Draw Media

رێژه‌ی به‌شداری 41% بووه‌، خاته‌می ده‌نگی نه‌دا

رێژه‌ی به‌شداری 41% بووه‌، خاته‌می ده‌نگی نه‌دا

2024-03-02 17:05:04


(دره‌و):
خولی دوانزه‌یه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئێران "شورای ئیسلامی"و خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان دوێنێ له‌كاتێكدا به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌ی ریفۆرمخوازه‌كان باسیان له‌وه‌ده‌كرد (محه‌مه‌د خاته‌می) سه‌رۆك كۆماری پێشووی وڵات به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی نه‌كردووه‌و ده‌نگی نه‌داوه‌.
هاوكات، ئاژانسی هه‌واڵی (ئیرنا) رایگه‌یاند، (سادقی لاریجانی) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رژێم و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان، له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایاندا له‌ (مازینده‌ران) شكستی هێناوه‌و سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.
ئیرنا، پشتبه‌ست به‌ ژماره‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ی نافه‌رمی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ئاستی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایانی ئێراندا 41%ی ئه‌وانه‌ بووه‌ كه‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌و، (25 ملیۆن) ده‌نگده‌ر به‌شداری ده‌نگدانیان كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ زیاتر له‌ (61 ملیۆن) كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌.
له‌دوای خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی (ژینا ئه‌مینی- ژن- ژیان- ئازادی) ساڵی 2022 روویداو، زیاتر له‌ (500) كه‌سی تێدا كوژراو و هه‌زارانی تر بریندارو ده‌ستگیركران، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردن بوو له‌ ئێران به‌ڕێوه‌چوو.
به‌شێك له‌ كه‌سوكاری كوژراوانی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ رایانگه‌یاند، وه‌كو نیشاندانی ناڕه‌زایه‌تیی دژ به‌ "كۆماری ئیسلامی" به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكه‌ن.
له‌پاڵ ئه‌ماندا، نه‌یارانی سیاسی كۆماری ئیسلامی به‌شێوه‌یه‌كی چالاكانه‌ داوایان له‌ خه‌ڵك كرد هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بایكۆت بكه‌ن.
نه‌یارانی سیاسی كۆماری ئیسلامی له‌ رۆژی هه‌ڵبژارندا (واتا دوێنێ) ژماره‌یه‌كی زۆر ڤیدیۆیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ بوون خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی كه‌م به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان كردووه‌و بنكه‌كانی جه‌نگدان چۆڵن، ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی میدیا فه‌رمییه‌كانی ئێران بوو كه‌ به‌شداری به‌رفراوانی خه‌ڵكیان له‌ پرۆسه‌كه‌دا ده‌رده‌خست.
هه‌ڵوێستی فه‌رمی حكومه‌ت له‌باره‌ی "قه‌ره‌باڵغی بنكه‌كانی ده‌نگدان" تا ئه‌و ئاسته‌ رۆیشت كه‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ر له‌ ته‌وابوونی كاتی ده‌نگدان، وه‌زاره‌تی ناوخۆ رایگه‌یاند، به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی له‌ هه‌ندێك بنكه‌ی ده‌نگدان، پرۆسه‌ی ده‌نگدان تا نیوه‌ی شه‌و درێژده‌كرێته‌وه‌.
به‌گوێره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ئێران، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌م سندوقه‌كانی ده‌نگداندان راوه‌ستاون، ده‌بێت ده‌نگ بده‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كاتی پرۆسه‌ی ده‌نگدانیش كۆتایی هاتبێت ده‌بێت كارمه‌ندانی سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان ده‌نگیان وه‌ربگرن.

سه‌رۆكه‌كانی پێشوو چییان كرد؟
•    میر حسێن موسه‌وی، دواین سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێران كه‌ له‌ 2009وه له‌گه‌ڵ ‌(زه‌هرا ره‌هنه‌وه‌رد)ی هاوسه‌ری ماڵبه‌ند كراوه‌، به‌شداری هه‌ڵبژاردنی نه‌كرد، ئاغای موسه‌وی ساڵی رابردوو پێشنیاری پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی دامه‌زراندنی كرد بۆ گۆڕینی ده‌ستوری كۆماری ئیسلامی ئێران و گواستنه‌وه‌ به‌ره‌و حكومه‌تێكی جێگره‌وه‌.
•    محه‌مه‌د خاته‌می كه‌ له‌ماوه‌ی ساڵانی 1997 بۆ 2005 سه‌رۆك كۆماری ئێران بووه‌، به‌پێی قسه‌ی سه‌رچاوه‌كانی سه‌ربه‌ ریفۆرمخوازان، به‌شداری هه‌ڵبژاردنی نه‌كردووه‌، ئاغای خاته‌می له‌ خوله‌كانی پێشوودا سه‌رباری ئه‌وه‌ی یه‌كێك بوو له‌ هێزه‌ سیاسییه‌ وه‌ده‌رنراوه‌كان ناو ده‌سه‌ڵاتی ئێران، به‌ڵام هه‌ر بانگه‌وازی بۆ خه‌ڵك ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، پشتیوانیشی بۆ هه‌ندێك له‌ كاندیده‌كان نیشان ده‌دات له‌ نمونه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌یه‌می په‌رله‌مان و پشتیوانییه‌كانی بۆ كاندیدی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ساڵی 2013، كه‌ رۆڵی هه‌بوو له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یدا.
•    مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ماوه‌ی ساڵانی 2005 بۆ 2013 سه‌رۆك كۆمار بوو، به‌پێی قسه‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ نزیكن، له‌ بنكه‌ی (نارمه‌ك) له‌ تارانی پایته‌خت له‌ نزیك شوینی نیشته‌جێبوونی خۆی به‌شداری پرۆسه‌ی ده‌نگدانی كردووه‌، ئاغای ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رژێمه‌، به‌ڵام ره‌خنه‌ی توندی هه‌یه‌ له‌سه‌ر‌ حكومه‌ت و شێوازی حوكمڕانی ئێستای ئێران.
•    حه‌سه‌ن رۆحانی كه‌ له‌ماوه‌ی ساڵانی 2013 بۆ 2021 سه‌رۆك كۆماری ئێران بووه‌، له‌ بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ باكوری تاران به‌شداری هه‌ڵبژاردنی كردو ده‌نگی دا، رۆحانی كه‌ ئێستا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایانه‌، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستور كاندیدبوونی بۆ خولی شه‌شه‌می ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان ره‌تكرایه‌وه، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی دوێنێ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردن بوو ‌‌دوای كۆتایهاتنی خولی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی رۆحانی.

هه‌ڵوێستی ریفۆرمخوازان
محه‌مه‌د خاته‌می سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران به‌ فه‌رمی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ هیچ قسه‌یه‌كی نه‌كرد، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك كه‌سی سه‌ربه‌ باڵه‌ سیاسییه‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ كاندید بوون، خه‌ڵكانێكی وه‌كو‌ محه‌مه‌دره‌زا عارف و غوڵامحسێن كه‌رباسچی به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان كردو ده‌نگیان دا.
به‌ڵام به‌درێژایی رۆژی ده‌نگدان هیچ ڤیدیۆیه‌كی خاته‌می بڵاونه‌كرایه‌وه‌ كه‌ به‌شداری پرۆسه‌ی ده‌نگدان بكات، دواجار ئازه‌ر مه‌نسوری ئه‌مینداری گشتی به‌ره‌ی ریفۆرمخوازان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئیكس) نوسی: سه‌رۆك كۆماری پێشوو به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن نه‌كردووه‌.
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بوو كه‌ خاته‌می هه‌رگیز به‌شێوه‌ی فه‌رمی باسی له‌وه‌ نه‌كردبوو كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بایكۆت ده‌كات.
له‌باره‌ی گروپه‌ جیاوازه‌ ریفۆرمخوازه‌كانی تری ئێرانه‌وه‌ له‌وانه‌ (به‌ره‌ی ئیسڵاح) راپۆرتی دژبه‌یه‌ك بڵاوكرایه‌وه‌.دوای بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی به‌شداری نه‌كردنی محه‌مه‌د خاته‌می له‌ هه‌ڵبژاردندا، خانم مه‌نسوری له‌ پۆستێكدا نوسی "ئه‌و پێشتر له‌ هه‌ڵبژاردندا پشتیوانی له‌ ستراتیژی به‌ره‌ی ئیسلاح كردبوو"، له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ ئه‌م نوسینه‌ وا دێته‌ به‌رچاو به‌شداری نه‌كردنی خاته‌می له‌ هه‌ڵبژاردن به‌شێك بووه‌ له‌ "ستراتیژیه‌تی به‌ره‌ی ئیسلاح".
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ به‌ر له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌م گروپه‌ رایگه‌یاند، ناتوانێت لیست بۆ هه‌ڵبژاردنی ئێستا پێشكه‌ش بكات.
محه‌مه‌دره‌زا عارف كه به‌‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین روخساره‌كانی ره‌وتی ریفۆرمخوازان له‌ ئێران داده‌نرێت كه‌ به‌شداری ده‌نگدانی كردووه‌، له‌كاتێكدا كه‌ ده‌نگه‌كه‌ی ده‌خسته‌ ناو سندوقه‌كه‌وه‌، وتی: ریفۆرمخوازان ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یان بایكۆت نه‌كردووه‌.
ئه‌و وتی:" كۆمه‌ڵگه‌ هان مه‌ده‌ن به‌وه‌ی به‌ره‌ی ریفۆرمخوازان دژی ده‌نگدانن، ئه‌گه‌ر ببینین بۆچوونی پێچه‌وانه‌ی له‌ناو وڵاتدا هه‌یه‌ ده‌بێت پێیان بڵێین ئێوه‌ دژایه‌تی ناكه‌ن، به‌ڵكو بۆچونی جیاوازتان هه‌یه‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ رژێمه‌كه‌دا ناكۆك نین".
محه‌مه‌د عه‌لی ئه‌بته‌حی یه‌كێكی تر له‌ روخساره‌ دیاره‌كانی ریفۆرمخوازان به‌هه‌مان شێوه‌ له‌باره‌ی به‌شداری نه‌كردنی خاته‌می له‌ هه‌ڵبژاردن نوسی:" خاته‌می له‌ هه‌ڵبژاردنی دوێنێ توڕه‌ نه‌بوو، پێی وابوو ره‌نگه‌ تاكه‌ رێگا بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی دڵسۆزانه‌ی ببیسترێت ئه‌وه‌یه‌ ده‌نگ نه‌دات. هه‌ر كه‌سێك به‌ شێوازێك به‌دوای ئه‌م ئامانجه‌وه‌ بوو".

هه‌ندێك ده‌ره‌نجامی گرنگ
ئه‌مڕۆ له‌درێژه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامی فه‌رمی و نافه‌رمی هه‌ڵبژاردندا، راپۆرته‌كان باس له‌ "شكست"ی هه‌ندێك له‌ روخساره‌ دیاره‌كان ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له‌ گرنگترین روخساره‌كان، محه‌مه‌د سادقی لاریجانییه‌ كه‌ به‌قسه‌ی میدیاكانی ئێران له‌ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگای (مازینده‌ران) نه‌یتوانیوه‌ جارێكی تر وه‌كو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌.
ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان پابه‌ندن به‌ چاودێریكردنی ئه‌دای كاركردنی رابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی و هاوكات ئه‌ركیان هه‌ڵبژاردنی رابه‌رێكی نوێیه‌ له‌دوای رابه‌ری ئێستا له‌ئه‌ستۆدایه‌.
له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیشدا تائێستا محه‌مه‌د باقر نه‌وبه‌خت (كاندیدی شاری ره‌شت)و محه‌مه‌دره‌زا باهونه‌ر (كاندیدی شاری كرمان) دیارترین ئه‌و روخسارانه‌ن كه‌ وه‌كو شكستخواردوو ناویان ده‌هێنرێت، كه به‌‌ دوو كه‌سی به‌ر به‌ باڵی پارێزگاران "ئوسوڵگه‌راكان" ناویان ده‌هێنرێت.
له‌هه‌مان كاتدا، به‌پێی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان، مه‌سعودی پزیشكیان كه‌ یه‌كێك له‌ روخساره‌ دیاره‌كانی ریفۆرمخوازانه‌ جارێكی تر له‌ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی ته‌ورێز سه‌ركه‌وتووه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان. ئاغای پزیشكیان له‌ ساڵی 1999وه‌ تائێستا ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌و له‌ حكومه‌تی محه‌مه‌د خاته‌میشدا وه‌زیری ته‌ندروستی بووه‌.
محه‌مه‌دره‌زا پورئیبراهیمی سه‌رۆكی ئێستای لیژنه‌ی ئابوری په‌رله‌مان كه‌ یه‌كێك له‌ نه‌یاره‌ سه‌رسه‌خته‌كانی په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی شتنه‌وه‌و پاره‌و دابینكردنی دارایی تیرۆر‌، یه‌كێك له‌و روخسارانه‌ی تره‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا شكستی هێناوه‌، ئه‌و دوای شكسته‌كه‌ی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌لامه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی خسته‌ ژێر پرسیارو كاندیده‌ ركابه‌ره‌كانی به‌ "كڕین و فرۆشتنی ده‌نگ" تۆمه‌تبار كرد.
هاوكات هه‌ندێك له‌ میدیاكان باسیان له‌وه‌كرد، كه‌ عه‌لی ئه‌سغه‌ر عه‌نابستانی نوێنه‌ری شاری (سه‌وزه‌وار)یش شكستی هێناوه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌یه‌ كه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت وه‌كو سه‌ربازێك ئیشه‌كه‌ی بووه‌ به‌ زلـله‌ وه‌شاندن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand