ئەوەی چییە دەبێت لەبارەی دیبەیتە مێژووییەكەی بایدن و ترەمپ بیزانیت؟

Draw Media

2024-06-28 16:26:14



(درەو): 
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا یەكەمین دیبەتی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەخۆوە بینی، جۆ بایدن سەرۆكی ئێستاو دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشوو لە دیبەیتێكدا كە تۆڕی (CNN) رێكیخست، روبەڕووی یەكتر بوونەوە.
وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا رۆژی 5ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە، ئەمە یەكەمجار بوو دیبەتی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی لەلایەن "لیژنەی دیبەیتەكانی سەرۆكایەتیی"ەوە رێكنەخرا، لیژنەیەك كە لە ساڵی 1988ەوە سەرپەرەشتی ئەم جۆرە چالاكییانە دەكات، هەروەك جاری یەكەمیش بوو لە مێژووی ئەمریكا دیبەتێك سەرۆكی ئێستاو پێشووی وڵاتەكە كۆبكاتەوە. 
دیبەیتەكە شەڕی یەكتر تۆمەتباركردنی لەنێوان هەردوو كاندیدەكەدا بەخۆوە بینی، گفتوگۆكان لەسەر بابەتەكانی وەك (لەباربردنی كۆرپەلە، ئیدارەی ئابوری، كۆچبەران، ململانێكان لە ئۆكرایناو غەززە) چڕبووەوە. 
دیبەیتەكە كە لە شاری (ئەتلەنتا)ی ویلایەتی جۆرجیا بەڕێوەچوو، بایدن لەگەڵ هاوسەرەكەی گەیشتە ئەتلەنتا، بەڵام هاوسەرەكەی ترەمپ نەبینرا، ئەم دیبەیتەكە كە پێشبینی دەكرێت رۆڵێكی كاریگەریی لەسەر دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا هەبێت، بەبێ تەوقەكردنی نێوان دوو كاندیدەكە دەستیپێكرد. 
بایدنی (81 ساڵ) و ترەمپی (78 ساڵ) هەردووكیان روبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری دەبنەوە بۆ سەلماندنی توانای خۆیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە جیاوازەكان و خۆبەدورگرتن لەجۆرە هەڵەیەكی زمانەوانیی، هەروەك هەردووكیان هەوڵی ئەوە دەدەن پۆینتێكی زیاتر لە راپرسییەكاندا كۆبكەنەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەپێی راپرسییەكان ئاستی جەماوەرییان لە یەكترەوە نزیكە. 

بنەماكانی دیبەیتەكە چین ؟
ماوەی دیبەیتەكە بە (90 خولەك) دیاریكردوە، ئەمە لەگەڵ دوو ناوبڕی ریكلام، ئەمەش خاڵێكە كە جێگای تێبینییە، چونكە دیبەتی خولەكانی پێشووی هەڵبژاردن كە لیژنەی دیبەیتەكانی سەرۆكایەتیی سەرپەرەشتی دەكرد، نەك دامەزراوەیەكی میدیایی، ناوبڕی ریكلامكردنی تێدا نەبوو. 
هەروەك رێگا بە كاندیدەكان نادرێت لە ناوبڕەكاندا لەگەڵ یاردەدەرەكانیان قسە بكەن، بەڵام دەرفەتی ئەوەیان دەبێت لەم ناوبڕانەدا هەناسەیەك هەڵمژن و هەندێك خۆیان كۆبكەنەوە، ئەمەش بابەتێكە كە لە دیبەتی خولەكانی تری هەڵبژاردندا نەبووە.
هەریەكێك لە كاندیدەكان پێنوسێك و دەفتەرێك و بوتڵێك ئاویان پێدەدرێت، لەسەر سەكۆی دیبەیتەكە رێگا بە هیچ ئامرازێكی یارمەتیدان یان تێبینی نوسراو نادرێت. 
دیبەیتەكە لەناو ستۆدیۆی (CNN) بەڕێوەدەچێت بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر، ئەمەش بەبەراورد بە هەموو دیبەیتەكانی تر گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، پێشتر جەماوەر بەشێوەی راستەوخۆ بەشداری دیبەیتەكانی دەكرد، ساڵی 2020 بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، رێگا بە خەڵكێكی كەم درا بچنە ناو هۆڵی دیبەیتەكەوە. 
بایدن و ترەمپ لەسەر دوو مینبەر لە تەنیشتی یەكتردا راوەستان، بە شێرو خەت شوێنی هەریەكەیان لەسەر سەكۆكە دیاریكرا. 
تەنانەت قسەكردنیش بە تیروپشك رێكخرا، بایدن سەرەتای قسەكردنی بەركەوت، قسەی كۆتایش بەر ترەمپ كەوت، رێگا بە وتنی پێشەكی نەدرا.
(CNN) بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێك ماوەی 2 خولەك و بۆ هەر وەڵامدانەوەو رەتكردنەوەیەك ماوەی یەك خولەكی دیاریكرد،  جەیك تاپر و دانە باش كە سەرپەرەشتی دیبەیتەكان دەكەن، مافی ئەوەیان پێدراوە بەگوێرەی خەمڵاندنی خۆیان كاتی زیاتر بە هەریەكێك لە كاندیدەكان بدەن. 
بۆ رێگریكردن لەوەش كاندیدەكان قسە بە یەكتر ببڕن، دەنگی میكرۆفۆنی هەریەكێك لە كاندیدەكان رادەگیرێت كاتێك ئەوی تریان قسە دەكات، ئەمەش داواكاری بایدن بوو، چونكە ترەمپ حەزی بەوەیە لە دیبەیتەكاندا قسە بە نەیارەكانی ببڕێت. 

لەسەر جەنگی غەززە چییان وت؟ 
جۆ بایدن وتی:" تاكە لایەن كە ئەیەوێت جەنگ بەردەوام بێت حەماسە"، جەختی لەسەر ئەوە كرد ئەمریكا "گەورەترین سەرچاوەی پاڵپشتی ئیسرائیلە لە جیهاندا"و رایگەیاند" بەردەوام دەبین لە ناردنی شارەزاو پیاوانی هەواڵگریمان بۆ ئەوەی بزانین ئایا چۆن دەكرێت حەماس لەناو ببەین هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ بن لادن كردمان". 
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بەوەی حەماس و ئیسرائیل تتائێستا پابەندی ئەو پێشنیازە نەبوون كە خستویەتییەڕوو، بایدن وتی: هەمووان پشتیوانی پلانەكەیان كرد، لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ گروپی حەوت وڵاتە گەورەكەو ئیسرائیل و ناتانیاهۆ خۆشی، حەماسە كە رێككەوتنەكەی ناوێت.
"چی روویدا. لە ئیسرائیل تاكە شتێك كە هەڵپەسێردرا ئەو بۆمبانە بوو كە كێشیان 2000 پاوندە. ئەوانە لەناوچەی دانیشتواندا بە باشی كارناكەن، خەڵكێكی زۆری بێتاوان دەكوژن" بایدن وای وت. 
بایدن رایگەیاند" ئێمە هەموو ئەو چەكانە بە ئیسرائیل دەدەن كە پێویستی پێیەتی هەر كاتێك بیەوێت. بەوبۆنەیەشەوە، من ئەو پیاوە بوو كە جیهانم دژی ئێران رێكخست كاتێك هێرشی موشەكیی كردەسەر ئیسرائیل، هێرشەكە هیچ زیانێكی نەبوو. هیچ ئیسرائیلییەكی بەهەڵە نەكوشت و هێرشەكە راگیرا. ئیسرائیلمان رزگاركرد". 
بایدن جەختی كرد" ناكرێت رێگە بە بەردەوامبوونی حەماس بدرێت، بەوبۆنەیەوە، حەماس زۆر لاواز بووەو دەبێت لەناوببرێت، بەڵام دەبێت وریای بەكارهێنانی هەندێك چەك بین لەناو ناوچەكانی دانیشتواندا". 
ئەمە لەكاتێكدا بوو كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دەڵێ ئیسرائیل تاكە لایەنە كە دەیەوێت بەردەوام بێت لە جەنگ، ئەمەش لە وەڵامی قسەی بایدندا كە حەماس بە تاكە لایەن بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ ناودەبات. 
ترەمپ ئاماژەی بەوەكرد" پێویستە بایدن ئیسرائیل بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی ئەركەكەی تەواو بكات، بەڵام نایەوێت ئەو كارە بكات". ترەمپ؛ بایدنی ركابەری بەوە وەسفكرد كە " بووە بە فەلەستینی، بەڵام خۆشیان ناوێت، چونكە فەلەستینییەكی زۆر خراپ و لاوازە".
لە وەڵامی ئەوەشدا "ئایا پشتیوانی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەكات لەپێناو ئاشتی لە ناوچەكەدا؟". ترەمپ وەڵامی دایەوە:" دەبێت بزانم"، بەر لەوەی قسەكەی بگۆڕێت بۆ باسكردن لە رێككەوتنەكان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا. 
بایدن رووی بەلای ترەمپدا وەرگێڕاو پێی وت:" تۆ ئەخلاقی پشیلەی كۆڵانت هەیە"، لەكاتێكدا ترەمپ رەتیكردەوە سێكسی لەگەڵ كچە ئەستێرەیەكی پۆرندا كردبێت. 
لە دیبەیتەكەدا، ترەمپ وتی لە هەموو راپرسییەكان ئەو لە پێشەوەیە، جەختی كرد تەنیا لەكاتێكدا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان قبوڵ دەكات كە دادپەروەرانە بێت. ئاماژەی بەوەكرد هەڵاوسان وڵات دەكوژێت، بایدنی تۆمەتبار كرد بەوەی سنوری بەكراوەیی بەجێهێشووە بۆ ئەوەی ئەمریكا وێران بێت، جەختی لەسەر ئەوەكرد، سەركەوتنی لە هەڵبژاردن تاكە دەرفەتە بۆ دەربازكردنی ئەمریكا لەو قوڕەی تێی كەوتووە.
ترەمپ باسی لەوەكرد ئەگەر ئەمریكا سەركردەیەكی راستەقینەی هەبوایە، جەنگی ئۆكراینا رووی نەدەدا، بایدنی بە بەرپرس زانی لە بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان و كوژرانی هاوڵاتیانی رەشپێست، هەروەك هۆشداری دا لە نزیكبوونەوەی جیهان لە جەنگی سێیەمی جیهانیی بەهۆی سیاسەتەكانی بایدنەوە، وتی: بەهۆی بێڕێزی ئەمریكاوە لەسەردەمی بایدندا، جیهان بەرەو تەقینەوە دەچێت. 

راپرسی دوای دیبەیتەكە
ئەو راپرسییەی كە (CNN) دوای تەواوبوونی دیبەیتەكە بڵاویكردەوە، دەریخست نزیكەی 8 كەس لە هەر 10 دەنگدەرێكی تۆماركراو دیبەیتەكەیان بینیوە (واتا 81%) دەڵێن دیبەیتەكە هیچ كاریگەرییەكی لەسەریان نەبووە لە هەڵبژاردنی سەرۆكدا، 14%ی تر وتوویانە دیبەیتەكە وای لێكردوون چاوخشاندنەوەی بە بڕیاری خۆیاندا بكەن، بەڵام بڕیاری خۆیان نەگەڕیوە، رێژەی 5% وتویانە بۆچوونیان گۆڕاوە لەبارەی ئەوەی دەنگ بە كێ بدەن.
دوای دیبەیتەكە، بۆچوونی چاودێران لەسەر بایدن هەندێك گۆڕانكاری بەسەردا هات، تەنیا 31% بەشێوەیەكی ئەرێنیی لێیان روانی، ئەمە بەراورد بە 37% كە بەر لە راپرسییەكە لەگەڵ هەمان دەنگدەران ئەنجام درابوو، لەبەرامبەردا 43%ی چاودێرانی دیبەیتەكە بەشێوەی ئەرێنی لە ترەمپ دەڕوانن، ئەمە لەكاتێكدا بووە بەر لە راپرسییەكە 40%ی دەنگدەرانی بۆچوونی ئەرێنییان لەسەر هەبوو. 
48%ی چاودێرانی دیبەیتەكە دەڵێن ترەمپ بەشێوەیەكی باشتر چارەسەری ئەو مەترسییانەی كردووە كە لەبارەی توانای لە مامەڵەكردنی لەگەڵ سەرۆكایەتیدا هەبووە، ئەمە لەكاتێكدایە 23% وتویانە بایدن كاری باشتری كردووەو 22% پێیانوا بووە هیچ یەكێك لە كاندیدەكان كاری باشیان نەكردووە. 7%ی تر پێیوایە هەردوو كاندیدەكە بە هەمان ئەندازە كاری باشیان كردووە بۆ رەواندنەوەی مەترسییەكان. 
لەناو ئەوانەی دیبەیتەكەیان بینیوە، 48% وتویانە بیر لەوە دەكەنەوە تەنیا دەنگ بە ترەمپ بدەن. 40% وتویانە تەنیا بیر لەوە دەكەنەوە دەنگ بە بایدن بدەن. 2% وتویانە بیر لە هەردوو كاندیدەكە دەكەنەوە، 11% وتویانە بیر لەوە ناكەنەوە دەنگ بەو دوو كاندیدە بدەن. 

كاردانەوەی دیبەیتەكە
كلیر مكاسكیل سیناتۆری پێشووی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیران لەسەر ویلایەتی میسوری دەڵێ:" تاكە شتێك هەبوو كە دەبوو بەدی بهێنێت، ئەوەش ئەوە بوو ئەمریكا دڵنیا بكاتەوە لەوەی لەو تەمەنەدا لە ئاست ئەركەكەیدایە، بەڵام ئەمشەو لەمەدا شكستی هێنا". 
گاڤین نیوسەم پارێزگاری كالیفۆرنیا كە لایەنگرێكی سەرسەختی بایدنە دەڵێ:" نابێت هیچ نیگەرانییەك هەبێت، ئەم سەرۆكە كاری خۆی كردووە. پێویستمان بەوەیە لەپێناویدا پابەندی بەڵێنەكانمان بین". 
لایخۆیەوە، كاتی بیدینگفیڵد بەڕێوەبەری پێشووی پەیوەندییەكانی ئیدارەی بایدن بە كەناڵی (CNN)ی راگەیاند" دوای دیبەیتە سەرۆكایەتییەكە، ئاستی سەرۆك بایدن بێومێدكەر بوو"، فرانك لۆنتز سیاسەتمەداری ئەمریكیش دیبەیتەكە بە "بومەلەرزەیەكی سیاسی"و بە "كارەساتێكی بێ پێشینە" بۆ دیموكراتەكان ناو دەبات.
بەڵام سەرۆك بایدن خۆی، كە دوای دیبەیتەكە كاتێك بەڕێوەبوو بەرەو كافێیەك، كاتێك رۆژنامەنوسان رایانگرت، وتی:" لەوباوەڕەدام كاری باشمان كرد". 
مایك جۆنسۆن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكاش لە تۆڕی كۆمەڵایەی (X) پشتیوانی توندی خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشوو راگەیاند، ئەوەی بە تاكە كاندید ناوبرد كە "شایستەو بەتوانا"یە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیی وڵات. 
جۆنسۆن ئاماژەی بەوەكرد" ئەمە گەورەترین نابەرامبەرییە لە مێژووی دیبەیتەكانی سەرۆكایەتیدا" بەوپێیەی بەوتەی ئەو ترەمپ ئاستی لە ركابەرەكەی باشتر بووە.

سەرچاوە: بی بی سی 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand