Draw Media

ئەردۆغان دوای هەڵبژاردن

ئەردۆغان دوای هەڵبژاردن

2023-05-29 11:37:45


د. دانا حەمەعەزیز 

لە بیست ساڵی رابردوودا، ئەردۆغان دەستی بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیا بردوە بە سوپاو دادگاو هەواڵگری و بانك و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە. سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، هەموو دەرگاکانی بۆ خستەسەر پشت کە ئیدی بێ ترس و بە متمانەی خەڵکەوە، پرۆژەی بە دیکتاتۆریبوونی سیستەمی تورکیا تەواو دەکات و بێ دوودڵیی جومگەکانی حکومڕانی بەتەواوی دەخاتە بندەستی خۆیەوە. 
وتاری ئەردۆغان لە ڕابردوودا بۆ تورکەکان "تورکیایەکی  مەزن دایکی یەك نەتەوەی تورك " بووە، هەرئەمەش زامنی بردنەوەی بوو لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا! پێنج ساڵی ڕابردووی حکومڕانی ئەردۆغان بۆ خۆرئاوا، ئەزمونێکی تاڵ بوو، ئەردۆغان پەنای بۆ هەموو جۆرەکانی دژایەتیکردنی ئەوروپاو ئەمریکاو "ناتۆ"ش برد، هەر لە بەکارهێنانی کارتی پەنابەران و سوکایەتیکردن بە باڵوێزخانەو کونسڵگەرییەکانیان لە ئانکەرەو ئەستانبوڵ هەتا دەگاتە هاوکاری سەربازی لەگەڵ "داعش"و ڕوسیاو دژایەتیکردنی سوید. 
پەیامی دوای هەڵبژاردنی ئەردۆغان بۆ خۆرئاوا جیاواز بەڵام بەئازارتر دەبێ، ئەمجارەیان ئەردۆغان بە متمانەی خەڵکەوە بە ئەوروپییەکان و بە  ئەمریکا دەڵێت، تورکیا زلهێزێکی دنیایەو زەمانەتی ئەو گەورەیەشی، ڕیگەی ڕوسیاو چین و ئێرانی دراوسێیەتی کە بچوکترین تێبینیان نیە لەسەر مەسەلەکانی تایبەت بە کەمینەی کوردو دیمۆکراسی و ئازادی. 
وەك نەریتێکی دوای هەڵبژاردن، پەیامی براوە، یەکێتیی و یەکڕیزیی یە. هەرچەند ئەردۆغان باسی یەکڕیزیی کرد، بەڵام پەیامەکەی پڕبوو لەخۆبایبوون و سوکایەتیکردن بە ڕکابەرەکانی. وەك میدیاکانی خۆرئاوا نوسیویانە "پەیامی ئەردۆغان بۆ یەکڕیزیی بێ مانایە، لەکاتێکدا سەلاحەدین دەمیرتاش سەرکردەی سێیەم گەورەترین پارتی سیاسی تورکیا لە زیندانە". لە پەیامەکەیدا ئەردۆغان بێمنەتانە بە کلیچدارئۆغلۆی وت "بای بای کەمال!"، ئەو قسە بازاڕییەی ئەردۆغان وەك سوکایەتی بە نیوەی خەڵکی تورکیا، سەرەتای دەسپێکردنی جەنگی دابەشبوونی کۆمەڵگەی تورکیایە کە ئایندەیەکی مەترسیداری دەبێت بەتایبەتی کە کلیچکدارئۆغڵۆ نزیکەی نیوەی تورکیای لەگەڵدایە بە کوردیشەوە!
شەڕی ئەمجارەی تورکیا لەناوخۆدا، هەر لەگەڵ کورددا نیە، ئەو خۆی بۆ شاڵاوێکی گەوره‌تری سەرکوتکردن و پاکتاوکردنی ڕکابەرەکانی لە دیاربەکرەوە تا ئیزمیرو ئەستەمبوڵ، ئامادەکردوە. وەك بەڵێنیشی بە نەتەوەی تورك داوە، لەبەرامبەر خۆرئاوادا، بەڵێنەکانی لە قسەو وڕكگرتنەوە بکاتە کردارو تەنانەت لەگەڵیاندا بیگەیەنێتە مریشکە ڕەشە. بەڵام بەم دابەشبوونە قوڵە ناوخۆیی و بەم ئابورییە نالەبارەوە، ئایا تورکیا بەرگەی شەڕی ناوخۆو بەرگەی بچوکترین گەمارۆی ئابوری خۆرئاوا دەگرێت؟!
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand