رۆژنامەیەكی ئەمریكی: ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەنكەرەو ئیسرائیل زیادیكردووە
2024-01-06 08:40:23
درەو:
رۆژنامەی (The Cradle):
🔹ئاستی هەناردەكردن لەنێوان توركیا بۆ ئیسرائیل بە رێژەی (34.8%) بەرزبووەتەوە, لەگەرمەی لێدوانە توندەكانی ئەنكەرە كە ئیدانەی هێرشەكانی تەلئەبیب دەكات لە غەزە.
🔹هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی پار (319.5) ملیۆن دۆلار بووە, لەمانگی كانونی یەكەمدا بەرزبووەتەوە بۆ (430.6) ملیۆن دۆلار, بڕەكەی مانگی تەمموزی ساڵی رابردویشی تێپەڕاندووە كە (408.3) ملیۆن دۆلار بووە, پێش دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی تۆفانی ئەقسا.
🔹ئیبراهیم قەهوەچی, پسپۆڕی ئابوری دەڵێت: نەتەوەیی تورك دیمەنێكی لەرق و توڕەیی پیشاندا, لەكاتێكدا كارەكان لەپشتی دەرگا داخراوەكانەوە بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەچن.
🔹رەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆك كۆماری توركیا پێشتر رایگەیاندبوو, پێویستە بنیامین ناتانیاهۆ دادگایبكرێت, هەروەك چۆن سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ دادگایكرا.
🔹قەهوەچی دەڵێت: بیلالی كوڕی ئەردۆغان بەم دواییە داوای لەگەلی توركیا كرد بایكۆتی ئیسرائیل بكەن, لەكاتێكدا بوراكی برای خاوەنی ئەو كەشتیانە كە بەشێوەیەكی بەردەوام كەرەستە بۆ ئیسرائیل رەوانە دەكەن.
🔹لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوو, رۆژنامەنوس مەتین جیهان, پەیوەندییەكانی نێوان بوراك ئەردۆغان و كۆمپانیا ئیسرائیلیەكانی ئاشكراكرد, كە پوختەی قسەكانی ئەمەیە: "لەكاتێكدا سەرۆك ئەردۆغان لە (17) تشرینی یەكەم ئیدانەی بۆردومانی نەخۆشخانەیەكی كرد لە غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە, كۆمپانیاكەی بوراكی كوڕی, سەرقاڵی بارداگرتن بوو لە بەندەرێكی ئیسرائیل".
🔹"لە (28) تشرینی یەكەم, كاتێك ئەردۆغان رەخنەی لە ئیسرائیل دەگرت و داوای لەخەڵك دەكرد خۆپیشاندان بكەن, كەشتیەكەی كوڕەكەی لە گەروی شاخی تارق بە بارەكەیەوە بەرەو ئیسرائیل دەپەڕیەوە.
🔹دوای ئاشكرابوونی پەیوەندیەكانی خانەوادەی ئەردۆغان لەگەڵ كۆمپانیا ئیسرائیلیەكان لەسەرەتای مانگی كانونی یەكەمی ساڵی پار, هاكان فیدان, وەزیری دەرەوە, بەرگری لەو پەیوەندیە بازرگانیە دووقۆڵییەی نێوان توركیاو ئیسرائیل كردو وتی: ئەو پەیوەندییانە هیچ زیانێك بە كێشەی فەلەستین ناگەیەنێت.
🔹رۆژنامەنوس مەتین جیهان, ئەوەشی ئاشكراكردووە, ئەو بارانەی توركیا بۆ ئیسرائیلی رەوانە كردوون چەكیشی لەخۆگرتووەو كاری نێوان كۆمپانیا توركی و ئیسرائیلیەكانیش بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەچوون, سەرەڕای پەیامە توندەكانی ئەنكەرە دژی تەلئەبیب.
🔹پەیمانگای ئاماری توركیا (TurkStat) ئاماژە بەوەدەكات: هەناردەكردنی چەك لە ئەنكەرەوە بۆ تەلئەبیب سەرەنج راكێش بووە, لەمانگی تشرینی یەكەمدا توركیا بە بەهای (105) هەزار دۆلار چەكی بۆ ئەنكەرە رەوانە كردووە, لەساڵی (2023) كۆی بڕی هەناردەكردن گەیشتووەتە (823) هەزارو (112) دۆلار, كە چەكی سوك و پارچەی یەدەگی لەخۆگرتووە.
🔹لەگەڵ ئەوەشدا توركیا ئیدانەی كردەوەكەی (7) تشرینی یەكەمی نەكردووە لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە ئەنجامدرا, ئەردۆغان ناتانیاهۆی بە هیتلەر چواند بەهۆی ئەو تاوانەی ئیسرائیل لە كەرتی غەزە ئەنجامیدەدات.