وێنە بڵاونەكراوەكەی سەرۆكو هاوسەرۆك
2021-03-16 14:16:54
رێبوار كەریم وەلی
رەنگبێ تەنها داواكاریی هاوسەرۆكی یەكێتی لاهور شێخ جەنگی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا ئەوە بووبێت كە ئامادە نییە تەنها بۆ (وێنەگرتن) دیدار بكاتو دەبێ دەرفەتی ئەوە هەبێت وەكو دوو هێزی شەریك لە حوكمڕانیدا، باسی كێشەكانی نێوان خۆیان بكەن. نوقتە سەری دێڕ.
*
لەشكرێكی پڕچەكو پڕ پارەی مێدیای ئەمنی لە هەردوولا كەوتنەخۆ كە چۆن دانیشن شانامە لەبارەی پێشمەرجو پاشمەرجەكانی ئەم دیدارە سیاسییە بهۆننەوە؛ هەر لایە دەیویست بیكاتە دەستكەوتی خۆی! لایەك دەیویست بڵێ ها قسەی خۆمان بردەسەرو، لایەكەی دیكەش دیگووت بۆ دەستماچكردن فەرموون بۆ كۆشكی پادشا! شێخ مەحمودی حەفیدزادەش سەلامەت بێت كە نەدەبوایە چاكەكەی وا هەڕاج بكاتو گەیاندییە گوێی سوڵتانی كەڕیش! وایكرد كە هەوڵەكە هەر لە منداڵداندا لەبار بچێو رووی دنیا نەبینێ.
*
خۆ ئەگەر كوردستان وڵاتێكی دیموكرات بایە (چونكە هەڵبژاردن پێوەری دیموكراسی نییە) قسەیەكی سلێمان دەمیرەڵم پێیە كە دەیگووت:"لە دیموكراسییەكاندا چارە كۆتایی نایەت"، كەچی پێدەچێ حوكمڕانیی كوردستان ئەسیری دەستی پۆپۆلیزمێكی سیاسی بووبێت كە خەریكە وەكو قوبرسییەكان بڵێن:"چارە لە بێچارەییدایە." چونكە بۆ ئەوان (نان) لە شەڕدایەو بۆ فەقیرو هەژاریش لە بەرماوەی شێر!
*
راستییەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لە جیاتی كۆپی پەیستكردنی (نووسراو)ی بەرپرسێك لە بارەگای بارزانییەوەو گەمەكردن بە وشەكانی، دەیانتوانی بەپرسانەتر مامەڵە بكەنو بە راگەیەندراوێك پەرۆشیی خۆیان بۆ ئەو دیدارە دەربڕنو هیوا بخوازن كە ئەمە تەعبیر لە بۆچوونی بارەگا نەكات!
*
سەرباری ئەوەی كە بارەگا خۆی لەو نووسراوە نەكردە خاوەنو دیار بوو لەكوێڕا هاتووە، بەڵام نەتوانرا وەزعەكە بەئاقارێكی دیكەدا ببردرێت. یەكێتی تۆپێكی وایان لابوو كە زۆر بە ئاسانی هەڵدەدرایەوە گۆڕەپانی بەرامبەر، بەڵام نەك ئەوە رووی نەدا، بگرە بە هەوڵی بێوچانی هەردوولا ئاستی شەڕەكەیان لە بەرژەوەندیی گەلەوە گەیاندە ناوگەڵ!
*
زوو یان درەنگ ئەو دیدارە هەر روو دەدات، ئەگەرچی لەناو یەكێتیو پارتیش كەسانێك هەبن خەریكی تەوركاری بن، بەڵام ئەو وەزعە بەو لەنگییە هەتا سەر رێ ناكاتو بەردەوام نابێت. بەرژەوەندیی هەردوولایان بۆ مانەوەی خۆیان حوكم دەكات كە دانیشن. بەس جارێ پێدەچێ هەندێك كۆنە قەرز مابن كە ساف نەكراون. رەنگبێ ئەخیرەن شتەكە وا بێ بەها بكرێ كە لە زەینی خەڵكدا، تەنها حوكمی وێنەیەكی فۆتۆگرافیی بمێنێت. یان هەندێكیش پێیانوابێ كە فۆتۆشۆپە!