د. بەهرۆز جەعفەر حەوزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست کە لە: قوبرس، میسر، یۆنان، ئیسرائیل و خاکەکانی فەلەستین، لوبنان، ئوردون، سوریا و تورکیا پێکهاتووە، لە کۆتایی ساڵانی ٢٠٠٠ ەوە وەک شوێنێکی گەرمی کێبڕکێی وزە، پێکدادانی ئایدیۆلۆژی، ناکۆکی مێژوویی و بەرزبوونەوەی خواستە ناوچەییەکان دەرکەوتوە. ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەشێکە لە تابلۆیەکی فراوانتر کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، ڕووسیا و چین لە ڕووی جەوهەرییەوە سەریەک دەخەن. لەڕاستیدا ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ناوچەی کەنداو تادێت لە یەک فەزای جیۆپۆلەتیکیدا یەکدەگرنەوە، بۆتە جێگای کێبڕکێی ناوچەیی و یاریکردنی دەستەڵاتە گەورەکانی جیهان، بەتایبەتی لە ڕۆژگارێکدا ویلایەتە یەکگرتوەکان بەدوای ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی هەژموونی چین دا دەگەڕێت و، جەنگی ئۆکراین و غەزە دەخوازن دەرئەنجامی گەورە لە نەزمی نویی ناوچەیی و جیهانییدا درووست بکەن. ئاسایش و داینامیکییەتی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی لە ساڵی (٢٠٠٩) ەوە دۆزینەوە گازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست دەنگۆی گۆڕانکارییەکی جیۆپۆڵەتیکیی هێناوەتە ئاراوە. ئەم گەڕان و دۆزینەوانە ئیسرائیلی لە هاوردەکاری گازەوە کردوە بە هەناردەکار، قوبرسی کردوە بە یاریزانێکی ناوچەیی، بوە هۆی پێکهێنانی هاوپەیمانی سێقۆڵی لە نێوان یۆنان- ئیسرائیل- قوبرس. لەوەش زیاتر لووتکەی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF) لە ساڵی (٢٠١٩) بە بەشداری حەوت وڵات کە سنوریی ئاوییان دەکەوێتە سەر ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی پێکهات، لە لوتکەکەدا یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکاو ئیماراتی عەرەبیش بە سیفەتی چاودێر بەشدارن. لەگەڵ ئەوەی تورکیا یاریکەرێکی ناوچەیی سەرەکییە و دەکەوێتە سەر ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، بەڵام وڵاتانی ناوچەکە ڕێگەیان بە تورکیا نەداوە بەشداریی لە چالاکییە گازییەکانی ناوچەکەدا بکات، ئەمەش سەرئێشەیەکی ناوچەیی درووستکردوە. کێڵگەکانی تامار (لە ساڵی ٢٠٠٩) و لیڤیاتان (لە ساڵی ٢٠١٠) لە نزیک ئیسرائیل، کێڵگەی ئەفرۆدیت لە کەنارە ئاوییەکانی قوبرس (لە ساڵی ٢٠١١)، و زۆهر نزیک لە میسر (لە ساڵی ٢٠١٥) پاشان کێڵگەی کالیپسۆی قوبرس و کاریشی ئیسرائیل و چەندین دۆزینەوەی دیکە بوونە هیوایەک بۆ ئەوەی کە ئەم یەدەگە گازییە نوێیانە ببنە هۆی هاندانی هاوکارییە ئابوورییەکانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییە سیاسییەکان. بەڵام ئەم گەشبینییە وەکو پێویست جێگەی خۆی نەگرت، بەڵکو درێژەی بە گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان دا. یەکتربڕینی ناوچە ئاوییەکان و کێشە لەسەر سنوورە ئاوییەکان بەتایبەت لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل، خاکی فەلەستین و ئیسرائیل، هەروەها دەستوەردانەکانی تورکیا لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان و بەردەوامی کێشەی نێوان دوو قوبرسەکە چالاکییە ئابورییەکان سست تر دەکات و، وەک پرسێکی سیاسی مشتومڕاوی و دژوار دۆخی ناوچەکە دەهێڵێتەوە، بەو پێیەی ئەم بابەتە هەم مافی سەروەری و هەم بەرژەوەندی ئابووری لەخۆدەگرێت. ڕەتکردنەوەی تورکیا بۆ داننان بە سەروەری قوبرس، گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان زیاتر دەکات. بەشێوەیەکی گشتی، لەساڵی (٢٠١٨) ەوە پلانی بونیادنانی (١٩٠٠) کیلۆمەتر هێڵی بۆڕی گاز لە کێڵگەکانی قوبرس و ئیسرائیلەوە بە ژێر ئاودا بۆ دوورگەی کریتی یۆنان لە جێبەجێکردندایە، وا بڕیارە لە (٢٠٢٥) دا تەواو ببێت. بەڵام ئەم هەوڵە ڕووبەڕووی تێکەڵەیەک لە گرفتی جیۆپۆڵەتیکیی و دارایی و ژینگەیی بۆتەوە. ئایا ئەمە بۆ ئەوا درووست دەکرێت هەوای پێدا بڕوات؟ بڕیارەو هەردەبێت ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی لە ڕووی ئەمنی و پرسی وزەوە پەیوەست بێت بە ئەوروپاوە، ڕەنگە ئەم هێڵەی وزە تەواوبکرێت، یان ڕێرەوەکەی بگۆڕێت بە جۆرێک لە ڕێگەی میسرەوە بگاتە ئەوروپا. دەبێت لەبیرمان بێت، حەوزەی دەریای سپی ناوەڕاست بەتەنها هێمای دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گاز نییە، جگە لە چالاکییە بازرگانیی و ئابورییەکان ئەم ناوچەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە دۆخی ئاسایشەوە هەیە لە سەرانسەری ئەوروپا، بۆ نموونە لە دوای بەهاری عەرەبییەوە ملیۆنەها کۆچبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکاوە ئاوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست بەکاردەهێنن بۆ پەڕینەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەش بوەتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی ناسنامە لە ئەوروپا، ئەوەش فاکتەرێکی سەرەکییە کە حیزبە ڕاستڕەو و پۆپۆڵیستەکان لە هەندێک وڵاتی ئەوروپی دا هەڵبژاردنەکان دەبەنەوە. لینکە ونبوەکەی دەستپێشخەریی پشتێنەو ڕێگا: بەستنەوەی کەنداو بە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی یەوە چالاکییەکانی کەنداو لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی دا بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاڕاستەکردنی بەرەوپێشچوونەکان، بەتایبەتی کۆمپانیا نیشتیمانییەکانی بواری وزەی کەنداو وەک بەشێک لە ستراتیژییەکانی بەنێودەوڵەتیکردنیان سەرکردایەتی فراوانکردنی بوونی دەوڵەتە عەرەبییەکانی کەنداویان کردووە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی؛ لە کۆی سێ وڵاتی زلهێزی کەنداو، ئیمارات ئەو وڵاتەیە کە هەوڵی داوە گەورەترین ڕۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی دا بگێڕێت. جگە لە بەشداریکردنی لە لیبیا و میسر و هەروەها پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قوبرس و یۆنان. ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٠دا کاریگەرییەکانی ئیماراتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی دا بە توندی چەسپاند، کە هەردوو توخمەکانی هێزی نەرم و سەختی لەو ماوەیەدا تێکەڵکرد. کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەبوزەبی (ADNOC) و کۆمپانیای موبادەلە پترۆلیۆم کە بارەگا سەرەکییەکەی لە ئەبوزەبیشە، سەرکردایەتی هەوڵەکانی ئیماراتیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی کاریگەر لە کەرتی وزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (ئێست مێد). موبادەلە پترۆلیۆم لە ڕێگەی گرێبەستێکەوە لە ئەیلولی ٢٠٢١ دا ٢٢% ی پشکی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانی لە کێڵگەی تاماری ئیسرائیلی بە بەهای (١) ملیار دۆلار کڕی. هەروەها موبادەلە خاوەنی ١٠٪ ی گەورەترین کێڵگەی غازی میسری "زوهر" ە. لە شوباتی ٢٠٢٣، کۆمپانیای ADNOC Distributionکە گەورەترین فرۆشیاری سووتەمەنی و ئاسانکارییە لە ئیمارات، پشکی ٥٠%ی لە کۆمپانیای TotalEnergies ی میسری بەدەستهێنا، ئەمەش بووە هۆی هاتنە ناوەوەی کۆمپانیای ئەبوزەبی بۆ میسر، وەک بەشێک لە پلانەکەی بۆ فراوانکردنی ئاستی ناوچەیی. لەم نێوەندەدا، کۆمپانیای نەوتیی نیشتیمانیی ئەبوزەبی- ADNOC لەگەڵ کۆمپانیای بریتش پیترۆلیۆم گرنگی بە پەرەپێدانی سەرچاوە نوێیەکانی غاز لە دەریای ناوەڕاست دەدات، هەردوو کۆمپانیاکە پابەندبوون بە کڕینی کۆمپانیای نیومێد (New Med) ی ئیسرائیل کە خاوەنی گەورەترین پشکە لە کێڵگەی غازی لیڤیاتان. هەرچەندە جەنگی غەزە تەگەرە دەخاتە بەردەم گرێبەستەکە، بەڵام هیچ لەو ڕاستییە ڕوونتر نییە کە ئیماراتی عەرەبی بە دوای خەونەکانی خۆی کەوتوە، جگەلەوەش سیاسەتی ئیماراتی عەرەبی لەگەڵ ئێران و گرووپە پرۆ-ئێرانییەکانی ناوچەکە ناکۆکە، هەروەها لەگەڵ ئیخوان موسلیمین ناکۆکە کە حەماس بەشێکە لێی. هەروەها لە شوباتی ٢٠٢٤ دا، بەرپرسانی میسر ڕێککەوتنێکی ٣٥ ملیار دۆلاریان لەگەڵ ئیمارات بۆ پەرەپێدانی هاوینەهەواری ڕاس ئەلحکمە لە کەنارەکانی باکووری وڵاتەکەیان واژۆکرد. ئەم گرێبەستە ژیاندنەوەی ئابوریی میسر بوو لە ڕێگەی یەک دەرزییەوە، کە دراوی بیانی زۆر پێویست دەهێنێتە قاهیرە و بووەتە هۆی داڕمانی بازاڕی ڕەش، لەکاتێکدا میسر بەدەست داڕمانی دراو و قەیرانی ئابورییەکەیەوە دەیناڵاند. جگەلەوە ئەم پرۆژەیە دەتوانێت بە مانای زیادبوونی گەشتیاری کەنداو و ڕۆیشتنی سامان بۆ ئەم ناوچانە بێت. بەگشتی، لە ڕوانگەی تازەترین کتێبی خۆم بەناونیشانی (Deciphering the Eastern Mediterranean's Hydrocarbon Dynamics: Unravelling Regional Shifts ) کە لەلایەن گرووپی ئیمراڵدەوە لە ئەوروپاو ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، ئەم بابەتە تاوتوێ دەکەم: هەموو پرسە ئابوریی و ئەمنییەکان پەیوەست نین بە نەوت و گازەوە، ئەمە پاکێجێکە کە لە هەناویدا وەرچەرخانێکی جیۆپۆڵەتیکیی لە خۆگرتوە، تیایدا هەریەکە لە کەنداو و ئیسرائیل ئەجێندای خۆیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، گازی سرووشتی بوەتە تۆپیکێکی سەرەکی ناو بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (بەتایبەت لە میانەی جەنگی ئۆکراینەوە). ئەگەرچی زۆرینەی ئۆتۆمبیل لە ئەوروپا بە پاتری کاردەکات و، جیهان بەگشتی ڕووی کردۆتە وزەی پاک، ئێمە ئێستا لە قۆناخی گواستنەوەی وزەداین، بەڵام هێشتا نەوت و گاز لە ڕیزبەندی یەکەمدان لە بازاڕی ئابوریی جیهانییدا. یەکێتی ئەوروپا لە پێش و پاش جەنگی ئۆکرایناش ئەو ڕاستییەیان نەشاردۆتەوە کە بۆ ڕزگاربوون لە پشت بەستنی خۆرئاوا بە گازی ڕووسیا لەمەولا هەوڵ دەدەن گازی ڕۆهەڵاتی دەریای سپی (ئەو یەدەگەی ئیسرائیل، میسر و قوبرس) وەک جێگرەوەی گازی ڕووسیا بەکار بهێنن. ئەمەش وادەکات ئەم حەوزەیە بەهێزتر بکرێت و پاڵپشتی دیکەی بۆ بدۆزرێتەوە، بەتایبەتی بیر لە بەستنەوەی کوتلە وزە دەوڵەمەندەکەی کەنداو بە دەریای سپی بکرێتەوە، کە ئامادەکارییەکانی تا ئەندازەیەک تەواو بوە، بەڵام جەنگی غەزەو بوونی هێزەکانی نیزیک لە ئێران لە ناوچەکەدا دەتوانێت ئەم پرسە بەتەواوی ئاڵۆز بکات. لەوەش زیاتر، بەهۆی بەردەوامی جەنگی ئۆکرایناوە ڕەنگە ڕووسیاش لە بەرژەوەندی ئێران لەم ناوچەیە دەستوەردانی زیاتر بکات. لەلایەکی ترەوە، دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا (BRI یان B&R) کە لە چین بە یەک پشتێنە یەک ڕێگا ناسراوە و هەندێکجار بە ڕێگای ئاوریشمی نوێ ناودەبرێت، ستراتیژییەکی جیهانییە بۆ پەرەپێدانی ژێرخان کە لەلایەن حکومەتی چینەوە لە ساڵی ٢٠١٣ پەسەندکراوە، ئامانجی وەبەرهێنانە لە زیاتر ١٥٠ وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دا؛ بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری دارایی و گەشەپێدانی سەوز لە (٢٠٢٤) کە پشتی بە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی چین بەستوە؛ تا مانگی نیسانی ٢٠٢٣، بە گشتی ١٤٩ وڵات (بە چینیشەوە) بەڵگەنامەیان واژۆ کردوە بۆ پەیوەستبوون بە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگای چین ەوە. چین پەیوەندیی ستراتیجی و هەژموونی ئابوریی خۆی لەگەڵ کەنداودا بە ڕوونی دەستپێکردوە؛ لەماوەی ساڵانی (٢٠١٥ -٢٠٢٢) ئاستی پەیوەندییە ئابورییەکان لە چوارچێوەی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداودا لەگەڵ چین بەڕێژەی (١٤٠٪) زیادی کردوە، بەپێی وتەی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، شێخ محەمەد بن حەمەد بن قاسم ئالسانی سەرۆکایەتی شاندی دەوڵەتی قەتەری کردوە لە ٢٣ ی ئایاری ٢٠٢٤ بۆ کۆنفڕانسێک لە شاری شیامینی چین لە ژێر دروشمی "ئامێزگرتنی داهاتوو: پێشخستنی هاوکاری پیشەسازی و وەبەرهێنانی کوالیتی بەرز لە نێوان چین و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو" قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا لە ساڵی (٢٠٢٣) دا گەیشتووەتە نزیکەی (٢٣.٧) ملیار دۆلار، لە (٢٠٢٤) شدا ئاستی گەشەی نێوانیان (٣.٧٪) زیادی کردوە. نەرمە هێزی چین لە ئاسیادا بەگشتی و لە عێراق و کەنداودا بەتایبەتی مەترسیی تەواوەتی بۆ تاکجەمسەریی ئەمریکا درووستکردوە. بەڵام هێشتا کەنداو بەتایبەتی سعودییەو ئیمارات و عومان بەردە گۆشە (Corner Stone) ی سیاسەتی ئەمریکاو بەریتانیان لەناوچەکەدا. ئەوان لە ڕووی ئەمنییەوە پێویستیان بە ئیدارەی ئەمریکایە بیانپارێزێت، بەتایبەتی لە هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نیزیک لە ئێران لە ناوچەکەدا. کۆنێکتکردنی کەنداو بە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی یەوە، دەبێتە بەشێک لە ستراتیژێکی گەورەتری ئیدارەی ئەمریکا بۆ ڕێگیریکردن لە بڵاوبونەوەی هەژموونی چین کە لە هیندۆ-پاسیفیک بە پشتیوانی (هیندستان، یابان، ئوسترالیا) ەوە دەست پێدەکات، لە هەوڵی بەستنەوەی بەندەری مۆمبای هیندستان بە بەندەری دوقمی سەڵتەنەتی عومانەوە لەنگەر دەگرێت. پاشان هێڵی خێرای بەندەری دوقم تا سعودییە لەتەواوبوندایە، بەهەمان شێوە گەیاندنی سعودییەش بە کەنارە ئاوییەکانی دەریای سپی بە پاڵپشتی ئوردون لەناکاوێکدا تەواو دەبێت. دەرئەنجام زۆرینەی گرفتە جیهانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیدا هەڵکەوتوون، وەکو کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، قەیرانی سوریا، کێشەی چارەسەرنەکراوی قوبرس کە وا دەکات تورکیا زیاتر دەست لەناوچەکە وەربدات، کێشەی کۆچبەر، پرسە ژینگەییەکان، جەنگی لوبنان، هەروەها گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا بەم ناوچەیەدا تێدەپەڕێت. ئەم پرسانەش تەنها بە جەنگێکی یەکلاکەرەوە یەکلایی دەبنەوە. هەریەکە لە ئیسرائیل، ئێران، تورکیاو سعودییە زلهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. لەوە ناچێت دۆخی خراپی ئابوریی لەتورکیا ڕێگەی پێبدات بەشداری جەنگ لەدەرەوەی خۆی بکات، چوونکە ناوەوەی تێکدەچێت و هەڵدەوەشێت. کەنداو بەگشتی بەدوای هەمەڕەنگکردنی سەرچاوە ئابورییەکانی خۆیانن، ئێران هەمیشە وەک سێبەری مەترسییەک لەسەر خۆیان هەژمار دەکەن. بۆیە ئیسرائیل بە پاڵپشتی تەواوەتی خۆرئاوا هەنگاو دەنێت بۆ کۆتایی هاتنی مەترسییەکانی حەماس و حیزبوڵا تا لە شادەماری ئابوریی خۆی کە بەندەرەکان و کێڵگە گازییەکانن دوورتریان بخاتەوە. دەکرێت ڕوونتر بڵێین کە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوچەیەکی بێئەندازە ستراتیجییە بۆ خۆرئاوا، پێویستییان بە دۆستێکی بێئەندازە کاریگەرو باوەڕپێکراوە لەناوچەکە، کە بۆ ئەوان "ئیسرائیل" ە. بۆیە جەنگەکە حەتمییە و کورت مەوداش نابێت، تا هەموو لایەک دەگەنە ئەو باوەڕەی بەڕێگەی وەشاندنی گورزە کاریگەرەکان حووسییەکان، حیزبوڵڵا و حەماس لەناو ناچن، چوونکە هەموو کاتێک کە پەلامار دەدرێن، دوای ماوەیەک ئەم گرووپە- میلیشیایانە خۆیان تازە دەکەنەوەو پەلاماری ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەدەنەوە. بەهرۆز جەعفەر/ ڵیکۆڵینڤان و ڕۆژنامەوانی کوردە. دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، دامەزرێنەرو بەرێوەبەری دامەزراوەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی. پسپۆڕە لە ئابوریی سیاسیی و ئاسایشی وزەو پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان.
راپۆرتی: درەو 🔻 لە ساڵی (1992)ەوە (6) خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چووە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بەشداری کردووە، کە لە (4) هەڵبژاردنیان بە لیستی سەربەخۆ و (2) هەڵبژاردنیان بەشێوەی هاوپەیمانی چووتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، ئەنجامەکانیشی؛ 🔹 خولی یەکەم نزیکەی (444 هەزار) دەنگ و (50) کورسی. 🔹 خولی دووەم لیستی هاوبەش و (40) کورسی. 🔹 خولی سێیەم لیستی هاوبەش و (30) کورسی. 🔹 خولی چوارەم نزیکەی (743 هەزار) دەنگ و (38) کورسی. 🔹 خولی پێنجەم زیاتر لە (688 هەزار) دەنگ و (45) کورسی. 🔹 لە خولی شەشەم بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی پتر لە (809 هەزار) دەنگ و (39) کوردسی دەباتەوە. دەنگ و کورسییەکانی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان (1992 - 2024) لە ساڵی (1992)ەوە (6) خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چووە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بەشداری کردووە، کە لە (4) هەڵبژاردنیان بە لیستی سەربەخۆ و (2) هەڵبژاردنیان بەشێوەی هاوپەیمانی چووتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، ئەنجامەکانیشی بەم جۆرە بووە؛ یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان 1. خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان، لە 19/5/1992 بەرێوەچوو. 2. ( ملیۆنێك و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (971 هەزارو 593) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (87%). 4. پارتی دیموکراتی کوردستان (443 هەزارو 879) دەنگی بەدەستهێنا. - دەنگی پارتی لە پارێزگای سلێمانی (92 هەزارو 449) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (%26.6). - دەنگی پارتی لە پارێزگای هەولێر (152 هەزارو 143) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 46%). - دەنگی پارتی لە پارێزگای دهۆك (168 هەزارو 983) دەنگ بوو بەرێژەی (85.5%). - دەنگی پارتی لە سنوری كەركوك (24 هەزارو 604) دەنگ بوو بەرێژەی (28%). 5. لەم خولەی هەڵبژاردن یەکێتی و پارتی (50 بە 50) کوردسییەکانی پەرلەمانی کوردستانیان لە نێوان خۆیان دابەشکرد. دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان 1. خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2. ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 753 هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (76.6%). 4. سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (نیشتمانی دیموكراتی كوردستان) بەشدار بوون كە (ملیۆنێك و 570 هەزارو 663) دەنگیان بەدەستهێناو (104) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. 5. لەم خولەدا پارتی دیموکراتی کوردستان (40) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێنا سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 25/7/2009 بەرێوەچوو. 2. ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 876 هەزارو 196) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.5%). 4. پارتی و یەكێتی لە چوارچێوەی لێستێكدا بەناوی (لیستی كوردستانی) بەشدارییان كردوو (ملیۆنێك و 76 هەزارو 370) دەنگیان بەدەستهێناو (59) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. 5. لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی کورسییەکانی پارتی بۆ (30) کورسی دابەزی. چوارەەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەرێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 653 هەزارو 743) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 978 هەزارو 382) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.6%). 4. هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5. پارتی دیموكراتی كوردستان (743 هەزارو 984) دەنگی بەدەستهێناو (38) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. 6. لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی کورسییەکانی پارتی بۆ (38) کورسی بەرزبوویەوە. پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو. 2. (3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (1 ملیۆن و 845 هەزارو 979 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (60%). 4. هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5. پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (688 هەزارو 70) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (37%). 6. لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر ژمارەی کورسییەکانی پارتی بەرزبوویەوەو گەیشتە (56) کورسی. شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە 20/10/2024 بەڕێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 899 هەزارو 578) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان (2 ملیۆن و 87 هەزارو 972 ) كەس دەنگیانداوە بەرێژەی (72%). 4. هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان چوار بازنە بەرێوە چوو. 5. هەر بەپێی ئەنجامە بەراییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی هەر چوار بازنەکەی هەرێمی کوردستان (809 هەزارو 197) دەنگی بەدەستهێناوە، بەم ئەنجامەش (39) کورسی پەرلەمانی کوردستان مسۆگەر دەکات، بەجۆرێک. - لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای هەولێر کە (345 هەزار و 822) دەنگی بەدەستهێناوە، (17) کورسی پارێزگاکەی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی کە (57 هەزار و 832) دەنگی بەدەستهێناوە، (3) کورسی پارێزگاکەی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆک کە (400 هەزار و 603) دەنگی بەدەستهێناوە، (18) کورسی پارێزگاکەی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای هەڵەبجە کە (4 هەزار و 940) دەنگی بەدەستهێناوە، (1) کورسی پارێزگاکەی بەردەکەوێت. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە خشتە وچارت و گرافیکی هاوپێچ؛ خشتە و چارت و گرافیک سەرچاوەکان • کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 20/10/2024. • محەمەد رەئوف، هەڵبژاردن لە کوردستان 1992 – 2021، توێژینەوەیەکی شیکاری – بەراوردکارییە، چاپی سێیەم، 2023. • دامەزراوەی میدیایی درەو، کلیلی هەڵبژاردنەکان 1992 – 2021 پێگەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا، چاپی یەکەم 2023.
(درەو): دامەزراوەی (پەی) راپۆرتی چاودێری خۆی بۆ دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە كە دوێنێ بەڕێوەچوو، راپۆرتەكە باس لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی پرۆسەكەو لاوازی رۆڵی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و باڵادەستی هێزە ئەمنییەكان دەكات بەسەر بنكەكانی دەنگدانەوە. پێشەكی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بڕیار بوو دوو ساڵ لەمەوبەر ئەنجام بدرێت، ئەوەبوو دواخرا بۆ 20 ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵا، سەرباری كێشمەكێشی لایەنە سیاسیەكان لەسەر ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكە لەكاتی دیاریكراو و گرفتەكانی تۆماری دەنگدەران یاسای هەلبژاردن و كورسی كۆتاكان و گرفتی كۆمسیۆنی سەربەخۆ و راپرسی هەرێم، لەدواجاردا بەهۆی بڕیارەكەی دادگای باڵای ئیتیحادیەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەناو ئەو هەموو ململانێ و كێشمەكێشەدا چووە بواری جێبەجێكردنەوە. رۆژی 18/10/2024 دەنگدانی تایبەت ئەنجامدرا، لەم راپۆرتە كورتەدا سەرنج و تێبینی خۆمان دەخەینە روو، بۆ ئەوەی بتوانرێت سود لە خاڵە گەشەكان ببینرێت و زیاتر پەرەیان پێ بدرێت، هەموو توانایەكیش بخرێتە گەڕ كەموكوڕییەكان پڕ بكرێنەوەو ئامادەكاری باشتر بكرێت بۆ رۆژی دەنگدانی گشتی لە 20/10/2024 و رێگری لەو پێشێلكارییانەش بكرێت كە لەرۆژی دەنگدانی تایبەتدا كراون بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە. بەو هیوایەی رۆژی 20/10/2024 لەكەشێكی دیموكراسیدا هەڵبژاردنێكی سەركەوتووی دوور لە ساختەكاری ئەنجام بدرێت و ببێتە مایەی ئەوەی نەخشەی سیاسی هەرێم گۆڕانكاری بەسەردابێت بەو ئاقارەی كە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دروست بكرێتەوە و دواتر هەنگاوی جدی بنرێت بۆ ئەوەی حكومەتێكی تازەی كارا بێنەكایەوەو خەم و مەینەتیەكانی خەڵكی كوردستان بڕەوێتەوەو رزگاریان بێت لەو هەموو قەیرانەی تێی كەوتووین و قەوارەی هەرێمیش پارێزراو بێت. ئاماری دەنگدەران تایبەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق (7067) وێستگەی دەنگدان لەچوارچێوەی (1431) بنكە هەیە و (282) ناوەندی تۆمار پێشوازییان لە دەنگدەرانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن. بەجۆرێك كە (2.899.578) كەس لەسەر ئاستی گشتی پارێزگانی هەرێمی كوردستان كارتی نوێی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە، لەو ژمارەیەش (2.683.618) كەس بە ڕێژەی (93%) لە دەنگدانی گشتی كە بەسەر (173) ناوەندی تۆمار كە دابەش بووە (1266) بنكەی هەڵبژاردن و (6318) وێستەگە لە خۆ دەگرێت. لە لایەكی ترەوە (215.960) كەسیش بە ڕێژەی (35%) لە دەنگدانی تایبەت لە (109) ناوندی تۆمار كە دابەش بووە بەسەر (165) بنكەی هەڵبژاردن و (749) وێستەگە لەخۆدەگرێت مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنكەدا هەیە. ئەگەر ئەوە وردبكرێتەوە بۆ سەر ئاستی پارێزگاكان ئەوا: یەكەم: پارێزگای هەولێر (1.022.906) كەس بە ڕێژەی (35.3%) كۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێك (933.115) كەسیان بە ڕێژەی (91%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (53) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (498) بنكەی دەنگدان كە (2.213) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوكات (89.791) كەسیش بە ڕێژەی (9%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (34) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (62) بنكەی دەنگدان كە (306) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. دووەم: پارێزگای سلێمانی (1.087.073) كەس بە ڕێژەی (37.5%) كۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێك (1.008.412) كەسیان بە ڕێژەی (93%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (74) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (477) بنكەی دەنگدان كە (2.373) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوكات (78.661) كەسیش بە ڕێژەی (7%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (32) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (57) بنكەی دەنگدان كە (276) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. سێیەم: پارێزگای دهۆك (723.747) كەس بە ڕێژەی (25%) كۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێك (682.791) كەسیان بە ڕێژەی (94%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (41) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (264) بنكەی دەنگدان كە (هەزار و 596) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوكات (40.956) كەسیش بە ڕێژەی (6%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (30) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (33) بنكەی دەنگدان كە (142) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. چوارەم: پارێزگای هەڵەبجە (60.252) كەس بە ڕێژەی (2.1%) كۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێك (59.300) كەسیان بە ڕێژەی (98%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (5) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (27) بنكەی دەنگدان كە (136) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوكات (952) كەسیش بە ڕێژەی (2%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (1) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (1) بنكەی دەنگدان كە (3) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. پێنجەم: پارێزگاكانی (نەینەوا، كەركوك، دیالە، ئەنبار، بەغدا (كەرخ و رەسافە)، واست، سەڵاحەدین)، (5.600) كەس بە ڕێژەی (0.2%)ی كۆی دەنگدەران، مافی بەشدارییان هەیە لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (12) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (12) بنكەی دەنگدان كە (22) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. بەپێی داتاكانی كۆمسیۆن، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە هەرچوار پارێزگای هەرێمدا بەم شێوەیە دابەش بوون: بەڵام لە كاتی هەڵبژاردندا كە رۆژی 18/10/2024 ئەنجامدرا رێژەی بەشدار بوون بەم شێوەیە بوو: ئەم پرۆسەی دەنگدانە كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە ئەنجامدەدرێت، چەند خالێكی سەركەوتووی تیایە، لەهەمان كاتدا لە كەموكوڕیش بێبەش نەبوو، لەم راپۆرتەدا هەوڵا دەدەین وێرای دەستخۆشی بۆ خاڵە باشەكان، خاڵە لاوازەكان و كەم و كوڕییەكان و پێشێلكارییەكان بخەینە بەرچاو، بەو مەبەستەی لە دەنگدانی گشتیدا لەبەرچاو بگیرێن، تا كەموكوڕییەكان راست بكرێنەوەو پێشێلكارییەكان رێگەیان لێبگیرێت. چونكە ئەگەر نەتوانێت پێشێلكارییەكان بنبڕ بكات و كۆنتڕۆڵیان نەكات، لە دەنگدانی گشتیی دۆخەكەی لەدەست دەردەچێت. یەكەم: لایەنە ئەرێنییەكانی پرۆسەكە: ١- بنكەكانی دەنگدان لە كاتی خۆیدا (كاتژمێر 7ی بەیانی) بە رووی دەنگدەراندا كرانەوە. 2- تا ئاستێكی باش بە شێوەیەكی گشتی پرۆسەكە بە ئارامی بەڕێوەدەچوو. 3- بەشێوەیەكی گشتی ئاسایشی بنكەكان باش دابینكرابوون. 4- بەشێوەیەكی گشتی رێكاری كۆمسیۆن جێبەجێ دەكرا كە دەبوایە دەنگدەر بۆ دەنگدان بەڵگەنامەی پێویستی پێ بێت، بەپێچەوانەوە رێگەی پێنەدەدرا دەنگبدات. 5- كاتژمێر (٦)ی ئێوارە لە كاتی خۆیدا بنكەكانی دەنگدان داخران. 6- رێژەی دەنگ دان بەشێوەی گشتی بەرز بوو. 7-لەنێو وێستگەو بنكەكانی دەنگداندا ساختەكاری بەدی نەدەكرا، بەڵام بۆ قۆناغی دواتر ناتوانین هیچ رایەك بدەین، چونكە پرۆسەكە هێشتا بەردەوامە و سەبارەت بە گواستنەوەی سندوقەكان و ناردنی ئەنجامەكان بۆ كۆمسیۆن و شێوازی راگەیاندنی ئەنجامەكان، لەكاتی خۆیدا تێبینی و سەرنجەكانمان رادەگەیەنین. دووەم: لایەنە نەرێنییەكانی پرۆسەكە یەك: پێشێلكاری قەوارەكان: 1- هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندنی حیزبەكان تا ئێوارەی رۆژی 18/10 لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەردەوام بوون. لەوانە (NRT) راگەیەنرای جولانەوەی نەوەی نوێی بلاو كردەوەو بە راشكاوی داوای دەكرد كە هێزە ئەمنیەكان دەنگی پێ بدەن، بەرەی گەل لە ریكلامەكانیدا رایدەگەیاند كە" برایانی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ بەرەی گەلن"، كەناڵی (GK) و (Kurdsat)پەیامی سەرۆكی حزبەكەی بلاو كردەوە بەمەبەستی دەنگ پێدانی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، لەكاتێكدا بانگەشە بەپێی یاسا وەستا بوو، كەناڵەكانی پارتیش بەهەمان شێوە هەمان پێشێلكاریان هەبوو. 2- لەنزیك هەندێك لە بنكەكاندا ڕیكلامی قەوارەكان هەبوون و لە هەندێكیشیاندا كارتی بانگەشەی كاندیدان دابەش دەكرا، كاندیدێكیش لە سلێمانی لەبەردەم سەرجەم بنكەكاندا خۆی و تیمەكەی بنكەی بانگەشەیان دانابوو و تەنانەت بەناوی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە قسەیان دەكرد. 3- لەهەندێك بنكەدا كارت و ژمارە و وێنەی كاندیدان بەسەر دەنگدەراندا دابەشدەكران. 4- هەندێك كاندید لەنزیك بنكەكانی دەنگدان و لەناو دەنگدەراندا بەردەوامبوون لەسەر بانگەشە. 5- لە نزیك هەندێك بنكەدا لەلایەن هەندێك بەرپرس و نوێنەری قەوارەكانەوە ناوی ئەو كەسانە دەنوسرا كە دەنگیان دەدا. 6- لە بەر دەرگای بنكەكان لەلایەن ئەفسەرێكەوە سەرجەم ئەو پسولانەی لەبەرامبەر گێڕانەوەی كارتی بایۆمەتری كە بە دەنگدەران درابوو كۆدەكرانەوەو لە دەنگدەرەكان دەسەنرا. 7- هەندێك لە دەنگدەرە تایبەتەكان فشاریان خراوەتە سەر دوور لە خواستی خۆیان دەنگ بە كاندیدی كۆتاكان بدەن. كە لە بەشێك لە بنكەكاندا (یەكێتی و پارتی) بە ئاشكرا داوایان لە دەنگدەران دەكرد دەنگ بۆ كورسی كۆتای مەسیحی و توركمان بدەن. 8- هەندێك لە كاندیدان (بەتایبەت لە دەسەلات) رێگەیان پێدراوە بچنە ناو بنكەكانەوە بۆ مەبەستی بانگەشە. 9- هەروەك ئەوەی هاوڵاتیانی دەنگدەر ئازادن لەوەی دەنگ بە كاندیدانی كورسی گشتی بدەن یا كۆتا و رێگریكردن لێیان نایاساییە، چونكە لە دواجاردا ئەوەی دەنگی پێویست بهێنێ دەبێت بە نوێنەری سەرجەم خەڵكی كوردستان، لە هەمان كاتدا فشار خستنە سەریشیان بۆ دەنگدان بە نوێنەرێكی دیاریكراو نایاساییە چونكە مافی دەنگدان لە دەنگدەر دەسەنرێتەوە، وەك ئەوەی لایەنە سیاسیەكان لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی دەنگدەرانی تایبەتیان ناچار كردووە دەنگ بە كاندیدانی كورسیی كۆتای كریستیان و توركمان بدەن. 10- رێژەی ئەو دەنگانەی لەلایەن لیست و قەوارەكانەوە بەدەستهاتوون و رادەگەیەنرێن هیچیان فەرمی و دروست نین و یاسایی نین و دانیان پیادا نانرێت و كاریگەری نەرێنیشیان دەبێت لە سەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی. دوو: پێشێلكاری هێزە ئەمنیەكان: 1- هەندێك بەرپرسی پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەداران لەبنكەكاندا بوون و بەجۆرێكی ناراستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر دەنگدەران هەبوو كە دەنگ بە چ قەوارەیەك بدەن. 2- لە هەموو بنكەكاندا نوێنەری ئاسایش بوونی هەبوو و دەستی دەخستە كاروباری كۆمسیۆن و لە هەر لایەو كاری بۆ حزبی خۆی دەكرد. 3- لە گەلێك بنكەی دەنگداندا ڕێگری لەكەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكرا و وەك پێویست رێگەیان پێنەدەدرا كە رووماڵی پرۆسەكە بكەن. بۆ نمونە پەیامنێرانی (G.kurdistan) لە باعەدرێ. (K24) لە كۆیە، 4- بەشێك لە پەیامنێران و كارمەندانی دەزگاكانی راگەیاندن رووبەڕووی رێگری و پەلاماردان بوونەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، وەك هەریەك لە (Speda, Payam, Chanal8, Ava News, Kurdstan Tv, 964, , KNN NRT، G.Kurdistan، Kurdistan 24). 5- لە هەندێك لە بنكەكاندا كەشێكی عەسكەرتاریەت زاڵ بوو و چاودێرانی لایەنە سیاسییەكانیان بە زۆر لە هۆڵەكان دەكردە دەرەوە، بۆ نمونە وەك هەڵەبجە. 6- لە نزیك هەندێك لە بنكەكاندا خەیمەیەك هەڵدراوە و دەنگدەران دەبێت پێش ئەوەی دەنگبدەن بە خێمەكەدا تێبپەڕن، كە ئەمەش لە چوارچێوەی پێشلكارییەكاندا ئەژمار دەكرێت. 7- بوونی هێزی ئەمنی وسەربازی لە ناو بنكەكانی دەنگدان فشارێكی ناراستەوخۆ بوو لەسەر دەنگدەران كە بارێكی دەروونی خراپیان لەسەر دەنگدەران دروست كردبوو، چونكەی بەرێوەبردنی پرۆسەكە لەژیر كۆنترۆلی هێزیە ئەمنییەكاندا بووە. 8- هێزە ئەمنییەكان بریار بەدەست بوون لە ناو بنكەی دەنگدان، بۆ نمونە ئەوان پرسیارییان دەكرد و رێگایان بە دەنگدەران و چاودیرەكان نیشاندەدا و رێگەیان پێدەدان یان نا. سێ: كەموكوڕییەكانی كۆمسیۆن: 1- كۆمسیۆن ئەدای كاركردنی لاواز بوو، بنكەكان لە دەرگەی دەرەوە تا دەرگەی وێستگەكان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە بەڕێوە دەبران، كارمەندانی كۆمسیۆن تەنها لەناو وێستگەكاندا كاریان دەركرد. 2- لە زۆربەی وێستگەكاندا رێگری لەو دەنگدەرانە نەدەكرا كە مۆبایلیان بەمەبەستی وێنەگرتن لەكاتی دەنگداندا بەكار دەهێنا. 3- ئەژماركردن و بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت كاریگەری خراپی لەسەر پرۆسەی دەنگدانی گشتیدا هەیە. 4- لە هەندێك لە بنكەكاندا كێشەی پەنجەمۆر هەبوو لە ئامێرەكاندا، بۆ نمونە وەك: بنكەی سامانی شاری هەولێر، كە یەكێك لە سەرپەرشتیارانی بنكەكە وتی: "ماوەكەی زۆری خایاند و بەمەش پرۆسەی دەنگدان دواكەوت". 5- لە هەندێك بنكە پەشێوی و ئاڵۆزی دروست بوو و بۆ ماوەیەك دەنگدان راگیرا، وەك: بنكەی دەنگدانی گولان لە ئاكرێ، بنكەی دەنگدانی هەڵەبجە، بنكەی نێرگز لە شەقلاوە. 6- هەندیك جار زانیارییان دەشاردەوە سەبارەت بە بوونی پیشیلكاری بۆ چاودیران لەكاتی پرسیار كردن.
درەو: جیاوازی دەنگی حزبەكان لە دەنگدانی تایبەتدا لە سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا (2013 - 2018 - 2024) لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لە كۆی(154 هەزارو 50 ) كەس ( 144 هەزار و 434 ) كەس دەنگیان دا بە رێژەی (93.8% ) بەپێی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی تایبەت لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێم بەم شێوەیە بووە: لە هەڵبژاردنی 2013 پارتی دیموكراتی كوردستان ( 59794) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 41.4%ی دەنگەكان، بەڵام لە هەڵبژاردن 2018 دا پارتی دیموكراتی كوردستان ( 62.656 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 40%ی دەنگەكان، واتا رێژەی دەنگەكانی ( 1.4%) زیادیكردووە، لە هەڵبژاردنی 2013 یەكێتی نیشتمانی كوردستان( 36349) دەنگی هێناوە بەرێژەی 25.2% ، بەڵام لە 2018 دا یەكێتی نیشتمانی كوردستان( 44.870) دەنگی هێناوە بەرێژەی 28.7%، واتا رێژەی دەنگەكانی ( 3.4%) زیادیكردووە. لە هەڵبژاردنی 2013 بزوتنەوەی گۆڕان( 24130) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (( 16.7%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 دا بزووتنەوەی گۆڕان ( 9.303 ) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 6%)،واتا ئاستی دەنگەكانی بەرێژەی ( 10.7%) كەمیكردووە، وەكو ژمارەش بە نزیكەی ( 14 هەزار ) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی 60%. - لە هەڵبژاردنی 2013 كۆمەڵی ئیسلامی ( 3990) دەنگی هێناوە بەرێژەی (2.8%) بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018دا كۆمەڵی ئیسلامی ( 4.095) دەنگی هێناوە بەرێژەی (2.6%) واتا دەنگەكانی نزیكە لە یەكەوە، لە هەڵبژاردنی 2013 یەكگرتوو (4923) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 3.4%) بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018دا بەرەو ئیسڵاح(1.907) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 1.2%)، واتا بەرێژەی ( 2.2%) كەیمكردووە، وەك ژمارەی دەنگ ( 3 هەزار دەنگ ) كەمیكردووە، واتا بە رێژەی 300% دەنگەكانی كەمیكردووە. دەنگی لیستەكان لە چوار بازنەكەی هەرێمی كوردستان 2024 بەم شێوەیە بووە: لە دەنگدانی تایبەتدا (215 هەزارو 960) كەس مافی دەنگدانی هەبوو. دەنگی لیستەكان لە بازنەكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەیە: - پارتی دیموكراتی كوردستان: (82،979) دەنگ - یەكێتی نیشتمانی كوردستان (51،345) دەنگ - نەوەی نوێ: ( 11،207) دەنگ - یەكگرتوو: (2885) دەنگ - هەڵوێست: (2492) دەنگ - كۆمەڵ: (2391) دەنگ - بەرەی گەل: (2110) دەنگ - گۆڕان: (705) دەنگ راپۆرتی پەیوەندیدار ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی 2013 و 2014 بەراوردی دەنگی تایبەت لە نێوان هەڵبژاردنی 2013 بۆ 2018
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت لە كۆی 100 كورسی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان 30 كورسییان لەلایەن ژنانەوە پڕدەكرێتەوە، (بەهای كورسی) بنەڕەتی دابەشبوونی كورسییەكانە بەسەر لیستەكاندا، بۆ دەرهێنانی بەهای كورسی لە هەر بازنەیەك، تەنیا دەنگی كورسییە گشتییەكان ئەژمار دەكرێت نەك دەنگی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان، كاندیدەكان بەگوێرەی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە لیستەكانیان لە هەڵبژاردن دەیبەنەوە، ناویان ریزبەند دەكرێت لە زۆرترینەوە بۆ كەمترین دەنگ و بەمشێوەیە كورسییەكان پڕ دەكەنەوە، ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسی پەرلەمان چۆڵ بوو، لە لیستی كراوەدا دەدرێت بە كاندیدێك لە هەمان قەوارەی سیاسی كە كورسییەكەی چۆڵ بووە، بەڵام ئەگەر كاندیدی تاكەكەسیی كورسییەكەی چۆڵ بوو دەكرێت كورسییەكەی بدرێت بە كاندیدی لیستی كراوەكان (واتا كاندیدی حزبەكان). وردەكاری چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەسەر لیستە براوەكانی هەڵبژاردن و كاندیدەكانیان لەم راپۆرتەدا. ئەمە جێبەجێ دەكرێت كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سیستەمی (دابەشكردن و جێگۆڕكێی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان- ژمارە 9ی ساڵی 2024)ی دەركردووە. ئەم سیستەمە رۆژی 9ی ئەیلولی ئەمساڵ پەسەندكراوەو چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ هەڵبژاردنی سبەینێ (20ی ئۆكتۆبەر)ی (خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان) كار بەم سیستەمە دەكرێت. دابەشبوونی كورسییەكان لەم سیستەمە نوێیەدا، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرلەنوێ كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان (100 كورسی) دابەشكردووەتەوە، بەمشێوەیە: • كورسی گشتیی: 95 كورسی • كورسی تەرخانكراو بۆ پێكهاتەكان: 5 كورسی بەمشێوەیە دابەشبووە: - (3 ) كورسی بۆ پێكهاتەی مەسیحی - (2) كورسی بۆ پێكهاتەی توركمان دابەشبوونی كورسیی گشتیی و پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە: ژن لە پەرلەمانی داهاتوودا بەگوێرەی خشتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، لەكۆی (100) كورسی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان، دەبێت لانی كەم (30) كورسییان ژنان پڕی بكەنەوە، بەمشێوەیە: • لەكۆی 34 كورسی تەرخانكراو بۆ بازنەی هەولێر، دەبێت لانی كەم (10) كورسییان بۆ ژنان بڕوات. • لەكۆی (38) كورسی بازنەی سلێمانی، دەبێت لانی كەم (11) كورسی بۆ ژنان بڕوات. • لە كۆی (25) كورسی بازنەی دهۆك، دەبێت لانی كەم (8) كورسی بۆ ژنان بڕوات. • لەكۆی (3) كورسی بازنەی هەڵەبجە، دەبێت لانی كەم (1) كورسی بۆ ژنان بڕوات. كورسییەكان چۆن حساب دەكرێن ؟ بەگوێرەی سیستەمەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بۆ كورسییە گشتییەكان، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەرهێنانی ژمارەی كورسی هەر لیستێك (كراوە یان تاكەكەسیی)، بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە دەبێت: • كۆكردنەوەی تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستەكان (كراوە یان تاكەكەسیی)، لەچوارچێوەی یەك بازنەی هەڵبژاردن، كە ركابەرێتی تێدا دەكەن. • رێكخستنەوەی ریزبەندی لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان لە بازنەی هەڵبژاردنەكەدا بەگوێرەی تێكڕای ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە، لە زۆرەوە بۆ كەم. • تێكڕای ئەو دەنگە دروستانەی كە لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان بەدەستیان هێناوە، دابەشدەكرێت بەسەر ژمارەی كورسییە گشتییەكان لەو بازنەیەدا، بەمەبەستی دەرهێنانی بەهای هەر كورسییەك. • كورسییەكان لە هەر بازنەیەك دابەشدەكرێن بەسەر لیستەكاندا، لەرێگەی دابەشكردنی كۆی گشتی دەنگی هەر لیستێك بەسەر بەهای هەر كورسییەكدا لەو بازنەیە. • ئەگەر لیستێك ئەوەندە كورسی بەدەستهێنا كە هاوتای ژمارەی كاندیدەكانی بوو، ئەوا وەكو لیستی براوە ئەژمار دەكرێت و هیچ پرۆسەیەكی تری دابەشكردنی كورسییەكان نایگرێتەوە. • دوای پرۆسەی دابەشكردنی كورسی بەسەر لیستەكاندا بەگوێرەی بەهای كورسیی، ئەو كورسییانەی دەمێننەوە بە كورسی بەتاڵ ئەژمار دەكرێن و دابەشدەكرێن بەسەر ئەو لیستانەی كە پاشماوەی دەنگەكانیان كەمترە لە بەهای كورسی (جا ئیتر كورسی بردبێت یان نا)و گەورەترین دەنگی ماوە-یان هەیە، كورسی بەتاڵی یەكەم دەدرێت بەو لیستەی زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە، كورسی بەتاڵی دووەم دەدرێت دووەم لیست لەڕووی زۆری دەنگی ماوە، ئیتر بەمشێوەیە كورسییەكانی تریش دابەشدەكرێن. • ئەگەر كورسییەكی بەتاڵ یاخود زیاتر مایەوەو دوو لیست یان زیاتر لە ژمارەی دەنگی ماوە-دا یەكسان بوون، ئەوكاتە كۆمسیۆن تیروپشك دەكات بۆ دیاریكردنی بۆ دیاریكردنی ئەو لیستەی كە كورسییە بەتاڵەكە دەبات، ئەمەش بە ئامادەبوونی لیستەكان خۆیان یان ئەوانەی نوێنەرایەتییان دەكەن. ئەمانە ئەو هەنگاوانە بوون كە كۆمسیۆن دیاریكردوون بۆ چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی دەنگ و كورسی هەر لایەنێك لە چوارچێوەی بازنەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەوەیە، لە دیاریكردنی بەهای كورسی لە هەر بازنەیەكدا، تەنیا دەنگە (دروست)ەكان ئەژمار دەكرێت نەك دەنگە (پوچەڵ)ەكان، سەرباری ئەمە بۆ دیاریكردنی بەهای كورسی بازنەكان تەنیا ئەو دەنگە دروستانە ئەژمار دەكرێت كە بۆ كورسییە گشتییەكان رۆیشتوون، واتا دەنگی كورسی "كۆتا" پێكهاتەكان بۆ دەرهێنانی بەهای كورسی پشتی پێ نابەسترێت. نمونەیەك بەكورتی هاوكێشەی دەرهێنانی دەنگی لیستەكان دوای هەڵبژاردن، لە هەر بازنەیەك بەمشێوەیە دەبێت: تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستە بەشداربووەكان (جگە لە دەنگی كورسی كۆتای پێكهاتەكان) ÷ ژمارەی كورسی گشتی لە بازنەی هەڵبژاردن= بەهای كورسی بۆ نمونە ئەگەر تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لە بازنەی سلێمانی بە (370 هەزار) دەنگ ئەژمار بكرێت، ئەوا ئەم ژمارەیە دابەشدەكرێت بەسەر 36 كورسیدا كە ژمارەی كورسییە گشتییەكانە لەسنوری ئەم بازنەیە، بەمەش ئەنجامەكەی بەمشێوەیە دەبێت: 370000 ÷ 36 = 10277 واتا بە گریمانەكراوی بەهای هەر كورسییەك لە بازنەی سلێمانی (10 هەزارو 277) دەنگ دەبێت دوای دەرهێنانی بەهای كورسی، ئەوكاتە دەست بە پرۆسەی دیاریكردنی ژمارەی كورسی هەر لایەنێك لە بازنەكان دەكرێت. ئەگەر بەهەمان شێوە بازنەی سلێمانی وەكو نمونە وەربگرین، لەدواین هەڵبژاردندا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو لە ئۆكتۆبەری 2021، یەكێتیی نیشتمانی لە سنوری بازنەی (118 هەزارو 586) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر بەهای هەر كورسییەك لەم بازنەیە بەشێوەی پێشبینیكردن بە (10 هەزارو 277) دەنگ دیاری بكەین، ئەوا هاوكێشەكە بەمشێوەیە دەبێت: 118586 دەنگی یەكێتیی ÷ 10277 بەهای كورسی لە بازنەی سلێمانی = 11 كورسی، لەپاڵ ئەمەدا یەكێتیی ژمارەیەك دەنگی دەمێنێتەوە كە دەبێت بە (دەنگی ماوە)و دەچێتە ركابەریكردن بۆ بردنی كورسییە بەتاڵەكانی ئەم بازنەیە دوای دابەشكاریی بەپێی بەهای كورسی. تێبینی: یەكێتیی لەدواین هەڵبژارندا براوەی یەكەم بووە لەم بازنەیە، بۆیە بە گریمانەیی ژمارەی دەنگەكانی لەدواین هەڵبژاردن وەرگیراوەو ئەنجامی هاوكێشەكە پێشبینی كردن نییە، بەڵكو جێبەجێكردنی سیستەمی دابەشبوونی كورسییەكانە بەپێی ئەوەی كۆمسیۆن دایناوە تەنیا وەكو نمونەیەك. كورسییەكان چۆن بەسەر كاندیدەكاندا دابەشدەكرێت؟ چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر كاندیدەكاندا، دابەشدەبێت بەسەر سێ بەشدا كە ئەمانەن: • چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییە گشتییەكان بەسەر كاندیدی لیستە كراوەكاندا • چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی ژنان • چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان سیستەمەكەی كۆمسیۆن بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە، كورسییە گشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر كاندیدی لیستە كراوەكاندا دابەشدەكات: • ناوی كاندیدەكان لەناو لیستی كراوەدا، سەرلەنوێ لەسەر بنەمای دەنگەكانیان لە زۆرەوە بۆ كەم رێزبەند دەكرێتەوە. • بەگوێرەی ئەو بڕگەی سەرەوە، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێناوە دابەش دەكرێت بەسەر كاندیدەكانیدا. • ئەگەر كاندیدێك یان زیاتر لە لیستێكی هەڵبژاردندا دەنگەكانیان یەكسان بوو، لەچوارچێوەی ناوچەی هەڵبژاردنەكەدا لە ریزبەندی كۆتاییدا بوون، ئەوا كۆمسیۆن بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، تیروپشك بۆ ئەو دوو كاندیدە دەكات بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە. دابەشبوونی كورسی "كۆتا"ی ژنان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەگوێرەی سیستەمی كۆمسیۆن، بەم هەنگاوانە دەبێت: • بەگوێرەی ئەم سیستەمە، لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن، رێژەی 30%ی كورسییەكان بۆ ژنان زامن كراوە. • ئەگەر لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كۆتای ژنان بەدی هاتبوو، پرۆسەی گۆڕین ئەنجام نادرێت (مەبەست لە گۆڕینی دورخستنەوەی كاندیدی براوەی پیاوانە لە بازنەكانی هەڵبژاردن و دانانی ژنانە لە شوێنەكانیان بەمەبەستی پڕكردنەوەی رێژەی 30%ی كورسییەكانی هەر بازنەیەك بە ژنان). • خۆ ئەگەر بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كۆتای ژنان بەدی نەهاتبوو، كاندیدێك یان زیاتر لە كاندیدە پیاوە براوەكان لە هەمان لیستی براوە لادەبرێت و ژنێك یان زیاتر لە هەمان لیست لە شوێنەكەی دادەنرێت كە لە هەموو ژنەكانی تری لیستەكە دەنگی زیاتری هێنابوو، بەمشێوەیە: - بۆ دیاریكردنی پشكی هەر لیستێك لە كۆتای ژنان، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستیهێناوە دابەش دەكرێت بەسەر (3)دا. - ئەگەر رێژەی 30%ی كۆتای ژنان بەدی نەهات، ئەوا كورسییەك بۆ ژنان تەرخاندەكرێت لە كورسی ئەو لیستانەی كە دوو كورسییان بەدەستهێناوە، ئەمەش بەگوێرەی ژمارەی دەنگی لیستەكان لە كەمەوە بۆ زۆرو كاندیدی براوەی كورسی دووەمی ئەم لیستانە دەگۆڕدرێت بە ژنان. - خۆ ئەگەر هەموو هەنگاوەكانی پێشتر ژمارەی دیاریكراوی كورسی ژنانی بەدی نەهێنا، ئەوا كورسی ژنان لەو لیستە كراوانە دیاری دەكرێت كە تەنیا یەك كورسییان بەدەستهێناوە، لە كەمترینەوە بۆ زۆرترین بەگوێرەی دەنگی لیستەكە. - ئەو ژنانەی كە بە دەنگی خۆیان لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا لە لیستی كراوە یاخود تاكەكەسیی سەركەوتوون، لەچوارچێوەی كورسی تەرخانكراوی كۆتای ژنان ئەژمار دەكرێن. - بەڵام كورسی كۆتای پێكهاتەكان سیستەمی كۆتای ژنان نایگرێتەوە. كورسی كۆتای پێكهاتەكان چۆن دابەشدەكرێت؟ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، هاوشێوەی كورسییە گشتییەكان و كورسی كۆتای ژنان، سیستەمێكی تایبەتیشی بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دیاریكردووە. لەكۆی (100) كورسی پەرلەمانی كوردستان، (5) كورسی وەكو "كۆتا" بۆ پێكهاتەی (مەسیحی و توركمان) دیاریكراوە، ئەم پێنج كورسییەك (2) كورسی بەر هەولێرو (2) كورسی بەر سلێمانی و (1) كورسی بەر دهۆك كەوتووە، بەمشێوەیە: • هەولێر: 1 كورسی توركمان + 1 كورسی مەسیحی • سلێمانی: 1 كورسی توركمان+ 1 كورسی مەسیحی • دهۆك: 1 كورسی مەسیحی كورسی "كۆتا"ی مەسیحی و توركمان لە بازنەكانی هەڵبژاردن، بەمشێوازە دابەشدەكرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت: • ئەگەر هاتوو هەر یەكێك لەو كاندیدانەی كە سەربە پێكهاتەكانن، كورسی گشتییان بردەوە، ئەمە كاریگەریی لەسەر كورسی تەرخانكراو بۆ ئەو پێكهاتانە نابێت (واتا خەڵكی سەربە پێكهاتەكان كورسی گشتیی ببەن، لەسەر حسابی كۆتا ئەژمار ناكرێن). • ناوی كاندید بۆ كورسی پێكهاتە لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كە كورسی پێكهاتەكانی بۆ تەرخانكراوە، بەگوێرەی ئەو دەنگەی كە بەدەستیهێناوە لە زۆرەوە بۆ كەم ریزبەند دەكرێتەوە. • براوەی كورسی پێكهاتە ئەو كەسە دەبێت كە زۆرترین دەنگی بازنە یاخود ناوچەی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە. • ئەگەر كاندیدێك یان زیاتری پێكهاتەكان ژمارەی دەنگەكانیان یەكسان بوو، ئەوا بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە، كۆمسیۆن تیروپشك لە نێوانیاندا دەكات. كورسییە بەتاڵەكان چۆن پڕدەكرێنەوە ؟ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەچوارچێوەی ماددەیەكداو بە (4) بڕگە رێوشوێنی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی بەمشێوەیە دیاریكردووە: • ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی كراوەدا كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا ئەو كاندیدە دۆڕاوەی كە لە هەمان قەوارە زۆرترین دەنگی هێناوە شوێنەكەی پڕدەكاتەوە (حزب یان رێكخراوی سیاسی). • ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیدا (ئەو لیستەی كە لە یەك كاندید پێكدێت) كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی لە لیستێكی كراوە (مەبەست لە لیستی حزب و هاوپەیمانێتییەكانە) یاخود تاكەكەسیی كە زۆرترین دەنگی ماوە-ی هەیە دوای جێبەجێكردنی دەقی ماددەی (3/یەكەم/و) لەسەری، جا ئیتر كورسی هێنابێت یاخود نا. ماددەی 3/یەكەم/و كە لەم بڕگەیەدا ئاماژەی بۆ كراوە دەڵێ:" دوای پرۆسەی دابەشكردنی كورسی بەسەر لیستەكاندا بەگوێرەی بەهای كورسیی، ئەو كورسییانەی دەمێننەوە بە كورسی بەتاڵ ئەژمار دەكرێن و دابەشدەكرێن بەسەر ئەو لیستانەی كە پاشماوەی دەنگەكانیان كەمترە لە بەهای كورسی (جا ئیتر كورسی بردبێت یان نا)و گەورەترین دەنگی ماوە-یان هەیە، كورسی بەتاڵی یەكەم دەدرێت بەو لیستەی زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە، كورسی بەتاڵی دووەم دەدرێت دووەم لیست لەڕووی زۆری دەنگی ماوە، ئیتر بەمشێوەیە كورسییەكانی تریش دابەشدەكرێن". • ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسییەك چۆڵ بوو كە كورسی كۆتای پێكهاتەكان بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی دوای خۆی لەڕووی ژمارەی دەنگەوە، لە هەمان پێكهاتە. • ئەگەر كورسی كۆتای چۆڵ بوو هی ژنان بوو، مەرج نییە ئەو كەسەی دەخرێتە شوێنەكەی هەر دەبێت ژن بێت، مەگەر لەكاتێكدا چۆڵبوونەكە كاریگەریی لەسەر رێژەی نوێنەرایەتیی ژن هەبێت.
راپۆرتی: درەو لە كۆی (165 هەزار) دەنگی جیاكراوە، دەنگی درووست (138،724) دەنگە، دەنگی پوچەڵ (26،644) كۆی هەردووكیان دەكاتە ( 19%)، پارتی (39%) و یەكێتی (24%) و نەوەی نوێ (6%)ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە. لە دەنگدانی تایبەتدا (215 هەزارو 960) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، رێژەی دەنگدان (97%) بوو واتا (208 هەزارو 521) كەس دەنگی داوە، بەم شێوەیە: - بازنەی هەولێر (89 هەزارو 791) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (97%) دەنگی داوە وتا (87 هەزارو 513) كەس. - بازنەی سلێمانی (78 هەزارو 661) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (97%) دەنگی داوە وتا (76 هەزارو 501) كەس. - بازنەی دهۆك (40 هەزارو 956) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (98%) دەنگی داوە وتا (40 هەزارو 206) كەس. - بازنەی هەڵەبجە (952) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (96%) دەنگی داوە وتا (917) كەس. - دەنگی لیستەكان لە چوار بازنەكەی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە بووە: لە دەنگدانی تایبەتدا (215 هەزارو 960) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، ئەوە تا ئێستا لەبەر دەستدایە (165 هەزارو 368) دەنگە، دەنگی درووست (138،724) دەنگە، دەنگی پوچەڵ (26،644) كۆی هەردووكیان دەكاتە ( 19%). دەنگی لیستەكان لە بازنەكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەیە: - پارتی دیموكراتی كوردستان: (64،585) دەنگ بەرێژەی (39%) - یەكێتی نیشتمانی كوردستان (39،823) دەنگ بەرێژەی (24%) - نەوەی نوێ: ( 9034) دەنگ بەرێژەی (6%) - یەكگرتوو: (2384) دەنگ بەرێژەی (1%) - هەڵوێست: (2037) دەنگ بەرێژەی (1%) - كۆمەڵ: (1979) دەنگ بەرێژەی (1%) - بەرەی گەل: (1869) دەنگ بەرێژەی (1%) - گۆڕان: (450) دەنگ بەرێژەی (0.3%) بازنەی هەولێر: لە بازنەی هەولێر (89 هەزارو 791) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (97%) دەنگی داوە واتا (87 هەزارو 513) كەس. لە كۆی دەنگی جیاكراوەی ( 62 هەزارو 285) دەنگ دەنگی دروست: ( 54,094 ) دەنگ دەنگی پوچەڵ: (8،191 ) دەنگ بەڕێژەی (13%) - پارتی دیموكراتی كوردستان: 37،595 دەنگ - یەکێتی نیشتمانی كوردستان : 4،486 دەنگ - نەوەی نوێ: 3،113 دەنگ - کۆمەڵی دادگەری: 622 دەنگ - هەڵوێستی نیشتمانی: 507 دەنگ - یەکگرتووئیسلامی كوردستان: 476 دەنگ - بەرەی گەل: 406 دەنگ - هاوپەیمانی کوردستان: 136 دەنگ پارێزگای سلێمانی لە بازنەی سلێمانی (78 هەزارو 661) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (97%) دەنگی داوە واتا (76 هەزارو 501) كەس. لە كۆی دەنگی جیاكراوەی ( 71 هەزارو 745) دەنگ دەنگی دروست: ( 55،645) دەنگ دەنگی پوچەڵ: (16،100 ) دەنگ بەڕێژەی (23%) - یەکێتی نیشتمانی كوردستان: 33،681 دەنگ - نەوەی نوێ: 4،825 دەنگ - پارتی دیموكراتی كوردستان: 3،897 دەنگ - بەرەی گەل: 1،415 دەنگ - هەڵوێستی نیشتمانی: 1،314 دەنگ - کۆمەڵی دادگەری: 1،250 دەنگ - یەکگرتوی ئیسلامی: 932 دەنگ - هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان: 532 - بزووتنەوەی گۆڕان: 438 دەنگ - لیستی سەردەم: 241 دەنگ پارێزگای دهۆک لە بازنەی دهۆك (40 هەزارو 956) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (98%) دەنگی داوە وتا (40 هەزارو 206) كەس. - لە كۆی دەنگی جیاكراوەی ( 31 هەزارو 338) دەنگ - دەنگی دروست: ( 28،985) دەنگ - دەنگی پوچەڵ: (2،353) دەنگ - پارتی دیموكراتی كوردستان: 23،093 دەنگ - نەوەی نوێ: 1،096 دەنگ - یەکێتی نیشتمانی كوردستان: 1،656 دەنگ - یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 940 دەنگ - هەڵوێست: 216 دەنگ - کۆمەڵی دادگەری کوردستان: 107 دەنگ - بزوتنەوەی گۆڕان: 12 دەنگ - هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان: 45 دەنگ بازنەی هەڵەبجە لە بازنەی هەڵەبجە (952) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەتدا (96%) دەنگی داوە وتا (917) كەس. ئەوەی تا ئێستا زانراوە: - یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 509 - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 35 دەنگ - نەوەی نوێ : 28 دەنگ - كۆمەڵی دادگەری: 20 دەنگ - پارتی دیموكراتی كوردستان: 12 دەنگ - رەوتی هەڵوێست: 10 دەنگ - بەرەی گەل: 6 دەنگ
د. عەبدولەتیف رەفعەت ساڵانە دەزگا کەشناسی ودەزگا زانستییە جیهانیەکان ڕاپۆرتى خۆیان ئامادە ئەکەن لە بارەى گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا و بڵاوى دەکەنەوە بەمەبەستى ئاگادارکردنەوەى دانیشتووانى جیهان لەو مەترسیانەى کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەداهاتوودا لە ئەنجامى تێکچوونى سیستەمى ژینگە. وهەموو ئەو دەزگا جيهانيانە دەزگاى زانستى باوەڕپیکراون وپشت بە داتاو زانیارى دەبەستن بۆ پیشبینیکردنى دۆخى بەرگى هەوایى و ئاستى گۆڕانکارییەکان کە لە سیستەمى ژینگە ڕوودەدات. وزۆرێک لە زانایان و چالاکوانانى بوارى کەش وهەوا و ژینگە دۆستان پشت بە زانیارییەکانیان ئەبەستن بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى وبڵاوکردنەوەى هۆشیارى لە نیو کۆمەڵگا جیاوازەکاندا. یەکێک لەو دەزگا باوەڕپێکراوانە دەزگاى کەشناسی جیهانییە (WMO) کە ماوەیە پێش ئێستا ڕاپۆرتێکى تێروتەسەلی لە سەر دۆخى کەش وهەواو پێشبینیەکانى بۆ داهاتووى گۆى زەوى بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژەى زۆر مەترسیدارى تیدايە لە سەر دۆخى گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرمى. و ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵى ٢٠٢٣ گەرمترین ساڵ بووە بە بەراورد لە گەڵ ماوەکانى پێش شۆڕشی پیشەسازى. و پلەکانى گەرمى لە ساڵى ٢٠٢٣ نزیکەى (١,٤٥±٠,١٢) پلەى سلیزى بەرزبووەتەوە. واتا لە زۆرێک لە ناوچەکانى جیهان بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى گەشتووەتە زیاتر لە (١,٥) پلەى سیلیزى کە ئەو پلەیەیە یا ئەو هێڵەیە کە لە (ڕێککەوتتنامەى پاریس بۆ گۆڕانى کەش و هەوا) واژووى لەسەر کراوە و هەموو وڵاتانى جیهان خۆیانیان بە ڕێکارەکانى پاراستنى وتێنەپەڕاندنى پابەندکردووە. بەواتایەکى تر لەو ڕێککەوتتنامەیە هەموو وڵاتان کۆک بوون لە سەر ئەوەى کە دەبێ هەوڵی جددی بدرێت بۆ ئەوەى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرمى تا کۆتایى سەدە (١,٥) پلەى سیلیزى تێپەڕنەکات، چونکە تێپەڕاندنى ئەو پلەیە کارەسات لە کۆى سیستەمى ژینگە درووست دەکات وەکو توانەوەى بەستەڵەکەکان وبەرزبوونەوەى ئاستى دەریاو زەریاکان ودواتر نوقمبوونى زیاتر لە ٣٥ وڵات وشارى گەورەى لە جیهاندا، ئەمە جگە لە ئاسەوارەکانى تر وەکو گرفتى کەم ئاوى وئاسایشى خۆراک وگرفتەکانى تر. هەر بەپێى ئەو ڕاپۆرتە ٨٦ ڕۆژ لە کۆى ٣٦٦ رۆژى ساڵى ٢٠٢٣ پلەکانى گەرمى سەرووى ستاندەرد بوونە، ئەمەش یەکەم جارە تۆماربکرێت کە لە ساڵێکدا ئەوەندە ڕۆژە گەرمتر بووە لە ستاندەرى سروشتى. لە بەشێکى ترى ڕاپۆرتەکەدا بەراوردێک ئەنجامدراوە لە نێوان حوزەیرانى ٢٠٢٣ تاوەکو حوزەیرانى ٢٠٢٤ ودەرکەوتووە کە پلەکانى گەرمى (١,٦٣) پلەى سیلیزى بەرزبوونەتەوە، واتا ئەو هێڵەى تێپەڕاندووە کە لە ڕێککەوتتنامەى پاریس دیارى کراوە. ئەمەش ئاماژەیەکى زۆر مەترسیدارە بۆ هەموو جیهان، چونکە بە پێى پێشبینیەکانى ئەو دەزگایە ئەگەر ئەم بەرزبوونەوە بەردەوام بێت بەهەممان سیناریۆ وڕیتم ئەوە تا ساڵى ٢١٠٠ پلەکانى گەرمى (٢,٧) پلەى سیلیزى بەرزدەبنەوە و تا ئەو کاتە زۆرێک لەو وڵاتانەى کە هەڕەشەى نوقمبوونیان لە سەرە نەماون وکۆى سیستەمى ژینگە بە گشتى تێکچووە. بۆیە ئەو دەزگایە ئاماژەى بەوە کردووە کە ڕێژەى گازە گەرمکەرەوەکان وبە تایبەتى گازە کاربۆنییەکان زیاتر بەرزبوونەتەوە سەرەڕاى ئەوەى کە وڵاتانى پیشەسازى بەڵێنى ئەوەیان دابوو کە ڕێژەى گازە گەرمکەرەوەکان کەم بکەنەوە لەڕێى پابەندبوونیان بە ڕێکارەکانى پاراستنى سیستەمى ژینگە لە گۆى زەوى. وساڵانە هەموو گازە گەرمکەرەوەکان بە ڕێژەى (١,٢-٣%) زیادەبن لە بەرگى هەواییى وساڵانە بڕى زیاتر لە (٥٥) جێگا تەن لە گازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن دەردەپەڕێنرێتە بەرگى هەواییەوە. ودەزگاى کەشناسى جیهانى لەو ڕاپۆرتەدا پێشبینى ئەوە دەکات کە لە نێوان ساڵى ٢٠٢٤ تاوەکو ٢٠٢٨ بەلانى کەمەوە یەک ساڵیان گەرمتر دەبێت لە ساڵى ٢٠٢٣ و دیاردە توندەکانى کەش وهەوا لەو چوار ساڵە زیاتر ڕوودەدەن. وپێشبینى ئەوەشیان کردووە کە گوڕانکارییەکان لە کۆى سیستەمى ژینگە بەردەوامیان هەیە ودیاردەکانى ووشکى ولافاو و گەردەلوول وسوتاندنى دارستانەکان... وهتد بەردەوام دەبن. وئەم بەردەوامبوونە کاریگەر دەبێت وگۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا توندتر دەکاتەوە و مەترسیەکانى سەر دانیشتووانى جیهان زیاتر دەبێت. چونکە لە ئێستادا گرفتى ئاو بە هۆى گۆڕانکارییەکانى کەش وهەواو وزیادبوونى ڕێژەى دانیشتووانەوە زەققتر بوەتەوە، و نزیکەى (٣,٦) ملیار کەس کە هاوتایە بە نزیکەى (٤٠%) دانیشتتوانى جیهان دووچارى گرفتى کەم ئاوى بوونەتەوە وپێشبینى دەکرێت تا ساڵى ٢٠٥٠ بگاتە زیاتر لە (٥) ملیار کەس (زیاتر لە ٦٠% دانیشتووانى جیهان). ئەمە جگە لەوەى کە کاریگەرى ڕاستەوخۆى دەبێت لە سەر ئاسایشى خۆراک لە هەموو جیهاندا. ولە ئێستادا زیاتر لە (٣٥٠) ملیۆن کەس بەدەست بەد خۆراکییەوە دەناڵێنن، ولە گەڵ توندبوونى گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا ئەوە بێ گومان بەد خۆراکى بڵاوتر دەبێتەوە وئاسایشى خۆراک ئەکەوێتە ژێر مەترسیەکى زۆر گەورەوە. بەداخەوە زۆربەى وڵاتانى جیهان وبە تایبەتى وڵاتە پیشەسازییەکان تا ئێستا وەکو پێویست پابەند نەبوونە بە ڕێککەوتتنامەى پاریسەوە وڕێژەى گازە گەرمکەرەوەکان لە زیادبووندایە وڕێکارەکانى کەمبوونەوەیان وەکو پێویست جێبەجێ نەکردووە. و خرابتر لەوە پابەند نەبوونیانه بەو بەڵێنانەى کە تایبەتە بە تەمویلکردن ویارمەتیدانى وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان و ئەو وڵاتانەى هەڕەشەى زۆر گەورەی گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوایان لەسەرە. هەر بۆ نموونە لە ڕێککەوتننامەى پاریس واژوویان لە سەر ئەوە کردووە کە تاوەکو ساڵى ٢٠٣٠ ساڵانە ١٠ ترلیۆن دۆلار تەرخان دەکەن بۆ بونیاتنانى پرۆژەى ژینگەیى گەورە و دروستکردنى دارستانى گەورە لە وڵاتەکانى تر بەمەبەستى خۆگونجاندن وکەمکردنەوەى ئاسەوارەکانى گوڕانى کەش و هەوا، هەر بە پێى هەممان ڕێککوتتنامە لە دواى ساڵى ٢٠٣٠ەوە ئەوە تەمویلەکە بۆ زیاتر لە ١١ ترلیۆن دۆلار زیاددەکەن تا ساڵى ٢٠٥٠. بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەو بەڵێننانەیان نەبردووەتە سەر، ولە ڕاپۆرتەکە ئاماژەى پیکراوە کە یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرمى وچارەسەرنەکردنى گرفتى گۆڕانى کەش و هەوا دەگەڕێتەوە بۆ بەڵێنە بێکردارەکانى وڵاتە پیشەسازییەکان. رەنگە یەکی بپرسێ ئایا وڵاتە پیشەسازییەکان بۆ تەمویلى وڵاتانى تر بکەن، لە ڕاستیدا وڵاتە پیشەسازییەکان بە تایبەتى چین وئەمریکا بەرپرسی سەرەکین لە بەربوونەوەى پلەکانى گەرمى وگۆڕانى کەش و هەوا لە جیهاندا. وهەر بەپێى زانیارييەکان ئەو وڵاتانە بەرپرسن لە سەر زیاتر لە (٦٠%)ى پیسبوونى ژینگەو و ئەو وگۆڕانەى کەش وهەوا کە دووچارى جیهان بووەتەوە. بۆیە ئێمە قوربانى دەستى وڵاتە پیشەسازییەکانیان وقوربانى شۆڕشێکى بەدناوین وەکو شۆڕشى پیشەسازى. وئەرکى وڵاتە پیشەسازییەکانە کار لە سەر چاککردنى سیستەمى ژینگەیی بکەن ئیتر بە تەمویلکردن بێت یا بە جێبیەجێکردنى ڕێکارەکانى کەمکردنەوەى زیانەکان وئاسەوارەکانى گۆڕانى کەش وهەوا بێت. لەلایەکى ترەوە ئێمە نابێ تەنها لۆمەى وڵاتە پیشەسازییەکان بکەین و چاوەڕوانى بەڵێن و کردارەکانیان بین بۆ چارەسەرکردن یا کەمکردنەوەى زیانەکانى کۆڕانى کەش وهەوا. بەڵکو دەبێ ئێمە خۆمان بە بەشێک لەو وێرانکارییە بزانین کە دووچارى جیهان بووەتەوە. هەر بۆ نموونە لە ساڵى ٢٠١٨ عیراق بە فەرمى واژووى لە سەر ڕێککەوتتنامەى پاریس کرد وبەڵێنیدا بە چارەسەرکردنى گرفتە ژینگەییەکانى نیوخۆى عیراق بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێکارێکى نەگرتووتەبەر بۆ چارەسەرکردنى گرفتە ژینگەییەکان، وبەڵگە ئەوەیە کە شارى بەغداى پایتەخت یەکێکە لە پیسترین شارەکانى جیهان لە ڕووى ژینگەییەوە و گەشتووەتە ئەو ئاستەى کە ڕێژەى گازى دووەم ئۆکسیدى گۆگرد (٣٣٠) ملگم/کگم تیپەڕاندووە لە کاتیکدا نابێ زیاتر بێت لە تەنها (٢٠) ملگم/کگم. ئەمە جگە لە گازەکانى تر وجگە لەو ژمارە بێ شومارەى ئۆتۆمبیلەکان وبەکارنەهێنانى فلتەر لە کارگەکان وپەیڕەونەکردنى سیستەمى ئاودێرى مۆدێرن.. وهتد. کوردستانیش بەهەممان شێوە، ساڵانە نوێنەرەکانى هەرێمى کوردستان لە دەستەى پاراستن وچاککردنى ژینگەو و ئەو خەڵکەى بەناو شارەزا وپسپۆرەوە لە کۆپەکانى تایبەت بە ژینگەو گۆڕانى کەش وهەوا ئامادە دەبن وچارەسەر بۆ دۆخى ژینگە دەخەنەڕوو وڕەنگە ئامۆژگارى جیهانیش بکەن!!، کەچى تا ئێستا لە بوارى ژینگە کارێکى ئەوتۆ نەکراوە کە جێى دلخۆشى بێت بۆ خۆمان بۆ عیراق بەگشتى. هەرێمێکى بچووکى خاوەن (٥) ملیۆن کەس لە دانیشتووان، بە دەست پیسبوونى ژینگەو گۆڕانى کەش و هەواوە دەناڵێنێت بێ ئەوەى هیچ ڕێکارێکى زانستى بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردن یا بەلانى کەم کەمکردنەوەى زیانەکانى. هەرێمێکى بچووک خاوەن (٢,٥) ملیۆن ئۆتۆمبێلە!!، واتا هەر (٢) کەس وئۆتۆمبیلێکى بەردەکەوێت، ئەمەش لە هەموو جیهاندا وێنەى نییە. جگە لەوەش خاوەن زیاتر لە (٧) هەزار و (٣٥٠) مولیدەى کارەبایین کە ڕۆژانە بە تێکڕاى (١٥) کاتژمێر کار دەکەن وبەبەردەوامى گازە گەرمگەرەوە و زیانبەخشەکان لە بەرگى هەواوى بڵاودەکەنەوە. وزیاتر لە (١٨٧) پالاوگەى نایاسایی هەیە کە خراپترین جۆرى سوتەمەنى بەرهەمدەهێنن، ولەوە خراپتر بە هیچ شێوەیەک پابەندى ڕینماییەکانى پاراستنى ژینگە نین لە کارەکانیان وهیچ سانسۆرێکیان لەسەر نییە وهیچ لایەنێک وەکو پیویست بەدواداچوونى بۆ ئیش وکارەکانیان نەکردووە. هەر بۆیە باسکردن لە چارەسەرکردنى گرفتە ژینگەییەکان وگۆڕانکارییەکانى کەش وهەواو لە لایەن حکومەتى عیراق وحکومەتى هەرێمەوە عەیبەیەکى زۆر گەورەیە و باشتر وایە چیدى باسى نەکەن چونکە باسکردنى کیشەیەک بێ چارەسەرکردنى هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ. وئێمە زیاتر دەبێ گرنگى بەڕاپۆرتى لەم شێوەیە بدەین وپابەندى ڕێنماییەکان بین وکار لە سەر ڕاسپاردەکانیان بکەین، چونکە مەترسییەکانى گۆڕانى کەش وهەوا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وباکورى ئەفریقیا زیاترە بەبەراورد لە گەڵ ناوچەکانى ترى جیهان. و لە چوارچێوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست عیراق مەترسیدارترین ولاوزترین وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەى گۆڕانى کەش وهەوا و زیانەکانى، ئەمە جگە لەوەى عیراق مەترسیدارترین ناوچەیە بۆ ڕوودانى جەنگى ئاو.
راپۆرت و شیكاری: (درەو) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ سەرجەم لیستەكان" پێگەی راستەقینەی حزبەكان لە هەرێمی كوردستان دەردەخات، بە پشتبەستن بە چەند راپرسیەك و دەنگی پێشووی حزبەكان و دۆخی ئەمڕۆی حزبەكان، ( درەو) پێشبینی بۆ دەنگ و كورسی لیستە جیاوازەكان دەخاتەڕوو، بەپێی پێشبینییەكان سێ هێزی سەرەكی كورسیەكانیان كەم دەكات، سێ هێزی سەرەكی تر دەنگ و كورسیەكانیان زیاد دەكات، دوو هێزی نوێ دەنگ و كورسیەكانیان ناڕوونە، لەم راپۆرت و شیكارییەی درەودا بازنە بە بازنە دەنگ و كورسی لیستەكان شیكراوەتەوەو پێشبینی بۆ دەنگ و كورسی لیستەكان كراوە. خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی خۆلی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دوای پێنج مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێم، بڕیارە لە 20ی ئۆكتۆبەری 2024 بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز دەبێت بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، پێگەو سەنگی هەر یەك لە هێزەكان دیاری دەكات، دوای پێنج ساڵ لە رووداو گۆڕانكاری گەرم لە هەرێمی كوردستان، ئەم هەڵبژاردنە پێگەو سەنگی هێزەكان بەتەواوی دیاری دەكات، بەپێی شیكارییەكە دەنگو كورسی هەریەك لە (پارتی، گۆڕان كۆمەڵ) كەم دەكات، واتا پارتی لە خولی پێنجەم (45) كورسی هەبووە ئەو كورسیانە ناهێنێتەوە، گۆڕان (12) كورسی هەبووە ئەو كورسیانە ناهێنێتەوە، كۆمەڵ (7) كورسی هەبووە كورسیەكانی كەم دەكات، ئەو هێزانەی كورسیەكانیان زیاد دەكات، یەكگرتوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمان (5) كورسی هەبووە كورسیەكانی زیاد دەكات، یەكێتی (21) كورسی هەبووە كورسیەكانی زیاد دەكات، نەوەی نوێ (8) كورسی هەبووە كورسیەكانی زیاد دەكات. بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ( 3 ملیۆن و 789 هەزارو 405) كەس مافی دەنگدانی هەیە، خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان 2018 (3 ملیۆن و 85 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، واتا بۆ ئەم هەڵبژاردنە (704 هەزار) دەنگدەر زیادی كردووە، بەڵام ئەوانەی كارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەو دەتوانن دەنگ بدەن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تەنیا ( 2 ملیۆن و 889 هەزارو 578) كەسە، واتا (889 هەزارو 827) كەس ناتوانن دەنگ بدەن بەڕێژەی (24%)، واتا لە ئێستاوە (24%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ناتوانن دەنگ بدەن، واتا بەشی زۆری ئەوەی بایكۆت دەكات و دەنگی دووبارەیەو مردووە، لە دەنگدان دەركراوە، بۆیە ئاستی بەشداری بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەرز دەبێت. لە ( 2 ملیۆن و 889 هەزارو 578) دەنگدەر ( 215 هەزارو 960) كەسی دەنگدەری تایبەتەو (2 ملیۆن و 683 هەزارو 618) كەسی دەنگدەری گشتیە. لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم: • هەولێر : كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ( ملیۆنێك و 22 هەزارو 906) كەس دەنگدەری گشتی (933 هەزارو 115) كەس، دەنگدەری تایبەت (89 هەزارو 791) كەس. • سلێمانی: كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ( ملیۆنێك و 87 هەزارو 73) كەس دەنگدەری گشتی (ملیۆنێك و 8 هەزارو 412) كەس، دەنگدەری تایبەت (78 هەزارو 661) كەس. • دهۆك : كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ( 729 هەزارو 347) كەس دەنگدەری گشتی (682 هەزارو 791) كەس، دەنگدەری تایبەت (45 هەزارو 556) كەس. • هەڵەبجە : كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە (60 هەزارو 252) كەس دەنگدەری گشتی (59 هەزارو 300) كەس، دەنگدەری تایبەت (952 ) كەس. یەكەم/ بازنەی هەولێر: لە سنوری بازنەی هەولێر (36) كورسی هەیە، (32) كورسی گشتی و (2) كورسی كۆتا، لە كاتێكدا ( ملیۆنێك و 366 هەزارو 462) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام ( ملیۆنێك و 22 هەزارو 906) كەس كارتی بایۆمەتری وەرگرتووەو بۆ خولی شەشەم مافیی دەنگدانی هەیە، بۆیە نزیكەی ( 343 هەزار 556) كەس كارتیان وەرنەگرتووەتەوەو ناچن بۆ دەنگدان واتا هەر لەسەرەتاوە (25%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە دەركراوە، بۆیە رێژەی دەنگدان لەو ژمارەیە دەردەكرێت ( ملیۆنێك و 22 هەزارو 906) لەبەر ئەوە رێژەی دەنگدان بەرز دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت لە نێوان (65% بۆ 70%) بێت لە پارێزگای هەولێر كە لە هەڵبژارنی پێشوو 2021دا ئاستی دەنگدان لە پارێزگای هەولێر (38%) بووە، ئەگەر ئەمجارە رێژەی دەنگدان (65%) بێت ئەوا بەهای كورسی لە هەولێر (19) هەزار دەنگ دەكات،. بە پێی پێشبینی و بەدواداچوونەكانی (درەو) كە بۆ دیاریكردنی كورسی و پێگەی لیستەكانی پشت بە چەند سەرچاوەیەك دەبەستێت (راپرسیەكانی درەو، دەنگی پێشووی لیستەكان، خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئێستای حزبەكان، گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكان خۆیان) . پارتی دیموكراتی كوردستان: پارتی دیموكراتی كوردستان كە وەك زۆنی زەرد بازنەی هەولێر بەبێ كۆیە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتدارێتی پارتیەوە، پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای هەولێر ( 262 هەزارو 800) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (59%)، ئەگەر بەپێی ئەو دەنگە كورسیەكانی پارتی لێكبدرێتەوە (19) كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكات، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەرپرسانی پارتی راگەیاندووە كە نابێت لە (20) كورسی كەمتر بێت لە پارێزگای هەولێر، بەو پێوە دانگەی ئاستی دەنگدان لەو پارێزگایە بەرز دەبێتەوە بۆیە بەهای كورسیش بەرز دەبێتەوەبەڵام بە پێی پێشبینی و ئەو راپرسیانەی كە كراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان (16-18) كورسی لە هەولێر بەدەست دەهێنێت. یەكێتی نیشتمانی كوردستان: یەكێتی نیشتمانی كوردستان كوردستان كە ئەمجارە زۆرینەی درۆشمەكان و هەڵمەتەكەی خستووەتە سەر هەولێر "وەری دەگرینەوە" دەیەوێت رێژەی دەنگ و كورسیەكانی زیاد بكات. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای هەولێر یەكێتی هێزی سێیەم بوو( 65 هەزارو 862) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (15%)، ئەگەر بەپێی ئەو دەنگە كورسیەكانی یەكێتی لێكبدرێتەوە (5) كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكات، ، بەرپرسانی یەكێتی خۆیان پێیان وایە نزیكەی (120) هەزار دەنگ بەدەست دەهێنن و چاویان لە ( 8 بۆ 10) كورسی پەرلەمانی كوردستانە لە هەولێر، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت دەنگەكانی یەكێتی لە نێوان (80 بۆ 90) هەزار دەنگ بێت، لەبەر ئەوەی لاهور شێخ جەنگی لەبەری گەل بەشێك لە دەنگەكانی یەكێتی دەبات، بۆیە بە پێی خوێندنەوەو راپرسیەكان چاوەڕوان دەكرێت كورسیەكانی یەكێتی لە نێوان (5 – 7) كورسی بێت. نەوەی نوێ نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر چاوی لە زیادبوونی دەنگ و كورسیەكانیەتی بەو پێوەدانگەی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو لە حەملەدابوون و چاویان زۆر لەسەر كۆڵانە بێ ئاوو بێ خزمەتگوارییەكانە و چەندین جار تانكەری ئاویان بۆ گەڕەكە بێ ئاوەكان بردووە. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021 لە پارێزگای هەولێر نەوەی نوێ هێزی دووەم بوو( 79 هەزارو 245) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (18%)، ئەگەر بەپێی ئەو دەنگە كورسیەكانی نەوەی نوێ لێكبدرێتەوە (6) كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكات. بەرپرسانی نەوەی نوێ چاویان لە زیادبوونی دەنگەكیانیان و كورسیەكانیانە بۆ نزیكەی (10) كورسی لەو بازنەیە بەڵام بەپێی خوێندنەوەی بارودۆخەكەو راپرسیەكان كورسیەكانی نەوەی نوێ لەو بازنەیە لە نێوان (4 – 6) كورسی دەبێت، بەو پێیەی پێشتر (رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل) درووست نەبوو، بەشێك لە یەكێتیەكان بەهۆی زووربوون و ناڕەزاییان دوای رووداوەكانی (8) تەمووز دەنگیان بەنەوەی نوێ داو ئەوان لە هەمان ساحەی نەوەی نوێ كار دەكەن بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بەشێك لە دەنگەكانی نەوەی نوێ ببەن. بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بە هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی بەشداربوون، بۆیە دەنگدەرەكانیان تۆران و دەنگیان نەدا كۆی ئەو دەنگانەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر بەدەستی هێنا (4 هەزارو 245) دەنگ بوو. بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان چاویان لە (2) كورسیە لەو پارێزگایە، بەڵام بەپێی راپرسی و پێشبینیەكان بزووتنەوەی گۆڕان ( سفر بۆ 1) كورسی لەو پارێزگایە بەدەستدەهێنێت. كۆمەڵی دادگەری كوردستان: كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بەشداربوون (19 هەزارو 517) دەنگیان بەدەستهێنابوو. بەرپرسانی كۆمەڵی دادگەری بۆ ئەم هەڵبژاردنە چاویان لە (2-3) كورسییە لەو پارێزگایە، بەڵام بەپێی راپرسی و پێشبینیەكان كۆمەڵ ( 1 بۆ 2) كورسی لەو پارێزگایە بەدەستدەهێنێت. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بەشداربوون تەنیا (3 هەزارو 990) دەنگیان بەدەستهێنابوو. بەرپرسانی یەكگرتوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە چاویان لە (2) كورسییە لەو پارێزگایە، بەڵام بەپێی راپرسی و پێشبینیەكان یەكگرتوو ( 1بۆ1) كورسی لەو پارێزگایە بەدەستدەهێنێت. هاوپەیمانێتیەكان: هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی محەمەد حاجی مەحمود كە لە (حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشان و پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان) پێكهاتووە لە پارێزگای هەولێر ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی لاوازە، خۆ ئەگەر كورسی بەدەستبهێنن بۆ حزبی شیوعیە، چونكە كورسی سلێمانی بۆ سۆشیالیستەو دهۆك بۆ زەحمەتكێشانە. هاوپەیمانی سەردەم: هاوپەیمانی "سەردەم" كە هاوپەیمانێتی نێوان ( پارتی پارێزگارانی كوردستان بە سەرۆكایەتی نەجات عومەر سورچی، پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان بەسەرۆكایەتی باپیر كامەلا، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی غەفور مەخموری) بەسەرۆكایەتی عەبدوڵا حاجی مەحمودەو لە بازنەكانی هەڵبژاردن بەشدارن، بە ئەگەری لاواز ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیان هەیە كە ئەویش باپیر كامەلا لە هەوڵدایە بۆ بەدەستهێنانی كورسی لەناو هێزە ئەمنییەكان دەنگی پێبدرێت. بەرەی گەل: بەرەی گەل بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی لە پارێزگای هەولێر چاوی لە (4-5) كورسییە بەتایبەت دەنگی ناڕازی شەقام و ناڕازییەكانی ناو یەكێتی، بەڵام پێشبینیەكان بۆ دەنگی بەرەی گەل لە پارێزگای هەولێر قورسە چونكە بەرەی گەل چاویان لە دەنگی هێزە ئەمنییەكانە، ئەوانیش ئەستەمە بزانرێت و راپرسی و پێشبینییەكان دەری ناخات، هەرچەندە ئەمجار یەكێتی و پارتی كە زۆرترین دەنگی هێزە ئەمنییەكانیان لەبەردەستدایە، بە پلانێكی تۆكمەتر لە جاران هەوڵی كۆنترۆڵكردنی دەنگەكانیان دەدەن ئەگەری هەیە زۆرترین دەنگی هێزە ئەمنییەكان بۆ ئەو دوو هێزە بڕوات. رەوتی هەڵوێست: رەوتی هەڵوێست بەسەرۆكایەتی عەلی حەمەساڵح وەك هێزێكی نوێ كە یەكەمجارە بەشدار دەبێت، چاویان لە (2) كورسی ئەو پارێزگایەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێزێكی نوێیە ئەگەری خوێندنەوە بۆ كورسیەكانی درووست دەرناچێت. بازنەی سلێمانی: لە سنوری بازنەی سلێمانی (38) كورسی بەردەكەوێت، (36) كورسی گشتی و (2) كورسی كۆتا، لە كاتێكدا ( ملیۆنێك و 436 هەزارو 152) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام ( ملیۆنێك و 87 هەزارو 73) كەس كارتی بایۆمەتری وەرگرتووەو بۆ خولی شەشەم مافیی دەنگدانی هەیە، بۆیە نزیكەی ( 349 هەزار 79) كەس كارتیان وەرنەگرتووەتەوەو ناچن بۆ دەنگدان واتا هەر لەسەرەتاوە (24%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لادراون و ناچن بۆ دەنگدان، بۆیە رێژەی دەنگدان لەو ژمارەیە دەردەكرێت ( ملیۆنێك و 87 هەزارو 73) لەبەر ئەوە رێژەی دەنگدان بەرز دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت لە نێوان (55% بۆ 60%) بێت لە پارێزگای سلێمانی كە لە هەڵبژاردنی پێشوو 2021دا ئاستی دەنگدان لە پارێزگای سلێمانی (27%) بووە، ئەگەر رێژەی دەنگدان لە پارێزگای سلێمانی (55%) بێت ئەوا بەهای كورسیەك (17 هەزار) دەنگ دەكات. بە پێی پێشبینی و بەدواداچوونەكانی (درەو) كە بۆ دیاریكردنی كورسی و پێگەی لیستەكانی پشت بە چەند سەرچاوەیەك دەبەستێت (راپرسیەكانی درەو، دەنگی پێشووی لیستەكان، خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئێستای حزبەكان، گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكان خۆیان) . یەكێتی نیشتمانی كوردستان: یەكێتی نیشتمانی كوردستان كوردستان چاوی لە زۆرترین كورسی پارێزگای سلێمانیە لەبەر ئەوەی جێنفوسی خۆیەتی و پێگەی هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی لێیە كە كورسیەكانی هەڵبژاردن یەكلا دەكەنەوە. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی یەكێتی هێزی سێیەم بوو( 124 هەزارو 414) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (32%)، ئەگەر بەپێی ئەو دەنگە كورسیەكانی یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی لێكبدرێتەوە (12) كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكات، ، بەرپرسانی یەكێتی خۆیان پێیان وایە نزیكەی (220 - 250) هەزار دەنگ بەدەست دەهێنن و چاویان لە ( 16 بۆ 17) كورسی پارێزگای سلێمانیە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت دەنگەكانی یەكێتی لە نێوان (200 بۆ 220) هەزار دەنگ بێت، ئەگەرچی لاهور شێخ جەنگی لەبەری گەل بەشێك لە دەنگەكانی یەكێتی دەبات، بەڵام بە پێی پێشبینییەكان و راپرسیەكان چاوەڕوان دەكرێت كورسیەكانی یەكێتی لە نێوان (14 – 16) كورسی بێت. نەوەی نوێ نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو بەپێی دەنگەكانی هێزی دووەم بووە لە پارێزگای سلێمانی چاوی لە زیادبوونی دەنگ و كورسیەكانیەتی بەو پێوەدانگەی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو لە حەملەدابوون و پێیان وایە خەڵكی زۆری ناڕازی لە دەڤەری سلێمانیەو دەنگنادەنەوە بە حزبەكانی دەسەڵات. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021 لە پارێزگای هەولێر نەوەی نوێ هێزی دووەم بوو( 106 هەزارو 318) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەپێی دەنگەكان نزیكەی (7) كورسی دەكات كە بەهای كورسیەك (15) هەزار دەنگ بوو. بەرپرسانی نەوەی نوێ چاویان لە زیادبوونی دەنگەكیانیان و كورسیەكانیانە بۆ نزیكەی (10--15) كورسی لەو بازنەیە بەڵام بەپێی خوێندنەوەی بارودۆخەكەو راپرسیەكان كورسیەكانی نەوەی نوێ لەو بازنەیە لە نێوان (6-9) كورسی دەبێت، بەو پێیەی پێشتر (رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل) درووست نەبووبون، بەشێك لە یەكێتیەكان بەهۆی زووربوون و ناڕەزاییان دوای رووداوەكانی (8) تەمووز دەنگیان بەنەوەی نوێ داب و ئەوان لە هەمان ساحەی نەوەی نوێ كار دەكەن بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بەشێك لە دەنگەكانی نەوەی نوێ ببەن و لەبری زیادبوونی دەنگەكانی نەوەی نوێ كەمبكات. پارتی دیموكراتی كوردستان: پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو هێزی سێەم بووە لە پارێزگای سلێمانی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی ( 51 هەزارو 414) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەپێی دەنگەكان (3-4) كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكات، بەرپرسانی پارتی چاویان لەوەیە (4-5) كورسی لە پارێزگای سلێمانی مسۆگەر بكەن، بەڵام بە پێی پێشبینی و ئەو راپرسیانەی كە كراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان (3-4) كورسی لە سلێمانی بەدەست دەهێنێت. بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بە هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی بەشداربوون، بۆیە دەنگدەرەكانیان تۆران و دەنگیان نەدا كۆی ئەو دەنگانەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی بەدەستی هێنا (17 هەزارو 846) دەنگ بوو. بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان چاویان لە ( 3-4) كورسییە لەو پارێزگایە، بەڵام بەپێی راپرسی و پێشبینیەكان و بارودۆخی ناوخۆی ئەو بزووتنەوە، بزووتنەوەی گۆڕان ( سفر بۆ 1 یاخود 2) كورسی لەو پارێزگایە بەدەستدەهێنێت. كۆمەڵی دادگەری كوردستان: كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بەشداربوون (39 هەزارو 781) دەنگیان بەدەستهێنابوو بە نزیكەی ( 2-3) كورسی دەكات. بەرپرسانی كۆمەڵی دادگەری بۆ ئەم هەڵبژاردنە چاویان لە (5-6) كورسییە لەو پارێزگایە، بەڵام بەپێی راپرسی و پێشبینیەكان كۆمەڵ ( 2 بۆ 4) كورسی لەو پارێزگایە بەدەستدەهێنێت. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بەشداربوون تەنیا (15 هەزارو 852) دەنگیان بەدەستهێنابوو. بەرپرسانی یەكگرتوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە چاویان لە (4-5) كورسییە لەو پارێزگایە، بەڵام بەپێی راپرسی و پێشبینیەكان یەكگرتوو ( 2 بۆ 4) كورسی لەو پارێزگایە بەدەستدەهێنێت. هاوپەیمانێتی هەرێمی كوردستان: هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی محەمەد حاجی مەحمود كە لە (حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشان و پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان) پێكهاتووە لە پارێزگای سلێمانی ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیەكی هەیە ، ئەگەر دەنگەكانیان بگاتە كورسیەك بە (باقی ئەقوا) ئەوا بۆ سەرۆكی لیستەكە دەبێت كە (رێبین محەمەد حاجی مەحمود)ە. هاوپەیمانی سەردەم: هاوپەیمانی "سەردەم" كە هاوپەیمێنیتی نێوان ( پارتی پارێزگارانی كوردستان بە سەرۆكایەتی نەجات عومەر سورچی، پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان بەسەرۆكایەتی باپیر كامەلا، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی غەفور مەخموری) بەسەرۆكایەتی عەبدوڵا حاجی مەحمودەو لە بازنەكانی هەڵبژاردن بەشدارن، هاوپەیمانی سەردەم لەپارێزگای سلێمانی ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی لاوازە بەرەی گەل: بەری گەل بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی لە پارێزگای سلێمانی چاوی لە (8-10) كورسیییە، بەتایبەت دەنگی ناڕازی و ناڕازییەكانی ناو یەكێتی، بەڵام پێشبینیەكان بۆ دەنگی بەرەی گەل لە پارێزگای سلێمانی قورسە چونكە بەرەی گەل چاویان لە دەنگی هێزە ئەمنییەكانە، ئەوانیش ئەستەمە بزانرێت و راپرسی و پێشبینییەكان دەری ناخات، هەرچەندە ئەمجار یەكێتی كە زۆرترین دەنگی هێزە ئەمنییەكانی لەبەردەستدایە، بە پلانێكی تۆكمەتر لە جاران هەوڵی كۆنترۆڵكردنی دەنگەكانیان دەدەن و گروپی بچوك بچوكیان پێكهێناوە، (بەڵام پێشبینی بۆ دەنگ و كورسی بەرەی گەل قورسە لەبەر ئەوەی یەكەم جارە بەشدار دەبێت پێشبینی كردن ئاسان نیە). رەوتی هەڵوێست: رەوتی هەڵوێست بەسەرۆكایەتی عەلی حەمەساڵح وەك هێزێكی نوێ كە یەكەمجارە بەشدار دەبێت، چاویان لە (5-8) كورسی سنوری سلێمانیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێزێكی نوێیە ئەگەری خوێندنەوە بۆ كورسیەكانی درووست دەرناچێت بەڵام بەپێی پێشبینییەكان كورسیەكانی هەڵوێست لە نێوان (2-4) كورسی دەبێت لە سلێمانی. بازنەی دهۆك: لە سنوری بازنەی دهۆك (25) كورسی دانراوە، (24) كورسی گشتی و (1) كورسی كۆتا، لە كاتێكدا (926 هەزارو 746) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام (723 هەزارو 747) كەس كارتی بایۆمەتری وەرگرتووەو بۆ خولی شەشەم مافیی دەنگدانی هەیە، بۆیە نزیكەی ( 202 هەزار 999) كەس كارتیان وەرنەگرتووەتەوەو ناچن بۆ دەنگدان واتا هەر لەسەرەتاوە (22%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە دەركراوە، بۆیە رێژەی دەنگدان لەو ژمارەیە دەردەكرێت (723 هەزارو 747) لەبەر ئەوە رێژەی دەنگدان بەرز دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت لە نێوان (70% بۆ 75%) بێت لە پارێزگای دهۆك كە لە هەڵبژارنی پێشوو 2021دا ئاستی دەنگدان لە پارێزگای هەولێر (48%) بووە. بە پێی پێشبینی و بەدواداچوونەكانی (درەو) كە بۆ دیاریكردنی كورسی و پێگەی لیستەكانی پشت بە چەند سەرچاوەیەك دەبەستێت (راپرسیەكان، دەنگی پێشووی لیستەكان، خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئێستای حزبەكان، گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكان خۆیان) . پارتی دیموكراتی كوردستان: پارتی دیموكراتی كوردستان كە وەك زۆن هەولێر دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتدارێتی پارتیەوە، پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای هەولێر ( 261 هەزارو 543) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (66%)، لەو ئەگەر بەپێی ئەو دەنگە كورسیەكانی پارتی لێكبدرێتەوە (16) كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكات، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بەرپرسانی پارتی چاویان لەوەیەو چەند جارێكیش پارتی (20) كورسی لە بازنەی دهۆك بەدەستبێهێت لەكۆی (24) كورسی كە ئەمە زۆر قورس دەبێت، بەو پێوە دانگەی ئاستی دەنگدان لەو پارێزگایە زۆر بەرز دەبێتەوە بۆیە بەهای كورسی بەرز دەبێتەوەو دەنگی حزبە بچووكەكان دەفەوتێت، بەڵام بە پێی پێشبینی و ئەو راپرسیانەی كە كراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان (17-19) كورسی لە دهۆك بەدەست دەهێنێت، پارتی چاوی زۆر لەسەر پارێزگای دهۆكەو زۆرترین تەركیزی مادی و ئەمنی و مەعنەوی خستووەتە سەر ئەو پارێزگایە بەجۆرێك بە هەموو عەشیرەتەكانی راگەیاندووە دەبێت كاندیدی خۆتان سەربخەن. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پارێزگای دهۆك هێزی دووەمەو لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بەشداربوون تەنیا (81 هەزارو 144) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (20%) ئەگەر دەنگی پێشوو ئەژمار بكرێت دەكاتە (5) كورسی. بەرپرسانی یەكگرتوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە چاویان لە (5-6) كورسییە لەو پارێزگایە، بەڵام بەپێی راپرسی و پێشبینیەكان یەكگرتوو ( 3 بۆ 5) كورسی لەو پارێزگایە بەدەستدەهێنێت بەو پێیەی دەنگی پێشتری یەكگرتوو دوو كاندیدی بەهێز توانیان زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن، بوونی هێزی نوێ و ئۆپۆزسیۆنی تر لەو ناوچەیە لاواز بوو بۆیە زۆرینەی دەنگی ناڕازی بۆ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان چوو . یەكێتی نیشتمانی كوردستان: یەكێتی نیشتمانی كوردستان كوردستان لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێزی سێیەم بوو( 25 هەزارو 40) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (6%)، ئەگەر بەپێی ئەو دەنگە كورسیەكانی یەكێتی لێكبدرێتەوە (1.4) كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكات، ، بەرپرسانی یەكێتی خۆیان پێیان چاویان لە ( 2 بۆ 3) كورسی پەرلەمانی كوردستان هەیە، لەبەر ئەوەی لاهور شێخ جەنگی لەبەرەی گەل بەشێك لە دەنگەكانی یەكێتی دەبات لەو سنورە، بۆیە بە پێی خوێندنەوە راپرسیەكان چاوەڕوان دەكرێت كورسیەكانی یەكێتی لە دهۆك لە نێوان (1 – 2) كورسی بێت هەرچەندە بەرپرسانی پارتی پێان وایە یەكێتی لەو پارێزگایە كورسی بەدەستناهێنێت. نەوەی نوێ نەوەی نوێ لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021 هێزی چوارەم بوو( 19 هەزارو 292) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (5%)، ئەگەر بەپێی ئەو دەنگە كورسیەكانی نەوەی نوێ لێكبدرێتەوە (1) كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكات. بەرپرسانی نەوەی نوێ چاویان لە زیادبوونی دەنگەكیانیان و كورسیەكانیانە بۆ (1 – 2) كورسی دەبێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوون و راپرسی و پێشبینییەكان نەوەی نوێ ئەگەری بەدەستهێنانی (1) كورسی لەو پارێزگایە هەیە. بزووتنەوەی گۆڕان هەموو راپرسی و پێشبینییەكان بۆ ئەوەن بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای دهۆك كورسی بەدەستناهێنێت. كۆمەڵی دادگەری كوردستان: بەپێی دەنگەكانی پێشووتری كۆمەڵ لەو پارێزگایەو پێشبینی و ئەنجامی راپرسیەكان كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە پارێزای دهۆك ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی زۆر لاوازە. هاوپەیمانێتیەكان: بەپێ پێشبینییەكان هیچ یەك لە هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی محەمەد حاجی مەحمود و هاوپەیمانی "سەردەم" بەسەرۆكایەتی عەبدوڵا حاجی مەحمودە كورسی لەو پارێزگایە بەدەستناهێنن. بەرەی گەل: بەری گەل بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی لە پارێزگای دهۆك بەپێی پێشنییی و راپرسیەكان (0-1) كورسی بەدەستدەهێنێت رەوتی هەڵوێست: رەوتی هەڵوێست بەسەرۆكایەتی عەلی حەمەساڵح وەك هێزێكی نوێ كە یەكەمجارە بەشدار دەبێت، ئەگەری (0-1) كورسی . بازنەی هەڵەبجە: لە سنوری بازنەی هەڵەبجە (3) كورسی گشتییە، (60 هەزارو 252) كەس مافی دەنگدانی هەیە، چاوەڕوان دەكرێت ئاستی بەشداری لە نێوان (55% بۆ 60%) بێت لەبەر ئەوەی زۆترین ژمارەی كاندید و لیست ئەجارە بەشدارن ئەگەر رێژەی دەنگدان لەو پارێزگایە (55%) بێت ئەوا بەهای كورسی لەو پارێزگایە ( 11 هەزار دەنگ دەبێت. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، هێزی یەكەم بوون و (7 هەزارو 24) دەنگیان بەدەستهێنابوو ، بە ئەگەری زۆر یەكگرتوو كورسیەكی هەڵەبجە دەبات، هەم لەبەر ئەوەی دەنگەكانی یەكگرتوو بەردەوام لەناو هەڵەبجە بەرزبووە، هەم لەبەر ئەوەی كاندێدێكی بەهێزی وەك جێگری پارێزگاری هەڵەبجەیان سەرۆكی لیستەكەیە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان: یەكێتی نیشتمانی كوردستان كوردستان چاوی لەوەیە كورسیەكی پیاوو كورسیەكی كۆتای ژن بەرێت، بەڵام بەپێی پێشبینی و ئەو راپرسیانەی لەبەردەستی (درەو)دایە دەنگی هێزەكان نزیكن لەیەكەوە بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەر (3) كورسیەكە بەسەر (3) هێزی براوە دابەش بێت. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای هەڵەبجە یەكێتی ( 5 هەزارو 228) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (22%)، چاوەڕوان دەكرێت بەشێك لە دەنگەكانی یەكێتی زیاد بكات و ببێتە هێزی یەكەمی ئەو پارێزگایە بەهۆی دامەزراندنی زۆری گەنجان و دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچەیە. هەرچەندە یەكێتی چاوی لە دوو كورسیە (كورسیەكی پیاو، كورسیەكی كۆتای ژنان) بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی ململانێی توندی لایەنەكان و نزیكی دەنگیان یەكێتی تەنیا (1) كورسی ئەو پارێزایە بەرێت. نەوەی نوێ نەوەی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021 هێزی پێنجەم بوو( 3 هەزارو 396) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا، نەوەی نوێ چاوی لە كورسیەكی پارێزگای هەڵەبجەیە، بەڵام ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیەك زۆر قورسە بۆ نەوەی نوێ ئەگەر رێژەی دەنگەكانی نەوەی نوێ (100%)یش زیاد بكات. پارتی دیموكراتی كوردستان: پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو هێزی سێیەم بووە لە پارێزگای هەڵەبجە، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای هەڵەبجە ( 3 هەزارو 477) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا، هەرچەندە بەپێی دەنگەكان پارتی هێزی چوارەمە لەو پارێزگایە، بەڵام بەپێی راپرسیەكانی (درەو) پارتی دەنگەكانی زیادی كردووە بۆ هێزی دووەم و سێەم، لەبەر ئەوەی پارتی بە دیاریكراوی مەسرور بارزانی زۆرترین چاوی لەسەر هەڵەبجەیەو لەماوەی سێ مانگدا دووجار سەردانی هەڵەبجەی كردوو لەگەڵ نوێنەرانی هەڵەبجە كۆبووەوە، پارتی نایەوێت لە پارێزگایەكی كوردستان كورسی نەبێت، بۆیە ئەگەری كورسی سێیەم بۆ پارتی ئەگەرێكی بەهێزە، واتا كێبەركێكە بۆ كورسی سێیەم لە نێوان پارتی و كۆمەڵ دەبێت. كۆمەڵی دادگەری كوردستان: كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بەشداربوون (4 هەزارو 858) دەنگیان بەدەستهێنابوو هێزی سێیەمی پارێزگای هەڵەبجەبوو لەرووی دەنگەوە، بەڵام بەپێی راپرسیەكان دەنگەكانی كۆمەڵ لە پارێزگای هەڵەبجە دابەزێوە، بۆیە ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی بۆ كۆمەڵ ئەگەرێكی زۆر بەهێز نیەو كێبەركێ دەبێت لە نێوان كۆمەڵ و پارتی بۆ كورسی سێەم. بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بە هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی بەشداربوو كاندیدی نەبوو بۆیە بەشی زۆری جەماوەرەكەی دەنگی بە لیستی هاوپەیمانی نەدا، بەدەستهێنانی كورسی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان قورسەو ئەگەرێكی لاوازە. هاوپەیمانێتیەكان: هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی محەمەد حاجی مەحمود كە لە (حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشان و پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان) پێكهاتووە لە پارێزگای هەڵەبجە ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیەكی زۆر لاوازە. هاوپەیمانی سەردەم: هاوپەیمانی "سەردەم" كە هاوپەیمێنیتی نێوان ( پارتی پارێزگارانی كوردستان بە سەرۆكایەتی نەجات عومەر سورچی، پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان بەسەرۆكایەتی باپیر كامەلا، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی غەفور مەخموری) بەسەرۆكایەتی عەبدوڵا حاجی مەحمودەو لە بازنەی هەڵەبجە ئەگەرێكی لاوازە. بەرەی گەل: بەری گەل بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی لە پارێزگای هەڵەبجە ناتوانرێت پێشبینی بەدەستهێنانی كورسی بۆ بكرێت لەبەر ئەوەی یەكەمجارە بەشدارە. رەوتی هەڵوێست: رەوتی هەڵوێست بەسەرۆكایەتی عەلی حەمەساڵح وەك هێزێكی نوێ كە یەكەمجارە بەشدار دەبێت، ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی بەهێز نیە بەڵام سەرۆكی لیستێكی بەهێزیان هەیەو ئەگەری هەیە دەنگی زۆر بەدەستبهێنێت. ئەنجامی گشتی لەسەر ئاستی هەرێم: بە پێی پێشبینی و بەدواداچوونەكانی (درەو) دوای ئەوەی لەماوەی رابردوو و بەتایبەت لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشی (راپرسی درەو) سێ راپرسی ئەنجامداو پێش هەڵمەتی هەڵبژاردنیش راپرسیەكی ئەنجامدا واتا بۆ خولی شەشەم (4) راپرسی تایبەتی ئەنجامداوە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی (بۆكسی هەڵبژاردن) كە (6) كتێبی لەسەر هەڵبژاردن لەخۆگرتووە، ئەنجامدانی (8) دیبەیت و گفتوگۆ بۆ (8) سەرۆكی لیست و كاندادیدەكانیان، بۆیە نزیكترین پێشبینی بۆ كورسیەكان دەخاتەروو، كە بۆ دیاریكردنی كورسی و پێگەی لیستەكان، پشت بە چەند سەرچاوەیەك دەبەستێت (راپرسیەكانی درەو، دەنگی پێشووی لیستەكان، خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئێستای حزبەكان، گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكان خۆیان) . كورسیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێم : بازنەی هەولێر: 16 – 18 كورسی بازنەی سلێمانی: 3 – 4 كورسی بازنەی دهۆك: 17 – 19 كورسی بازنەی هەڵەبجە: 0- 1 كورسی پارتی لە كۆی گشتی نزیكەی (38- 40) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (36) كورسی لە ئەگەری بەهێز (42) كورسی كورسیەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێم : بازنەی هەولێر: 5 – 7 كورسی بازنەی سلێمانی: 14 – 16 كورسی بازنەی دهۆك: 1 – 2 كورسی بازنەی هەڵەبجە: 1- 2 كورسی یەكێتی لە كۆی گشتی نزیكەی (22- 25) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (22) كورسی لە ئەگەری بەهێز (27) كورسی كورسیەكانی نەوەی نوێ لەسەر ئاستی هەرێم : بازنەی هەولێر: 4 – 6 كورسی بازنەی سلێمانی: 6- 8 كورسی بازنەی دهۆك: 1– 1 كورسی بازنەی هەڵەبجە: 0- 1 كورسی نەوەی نوێ لە كۆی گشتی نزیكەی (10- 16) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (10) كورسی لە ئەگەری بەهێز (16) كورسی كورسیەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێم : بازنەی هەولێر: 1 – 2 كورسی بازنەی سلێمانی: 2- 3 كورسی بازنەی دهۆك: 2– 4 كورسی بازنەی هەڵەبجە: 1- 1 كورسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆی گشتی نزیكەی (6- 10) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (6) كورسی لە ئەگەری بەهێز (10) كورسی كورسیەكانی كۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی هەرێم : بازنەی هەولێر: 2 – 3 كورسی بازنەی سلێمانی: 2- 3 كورسی بازنەی دهۆك: 0– 0 كورسی بازنەی هەڵەبجە: 0- 1 كورسی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە كۆی گشتی نزیكەی (4- 7) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (4) كورسی لە ئەگەری بەهێز (7) كورسی كورسیەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی هەرێم : بازنەی هەولێر: 0 – 1 كورسی بازنەی سلێمانی: 1- 2 كورسی بازنەی دهۆك: 0– 0 كورسی بازنەی هەڵەبجە: 0- 0 كورسی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆی گشتی نزیكەی (1- 2) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (0) كورسی لە ئەگەری بەهێز (2) كورسی هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێم : بازنەی هەولێر: 0 – 0 كورسی بازنەی سلێمانی: 0- 1 كورسی بازنەی دهۆك: 0– 0 كورسی بازنەی هەڵەبجە: 0- 0 كورسی هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان لە كۆی گشتی نزیكەی (0- 1) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (0) كورسی لە ئەگەری بەهێز (1) كورسی هاوپەیمانی سەردەم لەسەر ئاستی هەرێم : بازنەی هەولێر: 0 – 1 كورسی بازنەی سلێمانی: 0- 0 كورسی بازنەی دهۆك: 0– 0 كورسی بازنەی هەڵەبجە: 0- 0 كورسی هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان لە كۆی گشتی نزیكەی (0- 1) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (0) كورسی لە ئەگەری بەهێز (1) كورسی بەرەی گەل لەسەر ئاستی هەرێم : بازنەی هەولێر: 1 – 2 كورسی بازنەی سلێمانی: 4- 6 كورسی بازنەی دهۆك: 0– 0 كورسی بازنەی هەڵەبجە: 0- 0 كورسی بەرەی گەل لە كۆی گشتی نزیكەی (5- 8) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (5) كورسی لە ئەگەری بەهێز (8) كورسی ( بەهۆی ئەوەی هێزێكی تازەیە بۆیە پێشبینیكردن قورسەو درووست دەرناچێت) رەوتی هەڵوێست لەسەر ئاستی هەرێم : بازنەی هەولێر: 0 – 2 كورسی بازنەی سلێمانی: 3- 4 كورسی بازنەی دهۆك: 0– 0 كورسی بازنەی هەڵەبجە: 0- 1 كورسی رەوتی هەڵوێست لە كۆی گشتی نزیكەی (3- 6) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (3) كورسی لە ئەگەری بەهێز (7) كورسی ( بەهۆی ئەوەی هێزێكی تازەیە بۆیە پێشبینیكردن قورسەو درووست دەرناچێت) لە هەڵبژاردنی پێشوو 2021: پارتی: لە هەولێر و دهۆك یەكەم و لە سلێمانی سێەم و لە هەڵەبجە چوارەم بووە یەكێتی: لە سلێمانی یەكەم و لە هەڵەبجە دووەم و لە هەولێر سێەم و لە دهۆك سێەم بووە یەكگرتوو: لە هەڵەبجە یەكەم و لە دهۆك دووەم و لە سلێمانی پێنجەم بووە نەوەی نوێ: لە سلێمانی دووەم و لە هەولێر دووەم و لە دهۆك چوارەم و لە هەڵەبجە پێنجەم بووە.
راپۆرتی: درەو 🔻 پاڵپشت بە دوا ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ 🔹 (7 هەزار و 67) وێستگەی دەنگدان لە چوارچێوەی (هەزار و 431) بنکە پێشوازی لە دەنگدەران دەکەن. 🔹 (2 ملیۆن و 899 هەزار و 578) کەس لەسەر ئاستی گشتی پارێزگانی هەرێمی کوردستان کارتی نوێی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە. 🔹 (2 ملیۆن و 683 هەزار و 618) کەس بە ڕێژەی (93%) لە دەنگدانی گشتی و (215 هەزار و 960) کەسیش بە ڕێژەی (7%) لە دەنگدانی تایبەت مافی بەشداریکردنیان هەیە. 🔹 کۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە (35%)ی لە پارێزگای هەولێر، (37.5%) لە سلێمانی، (25%)ی لە دهۆک، (2%) لە هەڵەبجە و (0.2%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقن. دوا ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تایبەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق (7 هەزار و 67) وێستگەی دەنگدان لە چوارچێوەی (هەزار و 431) بنکە و (282) ناوەندی تۆمار پێشوازی لە دەنگدەرانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. بە جۆرێک؛ (2 ملیۆن و 899 هەزار و 578) کەس لەسەر ئاستی گشتی پارێزگانی هەرێمی کوردستان کارتی نوێی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، لەو ژمارەیەش (2 ملیۆن و 683 هەزار و 618) کەس بە ڕێژەی (93%) لە دەنگدانی گشتی لە (173) ناوەندی تۆمار کە دابەش بووە بەسەر (هەزار و 266) بنکەی هەڵبژاردن و (6 هەزار و 318) وێستەگە لە خۆ دەگرێت لە لایەک و (215 هەزار و 960) کەسیش بە ڕێژەی (7%) لە دەنگدانی تایبەت لە (109) ناوندی تۆمار کە دابەش بووە بەسەر (165) بنکەی هەڵبژاردن و (749) وێستەگە لەخۆدەگرێت مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنکەدا هەیە. ئەگەر ئەوە وردبکرێتەوە بۆ سەر ئاستی پارێزگاکان ئەوا؛ یەکەم؛ پارێزگای هەولێر (ملیۆنێک و 22 هەزار و 906) کەس بە ڕێژەی (35.3%) کۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێک (933 هەزار و 115) کەسیان بە ڕێژەی (91%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (53) ناوەندی تۆماریی دابەشبوو بەسەر (498) بنکەی دەنگدان کە (2 هەزار و 213) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوکات (89 هەزار و 791) کەسیش بە ڕێژەی (9%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (34) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (62) بنکەی دەنگدان کە (306) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. دووەم؛ پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 87 هەزار و 73) کەس بە ڕێژەی (37.5%) کۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێک (ملیۆنێک و 8 هەزار و 412) کەسیان بە ڕێژەی (93%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (74) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (477) بنکەی دەنگدان کە (2 هەزار و 373) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوکات (78 هەزار و 661) کەسیش بە ڕێژەی (7%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (32) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (57) بنکەی دەنگدان کە (276) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. سێیەم؛ پارێزگای دهۆک (723 هەزار و 747) کەس بە ڕێژەی (25%) کۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێک (682 هەزار و 791) کەسیان بە ڕێژەی (94%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (41) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (264) بنکەی دەنگدان کە (هەزار و 596) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوکات (40 هەزار و 956) کەسیش بە ڕێژەی (6%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (30) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (33) بنکەی دەنگدان کە (142) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. چوارەم؛ پارێزگای هەڵەبجە (60 هەزار و 252) کەس بە ڕێژەی (2.1%) کۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێک (59 هەزار و 300) کەسیان بە ڕێژەی (98%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (5) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (27) بنکەی دەنگدان کە (136) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوکات (952) کەسیش بە ڕێژەی (2%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (1) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (1) بنکەی دەنگدان کە (3) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. پێنجەم؛ پارێزگاکانی (نەینەوا، کەرکوک، دیالە، ئەنبار، بەغدا (کەرخ و رەسافە)، واست، سەڵاحین)؛ (5 هەزار و 600) کەس بە ڕێژەی (0.2%)ی کۆی دەنگدەران، مافی بەشدارییان هەیە لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (12) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (12) بنکەی دەنگدان کە (22) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە چارت و خشتەکانی خوارەوە؛ خشتەو چارت
درەو: نەبەز رەشاد، بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری گوندى تهرجان سەر بە ناحیەی شەمامکە وبە دووری 20کم دهكهوێته باشوورى رۆژ ئاواى ههولێر،ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی هەزار کەس دەبێت، بە هۆی نزیکییەوە لە ژمارەیەکی زۆری پاڵاوگەی سووتەمەنی، دانیشتوانەکەی گلەیی دەکەن و ترسیان هەیە دۆخەکە کاریگەری خراپ بکاتە سەر تەندروستییان، هەروەك باس لەوەش دەکەن کە دەرمان و پزیشك لە نەخۆشخانەی گوندەکەیاندا وەکو پێویست نین. گولیزار تەمەن( 60 ساڵ( دانیشتووی گوندەکەیە، بە نائومێدییەکی زۆرەوە دۆخی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە و پێمان دەڵێت "ئاوهەوای گوندەکەمان بۆگەن بووە، هەرکە دەچمە دەرەوە و دێمە ژوورەوە هەناسەم تەنگ دەبێت و دەبێ ئامێری هەناسەدان بەکاربهێنم". "لەبەر پسیبوونی هەوا لە ژوورەوەش ناتوانین ئامێری فێنککەرەوە داگیرسێنین". لە درێژەی گێڕانەوەکانیدا دایکە گولیزار دووپاتی دەکاتەوە کە لە ژوورەوەش ناتوانن ئامێری فێنککەرەوە داگیرسێین هەوای پیس وبۆنی ناخۆشی سووتەمەنی بڵاودەبێتەوە". ئاماژەش دەدات بەوەی کە تەنانەت ئەگەر دەمی خۆشیان بگرن بۆنی ناخۆش وهەناسەتەنگی دۆخیان خراپتر دەکات". مام بەکری هاوسەریشی بەوپەڕی نائومێدییەوە پێمان دەڵێت "تەمەنێکمان لەم گوندەی خۆماندا بەڕێکردووە، ئێستایش بەهۆی پاڵاوگەکانی سووتەمەنییەوە سێ لە ئەندامانی خێزانەکەم تووشی نەخۆشی هەناسەتەنگی بوون و باری تەندرووستیان خراپە". ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کاتێك لەبەر گەرما دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان بکەنەوە، بەهۆی بۆنی ناخۆشەوە دەبێ بە پەلە دایخەنەوە، هەر بەو هۆیەشەوە زۆر بە ئەسەفەوە سوێند دەخوات ژیان لە گوندەکەیاندا نەماوە، بەڵام توانایان نییە رووبکەنە شوێنێکی دیکە. به پشت بهستن به چهند راپۆرت و داتایهكى فهرمى لایهنه پهیوهندیدارهكانى پارێزگاى ههولێر و بۆچوونى شارهزایان و توێژینهوهى زانستى بهرپرسانى بوارى ژینگه، دەرکەوتووە کە بوونى ئهو ژماره زۆرهى پاڵاوگە له سنوورى ناحییهى گوێر و گوندهكانى نزیك شارى ههولێر ههڕهشهى ژینگهیى گهورهن لهسهر ئاو ههوا و خاك و سهرههڵدانى جۆرهها نهخۆشى لهسهر دانیشتووانى چهند گوندێكى ناوچهكه. هەر لەو گوندەدا سلێمان نوری، كه كارى ئاژهڵدارى دهكات و تهمهنى 50 ساڵه گلەیی خۆی دەکات و دەڵێت" ئێمە کە بە بوونی ئەم هەموو پاڵاوگه و بۆنە ناخۆشانە ڕازین، دەبوو گرنگی بە بنکەی تەندروستیمان بدەن و بە چاککردنی شهقام و ڕێگا و بانەکەمان هاوکاری گوندەکەمان بکەن". لەهەمانکاتدا محەمەد سەباح کە گهنجێكى گوندهكهیە وتهمهنى 30 ساڵه پێیوایە "ژیانی دانیشتوانی گوندەکەیان لەمەترسیدایە، هیچ رێگەچارەیەکیشمان لەبەردەستدا نییە مەگەر تەنها کۆچ بکەین و بەجێی بێڵین". له سنووری پارێزگای ههولێر ژمارهیهكی بهر چاو له پاڵاوگە هەن، رۆژ به رۆژ له زیادبووندان كه زۆربهیان ئەهلین و دهكهونه باشووری پارێزگای ههولێر. بەگوێرەی لێدوانی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو ژمارهیان (138) پاڵاوگەیه، هەر لەناوجهرگهى شاری ههولێرهوە تا دەگاتە ڕێگای گشتی ههولێر- گوێر و ههولێر- مهخمور و ههولێر- كهركوك . سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم کە نەیوەیست ناوی بڵاوبکرێتەوە رایگەیاند لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا تەنها چوار پاڵاوگە مۆڵەتی فەرمیان هەیە کاربکەن، لەم ژمارەیشیان دوو دانەیان لە هەولێرن و دانەیەك لە سلێمانی و یەکێکیشیان لە دهۆکە، ئەوانەی تر هیچیان مۆڵەتی وهزارهتی سامانه سروشتیهكان و دەستەی ژینگەیان نییە و مەرجە ژینگەییەکانیان جێبەجێ نەکردووە. د. سەنگەر ساڵح، مامۆستای کۆلیژی زانست لە زانکۆی سەلاحەدین چەند وردەکارییەکی بۆ ئاشکرا کردین و وتی "دووری پاڵاوگەكان لهرێگای سهرهكی و له سنووری ناحیهو گوندهكان دهگاته دهوروبهری (300م تاكو 1500م) ههر پاڵاوگەیهك له ماوهی (24) كاتژمێردا نزیكهی (100تهن تاكو 200تهن) نهوتی خاو دهپاڵێون بۆ گاز و بهنزین و قیڕ بهمهش دهبێته هۆی پیسبوونی ژینگه". تیشکیشی خستە سەر ئەوەی "گرنگترین پیسكهرهكانی دهرهاویشتهی پیشهسازی نهوت بریتی یه له هایدرۆكاربۆنات و ئاوێتهی گۆگرد (ئۆكسیدی گۆگرد وهایدرۆگۆگرد) ههروهها یهكهم ئۆكسیدی كاربۆن و تهنۆلكهی ههڵواسراو". هەروەها وتی "كۆگاكان سهرچاوهی گرنگی دهرچوونی ههندێ غاز و ههڵمی هایدرۆكاربۆنین بهڵام یهكهكانی گهرم كردن و هایدرۆجینی سهرچاوهی گرنگی دهرچوونی غازی ترشن وهكو گۆگردی هایدرۆجین (H2S). ههروهها ههڵم له ماتۆرهكانی پاڵهپهستۆ دهردهچێ و بڵاودهبێتهوهوه یاخود لهكاتی باركردن و گواستنهوه ههندێ جۆری كاربۆناتی سووك دهردهچێ و به ههوادا بڵاودهبێتهوه". بهپێى ئامارهكانى دهستهى پاراستن و چاككردنى ژینگه لە ئێستادا لە ناحیەی گوێر نزیکەی حەفتا پاڵاوگەی نایاسایی و بێ مۆڵەت هەن و بەبێ بوونی هیچ مەرجێکی سەلامەتی کار دەکەن هاوکات بێ گوێدانە پیسبوونی ئاو و هەوای ژینگە و تەندروستی دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەریان ڕۆژانە بە درێژایی کارکردن یان هەوای پیس و گازی ژەهراوی دەڕژێننە ئاسمانی هەولێر و ناوچەکە. ژینگەی هەرێم: داوامان کردووە پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن عەبدوڵڕەزاق خهیلانى، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم لهوبارهیهوه دەڵێ" لە ساڵی 2016 ەوە نووسراومان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و داوای داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانەمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستاش ڕێژەیەکی زۆریان ماون و دانەخراون". هۆکاری داواکارییەکەیشیان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی " پاڵاوگەکان هیچ مەرجێکی سەلامەتی جێبەجێ ناکەن و بوونەتە هۆکارێکی راستەوخۆی پیسبوونی ژینگە و سەرهەڵدانی جۆرەها نەخۆشی کوشندە". ئاشکراشی دەکات کە "ئەو پاڵاوگانەی دەوروبەری هەولێر نایاسایین و رەزامەندی هیچ دامەزراوەیەکی حکومیان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستەی ژینگە پێشتر پێشنیاری بۆ کردبوون ئەگەر کار بکەن دەبێ بەپێی رێنماییەکان بێت ئەگەر نا دەبێ دابخرێن". قوربانیەك: بەدرەنگەوە زانیمان هۆکاری زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانمان پاڵاوگەکانن مەسعود عەبدوڵلا، تهمهن ( 45 ساڵ) و پیشهى شوفێرە، قوربانییەکی دانیشتووی گوندی تەرجانە و توشی نەخۆشی هەستیاریی پێست بووە، ئەو بۆچوونی وایە کە خەڵکی ناوچەکە لهسهرهتاى دانانی ئهو پاڵاوگانەدا هیچ شتێکیان دەربارەی مهترسییهكانى پاڵاوگەکان نهدهزانى، بهڵام لهم چهند ساڵهى دوایدا پاش بڵاوبوونەوەی چهندین حاڵەتی تووشبوون بە نهخۆشىیەکانی وهك رهبۆو ههستیارى پێست و شێرپهنجهو نهخۆشییهكانى جگهر و بەگوێرەی دەرەنجامە پزیشکییەکان، پێدەچێت هۆکاری سەرەکیی ئەو نەخۆشیانە راستەوخۆ پەیوەندی بەم پاڵاوگانەوە هەبێت". هەروەها بە داخێکی زۆرەوە وا هەست دەکات "ئیدی خەڵکی دێیەکەیان بووەتە قوربانی و شوێنەکەشیان بووە بە ناوچەیەکی پیشەسازی بەشێوەیەك کە نە ئاو نە خاکەکەی کەڵکی ژیانیان نەماوە". *ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی "رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون"، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر. پارێزگاری هەولێر: لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخەین لەمبارەیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاى ههولێر لە مانگی ئابی رابردوودا دواى كۆبوونهوهى لهگهڵ لایهنه پهیوهندیدارهكان له كۆنگرهیهكى رۆژنامهوانیدا رایگهیاند بڕیارمانداوه به داخستنى پاڵاوگه نایاساییەکانی سنووری پارێزگا. خۆشناو، ئاماژهى بهوهدا کە بڕیارهكه لهسهر راسپاردهى سهرۆكى حكومهتهو تیمهكانمان لهسهرجهم بهڕێوبهرایهتییهكان بهبێ هیچ جیاوازییهك ههڵمهتێكى فراوانیان دهستپێكردووهو بهردهوام دهبن لهسهر بهدواداچوونى پڕۆسهكه. "پاڵاوگەکان کاریگەری خراپیان لەسەر باشوور و رۆژئاوای هەولێر داناوە". بهپێى چهند توێژینهوهیهكى زانستى كه له لایهن ههریهك له كۆلێژى زانست و كشتوكاڵ و ژینگهى زانكۆى سهڵاحهدین له لایهن قوتابیانى ماستهر و دكتۆرا ئهنجامدراوه و ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە دەستی کەوتوون "پاڵاوگەكان بەبەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی سنووری هەولێر كاریگهرى خراپ و نهرێنیان لهسهر خاك و ههوا و رووهكى ناوچەکانی رۆژئاوای هەولێردا زیاترە". لە توێژینەوەکاندا پشتڕاستکراوەتەوە کە ژینگە و ئاووهەوای ناوچەکانی نزیك پاڵاوگەکان به تهواوەتى چووەتە قۆناغێکی مهترسیدار، هاوکات كانزا قورسهكانى ئهو ناوچهیه كاریگهرى خراپی بۆسەرر هۆڕمۆنى دهرهقى و جگهر و جۆرهكانى شێرپهنجه و پێست و گهڵاى دار و ئاوى خواردنهوهو خاكى كشتووكاڵى ههیه. " ئامێرێك رۆژانە 21 ماددە و 19 گازی زیانبەخش لە هەولێر دەستنیشان دەکات" ئامارهكانى بهڕێوبهرایهتى ژینگهى ههولێریش هێما بۆ ئەوە دەکەن کە ئامێرى پیسبوونى ههواى ههولێر رۆژانە 21 ماددە و 19 گازی زیانبهخش له ههولێر دەستنیشانیان دەکات، داتاکانیش پێمان دەڵێن ساڵ به ساڵ ژینگهی ههولێر پیستر دهبێت و هۆكارى سهرهكیشی بۆ بوونی ئەو پاڵاوگانە دەگەڕێتەوە کە لە باشوور و رۆژئاوای هەولێردان. د.شێروان غهفور، مامۆستاى زانكۆو پسپۆرى بوارى ژینگه له بارهى كاریگهرى ئهو گازانهى له ئۆتۆمبێل دهردهچن سەبارەت بە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ژینگەوە دەڵێت "گازى یهكهم ئوكسیدى كاربۆن (CO) كه گازێكى ژهراوهیه و كاریگهرى زۆر خراپى ههیه لهسهر كۆئهندامى ههناسهدان و لهگهل هیمۆگلوبینى خوێن یهك دهگرێت و كاربۆكسی هیمۆگلۆبین (Co-HB)پێکدەهێنێت". روونیشیدەکاتەوە کە سەرەنجام دهبێته هۆی كوشتنى خرۆكه سوورهكانى خوێن و تووشبوون بە نهخۆشى شێرپهنجهى خوێن و كهمبوونهوهی ئۆكسجین (O2) له خوێندا كه وا دهكات دڵ زیاتر كاربكات و ماندووبێت و ببێته هۆی سهر ئێشان و گێژبوون". تەندروستی هەولێر: رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بەرزبووەتەوە دوای ئەوەی هەوڵماندا ئامارێکی تایبەت بە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە سنووری باشوور و رۆژئاوای هەوڵیردا بەدەستبهێنین، وهزارهتى تهندروستى حكومهتى ههرێمى كوردستان رەتیکردەوە هیچ ئامارێكى دروست لهبارهى نهخۆشییهكانى شێرپهنجهو نهخۆشى دیكه تایبهت بهو سنوورانه تۆمار كرابێت، پێیوایە ئهوه پێویستی به تیمى شارهزا و توێژینهوهى زانستى ههیه". بهڵام پشتڕاستی دەکاتەوە کە بهشێوهیهكى گشتیى نهخۆشییهكانى شێرپهنجه ساڵ دواى ساڵ روو له زیادبووندان و به پێى دوایین ئامارى بهڕێوبهرایهتى گشتى تهندروستى ههولێر کە لەماوەی تهنها شهش مانگى یهكهمى 2024 زیاتر له ( 3 ههزار) حاڵهتى نهخۆشى شێرپهنجه تۆماركراون ئهو رێژهیهش بهراورد به ساڵانى رابردوو بهرزه. لەمبارەیەشەوە د. یهحیا عومهر، مامۆستا له كۆلێژى زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین كه دوو توێژینهوهى لهوبارهیهوه ئهنجامداوه، ئاماژه بهوهدهكات، ئهو گازانهى كه له پاڵاوگە و كارگهكانى ئهو ناوچانه دهردهچن كاریگهرى خراپیان لهسهر شێرپهنجهو گێژبوون و جۆرهها نهخۆشى تر ههیه". فەرمانگەی ژینگەی هەولێر: لەم ماوەیەدا لەنێوان 30 تا 40 پاڵاوگەی نایاسایی داخراون دڵشاد هیرانی، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر سەبارەت بە رێکارەکانی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان ئاشکرای دەکات کە لەم ماوەیەدا لەنێوان 30 تا 40 پاڵاوگە داخراون و پرۆسەکەش بەردەوامە و بەمنزیکانە پارێزگاری هەولێر راگەیەنراوی خۆی دەبێت و لەوکاتەدا بە فەرمی وردەکارییەکانی داخستن و جێبەجێکردنی بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان ئاشکرا دەکات. راپۆرتێکی فەرمی: ژینگەی هەولێر بەچەندین شێوە پیس دەکرێت به پێى راپۆرتێکى دهستهى چاکكردنو پاراستنى ژینگهى ههرێم و فهرمانگهى ژینگهى ههولێر، له ئێستادا كێشه ژینگهییهكانى ههوایى شارى ههولێر بهگشتى بریتین له تێبینى كردنى بوونى چڕه دوكهڵێك له ئاسمانى شارى ههولێر به هۆى زۆر هۆكار، لهوانه زۆربوونى ژمارهیهكى زۆر له پاڵاوگە له سنوورى باشوور و رۆژئاواى ههولێر و زۆری ژمارهى ئوتومبیڵ كه سهرچاوهى دهردانى زۆر له گازه خنكێنهرهكانه لهگهڵ تهنۆلكهى ههڵواسراوهكان و قورقوشم ، هەروەها بهردهوام زۆربوونى پرۆژه پیشهسازییهكان كه دهبنه هۆى بڵاوبوونهوهى دوكهڵ و تهپوتۆز و زیاد بوونى رێژهى بڵاوبوونهوهى گازه پیسكهرهكان. لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هێما بۆ ئەوە کراوە کە خراپی جۆری سووتهمهنى و زۆر بوونى پرۆژهكانى نشتهجێ بوون و زۆریی ژمارەی مۆلیدەی کارەبا و بهكارنههێنانى مهرجی ژینگهیی زانستی سهردهم لە چارهسهركردنى زبڵ و پاشماوه له زبڵخانهكان به گشتى كاریگهرىیان لهسهر پیسبوونی ژینگەی شارى ههولێر هەیە، سەرەڕای ئەوەی رێژەی سەوزایی لەئاستی گەورەبوون و فراونبوونى رووبهری شاردا نییە و پشتێنهى سهوزیش لەچواردەوری شارەکەدا نییە. *ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی "رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون"، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.
راپۆرتی: درەو 🔻 دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا لە سنوری پارێزگای هەولێر؛ 🔹 لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992) یەکێتی (184 هەزار و 352) دەنگی بەدەستهێنابوو. 🔹 لە ساڵی (2005) و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان (244 هەزار و 383) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی (1992) لە پارێزگای هەولێر ژمارەی دەنگەکانی بە ڕێژەی (33%) و (60 هەزار و 383) دەنگ زیادی کرد. 🔹 لە ساڵی (2010)ەو لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەی دەنگەکانی (124 هەزار و 632) دەنگ بوو، بەراورد بە ساڵی (2005) ڕێژەی (49%)ی دەنگەکانی کەمی کرد. 🔹 لە ساڵی (2014)ەو لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی لە هەولێر (168 هەزار و 688) دەنگ بوو بە ڕێژەی (35%) بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی (2010) دەنگەکانی زیادی کردبوو. 🔹 یەکێتی لە ساڵی (2018)ەو لە خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە سنوری پارێزگای هەولێر تەنها (79 هەزار و 745) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگانی ساڵی (2014) بە ڕێژەی (53%) دەنگەکانی کەمی کردبوو. 🔹 لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە ساڵی (2021) ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر تەنها (65 هەزار و 862) دەنگ بووەو بەراورد بە ساڵی (2018) جارێکی بە ڕێژەی (17%) و (13 هەزار و 883) ژمارەی دەنگەکانی کەمی کردووە. دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا لە سنوری پارێزگای هەولێر 1992 - 2021 لە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی (1992)ەوە (12) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچووە، کە (2) هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان و (5) هەڵبژاردنیان بۆ پەرلەمانی کوردستان و (5) هەڵبژاردنیش بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دراوە. لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشداری کردووە، لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە لەسەر ئەو هەڵبژاردنانەی کە ئەو پارتە بە لیستی سەربەخۆ بەشداری کردووە، لە سیستمی فرە بازنەییدا دەنگەکانی لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بەدیار کەوتوون، ئەوانیش؛ یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی کورستان کە لە (19/5/1992) بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (184 هەزار و 352) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە (30/1/2005) بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (244 هەزار و 383) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (60 هەزار و 31) دەنگی بە ڕێژەی (33%) زیاتربوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی ساڵی (1992) بەدەستی هێنابوو. سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010) بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (124 هەزار و 632) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (119 هەزار و 751) دەنگی بە ڕێژەی (49%) کەمتربوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی (2005) بەدەستی هێنابوو. چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (168 هەزار و 688) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (44 هەزار و 56) دەنگی بە ڕێژەی (35%) زیاتر بوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی (2010) بەدەستی هێنابوو. پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە (7/3/2010) بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (168 هەزار و 603) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (85) دەنگی بە ڕێژەی (0.1%) کەمتربوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران کە لەهەمان کاتدا بەڕێوەچوو بەدەستی هێنابوو. شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (12/5/2018) بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر تەنها (79 هەزار و 745) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (88 هەزار و 858) دەنگی بە ڕێژەی (53%) کەمتربوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی (2014) بەدەستی هێنابوو. حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر تەنها (65 هەزار و 862) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (13 هەزار و 883) دەنگی بە ڕێژەی (17%) کەمتر بوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی (2018) بەدەستی هێنابوو. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە خشتەو چارتی هاوپێچ. خشتەو چارت سەرچاوەکان • محەمەد رەئوف، هەڵبژاردن لە کوردستان 1992 – 2021، توێژینەوەیەکی شیکاری – بەراوردکارییە، چاپی سێیەم، 2023. • دامەزراوەی میدیایی درەو، کلیلی هەڵبژاردنەکان 1992 – 2021 پێگەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا، چاپی یەکەم 2023.
راپۆرتی: درەو 🔻 دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا لە سنوری پارێزگای سلێمانی؛ 🔹 لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992) (92 هەزار و 449) دەنگی بەدەستهێنابوو. 🔹 لە ساڵی (2005) و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان (91 هەزار و 578) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی (1992) لە پارێزگای سلێمانی ژمارەی دەنگەکانی بە ڕێژەی (1%) و (871) دەنگ کەمی کرد. 🔹 لە ساڵی (2010)ەو لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەی دەنگەکانی (82 هەزار و 121) دەنگ بوو، بەراورد بە ساڵی (2005) ڕێژەی (10%)ی دەنگەکانی کەمی کرد. 🔹 لە ساڵی (2014)ەو لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەی دەنگەکانی پارتی لە سلێمانی (93 هەزار و 410) دەنگی بەدەستهێناو بە نزیکەی ڕێژەی (14%) بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی (2010) دەنگەکانی زیادی کردبوو. 🔹 پارتی لە ساڵی (2018)ەو لە خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە سنوری پارێزگای سلێمانی تەنها (48 هەزار و 706) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگانی ساڵی (2014) بە ڕێژەی (44%) دەنگەکانی کەمی کردبوو. 🔹 لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە ساڵی (2021) ژمارەی دەنگەکانی پارتی لە پارێزگای سلێمانی (54 هەزار و 891) دەنگ بووە. دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا لە سنوری پارێزگای سلێمانی 1992 - 2021 لە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی (1992)ەوە (12) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچووە، کە (2) هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان و (5) هەڵبژاردنیان بۆ پەرلەمانی کوردستان و (5) هەڵبژاردنیش بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دراوە. لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری کردووە، لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە لەسەر ئەو هەڵبژاردنانەی کە ئەو پارتە بە لیستی سەربەخۆ بەشداری کردووە، لە سیستمی فرە بازنەییدا دەنگەکانی لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەدیار کەوتوون، ئەوانیش؛ یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی کورستان کە لە (19/5/1992) بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (92 هەزار و 449) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە (30/1/2005) بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (91 هەزار و 578) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (871) دەنگی بە ڕێژەی (1%) کەمتربوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی ساڵی (1992) بەدەستی هێنابوو. سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010) بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (82 هەزار و 121) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (9 هەزار و 457) دەنگی بە ڕێژەی (10%) کەمتربوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی (2005) بەدەستی هێنابوو. چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (93 هەزار و 410) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (11 هەزار و 289) دەنگی بە ڕێژەی (13%) زیاتر بوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی (2010) بەدەستی هێنابوو. پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە (7/3/2010) بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (86 هەزار و 655) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (6 هەزار و 755) دەنگی بە ڕێژەی (7%) کەمتربوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران کە لەهەمان کاتدا بەڕێوەچوو بەدەستی هێنابوو. شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (12/5/2018) بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی تەنها (48 هەزار و 706) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (37 هەزار و 949) دەنگی بە ڕێژەی (44%) کەمتربوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی (2014) بەدەستی هێنابوو. حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (54 هەزار و 891) دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا. ئەم ئەنجامەش (6 هەزار و 185) دەنگی بە ڕێژەی (13%) زیاتر بوو لەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی (2018) بەدەستی هێنابوو. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە خشتەو چارتی هاوپێچ. خشتەو چارت سەرچاوەکان • محەمەد رەئوف، هەڵبژاردن لە کوردستان 1992 – 2021، توێژینەوەیەکی شیکاری – بەراوردکارییە، چاپی سێیەم، 2023. • دامەزراوەی میدیایی درەو، کلیلی هەڵبژاردنەکان 1992 – 2021 پێگەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا، چاپی یەکەم 2023.
سلێمان مستەفا پێشبینی کورسی حزبەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ، حزبەکان چەند کورسی دێنن ، پرسیارێکە بەردەوام دەکرێت و دوبارە دەکرێتەوە، و لیکدانەوەی جیا جیای بۆ دەکرێت و ژمارەی جیاجیاش باس دەکرێن ،بێ گومان پرسیارەکەش لە شوێن خۆیەتی ،چونکە هاوڕاین کە هەڵبژاردنی خولی شەشەم پرۆسەیەکی گرنگ و هەستیارە ، چونکە لێرەدا ناکۆکی و بەریەکەوتنەکانی ناو گۆمەڵگا وحزبەکان خاڵی دەکرێنەوەبەتایبەتی لەبارودۆخێکی نەخوازراوی هەرێم ناوچەکەدا ، لێردا دادگای گەڵ دادبینی دەکات و بڕیار دەدات ، لێرەدا مافی دەنگدەرانە دەستە بەرو پیادە دەکرێت ، لێرەدا گالیسکەی دیموکراسی دەکەوێتە ڕێ ، دەرنجام بۆ پێدانی متمانەیە بۆماوەی چوار ساڵی حوکمڕانی بەناوی گەلەوە ، بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکان ، بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرسانەی بەلای زۆرینەوە گرنگن ، لێرەدا گەر دووبارە ئەو پرسیارە بکەین ؟ئایا دەکرێت پێشبینی پێگەو دەنگ و کورسی حزبەکان بکەین لەم هەڵبژاردنەدا ؟ ، وەڵامەکە ئاسایی و ئاسانە بەڵێ دەتوانین پێشبینی گریمانەیی ئەنجامەکان بکەین بەنزیکەیی بۆ پێگەو دەنگ و کورسی حزبە کان بۆ هەرهەڵبژاردنێک ، ئەمەش بەرمەبنای چەند بابەت وپرس و توێژینەوەو بەرچاو روونیەک دەکرێت لەوانە ، ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوو ، لەوانە دەرنجامەکانی ئەو ڕاپرسیانەی ئەنجامدەدرێن پێش هەڵبژاردن و لەماوەی کەمپینی هەڵبژاردن ،لەوانە دەرنجامی بارودۆخی گشتی پێش هەڵبژاردن ، لەوانە بەرنامەو پەیام و سلۆگان و کاندید و سەرکردایەتی کەمپینەکان ،لەوانە یاسای هەڵبژاردن و سیستەمی هەڵبژاردن وشێوازی دابەشکردنی بازنەو شێوازی لیست و شێوازی دابەشکردن و گۆرینی دەنگ بۆ کورسی ، ئەمانە هەمووی کەرستەی بەردەستن بۆ ڕاڤە و شیکاری و هەڵێنجانی ئەنجامی گریمانەیی ، ئینجا گەر بپرسین دەتوانین پێشبینی دەنک و کورسی بۆ ئەم خولە بکەین ؟ لەوەڵاما دەڵێم زۆر زەحمەتە ، چۆن زەحمەتە و لەبەرچی زەحمەتە : گەلینۆ براینۆ با بەخاڵ بیان ژمێرین بۆ زەحمەتە : یەکەم : لەهەڵبژاردنی پێشوو هەرێمی کوردستان یەک بازنە بوو ، لەم هەڵبژاردنە چوار بازنەیە . دووەم : لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠٢١ بە دووجۆر کارتی دەنگدان دەنگدەدرا ،کارتی کورت مەودا کە بایۆ مەتری نەبوو ، لەگەڵ کارتی بایۆمەتری درێژ مەودا ،تەنانەت لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هیچیان بەکار نەهێران ، بەڵام لەم هەڵبژاردنە تەنهاو تەنها دەنگدەری خاوەن کارتی بایۆ مەتری بۆی هەیە دەنگ بدات . سێیەم : ئامێری ناسینەوەی دەنگدەر لەم هەڵبژاردنە بەکاردەهێنرێت ، دەنگدەر ناتوانێت دووجار دەنگ بدات ، کەس ناتوانێت لەجیاتی یەکتر دەنگبدات ،، پێش راگەیاندنی ئەنجامەکان دەبێت پەنجەمۆری دەنگدەران هاوتا بکرێت بۆ دەست نیشانکردنی دەنگی دووبارە . چوارم : لە یەک کاتدا ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی ئەلکترۆنی و دەستی بۆدەنگەکان دەکرێت . پێنجەم : لەم هەڵبژاردنە [ ١١٩١] کاندیدی حزب و کاندیدی تاک بەشدارن لە هەرچوار بازنە ،لیستە سەرکیەکان ( یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ، پارتی دیموکراتی کوردستان ، نەوەی نوێ ، گۆران ، کۆمەڵی دادگەری ، یەکگرتوو ، بەرەی گەڵ ، بەرەی هەڵوێست ، هاوپەیمانی نیشتیمانی ، بۆ وردەکاری بروانە خشتەی ژمارە (١)ی خوارەوە . شەشەم : لەم هەڵبژاردنە تا ڕادەیەک کۆدەنگی لەسەر تۆماری دەنگدەران هەیە ،کە لەتۆمارەکانی پێشوو پاکترەو تۆمارەکەش تۆمارێکی دەنگدانی بایۆ مەتریە ، سەیری خشتەی ژمارە دوو بکەن بەراوردی سێ تۆمار لە ساڵی 2018 ،2021، و2024 بکەن گۆرانکاری زۆری تێدایە : خشتەی ژمارە (٢) ، هەروەها سەیری خشتەی ژمارە سێ بکەن سەرەرای داخلکردنی چەندین موالید لەساڵی ٢٠١٨ ەوە کە داکراونەتە سەر تۆماری دەنگدەران بەڵام [ ٣٨٣،٥١٨] دەنگ لە تۆماری گشتی کەمیکردوە وەک لەخشتەی دووم رونکراوەتەوە، بەڵام بەگشتی لەکۆی زیاد کردنی موالیدی نوێ ( ١٩٤،٧٦٠ ) دەنگدەر زیاد کراوە ، ئەمەش بەمانای پاکردنەوەی دێت لەو داتایانە داخلی داتای خۆراک کرابوون بە ئەنقەست یان بۆ وەرگرتنی بەشە خۆراکی زیاتر کەبەپێی یاسا داتاکەی کۆمپانیای خۆراک کرا بە بنەما بۆ تۆماری دەنگدەران، سەیری خشتەی (٣)ی خوارەوە بکە حەوتەم : بەگرنگی زۆرە لەم هەڵبژاردنە دەڕوانرێت لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە . هەشتەم: ژمارەی کورسیە گشتیەکان کەم کراونەتەوە بۆ ٩٥ کورسی و کورسی پێکهاتەکان بۆ ٥ کورسی . نۆیەم:نرخی کورسی (کۆلکەی هەڵبژاردن)ی هەر بازنەیەک جیاواز دەبێت لەگەڵ بازنەیەکی تر ، هەروەها کورسی کۆتاکان بە شێوازی زۆرینە دەبێت . دەیەم : کورسی ماوە بەشێوازی زۆرتین دەنگی ماوە دابەشدەکرێت بەسەر حیزبەکاندا لە پەیرەوکردنی شێوازی چوار بازنەی هەڵبژاردندا گۆرانکاریە لەم خولەدا. یازدەیەم : تا ڕادەیەک بەهانەی حزبەکان کەم کراونەتەوە و لانی کەمی هاودەنگی زۆرینە هەیە لەسەر رێککارەکان . دوازدەیەم : ناتوانین داتای هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان و دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەساڵی ٢٠٢١ وەک گریمانە وەبگرین چونکە دوو جۆر کارتی دەنگدان بەکارهێنرا ، کورت مەوداو کارتی درێژ مەودای بایۆمەتری ، لەم هەڵبژاردنە تەنها خاوەنی کارتی بایۆمەتری درێژ مەودا بۆی هەیە دەنگ بدات . سێزدەیەم: گەر حزبەکان تا رادەیەک دەنگدەری مسۆگەری خۆشیان بناسن ، بەڵام کاریگەری رێژەی بەشداری دەنگدەران و پەیرەوی شێوازی فرە بازنەیی وئەو گورانکاریانەی ئاماژەمان پێدان ، پرسیای جدین لەبەردەم پێشبینی بۆ ئەم خولە چواردەیەم : تا ئێستا دامەزراوەیەکی سەربەخۆ ئەنجامی هیچ ڕاپرسێکی بڵاو نەکردۆتەوە جێگای متمانە بێت و سەربەخۆ بێت ، تیادا رێژەی بەشداری و دەنگی لایەنەکان دەربخات ، یان داواکاریە لەپێشینەکانی دەنگدەران بەدەر بخات ،بۆیە کارێکی ئاسان نییە پێشبینی بۆ ئەنجامە گریمانییەکان بکەین ، هەر گریمانیەک لەسەر بنەمای دوا ئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەران بکەین لە شوێن خۆیدا نییە ، دەکرێت ئەنجامەکانی هەلبژاردنی ٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەراوردی یەک بازنەو فرە بازنە وەربگیرێت وەک بەراوردێک بەڵام بۆ ئەنجامی گریمانی دەنگ و کورسی لەشوێن خۆیدا نیە ،بۆیە دەبێت چاوەرێبین بۆکاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی سەرتایی هەڵبژاردنەکان بەشێوازی ( ئەژمارکردن وجیاکردنەوەی ئەلکترۆنی ) لە لایەن کۆمیسیۆنەوە بەفەرمی ،کە بەپێی یاسا دەبێت لەماوەی لەماوەی ٢٤ کاژمێر رابگەێنرێن ، گەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن گرنگ بێت لە هەڵبژاردن گرنگتر پەسەند کردنی ئەنجامەکانە ، لەوەش گرنگتر بەرهەمی هەڵبژاردن و بردنەوە ، براوە میللەت بێت سلیمان مستەفا حەسەن
راپۆرتی: درەو 🔹 لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (140 هەزار و 47) کەس بەڕێژەی (12.6%) بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردووە. 🔹 لە خولی دووەم و نێوان ساڵی 1992 بۆ 2005 ڕێژەی بایکۆت گەیشتووە بە (23.4%) و (536 هەزار و 817) كەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان نەکردوە. 🔹 بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان لە خولی سێیەم (122 هەزار و 277) کەس بەڕێژەی (7%) بەشداری لە دەنگدان زیادی کردووە و ژمارەکە گەیشتووە (ملیۆنێک و 876 هەزار و 196) کەس، بەڵام ڕێژەی بایکۆت گەیشتووە بە (25.5%) و (642 هەزار و 577) کەس بەشداری هەڵبژارنەکەیان نەکردووە. 🔹 لە خولی چوارەمدا (675 هەزار و 631) كەس دەنگدانیان نەداوە بە ڕێژەی (25.4%). 🔹 لە خولی پێنجەمدا بەرزترین ڕێژەی بایکۆت تۆمارکراوەو (ملیۆنێک و 239 هەزار و 482) كەس بە ڕێژەی (40.2%) دەنگیان نەداوە. هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان سی و دوو ساڵی بەر لە ئێستا لە ڕۆژی (19/5/1992) یەکەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو، لەم هەڵبژاردنەدا كوردستان بەسەر چوار ناوچەی هەڵبژاردندا دابەشکرا، هەوەک لە ماددەی (9) یاسای ئەنجومەنی نییشتمانیدا هاتبوو، کوردستان بەسەر (176) بنکەی هەڵبژاردندا دابەشکرا بە جۆرێک؛ دهۆک (42) بنکەو ژمارەی دەنگدەری چاوەڕوانکراو (178 هەزار)، هەولێر (62) بنکە و ژمارەی دەنگدەری چاوەڕاونکراو (340 هەزار)، کەرکوک (16) بنکەو ژمارەی دەنگدەری چاوەڕوانکراو (144 هەزار) و سلێمانی (56) بنکەو ژمارەی دەنگدەری چاوەڕاونکراو (450 هەزار)، كۆی گشتیی ژمارەی دەنگی چاوەڕوانكراو (ملیۆنێک و 112 هەزار) بووە. لەو هەڵبژاردنەدا (971 هەزار و 953) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (87.4%)، تەنها (140 هەزار و 47) کەس بەڕێژەی (12.6%) بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردووە. هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە 9/4/2003 و دروستبوونی ئەنجومەنی حوكمی عێراق، حیزب و لایەنەكانی كوردستان چوونە بەغداد و لە كۆی پرۆسەی سیاسی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەشداربوون، لە رۆژی 30 كانونی دووەمی 2005 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەچوو، بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان سێ هەڵبژاردن بوو، چونكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشی لەگەڵدابوو. هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان، كە دوای 13 ساڵ لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو، ئەویش بەپێی یاسای ژمارە (47) ی رۆژی 21/11/2004 ی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان، كە هەمواركراوی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستانی عێراقە. بەپێی ماددەی (4) یاسا هەمواركراوەكە، هاتووە (هەرێمی كوردستانی عێراق بەیەك ناوچەی هەڵبژاردن لەقەلەم دەدرێت) كە لە یاسای ژمارە (1)دا كوردستان كرابوو بە (4) ناوچەی هەڵبژاردن ئەوانیش (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك). لە هەڵبژاردنی 30ی كانونی دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا (13) پارتی سیاسی بەشداریان تێداكرد، بە سیستمی (نوێنەرایەتی رێژەیی) بەڕێوەچوو، تیایدا (2 ملیۆن و 290 هەزار و 736) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی یەكەم، كە لە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو (ملیۆنێک و 112) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، واتا لە نێوان ساڵی 1992 بۆ 2005 (ملیۆنێک و 178 هەزار و 736) كەس زیادیكردووە، واتا بە رێژەی (106%) ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە زیادیكردووە. لە خولی دووەم و نێوان ساڵی 1992 بۆ 2005 ژمارەی بەشداری گەیشتووە بە (ملیۆنێک و 753 هەزار و 919) كەس کە بە رێژەی (80%) و (781 هەزار و 966) کەس لە ژمارەی بەشداری دەنگدان زیادیكردووە. بەڵام ڕێژەی بایکۆت گەیشتووە بە (23.4%) و (536 هەزار و 817) كەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان نەکردوە. هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخ و كەشوهەوایەكی گونجاودابوو، بەتایبەتیش بۆ دەرخستنی سەنگی راستەقینەی هێز و لایەنەكانی كوردستان، بەو پێوەدانگەی كەشی ئەمنیی و دۆخی ئابووریی و سیاسیی و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان لە باربوو بۆ هەڵبژاردن، لە 25/7/2009دا لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمیش ئەنجامدرا، هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان بەپێی یاسای هەمواری پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان کە تێیدا هەڵبژاردن بە یەک بازنەیی بەڕێوەچوو. لەم هەڵبژاردنەدا (2 ملیۆن و 518 هەزار و 773) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان (228 هەزار و 37) کەس بەڕێژەی (10%) ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو زیادی کردووە. هاوکات ژمارەی بەشدای گەیشتووە بە (ملیۆنێک و 876 هەزار و 196) کەس، لەسەر ئەو بنەمایە ژمارەی بەشداری کردن لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە خولی پێش خۆی (122 هەزار و 277) کەس بە ڕێژەی (7%) زیادی کردووە. بەڵام ڕێژەی بایکۆت گەیشتووە بە (25.5%) و (642 هەزار و 577) کەس بەشداری هەڵبژارنەکەیان نەکردووە. هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان پرۆسەی هەڵبژاردنی 21/9/2013 وەک خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردسیان لەدوای ساڵی 1992 و خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، یەكەم خول بوو كە تەواوی هێزە سیاسیەكان هەریەكە و بە لیستی سەربەخۆ و جیا بەشداری هەڵبژاردنیانكرد، ئەمەش روونتر پێگەو سەنگی هێزەكان دەردەكەون، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 21/9/2013 بە یەک بازنەیی بەرێوەچوو، تیایدا (31) لیست بەشداریان لە پرۆسەكەدا كردوو سەرەنجام (17) لیست توانیان سەركەوتن بەدەستبهێنن. لەو هەڵبژاردنەدا، كە (2 ملیۆن و 653 هەزار و 743) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەم پێیەش بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی سێیەم (134 هەزار و 970) کەس بە ڕێژەی (5%) ژمارەی ئەوانەی مافی بەشداریکردنیان هەبوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیادی کردبوو. هاوکات بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی سێیەم (102 هەزار و 186) کەس بە ڕێژەی (5%) ژماری بە زیادی کردبوو، چونکە (ملیۆنێک و 978 هەزار و 382) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردبوو. لە خولی چوارەمدا (675 هەزار و 631) كەس دەنگدانیان نەداوە بە ڕێژەی (25.4%). هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە 30/9/2018 بەرێوەچوو، تیایدا (29) لیست بەشداریان لە پرۆسەكەدا كردوو سەرەنجام (16) لیست توانیان سەركەوتن بەدەستبهێنن. لەو هەڵبژاردنەدا، بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 85 هەزار و 461) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەم پێیەش بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەم (431 هەزار و 718) کەس بە ڕێژەی (16%) ژمارەی ئەوانەی مافی بەشداری کردنیان هەبوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیادی کردبوو. هاوکات لەم هەڵبژاردنەدا (ملیۆنێک و 845 هەزار و 979) کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا کردبوو، بەم پێیەش بەراود بە خولی چوارەم ژمارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن (132 هەزار و 403) کەس بە ڕێژەی (7%) کەمی کردووە. لە خولی پێنجەمدا بەرزترین ڕێژەی بایکۆت تۆمارکراوەو (ملیۆنێک و 239 هەزار و 482) كەس بە ڕێژەی (40.2%) دەنگیان نەداوە. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە ڕۆژی 20/10/2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 318) وێستگە. پارێزگای هەولێر (498) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت ژمارەی وێستگەکانیش (2 هەزار و 213) وێستگەی دەنگدان دەبێت. پارێزگای سلێمانی (477) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت، (2 هەزار و 373) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای سلێمانی دەبێت. پارێزگای دهۆک (264) بنکەی هەڵبژاردن و (هەزار و 596) وێستگەی دەنگدانی تێدا دەبێت. پارێزگای هەڵەبجە (27) بنکەی هەڵبژاردن و (136) وێستگەی دەنگدانی دەبێت. ئەگەر چی لە هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 789 هەزار و 360) کەس تەمەنیان گەیشتووە بە سەر و (18) ساڵ، بەڵام بە گوێرەی دواین ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 899 هەزار و 578) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیەو کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە بەشێوەیەک (2 ملیۆن و 683 هەزار و 618) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (215 هەزار و 960) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. هەر بۆیە دەبینین ژمارەی ئەوانی مافی دەنگدانیان هەیە بەراورد بە خولی پێنجەم (185 هەزار و 883) کەس بە ڕێژەی (6%) کەمی کردووە. کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر کە کاتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە بریتییە لە (ملیۆنێک 22 هەزار و 906) دەنگدەر، بەشێوەیەک (933 هەزار و 115) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (89 هەزار و 791) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە (ملیۆنێک 87 هەزار و 73) دەنگدەر، بەشێوەیەک (ملیۆنێک و 8 هەزار و 412) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (78 هەزار و 661) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بریتییە لە (729 هەزار و 347) دەنگدەر، بەشێوەیەک (682 هەزار و 791) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (46 هەزار و 556) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە (60 هەزار و 252) دەنگدەر، بەشێوەیەک (59 هەزار و 300) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (952) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. بۆ بەرچاو ڕوونی بڕوانە خشتە و گرافیکی هاوپێچ خشتەو گرافیک سەرچاوەکان • محەمەد رەئوف، هەڵبژاردن لە کوردستان 1992 – 2021، توێژینەوەیەکی شیکاری – بەراوردکارییە، چاپی سێیەم، 2023. • دامەزراوەی میدیایی درەو، کلیلی هەڵبژاردنەکان 1992 – 2021 پێگەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا، چاپی یەکەم 2023.
نووسینی: سان ساراڤان - (میدیکاری ژینگەیی و پاتاکان) پالاوگە نەوتییەکانی هەرێم هۆکاری سەرەکیین بۆ تێکچوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی رێژەیەکی بێشومار لە نەخۆشی، بەڵای پالاوگەنەوتییەکانی هەرێم وەک سێبەر دوای هاولاتی ناوچەکە کەوتوون و دەرهاویشتەکانی بوونەتە کابوس، سات بەدوای سات لە هەر چوار قۆناغی دەرهێنان و بە پیشەسازیکردن و بەکارهێنان و پاشماوەکەشی سەرچاوەی کارەساتن. دەرئەنجامی ئەم قۆناغانە پیسبوونی ژینگەی ناوچەکەو بڵاوبوونەوەی هەزارەها نەخۆشی دێژخایەن و کوورت خایانی بەرهەم هێناوە. ئەستەمە خەڵک لەم مەترسییانە بە ئاگا بێتەوە تا لە دەرئەنجامە ژینگەیی و تەندروستییەکانی ئەم پالاوگانە تێنەگات. هۆشیاری تاک لە پیسبوونی ژینگەو تەشەنەکردنی نەخۆشییەکان و هەڵوێست وەرگرتن لە بوونی ئەم پالاوگانە و مەرجی ژینگەیەکان تاکە چارەسەرە بۆ ئەوەی ئەم کارەساتانە بوەستێنرێت و بنبڕ بکرێن. پاڵاوگەی نەوتی پیشەسازییەکی گرنگ و سەرچاوەی ئابووری سەرەکییە لە دونیای دوای شوڕشی پیشەسازی، ئەرکی سەرەکی پالاوگەکان بریتیە لە پرۆسەی گۆڕینی نەوتی خاو بۆ وەرگرتنی هەموو پێکهاتەکانی تری وهک سوتەمەنی سووک، گازۆلین، بەنزین، ئەسفلت (قیر)، کیرۆسین ، گازی شل ، سوتەمەنی سووک و قورس. لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ١٩٠ پاڵاوگەی نەوتی هەن (٣٠ پاڵاوگای نەوتی دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆکەوە، لە هەولێردا نزیکەی ١٣٨ پاڵاوگە و لە سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان ٢٦ پاڵاوگە هەیە)بە قەبارەی گەورە و بچوک کە بەشی زۆریان کەوتونەتە پارێزگای هەولێرەوە، لە رووی پێگەی جوگرافییەوە ئەم پالاوگانە یا لەناو جەرگەی شارۆچکەکانن یا تەنها ٦ بۆ ٣٠ کم دوورن لە شارە گەورەکانەوە یان لەناوجەرگری شارۆچکەکانن. مەودای دوورو نزیکی ئەم پالاوگانە ڕاستەوخۆ کاریگەریی تەندروستی دەکاتە سەر دانیشتوانی ناوچە لە هەموو قۆناغەکانیدا و بەتایبەتیش لە کاتی پیشەسازییەکەیدا، چونکە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەگاتە جەستەی هاولاتی ناوچەکە و ژینگەکەشی بە ئاو و هەوا و خاک وسەوزایی و زیندەوەرانیشەوە. ئەگەر چی چەند بڕگەیەکی یاسایی پاراستنی ژینگەیی لە عێراق و هەرێم سەبارەت بە پاراستنی ژینگەو تەندروستی و کەمکردنەوەی کاریگەری پاڵاوگەکانی سووتەنەمەنی بەردیین بە تۆکمەیی داڕێژراون لە ساڵی ٢٠٠٩دا،سەرەکیترین بڕگەکان: - پاراستنی ژینگە لە پیسبوون کە لە ئەنجامی گەڕان و دەرهێنانی سامانی نەوت و گازی سروشتیەکان - کەمکردنەوەی پیسبوون کە لە ئەنجامی سووتەمەنی بەردینی و بەتایبەتی کەمکردنەوەی پیسبوونی نەوت - پلانەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندنی کێڵگە نەوتییەکان و ڕژانی نەوت - چاودێریکردن و چارەسەرکردنی پاشماوە مەترسیدارەکان. - پەیوەستبوون بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان - دانانی بڕگەکانی سزا بۆ سەرپێچیکاران - بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دۆستی ژینگە، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە ژینگەییەکان. بەلام هیچ کامێک لەم بڕگانە نەهاتوونەتە جێبەجکردن و بە بەردەوامی ئەم یاسایانە پێشێل دەکرێت لەلایەن حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمەوە. بوونی ئەم پاڵاوگانە کاریگەریی گەورەی هەیە بۆ سەر ژینگە • هۆکاری گەورەن بۆ پیسبوونی هەوا چونکە پاڵاوگەکانی نەوت بڕێکی زۆر لە پیسکەرەکانی هەوا وەک دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و ئۆکسیدی نایترۆجین و گەردیلە دەردەدەن دەبنە هۆی دروستبوونی گازی گەرمەخانەییەکان لە چینی هەوادا. • هۆکارێکی گەورەن بۆ پیسبوونی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، لە رێگەی ڕژانی ماددە کیمیاییە ژەهراویەکانی کە بەئاسانی دەتوانن سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە پیس بکەن و زیان بە ژیانی ئاویی بگەیەنێت. • هۆکاری ژاوەژاو و پیسبوونی دەنگین • هۆکاری بڵاوکردنەوەی بۆنن • هۆکاری پیسبوون و تکچوونی سیستمی خاکن، لە ڕێگەی ڕژان و دزەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان خاک بە ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکان پیس دەکات، ئەمەش زیان بە مرۆڤ و ڕووەک و ئاژەڵ و بایۆداڤێرستی (فرەجۆری) ئەندامی و نائەندامی دەگەیەنێت کە بەرکەوتنیان لەگەڵ خاکە پیسبووەکەدا هەیە. • لە دەرئەنجامی کارەساتی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوەکاندا پاڵاوگەکانی نەوت بڕێکی زۆر لە مادەی سووتێنەر لەخۆدەگرن، کە مەترسی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوە دروست دەکات مەترسییە تەندروستییەکان لەسەرئەو کەسانەی کە لە نزیک لە پاڵاوگە نەوتییەکان گوزەران دەکەن گەر هەڵوێستەیەک بکرێت و سەرنجی تەواو و بەرفراوان بخرێتە سەر لێکەوتە تەندروستییەکان ئەوای کاریگەر گەورە دەکاتە سەر تەندروستی مرۆڤ و زیندەوەران. لێکۆڵەرەوان لەپالاوگەیەکی نەوتی بۆمۆنت- ئەمەریکا بۆ ماوەی ١٣ ساڵ بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێری رەوشی تەندروستی و ژینەگەیی ئەو ناوچەیە دەکەن کە پاڵاوگە نەوتییەکەی تێدایە، لە ئەنجامی ئەم چاودێرییەدا بۆ لێکۆڵەوەران دەردەکەوێت کە ئەم پاڵاوگەیە زیاتر لە لە ١٣٥ مادەی کیمیایی لێوە دەردەچێت و کە زۆربەیان ژەهراوی کارسێنۆجنیکن (هۆکارن بۆ شێرپەنجە). لە ئەنجامی بەدواداچوندا لێکۆڵەرەوان بۆیان دەرکەوتووە کە زۆرینەی ئەو نەخۆشییانەی کە دەستنیشانکراون لەناوچەکەدا بریتییە لەبەرزبوونەوەی شێرپەنجەی میزڵدان، پرۆستات، مەمک، سییەکان، قۆڵۆن، هەروەها هاولاتیانی توشی لیمفۆما بوون. لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە ئەگەر ئەم پالاوگانە بە مەودای سفر – ١٦ کم لەناوچەی نیشتەجبوندا بن ئەوا هاولاتیان و کارمەندان زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی درێژخایان و نەخۆشی سیستەمی وشێرپەنجە زیاترە لە و هاولاتیانەی کە لە دووری ٣٣-٥٣ کم لە پاڵاوگەی نەوتەوە دوورن. ژیان لە نزیک پاڵاوگەی نەوتییەکان دەتوانێت چەندین مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤدروست بکات، هەندێک لە مەترسییەکان بریتین لە: پیسکردن و ژەهراویکردنی هەوا ئەم پاڵاوگانە هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی بڕێکی زۆر لە پیسکەرەکانی هەوا وەک دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و ئۆکسیدی نایترۆجین و تەنۆلکەی تر. هەبوونی ئەم پیسکەرانە دەبنە هۆی کێشەی هەناسەدان لەوانەش نەخۆشی تەنگەنەفەسی و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجەی سییەکان زیاد دەکات هەروەها هۆکارن بۆ دابەزینی بەرگری لەش و ئەگەری تووشبوونت بە ڤایرۆس زیاد دەکات. نموونەی هەندێک لەو توخمە مەترسیدارانە: دووەم ئۆکسیدی گۆگرد (SO2) دەبێتە هۆی خورانی چاو و سووتانی پێست هەروەها دەبێتە هۆکاری خوران و سووتانەوەی لووت و قوڕگ و سییەکان لەگەڵ خیزەخیزکردن، هەناسە تەنگی، تێکچوونی سییەکان. ئۆکسیدی نایترۆجین کاریگەرییە لاوەکییە باوەکانی بەکارهێنانی بڕێکی کەم بریتین لە سەرگێژخواردن، سەرسوڕان، لەدەستدانی ئاراستە، سەرئێشە و هەستکردن بە سڕی و بەمێرولە کردن و هەروەها سکچوون ولە هۆشخۆچوون و هەروەها ڕەنگە لەدەستدانی کاتی هەماهەنگی و هاوسەنگی ئەندامەکانی لەش ڕووبدات. ئۆکسیدی نایترۆجین (NO2) بەرکەوتنی بەردەوامی ئۆکسیدی نایترۆجین یان بەرکەوتنی درێژخایەن ئەگەری هەیە بێتەهۆکاری:لەبیرچوونەوە، کەمبوونەوەی ڤیتامین B12 کە بەسێوەیەکی درێژخایان دەبێتە هۆی تێکچوونی مێشک و دەمارەکان و زرنگانەوە لە گوێچکەکاندا، سڕبوون لە دەست و پێیەکان، گرژبوونی ئەندامەکانی جەستە، ئەگەری کەموکوڕی لەدایکبوون (ئەگەر لە کاتی دووگیانیدا بەرکەوتن هەبێت)، لاوازی سیستەمی بەرگری لەش، تێکچوون لە سیستەمی زاوزێدا، خەمۆکی، وابەستەیی دەروونی. پیسکردن و ژەهراویکردنی ئاو ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان لە ئەنجامی بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاوی ژێر زەوی و ڕێڕەوی ئاوییەکانی سەر زەوی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی پیس دەکەن و لە ڕێگەی سوڕەکانەوە دەگەنەوە جەستەی مرۆڤ و زیندەورەران، هەندێک لەو مادانەی کە کاریگەرییان دەبێت و وەک ژەهر بەر زیندەورەران دەبێتەوە لەوانە: کلۆرایدەکان: کلۆریدەکان ئایۆنی بارگاوی نەرێنییان هەیە. کلۆریدەکان کە لە خوێیەکانی بنەمای کلۆریدەوە سەرچاوە دەگرن، وەک کلۆرایدی سۆدیۆم - NaCl → Na+ CI بڕی پویست لە کلۆرایدەکان یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی بڕی شلە و جۆرەکانی ماددە خۆراکیەکان کە دەچنە ژوورەوە و دەرەوەی خانەکان. هەروەها ئاستی pH (پۆتنشەڵ هایدرۆجین ٧،٣٥ – ٧،٤٥)ی دروست دەپارێزێت، ترشی گەدە هان دەدات بۆ هەرسکردن، هاندانی کارکردنی خانەکانی دەمار و ماسولکە، هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ ڕۆیشتنی ئۆکسجین و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەناو خانەکاندا زیادبوونی کلۆرید لە جەستەتدا دەکرێت زۆر مەترسیدار بێت کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ترشەکان، بەرزتر لە ئاسایی، لە خوێندا. ئەگەر بەپەلە چارەسەر نەکرێت، ئەوا دەبێتە هۆی: کێشە لە گورچیلە و دروستبوونی بەردی گورچیلە. سولفاتەکان: لە فیزیۆلۆژیای شیردەرەکاندا سولفاتەکان بەشدارن لە پرۆسەکاندا ، بە تایبەت لە کاتی گەشەکردندا. سولفۆترانسفێراسەکان ناوبژیوانی سولفۆنکۆنجۆگەیشن (سولفۆنکردن)ی زۆرێک لە پێکهاتەکانن، لەوانە ستیرۆیدەکان، گلایکۆسامینۆگلایکانەکان، پرۆتینەکان، گواستەرە دەمارییەکان و زینۆبایۆتیکەکان، کە چالاکییە بایۆلۆژییەکانیان دەگۆڕن.ولفات پێویستە بۆ گەشەکردنی دروستی خانەکان و گەشەکردنی زیندەوەران. بەشدارە لە چەندین پرۆسەی بایۆلۆژی گرنگدا، لەوانە بایۆسێنتێز و پاککردنەوەی ژەهراویکردن لە ڕێگەی سولفاتکردنی زۆرێک لە پێکهاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان سۆدیۆم لۆریل سەلفات و SLES دەبێتە هۆی خورانی چاو و پێست و سییەکان بەتایبەتی کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر بەرکەوتەی هەبێت. هەروەها دەشێت سۆدیۆم لۆریل سەلفات ماددەیەکی ژەهراوی بێت کە پێی دەوترێت 1,4-dioxane کە ناسراوە بۆ هۆکاریی شێرپەنجە ماددە ڕەقە تواوەکان TDS: ئەو ئاوەی دەیخۆینەوە کاتیۆنی وەک پۆتاسیۆم و سۆدیۆم و کالیسیۆم و مەگنیسیۆم لەگەڵ ئەنیونەکانی وەک کلۆرید و فلۆراید وکاربۆنات و بیکاربۆنات لەخۆدەگرێت. TDS بریتییە لە بڕی ماددە ڕەقە تواوەکان لە ئاوەکەدا. بە شیکاری کێشپێوان دەپێورێت، وردتر و لە ڕێگەی بە هەڵمکردنی ئاوەکە و کێشانی ئەو ماددە ڕەقانەی کە بەجێماوە، و توێژینەوەکان ئەنجام دەدرێت. ئاستی سەلامەتی TDS لەخوارنەوەدا بۆ مرۆڤ کەمێک دەگۆڕێت بەپێی سیاسەتە تەندروستییەکانی وڵاتە جیاوازەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هێڵکارییەی خوارەوەدا بە نزیکی دانراوە: ئاستی بەرزی TDS دەبێتە هۆی کێشەی گەدە و ڕیخۆڵە، وەک ئازاری گەدە و سکچوون و لە حاڵەتە توندەکاندا دەبێتە هۆی نەخۆشی گورچیلە و نەخۆشی جگەر و خراپبوونی ددان و تەنانەت مردنیش. سیلینیۆم: سیلینیۆم کانزایەک کە لە خاکدا هەیە. بە شێوەیەکی سروشتی لە ئاو و هەندێک خۆراکدا دەردەکەوێت. لە کاتێکدا مرۆڤەکان تەنها پێویستیان بە بڕێکی زۆر کەم هەیە، کاری گرنگی سیلینیۆم ڕۆڵە سەرەکییەکەیەتی لە میتابۆلیزمیاندا هەروەها دژە ئۆکسێنەرەکان خانەکان دەپارێزن لە زیانەکانی وەک پیربوون و تێکچوونەی خانەکان – کە پێی دەوترێت فشاری ئۆکسجینی – پەیوەستە بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و دابەزینی توانا دەروونییەکان. سیلینیۆم پشتگیری زۆرێک لە کارەکانی جەستەت دەکات، لەوانە: تەندروستی غودەی دەرەقی: تایرۆیدەکەت ڕژێنێکی بچووکە کە هۆرمۆن بەرهەم دەهێنێت بۆ ڕێکخستنی پرۆسەکانی گۆڕانکاری لەش. ئەگەر غودەی دەرەقی کەم چالاک بێت، لەوانەیەببێتە هۆکاری ماندوێتی و زیادبوونی کێش و خەمۆکی و ئازاری ماسولکەکانت. بە تێپەڕبوونی کات مەترسییەکانی غودەی دەرەقی دەتوانێت نەخۆشییە درێژخایەنەکان خراپتر بکات. هاوکارە لەتوانای درک و مەعریفەدا: توێژینەوەکان دەریدەخەن تایبەتمەندی دژە ئۆکسێنەری سیلینیۆم بەرەنگاریی تێکچوونی خانەکان دەبێتەوە کە ڕەنگە نەخۆشییەکانی مێشک و کۆئەندامی دەمار وەک پارکینسۆن و ئەلزەهایمەر و سکەلەرۆسیس(MS) خراپتر بکات. باوترین نیشانە کلینیکیەکانی بەرکەوتنی درێژخایەنی زۆری سیلینیۆم، یان سیلینۆس، بریتین لە هەڵوەرینی قژ و شکان یان لەدەستدانی نینۆک. نیشانە و نیشانەکانی تر بریتین لە پەڵەی پێست، سکچوون، سکچوون، ماندوێتی، توڕەبوون و نائاسایی کۆئەندامی دەمار. نایترۆجین: نایترۆجین پێویستیەکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ڕووەک و ئاژەڵەکان بژین و پایەیەکی گرنگە لە بنیاتنانی ژیان و لە %٨٠ی کەش و هەوامان دروست دەکات و بەشێکی گەورەی بەرگەهەوای زەوی پێکدەهێنێت. نایترۆجین بەکاردێت بۆ دروستکردنی ترشە ئەمینیەکان لە جەستەماندا کە لە بەرامبەردا پرۆتین دروست دەکەن. هەروەها پێویستە بۆ دروستکردنی ترشی ناوکی کە DNA و RNA پێکدەهێنن. مرۆڤ یان جۆرەکانی تر لەسەر زەوی پێویستیان بە نایترۆجین هەیە لە فۆرمێکی کارلێککەری ‘جێگیر’دا. پرۆسەیەی گۆڕانکاری لە جەستەماندا بەندە بە ئەنزیمەکانەوە کە جۆرەها پرۆتینی تێدایە. DNA ی ترشی ناوکی جینەکانت پێکدەهێنێت و RNA بەشدارە لە دروستکردنی پڕۆتین کە پێویستی بە نایترۆجین هەیە بۆی. هەموومان دەزانین کە بەبێ DNA لە ژیاندا نەدەبووین. هەروەها بۆ هەرسکردنی خۆراک و گەشەکردنی دروست جەستەی مرۆڤ پێویستی بە نایترۆجین هەیە. لە گەشەکردنی کۆرپەی مرۆڤدا گرنگییەکی ئەوتۆی هەیە. نایترۆجین یارمەتیدەرە لە دروستکردنی پرۆتین و ترشە ئەمینییەکان کە کاریگەرییان لەسەر گەشەکردن و هۆرمۆنەکان و کارەکانی مێشک و سیستەمی بەرگری لەش هەیە. ئەگەر چی مرۆڤ ناتوانێت لە ڕێگەی هەناسەدانەوە نایترۆجین بەکاربهێنێت، بەڵام دەتوانێت لە ڕێگەی خواردنی ئەو ڕووەک یان ئاژەڵانەی کە ڕووەکی دەوڵەمەند بە نایترۆجینیان خواردووە، هەڵیبمژێت. ئەو هەوایەی هەناسەی دەدەین لە دەوروبەری لە %٧٨ نایترۆجینە، بۆیە لەگەڵ هەموو هەناسەهەڵمژینێکدا نایترۆجین دەچێتە ناو جەستەمانەوە. زۆری ئاستی نایترۆجین دەبێتە هۆی بەرزی یوریمیا بە مەترسی لەسەر ژیان دادەنرێت چونکە بوونی نایترۆجینی زیادە لە خوێندا ژەهراویبوونی جەستە دروستدەکات. نیشانەکانی بەرزی یوریمیا بریتین لە سەرلێشێواوی، لە هۆشخووچوون، کەمبوونەوەی میز، وشکبوونەوەی دەم، ماندوێتی، لاوازی، زەردهەڵگەرانن ، کێشەی خوێنبەربوون، خێرا لێدانی دڵ (تاکیکاردیا)، ئاوسان و تینوێتی زۆر. ژەهراویبوون بە ماددە کیمیاییە ژەهراویەکانی تر لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ و نزیکی گوزەرانکردن لە پاڵاوگەکانەوە ڕەنگە ئەو کەسانەی کە لە پاڵاوگەی نەوتییەکان کار دەکەن ئەو مەترسییانە بزانن، ئەمە ئەگەر بەڕاستی پاڵاوگەکان ڕێکاری سەلامەتی بەکار بهێنن، بەڵام گومانم هەیە کە ئەو کەس و کۆمەلگایانەی کە لە نزیک پاڵاوگەکانی هەرێنەوە دەژین ئەم مەترسییانە بزانن و هۆشیاری تەواو هەبێت. لێرەدا دەمەوێت هەندێک لەو لێکەوتانەی بخەمە ڕوو کە بەهۆی بەرهەمە نەوتییەکانەوە دەبنە ترسناکترن هۆکار بۆ تەندروستی هاولاتیان. پاڵاوگەکانی نەوت دەتوانن کۆمەڵێک مادەی کیمیایی ژەهراوی وەک بەرهەمی لاوەکی پرۆسە جیاوازەکانیان بەرهەم بهێنن. هەندێک لە باوترین ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان کە لە پاڵاوگەکانی نەوت بەرهەم دەهێنرێن بریتین لە: بەنزین بەنزین ماددەیەکی کیمیایی زۆر ژەهراوی و سووتێنەر و شێرپەنجەیی دروستکەرە و لە بەرهەمهێنانی پلاستیک و کەرەستەی تردا بەکاردێت. بەنزین لە کاتی پاڵاوتنی نەوتی خاودا بەرهەم دێت و لە قۆناغە جیاوازەکانی پڕۆسەی پاڵاوتندا دەخرێتە ناو ژینگەوە. زایلین مادەیەکی وروژێنەرە کە دەستبەجێ دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی. نیشانەکانی بەرکەوتنی گشتی بریتین لە خورانی چاو و لووت و قوڕگ و پێست. بەرکەوتنی درێژخایەن دەتوانێت ببێتە هۆی:سەرئێشە ،شێوان،لەدەستدانی هەماهەنگی ماسولکەکان،مەرگ تۆلیوین تۆلیوین مادەیەکی ووزە بەردیننەکانە کە لە بەرهەمهێنانی بۆیاخ و ڕوپۆش و ماددە کیمیاییەکانی تردا بەکاردێت. هەروەها تۆلیوین ماددەیەکی کیمیایی زۆر ژەهراوی و سووتێنەرە کە دەتوانرێت لە کاتی پاڵاوتنی نەوتی خاودا بەرهەم بهێنرێت. زایلین مادەیەکە توانای توانەوەی مادەیەکی تری هەیە کە لە بەرهەمهێنانی مادەی کیمیایی و مادەی جۆراوجۆردا بەکاردێت. زایلین مادەیەکی ژەهراویی ڕووتە و لە کاتی پرۆسەی پاڵاوتندا دەربدرێت بۆ ناو ژینگە. فۆرماڵدەهاید فۆرماڵدەهید مادەیەکی کیمیایی زۆر ژەهراوی و شێرپەنجەییە کە لە بەرهەمهێنانی پلاستیک و ڕزین و مادەی تردا بەکاردێت. لە کاتی پاڵاوتنی نەوتی خاودا دەتوانرێت فۆرماڵدەهاید بەرهەم بهێنرێت و لە قۆناغە جیاوازەکانی پرۆسەی پاڵاوتندا دەخرێتە ناو ژینگەوە. تاڕادەیەک بە ڕێژەیەکی کەم نابێتە هۆی نەخۆشییەکی سەخت. Lead ڕەساس ڕەساس لە پاڵاوگەکانی نەوتدا لە کاتی پرۆسەی دروستکردنی مادەی کیمیایی نوێدا بەرهەم دەهێنرێت. هەروەها دەتوانرێت وەک بەرهەمێکی لاوەکی ئازاد بکرێت بۆ ناو ڕێڕەوی ئاو و زەوی و هەوا. ڕەساس مەترسیدارە بە تایبەت بۆ منداڵان و کاریگەری تەواوی لەسەر ژیانی ئەو کەسانە دەبێت کە بەرکەوتنی بەرچاویان هەیە. لە منداڵاندا بەرکەوتنی ڕەساس دەتوانێت ببێتە هۆی:تێکچوونی مێشک، خاوبوونەوەی گەشەکردن،کەمئەندامی فێربوون، کێشەی ڕەفتار،کێشەی قسەکردن و بیستن هەروەها لە کەسانی پێگەیشتوودا ژەهراویبوون بە ڕەساس دەبێتە کاریگەری جددی لەسەر تەندروستی وەک:تێکچوونی گورچیلە، بەرزی پەستانی خوێن، تێکچوونی مێشک، زیانگەیاندن بە دەرئەنجامی زاوزێ
