بەراوردی تۆماری دەنگدەران لە سێ خولی هەڵبژاردندا :
2024-10-07 07:40:09
سلێمان مستەفا - یاساناس
تۆماری دەنگدەران گرنگترین كۆڵەگەی هەر هەڵبژاردنێكە ، دەولەتیش تاكی لایەنەی بەرپرسە لە تۆماری هاوڵاتیانی ، بەپێی ئەو بەڵگەنامەی كە هاوڵاتیانی تۆمار دەكات لەسەر ئەو بنەمایەش ناسنامەیان پێ دەدرێت ، جگە لەوەش دەوڵەت بەرپرسە لە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی ، هۆكاری سەرەكیش نەبوونی داتا و سەر ژمێری لە عێراق دەولەتە ، دوا سەرژمێری لەسەر ئاستی 18 پارێزگا لە ساڵی 1987 ەوە بوو ، ساڵی 1997 سەرژمێری گشتی لەسەر ئاستی 15 پارێزگایەوەبوو ،بەڵام لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق تا ئەمرۆ بە هۆكاری جیاجیا و سیاسی ئەم پرسە بەردەوامی هەیە و سەرژمێری نەكراوە كە بریار وایە ئەم ساڵ بكرێت ، لە ماددەی (110 / 10دەستوور پرسی ئامارو سەرژمێری خراوەتە ژێر دەسەڵاتی تایبتمەندی حكومەتی فیدراڵی ، كەواتە لایەنی كەم تەرخەم لەم بابەتە حكومەتی فیدراڵە ، لە یەكەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 تا ئەمرۆ ژمارەی دانیشتوان وتۆماری دەنگدەران بابەتێكە جێگای پرسیارو ناكۆكیی بوە ، هەم بۆ هەڵبژاردن و هەم پرسی بوجە و بەشی پارێزگاكان ، بێ گومان لەعێراقیش لە دوای پرۆسەی ئازادی تا ئەمرۆ ئەو پرسە بەردەوامی هەیە و خاڵی ناكوكی بوە ، لە یەكەم هەَلبژاردنی دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بە ناچاری پەنا برا بۆ داتای كۆمپانیای خۆراك و كرایە بنەما بۆ ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران لە لایەن دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان ، بەڵام لایەنە سیاسیەكان كۆمێنت و قسەی خۆیان هەبوو لە سەر داتاكان ، لە نێوان كورد و كورد و لە نێوان كوردو عەرەب و لە نێوان عەرەب و عەرەب ،ئەم پرس و بابەتە بەردەوامی هەیە تا ئەمرۆ ، تەنانەت لە عێراق لە دوای پەسەند كردنی دەستووری هەمیشەیی زۆربەی خولەكانی ئەنجومەنی نوێنەران پێشەلی ماددەی 49 /1ی دەستور كراوە ، چونكە لە دەستووردا هاتوە بۆ هەر (100) هەزار هاوڵاتی نوێنەرێكیان دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەران ، هەروەها بوجە لەسەر ئەو بنەمایە دابەش دەكرێت ، بۆیە مافی پارێزگاكان نەدراوە لە نوێنەرایەتی ، هەرچەندە بریارێكی دادگای ئتتحادیە / ژمارە (11) ساڵی 2010هەیە كە گەشەسەندنی ساڵانەی هاوڵاتیانی بە(2,8)دیاریكردوە ، دەكرا بەو بنەمایە ژمارەی دانیشتوان دیاریكرابوایە ، بەڵام بە بریارێكی دادگای فیدرالی ئەم پرسە خراوەتە دوای پرۆسەی سەرژمێری گشتی چونكە ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی عێراق 40 ملیۆنبێت ئەوا دەبوایە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران 400 ئەندام بوایەو بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكان بەسەر پارێزگاكان دابەش بكرێت ، سەبارەت بە تۆماری دەنگدەرانیش یاسا دانەری عێراقی داتای كۆمپانیای خۆراكی كردۆتە بنەما ، كۆمیسیۆنیش لەسەر ئەو بنەمایە تۆماری دەنگدەرانی ئامادە كردوە ، بەڵام چونكە داتایەكی پر لە كەموو كوریە جێگای كۆدەنگی لایەنە سیاسیەكان نەبوە ، هەر چەندە ماوەی 10 ساڵ زیاتر كۆمیسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق دەستی كردوە بە پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری كە تا رادەیەك كارە كانیان بەرو پێش چوە ، گەر بەوردی سەرنجی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكانی هەرێم بدەین لە ماوەی سێ خولی هەڵبژاردن هەست بەو گۆرانكاریانە دەكەین كە تا رادەیەك بەدیهاتوون ، ئەمەش خالێكی ئەرێنیە بۆ دەنگدەران و حزبە سیاسیەكان ، هەر چەندە كاری لە پێشینە ئەوەیە بۆ خولەكانی داهاتوی هەڵبژاردنەكان داتای فەرمی كارتی نیشتیمانی بكرێتە بنەمای دروست كردنی تۆماری دەنگدەران لە لایەن كۆمسیۆن ، گەر بۆ رونكردنەوەی زیاتر و بەر چاو روونی سەرنجی ئەو خشتەی خوارەوە بدەین ئەوا دەگەینە ئەو باوەرە كە عێراق لەبواری داتا و سەرژمێری و كەم تەرخەمە و زۆر لە دواوەیە ، ، ئەم خشتەی خوارەوە رووبەروی كۆمەڵێ پرسیارمان دەكاتەوە بۆیە شایەنی لێ وردبونەوەیە ، داتای فەرمی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق بۆ ساڵی 2018 ، 2021 ، 2024 ، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ، كە داتای ساڵی 2018 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێ ئەنجامدراوە ، و داتای 2021 هەڵبژاردنی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێ ئەنجامدراوە ، داتای 2024 ئامادیە و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پێ ئەنجامدەدرێت :
خشتەی بەراوردكاری تۆماری دەنگدەرانی كۆمیسیۆنی ئتتحادی لە ساڵی : 2018 ، 2021 ، 2024 ، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان
ئەگەر داتاكانی ناو خشتەی سەروە شیكاری بكەین دەگەین بەم دەرنجامانەی خوارەوە :
یەكەم : ئەگەر بەراوردی تۆماری دەنگدەرانی عێراق لە ساڵی 2018 و 2021 لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بەراورد بكەین چەند راستێكی تاڵمان بۆ روون دەبنەوە ، جیاوازی تۆماری پارێزگای هەولێر (28,205) دەنگی زیاد كردوە ، هەروها ئەگەر بەراوردی تۆماری ساڵی 2021 و 2024 بكەین جیاوازیەكە (128,518) دەنگی كەمكردوە ،لەگەڵ ئەوەی لە نێوان دوو هەڵبژاردن سێ موالیدی نوێ دەخرێنە سەر داتاكانی تۆماری دەنگدەران ، وە ئەگەر بەراوردی تۆماری ساڵی 2018 بە تۆماری ساڵی 2024 بكەین جیاوازیەكە (100,313) دەنگ جیاوازەو كەمی كردوە لەگەل ئەوەی نزیكەی 6 موالیدی نوێ تۆمار كراون , ئەوە لەكاتێكا لە نوێكردنەوەی دوا تۆماردا تەنها (70162) دەنگدەری موالیدی (2004 ، 2005 ،2006) لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ساڵی 2024 دا زیاد كراون.
دووەم: ئەگەر بەراوردی تۆماری دەنگدەرانی عێراق لە ساڵی 2018 و 2021 لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە بەراورد بكەین چەند راستێكی تاڵمان بۆ روون دەبنەوە ، جیاوازی تۆماری پارێزگای سلێمانی هەلەبجە(11504) دەنگی كەم كردوە ، هەروها ئەگەر بەراوردی تۆماری ساڵی 2021 و 2024 بكەین جیاوازیەكە (146,382) دەنگە واتە ساڵ لە دوای ساڵ كەمی كردوە لەگەڵ ئەوەی لە نێوان دوو هەڵبژاردن سێ موالیدی نوێ دەخرێنە سەر داتاكانی تۆماری دەنگدەران وە ئەگەر بەراوردی تۆماری ساڵی 2018 بە تۆماری ساڵی 2024 بكەین جیاوازیەكە (157,886) دەنگ جیاوازەو كەمی كردوە لەگەل ئەوەی نزیكەی 6 موالیدی نوێ تۆمار كراون ,لە كاتێكا تەنها (64,622) دەنگدەری موالیدی (2004 ، 2005 ،2006) لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی 2024 زیاد كراون.
.
سێیەم :ئەگەر بەراوردی تۆماری دەنگدەرانی عێراق لە ساڵی 2018 و 2021 لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك بەراورد بكەین چەند راستێكی تاڵمان بۆ روون دەبنەوە ، جیاوازی تۆماری پارێزگای دهوك(116,128) دەنگی زیاد كردوە ، هەروها ئەگەر بەراوردی تۆماری ساڵی 2021 و 2024 بكەین جیاوازیەكە (108681) دەنگی كەمكردوە ، واتە لەگەڵ ئەوەی لە نێوان دوو هەڵبژاردن سێ موالیدی نوێ دەخرێنە سەر داتاكانی تۆماری دەنگدەران ، وە ئەگەر بەراوردی تۆماری ساڵی 2018 بە تۆماری ساڵی 2024 بكەین جیاوازیەكە (7,447) دەنگ جیاوازەو كەمی كردوە لەگەل ئەوەی نزیكەی 6 موالیدی نوێ تۆمار كراون لە كاتێكا تەنها (59976) دەنگدەری موالیدی (2004 ، 2005 ،2006) لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی 2024 زیاد كراون.
.
چوارەم : جیاوازی نێوان تۆماری هەرسَی پارێزگا بەگشتی لە نێوان ساڵی 2018 و 2021 نزیكەی (132,829) دەنگ زیاد كراون ، لە كاتێكا 3 موالیدی تازەش مافی دەنگدانی پێدراوە , بەو پێیەی تەمەنی 18 ساڵیان تەواو كردوە ، هەروەها جیاوازی تۆماری ساڵی 2021 و 2024 نزیكەی (383,581) دەنگ كەمیكردوە ، بەهەمان شێوە 3 موالید زیاد كراوە بۆ سەر تۆماری دەنگدان ، هەروەها جیاوازی تۆماری ساڵی 2018 لەگەڵ تۆماری 2024 نزیكەی (250,752)دەنگ كەمیكردوە ، لە كاتێكا بە نزیكەیی 6 موالید زیاد كراون بۆ سەر تۆماری دەنگدان .
ئەو داتا و شیكاریانە ئەو راستیانەیان دووپات كردەوە كە ، عێراق لە رووی داتا و سەرژمێری زۆر لە دواوەیە ،گلەیی حزبەكانیش لە شوێن خۆیان بوون، دەوڵەت بەرپرسە لە تۆمارنامەی هاوڵاتیانیو سەرژمێری ، دەوڵەت بەرپرسە لە پێدانی داتا بە كۆمیسیۆن ، یاسا دانەری عێراقیش خۆی لەو راستیە بواردوە كە كاری كۆمیسیۆن ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەرانە نەك ئامادەكردنی داتای هاوڵاتیان ، هەرچەند لە دوا هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگان ئاماژە بەوە دراوە كە سوود لە داتای تۆماری كارتی نیشتیمانی وەربگیرێت ، بەڵام راستێكی نكۆڵی لێنەكراو هەیە بۆ هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد دەبێت تەنهاو تەنها پشت بە داتای كارتی نیشتیمانی ببەسترێت بۆ خولەكانی داهاتوو .