ڕێگای گەشە: خەونێ خۆشە

Draw Media

2023-05-31 09:10:01



سه‌ردار عه‌زیز

پرۆژەیەک لە ئارادایە کە کەنداوی عەرەبی بە تورکیاوە ببەستێت لەڕێگای هێڵی شەمەندەفەرو ڕێگای خێرا. ڕۆژی شەممە لە کۆشکی کۆماریی لە بەغدا کۆنفراسێکی تایبەت بە وەزیرانی گواستنەوە لەنێوان وڵاتانی کەنداو و ئوردن و تورکیادا بەسترا.

ئەم ڕێگایە چەندین ناوی هەبوو، بەڵام لەدوا سەردانی محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ ئەنکەرە، ئەردۆگان پرۆژەکەی ناو نا ڕێگای گەشە. ڕێگای گەشە ناوێکی گشتی بریقەداری بێناوەڕۆکە. هەمومان دەزانین کە گەشە بەشێکە لە خیتابی پارتی دادو گەشەپێدان. هەروەها وەک مێژوی ئەو پارتە دەریخست کە وەک جێگرەوەی دیموکراسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەم ڕێگایە لە چەندین ئاستدا کاریگەریی هەیە لەسەر ناوچەکەو کوردستان. لەم نوسینەدا سەرەتا باس لە واقیعیبوونی ڕێگاکە دەکەین، پاشان لە ئەگەری بوونیدا چۆن دەبێت، ئینجا کاریگەری لەسەر کوردستان.

لەگەڵ گەشەی چیندا دیاردەیەک هاتە ئاراوە، کە دەتوانین بە ژێرخان بەرامبەر دەزگا ناوی بەرین. بەو مانایە مۆدێلی چینی، هەروەها تورکیش بەتایبەتی لەسەردەمی ئیسلامییەکاندا، خەسڵەتێک لەخۆی دەگرێت کە مۆدێلی ڕۆژئاوایی کێشەی هەیە بەدەستیەوە، ئەویش ئاسانی بونیادنانی ژێرخان. وڵاتانی وەک چین و تورکیا، کە خاوەنی تەکنەلۆجیاو دەستی هەرزان و دۆخێکی تایبەتن لە نەبوونی مافی کرێکارو ئینشورانس و دڵنیایی و زۆر بواری تر وەهایکردووە کە بتوانن پرۆژەی ژێرخانی گەورە ئەنجام بدەن بە هەرزانترو خێراتر لە وڵاتانی تری ڕۆژئاوا. لە ڕۆژئاوا بەهۆی بوونی دەستی کاری گران و دڵنیایی و گرانی دراو و زۆر بواری تر ئەنجامدانی کاری ژێرخانی زۆر سەخت دەکات.

ئەم ئاسانییە بۆ ژێرخان زیانێکی گەورەی داوە لە دەزگا. چونکە ئەم وڵاتانە نایانەوێت دەزگاکان دروست بن، یان خەمی دروستبوونی دەزگاکانیان نیە. لای ئەم وڵاتانە، پرسی ژینگە، مافی مرۆڤ، دڵنیایی جۆری و زۆر بواری تر گرنگ نیە. هەروەها لە ڕێگای ئەم پرۆژانەوە دەسەڵاتداران دەیانەوێت سۆزو سەرنجی خەڵک ڕابکێشن لەکاتێکدا مافەکانیان لێ وەردەگرنەوە.

پرۆژەی گەشەی عێراق لەنێوان هەردوو چین و تورکیادایە. عێراق دەیەوێت لەهەردوو وڵات سودمەندبێت. لە ئاستێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە چین یان ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەستێت، کە زۆرێک لە چاودێران وەهای دەبینن کە بانگەشەیەکی بێ بنەمایە. چونکە بڕی بازرگانی چینی لەگەڵ ئەوروپادا هێندە زۆرە ناتوانرێت لە ڕێگای بەندەرێکی لاچەپی وەک بەندەری فاوەوە بکرێت. تەنها لە یەک ساڵدا زیاتر لە بیست ملیۆن حاوییە (کۆنتەینەر) لە چین دەگوێزرێتەوە بۆ ئەوروپا، جگە لە ڕێساکانی قازانج و سود، ئەو کۆمپانیایانە بە هیچ یاساو ڕێسایەکەوە پابەند نابن.

بەڵام گریمان پرۆژەکە لەئاستی پێکەوە گڕێدانی ئاسیاو ئەوروپا بایەخی نیە بەڵام لە ئاستی هەرێمیدا بایەخی دەبێت. پێش ئەوەی بێین بۆ ئەم ڕەهەندە هەرێمییەی یەکێک لە ڕەخنەکان ئاڕاستەتی ئەم پرۆژەیە دەکرێت پرسی ئەنجام نەدانی جەدوایە. لەڕاستیدا پرسی ئەنجامدانی ئەم جەدوایە دراوه‌ بە کۆمپانیایەکی زۆر بچوکی ئیتالی کە لەلایەن خێزانێکەوە بەڕێوەدەبرێت لە ڕۆما. ئەم لاوازی جەدوایە وەها دەکات کە گومانی گەندەڵی یەکەم گومان بێت بەرامبەر ئەم پرۆژەیە. عێراق وەک یەکێک لە هەرە گەندەڵترین وڵاتانی دونیا زۆربەری زۆری پرۆژەکانی یان وەهمین یان سەرچاوەی گەندەڵین، بۆیە گومانی گەندەڵی دەبێت گومانی یەکەم بێت دەربارەی ئەم پرۆژەیە. ئێمە دەزانین کە هەتا پرۆژەی گەورەبێت ئەگەری گەندەڵی گەورەترە. نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی وردی ئابوریی بۆ پرۆژەکەو گوماناویبوونی کۆمپانیای لێکۆڵەر، زیاتر گومانی گەندەڵی زیاد دەکات.

کێ لە پرۆژەکە سودمەند دەبێت؟

ئەگەر ئەو ئەگەرەی کە دەڵێت بازرگانی ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەستێت وەک خیتابێکی فریودان وەربگرین، ئەوا دەبێت بیر لە ڕەهەندە ئیقلیمییەکانی بکەینەوە. پرۆژەکە تورکیاو کەنداو بەیەکەوە دەبەستێت. هەردوولا چەندین کاڵایان هەیە کە دەتوانن لەگەڵ یەکتردا بیگۆڕنەوە. کەنداو کە توانای کشتوکاڵی نیەو هەروەها عێراق بەتایبەتی باشور کە توانای کشتوکاڵی نامێنێت، بەهۆی کەمیی ئاو و گۆڕانی ژینگە لە داهاتوودا، ئەوا دەبنە بازاڕێکی باشی خۆراکی تورکی. ئەمە سەرباری کاڵاکانی تورکیا کە جۆریان باشترەو نرخیان کەمترە لە کاڵاکانی تر.

تورکیا پێویستی بە غازو نەوت و بەربومەکانی پیترۆکیمیاوییە کە عێراق پلانی هەیە بەرهەمیان بهێنێت. پێکەوەگردانی کەنداو و تورکیا لەڕێگای تورکیاوە، وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ دوورخستنەوەی تورکیا لە ڕوسیا، کە بەلای ڕۆژئاواو هەنگاوێکی گونجاوە. تەنها بیر لە گرنگی بازاڕی ڕوسی بکەرەوە بۆ ساغکردنەوەی بەروبومی تورکی.

بۆ تورکیا هەنگاوێکی جیوپۆلەتیکی گرنگە بۆ گەیشتن بە قوڵایی عەرەبی، بەتایبەتی ئەو پانتاییەی کە وزەو پارەی زۆری تیادایە. ئەم فاکتە جیوپۆلەتیکییە هەمیشە پاڵنەرێکی تورکیا بوو بۆ ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی هەرێم و دروستبوونی ڕۆژئاڤا، چونکە بوونی هەرێم و ڕۆژئاڤا پێکەوە دابڕانێک لەنێوان تورکیاو قوڵایی عەرەبیدا دروست دەکات.

کەواتە پێش هەموان تورکیا سودمەندە کە کاڵاکانی بە وزە دەگۆڕێتەوە.

عێراق پلانی وەهایە کە سەد هەزار دەرفەتی کار برەخسێنێت. ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە. بەڵام ئەم ژمارانە لەسەر هیچ بنەمایەکی زانستی پشتڕاست نەکراونەتەوە. وەک گوتمان کۆمپانیا ئیتالییەکە هەتا ئێستا تەنها لە بواری پاڵاوگەدا کاری کردوە.

ئالنگارییەکان چین؟

یەکەم، لەبەر هۆکاری ئەمنی و ڕێگرییکردن لە بوژانەوەی کوردستانی باکور هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچە کوردییەکاندا نیە یان زۆر خراپە. ئایا تورکیا چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەکات، بە دانانی پارێزەر بۆ هێڵەکان کە تێچووی پرۆژەکە زۆر زیاتر دەکات یان پرسی کورد چارەسەر دەکات، کە لە ئێستادا چاوەڕوان نەکراوە.

دووەم، لەسەرتاپای عێراق هێڵی شەمەندەفەری نوێ و تایبەت بە گواستنەوەی شەمەندەفەری تەنکەریی لەگەڵ ڕێگای خێرای های وەی بوونی نیە. لە عێراقدا دروستکردنی پرۆژەکان بە پشک و پشکێنە کۆمپانیا تایبەتەکانی گروپ و حیزب و میلیشیاکانە. ئەمەش کار دەکات سەر بڕی تێچون و جۆری پرۆژە.

سێیەم، ڕێگاکە بە هەرێمدا تێدەپەڕێت لەشاری زاخۆ بە مەودای چوار کیلۆمەتر. ئەگەر هەوڵبدرێت لە کوردستان بە دورر بگیرێت، ئەوا نابێتە ڕێگایەکی ئابوری بەڵکو دەبێت به‌ ڕێگایەکی سیاسی. لەم دۆخەدا دەبێت، بە سوریادا تێپەڕێت، هەروەها سوپای عێراقی بگاتە سەر سنور، تورکیا بێتە ناو سوریاوە، دەسەڵاتی ڕۆژئاڤا دووربخرێتەوە، سوریا بهێنرێتە ئەو ناوچەیە.

بەڵام لەم دۆخەدا ئەمریکا ناڕازییە، چونکە دەبێتە هۆی شکانی ئابلۆقەی سەر ئەسەد، هەروەها دابینکردنی ئەمنی سەختتر دەبێت. هەموو ئەمانە دەرخەریی ئەوەن کە هیچ کۆمپانیایەکی گواستنەوەی جیهانیی نیە کە بیەوێت ئەم هەموو سەرکێشییە بکات. هەروەها بازاڕەکانی ئەوروپا ناتوانن پشت بە ڕێگایەکی وەها ببەستن کە هێندە ڕێگریی و کێشەی هەبێت.

وەک لە کۆنگرەکەدا دەرکەوت سوریا پێداگریی دەکات لەوەی کە ئەم پرۆژەیە بۆ بەندەرەکانی ئەو بڕوات، لەم دۆخەدا تورکیا دژ دەبێت و بەهیچ جۆرێک نابێتە ڕێگایەکی جیهانیی، وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، لەبەر دۆخی شەڕو ناسەقامگیریی و ئابلۆقەی سوریا.

ئیماراتییەکان داوا دەکەن ڕێگایەکە ببەسترێتەوە بە هێڵی شەمەندەفەری کەنداوەوە. ئەگەر هەنگاوێکی وەها بنرێت ئەوا مانای وەهایە هەموو پرۆژەی بەندەری فاو لاوەکی و کەم سود دەبێت. لە هەمانکاتدا ئێرانییەکان دەیانەوێت شەلەمچە بە بەسرەوە ببەستنەوە.

ئایا ئەم پرۆژەیە بۆ کورد چی دەگەیەنێت؟

یەکەم، هاتنی پرۆژەکە ئەگەر مەبەست لێی سەقامگیریی بێت، ئەوا دەبێت کوردیش لێی سودمەندبێت، چونکە هەرچەندە بە هەولێردا تێناپەڕێت، بەڵام لێیەوە دوور نابێت. تەنها سلێمانی لەم پرۆژەیە بەدوور دەبێت.

بەڵام ئەوەی هەستی پێدەکرێت کە تورکیا هەندێک پرسی ئاسایشی دەبەستێتەوە بەم پرۆژەیەوە بە تایبەتی پرسی کامپی مەخمورو شەنگال، کە ڕێگاکە بە نزیکیاندا تێدەپەڕێت.

ئەوەی لە کۆنفرانسەکەدا بینیمان زیاتر نمایشکردنی ئایدیایەک بوو، هەموو بەشداربوان لە هەڵسەنگاندنی ئەوەدان کە چۆن لێی سودمەندبن. ئایا پرۆژەکە دەتوانێت هەموان سودمەند بکات؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand