەردەکەوێت....