کوردو رۆڵێتی روسی !
2023-05-28 21:16:01
چیا عەباس
خوالێخۆشبوو دکتۆر کەمال فواد، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی لەسەر هەوڵە بێ ژمارەکان بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی ناوخۆ لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ نوسینێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی: عەبە بازدەدات، لەڕاستیدا باش لێی تێگەیشتبوو تا ئەم چرکەیەش عەبە هەر بازەکەی نەداوە.
کێرڤی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی تایبەت دوای وەفاتی مام جهلال (باسم لە ساڵەکانی شەڕی ناوخۆ نیە) هیچکات هەڵکشانی بچوک و داكشانی زەقی بەرچاوی ناجێگیری بەو جۆرەی ئەو چەند ساڵەی دوایی بە خۆیەوە نەبینیوە.
کورد نامۆ نیە بەم دیاردە کوشندەیەی دەیان ساڵە، سەرەڕای ئەوەی دیاردەکە لە بنەڕەتدا زەمینەیەکی بەهێزی مێژویی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا زەمینەی ئاگری ئەو پیرە بورکانە گڕدارترو خۆشەتر دەکات چەندین گەمەکەرو فاکتەری ترن کە تێهەڵکێشی پێکهاتەکانی زەمینەکەی جاران بوون.
پێش روخاندنی سەدام نەتەوەکانی عێراق بە کوردیشەوە نزاو دوعای دیموکراسیەتیان بەهەر وشکەدارێک و تاشە بەردێکەوە دەلکان، روکەشانە بۆ ئایندەی عێراق سەرسامی ئەو دەستەواژە تەماویەوە بوون. پاش نەمانی سەدام بە رەچەتەی ئەمریکا ئیبداعی تێدا کراو ناویان نا " دیموکراسی تەوافق" تا هەموو پێکهاتەکانی عێراق رازی بکەن و لە سایەیدا ئەمریکا بتوانێت کاری خۆی بکات.
نوێنەرانی کورد لەناچاری و تەماعەکانیان لە عێراقی " نوێدا " قۆڵیان لێهەڵماڵی و بوونە داشی دامەی ئەو ئیبداعە، ئەزمونەکانی مەجلسی حوکم و یاسای قۆناغی گواستنەوەو پشکی سەرۆکێک بۆ کۆماری نوێ بۆ کوردو چۆنیەتی داڕشتنی دەستوری هەمیشەیی عێراق و دەغدەدانی کورد بە مادەی ١٤٠و بودجە زەمینەخۆشکەری نەشتەرگەریەکی جوانکاری ساختە بوون کە گروتینی ئەو بورکانە پیرەی نەک زیندو راگرت بەڵکو چاوچنۆک و درەندەتریشی کرد.
رێكکەوتنی ستراتیژی ئەمنی نێوان ئەمریکاو عێراق کە هیچ برگەیەکی متمانەپێکراوی بۆ کورد لە خۆ نەگرتوە، روداوەکانی دوای شکستی سەربازی داعش، کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەرو شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و لەدەستدانی کەرکوک و چەند ناوچەیەکی تری کوردستان بە رەزامەندی ئەمریکا ئەو سەلـمێنەرە یەکلاکەرەوانەن کە چۆن پرسی کورد لە داوێکی سەرسەختی ئاڵۆزدا گیری خواردوە.
نە کوردو نە پێکهاتەکانی تری عێراقیش ( تایبەت گۆشەکراوانی مەزهەبی و نەتەوەپەرستی و شۆڤینزم) ئەهلی هیچ جۆرێک لە دیموکراسی راستەقینە نەبوون، ئێستاشی لەگەڵدا بێت وڵاتی نێو دوو روباری خوێناوی، کە ئیستا دەیان میلیشیای مەزهەبی توندڕەو و خوێنڕێژ بەڕێوەی دەبەن، پێویستی بەسەرکردەیەکی دەستوریی دەسەڵاتداری بە ویژدان و عادل هەیە، هەمان راستیش بۆ بەشەکەی کوردستانیش دروستە، تایبەت هەرێم خاوەنی دەستور نیەو یاساش سەروەر نیە، حزبایەتی و سەرکردەو بنەماڵە بوونەتە جێگرەوەی ئەو بۆشاییە ئازاردەرانە.
دیاردە کوشندەکەی کوردی باشور لەم روداو و گۆڕانکاریانەدا زیندو راگیراوەو مێژوو و زەبری هێزو بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیش زامنی شەرعیەتدانن پێی، پەرلەمانە کارتۆنیەکەش پەکخراوەو هیچی جەوهەریشی پێناکرێت.
ناشێت بازێک بەسەر رۆڵی گرنگی وڵاتانی ناوچەکە بدەین، زۆر تایبەت شۆڤینزمی نەتەوەیی و مەزهەبی لە بەغدا، کە دیاردە کوشندەکەی کورد دەقۆزێتەوە کاتێک بەشێکی پاسەوانە گەورەکانی بورکانەکە ئارەزومەندانە لە دەروازەکانیان دەدەن و داوا دەکەن ئاگری بورکانە بڕێک خۆش بکەن.
هەرچۆنێک بێت پاش چەندین پاشەکشەکردن بە سەروەری سیاسی هەرێم و زەوتکردنەوەی چەندین ناوچەی هەستیاری کوردستان و سنوردارکردنی دەسەڵاتی هەرێم لە پرسی نەوتدا ئێستا کێشەکانی بودجەو پێشنیاز کە حکومەتی بەغدا بکرێت بە نیمچە وەصیەک بەسەر بەشێکی ئەرکەکانی حکومەتی هەرێم زادەی سیاسەتە خۆپەرست و هەڵەکانی دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەشن لە هەرێم. ئەم گەمەیە گەر وا بەردەوام بێت وەک رۆڵێتی روسی دەبێت بۆ کورد، چونکە هەر هەموو سیاسەت و هەنگاوەکانی بەغداو دەرودرواسێش پێمان دەڵێن دەیانەوێت ئەم هەرێمە بگەڕێننەوە بۆ ئەو سەردەمەی بە دەڵەمە دەشوبهێنرا.