Draw Media

بودجەی ئێراق؛ هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە

بودجەی ئێراق؛ هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە

2023-05-27 16:58:58


د. كامەران مەنتك
 ئەگەر خەنجەرت لە بەر پشتی خۆت بینی، بزانە خەڵكیش پیاوە! (رەسول هەمزەتۆڤ)
ئەو بەخ و لەخۆباییبوون و لوتبەرزییەی پارتی، ئەو تاكڕەوی و بێمنەتیەی بەرامبەر هێزو لایەنەكان و خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی هەیەتی، كوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات، لەجیاتی ئەوەی باوەش بۆ هێزەكانی تر بكاتەوەو هەوڵبدات كەشێكی ئاشتەوایی سەقامگیر بێنێتە بەرهەم، رۆژ بەرۆژ زیاتر رق و كینە لەناو كۆمەڵگەی كوردی دەچێنێت، ئێستا دۆخی هەرێم لەناوەوە دەكوڵێت و خەڵك ئامادەیە دەستی ئەهریمەنیش ماچ بكات، تەنیا لەدەست ئەو لوتبەرزییەی پارتی و ئەو بێهەڵوێستییەی یەكێتیی رزگاری ببێت، دیارە یەكێتیش لەپارتی كەمتری نەكردووە، بەڵام لەئێستادا یەكێتیی وەك ئەسپێكی بریندارو زوڕهانێكە لەسەرەمەرگدایەو پەلدەهاوێژێت، بۆیە لەكایەی سیاسی ئەمڕۆی هەرێم جگە لە هەڕەشەكردن و دەستبردن بۆ هێڵە نیشتمانییە سورەكان، ناتوانێت هەڵوێستێكی تری هەبێت، هەموو رەفتارەكانی یەكێتیی لە قۆناغی ئێستادا پەرچەكردارە بۆ هەڵوێستەكانی پارتی، بۆیە دەبێت بەر لەیەكێتیی رەخنە لە پارتی بگیرێت، كە كوردستانی بەم دۆخەی ئەمڕۆ گەیاندووە.
لەو ماوەیەدا خەڵكی كوردستان  بەداخەوە ئومێدێكی تراویلكە ئاسایی بە پرۆژەی بوجەی ئێراق هەبوو، پێی وابوو ئەو رێككەوتننامەی نێوان هەولێرو بەغدا( لەنوسینیكدا بە ملكەچبووننامە پێناسەم كرد) دەتوانێت دەروویەكی خێری لێبكاتەوەو هەناسەیەك بەبەر دۆخی دارایی هەرێم بێنێتەوە، كەچی بەگوێرەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەلایەن لێژنەی دارایی پەرلەمانی ئێراقەوە لەو مادانە كراوە، كە پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان، كێشەكان قوڵتر دەكاتەوەو قەیرانەكە گەورەتر دەكات، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە هەردوو دەڤەری سەوزو زەرد بەیەكجاری لەیەكتردەكاتەوەو دەیكاتە دوو هەرێمی جیاواز، ئەو گۆڕانكارییە بەشێوەیەك لەشێوەكان زیندووكردنەوەی هەمان ئەو رێككەوتنەیە، كە تاڵەبانی لەساڵی 2003 لەگەڵ ئەمریكییەكان ئیمزای كرد، مەبەستم ئیمزاكردنی فیدراڵی پارێزگاكانە.
دەستەواژەی پارێزگای ناڕازی و پارێزگای رازی داهێنانێكی زمانەوانییە بۆ ئەو لەتكردنەی هەرێم، هاوكات مەسەلەی دانەوەی 10%ی مانگانە، لە پاشەكەوتی فەرمانبەرانی هەرێم، دێوجامەیەكی ترسناكە بۆ شاردنەوەی ئەو راستییەو هەوڵێكە بۆ سڕكردنی خەڵكی كوردستان، كە هەموو یارییە قێزەونەكان لەلایەن هەولێرو بەغدا دژی ئەو، واتە خەڵكی كوردستان دەگوزەرێت.
لەراستیدا ئەو بێڕێزییەی پارتی بەداموزەگاكانی هەرێم و هێزەكان و خەڵكی كوردستانی دەكات، ئەوەی لێدەكەوێتەوەوهەر ئەو هەڵوێستەی لێچاوەڕوان دەكرێت، ئەو سیناریۆ قێزەونەی لەپەرلەمان روویدا ئەو یارییە دزێو و مناڵانەی لە پەرلەمان كردیان، بەرهەمەكەی واژووی یەكێتیی بوو لەسەر ئەو بوجەیەی، كە هەوڵیكی جدیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم، كورد دەڵێت، ئەگەر وڵاخ زۆر ماندوو بكەی، خۆی لەچیا هەڵدەدێرێنێت، یەكێتیش لە رقی پارتی خۆی هەڵدەدێرێنێت و هەموو كوردستانیش لەگەڵ خۆی نوقمی وێرانكاری دەكات، بۆیە دەبێت ئەو گەمە ناشارستانییە سیاسییەی هەرێم رابگیرێت و بەرژەوەندی خەلكی كوردستان پێش بەرژەوەندی ئەو حیزبانە بخرێت!.
بە بۆچوونی من ئەو هەڵبژاردنەی دادێت، ئەگەر بكرێت! زۆر جیاوازتر دەبێت لەو هەڵبژاردنانەی، لەماوەی سی ساڵی رابردوودا كراوە، (دیارە ئەگەر نەكرێت كارەساتەكە گەورەتر دەبێت)، دەبێت دڵسۆزانی كورد لە جیاتی بایكۆت و پشتتێكردن، ئەمجارەیان هەوڵدەن لیستی نوێ دروستبكەن و لە دەرەوەی ئەو هێزانە كورسی پەرلەمانی بەدەستبێنن، لەو قۆناغەی ئێستادا پیموا نییە، یەكێتیی و پارتی دیسان بە هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز هاوسەنگی كۆن رابگرن، چونكە كۆمەڵێك هێز لە دەرەوە وەستاون و چاوەڕوانی كارێكی لەو شێوەیە دەكەن، بۆئەوەی پەلاماری هەرێم بدەن، كە رەنگ بێت لەمەدا زۆرینەی خەڵكی كوردستانیش پێشوازییان بكات، وەك پەرچەكردارێك بۆ حوكمی سەقەتی سی ساڵەی ئەو دوو حیزبەو لەپەنای گەڕاندنەوەی سەقامگیری، شوێنە هەستیارەكانی هەرێم بخەنەوە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان، بۆیە رەنگ بێت لەئێستادا، واتە بەرلەوەی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بۆجە بدات، پارتی وەك گەڕاندنەوەی رێز، دەستبەرداری هەندێك شت بێت بۆ یەكێتیی و رازی بكات، بەلایەنی كەم لە مەسەلەی دانیشتنەكەی پەرلەمان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هەرچەندە پەرلەمانی ئێراق، بەو پێكهاتە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەی هەیەتی، باوەڕ ناكەم دەرەفەتێكی وا لەدەستبدات، كە بەوردی كاری بۆ كردووە، بەڵام لەهەموو دۆخەكاندا هەر ئەو ئەلتەرناتیڤە لەبەردەستدایە، كەسی خنكاو ئومێد لەسەر ته‌ڵه‌ پووشێكیش دەچنێت!.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand