Draw Media

پێنج كاندید له‌ رۆژی یه‌كه‌می ناونوسیندا

پێنج كاندید له‌ رۆژی یه‌كه‌می ناونوسیندا

2024-05-30 16:01:29


راپۆرت: دره‌و
رۆژی یه‌كه‌می ناونوسین كۆتایی هات، (5) كه‌س ناوی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئێران تۆماركرد، نزیكه‌ی 30 كه‌سیش كه‌ بۆ ناونوسین رۆیشتن، هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌كانیان تێدا نه‌بوو، ناویان تۆمار نه‌كرا، دیارترین ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ناوی خۆیان نوسی (سه‌عید جه‌لیلی) بوو، سه‌رباری پێشبینییه‌كان بۆ دابه‌زینی ئاستی به‌شداری ده‌نگده‌ران له‌ هه‌ڵبژاردندا، به‌رپرسێكی ئێران ده‌ڵێ ئه‌مجاره‌ ئاستی به‌شداری له‌سه‌روو 70% ده‌بێت، له‌پاڵ ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ ده‌ستور بۆ كاندیدی سه‌رۆكایه‌تیی دیاریكردووه‌، ئه‌مجاره‌ مه‌رجی به‌شدارنه‌بوون له‌ "فیتنه‌كه‌ی 2009" بۆ كاندیده‌كان زیاد كراوه‌. ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا.   

كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ناونوسین
له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ تۆماركردنی ناوی كاندیده‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئێران ده‌ستیپێكردووه‌و ماوه‌ی (5) رۆژ ناونوسین به‌رده‌وام ده‌بێت.ئه‌مه‌ چوارده‌یه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تییه‌ له‌ ئێران، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بوو له‌ 14ی حوزه‌یرانی 2025 به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام به‌هۆی مردنی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆكی وڵاته‌وه‌ له‌ رووداوی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌دا له‌ رۆژی 19ی ئه‌م مانگه‌دا، واده‌ی هه‌ڵبژاردن پێشخرا. 
به‌گوێره‌ی ده‌ستوری كۆماری ئیسلامی، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی وڵات گیانی له‌ده‌ستدا، ده‌بێت له‌ماوه‌ی 50 رۆژدا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی بكرێت. 
دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی ناو تۆماركردن بۆ هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستور، وردبینی له‌ناوی كاندیده‌كان ده‌كات، رۆژی 11ی مانگی داهاتوو لیستی كۆتایی ناوی كاندیده‌كان راده‌گه‌یه‌نێت و رۆژی 12ی مانگی داهاتوو تاوه‌كو 26ی مانگ پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌ 28ی مانگدا ده‌نگدانی گشتیی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ ده‌كرێت، به‌پێی ئه‌م خشته‌یه‌، كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ دایناوه‌، كاندیده‌كان ته‌نیا 15 رۆژ مۆڵه‌تیان له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن.
كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی له‌ ئێران، به‌گوێره‌ی مه‌رجه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستور رێگه‌یان پێده‌درێت به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن،‌ ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا به‌پێی "حه‌ز"ی خۆی و به‌سودی گروپێكی سیاسی دیاریكراو ناوی كاندیده‌كانی پشتڕاست یاخود ره‌تكردوه‌ته‌وه‌. 
عیزه‌توڵا زرغامی وه‌زیری رۆشنبیری و گه‌شتوگوزار دوێنێ قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌نوسان كرد، هیوای خواست ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستور "بیر ته‌سك" نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی "گه‌رم و گوڕ" به‌ڕێوه‌بچێت. 
له‌ دواهه‌مین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئێراندا كه‌ ساڵی 2021 به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستور كاندیدبوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ روخساره‌ سیاسییه‌ دیاره‌كانی ره‌تكرده‌وه‌، له‌وانه‌ مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رۆكی پێشووی وڵات، ئیسحاق جهانگیری جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاته‌و عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مان، به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ركابه‌رێتیی تێدا نه‌بوو، دوای ئیبراهیم ره‌ئیسی، ده‌نگی پوچه‌ڵ له‌ ده‌نگی كاندیده‌كانی تری هه‌ڵبژاردن زیاتر بوو، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌و دواین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی له‌ ئێران كه‌مترین ئاستی به‌شداریی ده‌نگده‌ریانیان تێدا تۆماركراوه‌. 
یه‌كه‌م كه‌س كه‌ ئه‌مڕۆ ناوی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی وه‌كو كاندید تۆمار كرد (محه‌مه‌ڕه‌زا سه‌باغیان بافقێ) بوو، كه‌ نوێنه‌ری گه‌وره‌ترین بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئێران، ئه‌م پیاوه‌ دوای ناونوسین قسه‌ی بۆ میدیاكان كرد، وتی: ئه‌وله‌ویه‌تم چاكسازیكردنه‌ له‌ په‌یكه‌ری ئیداری و سیاسی ئێراندا. 
دووه‌م كه‌س كه‌ ناوی خۆی تۆمار كرد، (مسته‌فا كه‌واكبیان) سكرتێری حزبی (مردم سالاری) واتا حزبی دیموكراتی بوو، ئه‌میش دوای ناونوسین قسه‌ی بۆ میدیاكان كردو وتی ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردندا سه‌ركه‌وێت، حكومه‌ته‌كه‌ی "حكومه‌تێكی دیموكراتی" ده‌بێت به‌ دروشمی "راستگۆیی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك"دا.
عه‌باس موقته‌دایی نوێنه‌ری خه‌ڵكی ئه‌سفه‌هان له‌ په‌رله‌مان، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ یه‌كه‌م رۆژدا ناوی خۆی نوسی، له‌دوای ئه‌ویش قودره‌تعه‌لی حیشمه‌تیان سه‌رۆكی خانه‌ی حزبه‌كان، ئاغای حیشمه‌تیان كه‌ له‌دایكبووی ساڵی 1953ی شارۆچكه‌ی (سنقر)ی پارێزگای كرماشانه‌، ئه‌ندامی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی ئێرانه‌. 
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆكاندیدكردنه‌وه‌، 30 كه‌س سه‌ردانی لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردووه‌، به‌ڵام موحسین ئیسلامی وته‌بێژی لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند، دوای وردبینیكردن له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانیان مه‌رجی ئه‌وه‌یان تێدا نه‌بووه‌ ناوی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی تۆماربكه‌ن. 

جه‌لیلی خۆی كاندید كرد
له‌ یه‌كه‌م رۆژی ناونوسین و ئه‌م ئێواره‌یه‌، سه‌عید جه‌لیلی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رژێم، ناوی خۆی وه‌كو كاندید بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی تۆماركرد. 
جه‌لیلی ئێستا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ستراتیژی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌، ئه‌و پێشتر ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بووه‌، له‌ماوه‌ی ساڵانی 2007 بۆ 2013 سه‌رۆكایه‌تی تیمی دانوستانكاری ئه‌تۆمی ئێرانی كردووه‌، ئاغای جه‌لیلی پیشتر دووجاری تر خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئێران كاندید كردووه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی 2013 به‌ دروشمی "حیات گیبه " واتا ژیانێكی باش به‌شداری كرد، زیاتر له‌ 4 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێناو سێیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بوو، به‌ڵام له‌ دواین هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2021دا تا كۆتایی نه‌ڕۆیشت و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆكی كۆچكردوو له‌ ركابه‌رێتیی هه‌ڵبژاردن كشایه‌وه‌.

مه‌رجی كاندیدبوون چییه‌؟
لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران ئه‌مڕۆ داوای كرد ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ "مه‌رجی یاساییان تێدایه‌"، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كاندید بكه‌ن، سه‌ردان بكه‌ن بۆ تۆماركردنی ناوه‌كانیان. 
به‌گوێره‌ی ده‌ستوری ئێران، ئه‌وانه‌ی خۆیان بۆهه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كاندید ده‌كه‌ن، ده‌بێت (دیندار، سیاسیی، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی، هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی كۆماری ئیسلامی، به‌ڕێوه‌به‌رو كارزان بن، پێشینه‌یان باش بێت، به‌ باوه‌ڕو ئه‌مانه‌ت پارێز بن و باوه‌ڕیان به‌ بنه‌ماكانی كۆماری ئیسلامی و مه‌زهه‌بی فه‌رمی وڵات هه‌بێت). له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا، مه‌رجی ته‌مه‌نیش بۆ كاندیده‌كان دیاریكراوه‌و ده‌بێت ته‌مه‌نیان له‌نێوان 40 بۆ 75 ساڵ بێت. 
رۆژی 27ی ئه‌م مانگه‌، لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران چه‌ند مه‌رجێكی تریشی خسته‌ پێش چاوی ئه‌وانه‌ی به‌نیازی خۆكاندیدكردنن، رایگه‌یاند" وابه‌سته‌ نه‌بوون به‌ گروپه‌ نایاساییه‌كان و نه‌بوونی دۆسیه‌ی ئه‌منیی له‌نمونه‌ی به‌شداریكردن له‌ فیتنه‌كه‌ی ساڵی 2009" له‌و مه‌رجانه‌ن كه‌ بۆ خۆكاندیدكردن دانراون. 
سه‌رباری ئه‌مه‌ش، هێشتا هه‌ندێك له‌ سیاسه‌تمه‌داران و چالاكانی سیاسی ئێران پێیانوایه‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنی دابه‌زینی ئاستی به‌شداری خه‌ڵك له‌دواین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی و هه‌ڵبژاردنی ئه‌مدواییه‌ی په‌رله‌مان كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان به‌ڕێوه‌چوو، ره‌نگه‌ ئه‌مجاره‌یان حكومه‌ت به‌مه‌به‌ستی زیادكردنی رێژه‌ی به‌شداریی، رێگه‌ به‌ كاندیدبوونی هه‌ندێك كه‌س بدات كه‌ پێشتر كاندیدبوونیان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.
مه‌حمو‌د ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد كه‌ پێشترو له‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی 2016و 2021 كاندیدبوونی ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مجاره‌ش به‌نیازه‌ خۆی كاندید بكاته‌وه‌و وه‌كو خۆی ده‌ڵێ جارێ بیری لێ ئه‌كاته‌وه‌. 
عه‌لی لاریجانی یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی تره‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2021دا كاندیدبوونی ره‌تكرایه‌وه‌، به‌پێی قسه‌ی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی، ئه‌مجاره‌ به‌نیازه‌ سه‌رله‌نوێ خۆی كاندید بكاته‌وه‌. له‌سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی 2009دا كه‌ ناكۆكی لێكه‌وته‌وه‌و بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز له‌ ئێران سه‌ریهه‌ڵدا، ئاغای لاریجانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو، ماوه‌ی 12 ساڵ بوو ئه‌م پۆسته‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، هه‌ندێك له‌ جوڵانه‌وه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ لاریجانییان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی پشتیوانی له‌ "فیتنه‌كه‌ی ساڵی 2009"  كردووه‌، له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسی كۆماری ئیسلامی ئێراندا مه‌به‌ست له‌ "فیتنه‌كه‌" ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ بوو كه‌ به‌هۆی ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و سه‌ركه‌وتنی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا سه‌ریهه‌ڵدا، كه‌ ناڕه‌زایه‌تی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ ئێراندا، تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بێ پێشینه‌ بوو، ئه‌وكات محه‌مه‌د خاته‌می سه‌رۆكی پێشووی ئێران ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی وه‌كو "كوده‌تای هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ر خه‌ڵك"دا ناوبرد. له‌وكاته‌وه‌ تائێستا (میر حسێن موسه‌وی)و (مه‌هدی كه‌ڕوبی) كه‌ دوو كاندیدی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی بوون، ماڵبه‌ند كراون، واتا له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا ده‌ستبه‌سه‌رن. 
سه‌ید مه‌جید میرئه‌حمه‌دی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایشی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران، له‌دواین ساته‌كانی ناونوسینی ئه‌مڕۆی كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئێران قسه‌ی بۆ میدیاكان كرد، له‌باره‌ی ئاستی ئاماده‌یی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی وتی: ئێمه‌ له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی نییه‌و ژێرخانمان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی به‌ رێككه‌وتنی نێوان وه‌زاره‌تی ناوخۆو ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستوره‌وه‌ هه‌یه‌. 
میرئه‌حمه‌دی باسی له‌وه‌كرد، وه‌زاره‌تی ناوخۆ كێشه‌ی نییه‌ له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌بچێت، بڕیاربوو هه‌ڵبژاردنی 2025 به‌ته‌واوه‌تی به‌ ئه‌لیكترۆنی بكرێت، به‌ڵام وه‌كو ئاغای شاهچراغی سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان رونیكرده‌وه‌، به‌و ژێرخانه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ی ئێستا هه‌یه‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماده‌ نییه‌ هه‌ڵبژاردنی به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌ببات. 
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن ئه‌مجاره‌ش ئاستی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئێران دابه‌زین به‌خۆوه‌ ببینێت، ئاغای میرئه‌حمه‌دی ده‌ڵێ: به‌گوێره‌ی دواین راپرسی كه‌ به‌ر له‌ سێ رۆژ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئیرشاده‌وه‌ بۆمان نێردراوه، ئاستی به‌شداری گه‌یشتوه‌ته‌ سه‌روو 70%. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand