لە چەمەکەی دەربەندەوە بۆ دانوبی شین

Draw Media

2023-06-07 21:17:11



چیا عەباس

چیرۆکێک لە مێژودا
شوین و کات: دەربەندی رایات، بارەگای یەکێتی قوتابیانی کوردستان، شۆڕشی ئەیلول، مانگی مارچی ١٩٧٤، لەو ساتانەدا ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوم و بارەگای رێکخراوەکەمان لەسەر چەمەکەی دەربەندی رایات لەسەر رێگای هامیڵتۆن لە ناوجەرگەی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول بو.
لەرێگەی هاوڕێیانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا پەیامێکمان پێگەیشت کە کۆنگرەی گشتی یەکێتی گشتی خوێندکارانی جیهان مانگی ئەپریڵ لە بودابستی پایتەختی هەنگاریا بەڕێوەدەچێت و گەر بمانەوێت دەتوانین لە سایەی شاندی ئەوان لە کۆنگرەکە بەشداربین.
بڕیار درا خوالێخۆشبوو عادل مورادو بەندە بەشدار بین، لە دەربەندی رایاتەوە بەرێکەوتین بەرەو تاران، بە کارئاسانی نوێنەرایەتی شۆڕشی ئەیلول لە تاران و دەزگا ئێرانییەکان بەرەو بەیروت بەرێکەوتین. کارتی خۆم لە کۆنگرەکەدا هەڵمگرتوە.

لە بەیروت خوالێخۆشبوو عەزیز شێخ رەزا، نوێنەری شۆڕشی ئەیلول، و چەند تێکۆشەرێکی تر رێنماییان کردین و کارئاسانیان بۆ کردین. لە ئۆفیسێکی پۆستی بەیروت و لە کۆنترۆڵێکی ئاساییدا عادل موراد بە چەکەوە گیرا، ئەویان بردو هیچیان لە من نەکرد. بەپەلە گەڕامەوە بۆ لای کاک عەزیزو روداوەکەم بۆ گێڕایەوە، پێی باشبوو بۆ چەند شەوێک لە شوقەکەی ئەو بمێنمەوەو نەگەڕێمەوە بۆ هوتێل، منیش گوێرایەڵی رێنماییەکەیم کرد.
پاش دو رۆژ کاک عەزیز پێی گوتم باشترە خۆم تەسلیمی پۆلیس بکەم چونکە کاک عادل لە ئیفادەکەیدا گوتویەتی کە دەمانچەکەی لە کەسێکی نەناسراو کڕیوە بە نرخێکی هەرزان و من تەنها شاهیدی ئەو روداوەم. بۆیە گەڕامەوە بۆ هوتێلەکە، لە هۆڵەکەدا ژمارەیەک پۆلیس و چەند کەسێکیش بە چاکەت و پانتۆڵی رەشەوە وەستابوون. کە منیان بینی دوو کەس لێیان هات بەرەو روم، یەکێکیان گوتی: دەبێت لەگەڵمان بۆ بنکەی پۆلیس بێیت و چیت لە جلوبەرگ پێویستە بڕۆ بیهێنە. کە رۆیشتم کەسێک لەگەڵ چەند پیاوێکی تر لە هۆڵەکە دانیشتبوون هات بۆ لام و گوتی: من کۆسرەتم و کاک عەزیز ئاگاداری کردوین، چیت دەوێت تا بیکەین (ئەوە یەکەمجار بوو لە ژیانمدا کاک کۆسرەت ببینم کە خولێکی کشتوکاڵی لە بولگاریا جێهێشتبوو و بەرەو ناوچە ئازداکراوەکانی شۆڕشی ئەیلول لە کوردستان دەرۆیشت). لە وەڵامدا پێمگوت: ئێمە ژمارەیەکی زۆر بەیانمان بە زمانی عەرەبی لێرە چاپکردوە کە دژ بە حکومەتی عێراقەو لای کاک غازی لە دوکانەکەی دامان ناوە، تکایە ئاگاداری بکەن لەوێ لای ببات چونکە کاک عەزیز پێی گوتم پۆلیس ئاگاداری ئەو بەیانەیە. لە وەڵامدا کاک کۆسرەت گوتی خەمت نەبێت. دوای خواحافیزی پۆلیس زۆر هێمنانە منیان بۆ بنکەیەکی پۆلیس برد.
لە ژوری تەوقیف بەتەنیا دانرام، لە پەنجەرەکەیەوە بینیم لە ژوری بەرامبەرم کاک عادل بوو، پێی گوتم لێرە زۆر بەرێزەوە مامەڵە دەکەن و فەرمانبەری لێکۆڵینەوە کوڕێکی گەنجی مەسیحیەو زۆر نەرم و نیانە. لە لێکۆڵینەوە لەگەڵمدا هەر وادەرچوو. کاک کۆسرەتیش ئاگادری کاک غازی کردبو و ئەویش مشوری بەیاننامەکەی خواردبوو. پاش لێکۆڵینەوە بردیانین بۆ ژورێکی زیندان کە زۆر پیس و تاریک بوو، بۆنی پیسایی و سیسرک و قالۆنچە هەراسانیان دەکردیت. زەلامێکی تریشی لێبو کە چەکدارێکی بزوتنەوەی فەتحی یاسر عەرەفات بوو بە پەنجا کلاشینکۆفەوە گیرابوو.
ئەو سەردەمە خوێندکاری دوا ساڵی کۆلێژی پزیشکی بووم لە زانکۆی بەغداو بەهۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەگەڵ حکومەتی عێراق نەمتوانی لە بەغدا بمێنمەوە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی یەک بەشی خوێندنەکەم کە نەمکردبوو، بانگێشی پاسەوانەکەم کردو پێم گوت من پزیشکم و برادەرەکەم باری تەندروستی خراپەو پێویستە پزیشکێک بیبینێت، پزیشک هات، کوڕێکی گەنجی بەڕەوشت و دۆستانە بوو، پاش خۆناسینمان رەچەتەی نوسی بۆ هەمو ئەو شتانەی پێویست بوون بۆ پاککردنەوەی ژوری زیندانەکە.
دوای دو رۆژ ئێمەیان گواستەوە بۆ بنکەیەکی تری پۆلیس و لەوی ئاگادار کراین دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لوبنان جێبهێڵین. کاک عەزیز پێی گوتین: حکومەتی عێراق بەفەرمی داوای لە لوبنان کردوە ئێوەیان تەسلیم بکات و لە رۆژنامەی النهاری بەیروت هەواڵەکە بڵاوکرابووەوە. لە درێژەدا خوالێخۆشبوو گوتی: کوڕەکەی تقی الدین صلح (سەرۆک وەزیرانی لوبنان بوو لەوکاتەدا) سەر بە بەعسی عێراقەو لەپشتی مەسەلەکەیە، هەرچۆنێک بێت لەسەر داوای خودی مەلا مستەفا لە دوو سەرکردەی کریستانییەکانی لوبنان ئێوە ئازادکراون و لێرە بڕۆن.
پاش سوپاس و وەرگرتنەوەی بەیاننامەکە بەرەو یۆگۆسلاڤیا بەرێکەوتین. (کاک غازی کوردێکی لوبنان، بەداخێکی زۆرەوە بو چەند ساڵێک دواتر لە شەڕیکدا کە هاریکاری فەلەستینییەکانی دەکرد شەهید بوو). گەیشتینە بلگرادی پایتەختی جارانی یۆگۆسلاڤیاو چاومان بە خاتو شیرین كه‌وت. کچی شەهید عیزەت عبدالعزیز بوو ( یەکێک لە چوار ئەفسەرەکەی لە ١٩-٦-١٩٤٧ لە سێدارەدران)، کاک عادل و خۆشم دەمان ناسی لەسەردانەکانی بۆ ماڵی باوکی لە بەغدا دەهات بۆ بارەگای یەکێتی قوتابیان، لە بەلگراد لە کۆلێژی پزیشکی دەیخوێندو بەرپرسی کۆمەڵەی خوێنکارانی کورد بوو لە یۆگۆسلاڤیا. رێکەوتین بە شەمەندەفەر بەرەو بودابست بچین، هەرچۆنێک بێت دوای چەند رۆژێک لە بودابست بوین.
شاندی کۆمەڵەی خوێندکاران لەگەڵ شیرین خان پێکهاتبوو لە بەرێزان: تارق ئەکراوی، فەرهاد سۆفی، خوالێخۆشبوو تەحسین ئەکراوی کە لە بودابست دەژیا، لەگەڵ کاک عادل و بەندە. بەرێزیش ئازاد بامەرنی کە لە بودابست پزیشکی دەخوێند دەیتوانی لەگەڵ شاندەکە بێت.
تێبینی: کاک تارق و شیرین خان دواتر ژیانی هاوسەریان پێکهێنا، کاک تارق باڵیۆزی عێراق بوو لە نەمسا، کاک فەرهاد لە پۆڵۆنیا دەژیاو دواتر لە ئەڵمانیا نیشتەجێبو مەخابن هەواڵی نازانم، کاک تەحسین تێکۆشەرێکی دێرین چەند ساڵیک لەمەوبەر وەفاتی کرد، کاک ئازادیش خوێندنی تەواو کردو لە ئەڵمانیا نیشتەجێبوو و لە لیستی یەکێتی بۆ چوار ساڵ ئەندامی خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بوو و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی.
کۆمینیستەکانی عێراق
(اتحاد العام لطلبة العالم) رێکخراویکی زۆر گەورەی سەر بە فەلەکی روسیای ئەو سەردەمە بوو، بەشێکی بەرچاو لە خوێندکارە کۆمینستەکانی عێراق بە رێگەی زەمالەکانی پارتی کۆمینیستی عێراق (حزب الشیوعي العراقي) لە هەموو وڵاتانی ئەوروپای سەر بەفەلەکی روسیا دەیانخوێند، بەشێکی بەرچاو لێشیان خویندکاری کورد بوون. لەو ساتانەدا جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە کۆمینیستێکی عەرەبی عێراقی بوو کە کەسایەتیەکی ناودار بوو (ناوەکەیم بەتەواوی لەبیر نەماوە.. حافظ.. و دوای روخاندنی سەدام لە خولێکدا وەزیر بوو)، پارتی کۆمینیستی عێراق هاوپەیمانیان لەگەڵ سەدام هەبوو، بۆیە ئەو بەرپرسە باڵایەیان داوای لە رێکخراوی خوێندکارانی جیهان کردبوو عادل مورادو من لە کۆنگرەکە دەرکەن بەبیانووی ئەوەی بەرێگای ئێرانەوە هاتووین و ساواکی ئێرانی کارئاسانی بۆ کردوین، سەرۆکی رێکخراوەکە کە روسی بوو پێشنیازەکەی رەتکردبووەوە، سەرەڕای ئەم شکستە ئەندامە کۆمینستەکانی عێراق بە کوردەکانیشەوە بەردەوامبوون لە دروستکردنی کۆسپ و کێشە بۆمان، تەنانەت بەهات و هاوار دەهاتنە ناو هۆڵی کۆبونەوەکان و بەزمانی عەرەبی و کوردی هاواریان دەکرد: مژدەیەکی خۆش ... ئێستا سوپای عێراق گەمارۆی بارەگای بارزانی داوەو گرتنیان لە سات و ئاندایە...تاد.
دانوبی شین دوەم درێژترین روبارێکی رەنگینی درێژی ئەوروپایە کە چوار پایتەختی ئەوروپای لە ئامێزی خۆی گرتووە (ڤێنا، براتیسلاڤیا، بودابست و بەلگراد)، تەلاری کۆبونەوەکان و تەلاری کۆماری لەسەر روبارەکە بوون. لە یەکێک لە کۆبونەوەکان هاوسەری سلڤادۆر ئەڵێندی، سەرۆک کۆماری شیلی لە ١١ سێپتەمبەری ١٩٧٣ بە کودەتایەکی سەربازی و هاریکاری ئەمریکا لابراو لە دۆخێکی تەمومژاویدا وەفاتی کرد، هۆرتێنسیا بوسی و کچەکەی وتارێکی پێشکەش کرد، کۆمەڵەی خوێنکارانی کورد ئەو شەرەفەی بە مندا کە چەپکەگوڵێک لەسەر شانۆکە بە جلی کوردییەوە پێشکەش بەو خانمە رێزدارە بکەم، کۆمینستەکانی عێراق بەمه‌ چاویان چووە پشت سەریان.
لە ئاهەنگی سەرۆک کۆماری هەنگاریا بۆ بەشداربوانی کۆنگرەکە شیرین خان و بەندە بە جڵی کوردییەوە وێنەمان لەگەڵ سەرۆک کۆمار گرت کە دواتر لە  رۆژنامەکانی هەنگاریا بڵاوکرابووەوە. روداوەکانی ئەم گەشتە تەنها بەشێک نین لە مێژوی خۆم، ئاوێنەیەکیشە کە تێێدا دۆخی کوردایەتی و ئاڵۆزیەکانی سەردەمەکەی تێدا بەرچاو دەکەون. سەرەڕای هەموو شتێک پەیامەکەی چەمەکەی دەربەندمان ئەمەکانە بە دانوبی شین گەیاند.
رۆتەردام: ٧ جونی ٢٠٢٣
   

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand