رۆیتەر: خامنەیی دژی ئەوەیە موجتەبای كوڕی جێگەی بگرێتەوە

Draw Media

2024-05-21 07:15:26




درەو:
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز", راپۆرتێكی بە ناونیشانی (ئاگایان دەڵێن مردنی رەئیسی رەنگە كێبڕكێ‌ لەسەر جێگرەوەی خامەنەیی بوروژێنێت ) بڵاوكردووەتەوە, كە لەلایەن (Parisa Hafezi) نوسراوە:
🔹مردنی ئیبراهیم  رەئیسی, سەرۆك كۆماری ئێران لە روداوی تێكشكاندنی فرۆكەكەیدا, پلانی توندڕەوەكانی تێكدا, كە دەیانویست جێگەی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەڕی باڵا بگرێتەوە, هاوكات ململانێش لە سەربازگەكەیان دەخولقێنێت سەبارەت بەوەی كێ‌ دەبێتە سەرۆك كۆمار.
🔹رەئیسی (63) ساڵ, یەكێك لە خوێندكارەكانی خامنەیی بوو, بە ریزەكانی رژێمی ئاینی ئێراندا سەركەوت, لە ئاستێكی فرواندا وا تەماشای دەكرا, كاندیدی سەرەكیە بۆ جێگرتنەوەی رابەڕی باڵای ئێرانی تەمەن (85) ساڵ.
🔹سەركەوتنی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار, بەشێك بوو لە پتەوكردنی دەسەڵات لە دەستی توندڕەوەكان, ئەوانەی هەوڵەكانیان چڕكردەوە بۆ بەهێزكردنی پایەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران, بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو مەترسیانەی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆو دوژمنەكانیان لە ناوچە دەیخولقێنن.   
🔹رەئیسی پشتیوانیەكی بەهێزی لێدەكرا لەلایەن خامنەییەوە, كە لە ساڵی (1989)دا, سەرۆك كۆماری ئێران بوو, كە دوای مردنی ئایەتوڵا خومەینی, دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران, بووە رابەڕی باڵا.
🔹رابەڕی باڵا دەسەڵاتێكی رەهای هەیە لە ئێران, فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە و بڕیاڕ لە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوە دەدات, كە تا ئاستێكی زۆر بڕیار لە روبەڕوبونەوە دەدات لەگەڵ ئەمریكاو ئیسرائیل.
🔹لەكاتێكدا خامنەیی پشتیوانی جێگرەوەیەكی نەكردووە بۆخۆی, چاودێرانی كاروباری ئێران دەڵێن, رەئیسی یەكێك بووە لەو دوو ناوەی زۆربەی كات باسكراون, ناوی دووەمیشیان كوڕی دووەمی خامنەییە, موجتەبا, كە دەوترێت لە پشتی پەردەوە خاوەنی دەسەڵاتێكی فراوانە.
🔹فالی نەسر, مامۆستا لە دیراسانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆن هۆبكینز دەڵێت: رەئیسی لەلایەن كۆمەڵێكەوە پشتیوانی لێدەكرا كە دەیانویست ببێت بە رابەڕی باڵا, ئێستا هیچ كاندیدێكیان نیە, ئەوەش دەرگا بەڕووی دەركەوتنی گروپ و كەسایەتی تر دەكاتەوە وەك كێبڕكێكاری جدی.
🔹رەئیسی بۆچونەكانی خامەنەیی دووبارە كردووەتەوە لە هەموو بابەتێكی سەرەكیدا, سیاسەتەكانی رابەڕی داڕشتووە, كە ئامانجی چەسپاندنی دەسەڵاتی پیاوانی ئاینی و سەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆن بووە, پیادەی هێڵی توندڕەوەكانی كردووە لە بارەی پرسە سیاسیە دەرەكیەكان, لەنمونەی, گفتوگۆ ئەتۆمیەكان لەگەڵ ئەمریكا.
🔹توندڕەوەكان پارێزگاریان لە هەژموونی خۆیان كرد لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی كە مانگی ئازاری رابردوو بەڕێوەچوو, بەڵام رێژەی بەشداری هاتە نزمترین هات لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشەوە.  
🔹لەگەڵ ئەوەی زۆربەی كات ناوی دەهێنرێت, بەڵام گومان هەیە لەبارەی كاندیدكردنی موجەتەبا, كە پیاوێكی ئاینی پلە مامناوەندەو سەرقاڵی خوێندنی زانستی ئاینیە لە پەیمانگای ئاینی, لە شاری قومی پیرۆز بەلای شیعەكانەوە.
🔹سەرچاوەیەكی نزیك لە نوسینگەی خامەنەیی دەڵێت: رابەڕی باڵا دژایەتی خۆی پیشانداوە بۆ كاندیدكردنی كوڕەكەی, چونكە نایەوێت وڵات بەرەو حوكمی پشتاوپشت بگەڕێنەوە دوای ئەوەی دەسەڵاتی پاشایەتیان لە ئێران رووخاندووە لە ساڵی (1979)دا.
🔹سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت: دژایەتی خامنەیی بۆ حكومی پشتاوپشت, هەریەك لە موجتەبای كوڕی و  عەلی خومەینی نەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران  دوردەخاتەوە.
🔹بەرپرسێكی پێشوی ئێران دەڵێت: چاوەڕوان دەكرێت لایەنە بەهێزەكانی ناو ئێران, بە سوپای پاسداران و پیاوە ئاینیە كاریگەرەكانی قومیشەوە, هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ پێكهێنانی پرۆسەیەك, كە لەڕێیەوە رابەڕی باڵای داهاتوو هەڵبژێرن.
🔹مردنی رەئیسی بە گورزێك دادەنرێت بۆ ئەو دامەزراوەیە كە هیچ كاندیدێكی تری نیە, لەكاتێكدا دەشوترێت كە رەئیسی ئامادەكراوە بۆ جێگرتنەوەی خامنەیی, بەڵام تائێستا كەس بەدروستی نازانێت خامەنەیی بەنیازی چیە.
🔹خامەنەیی لە ساڵی (1989) خاوەنی زۆرترین چانس نەبوو بۆ ئەوەی ببێتە رابەڕی باڵای ئێران, دەریشنەكەوت تا دوای مامەڵەكانی پشت پەردەی دەستەبژێری ئاینی.
🔹بەگوێرەی دەستوری ئێران, رابەڕی باڵا لەلایەن ئەنجومەنی شارەزایانەوە دادەنرێت, كە دەستەیەكی ئاینیە لە (88) ئەندام پێكدێت و, سەرپەرشتی رابەڕ دەكات و لەڕووی تیۆریەوە دەتوانێت رابەڕ لەكاربخات.
🔹دوو سەرچاوەی ئاگادار رایگەیاندووە, ئەنجومەنی شارەزایان شەشە مانگ لەمەوبەر, رەئیسی لە لیستی جێگرەوەكانی رابەڕی باڵای دورخستبووەوە, بەهۆی پاشەكشێكردنی ئاستی جەماوەری, كە ئەوەش رەنگدانەوەی قەیرانی ئابوریە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاو خراپی ئیدارەدان.
🔹پیاوە ئاینیە كاریگەرەكانی پشتیوانی رەئیسی, فشارەكانیان چڕكردبووەوە بۆ ئەوەی ناوی بیگەڕێننەوە ناو لیسی كاندیدەكان بۆ جێگرتنەوەی رابەڕی باڵا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand