سوپای پاسداران کۆنترۆڵی کورسی سەرۆکایەتی کۆمار دەکات؟

Draw Media

2024-06-18 10:42:37



درەو:
 

🔹 ئێرانییەکان بەرەو چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاو دەنێن، رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، نۆیەم سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەڵدەبژێرن.
🔹 لە نێو (6) پاڵێوراودا، دوو پاڵێوراویان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، پاڵێوراوێکیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، پەیوەستن بە سوپای پاسداران و ناوەندەکانی ژێر هەژمونی سوپاوە.
🔹 ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی و ڕێبەرانی سەرەکی ڕێژیم پێیان وایە ئەو دەستکەوتانەی لە ئێراندا بەدەست هاتوون، وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، لەو شوێن و ناوچانەیە کە سوپای پاسداران تێیدا چالاکییە.
🔹 رژێم هەوڵدەدات پۆستی زیاتر ڕادەستی سوپای پاسداران بکات.
🔹 پێدەچێت خواستی ڕژێم زیاتر مەیلی بەرەو سپاردنی پۆستی سەرۆکایەتی بە کەسێکی وەک (قالیباف) بێت، بۆ ئەوەی ڕێگە خۆشبکات بۆ هێنانە پێشەوەی کەسایەتییەکی وەک موجتەبا خامنەئی (کوڕی ڕێبەر) وەک سێیەم سەرکردەی ئێران دوای (ڕێبەر و سەرۆکی کۆمار).

پاڵێوراوەکانی چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێران
ئێرانییەکان بەرەو چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاو دەنێن، رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، نۆیەم سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەڵدەبژێرن.
لەدوای ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆمار (ئیبراهیم ڕەئیسی) لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ و گیانلەدەستدانی خۆی و سەرنشینەکان،  ئێرانی خستە بەردەم جۆرێک لە ئاڵنگاری ناوخۆیی و دەرەکی، پەیوەست بە پرۆسەی گواستنەوە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دۆسییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان. ئەنجومەنی پاراستنی دەستوریش ناوی شەش پاڵێواوی پەسەند کرد کە ڕکابەری دەکەن بۆ پڕکردنەوەی کورسی سەرۆک کۆمار، ئەوانیش:
1.    عەلیرەزا زاکانی: (بناژوخواز)، لە ئێستادا پۆستی سەرۆکی شارەوانی تاران بەدەستەوەیە، پێشتر سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی شورا بووە، پێشتریش نوێنەری شاری تاران بووە لەو ئەنجومەنەدا.
2.    سەعید جەلیلی: (بناژوخواز)، ئەندامی ئەنجومەنی ستراتیژی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام. ئەو وەک ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کاری کردووە، هەروەها سەرۆکایەتی تیمی دانوستانکاری دانوستانەکانی ئەتۆمی کردووە لە سەردەمی (ئەحمەدی نەژاد)دا.
3.    ئەمیرحوسێن قازیزادە هاشمی: (بناژوخواز)، پزیشک و سیاسەتمەدار، وەک یاریدەدەری سەرۆکی کۆمار و بەرپرسی دەزگای شەهید کاری کردووە.
4.    حوجتولئیسلام مستەفا پورمحەمەدی: (بناژوخوازی میانڕەو)، سیاسەتمەدار، پێشتر پۆستی وەزیری دادی هەبووە، پێش ئەوەش یاریدەدەری وەزیری ئیتلاعات بووە لە وەزارەتەکەی (عەلی فەلاحیان)، لە خولی یەکەمی حکومەتەکەی (مەحمود ئەحمەدی نژاد)یشدا بووە وەزیری ناوخۆ. ئێستا وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی پیاوانی باڵای ئاینی کاردەکات.
5.    محەمەد باقر قالیباف: (بناژوخواز)، بۆ جاری دووەمە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی شورا دەکات.
6.    مەسعوود پزشکیان: (ریفۆرمخواز)، وەک وەزیری تەندروستی لە حکومەتەکەی (محەمەد خاتەمی)دا کاری کردووە.

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران لە ژێر ڕۆشنایی دروشمەکانی هەڵبژاردن
تاکە کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکان (پزشکیان)، دروشمێکی هەمەلایەنە و کورتی دوو وشەیی (لەپێناو ئێران)ی بەکارهێنا، دروشمێک کە هەم بەڵێن و هەم ڕەخنەی تێدایە. هاوکات دروشمی (سەعید جەلیلی) درێژترەو گوزارشت لە کەسایەتییەکەی دەکات، لە کاتێکدا باقی کاندیدەکان سەرنجیان لەسەر خزمەتگوزاری، دادپەروەری، خێزان، نیگەرانییەکان و بژێوی خەڵکە.
دروشمی سەرەکی شەش کاندیدەکە بەم شێوەیە یە:
1.    پزشکیان: لە پێناو ئێراندا.
2.    پور محەمەدی: حکومەتی سەقامگیر؛ دادپەروەری سەروەت و سامان، هێز.
3.    جەلیلی: جیهانێک لە دەرفەت، ئێران باز دەدات؛ هەموو ئێرانییەک ڕۆڵێکی گەورەی هەیە.
4.    زاکانی: حکومەتی خزمەت.
5.    قازی زادە: حکومەتی گەل و خێزان.
6.    قالیباف: خزمەت و پێشکەوتن.
لە خولەکانی پێشوودا محەممەد عەلی ڕەجائی (لە ئابی 1981 لە بۆردومانی باڵەخانەی سەرۆکایەتیدا کوژرا) تاکە کەس بوو کە دروشمی هەڵبژاردنی نەخستەڕوو، بەڵام شێوازی ژیانی و خۆنەویستی و سادەیی ژیان و سیماکەی ڕەنگدانەوەی گەورەی لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن هەبوو، ئەو مۆدێلە تا ئەمڕۆش لە زهنی ئێرانییەکاندا ماوەتەوە، لایەنگرانی ئەحمەدی نژادیش بەو کەسایەتییە دەشوبهێنن.
پێش (ڕەجائی)یش (بەنی سەدر) دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیەتی کردە دروشمی خۆی کە بەگشتی ئەو دروشمانە دروشمی شۆڕشە سەرکەوتووکەی وڵاتەکە بوو، (بەنی سەدر)یش یەکەم سەرۆک کۆماری دوای شۆڕشە سەرکەوتووەکەی ئێران هاتە سەر کوردسی سەرۆک کۆمار.
خامنەئی تیشکی خستە سەر حکومەتێکی ئیسلامی کە توانای بانگهێشتکردنی خەڵکی هەیە بۆ بیرکردنەوە. سەبارەت بە ڕەفسنجانی، دروشمەکەی لە ژێر کاریگەری هاتنە دەرەوەی ئێران بوو لە جەنگی (8 ساڵ)ەی لەگەڵ عێراق بوو: با پێکەوە کاربکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران و تیشکی خستە سەر(ئابووری و پەرەپێدان). خاتەمی دروشمی (گرنگیدان بە گەشەسەندنی سیاسی) بەرزکردەوە، کە لە سەردەمی ڕەفسەنجانیدا لە ڕێگەی "سبەینێیەکی باشتر بۆ ئێرانی ئیسلامی" پشتگوێ خرابوو، خرانەڕوو.
ئەحمەدی نژاد بە ڕوونی باسی لە پێویستییە ئابوورییەکانی خەڵک کرد، دوای شکستی حکومەتەکانی پێشوو لە دابینکردنی چارەسەری پێویست بۆی، بەڵێنیدا کە "داهاتی نەوت بخاتە سەر سفرەی ئێرانییەکان".
ڕوحانی دووبارە جەختی لە (گەشەپێدانی ئابووری و دیپلۆماسییەتی کارا) کردەوە، تیری ڕەخنەی ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی (ئەحمەدی نەژاد) کرد، پرسی سەقامگیری سیاسی و ئابووری لە دروشمی ئیبراهیم ڕەئیسیدا بە ڕوونی دەرکەوت، لەگەڵ بەڵێنی ڕەخساندنی هەلی کار: ئێرانێکی بەهێز و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان .
ئێران سیانزە خولی هەڵبژاردنی تەواو کردووە و بەرەو چوادەیەمین خۆل هەنگاو دەنێت، نوخبەی سیاسی وڵاتەکە لە تاقیکردنەوەیەکی سەختتردا لە بەردەم دەنگدەرێکی ئێرانی کە دڵخۆشکردنی ئاسان نییە، ئەزموون و تاقیکردنەوە دەکەن. ڕەنگە دابەزینی ڕێژەی دەنگدان ئاماژەیەک بێت بۆ هەڵوێستی ئەم دەنگدەرانە بەرامبەر بە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران.
تایبەت بە مێژووی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕێژەی بەشداری دەنگدەران بڕوانە (خشتەی یەکەم).

 

 


دۆخی کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار
خولەکانی پشووی هەڵبژاردن، ڕەنگدانەوەی جۆرێک لە کێبڕکێ بووە، کە ئێران لەگەڵ هەر خولێکی هەڵبژاردندا رووبەڕووی بووەتەوە، هەندێک خول پەسەندکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کاندیدەکان نیشان دەدات، هەندێکجاریش سنووردار کراون بە ژمارەیەکی کەمی کاندید بەپێی ئەو سیاسەتەی کە ئەنجومەنی پاراستنی دەستور پەیڕەوی کردووە.
بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت بەجۆرێک باس لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بکرێت کە ئاستێکی کێبڕکێ لە خولێکدا زیاد دەکات و لە خولێکی تردا دادەبەزێت، ئەمەش بەندە بە میکانیزمەکانی کێبڕکێی ناوخۆیی و سەرهەڵدانی هێز و کۆتلەی دیکە لەسەر حیسابی کوتلەیەکی تر. زۆر جاریش بۆ ڕاگرتنی بەرژەوەندییەکان کاندیدێک یان چەند کاندیدێک بۆ بەرژەوەندی بەرەیەکی سیاسی دەکشێنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر داینامیکی و ڕەوتەکانی هەر هەڵبژاردنێك دەبێت. بە گشتی (خشتەی دووەم) تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی کێبڕکێی سیاسی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە هەڵبژاردنەکاندا دەخاتە ڕوو.
 

 


سوپای پاسداران و پۆستە سیادییەکان
ئاماژەگەلێک هەن کە وا نیشان دەدەن ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەرەو ڕادەستکردنی زیاتری پۆستە هەستیار و پێگە سیادییەکانی وڵاتەکە بە سوپای پاسداران بسپێرن لە نێویشیاندا پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.
لە نێو (6) پاڵێوراوەکەدا، دوو پاڵێوراویان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، پاڵێوراوێکیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، پەیوەستن بە سوپای پاسداران و ناوەندەکانی ژێر هەژمونی سوپاوە، ئەوانیش؛ (محەمەد باقر قالیباف) کە یەکێک بووە لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، و (عەلی ڕەزا زاکانی) سەرۆکی شارەوانی تاران کە پێشتر لە سوپای پاسداران پۆستی باڵای هەبووە، هەروەها (سەعید جەلیلی) کە لەلایەن "بەرەی خۆڕاگری" بە سەرۆکایەتی (سدیق مەحصولی) فەرماندەی پێشووی فەیلەقی شەشی سوپای پاسداران پشتیوانی لێدەکرێت.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیازی ئەوەیە، بۆ یەکەمین جار، پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار ڕادەستی سوپای پاسداران بکات؟
تا ئەم ساتە ژمارەیەکی زۆر بواری بەرفراوان لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسداراندایە، ڕێژەیەکی زۆر لە میدیا و دەزگاکانی هەواڵ و ئاژانس و ڕۆژنامە و تەنانەت سیاسەتی دەرەوەشی کۆنترۆڵ کردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە ڕۆڵی ناوچەیی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە، ئەوە جگە لە کۆنترۆڵکردنی دەزگا گەورەکانی ئابووری و بوارەکانی وەرزش _بە تایبەتیش تۆپی پێ_، هەروەها دەستی گرتووە بەسەر دامەزراوە کولتوورییە بەهێزەکانی وەک سینەما، زۆر بە کورتی دەکرێت ئاماژە بەوە بکەین سوپا کاریگەریی لەسەر چوار بوارى سەرەکیی هەیە، ئەوانیش: چەک، هەواڵگری، پارە و میدیا.
جگە لەوەش سوپای پاسداران پۆستە بنەڕەتی و گرنگەکانی وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆنترۆڵ کردووەو ئەم پۆستە ماوەی (16) ساڵە لەلایەن سەرکردەکانی سوپاوە قۆرغ کراوە، کە لە ئێستادا (محەمەد باقر قالیباف)ەوە سەرۆکایەتی دەکات، لەکاتێکدا پێشتر لەلایەن (عەلی لاریجانی) سەرکردەیەکی پێشووی سوپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەبرا.
ئەم هەنگاوانە نیازی ڕێژیم بۆ ڕادەستکردنی پۆستە سیادییە گرنگەکان بە سوپای پاسداران ئاشکرا دەکات و بەشێک لە چاودێران پێیان وایە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماریش بە سوپای پاسداران دەستپێردرێت.
ئەمە شتێکی سەیر نییە؛ وەک چۆن لە ئێستادا سوپای پاسداران زۆرینەی پۆستە گرنگەکانی کۆنترۆڵ کردووە، وەک؛
-    پۆستی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی (عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان -  سەرکردە لە سوپای پاسداران).
-    سەرۆکی پەرلەمان (محەمەد باقر قالیباف – سەرکردە لە سوپای پاسداران).
-    سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم (محەمەد باقر زولقەدر - سەرکردە لە سوپای پاسداران).
-     سەرۆکی شارەوانی تاران (عەلی ڕەزا زاکانی - سەرکردە لە سوپای پاسداران).
-    ئەمینداری کۆمیتەی سیاسی و ئەمنی لە ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم و بەرپرسی ڕاستەقینەی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران (عەلی شەمخانی) کە هاوکات سەرکردەیەکی پێشووی سوپای پاسداران بووە.
-     فەرماندەی پۆلیسی ئێران (ئەحمەد ڕەزا رادان) سەرکردە لە سوپای پاسداران و سەرۆکی سێ دەزگای هەواڵگری، ئەوانیش؛ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کە (محەمەد کازمی – سەرکردە لە سوپای پاسداران) بەڕێوەی دەبات، هەروەها وەزارەتی ئیتلاعات (ئیسماعیل خەتیب)، ڕێکخراوی ئیتلاعات و پۆلیس (غوڵام ڕەزا ڕەزاییان).
-    وەزیری ناوخۆ (ئەحمەد وەحیدی).
-    سەرۆکی ئاسایشی ناوخۆ (مەجید میر ئەحمەدی).
-    فەرماندەی بارەگای (ساروڵڵا) وەک گرنگترین بارەگای ئەمنی و بەرپرسی ئاسایشی پایتەخت، سەرکردە لە سوپای پاسداران (حسێن نەجات).
-    فەرماندەی پاسەوانانی ڕێبەر (حەسەن مەشروعی فەر)
-    وەزیری جەنگ (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی سوپای قودس ی سەر بە سوپای پاسداران.
بەم شێوەیە تێبینی دەکرێت کە سەرکردایەتی زۆربەی پێگە هەستیار و گرنگەکان لەلایەن سوپای پاسداران و سەرکردەکانیەوە کۆنترۆڵ کراوەو سەرکردەکانی سوپای پاسداران لە یەک کاتدا چەندین پۆستیان هەیە، وەک پۆستی سەرۆکی دەستی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکان (محەمەد باقری) سەرۆکایەتی دەکات. بەرپرسی بارەگای (خاتەم ئەلئەنبیا) کە گرنگترین بارەگای سەربازییە لە وڵاتدا لە دەستی فەرماندەی سوپای پاسداران (غولام عەلی ڕەشید)دایە، بەرپرسی توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (ئەمیر عەلی حاجی زادە)یە.
سێ هەڵبژاردنی ڕابردووی ئێران شاهیدی ئەوە بووە، ڕژێم بەم ئاراستەیە کاردەکات و هەوڵی بە سەربازی کردنی دەسەڵات و قەتیسکردنی پێگە سیادی و هەستیارەکان لە سەرکردایەتی سوپای پاسداران دەدات.
لە ڕووی دەروونیشەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ڕژیم بۆ ئەم بیرۆکەیە ئامادەیە. ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی و ڕێبەرانی سەرەکی ڕێژیم پێیان وایە ئەو دەستکەوتانەی لە ئێراندا بەدەست هاتوون، وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، لەو شوێن و ناوچانەیە کە سوپای پاسداران تێیدا چالاکییە.
خامنەئی و دامودەزگاکانی دەسەڵای پێیان وایە کە هێزی ئێران لە مەیدانەکانی سەربازی، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، دەرئەنجامی هەوڵ و کردەوەکانی سوپای پاسدارانە لەسەر ئەم بنەمایە، ڕژێم بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ڕادەستکردنی پۆستە هەستیارەکان بە سوپای پاسداران بڕیارێکی دروست بووو، هەربۆیە باوەڕایان وایە بازنەیەی ڕادەستکردنی پۆستە باڵاکان بە سوپای پاسداران فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی پۆستی نوێ بگرێتەوە، لەوانەش پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.
ئەو بیرۆکەیە تەنها لەوەوە سەرچاوە ناگرێت کە سوپای پاسداران لە دەرەوە وڵاتەکەی پاراستووە، بەڵکو بەو قەناعەتە گەیشتوون کە ئەوە سوپای پاسداران بووە توانیوویەتی سەرکوتی ناڕزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوخۆ بکات لە ساڵانی: (٢٠٠٩، ٢٠١٧، ٢٠١٩ و ٢٠٢٢)، ئەوەی کە ڕژێمی لە کەوتن ڕزگار کرد لە ڕێگەی سەرکوتکردنی خەڵکەوە، سوپای پاسداران بوو. ئێستا کە مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییە جەماوەرییە گەورانە هەیە، دەبێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ مانەوە و پاراستنی ڕژێمەکە.
چاودێران پێیان وایە دەسەڵات دڵنیا بووەتەوە لەوەی ئەو ئۆرگانە سەرەکییەی کە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت لە مەسەلەی جێنشینی (عەلی خامنەئی)، و ڕێگری لە گۆڕینی بۆ قەیرانێکی گەورە، تەنیا سوپای پاسداران و سەرەڕای گرنگی دامودەزگاکانی دیکە، وەک ئەنجومەنی پاراستنی دەستوە، ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم، ئەنجومەنی پسپۆڕان و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، سوپای پاسداران وەک فاکتەری سەرەکی دەمێنێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانێکی گەورە کە ڕووبەڕووی ڕژێم دەبێتەوە دوای کۆتایی هاتنی خامنەئی.
پێدەچێت ڕێژیم لە هەلومەرجێکی وادا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی پێشووی، و پەیڕەوکردنی مۆدێلەکانی چین و ڕووسیا و پاکستان، هەوڵی زیاتر دەدات پۆستی زۆرتر ڕادەستی سوپای پاسداران بکات. ڕژیم لە چینەوە بیرۆکەی گەشەپێدانی زۆرەملێی فێربوو، لە پاکستانەوە بیرۆکەی بۆمبی ئەتۆمی و هاوکاری سەربازی لەگەڵ پیاوانی ئایینی فێربوو، لە ڕووسیاشەوە بیرۆکەی مافیای پارە و سامانی لە بواری نەوت و غازدا وەرگرت، هەموو ئەوانەشی بەستەوە بە بەرپرسانی ئەمنی و بازنەی دەسەڵاتەوە.
هەرچەندە سەرکەوتنی هەرکام لە شەش پاڵێوراوەکەی هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە ئێران نابێتە مەترسی بۆ سەر ڕژێم، بەڵام پێدەچێت دەسەڵات لەگەڵ سەرکەوتنی کەسایەتییەکی وەک (قالیباف) بۆ ئیدارەکردنی پرسی ناڕەزایەتییەکان و جێنشینی (خامەنەئی) بێت، هەروەها بیرۆکەی ڕووبەڕووبوونەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و مامەڵەکردنی زیاتر لەگەڵ ڕووسیا و چین و هیندستان کە ئێران بە بنەمای دەزانێت بۆ سیستمی نوێی جیهانی.
بەڵام گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم هەوڵەکانی ڕژێم بۆ دیزینکردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردن بوونی خەڵکە، کە بۆ چاودێران وا دەردەکەوێ کە ڕژێم بوونی ئەوان پشتگوێ دەخات و مەترسییەکانیان بە کەم دەزانێت. زۆربەی خەڵکی ئێران ڕژێم بە بێ شەرعیەت و بە شکستی ئابووری و ناتەبا لەگەڵ شێوازی ژیانی هاووڵاتیان دەزانن.
نەبوونی ئیرادەی ڕێژیم بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گوشار و ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکان لاوازە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگارییانە، پێدەچێت خواستی ڕژێم زیاتر مەیلی بەرەو سپاردنی پۆستی سەرۆکایەتی بە کەسێکی وەک (قالیباف) بێت، بۆ ئەوەی ڕێگە خۆشبکات بۆ هێنانە پێشەوەی کەسایەتییەکی وەک موجتەبا خامنەئی (کوڕی ڕێبەر) وەک سێیەم سەرکردەی ئێران دوای (ڕێبەر و سەرۆکی کۆمار)، حکومەتیش لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان ڕزگاری بکات.

سەرچاوەکان
-    فاطمة الصمادي، الانتخابات الرئاسية الإيرانية الرابعة عشرة (قراءة أولية)، مرکز الجزیرة للدراسات، 13  يونيو 2024؛
https://studies.aljazeera.net/ar/article/5947
-    مراد ويسي، هل يستعد النظام الإيراني لتسليم رئاسة الجمهورية إلى الحرس الثوري؟، ایران اینترنشنال، 16/6/2024؛
https://www.iranintl.com/ar/202406160399
-    العربية.نت، بالأسماء والتفاصيل.. قائمة المرشحين النهائية لخوض انتخابات الرئاسة في إيران، 9/6/2024؛
https://shorturl.at/Zcgxg

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand