شیكاریی: هێمن خۆشناو رۆژی چوارشه‌ممه (11 ئایاری 2023) ئاشكراكردنی ئه‌نجامی راپرسی كۆمپانیای (كۆندا) كه له‌ناوه‌نده هه‌ره متمانه‌پێكراوه‌كانی توركیایه رۆژه‌ڤی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌م وڵاته سه‌راوبن كرد، كه تیایدا جیاوازی ده‌نگ له‌نێوان هه‌ردوو كاندیدی سه‌ركۆماری توركیا گه‌یشته (5.6) خاڵ له به‌رژه‌وه‌ندی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپه‌یمانی میلله‌ت. دوای ئه‌نجامی راپرسی كۆندا كه رۆژانی (6-7 ئایار) واته هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له رۆژی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدراوه، (محه‌ره‌م ئینجه) كاندیدی سه‌ركۆماری توركیا ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه. ئه‌م هه‌ردوو هه‌واڵه‌ش بۆ به‌ره‌ی پشتیوانی له سه‌ركۆماری ئێستای توركیا (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) به كه‌مه‌رشكێن له قه‌ڵه‌م ده‌درێن! هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی (ئینجه) چیه؟ بهمدوایه له چه‌ند راپرسییه‌كی به‌دوای یه‌كتردا، كه له‌لایه‌ن ناوه‌ندی جیاواز‌و متمانه‌پێكراو بڵاوكرایه‌وه رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئینجه به‌ره‌و له كورتیدان ده‌چوو، گه‌یشته ئاستێكی ئه‌وه‌نده خراپ كه نه‌یتوانی له پێشبڕكێی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌رده‌وام بێت. بۆ نموونه به‌گوێره‌ی راپرسی ناوه‌ندی (AR-G) له مانگی ئادار رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئینجه 7.6٪ بووه، به‌ڵام هه‌مان كۆمپانیا رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ناوبراو له 24 نیساندا به 3.4٪ نیشان ده‌دات. هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی ناوه‌ندی (ASLA) بۆ راپرسی كه له به‌رواری 27 نیسان تا 2 ئایار ئه‌نجامدراوه رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی سه‌رۆكی پارتی (مه‌مله‌كه‌ت) بۆ 2.7٪ دابه‌زیووه. هه‌ر دوێنێش چوارشه‌ممه كۆمپانیای (كۆندا) له دوای راپرسیدا رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی محه‌ڕه‌م ئینجه به 2.2٪ له قه‌ڵه‌م ده‌دات. دیاره محه‌ڕه‌م ئینجه، ئه‌م ئامار‌و راستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی بینیووه، ئه‌گه‌ر وه‌كو مانگی شوبات و ئادار ده‌نگه‌كانی له ده‌وروبه‌ری 5-6٪ بووایه، یان ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی هه‌بووایه كه پێشبڕكێی سه‌ركۆماری له گه‌ڕی یه‌كه‌م یه‌كلایی نابێته‌وه‌و ده‌چێته گه‌ڕی دووه‌م، زه‌حمه‌ت بوو بكشێته‌وه. ئینجه وه‌كو سیاسه‌تمه‌دارێكی به ئه‌زموون، شكستی هێنا له ئیداره‌دانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، كاری گه‌یشته ئه‌وه‌ی زیان به ده‌نگی پارتهكهشی بگه‌ینێت. نه‌یزانی له كوێ ده‌گیرسێته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌ناو پڕۆسه‌كه‌دا به جدی له به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان گیرسابایهوه به‌لانی كه‌م 6٪ ده‌نگه‌كانی ده‌برد، به‌تایبه‌تی ئه‌و گه‌نجانه‌ی بۆ یه‌كه‌مین جار به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌كه‌ن روویان له ئینجه بوو. به‌ڵام كاتێك وازی له ئه‌ردۆغان هێناو رووی قسه‌كانی كرده ئۆپۆزسیۆن متمانه‌ی ده‌نگده‌ری له‌ده‌ستدا. دوێنی له كۆنگره رۆژنامهنوسییهكهی كه تیایدا كشانه‌وه‌ی له پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنی سهركۆماریدا راگه‌یاند، محه‌ڕه‌م ئینجه دیسان رووی قسه‌كانی له ئۆپۆزسیۆن كرد كاتێك گووتی:" له هه‌ڵبژاردن شكست ده‌هێنن و هه‌موو تاوانه‌كه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی من". به‌گوێره‌ی ئه‌م رسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه بێت، ئینجه بانگه‌شه ناكات و ناڵێت: بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدی ئۆپۆزسیۆن سه‌ركه‌وێت من ده‌كشێمه‌وه. به‌ڵكو ده‌ڵێت: ئه‌ردۆغان سه‌رده‌كه‌وێت، كلیچدارئۆغڵو شكست دێنێت و ده‌خوازێت شكسته‌كه‌ی بخاته ئه‌ستۆی من. دوای كشانه‌وه‌ی چ گۆڕانێك به‌سه‌ر پێشبڕكێی نێوان كلیچدارئۆغڵو و ئه‌ردۆغان دێت ؟ سه‌ره‌ڕای له كورتیدانی ده‌نگه‌كانیشی دیسان كشانه‌وه‌ی ئینجه كاریگه‌ری گه‌وره بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كلیچدارئۆغڵو له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان به‌جێدێڵێت. چونكه له‌دوای هێرشكردنه سه‌ر (ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو) كاندیدی جێگری سه‌ركۆماری توركیا‌و سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵ له (ئهرهزڕوم) له رۆژی (5 نیساندا)، چه‌ند ناوه‌ندێكی راپرسی جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌نگه‌كانی كلیدچارئۆغڵو به‌رێژه‌ی 2-2.5٪ زیادیكردووه‌و گه‌یشتۆته رێژه‌ی 49.3٪، واته رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی كلیچدارئۆغڵو به به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌ر له هێرشه‌كه‌ی (ئه‌رزه‌ڕوم) هه‌ڵكشاوه، بێ ئه‌وه‌ی بگاته (50+1). به‌گوێره‌ی كۆمپانیای (Metropul) له‌دوای كشانه‌وه‌ی 49٪ ده‌نگه‌كانی ئینجه بۆ كلیچدارئۆغڵو ده‌چێت، 22٪ بۆ ئه‌ردۆغان، 5.3٪ هێشتا خۆی یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌و 21٪ ناچێته سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان. ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی دوا راپرسی كۆندا نزیك له راستی له قه‌ڵه‌م بده‌ین، ئه‌وه‌ی 49٪ ده‌نگه‌كانی ئینجه كه پێشبینیكراوه بۆ كلیچدارئۆغڵو بچێت به‌سه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا. كه‌واته كشانه‌وه‌ی محه‌ڕه‌م ئینجه به چ هۆكارێك بێ یان به چ مه‌رامێك بڕیاری لێدرابێت، كارئاسانیه بۆ سه‌ركه‌وتنی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو. ئیتر گرنگه نیه كاندیدی چواره‌مین (سینان ئۆغان) ده‌كشێته‌وه یان نا، چونكه ئه‌گه‌ری یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا زۆر زیاتر بووه به به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌ر له كشانه‌وه‌ی محه‌ڕه‌م ئینجه! ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له رۆژی 11 ئایار له كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له شارۆچكه‌ی (سنجان) له ئه‌نقه‌ره بوو كاتێك گوێبیستی كشانه‌وه‌ی محه‌ڕه‌م ئینجه بوو. له‌مباره‌یه‌وه سه‌ره‌تا گووتی:" زۆر خه‌مبارم" دواتریش گووتی:" بۆ ده‌كشێته‌وه". باشه بۆچی كشانه‌وه‌ی ئینجه ئه‌و خه‌مبار ده‌كات؟ خه‌مباری ئه‌ردۆغان پێمان ده‌ڵێت كه ئه‌ردۆغان ستراتیژی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی پێشبڕكێكه بۆ گه‌ڕی دووه‌م بونیادناوه، له‌وێ حسابی كردووه چی بكات و چ هه‌ڵمه‌تێك ئه‌نجام بدات. له ئێستادا ئه‌و پلانه‌ی ئه‌ردۆغان شكستی هێناو هه‌ڵبژاردنی توركیا ناچێته گه‌ڕی دووه‌مین. ئیتر خۆری ئه‌ردۆغان له ئاوابوون دایه مه‌گه‌ر... هیوادارم رۆیشتنی ئه‌ردۆغان بۆ هه‌مووان به‌خێر بشكێته‌وه! رۆژێك له رۆژان په‌شیمان نه‌بینه‌وه له‌وه‌ی كه نزامان كردووه، خودا خودامان بووه تا ئه‌ردۆغان له كۆڵمان بێته‌وه!
درەو: بەپێی تازەترین ڕاپرسی, كە هەفتەیەك بەر لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی لەتوركیا ئەنجامدراوە, ئەردۆغان جەماوەری دابەزیوەو كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بەجیاوازیەكی زۆر لێیدەباتەوە, ئەگەریش هەیە لەخولی یەكەمدا هەڵبژاردن بەكلابێتەوە. لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش, هەرچەندە هاوپەیمانێتیەكەی ئەردۆغان (كۆمار) لە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن (میللەت)ی دەباتەوە, بەڵام بەهۆی كورسیەكانی كوردەوە, زۆرینەی پەرلەمانیش لەدەستدات. بەپێی تازەترین ڕوپێوی كۆمپانیای (KONDA)ی توركی. لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەتوركیا: •كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت (49.3%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیی هاوپەیمانی كۆمار (43.7%)دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. ئەگەریش هەیە هەڵبژاردن لەخولی یەكەم یەكلابێتەوە. پڕۆسەی گەڕان و ڕاپرسی كۆمپانیاكە, لەماوەی نێوان (6_7) ئەم مانگە ئەنجامدراوە, لەڕێی چاوپێكەوتنی روبەڕو لەگەڵ (3480)كەس لە (194)گەڕەك و لادێ و (120) شارەدێ, بەناوەندی (35) پارێزگاشەوە. بەگوێرەی ئەنجامی دواین ڕوپێو و ڕاپرسی كە كۆمپانیای (KONDA) بڵاویكردووەتەوە, سەبارەت بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هاوڵاتیان, لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا, كە بڕیاڕە ڕۆژی یەك شەممەی داهاتوو (14)ئایار بەڕێوەبچێت: •كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ (49.3%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (43.7%) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. •سەنان ئۆغان (4.8٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. •موحرەم ئینجە (2.2٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت.(كشایەوە ) ئەم ئەنجامانە دوای دابەشكردنی ڕێژەیی (7.8٪) دەنگی ئەو كەسانە دێت كە هێشتا بڕیاریان نەداوە دەنگ بەكێ دەدەن و (2.2٪) ئەو كەسانەی وتویانە بەشداری دەنگدان ناكەن. كۆمپانیاكە ڕونیكردووەتەوە, ئەنجامی گەڕانەكەی لە (6_7)ی ئایاردا دەریخستووە, رەنگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بچێتە خولی دووەم. دۆخی هاوپەیمانێتەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان سەبارەت بە ئەنجامی هاوپەیمانێتیەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی توركیا, (11.5٪) دەنگەدران تائێستا خۆیان یەكلاینەكردووەتەوەو (2.2٪) دەنگدەرانیش وتویانە بەشداری پرۆسەی دەنگدان ناكەن. ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بەمشێوەیەیە: •هاوپەیمانی كۆمار, بەسەرۆكایەتی پارتی داد‌و گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی, نزیكەی (44%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •لەو ڕێژەیە (35%)پارتی داد‌و گەشەپێدان بەدەستیدەهێنێت و (8%)یشی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی بەدەستی دەهێنێت. •ڕێژەی دەنگی هاوپەیمانی میللەت, كە لەپارتی گەلی كۆماری و پێنچ پارتی تری ئۆپۆزسیۆن پێكدێت (39.9%)دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. •پارتی گەلی كۆماری (27.3%)دەنگەكان و پارتەكانی تری هاوپەیمانێتەیەكە, (12.4%) بەدەستدەهێنێن. •هاوپەیمانی كار‌و ئازادی, كە پێكهاتوون لە پارتی چەپی سەوزو پارتی (TIP) رێژەی(12.3٪) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت. بەگوێرەی ڕونكردنەوەكانی كۆمپانیای (KONDA), ئەو روداوانەی لە ماوەی نێوان (6_7)ئایارەوە تا رۆژی هەڵبژاردن رودەدەن, لەگەڵ گۆڕانكاریە ستراتیجیەكان لەهەڵژاردنی سەرۆكایەتی و ناوچە بومەلەرزە لێدراوەكان و رێژەی بەشداری دەنگەدرانی ناوخۆ و دەرەوەو, دابەشبونی دەنگدەران, رەنگە كارگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی (14)ی ئایار دروستبكات.
راپۆرتی: ئەنوەر کەریم ئابوری تورکیا گەورەترین ئابورییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە کۆی بەرهەمی ناوخۆی (GDP) ساڵانە ئەگاتە نزیکەی (900) ملیار دۆلار، هەرچەندە لەم ساڵانەی دوایدا ئەردۆغان ڕێژەی خەرجییەکانی حکومەتی تەواو بەرزکردۆتەوە، بۆیە گەیشتۆتە ئەو ژمارە گەورەیە، لەئێستادا ڕیژەی بەتاڵە لەناو تورکیا بەپێی ڕاپۆرتەکانی دەزگای ئاماری تورکیا لە (10%)یە، هەرچەندە دەزگا سەربەخۆکان ئەڵێن ئەو ئامارانەی تورکیا بڵاوی دەکاتەوە ڕاست نییە، وە ڕیژەی بەتاڵە لەناو لاوان‌دا (15-24) ساڵ بەپێی راپۆرتی وەرزی پێشووی دەزگای ئاماری تورکیا (19.2%) بووەو ڕێژەی هەڵئاوسان لەناو تورکیا دابەزیوە بۆ نزیکەی (51%) لەوەرزی ڕابردووی ئەمساڵدا، وە هەڵئاوسان له ساڵی 2022دا گەیشتە (80%)، ئابوریەکەی چاوەڕێدەکرێت بەڕیژەی (3.2%) گەشە بکات بۆ ئەمساڵ. ئابوری‌ناسان بەباشی دەزانن یاسای (4-4-2) پیادە بکرێت واتە ڕێژەی هەڵئاوسان (2%) بێت و ڕێژەی بەتاڵە (4%) بێت و گەشەی ئابوری وڵات بەرێژەی (4%) بێت، ئەگەر سەرنجی ژمارەکانی تورکیا بدرێت تەنها ڕێژەی گەشەی ئابوری تاڕادەیەک لەگەڵ یاسا ئابورییەکان ئەگونجێت بەڵام جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە لەڕێژەی هەڵئاوسان و ڕێژەی بەتاڵەدا. بەگشتی ڕیسکی تر زۆرە لەسەر ئابوری تورکیا: 1- بانکەکانی تورکیا تێوەگلاون لە پارەسپیکردنەوەو شكاندنی سزاکانی سەر دەوڵەتان کە لەلایەن ئەمریکاوە دانراوە، ئەم بانکانەی تورکیا (هاڵک بانک)و (ئەکتیف بانک)و (زیرات بانک) تێوەگلاون و سیستەمی دارایی تورکیا شکستیهێناوە کە بتوانێت بانکەکان ڕێکبخات و لە گەندەڵیان بپرسێتەوە، بۆیە بیزنسکردن لەگەڵ سیستەمی دارایی تورکیا بەردەوام مەترسی لەسەرە بۆ کۆمپانیاکانی دەرەوە یان بانکەکانی دەرە وە. 2- بەگشتی بیزنسکردن لەگەڵ (ئاک پارتی AKP) یان کۆمپانیاکانی سەر بە ئاک پارتی ڕێسکی گەورەی تیایە، هەروەک نەوتی هەرێمی کوردستان چارەنوسەکەی باش نابێت، چونکە ئەردۆگان و حیزبەکەی دیکتاتۆرو گەندەڵن، ئەردۆگان بەهیواشی لە دیموکراسیەت دورکەوتەوە، ئیستا سسیستەمیكی داڕشتوە کە بەتەواوی سەرکوتکارە، هیچ سێکتەرێکی ئابوری نیە بەتەواوی سەربەخۆ بێت لە تورکیادا، هەر لە کەرتی (خانوبەرە، کەرتی وزە، کەرتی گەیاندن و پەیوەندییەکان" کەرتی دارایی و میدیا)دا، ئەم سیستەمە چەتەگەرییەی ئەردۆگان وایکردوە کە باشترین دەرفەتەکانی بیزنس بڕوات بۆ باشترین هەواداری (ئاک پارتی) یان ئەو کەسەی کە لە خانەوادەی ئەردۆگانەوە نزیکە. هەموو چالاکییە نایاساییەکان و نەدانی باج بەبێ لێپرسینەوە ئەڕوات و ئەو کەسانە پارێزراون، بۆیە بیزنسکردن لەگەڵ تورکیای ئەردۆگاندا هەمووی گەرەنتی نیە لەڕووی یاساییەوە. 3- ناسەربەخۆبوونی بانکی ناوەندیی تورکیا وایکردوە کە زیان بە ئابوری تورکیا بگەیەنێت لە ئەنجامی دەستتێخستنی ئەردۆگان، دابەزاندنی رێژەی سودی بانکیی وایکردوە کە هەڵئاوسانێکی گەورە دروستبکات و گۆڕینی بەرپرسەکانی بانکی ناوەندیی وایکردوە تەنانەت ڕاپۆڕتەکانی هەڵئاوسان بەتەواوی بڵاونەکرێنەوە. 4- ناسەقامگیری کەشوهەوای وەبەرهێنان. ئەم بەردەوام گۆڕینەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی و گەورەبوونی کورتهێنانی بودجەی تورکیا، کەمبونەوەی یەدەگی دراوی تورکیا، وە گەورەبوونی قەرزەکانی بانکەکانی تورکیا وای لە کۆمپانیای پلەبەندی (Moody) کرد کە پلەبەندی دارایی وڵاتان ئەکات کە پلەبەندی تورکیا دابەزێنیت بۆ(B2) هەروەها پیشبینی نێگتیڤە بۆ داهاتووی تورکیا. 5- ڕێسکی شکاندنی سزاکان . ئەردۆگان پیاوێكی نائاساییەو ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت، هەر کەسێک بیزنس بکات لەو وڵاتە ئەبێت ئەوە بزانێت کە بەردەوام ترس لەسەر بیزنسەکەی هەیە، چونکە ئەردۆگان پێشبینی ناکرێت چۆن کردار ئەکات، هەر چۆن بڕیاری کڕینی سیستەمی بەرگری ڕوسی (S-400)دا‌و، پەیوەندییە گەرموگوڕەکانی لەگەڵ ئێران و ڕوسیادا وا دەکات بەردەوام کەرتی پێشەسازی تورکیا ئامادەبێت بۆ سزادانان لەلایەن ڕۆژئاوەوە. هەر لە مانگی ڕابردوودا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای چەند کۆمپانیایایەکی تورکیای دا، بەهۆی شکاندنی سزاکان لەسەر ڕوسیا، بۆیە بەردەوام کارکردن لەگەڵ تورکیادا جێگای گومانە.
راپۆرت: فرانس پرێس وەرگێڕانی: درەو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ماوەی 20 ساڵە دەسەڵاتی بەدەستەوەیەو جێ پەنجەیەكی قوڵی لەسەر وڵاتەكەی بەجێهێشتووە. خۆشتبوێت یان رقت لێی بێت، سەرۆك وەزیرانی پێشوو بەگوێرەی دەستورێك كە سەرلەنوێ دایڕشتەوە بەجۆرێك لەگەڵ خۆیدا بگونجێت، بوو بە سەرۆك كۆمار بەدەسەڵاتێكی زۆرەوە، چەندین جاریش هەڵبژێردرایەوە. ئەردۆغان چەندین رووی هەیە، ئەمە پێنج لە روخسارەكانیەتی: -بیناكار- ئەردۆغان لە سەرانسەری توركیادا پرد‌و رێگای خێرا‌و فڕۆكەخانەی دروستكرد، وایكرد وڵات بە خێراییەكی زۆر بگاتە سەدەی بیست‌و یەك، لەماوەی 10 ساڵی یەكەمی حوكمڕانییەكەیدا بەشێوەیەكی ناوازە هانی گەشەی ئابوری دا، ئەمە بوو بەهۆی دەركەوتنی چینێكی ناوەندیی نوێ. زۆرێك لە پرۆژەكان رەنگدانەوەی ئارەزووەكانی سەرۆكە كە هاوپێچە بە پارانۆیا (جنون العظمة)و لەسەر گردێكی پڕ لە دار‌و درەختی پارێزراو لە ئەنكەرە، كۆشكێكی بۆ خۆی دروستكردووە كە زیاتر لە هەزار ژوور لەخۆدەگرێت، هەروەك سێیەم پردی بۆسفۆرو ئەو پرۆژەیەشی دروستكردووە كە لە ساڵی 2022وە گەرووی دەردەنیل دەبڕێت (4,6 كلم) كە درێژترین پردی هەڵواسراوە لە جیهاندا. ئەمە لەپاڵ مزگەوتی (كاملیكا)ی زەبەلاحدا لە ئیستانبوڵ (30 هەزار كورسی)و منارەیەك بە بەرزی (107 مەتر)، لەگەڵ سێیەمین فڕۆكەخانە لە شارەكەدا كە ساڵی 2018 كرایەوە، هەروەها هێڵی شەمەندەفەری خێرا‌و وێستگەكانی وزەی كارۆئاوییو گەرمییو یەكەم وێستگەی وزەی ئەتۆمیش لەم هەفتەیەدا كرایەوە. هەروەك "پرۆژەی شێتانە" هەیە بەپێی دەربڕینی ئەردۆغان بۆ كەناڵی ئیستانبوڵ (بە درێژاریی 45 كیلۆمەترو پانیی 275 مەتر) كە دەیەوێت هاوتای تەنگەی بۆسفۆر لەنێوان دەریای مەرمەڕەو دەریای رەشدا، تێیپەڕێنێت، بەڵام رووبەڕووی كەمی بودجە دەبێتەوە. - یاریزانی تۆپی پێ- لە گەڕەكی بەناوبانگی (كاسیم پاشا) لە ئیستانبوڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغانی لاو بۆ ئەوەی خۆی لە فشارە سەختەكانی خۆپەروەردەكردنی رزگار بكات، لە تۆپێكی هەڵدەدا كە لە پەڕۆو كاغەز دروستكرابوو، ئەمە بەگوێرەی چیرۆكێكی باو. لە تەمەنی هەرزەكاریدا باڵابەرزەكەی (1,85 مەتر) وایكرد لای یانەكانی گەڕەكەكە وەكو یاریزانێكی هێرشبەر خواستراو بێت، ئەمە بەرلەوەی ئۆفەری یانە پیشەگەرەكانی پێبگات لەنێویاندا یانەی فەنەرباخچەی بەناوبانگ لە ئیستانبوڵ. بەڵام باوكی كۆنەپارێزی كە دەریاوانێكی دەریای رەش بوو، ناچاریكرد درێژە بە وانە ئاینییەكانی بدات. رەجەب تەیب ئەردۆغان بە نابەدڵی وازی لە تۆپی پێ هێنا، بەڵام هەر لە نزیك یاریگاكان مایەوەو لەگەڵ یاریزانە بەناوبانگەكانی توركیا دەردەكەوت. لە ساڵی 2014دا كەسە نزیكەكانی پارتی داد‌و گەشەپێدان (ئیسلامی كۆنەپارێز) یانەی "باشاك شەهیر"یان كڕی كە نوێترین یانە بوو لە ئیستانبوڵ، ئەم یانەیە لە ساڵی 2020دا بۆ یەكەمجار نازناوی خولی سۆپەر لیگی بردەوە. - ئاینیی- باوكی رەجەب تەیب حەزی لەوە بوو كوڕەكەی ببێت بە ئیمام. لە توركیای عەلمانیدا كە مستەفا كەمال ئەتاتورك دایمەزراندووە، ئەم گەنجە ناوی خۆی لە یەكەمین خوێندنگە ئاینییە گشتییەكاندا تۆمار كرد كە خوێندنی قورئانیان لەگەڵ بابەتە عەلمانییەكاندا تێكەڵ كردبوو. خوێندنی لە خوێندنگەی بانگخوازان تاڕادەیەكی زۆر یارمەتیدەر بوو لە دەركەوتنیدا. بە وێنەی پارتەكەی (داد‌و گەشەپێدان)، ئیسلام بوو بە توخمێكی كۆكەرەوەی دەنگدەرەكانی. ئەردۆغان لە وێنەی بانگخوازێكدا بۆ تەقوا و، بەرگریكار لە خێزان، كە وای دەبینی لە بەرەدەم هەڕەشەی بزوتنەوە فیمینیستو هاوڕەگەزخوازەكاندایە، دەستی پێكرد، كاتێكیش وەكو سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ هەڵبژێردرا (1994- 1998) فرۆشتنی كحولی (مەی) سنوردار كرد. ئەردۆغان ستایشی بەهاكانی دایكایەتی دەركردو رێگەی بەوەدا ژنان لە زانكۆ‌و لە كاروباری گشتیدا باڵاپۆشی بكەن. لە ساڵی 2020دا كاتدراڵی (ئایا سۆفیا)ی پێشوو هەروەها كڵێسای پێشووی مەسیحی فریادڕەس (خورا)ی لە ئیستانبوڵ كرد بە دوو مزگەوت. - وتارخوێن- رەجەب تەیب ئەردۆغان سودی بینی لە شارەزایی لە وتاردان بۆ خەڵك‌و دەركەوتن لە تەلەفزیۆنەكاندا، پێدەچێت توانیبێتی رۆژانە نزیكەی 8 كۆبونەوە بكات، ئەوكات وتاری دەدا ئامادەبوانی دەجوڵاند، منداڵانی ماچ دەكردو پیرەژنەكانی لەئامێز دەگرت. لەناو ئەو پۆپۆلیزمەدا كە پاڵی پێوەنا بەرەو سەركەوتن، موچەی خانەنشینی زیادكرد‌و، گەیشتە ئاستی ئەوەی بلیتی گەشتكردن بەسەر منداڵاندا دابەش بكات. دەزگا راگەیاندنە باڵادەستەكان ئەوانەی سەربە حكومەت بوون، هەموو وتارەكانی ئەویان بەشێوەی راستەوخۆ پەخش دەكرد. -سەربە كێشە- سەرۆكی توركیا دەیزانی چۆن سود لە هەڵكەوتەی ناوازەی توركیا وەربگرێت كە لەنێوان ئەوروپاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵكەوتووەو پاسەوانی كەنارەكانی باشوری دەریای رەشە لە دەرگاكانی بەلقانەوە. لە سەرەتای لەشكركێشی روسیاوە بۆسەر ئۆكراینا، ئەردۆغان توانی پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی بكات لەگەڵ هەردوو لایەتی شەڕكەر بەبێ ئەوەی پاڵپشتی ڤلادیمیر پۆتینی هاوتا روسییەكەی لەدەستبدات كە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی توركیا لەڕووی وزەوە پشتی پێدەبەستێت، هەروەها بەبێ وروژاندنی توڕەیی هاوپەیمانەكانی لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی. بەڵام لەبەرامبەردا لە پەیوەندییەكی ئاڵۆزدیە لەگەڵ زۆربەی دراوسێكانیدا: لە سوریاوە بە سەرۆكایەتی بەشار ئەسەد بۆ میسر بە سەرۆكایەتی عەبدولفەتاح سیسی، لە یۆنانەوە بۆ عێراق‌و ئیسرائیل‌و وڵاتانی كەنداو.. ئەمەش لە سوربونییەوە بۆ ئایندە، لەماوەی 18 مانگی رابردوودا هەوڵێكی گەورەیدا بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی لەگەڵ زۆربەیاندا.
(درەو): قەیرانی دارایی و بومەلەرزەكەی توركیا ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلا دەكەنەوە، بەپێی دوایین راپرسی كلیچدار ئۆغڵو (47.3%) و ئەردۆغان (42.1%)ە. بەپێی دوایین راپرسی كە لەلایەن كۆمپانیای توێژینەوەی (ئاكسۆی) لە 1ی ئایاری 2023 بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە كە كەمال كلیچدارئۆغڵو كاندیدی سەرۆكایەتی هاوپەیمانی نەتەوەیی بە 5.2 خاڵ لە پێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی گەلەوەیە (47.3%) و ئەردۆغان (42.1%) . 🔹لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا لە 14ی ئایاردا، ئەگەر و كاریگەرییەكانی هەڵبژاردنەكان لە چاپەمەنییەكانی جیهاندا لێكدانەوەی بۆ دەكرێت: ئاژانسی هەواڵی ئەی پی، لە شیكارییەكدا بەناونیشانی "ئەردۆغان روبەڕووی هەڵبژاردنێكی قورس دەبێتەوە لەگەڵ كارەساتی بوومەلەرزە و بەردەوامبوونی هەڵاوسان"، باس لەوە دەكات كە "سەركردایەتی ئەردۆغان، كە بەهۆی بوومەلەرزە وێرانكەرەكەی ساڵی 1999ی مەرمەرە و قەیرانی ئابووری هێنرایە سەر دەسەڵات، ئایندەی سیاسی لە مەترسیدایە چونكە بارودۆخەكە هاوشێوەی 20 ساڵ لەمەو پێشە و قەیرانەكان بەردەوامن. بەگوێرەی راپۆرتی دەنگی ئەمریكا بە زمانی توركی، شارەزایان هۆشدارییان داوە لەوەی كە نابێت ئەردۆغان بە كەم سەیر بكرێت، سەرەڕای تووڕەیی لە سەرۆك ئەردۆغان بەهۆی وەڵامدانەوەی ناتەواو بۆ بوومەلەرزەكانی ٦ی شوبات كە سەنتەری مەراش بوو، هێشتا لە نێو دەنگدەرانی موحافیزكار و چینی ناوەڕاستدا كە هەوادار و لایەنگری هەیە. سابیت چەلیك، كاسبكارێكە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئەی پی وتی، لە توركیا قەیرانی ئابووری هەیە، ناتوانین نكۆڵی لەوە بكەین، بەڵێ ئەم قەیرانە ئابوورییە كاریگەری زۆری لەسەر ئێمە هەبووە بەڵام هێشتا پێموانییە جگە لە ئەردۆغان كەسی تر چاكی بكاتەوە. دەنگدەرێكی دیكەی ئەستەنبوڵ، مستەفا ئاغائۆغڵو، كە پشتیوانی ئەردۆغان دەكات، وتی، “كاتێك ئێمە وڵاتێك بووین كە تەنانەت دەرزیشمان بەرهەم نەهێنا، ئێستا فڕۆكەی جەنگی، ڕێگاوبان، پرد، نەخۆشخانەی شارمان هەیە. ڕۆژنامەی WSJ بە ئاماژەدان بەوەی كە بوومەلەرزەكەی مەراش كە لە 6ی شوبات ڕوویدا و زیاتر لە 50 هەزار كەس تێیدا گیانیان لەدەستدا، سەختترین كارەسات بوو كە توركیا لە سەدەی ڕابردوودا روبەڕووی بووەتەوە، ڕۆژنامەی WSJ ڕایگەیاندووە كە كاریگەریی بوومەلەرزەكان رۆڵێكی گرنگی لە هەڵبژاردنی 14ی ئایاردا دەبێت. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، حكومەت بانگەوازی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی رەتكردووەتەوە بۆ دانانی سندوقی دەنگدان لە ناوچە دوورەدەستەكان بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەكان. وەهاپ سێچەر، سەرۆكی شارەوانیی شارەوانیی مێرسین ، دەڵێت: “زۆرێك لە قوربانیانی بوومەلەرزە ناتوانن دەنگ بدەن، چونكە یان دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ئەو ناوچانە نییە كە تێیدا دەژین یان ئەوان لە ڕووی دەروونییەوە ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ زێدی وێرانبووی خۆیان”. ڕۆژنامەی واشنتن پۆست نووسیویەتی، ئەو هەڵبژاردنانەی بڕیارە لە 14ی ئایاردا لە توركیا بەڕێوەبچێت، لە هەموو جیهاندا بە وردی چاودێری دەكرێت، ئەنجامەكانیش كاریگەرییان دەبێت لەسەر ململانێكانی سوریا و ئۆكرانیا، لەگەڵ پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریكا. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست هاوشێوەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بە چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ دەنگدەران كردووە، ئەو دەنگدەرانەی گلەیییان لە سنوورداركردنی ئازادییەكان و دیموكراسی و لێشاوی پەنابەران و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و زیادبوونی كردەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەبوو، دەیانگوت دەبێت ئەردۆغان تێكبشكێنرێت. دویگو چەلیكی تەمەن 44 ساڵ كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا پاڵپشتی ئەردۆغانی كرد بەڵام رایگەیاندووە لەم هەڵبژاردنەدا موحەرەم ئینجەی پێ باشترە، هەشت مانگ لەمەوبەر ژنی ماڵەوە بووە، بەڵام بەهۆی هەڵاوسانی زۆرەوە دەستی بە كاری پاككردنەوە كردووە بۆ ئەوەی داهاتی زیاتر بەدەستبهێنێت. هاتیس ئۆزەیدین، تەمەن ٦٨ ساڵ، گلەیی لە گرانی كردووە بەڵام ئە هۆكاری دابەزینی گەشەی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان نازانێت. نوری بۆرا دەمیر، تەمەن 28 ساڵ، دەڵێت، تەنها بیری لە گۆڕانكارییە نەرێنییەكانی ئاستی ژیان كردووەتەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەكاتێكدا كەسانی وەك ئەو پلانی جەژنیان دانابوو، ئێستا هیچ هێزێكی ئابوورییان نییە بۆ كڕینی هیچ شتێك.
درەو: گەڕانەوە بۆ گەمەی دیموكراسی "كۆمارەكەمان دەبێتە دیموكراسی", كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ سەرۆكایەتی وادەڵێت, دەیەوێت كۆتایی بە"سیستمی تاكە كەسی بهێنێت", ئەمە دەستەواژەیەكە بەردەوام دووبارەی دەكاتەوە, بۆ سەرزەنشتكردنی كۆكردنەوەی تەواوی دەسەڵاتەكان لەدەستی سەرۆك ئەردۆغاندا. لەپرۆگرامە(240)لاپەڕەیەكەیدا, هاوپەیمانی میللەت كە شەش پارت لەخۆ دەگرێت, بەڵێنیداوە دەستبەرداری سیستمی سەرۆكایەتی ببێت, كە لەساڵی (2018)وە پیادە دەكرێت و توركیا بگێڕێتەوە بۆ جیاكردنەوەی توندی دەسەڵاتەكان, لەگەڵ "دەسەڵاتێكی جێبەجێكردن" كە لێپرسینەوەی لێبكرێت لەبەرامبەر بڕیاڕەكانی. ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سیستمی پەرلەمانیی, كە لەوێوە دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەسپێرێت بەسەرۆك وەزیرانی هەڵبژێردراو, سەرۆك وەزیران تەنها بۆ یەك ولایەت هەڵدەبژێرێت كە ماوەكەی (7)ساڵ دەبێت. برتێل ئودر مامۆستای یاسای دەستوری لەزانكۆی كوش لە ئەستەنبوڵ دەڵێت:" گۆڕینی سیستم ئاسان نابێت, بەهۆی ئەو ڕێژە بەرزە پەرلەمانیەی پێویستیەتی (سێ لەسەرپێنجی دەنگی پەرلەمانتارانی پێویستە) بۆ پێداچونەوە دەستوریەكان. ئازادیەكان ئۆپۆزسیۆن بەڵێندەدات بە"دادگایەكی پاك و بێگەرد"و ئازادكردنی بەشێكی زۆری زیندانیان لەنێویاندا خاوەنكارێكی ناسراو بە چالاكیە خێرخوازیەكانی, كە بەزیندانی هەتاهەتایی سزادراوە. قڵیچدار ئۆغلۆ جەختدەكات, كە سەڵاحەدین دەمیرتاش كەسایەتی سەرەكی لەپارتی دیموكراتی گەلانی لایەنگری كوردەكان و دوژمنی سەرسەختی ئەردۆغان ئازاد دەكات. كە لەساڵی (2016)وە لەزیندانە بەتۆمەتی"بانگەشەی تیرۆرستی". هاوپەیمانی میللەت پارتی "باش" لەخۆدەگرێت, كە ڕێكخراوێكی نەتەوەپەرستی فرە جەماوەرە, هیچ پێشنیازێكی بەرجەستەی بۆ چارەسەری كێشەی كورد پێشكەش نەكردووە. ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت ئازادی ڕادەڕبڕین و ئازادی ڕۆژنامەوانی زیندووبكاتەوە, سەرۆكەكەی دەیەوێت بەتاوانناساندی "ئیهانەی سەرۆك"هەڵبوەشێنێتەوە, كە وایكردووە دەنگە ناڕازییەكان بخنكێنرێن و بەڵێنی بە توركەكان داوە بەوەی دەتوانن بەشێوەیەكی ئاسایی "ڕەخنە لەسەرۆك بگرن". بەرگریكردن لە"هەموو ژنان" و ناسنامەكان كمال قڵیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری"سیكۆلار" دەیەوێت بەیاسا زامنی باڵاپۆشی بكات, بە ئامانجی دڵنیاكردنەوەی ئەو ژنە دەنگدەر محافزكارانەی ترسیان هەیە پارتەكەی دژایەتی باڵاپۆشی بكات, كە بە مێژووی خۆی واناسراوە, بەوەش ئەو دەستكەوتە لەدەست بدەن كە لەسایەی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بەدەستیانهێناوە. دەشڵێت:"بەرگری لەمافی تەواوی ژنان"دەكەین, بەڵێنیشدەدات ڕێز لە"بیروباوەڕو ستایلی ژیان و ناسنامەی تاكەكان بگرێت" بەپێچەوانەی ئەردۆغان كە زۆرینەی كات هاوڕەگەزخوازەكان و ئەوانەی ڕەگەزیان گۆڕیوە بە "لادەر" وەسفدەكات. كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ خوازیارە توركیا بگێڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەستەنبوڵ, كە لێپرسینەوە لەو كەسانە دەكات توندوتیژی دژی ژنان بەكاردەهێنن, كە ئەنقەرە لەساڵی (2021)وە لێی كشاوەتەوە. ئابوری: گەڕانەوە بۆ سیستمی نەریتی ئۆپۆزسیۆن بەڵێندەدات بەدابڕان لە سیاسەتی ئەردۆغان, كە بەپێچەوانەی هەموو بیردۆزە ئابوریە نەرێتیەكان, بەنیازە درێژە بدات كە بەكەمكردنەوەی ڕێژەی سود, سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان (50%) تێپەڕاندووە. هاوپەیمانی میللەت جەخت دەكات لەوەی, هەڵئاوسان دەگێڕێتەوە بۆ "خوار ڕێژەی (10%)لەماوەی دووساڵدا"و "متمانە بۆ لیرەی توركی دەگێڕێتەوە" دوای ئەوەی لەماوەی پێنج ساڵدا نزیكەی (80%)بەهاكەی بەرامبەر بەدۆلار لەدەستداوە. بەڵام ئەرداڵ یاڵچین, مامۆستای ئابوری نێودەوڵەتی لەزانكۆی كۆنستانس(ئەڵمانیا) دەڵێت:"براوەی هەڵبژاردن هەر كەسێك بێت, پێناچێت ئابوری توركیا بەخێرایی باشببێتەوە". دیپلۆماسیەتیەكی لەسەرخۆ ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت بگات بە"ئەندامبونی تەواوەتی لەیەكێتی ئەوروپا" وەك ئەوەی ئەحمەد ئۆنال چفیكوز ڕاوێژكاری تایبەتی كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ دەڵێت, بەڵام دیپلۆماتكاران و چاودێران پێشبینی ناكەن هیچ پێشكەوتنێك لەمەودای نزیك و مامناوەند لەو بوارەدا بەدیبێت. ئەنقەرە, لەساڵی (2016)وە پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ مۆسكۆ دروستكردووە, ئەوەش هاوپەیمانەكانی لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی نیگەران كردووە, بۆ ڕێككردنەوەی ئەمە ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت بۆ جەختكردنەوە لەپێگەی توركیا لەناو هاوپەیمانی باكور لەگەڵ پاراستنی "گفتوگۆیەكی هاوسەنگ" لەگەڵ ڕوسیا, لەو بڕوایەشدایە كە دەتوانێت هاوكاربێت لەكۆتایهێنان بەجەنگ لەئۆكرانیا. بەڵام وەك چفیكوز دەڵێت: ئەولەویەت بۆ سەرلەنوێ دروستكردنەوەی پەیوەندیەكانە لەگەڵ سوریا, ئەو ئاشتبونەوەش بەگرنگ دەزانێت لەپێناو گێڕانەوەی (3)ملیۆن و(700)هەزار پەنابەری سوری كە لەتوركیا نیشتەجێن"لەسەر خواستی خۆیان"و لەماوەی كەمتر لەدوو ساڵدا, ئەوەش بەڵێنێكە بەرگریكارانی لەمافەكانی مرۆڤ نیگەران كردووە. سەرچاوە: euronews
درەو: ڕاپۆرتی: Middle East Institute قڵیچدار ئۆغلۆ قەدەغەكراوەكان لەتوركیا تێكدەشكێنێت, بەدەنگی بەرز دەڵێت: "من عەلەویم", ڤیدیۆكەی لەماوەیەكی كورتدا (100)ملیۆن بینەری بووە, زۆرینە ستایشی كردوەو بەهەنگاوێكی گرنگی زانیوە بۆ تێپەڕاندنی جیاوازیەكان, بەدوایدا ڤیدیۆیەكی ئازایانەتری بڵاوكردووەتەوەو تیادا وتویەتی: مەكەونە دوای بانگەشەكانی ئەردۆغان كوردەكان "تیرۆرست"نین خوشك و براتانن, ئامێزیان بۆ بكەنەوە. هەڵمەتەكەی قڵیچدار ئۆغلۆ سەرنج ڕاكێش بووە كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ, كاندیدی سەرۆكایەتی ئۆپۆزسیۆن هەفتەی ڕابردوو قەدەغەكراوەكانی تێك‌شكاند, لەڕێی قسەكردنی بەشێوەیەكی ئاشكرا لەڤیدیۆیەكی نوێی هەڵمەتی هەڵبژاردندا, كاتێك وتی ئەو كەسێكی عەلەویە, عەلەویەكان ئەو موسڵمانە سەرەتاییەن كە چەندین سەدە لەلایەن زۆرینەی سوننەی ئەو وڵاتەوە سەركوتكراون و ناچاركراون ناسنامەكەیان بشارنەوە. سەرۆك ڕەجەب تەیب ئەردۆغان, پێشتر عەلەویەكانی تۆمەتباركرد بە داهێنانی "ئاینێكی نوێ" لەوەشدا خودی قڵیچدار ئۆغلۆی كردە ئامانج, بەڵام سەرەڕای فشارەكان بۆ كەمكردنەوەی لەبایەخی ڕەچەڵەكە ئاینیەكەی, كاندیدەكەی ئۆپۆزسیۆن عەلەویبونی نەشاردەوە, بەڵام زۆر بەدەگمەن بەشێوەیەكی ئاشكرا قسەی لەبارەوە كردووە. لەو ڤیدیۆیەی كە بەم دواییە بڵاوكرایەوە, قڵیچدار ئۆغلۆ قسەكانی ئاڕاستەی گەنجەكان بوو, داوای لێ‌كردن شانازی بە ناسنامەكەیانەوە بكەن, بەڵام دەبێت تێیپەڕێنن لەپێناو بنیادنانی وڵاتێك كە شانازی بكات بە سەركەوتنەكان و بەدیهێنانی خەونە هاوبەشەكان, نەك ناكۆكی و دابەشبونەوەكان. ڤیدیۆكە لەلایەن (100)ملیۆن هاوڵاتیەوە بینرا, ستایشێكی زۆری ئەوانەی بەدەستهێناوە كە بینویانە, وەك پەیامێكی یەكڕیزی كە وڵات زۆر پێویستی پێیەتی لێكدانەوەیان بۆ كردووە كە لەئێستادا ڕوبەڕوی دابەشبونێكی توند بووەتەوە, حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش ستایشی ڤیدیۆكەیان كردووە, بە حزبی سەعادەتی ئیسلامیشەوە. دوای ماوەیەكی كورت لەبڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە, قڵیچدار ئۆغلۆ گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئازایانەی تری بڵاوكردەوە, تیایدا ڕەخنەی توندی لەئەردۆغان كرد كە كوردانی توركیا بە "تیرۆرست" پۆلێن دەكات لەپێناو زامنكردنی دەنگی نەتەوەپەرستەكان, قڵیچدار ئۆغلۆ داوای لەگەلی تورك كرد "نەكەونە داوی بانگەشەكانی ئەردۆغان"و, پێویستە خوشك و برا كوردەكان لەئامێز بگیرێن. داواكاری تێپەڕاندنی جیاوازیە ڕەگەزی و ئاینی و ڕۆشنبیریەكان و گرنگیدان بە بەبنیادنانی ئایندەیەكی دیموكراسی گەشەسەندوو بۆ توركیا, بە بەشێكی گەورە لەهەڵمەتەكەی قڵیچدار ئۆغلۆ دادەنرێت , كە چارەسەری بەرجەستە بۆ كێشە ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانی وڵات دەستبەردەكات. ئەردۆغان بەناوی پەراوێزخراوەكانەوە هات بەڵام لەبیریكردن ئەردۆغان بەناوی هاوڵاتیە پەراوێزخراوەكانەوە گەیشتە دەسەڵات, بەڵام دوای دوو دەیە لەدەسەڵات, پێدەچێت كێشەكانی ڕۆژانەی خەڵكی لەیادكردبێت, ئەردۆغان و بەرپرسانی تری پارتی دادوگەشەپێدان گاڵتەیان بە ڤیدیۆیەكی قڵیچدار ئۆغلۆ كرد كە تیایدا ڕەخنەی لەبەرزبونەوەی نرخی مادە خۆراكیەكان گرتبوو لەڕێی بەرزكردنەوەی پیازێكەوە, كە بووەتە هێمایەكی دیاری بەرزبونەوەی نرخی مادە خۆراكیەكان. جێگری سەرۆكی پارتی داد‌و گەشەپێدان گاڵتەی بە ئۆپۆزسیۆن كرد بەهۆی ئەوەی بەردەوام بایەخ بەنرخی پیاز دەدات, دەڵێت:" ئێمە قسە لەسەر TOGG " دەكەین, كە یەكەم ئۆتۆمبیلی كارەباییە لەتوركیا دروست دەكرێت, بەڵام "ئەوان باسی پیاز دەكەن". گرنگیدانی بەردەوامی ئۆپۆزسیۆن بە دۆخی خراپی ئابوری, ئەردۆغانی ناچار كرد بەڵێنی كەمكردنەوەی نرخی غازی سروشتی بدات بۆ ماڵان بۆ ماوەی یەك ساڵ و مانگی داهاتووش بەخۆڕایی بێت, ئەوەش هاوشانی كۆمەڵێك هاوكاری تری پێش هەڵبژاردنە, بەزیادكردنی لایەنی كەمی كرێ و قەرزی پشتیوانیكراو خانەنشینی پێشوەختەی ملیۆنان كەس. پێدەچێت ئەم جوڵانە جەماوەری زیادبكات, بەڵام بەدەستهێنانی دەنگی پێویستی بۆ زامن ناكات بۆ سەركەوتن بەسەر ڕكابەرەكەیدا لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی, بۆیە ئەردۆغان پەنای بردووە بۆ باشترین ڕێگا, كە زیادكردنی ئاستی پشێویە لەڕێی دابەشكردنی وڵات لەسەربنەمای ڕەگەزو تائیفەو كلتورەوە. ئەردۆغان ئاڵۆزیەكان توندەكاتەوە دوای ماوەیەكی كورت لەبڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەكەی "عەلەوی" قڵیچدار ئۆغلۆ, ئەردۆغان لەیەكەم ڕۆژی پشوی جەژنی ڕەمەزان لەیەكێك لەمزگەوتەكانەوە هێرشێكی توندی كرد‌و, بەساختە بانگەشەی ئەوەیكرد كە ئۆپۆزسیۆن بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ئاینی (ئاینەكان) دادەخات ئەگەر بگاتە دەسەڵات. داوای لەئامادەبوان كرد كە بەدەنگی بەرز ئیدانەی ئەو هەنگاوەی ئۆپۆزسیۆنیان دەكرد, هەنگاوی زیاتر لە هاواری ئیدانە كردن بنێنن بۆ "كوشتنی سیاسی" ئەوانەی پشتیوانی "تیرۆرستان"دەكەن, لەهەمان ڕۆژدا, قڵیچدار ئۆغلۆ سێ جار لەهەرێمی ئەدیامانی باشوری خۆرهەڵات كرایە ئامانج. دوای ماوەیەكی كورت لەهێرشی میدیای بەهۆی ناسنامە عەلویەكەی, كەژاوەكەی ڕوبەڕوی پەلاماردانی جەستەی بوەوە لەلایەن لایەنگرانی پارتی داد‌و گەشەپێدانەوە, كە ئەوەش مەترسی ئەوەی زیاتر كردووە, ئەردۆغان هەوڵی نانەوەی پشێوی زیاتر بدات, بەتایبەت ئەگەر هەڵبژاردن بچێتە خولی دووەم. بڕیارێكی كتوپڕ لەئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەوە وەك زانراوە ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن وەڵامی داواكاریەكانی ئەردۆغان دەداتەوە, لەیەكێك لەدیارترین جوڵە ئاشكراكانیدا, لەڕۆژی ڕاپرسیە جێی مشتومڕەكە (گۆڕینی سیسمی پەرلەمانیی بۆ سەرۆكایەتی) كە دەسەڵاتی فراوانی دا بە ئەردۆغان لەساڵی (2017)دا, ئەنجومەنی باڵا لەساتەكانی كۆتایدا ڕایگەیاند, ئەو كارتی دەنگدانانەی مۆری پێوە نیە ئەگەر نەسەلمێت ساختەن بەدەنگی دروست ئەژمار دەكرێن, ئەوەش پرسیاری زۆری لەسەر پاكی پرۆسەی دەنگدان دروستكرد. لەهەفتەی ڕابردودا, حزبی گەنجانی كوردستانی بیرۆكەیەكی جێی مشتومڕی پێشنیازكرد, كە مەترسی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی زیاتر كرد, پارتی گەلی كۆماری (CHP)و پارتی باش(İyi)ڕێككەوتون لەسەر پشتیوانیكردنی كاندیدەكانی یەكتر بۆ پەرلەمان لە (16) ناوچە, بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە, لە (9)ناوچە, پارتی گەلی كۆماری كاندیدەكانی خستووەتە پێشەوەی لیستەكە, لەكاتێكدا نوێنەرەكانی پارتی باش لەناوچەكانی تر لەپێشەوەی لیستەكەدان. یاسای هەڵبژاردن لەتوركیا ڕێگەدەدات بە حزبەكان لیستی هاوبەشیان هەبێت و لەو ڕێگەیەوە دەنگی زیاتر بەدەستبهێنن, بۆ بێبەشكردنی پارتی گەلی كۆماری و پارتی باش لەمە, پارتی داد‌و گەشەپێدان داوایكردووە دەنگەگانی ئەو حزبانە بەشێوەیەكی سەربەخۆ ئەژماربكرێن و ناوی ئەو هاوپەیمانێتیە (میللەت) لەپرۆسەی هەڵبژاردن بسڕدرێتەوە كە كۆیكردونەتەوە. ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئەوەی پەرلەمانتارانی پارتی گەلی كۆماری ناڕەزایی دەرببڕن و ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن تۆمەتبار بكەن بەوەی ڕێساكان لەبەرژەوەندی حزبی دەسەڵاتدار دەنوسێتەوە, بەڵام لەپێشهاتێكی كتوپڕدا, ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن داواكەی پارتی داد‌و گەشەپێدانی ڕەتكردەوە. لێكەوتەكانی بڕیاڕەكەی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن تەنها بۆ ئاسۆی پەرلەمانیی پارتی گەلی كۆماری و پارتی باش لەو (16)ناوچەیە گرنگ نییە, بەڵكو گوزارشتە لەوەی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن دووجار بیردەكاتەوە پێشئەوەی لەجوڵەیەكەوە بگلێت كە وادەربكەوێت لەبەرژەوەندی پارتی داد‌و گەشەپێدانە, بەتایبەت ئەو كاتانەی كە دەكەونە پێش و دوای هەڵبژاردنەكان. ئەوە تاكە نیشانەی بیرۆكراسیەتی توركی نیە, لەمانگی كانونی دووەمیشدا دادگای دەستوری ڕێگری لەپارتی دیموكراتی گەلان كرد سود لەپشتیوانی دارایی حكومی تەرخانكراو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بگرێت, بەهۆی بانگەشەكانی بوونی پەیوەندی بەو گروپە چەكدارانەی هێرشیان لەتوركیا ئەنجامداوە. بەڵام مانگی ڕابردوو, دادگا بڕیاڕەكەی ڕەتكردەوە, سەرەڕای ناڕەزایەتیەكانی ئەردۆغان.
ئەنوەرکەریم ئەوبەرنامە ئابوریەی کە ئەردۆگان بۆ هەڵبژاردن خستوویەتییەروو بۆ پارتەکەی کە (ئاک پارتیە ) بەشی زۆری بەرنامەی هەڵبژاردنەکانی پێشوترە ، ڕێگاکەی ڕون نیە کە فۆڕمە ئابوریەکەی چییە بۆ مانگەکانی دوای هەڵبژاردن هەرچەندە دەنگدانی ئەم جارە زۆر گرنگە بۆ ئەردۆگان . پارتەکەی ئەردۆگان ئامادەی خۆی دەربڕیوە بۆ دابەزاندنی هە ڵئاوسان کە لە ئێستادا ( 50.5%) وە ڕیژەی بەتاڵە دابەزێنێت بۆ ( 7%). ئەم دیدەی ئەردۆگان باسی ئەو پۆڵیسیانەی نەکردوە کە چۆن ئەم ژمـارانە دا ئەبەزێنیت ئەمەش یارمەتی ئەوەی نەداوە کە ئەو نیگەرانیەی بازاڕهەیەتی بڕەوێنێتەوە بۆ ئابوریە 900 ملیار دۆلارەکەی وە ئابوریەکەی بەلایەکدانەخستوە کە لەم دوو دەیەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنیدا زۆرترین ئاڵانگاری بۆ ئەردۆگان دروستکردوە. 2 مانگ دوای کارەساتی بومەلەرزەکەی تورکیا، ئەو وڵاتە قەیرانی هەڵئاوسانی هەیە، گەورەترین کورتهێنانی بودجەی هەیە وە فشارێکی زۆر لەسەر (حساب جاری ) تورکیا هەیە، فشاریكی زۆر لە سەر دراوی تورکی هەیە، هەر چەندە تورکیا ئەیەوێت دروستکردنەوەی شارەکان کە بە هۆی بومەلەرزەکەوە ڕوخاون پارەی ( سندوقی نیشتمانی تورکیا ) بەکاربهێنێت . ئەردۆگان ئەوەی کە ناوی ناوە ( مۆدێلی تازەی ئابوری) هەر هەمان بەرنامەیە کە ساڵی 2021 دایڕشتوە، گرنگی بدرێت بە (زیادکردنی هەناردە، قەرزی هەرزان بەڵام بە ڕیژەی سوودی بانکی کەم) لە گەڵ ئەوەشدا ئەو پۆڵیسیە ئابوریەی کە جیهان لەسەری ئەڕوات ئەردۆگان بەتەواوی پێچەوانەوەی ئەڕوات، لە جیاتی ئەوە پۆڵیسی نزمترین ڕێژەی سوودی بانکی پیادە ئەکات. نیشانەکان وا دەر ئەکەون بەتەواوی پۆڵیسیەکانی بگۆڕێت ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتوی بردەوە بەتایبەتی کە ئیستا ( مهەمەت سیمسک ) وە ک بڕیار بەدەستی ئابوری تورکیای داناوە بە بێ ئەوەی کە پۆستی فەرمی هەبێت، ئەم پیاوە بەوە ناسراوە کە سیاسەتەکانی لە گەڵ بازاڕەکانی جیهاندا ئەگونجێت . ما نیفاستۆکەی ئەردۆگان بەتەواوی ئەوەی پیشان ئەدات کە خۆی ڕۆڵی کاریگەری هەبێت لە بڕیارداندا لە سەر بڕیارەکانی بانکی ناوەندی،بە گۆڕینی سیستەمی پەڕلەمانی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی توانی ئەم کارە بکات ، ڕێژەی سوودی بانکی بەردەوام نزمدەکردەوە بۆ ئامادەباشی بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ بە م هەنگاوەش جیهانی تووشی سەرسوڕمانکرد بە بەرزبوونەوەی ڕیژەی هەڵئاوسان بۆ ( 85%) ئابوری تورکیای خستۆتە گێژاوەوە، وا بڕیارە ڕێژەی هەڵئاوسان ( 5%) بێت بە ڵام دەیەیەکە تورکیا ئەو ڕێژەیەی بەخۆیەوە نەدیوە. لە دەیەی رابردوو، وە بەرهێنەرە بیانیەکان بەزۆری بازاڕی تورکیایان بەجێهشتوە وەبەرهێنانی بیانی لە لیرەو بۆندی تورکیادا تەنها بای(1.2 )ملیار دۆلار بووە لە مانگی ڕابردوودا، بەڵام لەساڵی 2013 دا وەبەرهینانی بیانی (72) ملیار دۆلار بووە، بە پێی داتاکانی وەزارەتی بانکی ناوەندی تورکیا، پشکی وەبەرهێنەران لە کۆمپانیاکانی پشکدا لە ( 29%) یە، لەساڵانی ڕابردوودا زیاتر بووە لە ( 61%). ئەردۆگان کە قسەی بۆ هەوادارانی حیزبەکەی ئەکرد لە ئەنقەرە وتی ئابوریەکەمان هەر بەرەو گەورەبوون ئەڕوات بەڵام ئەردۆگان هەر (فۆکەسی لەسەر ماوەی کورتخایەن هەیە وە چارەسەرەکانی هەر کورتخایەنە)، بە ڕێژەیەکی زۆر مـوچەی (کەمترین موچەی ) بەرزکردەوە بە بیانوی ئەوەی کاریگەری هەڵئاوسان لەسەر خەڵكە هەژارەکە کەمبکاتەوە هەروەها وتی داهاتی تاک دەگەیەنینە ( 16) هەزار دۆلار کە لە ئیستادا (10.600) هەزار دۆلارە، پاشان بەرزتریشی دەکاتەوە، هەروەها وتی وادەردەکەوێت کە چەند کێشەیەک هەیە لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا بەڵام نەچووە ناو وردەکاری کێشەکانەوە ، پاشان ئاماژەی بەوە دا بە هۆی ئەو شارەزاییەی کە لە 5 ساڵی رابردووماندا پەیدامان کردوە سیستەمی بەڕیوەێردن ڕاستدەکەینەوە. کۆمەڵێ بڕیاری تری‌دا لەوانە: 1- بڕی هەناردەی ووڵات بەرزدەکەینەوە بۆ 400 ملیار دۆلار هەتا ساڵی 2028 کە ساڵی پار بڕەکەی ( 254 )ملیار دۆلار بووە. 2- بەرهەمی ئاڵتون بەرزدەکەینە وە بۆ دوو هێندە کە ئێستا بڕەکەی ( 40 )تۆنە لە ساڵێکدا . 3- پاشەکەوتکردنی لیرە زیاتر ئەکەین بە هۆی ئەو رێگا داراییانەی ئەیگرینە بەر. 4- پلانمان هەیە (67) ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکەین لە تێلیکۆمینکەیشندا . 5- هەوڵئەدەین بۆ دانانی دەستورێکی تازە . 6- ژمارەی پەناهێندە سوریەکان بە ڕیژەی ( 5) ملیۆن کەس کەمدەکەینەوە. سەرچاوە: https://www.bloomberg.com/news/articles/2023-04-11/erdogan-s-economic-manifesto-has-few-clues-on-post-election-path#xj4y7vzkg
درەو: بەگوێرەی (10) ڕاپرسی نوێ, كە لەم مانگەدا لەلایەن (10) كۆمپانیای بواری ڕاپرسی لەتوركیا ئەنجامدراوە, لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا كە بڕیاڕە ڕۆژی (14)ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت لە(8)ڕاپرسیاندا لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, لەدوو ڕاپرسیشیاندا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار لەپێش قڵیچدار ئۆغلۆوەیە, هاوكات بەگوێرەی ئەنجامی (8) ڕاپرسیان هەڵبژاردن دەچێتە خولی دووەم, دوو ڕاپرسیەكەی تریش دەریخستووە هەڵبژاردن لەخولی یەكەمدا یەكلایدەكرێتەوە. بەوپێیەش ئەنجامی مامناوەندی (10)ڕاپرسیەكە كە هەریەك لە كۆمپانیاكانی (Metropoll و Gezici و ORC و ALF و Optimar و SONAR و MAK و Aksoy و AR-G و Yoyelem)لەمانگی نیساندا ئەنجامیانداوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ لەپێشەوەیە بەڵام ناتوانێت 50% دەنگەكان تێپەڕنێت. * ئەنجامی تێكڕای مامناوەندی(10)ڕاپرسیەكە بەمشێوەیەیە: • كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ (47.5٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. • ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (44.4٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. • موحەرەم ئینجە سەرۆكی پارتی نیشتمان (6٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. • سەنان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئەتا (2.2%) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. ئەنجامی ڕاپرسیەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا كە لەمانگی نیساندا ئەنجامدراوە:
ئامادەکردن: بەشی توێژینەوە و ڕاپرسی له پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشه‌كی: بڕیاروایه له رۆژی یه‌كشه‌ممه ( 14/5/2023)، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەڕێوهبچن، ئەم هەڵبژادنە، هەڵبژاردنی مێژوویی و گرنگن بۆ تورکیا، بۆ داهاتوو و ئێستای ئەو وڵاتە، بەتایبەت کە بۆ یەکه‌م جارە دوای تاقیکردنەوەی یەکەم ئەزموونی سەرۆکایەتی لە تورکیا و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و، گۆڕینی به‌شیكی زۆری مادده‌كانی یاسای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامبدرێت. لەم توێژینەوەیەدا، کورتەیەک لەسەر مێژوو، جوگرافیا، ووردەکاری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا، یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان، پارتە بەشداربووەکان، هاوپەیمانیەتەکان، ڕاپرسییەکان، ژمارەی دەنگدەر، کاندیدەکانی سەرۆکایەتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، پێشبینی و زانیاری زیاتر لەسەر کۆی پرۆسەکە دەخەینه بەردیتی خوێنەر، بەهیوای ئەوەی سوودی هەبێت. یەکەم: مێژوو، جوگرافیای تورکیا تورکیا میراتی ئیمبراتۆریەتی عوسمانییە، وڵاتێکی فرە ڕەهەند و حزب و ئایدلۆژیا و بەرژەوەندی جیاوازە، دوای ڕووخانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانیی، بەپێی پەیماننامەی لۆزانی ساڵی(1923) تورکیا وەک دەوڵەتێکی تاک نەتەوە دروستکرا، ناوەکەش ڕەگەزییە و تایبەتە بەدەوڵەتی تورکەکان. لەکاتی دروست بوونی کۆماری تورکیای علمانی لەسەر دەستی "کەمال مستەفا ئەتاتورک"، سیستەمی پەرلەمانی تاک حیزب هەبوو، کە بەردەوام بوو تا دوای جەنگی جیهانی دووەم، لەسەرەتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، حوکمی تاک حزبی کۆتایی هات و دیموکراتەکان تا (1960) حوکمی وڵاتیان کرد بەسەرۆکایەتی "عەدنان مونده‌ریس"، لەساڵی (1960) یەکەم کودەتایی سەربازی روویدا، دەرئەنجامەکەی بریتی بوو لە کۆتایهێنان بە حوکمی دیموکراتەکانی تورکیا و "عەدنان موندەریس"ی سەرۆکی دیموكراته‌كانیش لەسێدارەدرا. کەواتە، تورکیا وەک وڵاتێکی هاوچەرخ و مۆدێرن چەندین فۆڕم و مۆدێلی سیاسی پەیڕەوکردوە، سەرەتا لەسەردەمی "مستەفا کەماڵ ئەتاتورک"، سیستەمی حوکمڕانی بەکۆمەڵ و تاک پارتی پەیڕەو دەکرا، دوای جەنگی جیهانی دووەم، سیستەمی فرە بازنەیی و پەرلەمانی پەیڕەو دەکرا، ئەم جۆرە لە حوکمڕانی بەردەوام بوو تاکو لە ساڵی (2017) ئاک‌پارتی و "ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆگان" لەڕێگەی ریفراندۆمه‌وه، سیستمەکەیان گۆڕی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی و لە (2018)ـەش یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەچوو و "ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆگان"یش بووە سەرۆک كۆمار. چۆنیەتی هەموارکردنەوەی ماددەکانی دەستووری تورکیا: بەپێی ماددەی (157)ی دەستووری تورکیا، گۆڕینی ده‌ستوور پێویستی بە (330) دەنگی پەرلەمانتارانە، دواتر پێویستە لەدوای (60) ڕۆژ راپرسی لەسەر بکرێت و لە 51%ی خەلک بە بەڵێ دەنگی پێبدات ئینجا هەماورکردنەکە جێبەجێ دەکرێت. تاکو ئێستا لە تورکیا حەوت جار دەستوور هەموارکرایتەوە، کەواتە حەوت ڕاپرسی لە مێژووی سەد ساڵەی تورکیا بەڕێوە چووە، كه سێ له‌و ڕاپرسیانه له‌سه‌رده‌می ئه‌ردۆگان بووه، ئەنجامی راپرسیەکانیش بەم شێوەیە بوونە: ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، لەو حەوت راپرسیەی له توركیا به‌ڕێوه‌چوونه بۆ هەموارکردنەوە و گۆڕینی ماددەکانی دەستوور، تەنها یەک جار به نه‌خێر ده‌نگی له‌سه‌ر درایه، ئەویش راپرسیەکەی ساڵی (1988) بووە، کۆتا جاریش كه ڕاپرسی به‌ڕێوه‌چووه لە ساڵی (2017)دا بوو، کە تیادا بەڵێ زۆرینەی هێنا و سیستەمی وڵات لە پەرلەمانی گۆڕدرا بۆ سەرۆکایەتی. جوگرافیای تورکیا: له‌ڕووی جوگرافییه‌وه، توركیا وڵاتێكی گرنگ و گه‌وره‌ی جیهانه، ده‌كه‌وێته رۆژئاوای ئاسیا و باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، له 3%ی خاكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته كیشوه‌ری ئه‌وروپا و له 97%ی ده‌كه‌وێته كیشوه‌ری ئاسیا، له 10%ی دانیشتوانه‌كه‌ی له به‌شه ئهوروپیهكهی ده‌ژین. ڕوبهرهكهی بریتییه له (783.525)كم دووجا، هاوسنووره له‌گه‌ڵ وڵاتانی دەریایی ڕەش (جۆرجیا، ڕوسیا، ڕۆمانیا، بولگاریا)، لەڕۆژهەڵات (ئێران، وڵاتانی قەوقاز، جۆرجیا(له‌دوو لاوه)، ئەرمەنستان، ئازربایجان)، لە باشوور: (عێراق، سوریا، دەریایی سپی ناوەڕاست(، له خۆرئاوا (قوبرس، دەریایی ئیجە، یۆنان، بوڵگاریا(، لە باکوور (دەریایی ڕەش(. دووه‌م: ژمارەی دەنگدەرانی تورکیا و چۆنیه‌تی رێكاره‌كانی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان بەپێی دەستووری تورکیا، هەموو ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەرووی (18) ساڵیه، دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن، بەمشێوەیە زیاتر لە (60 ملیۆن 904 هه‌زار و 499) كه‌س له‌ناوخۆ مافی دەنگدانیان هەیە، له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش (3 ملیۆن 286 هه‌زار و 786) كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه، به‌مشێوه‌یه‌ش ژماره‌ی به‌شداربووان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا ده‌گاته( 64 ملیۆن و 191 هه‌زار و 285) كه‌س، كه نزیكه‌ی (6) ملیۆن کەس بۆ یەکەمین جارە دەنگ ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها (42 ملیۆن و 704 هه‌زار و 112) كه‌س كه ده‌كاته 50.1% له ڕه‌گه‌زی نێره و، (42 ملیۆن و 575 هه‌زار و 441) كه‌س كه ده‌كاته 49.9% له‌ڕه‌گه‌زی مێیه. به‌پێی راپرسیه‌كان رێژه‌ی به‌شدار له نێوان 85 بۆ 90% ده‌بێت، به‌مشێوه‌یه‌ش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، كاندید پێویستی به (27) ملیۆن ده‌نگ زیاتره. ژماره‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن: 87 بازنه ژماره‌ی كاندیدانی سه‌رۆك كۆمار: 4 كاندید ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان: 600 كورسی ژماره‌ی پارته به‌شداربووه‌كان به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ: 25 پارتی سیاسیی ژماره‌ی هاوپهیمانییهتهكان: 5 هاوپه‌یمانیه‌تی فه‌رمی ژماره‌ی كاندیدانی سه‌ربه‌خۆ بۆ په‌رله‌مان: 57 كاندید ژمارەی بنکە (سندوقە)کانی دەنگدان له هه‌موو توركیا و ده‌ره‌وه: 191 هه‌زار و 910 سندوق. ژمارەی چاودێرانی سەر سندوق: 7 کەس، یه‌ك بەڕێوەبەری بنکە، 3 کارمەند، 3 چاودێری ئەو حزبانەی لەهەڵبژاردنی پێشوو زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. له هه‌ر بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان دوو سندوق داده‌نرێت، یه‌ك بۆ هه‌لبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش بۆ په‌رله‌مان. کاتی دەستپێکردن: له 32 شار بەتایبەت لەشارە کوردییەکان، کاتژمێر 7ی بەیانی تا 4ی ئێوارە، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. لە 49 شاری دیکەی تورکیا، کاتژمێر 8ی بەیانی تاوەکو 5ی ئێوارە. ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان: هەمان شەو ئەنجامی بەرایی ڕادەگەینرێت، بەڵام پێویستە لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی هەڵبژاردن ڕابگەینرێت. هیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندن بۆی نیە ئەنجامی بەرایی ڕابگەینێت. هەمان شەو ئەنجامەکان دەگەینرێتە دەست نوێنەری پارتە بەشدارەکان و کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و کاندیدە سەربەخۆکانی پەرلەمان. پێویستە واژووی ئەو حەوت کەسەی لەسەر بێت ئینجا ئەنجامەکان پەسند دەکرێن، دوای 10 ڕۆژ کۆپی فۆرمی دەنگدان کە واژۆی 7 کەسەی نێو بنکەی لەسەرە لەماڵپەری فەرمی کۆمسیۆن بڵاودەکرێتەوە. چۆنیەتی جیاکردنەوەی دەنگی سەرۆکایەتی و پەرلەمان: سەرەتا دەنگی سەرۆکایەتی و، دواتر دەنگی پەرلەمان یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی تورکیا 1. ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 550 بۆ 600 زیاد کراوە. 2. تەمەنی خۆکاندیدکردن لە 25 بۆ 18 کەمکرایتەوە. 3. بۆ چوونه په‌رله‌مان ده‌نگی بنه‌ڕه‌تی پارته‌كان به‌بنه‌ما ده‌گیرێت، پارته بچوكه‌كان به هاوپه‌یمانیش بچنه په‌رله‌مان، په‌رله‌مانتاریان نابێت. 4. ده‌نگی ئه‌و پارتانه‌ی ناتوانن به‌ربه‌ستی 7% تێپه‌ڕێنن بۆ لیستی براوه‌ی یه‌كه‌م ده‌ڕوات. 5. هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی بەیەکەوە و پێنج ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت 6. پەرلەمان دەتوانێت دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەر سەرۆک کۆمار و وەزیرەکان بکاتەوە. 7. پەرلەمان دەتوانێت بەدەنگی 3 لەسەر 5ی پەرلەمانتاران هەڵبژرادن دووبارە بکاتەوە. دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار 1. سەرۆک کۆمار دەتوانێ سەرۆکی پارتەکەشی بێت. 2. دەتوانێت بڕیار لە باری نائاسی بدات 3. تەنها بۆ دوو خول دەتوانێت خۆی کاندید بکات 4. کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێت نوێنەری ئەو پارتە سیاسیە بێت کە لەدوا هەڵبژرادن زیاتر لە 05%ی دەنگی بەدەستهێنابێت، یان 100 هەزار واژۆ کۆبکاتەوە بۆ پشتگیری خۆکاندید کردنی 5. بە 50% + 1ی ده‌نگی ده‌نگده‌ران دەبیتە سەرۆک كۆمار 6. سەرۆک کۆمار فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتە 7. سەرۆک کۆمار جێگر و وەزیرەکانی دیاری دەکات 8. سەرۆک کۆمار پڕۆژەی بوودجە پێشکەش بە پەرلەمان دەکات 9. سەرۆک کۆمار دەتوانێت ئەنجومەنی وەزیران هەڵوەشێنێتەوە. 10. بۆ گۆڕینی دەستوور دەتوانێت پڕۆژە پێشنیار پێشکەش بە پەرلەمان بکات 11. یاساکانی دەرچوو لەپەرلەمان واژۆ دەکات 12. باڵیۆزەکان دیاری دەکات 13. مەرجە جێگر و وەزیرەکان ئەندامی پەرلەمان بن. سێیه‌م: ئه‌نجامی ڕاپرسییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2023ی توركیا له توركیا چه‌ندین كۆمپانیا و ناوه‌ندی تایبه‌تمه‌ند به ڕاپرسیه‌كان هه‌یه" گرنگترینیان (ئاکسۆی، ئۆپتیمار، مێترۆپۆل، ئارێیا، یۆنئەیلەم، ماك، ALF، ئاڤراسیا و ئۆ ئاڕ سی)، تێكڕای ڕاستی ئه‌نجامی ئه‌و كۆمپانیایانه له 93%یه ئه‌وه‌ش ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌رزه، سەرجەم راپرسییەکانی ئه‌و نۆ کۆمپانیا و ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەناوبانگی تورکیا لە ساڵی 2022دا، دەریدەخەن، دەنگی هاوپەیمانیی میللەت لە پێش دەنگی هاوپه‌یمانی جمهوری دەسەڵات دێت. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ناوەندیی راپۆرتی تورکیا، بەپشت بەستن بە ئەنجامی راپرسیی ئه‌و ناوەندانه کە بەناوبانگترین و شارەزاترین ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و راپرسین لە بوارەکانی خۆیاندا، دەردەکەوێت کە دەنگی هاوپەیمانیی میللەت لە هەڵکشانی بەردەوامدایە و بەپێچەوانەشەوە هاوپەیمانیی جمهوور کە بەرەی دەسەڵاتە دەنگەکانیان روو لە دابەزینە. چواره‌م: پارتەكان و هاوپهیمانیهتهكان له‌دوای ساڵی (2020) له‌سه‌رتاسه‌ری توركیا، (27) پارتی سیاسی نوێ له‌سه‌رانسه‌ری توركیا دامه‌زراون، به‌مشێوه‌یه‌ش ژماره‌ی پارته سیاسییه‌كانی توركیا گه‌یشتۆته (122) پارتی سیاسی، كه ته‌نها (36) پارتی سیاسی مافی ئه‌وه‌یان هه‌بوو به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، (به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا، ئه‌و پارته‌ی بتوانیت له 41 پارێزگای توركیا كۆنفڕانس ببه‌ستێت و رێكخستن دروست بكات، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات) له‌و (36) پارته‌ش ته‌نها (24) پارتی سیاسی به سه‌ربه‌خۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، (12) پارته‌كه‌ی تر له چوارچێوه‌ی چوار هاوپه‌یمانیه‌تی و له‌سه‌ر پارتی دیكه كاندیدیان پێشكه‌ش به كۆمسیۆنی ههلبژاردنهكاتی توركیا كردووه، له‌ماوه‌ی ئه‌م پوێنج ساله‌ی رابردوو، دوو پارت له ئاكپارتی و سێ پارتیش له جه‌هه‌په و پارتێكیش له پارتی چاكه‌ی مه‌رال ئاكشه‌نه‌ر و پارتێكیش له سه‌عاده‌ت جیابوونه‌ته‌وه، پارته جیابووهكانیش بریتین له: پارتی دیموكراتی و پێشكه‌وتن به سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی باباجان و پارتی دواڕۆژ به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ له ئاكپارتی جیابونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها پارته‌كانی نویبوونهوه، به سه‌رۆكایه‌تی ئۆزتوك یهلمازی جێگری سه‌رۆكی پێشووی جه‌هه‌په و پارتی گۆڕان به‌سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا ساری سه‌ركرده‌ی جه‌هه‌په و پارتی نیشتمان به سه‌رۆكایه‌تی موحه‌ره‌م ئینجه سه‌ركرده‌ی باڵا و كاندیدی سه‌رۆك كۆمار له خولی پێشوودا له جه‌هه‌په جیابوونه‌ته‌وه، پارتی ره‌فای سه‌ر لهنوێش له پارتی سه‌عاده‌تی ئیسلامی جیابۆته‌وه.
درەو: كۆمپانیاكانی ڕاپرسی لەتوركیا بەردەوامن لەبڵاوكردنەوەی ڕاپرسیەكانیان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە بڕیارە ڕۆژی (14)ی ئایاری داهاتوو لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی تازەترین ڕاپرسی كە كۆمپانیاكانی(MAK), ( MetroPoll),( ORC), (Gezici) لەمانگی نیسان-دا ئەنجامیانداوە, ڕیزبەندیەكان بەمشێوەیەیە: ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار لەتوركیا * بەگوێرەی ڕاپرسی كۆمپانیای (Gezici) كە لەڕۆژانی (1و2)ئەم مانگە ئەنجامیداوە: -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(53.4٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(43.2٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -موحەرەم ئینجە(2.1%) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -سەنان دۆغان(1.3%) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. * ئەگەر هەڵبژاردنیش بچێتە گەڕی دووەم : -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(55.2٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(44.8٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. * بەگوێرەی ڕاپرسی كۆمپانیای(Metropoll) كە لەمانگی نیساندا ئەنجامیداوە: -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(42.6٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(41.1٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -موحەرەم ئینجە(5٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -سەنان دۆغان(2.2%) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. * بەگوێرەی ڕاپرسی كۆمپانیای(MAK Consulting) كە لەمانگی نیسان ئەنجامیداوە: -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(47٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(42٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. * بەگوێرەی دواین ڕاپرسیش كە كۆمپانیای (ORC) ئەنجامیداوە, هەڵبژاردن دەچێتە قۆناغی دووەم و ئەنجامەكەی بەمشێوەیە دەبێت: -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(48.9٪) دەنگەكانی بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(41.5٪) دەنگەكانی بەدەست دەهێنێت. -موحەرەم ئینجە(7.2٪) دەنگەكانی بەدەست دەهێنێت. -سەنان دۆغان(2.4%) دەنگەكانی بەدەست دەهێنێت. * پێشتریش لە دیراسەیەكی بنكۆڵكاریدا كە لەناوەڕاستی مانگی ئازاردا لەتوركیا ئەنجامدراوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بەجیاوازی (9)خاڵ لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, بەم شێوەیە: -كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ(54.5٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت. -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان(45.5٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت.
راپۆرت: درەو 10 ساڵ لەمەوبەر، عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی سودان میلیشیایەكی دروستكرد بۆ پشتیوانیكردن لە سوپای وڵاتەكەی لەشەڕی دژی یاخیبوانی دارفور، ئیمتیازی زۆری بە سەرۆكی ئەم میلیشیایە بەخشی، تەنانەت كانە ئاڵتونەكانی دارفوریشی پێدا بۆ ئەوەی لایەنداری میلیشیاكەی بەدەستبهێنێت، بەڵام كاتێك خۆپیشاندان دەستیپێكرد، بەشیر فەرمانی پێكرد خۆپیشاندەران سەركەوت بكات، ئەو بە قسەی نەكرد، رژێمی بەشیر كەوت، میلیشیاكە هەر مایەوە، ئێستا نزیكەی (100 هەزار) چەكداری هەیەو بوەتە هەڕەشە لەسەر سوپای سودان‌و چارەنوسی حوكمڕانی لەو وڵاتە، رەگوڕیشەی ناكۆكی ژەنەراڵەكانو شەڕو پێكدادانەكانی سودان لەم راپۆرتەدا. شەڕی بورهانو حەمیدتی لەماوەی 24 كاتژمێر شەڕی نێوان (سوپا)و هێزی (پاڵپشتی خێرا) لە سودان، 56 هاوڵاتی مەدەنی كوژران، ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ لە شاری خرتومی پایتەخت پێكدادان بەردەوام بوو، ئەمە ململانێی دوو ژەنەراڵە لەسەر دەسەڵات كە هەردووكیان لەدوای كودەتاكەی 2021ەوە سەرۆكایەتی سودان دەكەن. بانگەوازی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی شەڕ زیادی كردووە، بەڵام تائێستا بانگەوازەكانی كەڵكیان نەبووە لە راگرتنی تەواوەتی شەڕەكەدا، دواین بانگەوازیان لەلایەن (چین)ەوە بوو. بەڵام پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو تەرەفی شەڕەكە رەزامەندییان لەسەر پێشنیازێكی نێودەوڵەتی نیشاندا بۆ كردنەوەی رێڕەوی سەلامەت بەمەبەستی گەیاندنی فریاگوزاری مرۆیی، سوپای سودان دەڵێ ئەم رێڕەوانە ماوەی سێ كاتژمێر بەردەوام دەبێت، هێزەكانی پاڵپشتی خێراش رایگەیاند، لە كاتژمێر 4ی ئێوارەوە بەكاتی سودان، كردنەوەی رێڕەوەكان دەستپێدەكات. كۆمكاری عەرەبیش ئەمڕۆ كۆبونەوەیەكی نائاساییی تایبەت بە دۆخی سودان ئەنجامدا، ئەم كۆبونەوەیە لەسەر داوای میسر‌و سعودیە كرا كە دوو هاوپەیمانی سەرەكی سوپای سودانن دژ بەو هێزە نیمچە سەربازییەی كە دەیەوێت سوپا لە دەسەڵات بخات. لە دوێنێوە ئاڵۆزی پەیوەندییەكان لەنێوان (عەبدولفەتاح بورهان) فەرماندەی سوپای سودان‌و (محەمەد حەمدان دقلو- حەمیدتی) فەرماندەی هێزی پاڵپشتی خێرا سەریكێشاوە بۆ توندوتیژیی، بەتایبەتیش دوای توندبوونەوەی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوانیان لەم چەند هەفتەی دوایدا. لەم شەڕەدا كە لە پایتەختو چەند شارێكی تری سودان روودەدات، هەموو جۆرەكانی چەك تا دەگاتە فڕۆكەی جەنگیی بەكاردەهێنرێت، ئەمە لە وڵاتێكدا روودەدات كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (45 ملیۆن) كەسەو بە یەكێك لە هەژارترین وڵاتانی جیهان دادەنرێت كە بەهۆی چەندین دەیە جەنگەوە لەبەریەك هەڵوەشاوە. ئەحمەد سەیف كە لەگەڵ هاوسەرو منداڵەكانیدا لە ناوچەیەكی خۆرهەڵاتی خرتوم دەژی، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی وتووە:" شەوێكی زۆر سەخت بوو. بەهۆی دەنگی تەقینەوەو شەڕە تەقەوە نەخەوتم". لەمەش خراپتر ئەوەیە، پێیوایە بەهۆی بۆردومانەوە زیان بەر ماڵەكەی كەوتووە، بەڵام دەڵێ:" ناوێرم بچمە دەرەوە تەماشای خانوەكەم بكەم" لەكاتێكدا گوللەی وێڵ هەیەو خەڵك بە جلی سەربازییەوە لە شەقامەكاندا دەسوڕێنەوە. ئەمڕۆش دەنگی بۆردومان لە شەقامە چۆڵكراوەكانی خرتوم دەبیسترا، كە بۆنی باروت تێیاندا بڵاوبوەتەوە. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش پزیشكەكان بەردەوامن لەسەر داوای یارمەتیو بانگەوازكردن بۆ رێڕەوی ئارام بۆ تێپەڕبوونی ئەمبوڵانسەكانو راگرتنی شەڕ بۆ چارەسەری بریندارەكان. ئێوارەی دوێنێ سوپا لەرێگەی فەیسبوكەوە رایگەیاند" هێزی ئاسمانی سودان پرۆسەیەكی روماڵكردنی تەواوەتی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدات كە میلیشیا پاخیبووەكانی هێزی پاڵپشتی خێرای تێدایە"، داوای لە هاوڵاتیان كرد پابەند بن بە مانەوە لە ماڵەكانیانو نەچنە دەرەوە. شایەتحاڵەكان باس لە روودانی شەڕ دەكەن بە چەكی قورس لەنێوان سوپا‌و هێزە نیمچە سەربازییەكاندا لە دەوروبەری باكورو باشوری پایتەخت. لە خەرتومی پایتەخت خەڵكی مەدەنی بەكەمی دەبینرێت، ئەوەی هەیە پیاوانن بە چەكو جلوبەرگی سەربازییەوە دەسوڕێنەوە، لە دوێنێوە لە چەند ناوچەیەكی پایتەخت ستونی دوكەڵ دەبینرێت بەتایبەتیش لەناوەڕاستی شار كە دامەزراوە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی تێدایە. بەپێی قسەی لیژنەی ناوەندیی پزیشكانی سودان كە رێكخراوێكی سەربەخۆو پاڵپشتیكاری دیموكراتییە، كۆی ژمارەی كوژراوان گەیشتوەتە 56 كەس، زیاتر لە نیوەی كوژراوەكان لە خرتومو دەوروبەریدان، ئەمە لەكاتێكدایە دەیان كەسی تر لە سەربازانی سوپا‌و هێزە نیمچە سەربازییەكە كوژراون‌و نزیكەی (600) كەسیش برینداربوون. لە وڵاتێكدا كە لەساڵی 2019وە هەوڵی رێكخستنی هەڵبژاردنێكی ئازاد دەدات دوای 30 ساڵ دیكتاتۆریەت، چەند هەفتەیەكە ململانێكان دەكوڵێن بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەر هەبێت، بۆیە دیار نییە لە كۆتایدا كێ بەسەر كێدا سەردەكەوێت. هێزی پاڵپشتی خێرا كە هەزاران جەنگاوەری پێشووی جەنگی دارفور لەخۆدەگرێت‌و دەیەوێت ببێت بە هێزێكی هاوتای سوپا، رایگەیاند، بارەگای سەرۆكایەتی‌و فڕۆكەخانەی خرتومو دامەزراوە سەرەكییەكانی تری كۆنترۆڵكردووە. بەڵام سوپا رەتیدەكاتەوە فڕۆكەخانەی كۆنترۆڵكرد بێت، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت هێزی پاڵپشتی خێرا فڕۆكەیەكی مەدەنی سەربە هێڵی ئاسمانی سعودیەی سوتاندووە. تەلەفزیۆنی حكومەتیش تەنیا گۆرانی نیشتمانی پەخش دەكات بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەك لەسەر رووداوەكان بكات، هاوشێوەی ئەوەی لەكاتی كودەتاكەی پێشوودا روویدا، هەردوو لایەنی شەڕەكە باس لەوە دەكەن تەلەفزیۆنیان كۆنترۆڵكردووە. لەبەر ئەوەی شەڕەكە لەنێوان هەردوو ژەنەراڵەكەدا هاوكات جەنگێكی میدیایشە، دوێنێ حەمیدتی لەرێگەی كەناڵی هەندێك لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبیەوە قسەی كرد كە خۆی هاوپەیمانی هەندێك لەو وڵاتانەیە، هەڕەشەكانی دژی فەریقی یەكەم عەبدولفەتاح بورهان توندكردەوە، بورهان لەدوای شەڕەكەوە تائێستا دەرنەكەوتووە. حەمیدتی جارێكی تر داوای رۆشتنی "بورهانی تاوانبار"ی كرد، لەبەرامبەردا سوپا لە فەیسبوكی خۆیەوە یاداشتی گەڕانی بەدوای حەمیدتی بڵاوكردەوە. لەم كاتەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە چەند پەیوەندییەكدا لەگەڵ بورهانو حەمیدتیو عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسردا، داوایكرد" بەشێوەیەكی خێرا توندوتیژییەكان رابگیرێت". لەسەر چی ناكۆكن؟ لەدوای كودەتاكەی ئۆكتۆبەری 2021وە، ئەنجومەنی سەروەریی "سیادە" حوكمی سودان دەكات، دوو فەرماندەی سەربازیی لەناو دڵی ناكۆكییەكاندان كە ئەوانیش هەریەكە لە (عەبدولفەتاح بورهان)ی فەرماندەی هێزە چەكدارەكان‌و سەرۆكی فیعلی وڵات‌و (محەمەد حەمدان دقلو)ی ناسراو بە "حەمیدتی"یە كە فەرماندەی هێزی پاڵپشتی خێرایە. ئەم دوو پیاوە ناكۆكن لەبارەی ئەو ئاڕاستەی كە وڵات پێیدا دەڕوات، هەروەها ناكۆكن لەبارەی پێشنیازی چۆنیەتی راگواستن بەرەو حوكمڕانییەكی مەدەنیی لە سوداندا. یەكێك لە گرنگترین ئەو خاڵە بنەڕەتیانەی كە لەنێوان حەمیدتیو بورهاندا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ناكۆكییە لەبارەی پلانی تێكەڵكردنی هێزی پاڵپشتی خێرا كە (100 هەزار) چەكدارە لەگەڵ سوپادا، بەتایبەتیش لەبارەی ئەوە ناكۆكن دوای یەكگرتنی ئەم دوو هێزە كێ سەرۆكایەتی سوپا نوێیەكە دەكات. روودانی بەریەككەوتن لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا دوای چەند رۆژێك لە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی پاڵپشتی خێرا لە دەوروبەری پایتەخت روویدا، سوپا ئەم جموجوڵەی هێزی پاڵپشتی خێرای وەكو هەڕەشە ناوبرد. ئەوكات ئومێدێك هەبوو بۆ ئەوەی لەرێگەی گفتوگۆوە هەردوولا بگەنە چارەسەرێك، بەڵام ئەمە رووینەدا. هیشتا دیار نییە ئاخۆ لە بەیانی دوێنێدا كامیان سەرەتا دەستیان بە تەقەكردن كردووە، بەڵام مەترسی هەیە لەوەی ئەمە هێندەی تر دۆخی سودان بشێوێنێت كە خۆی هەر لە بنەڕەتەوە دۆخێكی ناسەقامگیرە. ژه‌نه‌راڵ عه‌بدولفه‌تاح بورهان هێزی پاڵپشتی خێرا چییەو حەمیدتی كێیە ؟ ئەم هێزە ساڵی 2013 دروستكرا، ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ میلیشیای "جەنجەوید" كە شەڕی یاخیبوانی دارفۆری دەكرد. لەوكاتەدا، ژەنەراڵ حەمیدتی هێزێكی بەهێزی دروستكرد‌و چووە ناو ململانێ چەكدارییەكان لە یەمەنو لیبیا. ئەم پیاوە سەربە هۆزی (رزیقات)ە كە هۆزێكی بە رەگوڕیشە عەرەبەو لە هەرێمی دارقور لە خۆرئاوای سودان نیشتەجێبوون، لە بیستەكانی تەمەنیدا لە بازرگانی وشتردا لەنێوان لیبیا‌و مالی‌و چاد كاریكردووە، لەپاڵ ئەمەشدا ئەركی پاراستنی كاروانە بازرگانییەكانی لە خەڵكانی رێگر لەو ناوچەیە گرتوەتە دەست كە لەژێر كۆنترۆڵی هۆزەكەیدا بووە. لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا ناوبانگی پەیدا كردووەو سامانێكی زۆری كۆكردوەتەوە، ئەمە بوەتە هۆی ئەوەی لە عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی وڵات نزیك بكەوێتەوە، بەتایبەتیش كە ئەو سەردەمە حەمیدتی سەرۆكایەتی میلیشیایەكی گەورەی كردووە بۆ پاراستنی كاروانە بازرگانییەكان. حەمیدتی دەستی بەسەر ژمارەیەك لە كانەكانی ئاڵتوندا گرتووە لەناوچەی دارفور، عومەر بەشیر ئیمتیازاتی زۆری پێبەخشیوە، ئەمە وایكرد ژمارەی میلیشیاكەی بۆ نزیكەی (100 هەزار) كەس بەرزببێتەوە. حەمیدتی تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی پێشێلكاری دژ بە مافەكانی مرۆڤ، لەنێویشیاندا ئەو رەشەكوژییەی كە لە حوزەیرانی 2019 روویداو زیاتر لە (120) خۆپیشاندەری تێدا كوژرا، ئەو دەسەڵاتانەی كە عومەر بەشیر بەم پیاوەی بەخشی بوو وەك دەوترێت بە سوپا نەبێت نادرێت، بەشیر چەكی سوك‌و ئۆتۆمبیلی سەربازی بە هێزەكەی حەمیدتی دابوو، ئەمەش ئەفسەرانی سوپای سودانی نیگەران‌و توڕە كردبوو، بەڵام حەمیدتی تا سەر وەفادار نەمایەوە، كاتێك بەشیر داوای لێ‌كرد خۆپیشاندەران سەركوت بكات، خۆی بوارد. سەرچاوە خۆجێییەكان لە سودان دەڵێن هێزی پاڵپشتی خێرا كە حەمیدتی سەرۆكایەتی كردووە، بەشداری لە روخاندنی رژێمی عومەر بەشیردا كردووەو داوای لە حكومەتی سودان كردووە لەپێناو ژیانێكی شكۆمەندانەدا پێداویستییەكانی خەڵك دابین بكات، هەندێك لە سودانییەكان ئەم هەڵوێستەیان لەبیرەو ستایشی دەكەن، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێك لە خەڵكی تری وڵاتەكە ئەم هەڵوێستەی حەمیدتی وەكو "هەوڵێكی زیرەكانە"ی ئەو پیاوە ناودەبەن بۆ جوانكردنی وێنەی خۆی بەمەبەستی چاوپۆشیكردن لەو پێشێلكارییانەی مافەكانی مرۆڤ كە هێزەكەی لە دارفور ئەنجامیداوە. حەمیدتی بەهۆی ئەوەی هەڵگری پلەی "فەریقی یەكەم"ی پێدراوە، هەژمونی بەسەر ژمارەیەك لە فەرماندەكانی سوپای سوداندا هەیەو لەم رێگەیەشەوە كۆنترۆڵی ناوچەیەكی فراوانی خرتومی پایتەختی كردووە. حەمیدتی بە هەماهەنگیی لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەردا، دۆسیەی هێزە سودانییەكانی بەشداری لەو هاوپەیمانێتییە گرتەدەست كە سعودیە سەرۆكایەتی دەكات دژ بە حوسییەكان لە یەمەن. ویلۆ بیردج نوسەری كتێبی "راپەڕینە مەدەنییەكان لە سودانی هاوچەرخ"دا دەڵێ" هێزەكانی پاڵپشتی خێرا تاوانیان لە دارفور ئەنجامداوە، جموجوڵەكانیشیان دوای كەوتنی بەشیر بەدبینی لای زۆر كەس دروستكرد، بەتایبەتیش یاخبوانی دارفور". ساڵی 2003 یاخیبوانی دارفور حكومەتی خرتومیان تۆمەتبار كرد بەوەی لەڕووی ئابوری‌و سیاسییەوە ناوچەكانی ئەوانی پشتگوێخستووە، ئەمە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی ململانێیەكی چەكداریی لەنێوان هەردوولادا، بەپێی قسەی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی (300 هەزار) كەس لەم ململانێیەدا كوژراون، ئەمە سەرباری ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس لە ناوچەكانی خۆیاندا. ساڵی 2014 حكومەتی سودان (سادق مەهدی) رێبەری حزبی (ئومە)ی دەستگیركرد بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە هەڵسوكەوتی هێزەكانی پاڵپشتی خێرا گرتبوو كە هاوشانی هێزەكانی حكومەت لە دژی یاخیبوانی دارفور دەجەنگا. تاوەك ساڵی 2017 هێزەكانی پاڵپشتی خێرا سەربە دەزگای ئاسایش‌و هەواڵگری سودان بوون، دواتر خرانە سەر دامەزراوەی سوپا، سەرباری ئەوەی هیچ یەكێك لە ئەندامانی ئەم هێزە سەربازی نەبوون. بەوپێیەی ئەم هێزە لە دەرەوەی چوارچێوەی سوپا بووە، بۆیە هەمیشە وەكو سەرچاوەی ناسەقامگیریی لە سودان تەماشا كراوە. ژه‌نه‌راڵ حه‌میدتی بۆچی سوپا حوكمی بەدەستەوەیە ؟ شەڕی ئێستای سودان دوای زنجیرەیەك كێشە دێت كە لەدوای لادانی (عومەر حەسەن بەشیر)ی سەرۆكی سودان لە 2019دا روویدا. لەدوای لادانی عومەر بەشیر، ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر (ئینتیقالی) لە سودان پێكهات، هەموو ئەندامەكانی لە دامەزراوەی سەربازی سودان بوون جگە لە حەمیدتی كە هیچ رۆژێك لە رۆژان ئەندامی دامەزراوەی سوپا نەبووە، بەڵام سەرباری ئەمەش بە فەرمانی عومەر بەشیر پلەی (فەریقی یەكەم)ی پێ‌درابوو. ئەوكات لە شەقامەكانی وڵات‌دا خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەكی گەورە سەریهەڵدا، خۆپیشاندەران داوای كۆتایهێنانیان كرد بە نزیكەی 30 ساڵ لە حوكمڕانی عومەر بەشیر، ئیتر سوپا ئیشەكەی كرد‌و سەركردایەتی كودەتایەكی كرد بۆ لادانی بەشیر. دوای كودەتاكە، خۆپیشاندەران‌و رەوتی مەدەنی سودان دەستیان كرد بە ناڕەزایەتییەكی نوێ، داوایانكرد رۆڵیان هەبێت لە پرۆژەیەكدا بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە سوپاوە بۆ حكومەتێكی مەدەنی دیموكراتی. حكومەتێكی هاوبەش لە خەڵكی مەدەنیو سەربازی دروستكرا، بەڵام لە ئۆكتۆبەری 2021دا كودەتایەكی نوێ كرا‌و حكومەتەكە كەوت. بەر لە چەند هەفتەیەك حەمیدتی رەخنەی لە كودەتاكەی 2021 گرت‌و وتی:" كودەتاكە دەرگای لەبەردەم گەڕانەوەی لایەنگرانی عومەر بەشیردا كردەوەو بەداخەوە كودەتاكە بوو بە دەرگایەك بۆ گەڕانەوەی رژێمی پێشوو"، لەمەشدا مەبەستی لە لایەنگرانی حزبی كۆنگرەی نەتەوەیی دەسەڵاتداری پێشوو بوو كە لە حكومەتی دوای كودەتادا پۆستیان پێدرا، حەمیدتی ئاماژەی بەوەكرد ئەو پشتیوانی لە خواستی خۆپیشاندەرانی پاڵپشتیكار لە دیموكراتیەت دەكات. لەدوای كودەتاكەی 2021وە ئیتر ململانێكان لەنێوان بورهانو حەمیدتی توندبووەوە، لە كانونی یەكەمی رابردوودا چوارچێوەی رێككەوتنێك دیاریكرا بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ حكومەتێكی مەدەنیی، بەڵام گفتوگۆكان لەبارەی جێبەجێكردنی وردەكاری ئەم رێككەوتنە شكستی هێنا. عەبدولفەتاح بورهان لە شوێنی فەریق (عەوەز بن عەوف) وەزیری بەرگری پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەری وەرگرت، فەریق عەوەز تەنیا رۆژێك دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكەو لەكارخستنی عومەر بەشیر، دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە. عەوەز بن عەوف لە نیسانی 2019دا رایگەیاند، فەریق عەبدولفەتاح بورهانی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی سەربازی، بەوپێیەی لەلایەن هەموانەوە قبوڵكراوە، عەبدولفەتاح پۆستەكەی وەرگرتو سوێندی یاسایی خوارد. بورهان ناوێكی دیاری گۆڕەپانی سیاسی سودان نەبوو، وا ناسرابوو سەربازێكی بە دیسپلینە، هەموو پلەكانی بڕیوەو لە هێزی زەمینی وەكو ئەفسەر خزمەتی كردووە تا ئەوكاتەی بووە بە فەرماندەی هێزی وشكانی. لە شوباتی 2019دا، سەرۆك عومەر بەشیر گۆڕانكاری لە فەرماندەكانی سوپادا كرد، پلەی بورهانی لە (فەریقی روكن)ەوە بەرزكردەوە بۆ (فەریقی یەكەم)و پۆستی پشكنەری گشتی هێزە چەكدارەكانی پێدا، دوو مانگ دواتر‌و لە نیساندا، بورهان پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی سەربازی لە شوێنی وەزیری بەرگری وەرگرت. ئۆكتۆبەری 2021، فەریق عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی، ئەنجومەنی سەروەری "سیادە"و ئەنجومەنی وەزیرانی هەڵوەشاندەوە، باری نائاسایی لە سودان راگەیاند، كاركردنی بە ماددەكانی بەڵگەنامەی دەستوریی راگرت. ئەمە دوای چەند كاتژمێرێك هات لە دەستگیركردنی چەند وەزیرو بەرپرسێك لەنێویاندا (عەبدوڵا حەمەدۆك)ی سەرۆك وەزیران، هەندێك لە هاوڕێكانی وا وەسفی عەبدولفەتاح بورهان دەكەن كە پیاوێكی میانڕەو سەربازێكی پابەندە دوور لە لایەنداری بۆ هیچ رێكخراوێكی سیاسی. ریشەی بورهان دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتی (نەهری نیل) لە باكوری خرتومی پایتەخت، لەساڵی 1960 لە گوندی (قندقتو) لە خێزانێكی ئاینیی شوێنكەوتەی تەریقەتی (خەتمیە) لەدایكبووە، خەتمیە یەكێكە لە تەریقەتە سۆفیگەرییە گەورەكانی سودان. سەرچاوەكان: - یۆرۆنیوز - بی بی سی
شیكاری: درەو وەزارەتی نەوتی عێراق لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا؛ # عێراق زیاتر لە (294 ملیۆن و 413 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 271 هەزار) بەرمیل. # بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (75.2) دۆلار فرۆشراوە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان (81.17) دۆلار بووە. بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە کەمتر لە (6) دۆلار فرۆشراوە. # کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەو سێ مانگەدا (22 ملیار و 130 ملیۆن) دۆلار بووە. یەکەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (294 ملیۆن و 413 هەزار و 732) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 271 هەزار و 264) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.2) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (22 ملیار و 130 ملیۆن و 492 هەزار) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. (بڕوانە؛ چارتی (1، 2، 3)) 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بڕی (101 ملیۆن و 245 هەزار و 95) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 265 هەزار و 971) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.5) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.8) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 663 ملیۆن و 788 هەزار) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2023 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2023) بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 294 هەزار و 843) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.556) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.59) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.03) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 62 ملیۆن و 704 هەزار) دۆلار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2023 بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2023) بڕی (100 ملیۆن و 913 هەزار و 27) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 255 هەزار و 259) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (73.37) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (78.43) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (5.06) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 404 ملیۆن) دۆلار. خشتەی ژمارە (1) دووەم: بڕ و ڕێژە و داهاتی نەوتی کەرکوک لە هەناردەی گشتی نەوتی عێراق بۆ چارەکی یەکەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا بڕی (294 ملیۆن و 413 هەزار و 732) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش (7 ملیۆن و 37 هەزار و 403) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.41%) نەوتی کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوک بووە، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە نزیکەی (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. واتە کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی کەرکوک لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (531 ملیۆن و 120 هەزارو 886) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بەم شێوەیە دەبێت. (بڕوانە؛ چارتی (4)) 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی کانونی دووەمی 2023 وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بڕی (101 ملیۆن و 245 هەزار و 95) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 475 هەزار و 516) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.45%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (187 ملیۆن و 385 هەزار و 175) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی شوباتی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2023) بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 834 هەزار و 393) بەرمیلی بە ڕێژەی (3.07%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.556) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (216 ملیۆن و 989 هەزار و 284) دۆلار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی ئازاری 2023 بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2023) بڕی (100 ملیۆن و 913 هەزار و 27) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش (1 ملیۆن و 727 هەزار و 494) بەرمیلی بە ڕێژەی (1.71%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (73.37) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (126 ملیۆن 746 هەزار و 427) دۆلار. سەرچاوەکان؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1419 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1455 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية الاولیة للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1461
راپۆرتی: هێمن خۆشناو له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێك له كاندیده‌كان له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا هه‌ڵبژاردنه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا یه‌كلایی بكاته‌وه، پێویستی به 27 ملیۆن ده‌نگ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی (50+1) به‌ده‌ست بێنێت. ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كاندیدی هاوپه‌یمانی كۆمار تێگه‌یشتووه كه ناتوانێ له گه‌ڕی یه‌كه‌م ئه‌م ژماره و رێژه‌یه به‌ده‌ست بێنێت، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه. له 14 ئایاری مانگی داهاتوو له توركیادا هه‌ڵبژاردنی 28 مین خولی په‌رله‌مانی توركیا ئه‌نجام ده‌درێت كه تیایدا پارت و بلۆكه سیاسیه‌كان پێشبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی 600 كوورسی له په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته‌دا. هه‌روه‌ها له هه‌مان رۆژدا گه‌ڕی یه‌كه‌مینی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئه‌نجام ده‌درێت. ژماره‌ی ده‌نگده‌ر و ئاماری هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر چیمان پێ ده‌ڵێن؟ به گوێره‌ی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا له‌ناوخۆی توركیادا 60 ملیۆن و 904 هه‌زار و 499 كه‌س مافی به‌شداریكردنیان هه‌یه، له هه‌ڵبژاردنی 14 ئایاری 2023 داهاتوودا. هه‌روه‌ها به گوێره‌ی هه‌مان دامه‌زراوه ژماره‌ی ده‌نگده‌ری تورك له ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئه‌م وڵاته 3 ملیۆن و 286 هه‌زار و 786 كه‌سه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ژماره‌ی ته‌واوی به‌شداربووان له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیادا ده‌گاته 64 ملیۆن و 690 هه‌زار و 785 كه‌س، كه نزیكه‌ی 6 ملیۆن ده‌نگده‌ر بۆ یه‌كه‌مین جاره ده‌نگ ده‌ده‌ن. به‌پشت به‌ستن به‌م ئاماره، ئه‌گه‌ر وه‌كو زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی پێشبینی ده‌كه‌ن، رێژه‌ی به‌شداربووان له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا له نێوان 85 – 90٪ بێت، ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن له نێوان 53 – 54 ملیۆن ده‌نگده‌ر ده‌بێت. به ره‌چاوكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش كه ده‌بێت كاندیدی سه‌ركه‌وتوو له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا (50+1) ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بێنێت، ده‌بێت كاندیدی براوه 27 ملیۆن ده‌نگ بێنێت. كاتێك به ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری ئێستا و كاندیدی هاوپه‌یمانی كۆمار دادهچینهوه، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتردا هیچ كاتێك نه‌گه‌یشتۆته ئه‌م ژماره‌یه‌ی ئه‌مڕۆ پێویسته بۆ سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی. له هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری له ساڵی 2014 دا، ئه‌ردۆغان 21 ملیۆن ده‌نگی هێنا، كه تیایدا مه‌هه‌په له دژی ئه‌ردۆغان ده‌نگی به كاندیدی ئه‌و كاته‌ی سه‌ركۆماری (ئهكمهلهدین ئیحسانئۆغڵو) دا كه رێژه‌ی به‌شداربوون تیایدا 75٪ بوو. له ریفراندۆمی ساڵی 2017 بۆ گۆڕینی سیسته‌می په‌رله‌مانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی، كه مه‌هه‌په و ئاكه‌په به یه‌كه‌وه بوون به‌ره‌ی "به‌ڵێ" بۆ گۆڕینی ده‌ستوور" كه ئه‌ردۆغان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد 25 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. هه‌روه‌ها له هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری دوای گۆڕینی ده‌ستوور و سیسته‌می په‌رله‌مانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی له ساڵی 2018 دا، ئه‌ردۆغان كه كاندیدی هاوبه‌شی ئاكه‌په و مه‌هه‌په بوو، توانی 26 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ست بێنێت. له به‌رامبه‌ریشدا ده‌نگه‌كانی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له ساڵی 2014 تا 2018 به‌م شێوه‌یه بووه. له هه‌ڵبژاردنی 2014 (ئهكمهلهدین ئیحسانئۆغڵو) كه كاندیدی هاوبه‌شی (جه‌هه‌په و مه‌هه‌په) بوو 15 ملیۆن و 500 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. هه‌روه‌ها (سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش) هاوسه‌رۆكی پێشتری هاداپ كه ركابه‌ری ئه‌ردۆغان و ئیحسانئۆغڵو بوو 4 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. له ریفراندۆمی ده‌ستوور له ساڵی 2017 به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن یان به‌ره‌ی "نه‌خێر" 23 ملیۆن و 700 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. ده‌كرا ئه‌نجامی ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ستووری نوێ، بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا ببێته وێستگه‌یه‌كی گرنگ له هه‌ڵبژاردنی گشتی 2018 دا، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن له‌و ئه‌نجامه ئه‌زموونی وه‌رنه‌گرت و به چوار كاندید به‌شداریان له هه‌ڵبژاردن كرد، كه دووباره سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغانی لێكهوتهوه. به‌پشتبه‌ستن به حزب و كاندیدی "فه‌یك" ئه‌ردۆغان هه‌وڵده‌دات هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه! به‌گوێره‌ی زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی و توێژینه‌وه، له ئێستادا ده‌نگه‌كانی ئه‌ردۆغان دابه‌زیووه بۆ 21 – 22 ملیۆن ده‌نگ كه ده‌كاته رێژه‌ی 42 – 43٪ ته‌واوی ده‌نگده‌ران. له به‌رامبه‌ردا، ده‌نگی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپه‌یمانی (میلله‌ت) به ده‌نگی پێشبینكراوی هاداپ كه 13٪ به 30 – 31 ملیۆن ده‌نگ له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، كه ئه‌م ژماره‌یه‌ش به‌سه بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی سه‌ركۆماری داهاتوو له گه‌ڕی یه‌كه‌مینی هه‌ڵبژاردندا. پێده‌چێت ئه‌ردۆغان دركی به‌م راستیه‌ی سه‌ره‌وه كردووه، بۆیه له ئێستادا ستراتیژی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌یه هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه. دووریشنیه ئه‌ردۆغان زۆر پێشتر به‌گوێره‌ی هه‌ڵومه‌رجی توركیا رێوشوێنی تایبه‌تی گرتبێته‌به‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته. به‌شێك له چاودێرانی سیاسی پێیانوایه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له ساڵی 2020 به‌دواوه كاری له‌سه‌ر دروستكردنی پارت و كاندیدی فه‌یك كردووه كه بتوانن ده‌نگه‌كانی ئۆپۆزسیۆن پارچه بكه‌ن. ئه‌مڕۆ به‌شێكی دیار له پسپۆران و چاودێرانی سیاسی، خۆ كاندید كردنی (محه‌ڕه‌م ئینجه و سینان ئۆغان) بۆ پێشبڕكێی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، به خزمه‌تكردنی ئهجنداكانی ئه‌ردۆغان و هه‌وڵی په‌كخستنی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سهركۆمار له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. پێشبینی ده‌كرێت له هه‌ڵبژاردنی 14 ئایاری داهاتوودا، محه‌ڕه‌م ئینجه كه پێشتر یه‌كێك بووه له فیگوڕه دیاره‌كانی ناو جه‌هه‌په و له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 كاندیدی ئه‌م پارته بووه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری، ده‌نگی به‌شێك له ده‌نگده‌رانی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو بۆ خۆی ببات. له‌هه‌مان كاتدا پێده‌چێت سینان ئۆغانیش كه پێشتر په‌رله‌مانتار و جێگری سه‌رۆكی مه‌هه‌په بووه، ژماره‌یه‌ك له ده‌نگی ده‌نگده‌رانی ئی پارتی ببات كه هاوپه‌یمانی جه‌هه‌په‌یه له‌ناو هاوپه‌یمانی میلله‌تدا. ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو كاندیده به‌یه‌كه‌وه بتوانن شه‌ش ملیۆن ده‌نگ بێنن، ئه‌وه سه‌ركه‌وتنی كلیچدارئۆغڵو له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا په‌كده‌خه‌ن. بۆچی ئه‌ردۆغان ده‌خوازێت هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بچێته گه‌ڕی دووه‌مین؟ پێناچێت له ئێستادا ئه‌ردۆغان هیچ هیوایه‌كی مابێت ده‌نگی نوێ به‌ده‌ست بێنێت، به‌ڵكو پاراستنی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌وله‌ویه‌ته، به تایبه‌تی كه زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌م فیگوڕه ناتوانێت له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا ده‌نگی 2018 به‌ده‌ست بێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه (ئه‌گه‌ر هیچ كاندیدێك 50+1 به‌ده‌ست نه‌هێنێت) ئه‌وه له 28 ئایاردا گه‌ڕی دووه‌مینی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت، تیایدا دوو كاندید كێبڕكێ ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی ده‌نگی زیاتر به‌ده‌ست بێنێت ده‌بێته سه‌ركۆماری داهاتووی توركیا. ئه‌ردۆغان پێیوایه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكه‌وێته گه‌ڕی دووه‌مین و ژماره‌ی كوورسی پارته سیاسیه‌كان له په‌رله‌ماندا دیاربێت، مه‌سه‌له‌ی (سه‌قامگیری) و (ئاسایش) ده‌بێته ئه‌وله‌ویه‌تی ده‌نگده‌ر كه ئه‌مه‌ش به قازانجی خۆی ده‌بینێت، لاوازیش بێت هیوای له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنێت. به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌لبژاردن بڵاوی كردۆته‌وه، له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا 6 ملیۆن ده‌نگده‌ر هه‌یه كه بۆ یه‌كه‌مین جار ده‌چنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، هه‌روه‌ها 20 ملیۆن ده‌نگده‌ر ته‌مه‌نیان له خوار 30 ساڵیه. به ره‌چاوكردنی دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی توركیا كه گیرۆده‌ی چه‌ندین قه‌یران هاتووه، ئه‌گه‌ر له رووی سۆسیۆلۆژیه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه له‌م 26 ملیۆن ده‌نگده‌ره كه‌مترین ده‌نگ بۆ ئه‌ردۆغان و هاوپهیمانیهتیهكهی ده‌چێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه جارێكی دیكه ده‌گه‌ینه‌وه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه زه‌حمه‌ته ئه‌ردۆغان بگاته‌وه رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ساڵی 2018. له چه‌ند ئه‌گه‌رێكدا، ئه‌ردۆغان ده‌توانێ هاوسه‌نگی هه‌ڵبژاردن له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا بگۆڕێت، یه‌كێك له‌و ئه‌گه‌رانه، وه‌كو پێشبینی ده‌كرێت رێژه‌ی به‌شداریكردنی هه‌ڵبژاردن (85-90٪) نه‌بێت به‌ڵكو له خوار ئه‌م رێژه‌یه بێت. به واتایه‌كی دیكه هه‌رچه‌ند رێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن كه‌متر بێت ئه‌وه له قازانجی ئه‌ردۆغان دایه. چونكه له هه‌موو دۆخێك‌دا ئه‌ردۆغان و هاوپه‌یمانانی ده‌توانن ده‌نگده‌رانیان ببه‌نه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان. به‌ر له بۆمه‌له‌رزه‌ی 6 شوباتی رابردوو كه 11 شاری توركیای گرته‌وه و زیاتر له 50 هه‌زار كه‌سی كرده قوربانی و به ملیۆنان كه‌سیشی بێ ماڵ و حاڵ كرد، ناوه‌نده‌كانی راپرسی رێژه‌ی به‌شداریكردنیان له هه‌ڵبژاردن به (75 – 80٪) مه‌زه‌نده ده‌كرد. ناوه‌نده‌كانی راپرسی هه‌ڵكشانی رێژه‌ی به‌شداربوون له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بۆ رۆحی هاوكاری و به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌ومان ده‌گێڕنه‌وه كه له رۆژانی دوایی روودانی بۆمه‌له‌رزه‌كه هاته ئاراوه. جگه له خراپی ئیداره‌دانی حكوومه‌ت، گه‌نده‌ڵی، پووكانه‌وه‌ی ئابووری، هۆكارێكی دیكه‌ش له ئارادایه بۆ دابه‌زینی رێژه‌ی ده‌نگی ئه‌ردۆغان كه له هه‌ڵبژاردنی سالی 2018 ئه‌م هۆكاره له ئارادا نه‌بوو. له‌دوای ساڵی 2018 دوو پارتی سیاسی له جه‌سته‌ی ئاكپارتی بوونه‌وه كه ئه‌وانیش (پارتی گهلهجهك كه ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی و پێشكه‌وتن كه عه‌لی باباجان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات) و رێژه‌ی ده‌نگی هه‌ردووكیان به یه‌كه‌وه به 5٪ پێشبینی ده‌كرێت. دوو ئه‌گه‌ری دیكه له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان بتوانی باری لاسه‌نگی راست بكاته‌وه، ئه‌ویش ترساندنی ده‌نگده‌ری كورده له شاره‌كانی باكووری كوردستان تا له رۆژی هه‌ڵبژاردن نه‌چنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بۆ كلیچدارئۆغڵو نه‌ده‌ن. ره‌نگه په‌لكێشكردنی (هودا – پار) بۆ ناو هاوپه‌یمانی كۆمار به ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بێت. چونكه ئه‌م پارته به باڵی سیاسی (حزبولڵا) له قه‌ڵه‌م ده‌درێت كه له‌ناو به‌شێكی زۆری كوردانی باكووردا به (حزبی شه‌یتان) ناسراوه و له هه‌ردوو ده‌یه‌ی هه‌شته‌مین و نۆیه‌مینی سه‌ده‌ی رابردوو هه‌زاران هاوڵاتی كوردیان له كرده‌وه‌ی بكه‌ر نادیاردا كرده قوربانی. ئه‌گه‌رێكی دیكه كه هاتنه‌دی زه‌حمه‌ته، لێكترازان و پارچه‌بوونی هاوپه‌یمانی میلله‌ته، كه له‌م ساته به‌دواوه زۆر زه‌حمه‌ته ئه‌گه‌ر مه‌حاڵیش نه‌بێت. چونكه خاڵی هاوبه‌شی هه‌ر شه‌ش پارته‌كه‌ی ناو هاوپه‌یمانی میلله‌ت، دوورخستنه‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه له ده‌سه‌ڵات و كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار. هه‌ر پارتێك له‌م ساته به‌دواوه له‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه وه‌كو ئه‌وه‌یه بڕیاری خۆ كوشتنی خۆی بدات. به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا ئه‌ردۆغان به‌ده‌ست چیه‌وه ده‌ناڵێنێت! دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له ساڵی 2003 هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تی، په‌رله‌مانی و خۆجێیه‌كان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا. له هه‌موو ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ش چه‌كی ده‌ستی ئه‌ردۆغان بریتی بووه له به‌كارهێنانی ئایین و پشتگیریكردنی له‌لایه‌ن جه‌ماعه‌ته ئایینیه‌كان كه كاریگه‌ریه‌كی هێجگار گه‌وره‌یان هه‌یه، جگه له‌وه‌ش به‌كارهێنانی هێزی ده‌سه‌ڵات و تواناكانی میلله‌ت له پاره بگره تا راگه‌یاندن چه‌كێكی دیكه‌ی كاریگه‌ری ده‌ستی ئه‌ردۆغان بووه، جگه له‌م دوو چهكهش ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام گفتی چاره‌سه‌ری كێشه ئاڵۆزه‌كانی توركیا به گوێی ده‌نگده‌ر چرپاندووه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی به‌باشی به‌كارهێناوه. له هه‌مان كاتدا ئۆپۆزسیۆنی دژ به ئه‌ردۆغان جگه له په‌رشوبڵاوی، به‌ده‌ست كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌ناڵاند. ئۆپۆزسیۆن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یتوانی توێژی موحافهزهكاری توركیا كه نزیكه‌ی 40٪ هه‌موو ده‌نگده‌رانی توركیا پێكدێنێت رازی بكات یان متمانه‌یان پێبدات كه ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می به‌ر له ئه‌ردۆغان له دژیان كراوه دووباره نابێته‌وه. له ئه‌مرۆدا ئه‌ردۆغان به‌ده‌ستی چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌ش ده‌ناڵێنێت كه گه‌یشتنی به ده‌نگه‌كانی ساڵی 2018 ئاسته‌نگ ده‌كات، ئه‌و كێشانه‌ش بریتین له: كێشه‌ی ئابووری، گه‌نده‌ڵی، به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی دیموكراسی و ئازادی تا راده‌ی نه‌مان، ئه‌و كێشانه‌ی له‌دوای بۆمه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌م دوایه تووشی هاتووه له‌گه‌ڵ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد و په‌نابردن بۆ زیندان و سزادان بۆ كپكردنه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی ئه‌م كێشه‌یه. جگه له‌م كێشانه‌ی سه‌ره‌وه، له ئه‌مڕۆدا سروشتی رێكخراوه‌یی و كاره‌كته‌ره‌كانی ناو ئاكه‌په گۆڕاوه. كادیره‌كانی ئاكپارتی له ساڵانی 2002، 2007 و تا ساڵی 2011 بۆ رازیكردن و به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگده‌ر ماڵ به ماڵ ده‌گه‌ڕان. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌م ئاره‌زووه له كادیرانی ئاكه‌په نابیندرێت. دوێنی كادیر و ئۆرگانه‌كانی ئاكه‌په بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغان هه‌موو رێگایه‌كیان ده‌گرته‌به‌ر. به‌ڵام كادیرانی ئه‌مڕۆ كادیری مشه‌خۆر و به‌رژه‌وه‌ندیخوازن. بۆ نموونه له پێناو ده‌ستخستنی ته‌نده‌ری ئه‌و باڵاخانانه‌ی بۆمهلهزره وێرانی كردوون، به‌رپرسانی ئاكه‌په چه‌ندین شێوازی گهندهڵكاریان ئه‌نجامداوه، نرخی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونیان به‌رز كردۆته‌وه، هه‌موو ئه‌مانه‌ش سۆسیال میدیا و تیڤیه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیان ته‌نیووه‌ته‌وه. له ئێستادا له پشت ئه‌ردۆغان پارتێكی به دسپلین و به نه‌زاكه‌ت نه‌ماوه. له رووی كه‌سانی ئهنتهلـلهكتوێل و پسپۆریشدا لاوازیه‌كی دیار ده‌بیندرێت، كه‌سانی بیرمه‌ند و به توانا كه له‌ناوه‌ندی بڕیاری ئاكه‌په‌دا جێ په‌نجه‌یان دیاربوو، ریزه‌كانی ئه‌م پارتهیات جێهێشتووه. تا ده‌چێت له رووی چۆنایه‌تی كادیرانی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا لاوازتر ده‌بن، ته‌نیا جۆره كادیرێك له‌ناو ئه‌م پارته ده‌بیندرێت ئه‌ویش ئه‌و كادیرهیه كه ئه‌ردۆغان به پیرۆز له قه‌ڵه‌م ده‌دات. ئه‌م دۆخه‌ش تا بڵێی ئه‌ردۆغانی له رووی ده‌روونی، هزری و له‌وانه‌یه جه‌سته‌یش شه‌كه‌ت كردووه. له به‌رامبه‌ر ئه‌م لاوازی و شهكهتیهی كه ئه‌ردۆغان به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت، ركابه‌ره‌كانی ئه‌ردۆغان فێری زۆرشت بوونه له ئه‌زموونه‌كانی رابردوویاندا. كه‌مال كلیچدارئۆغڵو كه له ئه‌مڕۆدا گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر دواڕۆژی سیاسی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می سووره له‌سه‌ر یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا، ئه‌م سووربوونهشی به ترس له ركابه‌ره‌كه‌ی ده‌به‌سترێته‌وه، چونكه له چه‌ندین وێستگه‌ی دیكه‌دا كه ئه‌ردۆغان له په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگی سیاسی‌دا بوو هاوسه‌نگیه‌كانی گۆڕی و ئه‌نجامه‌كانی به‌لای خۆیدا شكانده‌وه.
درەو: دوای كۆتایی هاتنی ماوەی تانە لێدان, ڕۆژنامەی فەرمی توركیا لیستی كۆتایی ناوی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بڵاوكردەوە, (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ و موحەرەم ئینجەو سەنان ئۆغان) ناویان لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە, لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردنیش بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە, مۆڵەتی تا ڕۆژی (9)نیسانی داهاتوویان لەبەردەستدایە, بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان. ئەمڕۆ كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەتوركیا دەستیپێكرد, دوای ئەوەی بەفەرمی ناوی ئەو كاندیدانە ڕاگەیەندرا كە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكەن و بڕیارەی ڕۆژی (14)ی ئایاری ئەمساڵ لەتوركیا بەڕێوەبچێت. كاندیدەكانی سەرۆكایەتی •ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: كاندیدی هاوپەیمانی (كۆمار), كە پارتەكانی داد‌و گەشەپێدان و بزوتنەوەی نەتەوەیی و یەكێتی گەورەو ڕەفاهی نوێ لەخۆ دەگرێت, پارتی (هودا بار)ی كوردیش كە پارتێكی ئیسلامیە پشتیوانی دەكات. •كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ: كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت), كە لەلایەن پارتەكانی گەلی كۆماری و باش و سەعادەت و ئایندەو دیڤا و پارتی دیموكراتەوە پشتیوانی دەكرێت, هاوپەیمانی (كار‌و ئازادی)یش پشتیوانی دەكات, كە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) گەورەترین پارتەكانێتی. •سەنان ئۆغان: كاندیدی هاوپەیمانی (ئەتا) كە پارتی سەركەوتن بە سەرۆكایەتی (ئومیت ئوزداغ) رێبەرایەتی ئەم هاوپەیمانێتییە دەكات‌و چەند پارتێك لە نمونەی پارتی (حەقیقەت) لەخۆدەگرێت. •موحەرەم ئینجە: سەرۆكی پارتی (نیشتمان) كە ماوەی چوار خول ئەندامی پەرلەمانی توركیا بووەو لەپارتی گەلی كۆماری جیابووەتەوە. لەڕۆژنامەی فەرمی بڵاوكرایەوە دوای كۆتایی هاتنی ماوەی تانە لێدان ڕۆژنامەی فەرمی توركیا لیستی كۆتایی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بڵاوكردەوە, كە ناوی ئەو چوار كاندیدە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە. یەكلابونەوەی ناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا لەكاتێكدایە, لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە, مۆڵەتی تا ڕۆژی (9)نیسانی داهاتوویان لەبەردەستدایە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان. هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا, بە هەڵبژاردنێكی سەخت و یەكلاكەرەوە دادەنرێت بۆ پارتە سیاسیەكانی ئەو وڵاتە, پێشبینی دەكرێت كێبڕكێی سەرەكی لەنێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی (كۆمار)و كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت)دابێت. ڕاپرسیەكانی مانگی ئازار بە گوێرەی (9) راپرسی كە لە توركیا ئەنجامداراوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا شكست دەهێنێت، لە دواین ڕاپرسیدا كە كۆمپانیایەكی توركی ڕۆژی (14)ی ئازار ئەنجامیداوە, هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دەچێتە خولی دووەم, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%ی دەنگەكان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێژەی 43.1% دەنگەكان بەدەستدەهێنێت, بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاریش كە لەومایەوەدا بڵاوبوتەوە ئەوە ئاشكرادەكات, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بە (9) خاڵ لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, بەپێی لێكۆڵینەوەكە ڕێژەی دەنگەكانی قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5% و ڕێژەی دەنگەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5%. بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا, كە بڕیارە ڕۆژی (14)ی ئایاری (2023) لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت و لەلایەن (9)كۆمپانیای جیاوازی تایبەت بەبواری ڕاپرسیەوە ئەنجامدراوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت(ئۆپۆزسیۆن) بەڕێژەی جیاواز لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمارەوەیە. خشتەی ڕاپرسیەكان و ڕێژەی دەنگی كاندیدەكان و ناوی كۆمپانیاكانی ڕاپرسی: كۆمپانیای) (AVRASYA: كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 53.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 39.7% كۆمپانیای (MAK): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 47%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42% كۆمپانیای (PAPORU): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5% كۆمپانیای (AR-G): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.1% كۆمپانیای (AKSOY): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.6%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.4% كۆمپانیای (PIAR): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 57.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42.9% كۆمپانیای (ALF): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.9% كۆمپانیای (ORC): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 56.8%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.6% كۆمپانیای (SAROS): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 45.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.2% هەڵمەتێكی چڕ‌و ئارام دەبێت چاوەڕواندەكرێت بەپێچەوانەی ڕابردوو, بەهۆی كارەساتی بومەلەزەكەی ئەم دوایەو هاتنی مانگی ڕەمەزان, هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن چڕ‌و ئارامتربن, كاندیدەكان كە بەكارهێنانی میوزیكیان لەهەڵمەتەكانیاندا قەدەغەكردووە, بەشێوەیەكی گشتی چاو دەخنە سەر دیدارە ناوخۆییەكان و پرۆگرامەكانی بەربانگ زیاتر لەگردبونەوەی جەماوەری. پێدەچێت لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزاندا كاندیدەكان هەڵمەتەكانیان چڕتر بكەنەوەو لەقۆناغی دەركەوتنی میدیایی و بەشداریكردن لەبۆنە كۆمەڵایەتی و ئاینیەكانەوە, بڕۆن بەرەو ڕێكخستنی گردبونەوەی جەماوەری لەسەرانسەری ویلایەتەكانی توركیا.