Draw Media

بەردەوامی بنبەستی سیاسی لە هەرێم نیشانەی نەبوونی بەرپرسیارییە

بەردەوامی بنبەستی سیاسی لە هەرێم نیشانەی نەبوونی بەرپرسیارییە

2023-06-07 08:55:57


كاوه‌ مه‌حمود- سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان

بنبەستی سیاسی لە ڕەوشی هەرێمی کوردستاندا، ڕەنگدانەوەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکە، کە چەندین ساڵە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی بنیاتنراوە و، ئاکامەکەی نەبوونی دەستوور و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانە و، بازدانە بەسەریان و کەمتەرخەمییە لە ئەنجامدانیاندا، کە بە ناوی درووستکردنی کۆکبوون و ڕچاوکردنی ڕەهەندی نیشتمانی کرا كە هەڵەیەکی مەزن بوو، لە کاتێکدا بوونی دەستوور و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ڕەهەندی نیشتمانییە نەک بە پێچەوانەوە.

ئاکامی پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە بە لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و زەمینەخۆشکردنی مانۆرەکانی نەیارانی گەلەی کوردستان بۆ سەپاندنی ئاراستەی ناوەندێتی ڕەها لە حوکمی عێڕاق و، سەپاندنی ئەجیندە و زیادبوونی دەستتێوەردانی دەوڵەتانی دەوروبەر و، لاوازی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، کۆتایی هات.

ئەم ڕەوشەی، کە ئێستا بنبەستی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا درووست کردووە، ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک بابەت، کە ناکرێ هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بازی بەسەردا بدەن و بەهەند وەرینەگرن و چارەسەری گونجاوی بۆ نەبیننەوە.

بنبەستی سیاسی لەم ڕەوشەی کوردستاندا ئاماژەیە بەوەی، کە لاینەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا چەمکی (ئیدارەی قەیرانەکان) لە ئەجیندەی سیاسییاندا و لە پێشبینی بۆ ڕووداوەکاندا نییە و، ئاراستەی هەڵوێستەکان لۆجیکی کار و کاردانەوە بەڕێوەی دەبات.

خاڵی دووەم لە هۆکاری بنبەستی سیاسیی نەبوونی ئامادەییە لە لایەن هێزە سیاسییەکانی دەسەڵاتەوە، کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە کاروان و ئەزموونی حوکمرانی لە ڕاپەڕینی ئاداری 1991وە تا ئەمڕۆ، هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی ڕەخنەگرانەی بۆ بکەن و، ئایا ئەوەی پەیڕەوی دەکەن لە گەڵ چەمک و بنەماکانی (حوکمرانی باش) گونجاوە؟!

خاڵی سێیەم، کە لایەنی حوکمران و سەرجەم هێزی سیاسی بە هەند وەرینەگرتووە، هەڵسەنگاندنی بەشداریبوونی کوردستانی باشورە لە پرۆسەی سیاسیی عێڕاق و، ئەو کارتانەی لەو پرۆسەیە لە سایەی گۆڕانکارییەکانی بواری هاوسەنگی ھێزەكان و ڕەوشی هەرێمایەتی و نێودەوڵتی ڕووی داوە، بەکاری دەهێنێت.

خاڵی گرنگ کە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەسەری کۆکبن، ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە هەرێمێکە لە دەوڵەتی فیدڕاڵدا، لە مامەڵەکردن لە گەڵ بەغدا داواکاری نییە، بەڵکو مافی هەیە و، گرنگە هەر شاندیکی دانوستانی کوردستانی لەگەڵ عێراقدا بە لۆجیکی ماف، نەک داواکاری مامەڵە بکات.

لە کاروانی پێداچوونەوە بە سیاسەتە ناوخۆییەکان و مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانیش، نابێ ئەوەش لە یاد بکرێت، کە چەمکیک هەیە پێی دەڵێن قۆناغی رزگاری نیشتمانی و، بزووتنەوەیەكیش هەیە پێی دەڵین بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانی.

ئیدارەکردنی قەیرانەکان سەرەتایەکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و، ئەم سەرەتایە پێویستی بە دیالۆگی نیشتمانی و پاراستنی ئازادییەکانی خەڵک و بەشداریپێکردنیانە لە تێکڕای ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە چارەنووسیانەوە هەیە و، ئەوەش پێویستی بە گەڕِاندنەوەی متمانەی خەڵکە و، بە پێچەوانەشەوە بەردەوامبوونی بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا نیشانەی نەبوونی بەرپرسیاریی دەسەڵاتە بەرامبەر چارەنووسی خەڵک.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand