درەو: سامان عومەر سەیدگوڵ – ئیدارەی ڕاپەرین/بە سەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری گرووپێکی(30) کەسی، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ داعش و بەکارهێنانی مزگەوت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی، لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، لەلایەن هێزێکی سەر بە ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، لەماوەی (20) ڕۆژدا دەستگیردەکرێن، بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەت سنورەکەی تووشی شۆککرد، لەکاتێکدا بەشێک لەو دەستگیرکراوانە، موچەخۆران و هێزە ئەمنییەکان و مامۆستایانی ئایینی و زۆرێک لە خەڵکیان بە کافر زانیوە و لەسەر هیجرەت بوون و خاکی کوردستان و عێراقیشیان بە (دارالکفر- خاکی کافران) ناوبردووە، ئەم گروپە لە کۆتاییەکانی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2023دا دەستگیرکراون، بەڵام ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنەکەیان لەمانگی شوباتی 2024دا بووە. ئیدارەی ڕاپەڕین، یەکەیەکی ئیداریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە دووری (132) کم دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، لە قەزاکانی (ڕانیە و پشدەر) پێکدێت و بەمدواییەش قەزای حاجیاوای بۆ زیادبووە. ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە بۆ تێگەیشتن لەو ڕووداوە خۆی گەیاندە گرتووخانەی (کانی گۆمە) لە شاری سلێمانی و دەرفەتی ئەوەی هەبوو گوێبیستی گفتوگۆیەک بێت، لەنێوان ئەفسەری لێکۆڵینەوەی گرتوخانەکە و ئافرەتێک بەناوی (هـ..م م) بە گوێرەی گفتوگۆی نێوانیان، ئەو ئافرەتە توشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و یەکێکە لەو ( 30 ) دەستگیرکراوەی، سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، کە لە لەلایەن هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە مادەی 2ی تیرۆر دەستگیرکراوە. ماددەی 2ی تیرۆر، یەکێکە لە ماددەکانی یاسای ژمارە 3ی بەرەنگاربونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە ساڵی 2006لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە. (هـ.م. م) تەمەنی (44 ساڵ)ە، خێزاندارە و خاوەنی کوڕێکە، لە بنەڕەتدا لە دایکبووی شاری بۆکانی کوردستانی ئێرانە و دانیشتوی گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری قەڵادزێ بووە، تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە و لە ساڵی 2014ەوە، سێ برای بە ماڵ و منداڵەوە دەچنە شاری موسڵ بۆ پشتگیریی خەلافەتەکەی (ئەبوبەکر بەغدادی)، لەکاتی لێکۆڵینەوە بە ئەفسەری لێکۆڵەر دەڵێت "لە ساڵی 2017ەوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وتاری چەند مامۆستایەکی ئایینییەوە بە هزری داعش ئاشنا بووم". ئاماژەشی دا بەوەی کە "کاریگەریی براکانی لەسەر بووە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفونی و بەردەوام سەبارەت بە کارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی قسەی لەگەڵیان دەکرد". "بەهۆی ئەم بیر و باوەڕەمەوە سەرجەم فەرمانگە و هێزە ئەمنییەکان و موچەخۆرانی حکومەتم پێ کافرە و باوەڕم بەوەش نییە لەدوای ئەو مامۆستا ئاینییانە نوێژ بکەی" (هـ.. م. م) وا دەڵێت، لەهەمانکاتدا ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە پێی راگەیاندنین کە ئەو ئافرەتە دەستگیرکراوە هەر لەمیانی لێکۆڵینەوەدا چەند جارێك بە "کافر" وەسفی کردووم. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەیدا، بە هەناسە تووندییەوە باس لە خراپی تەندروستی خۆی دەکات و بە ئەفسەرەکەی ڕاگەیاند پێویستی بە دەرمان و چارەسەر هەیە. دواتر قسەی بۆ ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە کرد و جەختی کردە سەر ئەوەی "هەرکەسێک حوکم بە دینی ئیسلام نەکات بەلای ئێمەوە کافرە" دەشڵێت کە "چالاکییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و فکرەی توندڕەوی لەڕێگەی دوو ئەکاونتی فەیسبوک و تیلگرامەوە بڵاودەکردەوە و باوەڕی تەواوی خۆی نیشاندا بە جیهادکردن"، ئاشکراشیکرد، کە دەرفەتی هیجرەتی بۆ نەڕەخسا، دەنا چەند جارێك براکانی پێش کوژرانیان داوای هیجرەتیان لێکردووە، کە ئەو بە "شەهید" ناوی دەبردن. بە قسەی خۆی "سێ لە براکانی لەنێو ڕیزەکانی داعشدا بوون و پێش ئەوەی لە ساڵەکانی 2016 و 2017 بکوژرێن، هاوکاری ماددییان بۆ ناردووە و دوو جار خۆی وەریگرتووە و جارێکیشیان کوڕەکەی وەریگرتووە". "مینبەری مزگەوتەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی" هەرچەندە دەستگیرکراوەکان لە زیندان یەکتر نابینن و ئاگایان لەیەکتر نییە، بەڵام کاتێک لەسەر شێوازی وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی داعش پرسیاریان لێدەکەیت، هاوبەشییەك لەوەڵامەکانیاندا دەبیسترێت، بەوەی، کە دەڵێن "کاریگەربووین بە وتارە توندەکانی چەند مامۆستایەکی ئایینی و بۆ ئەم مەبەستەش مزگەوت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان بۆ چالاکییەکانمان بەکارهێناوە" ئەفسەرێکی دیکەی لێکۆڵەر لە بەشی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی هەمان وەڵامی هەیە و پێیوایە" ئەم گروپە درێژکراوەی بیری داعش بوون و جموجۆڵەکانیان لەساڵی 2017ەوە بە کۆبوونەوە و دەرس خوێندن لە ماڵ و مزگەوتەکانی سنوورەکە دەستیپێکردووە". ئاماژە بەوەش دەکات کە "ژمارەیەکی زۆر ئەکاونتی بێشوماری فەیکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، تیلیگرام و سناپچاتدا درووستکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی بیرە توندڕەوییەکانیان". ئەفسەری لێکۆڵەر وتیشی" سەبارەت بە ئەنجامدانی چالاکی ئەو گرووپە، بەشێکیان پێشنیاری هیجرەتیان بۆ کراوە و بەشێکیشیان بە هۆکاری تایبەتی خۆیان نەیانتوانیوە هیجرەت بکەن و چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی ڕاکێشانی گەنجان و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەویدا بووە". بەشێک لە هاوڵاتیان و مامۆستایانی ئایینی، بۆچونی جیاوازیان لەسەر بڵاوبونەوەی بیری توندڕەوی هەیە، پێیانوایە "لە ناو هەموو کۆمەڵگەکاندا بیری توندڕەوی بەجۆرێک لەجۆرەکان هەیە، بەڵام ڕابردووی کۆمەڵگەی ئێمە، دوور بووە لە بیری توندڕەویی. بەڵکو نەشونماکردنی بیری توندڕەوی لەگەڵ دەرکەوتنی هێزە ئیسلامییەکان و ئاسەواری سەلەفییەت و پاڵپشتی دەرەکی پەرەی سەندوە، هەندێکیش پێیان وایە، نەشونماکردنی بیریی توندڕەویی، شەپۆلێکی جیهانییە و لە هەمو دونیا بونی هەیە، کەمیش نین ئەوانەی پێیان وایە، کە دەرکەوتنی باندە توندڕەوەکان پەیوەندی بە هێزە ئیسلامییەکانەوە نییە، بەڵکو هەژاری و بێکاری و خراپی باری ئابوری هاوڵاتیان بە هۆکار دەزانن. حەسەن عەلی، مامۆستای ئایینی لەمبارەیەوە دەڵێت "ئەم هزرە توندڕەوییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتی لەگەڵ هاتنی ڕەوتی سەلەفی لە سعودییە و وڵاتانی دیکە بۆ وڵاتی خۆمان، خەڵکانێکی گەنجی لەسەر ڕاهێنرا، کە بەم تێڕوانینە توندە بڕواننە خەڵک". ئەو بە داخەوە باس لەوە دەکات " ئەم توندڕەوییە ڕێگەی پێدراوە و لە مینبەری هەندێك مزگەوتدا بانگەشەی بۆ دەکرێت". بە پێویستیشی زانی "حکومەت رۆڵ و کاریگەری ئەو کەسانە کەمبکاتەوە تا زیاتر نە بینە قوربانی، چونکە دواجار ئەو کەسە توندڕەوانە ئەو بیرە لایان ناوەستێت و نەشونما دەکات، خودی ئەو کەسانەش ڕەتدەکەنەوە و بە کافریان دەزانن، کە ئەو فکرەیان لێوەرگرتون". "زێدەڕەوی لە ئیسلام و تەکفیرکردنی موسوڵمانان پێچەوانەی دەقەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەرە" ڕێبەری سەلەفییەکان لە هەرێمی کوردستان، زێدەڕەوی لە ئیسلامدا و تەکفیرکردنی خەڵکانی موسڵمان، بە پێچەوانەی دەقەکانی قورئان و فەرمودەکانی پێغەمبەر دەزانێت، تۆمەتبارکردنی سەلەفییەکانیش بە بناغەدانان بۆ بیری توندڕەوی ڕەتدەکاتەوە و پێیوایە ئەوەی لەسەر مەنهەجی سەلەف بڕوا میانڕەوە نەک توندڕەو، (عەبدوللەتیف سەلەفی) لەو بارەیەوە دەڵێت"سەلەفییەت یەعنی ئەو دینە پێشینەیە، کە پێغەمبەر و هاوەڵانی لەسەری بوون و فێری میانڕەوییان کردووین نەک توندڕەوی، بۆیە ئەوەی لەسەر مەنهەجی سەلەف بڕوا میانڕەو دەبێت". پێشیوایە "دوو دەستە ئەم تۆمەتە دەدەنە پاڵ سەلەفییەت، بەشێکیان عەلمانییەکانن، دەستەی دووەم کەسانێکن، کە فکرێکی سۆفیگەرێتییان هەیە، ڕقیان لە دەعوەی سەلەفییە، بۆ ئەوەی سەلەفییەت لای دەسەڵات و حکومەت ناشرین بکەن". هەروەها روونیکردەوە کە "ئەو کەسانەی بەناوی ئایینەوە بیروباوەڕێکی حزبییان هەیە و ئامانجیان گەیشتنە بە کورسی، ئەوانیش ماددەیەکن بۆ دروستبوونی توندڕەوی، بەوەی گەنجان و منداڵان وا پەروەردە دەکەن، حکومەت و سەرکردەکان بە کافر بزانن، لەسەر ئەم بنەمایە داوای گۆڕانکاریی دەکەن". "دەرکەوتنی باندە توندڕەوەکان پەیوەندی بە خراپی باری ئابوورییەوە هەیە" لەو نێوانەشدا کەم نین ئەوانەی بۆچونێکیان هەیە، کە حزب و پێکهاتە ئیسلامییەکان بە هۆکار نازانن، بەڵکو بیری توندڕەوی دەبەستنەوە بە بارودۆخی ئابوری و کەمی هەلیکار و خزمەتگوزاری کۆمەڵگە. خالید حەمەد (43 ساڵ) مامۆستا و رۆشنبیرێکی دانیشتووی قەزای حاجیاوایە، بەردەوام لە راگەیاندنەکان و سۆشیال مێدیا لەسەر پرس و بابەتە گشتییەکانی رۆژ رەخنەی گرتووە، لەمبارەیەوە دەڵێت "دواکەوتن و هەژاری و خراپی باری ئابوری هۆکاری بڵاوبونەوەی بیری توندڕەوییە، چونکە ئەم گرووپانە لە ژینگەی پەراوێزخراو و هەژار زیاتر خۆیان جێگیر دەکەن، دواجار مرۆڤی خۆشگوزەران کەمتر بیر لە تێکدان و کاولکاری و چالاکی خۆکوژی دەکاتەوە". هۆکارێکی دیکەی ئەو دۆخەش دەگەڕێنێتەوە بۆ "نەزانی و بێئاگایی لە سەرچاوە بنەڕەتییە ڕەسەنەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، کە ئەمە وادەکات ئەو گەنج و کەس کەم زانستانە ئاسان بخەڵەتێنرێن" هەروەها وایدەبینێت "حکومەت بودجەی دیاریکراوی نییە بۆ دروستکردنی مزگەوتەکان، هاوڵاتیان لەسەر ئەرکی خۆیان دروستی دەکەن، بۆیە مزگەوتەکان بە موڵکی خۆیان دەزانن و زۆربەی جار بۆخۆشیان وتاربێژ و پێشنوێژی بۆ دیاریدەکەن، ئەمەش وادەکات لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێری دامەزراوە ڕەسمییە حکومیەکاندا نەبن". بە پێویستیشی دەزانێت "بەڕێوەچوونی مزگەوتەکان و کاروبارەکانیان لەژێر چاودێریدا بێ و لەوەش گرنگتر دیاریکردنی مەزهەبی ڕەسمی دەوڵەتە و پابەندکردنی وتاربێژ و پێشنوێژەکانە بەو مەزهەبە ڕەسمییە، بۆ ئەوەی مزگەوتەکان لە فەوزای وتارو فەتوا ڕزگار بکرێن". ئەم بۆچونە هاوتەریبە لەگەڵ بۆچونی حەسەن عەلی مامۆستای ئایینی، کە پێی وایە " حکومەت دەستی خەڵکانێک دەگرێت و پاڵپشتییان دەکات، کە لە بنەڕەتەوە ئەوان ئەو بیرە توندڕەوەیان لە وڵاتانی دیکەوە هێناوەتە ئەم وڵاتەی ئێمە" کاتێک ڕۆدەچییە ناو هەڵسوکەوتی کەسیی بەشێك لە دەستگیرکراوەکان و پرسیار لە کاسانێک دەکەی، کە لێیان نزیک بون لەو ناوچانەی تیایدا ژیاون، هەڵسوکەوتی سەیر دەبیستی، کە لەگەڵ بیرە توندڕەوییەکەیاندا پێچەوانەیە! (هەژار نەمرود) ناوی خوازراوی هاوڵاتییەکی گوندی کانی شۆکی سەر بەقەزای دوکانە، سەبارەت بە یەکێک لەو دەستگیرکراوانەی، کە ماوەیەك لە گوندەکەیان وەك مامۆستای ئایینی خۆبەخش ژیاوە ئاشکاری دەکات کە " مامۆستا (م. م. و) لە گوندەکەیان پێشنوێژ و وتارخوێن بوو، بەڵام دوای شەش مانگ دەریان کردووە، چونکە کەسێک بوو حەزی لە دینداری نەبوو، لەگەڵ گەنج و هەرزەکارەکانی گوند هەڵسوکەوتی سەیری دەنواند و نێرگەلە و جگەرەی دەکێشا" هەژار وایدەبینێ "ئەم هەڵسوکەوتانەی پێشنوێژی گوندەکەیان لەگەڵ گەنجان، بۆ پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی ئەو گومانانە بووە، کە لەسەری بوون". ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی: تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و مینبەری مزگەوتەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هزری توندڕەوەی بەکارهێنراون لەهەمانکاتدا بەشی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی باس لەوە دەکات "دەستگیرکراو (م. م. و) لە گوندێکی سەر بە قەزای دوکان، بە ئاگاداری ئەوقافی قەزای دوکان مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە". ئاماژەی بەوەشدا کە " ئەو دەستگیرکراوانەی، کە لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، دوو جۆرن، بەشێکیان، تەنها فکرەی داعشیان هەبووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان وەک مینبەری بڵاوکردنەوەی بیرە توندڕەوییەکانیان بەکارهێناوە، بەشێکی دیکەشیان هەڵگری فکرە و لەهەمانکاتدا پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە و لەژێر ناوی جیا جیا هاوکاری داراییان بۆ داعش کۆکردووەتەوە، مینبەری مزگەوتەکانیش، یەکێک بووە لەو شوێنانەی بەشێک لەو دەستگیرکراوانە، بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانیان بەکاریانهێناوە". (م. م. و) تەمەنی ( 24 ساڵ) -خێزاندارە بە وتەی ئەفسەری بەشی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی "کەسێکی چالاکی ناو ئەو گروپەیە کە دەستگیرکراوە، لە سەرەتادا تا ساڵی 2014 لە ژێر کاریگەری بەرەی نوسرەدا بووە و دواتر پەیوەندی پتەوی لەگەڵ داعش دروستکردووە" (م. م. و) بە مەبەستی مەلایەتی چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان گەڕاوە، ئاشنایەتی لەگەڵ چەندین وتارخوێن پەیداکردووە، پێشنوێژ و وتارخوێنی چەند گوندێکی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بووە تا لە کۆتاییدا لە گوندێکی سەر بە ئیدارەی راپەڕین دەستگیرکراوە، وەك خۆی باسی دەکات دەستگیرکردنەکەی لەسەر هیجرەت بووە و چەند جارێک هاوکاریی دارایی بەناوی خێرخوازییەوە، لە کەسانی دەوڵەمەندی شار و گوندەکان کۆکردووەتەوە و بۆ رێکخراوی داعشی ناردووە لە سوریا". لە ژوورێکی ناو گرتوخانەی (کانی گۆمە) لە چاوەڕوانیدا دانیشتووم، لە هەر چوارلای ژوورەکە، ژمارەیەکی زۆری کاخەز و دۆسییە لەسەر یەک دانراون، پێدەچێت وتەی ئەو زیندانیانە بێت، کە لێیان وەرگیراوە، لێکۆڵەرێك، ناوە ناوە دۆسییەیەک دەردەهێنێت و چەند خولەکێک سەیریدەکات و دەیخاتەوە شوێنی خۆی، (ب. م. م)ی تەمەن (35 ساڵ) بە کەلەپچەکراوی و بە ڕیشێکی ڕەشی درێژ و جلوبەرگێکی سەرتاپا ڕەشەوە، لەگەڵ لێکۆڵەرێکی ناو گرتوخانەکە دێنەژورەوە، سەیری ناوچاوانی دەکەیت، ڕەنگی سپی پەڕیوە، کەلەپچەکەی دەستی دەکەنەوە و لەسەر کورسییەک بەرانبەر ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە دادەنیشێت. ئەو لە شەوێکی تاریکی ئەنگوستەچاوی ساردی زستانی رابردوودا لە شارۆچکەی چوارقوڕنە دەستگیرکراوە و باسی ساتی دەستگیرکردنەکەی کرد و وتی "هەر کە دەستگیرکرام شۆکێکی سەیر گرتمی، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی هێزە ئەمنییەکان، کە منی پێ گوازرایەوە، هەڵسوکەوتێکی مرۆڤانەی لەگەڵدا کردم، پاڵتۆکەی خۆی دا بەمن بۆ ئەوەی سەرمام نەبێ، ئەمە لەکاتێکدا، پێموابوو هەموو هێزە ئەمنییەکان، مامۆستایانی ئایینی، فەرمانبەر و کەسانی موچەخۆری حکومەت کافرن" (ب. م. م) لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە باوکی نەماوە و ئەرکی بەخێوکردنی دایکی کەوتووەتە ئەستۆ، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە، بەهۆی بیروباوەڕی توندڕەوەی و بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە دەستگیرکراوە، ماوەی ساڵێک حوکم دراوە. لەو کاتەی قسەمان لەگەڵ کرد (پێنج مانگ و 20 ڕۆژ) لە حوکمەکەی ڕۆیشتووە، لە چاوەڕوانی تەواوکردنی شەش مانگی حوکمەکەیدا بوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە لای دایک و خێزان و منداڵەکانی، ئەو لە درێژەی قسەکانیدا پەشیمانی خۆی راگەیاند لەو تەکفریکردنەی بەرامبەر خەڵك کردوویەتی و وتی "من هەڵەبوم و پەشیمانم، لەو تەکفیرەی بەرانبەر هەمو خەڵک کردومە، من تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆستی توندم بڵاودەکردەوە و بەردەوامیش خێزانەکەم لەم کارەم ئاگاداری دەکردمەوە، کە مەترسییە بۆسەر ژیانم، (واللە و تعالی) هەڵسوکەوتی باشی هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی لێکۆڵەر، گۆڕانکاریی بەسەر بیرکردنەوە هەڵەکەی مندا هێناوە". بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، کە ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە دەستیکەوتووە " لە ساڵی 2023دا (107) کەس بە تۆمەتی تیرۆر و پەیوەندی لەگەڵ داعش و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەستگیرکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا،( 22 ) کەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون، کە بەشێکیان پەیوەندیان بە داعشەوە هەبووە". رۆژنامەنووسێك: دەستگیرکردنی باندە توندڕەوەکان خەڵك شۆك ناکات! دەستگیرکردنی تۆمەتباران بەتۆمەتی هەبونی پەیوەندی لەگەڵ داعش و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین گەرمیان، شۆکی لای خەڵک دروستنەکردووە، لەمبارەیەوە ڕۆژنامەنوس ڕەنج عوسمان پێیوایە " لەبەر ئەوەی خەڵک زۆر متمانەی نەماوە بە حکومەت و دەزگا هەواڵگرییەکان نەماوە، زۆرجار ئەوشتانە، کە ڕودەدەن نابێتە شۆک و وەک سیناریۆ لێی دەڕوانن، بۆ لادانی سەرنجی هاوڵاتیان لەسەر پرسە گشتییەکانی گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاری". لەگەڵ ئەوەشدا لەوباوەڕەدایە "کۆمەڵگەی ئێمە بیری توندڕەوی تێدایە و بانگەشەی بۆ دەکرێت، لەهەمانکاتدا لەوباوەڕەدایە "جۆرێك لە ترازانی پەیوەندی لەنێوان خەڵك و حکومەت و دەستگا هەواڵگرییەکان هەیە و بێ متمانەیی دروستبووە، کە پێویستی بە ڕاستکردنەوەیە" *ئەم بەدواداچوونە بە سەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی "رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون"، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.
درەو: کامیار کەمال - پێنجوێن/ بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری لە ناو نووسینگە کشتوکاڵییەکاندا چەند دەرمانێک بەدی دەکرێن کە نە ناوی وڵاتی دروستکار و نە بارکۆدیان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا نوسراوە زۆر زیان بەخشە و ئەم دەرمانانەش دەدرێنە جوتیاران و ئەوانیش دەرمانەکە دەکەن بە بەرهەمەکانیانەوە، لەکاتێکدا ئەم دەرمانە قەدەغەکراوە و زیانێکی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ و ژینگە و زەوی کشتوکاڵی و بەرهەمی جوتیاران دەگەیەنن. دەرمانەکان لە سەرجەم ناوچەکانی عێراقدا بوونیان هەیە و لە نوسینگەی کشتوکاڵییەکاندا بە ئاسانی دەفرۆشرێن و لەگەڵیدا رێنماییەکی ئاسایی دەدرێت بە جوتیارانی کڕیار. محەمەد کەمال ئەندازیاری کشتوکاڵ و خوێندکاری ماستەر لە بەشی پاراستنی رووەک لە زانکۆی سەڵاحەدین لەبارەی دوو جۆر دەرمانی قەدەغەوە زانیاری دەدات و دەڵێت "تریفلان و میسۆمیل دوو دەرمانی قەدەغەکراون جوتیاران زۆر بەکاری دەهێنن، تریفلان بۆ کەمکردنەوەی بژار بەکاردێت و وا دەکات تۆوەکان نەتەقن و بسوتێن و زیانێکی زۆر بەخاک دەگەیەنێت و ئاوی ژێر زەویش پیس دەکات، میسۆمیل بۆ لەناوبردنی مێشوولەیەکی زۆر وردی سپی کە پێی دەوترێت "تربز" بەکاردێت دەرمانەکە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت". ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "لەسەر بەرگی دەرمانەکە هێمای کەلـلە سەر و ئێسک هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانەکە ناتوێتەوە و لە زەویدا دەنیشێت، تا باران لە دوای باران دەیگەیەنێتە ئاوی ژێر زەوی و زەوی کشتوکاڵی پیس و بێ فەڕ دەکات و دووبارە ئەو ئاوە پیس بووەش دەکرێتەوە ناو بەرهەمی کشتوکاڵی. بەگوێرەی (بڵاوکراوەی "لیژنەی نیشتمانی بۆ تۆمارکردنی دەرمانی قڕکەر" لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کە لەسەر وێبسایتی فەرمی) بڵاوکراوەتەوە بۆ مانگی شوباتی 2020، میسۆمیل یەکێکە لەو دەرمانانەی کە تۆمارنەکراوە و لە لیستی قەدەغەکراوەکانە و نابێت بەکاربهێنرێت و لە لیستی دەرمانە قەدەغەکراوەکانی ساڵی 2013ی وەزارەتی کشتوکالی عێراقیشدا ناوی هەیە. میسۆمیل دەرمانێکی زۆر کاریگەرە و دوای بەرکارهێنانی نابێت تا دوای( 40 بۆ 50 )رۆژ بەهیچ جۆرێک ئەو بەرهەمە بخورێت کە دەرمانەکەی لەسەر بەکارهێندراوە و لەگەڵ ئەوەش دەرمانەکە شی نابێتەوە و کاریگەری هەر دەمێنێتەوە و زیانەکەی کەم ناکات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەسەر بەرگی دەرمانەکە ئەوە نوسراوە کە تەنها بە (5) رۆژ بەسە تاوەکوو بتواندرێت لە بەرهەمەکە بخورێت. محەمەد کەمال باسی ئەوەشی کرد" کە دەبێت لەکاتی پێدانی ئەم دەرمانە جوتیار ئاگادار بکرێتەوە لە "فەترە ی ئەمان"ی دەرمانەکە"، واتا کاتێک ئەو دەرمانە دەکرێت بە بەرهەمێکەوە نابێت تا ئەو رۆژەی دیاریکراوە بەهیچ جۆرێک، لێی بخورێت و هەندێک بەرهەم کە رۆژانە دەچندرێت وەک کولەکە و خەیار دەبێت ئەو بەرهەمە لێبکرێتەوە و فڕێ بدرێت تا کاریگەری ئەو دەرمانە کۆتایی دێت لەسەر بەرهەمەکە وبەرهەمێکی نوێی بێ دەرمان ئەگرێت". "دەرمانی قەدەغەکراو بەقاچاغ دەهێنرێتە بەغدا وباشووری عێراق و لەوێشەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان" جوتیار و خاوەن نووسینگەیەکی کشتوکاڵی لەبەر هەستیاریی زانیارییەکان نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەو زانیارییەی بۆ ئێمە ئاشکرا کرد کە "نووسینگە کشتوکاڵییەکان ئەم دەرمانانە لە بەغداوە هاوردە دەکەن". روونیشیکردەوە کە "چەند کەسێک خۆیان کۆمپانیا یان نوسینگەی کشتوکاڵیان هەیە بەقاچاغ هاوردەی عێراقی دەکەن و لەوێشەوە لەژێر باردا دایدەنێنن و لەسەر داواکاری خاوەن نووسینگەکان و بەپێی داواکاری چەندیان بوێت بۆیان دەنێرێت". هەروەها وتی "ئەو کەسانە لە ناو بەغدا بە ئاشکرا ئەو دەرمانانە دەفرۆشن و کاتێک هەندێکیان سەردانی نوسینگە کشتوکاڵییەکانیان کردووە لە کوردستان پێیان سەیر بووە پڕبووە لە دەرمانی تۆمارکراوی کۆمپانیا فەرمییەکان و باسیان لەوەکردووە، لە هەرێم یاسا هەیە و کارەکان لە رووی دەرمانی کشتوکاڵییەوە رێکوپێکن، نەک وەك بەغدا کە زۆر بە ئاسایی و ئاشکرا و بەبێ ترس لەناو نوسینگە کشتوکاڵییەکاندا دەفرۆشرێن". خاوەن نووسینگەیەکی دیکەی کشتوکاڵی بەهەمان شێوە نەیوست ناوی بڵاوبکرێتەوە، لەوبارەیەوە پشتڕاستی دەکاتەوە کە "ئەوە هەیە لە باشووری عێراقەوەیە و دەشزانن لە کێی دەکڕن و چۆن بە دەستیان دەگات بەڵام ئەوە نازانن کە چۆن دەهێنرێتە ناو عێراقەوە". وتیشی" خاوەن نووسینگە کشتوکاڵییەکان دەزانن دەرمانەکە قەدەغەکراوە بەڵام ئەگەر جوتیاران بەکاری نەهێنن، لەم کاتەدا دەبێت واز لە بەرهەمەکانیان بهێنن و هەرچیان خەرج کردووە بیکەن بە زیان و بە دەستی بەتاڵ لە ساڵێکی رەنج و ماندووبوون دەربچن، چونکە تا ئێستا بەدیلیان نییە" بەشێکیان تازە پێیان زانیوە ئەو جۆرە دەرمانانە قەدەغەکراون و پێشتر زانیارییان لەسەر ئەو بابەتە نەبووە و دوای ئەوەی کە زانیویانە ئەو بابەتەیان زۆر سنوردار کردووە بەجۆرێک، پێشتر ساڵانە 500کیلۆیان لەو دەرمانە فرۆشتوە بەڵام ئێستا تا 20کیلۆیەک دەهێنن". "هەندێکی دیکەش دوای ئەوەی زانیویانە بڕەکەیان زیاترکردووە و بڕێکی زۆر زیاتریان هاوردەکردووە و ئەوانەی کە سنورداریان کردووە دەڵێن" لە کاتێکدا ئەو دەرمانە دەفرۆشن کە بزانن بەرهەمی جوتیارەکە لە ماوەی 50رۆژی داهاتوودا پێدەگات، بە پێچەوانەشەوە، هەندێک لە خاوەن نووسینگەکانیش دەرمانی قەدەغە دەدەنە جوتیارێک کە ئەمڕۆ لە بەرهەمەکەی دەدات و بەیانی دەیچنێت و دەیخاتە بازاڕەوە و ئەوەش وەک پێدانی "شێرپەنجەیە لە ناو کەپسولێکی کشتوکاڵیدا". باس لەوەش دەکەن ئەو دەرمانانە جگە لەوەی کاریگەرییان بۆ سەر بەرهەمەکانیان هەیە، نرخەکەشی هەرزانە وئەوەش وایکردووە پشت بە بەدیلی ئەو دەرمانانە نەبەسترێت کە هەمان کار دەکەن لەسەر بەرهەمەکان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەرمانە بەدیلەکان نرخەکەنیان چەند قات گرانترە، بەڵام ئەندازیارانی کشتوکاڵی دەڵێن ئەو دەرمانە رێگا پێدراوانە چارەسەرەکەی کاریگەریەکی زیاتری هەیە لەسەر بەرهەمەکە بێ ئەوەی زیانی هەبێت، بۆ نمونە هەندێک دەرمانی قڕکەری مێرووەکان، دەرمانی کە قەدەغەکراون، تەنها مێرووەکە دەکوژن، بەڵام دەرمانە رێگاپێدراو کە نەخۆشییەکەبنبڕ دەکات و زیانی بۆ بەرهەم و ژینگە و مرۆڤ نییە. ئەوەی کە لەسەر زاری نووسینگە کشتوکاڵییەکانەوە بۆ ئێمە روون بووەتەوە ئەوەیە کە "دەرمانەکان بە قاچاغ دێنە ناو عێراق و لەوێشەوە دێنە هەولێر، لە ژێر باری دیکەوە دێن و لەوێوە بەسەر نوسینگە کشتوکاڵییەکاندا دابەشدەکرێن و بەشێکی زۆریشی لە ئەردەن و ئێران و هیندستان و چین دروست دەکرێن". کێشەی دەرمانەکان چییە؟ ئەندازیاری کشتوکالی محەمەد کەمال لەبارەی کێشەی ئەم دەرمانانەوە وتی، ئەم دەرمانانەی پێکهاتەکانیان جیاوازە و هەریەکێکیان لە پۆلێنێکی جیاوازە و جۆرێکی تایبەتە، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەم دەرمانانە ئەوەیە کە شی نابنەوە و ئەمێننەوە و لە ناو خاکدا تێکەڵ دەبن و ژینگە پیس دەکەن و دەبنە هۆی دروست بوونی شێرپەنجە و لە ناو بەرهەمەکان دەمێننەوە و تەنانەت دوای چەندین ساڵ بە باران بارینیش لەسەری لە ناو خاکدا شی نابێتەوە و هەر دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا خاک باشترین شیکەرەوەیە. هاوکات، ئەندازیاری کشتوکاڵی ئاسۆ فەتاح، ئەوەی خستەروو، ئەو دەرمانە قەدەغەکراوانە نابێت بەهیچ جۆرێک بەکاربهێندرێت و لە رێگای گروپێکی تایبەتی فەیسبوک و خودی خۆیەوە هۆشیاری تەواوی داوە بە جوتیارەکانی کە کام دەرمانە قەدەغەیە و نابێت بەکاربهێنرێت و بەوەش، توانیویەتی بەشێک لە جوتیارانی بەردەستی هۆشیار بکاتەوە و باسی ئەوەشی کرد، بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەش تاوانە و دەبێت هەموو ئەو کەسانەی کە زانیارییان هەیە لەسەر دەرمان دەبێت بەکارهێنەرەکان ئاگادار بکەنەوە و دەبێت خولی تایبەت بۆ جوتیاران بکرێتەوە و تاوەکوو هۆشیار ببنەوە لەسەر دەرمان چونکە دەرمانی کیمیایی هەمووی خراپە و لە نێوان خراپ و خراپترین هەیە و دەبێت خراپترینەکە کەم بکرێتەوە. ئاسۆ فەتاح، لەبارەی خۆپارێزی جوتیارانەوە وتی ( %95 )ـــی جوتیاران خۆیان ناپارێزن و نازانن زیانەکانی چین ئەو( %5)ەش کە خۆیان ئەپارێزن دوای توشبوونیان بە زیانەکانی دەرمانی کشتوکاڵی خۆیان دەپارێزن. وتیشی، هەندێک لە دەرمانی قەدەغەکراو بە ناوی بازرگانی جیاواز دێن و ماددە کاریگەرەکەی دەشارێتەوە یاخود زۆر بە وردی دەنوسرێت و لەو حاڵەتەشدا دەبێت خاوەن نوسینگە کشتوکاڵییەکان ئاگاداری ئەوە بن و ئەو دەرمانانە نەفرۆشرێت. ئەو ئەندازیارە دەشڵێت، هەندێک لە خاوەن نووسینگەکان دەیانەوێت ناوبانگ پەیدا بکەن و دەچن دەرمانی قەدەغەکراو دەدەن بە جوتیاری نەشارەزا تاوەکوو کێشە کشتوکاڵییەکەی بۆ چارەسەر بکات و دواتر لای جوتیارەکانی دیکە بڵێت ئەم دەرمانەم لای فڵانە کەس کڕیوە و کێشەکەی بەتەواوی بۆ چارەسەر کردووم و بەمەش لەو رێگایەوە ریکلامێک بۆ خۆی دەکات. دەرمانی قەدەغەکراوی کشتوکاڵی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی تەندروستی و ژینگە دکتۆر محەمەد عەبدولوەهاب پزیشکی پسپۆری تەندروستی کۆمەڵگا لە نەخۆشخانەی هیوا، بوونی دەرمانی قەدەغەکراوی کشتوکاڵی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی تەندروستی و ژینگە دادەنێت و دەڵێت "دەرمانی کشتوکاڵی ئەگەر لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمارکراوبێت و بەگوێرەی رێنمایی کشتوکاڵی و مەرجی سەلامەتی بەکاربهێنرێت، ئەوا هیچ زیانێکی نییە، بەڵام ئەوەی کە دەبینرێت هێنانی دەرمانە بەشێوەیەکی نایاسایی وبەکارهێنانی ئەو دەرمانانەش بەشێوەیەکی نازانستی زیانێکی زۆری بە ژینگە و تەندروستی کۆمەڵگا دەگەیەنێت". پێشیوایە کە دەبێت "ئەو دەرمانانە بەکارنەهێنرێن، چونکە هۆکاری راستەوخۆی شێرپەنجە و تێکدانی تەندروستین و تەنها ژیانی ئەو کەسەش ناخاتە مەترسییەوە کە بەکاری دەهێنێت بەڵکو زیانی بۆ کۆمەڵگا و نەوەی داهاتوو هەیە". باسی لەوەشکرد، ئەو دەرمانانەی کە قەدەغەن، بەڵام بەکاردەهێنرێن،جارێکی دیکە دەچنە ژینگەوە و تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبنەوە و دواتر دووبارە جوتیار بۆ خواردنەوەی خۆی بەکاریان دەهێنێت و دەیانکاتەوە بەرهەمەکەی بەوەش کاریگەری ئەو دەرمانە بەشێوەیەکی بەردەوام ئەمێنێتەوە". لەلایەکی دیکەوە باسی لەوەشکرد، ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی کە لە دەرەوەی وڵات دێن بە تایبەت وڵاتە ئەتۆمییەکان، دەبێت پشکنینی تایبەتیان بۆ بکرێت تاوەکوو بزاندرێت ماددەی تیشکدەری تێدایە یاخوود نا کە دروستکەری شێرپەنجەیە، چونکە وڵاتانی ئەتۆمی پاشماوەی ئەتۆمیان هەیە و تیشکدانەوەی ئەو ماددانەش بە بەردەوامی دەمێنتەوە. "ساڵانە نزیکەی ٣٠٠ جوتیار لە سنووری پارێزگای سلێمانی تووشی شێرپەنجە دەبن" بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ ساڵانی 2021- 2022- 2023نەخۆشی شێرپەنجە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و هاوڵاتی زیاتر گیرۆدە دەکات، لەو ئامارەی نەخۆشخانەی هیوا دەردەکەوێت، ساڵانە نزیکەی ( 300 )جوتیار توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن". لە ئامارەکەدا هاتووە کە " لە ساڵی 2021دا کۆی گشتی ئەو نەخۆشانەی توشبوون بە شێرپەنجە( 2874)کەس بوون و لەو ژمارەیەش ( 296 )کەسیان پیشەیان جوتیار بوون. هەروها لەساڵی 2022، (2994)کەس تووشی شێرپەنجە بوون و ( 298)کەسیان جوتیار بوون. هەروەها لە ساڵی 2023 دا( 3168) کەس توشی شێرپەنجە بوون و لەو ژمارەیەش ( 285 )یان جوتیار بوون". بۆچوونی جوتیاران بۆ زیاتر قووڵبوونەوە لەم بەدواداچوونە لە بەهاری ئەمساڵدا راپرسییەکمان لەناو جوتیارانی قەزای پێنجوێن ئەنجامداوە و بۆچوونی (25 )جوتیاری دانیشتووی سنووری قەزاکەمان وەرگرت کە تەمەنیان لە نێوان( 20 تا 60)ساڵە و لە کاری کشتوکاڵیدا بەکارهێنەری سەرەکی دەرمانەکانن. راپرسییەکە سێ پرسیاری لەخۆگرتبوو، سەبارەت بە رای جوتیاران لەسەر دەرمانی کشتوکاڵی وچۆنیەتی خۆپارێزیکردنیان و ئاگاداربوونیان لە هەبوونی دەرمانی قەدەغەکراو.. بەگوێرەی وەڵامەکانیان لە کۆی ئەو ( 25 )جوتیارەی وەرگیراون تەنها هەشت جوتیار دەڵێن لە کاتی رشتنی دەرمانەکاندا خۆپارێزی دەکەن و (17) جوتیاریشیان هیچ رێکارێکی خۆپارێزی ناگرنەبەر، بەوەش دەردەکەوێت بەشێكی زۆری جوتیاران رێکاری خۆپارێزی ئەنجام نادەن هەروەك ئەندازیاری کشتوکاڵی ئاسۆ فەتاح باسی کرد لە (٪95 )ی جوتیاران خۆیان ناپارێزن، یاخود ئەوەشی کە ئەنجامی دەدەن تەنها دەمامك ودەستکێش دەکەن ئەوەش بەشێکی زۆر کەمی خۆپارێزییە، چونکە جلوبەرگی تایبەت بەکارناهێنن، واتا بەهەمان ئەو جلوبەرگە دەچنەوە ماڵەوە و دواتر بەکاری دەهێننەوە". سەبارەت بەو پێکهاتە کیمیاییەی لە دەرمانەکاندا بەکاردێت بەگوێرەی وەڵامەکانی راپرسییەکە هیچ جوتیارێک زانیاریی دەربارەی پێکهاتەکانی دەرمانەکان نییە و نازانن چۆن دروست دەکرێن، تەنها ئەوەندە دەزانن بۆ چ مەبەستێک یاخود نەخۆشییەک بەکاری دەهێنن، ئەوان باس لەوە دەکەن لەو کاتەی دەرمانەکان وەردەگرن یان دەیکڕن بیان رووندەکرێتەوە چۆن بەکاری دەهێنن، لەوە زیاتر هیچ شتێکیان دەربارەی پێکهاتەی دەرمانەکان و کارلێککردنیان لەگەڵ ماددەکانی ناو خاك نەپرسیوە و پێیان نەوتراوە. هەر بەگوێرەی وەڵامەکان( 11 ) جوتیاری بەشداربوو لە راپرسییەکەدا ئاگادارن دەرمانی قەدەغەکراو هەیە بەڵام ناوی دەرمانەکەیان نەدەزانی و تەنها دەیان وت ئەو دەرمانەی بۆ جۆریک نەخۆشی بەکاردێت قەدەغەیە لەکاتێکدا سەرنجی ئەوەش درا ناوی هەندێک دەرمان دەگوترا کە قەدەغە نەبوون، دەرمانی کیبریت کە بۆ پارێزگارییە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و خۆر، چونکە دەرمانێکی توندە لەسەر مرۆڤ، هەندێکیشیان بە پیشاندانی دەرمانەکەش نەیانزانی قەدەغەیە یاخود نا لەکاتێکدا کە بەکارهێنەری سەرەکی ئەو دەرمانانە بوون و( 14)جوتیاریش بێئاگایی خۆیان دەربڕیوە لەوەی شتێک هەبێت بە ناوی دەرمانی قەدەغەکراوی کشتوکاڵی و ناشزانن چ زیانێکیان پێ دەگەیەنێت و چ زەرەرێکیش لە ژینگە و ئاوی ژێر زەوی بەرهەمەکانیان دەدەن. بەشێکی زۆری ئەو دەرمانەی بەکاردێت و دەیانزانی قەدەغەیە بریتی بوو لە (میسۆمیل) کە قڕکەری مێرووە و (تریفلان) کە بۆ کوشتنی تووی بژارە، لە کاتێکدا ناوەکەیان نەدەزانی و تەنها دەیانزانی بۆ کام نەخۆشی بەکاردێت و رەنگی پاکەتەکەی چۆنە، هاوکات دەرمانی ( کیبریت) کە بۆ پارێزگاری لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و خۆر، چونکە دەرمانێکی توندە لەسەر مرۆڤ، جوتیاران پێیان وابوو دەرمانەکە قەدەغەیە لەکاتێکدا قەدەغە نییە. لەتیف حوسێن، یەکێکە لەو جوتیارانەی کە ماوەی زیاتر لە 35ساڵە کاری کشتوکاڵی دەکات دەڵێت "جاران هەموو ئەو دەرمانەی هەبووە بریتی بووە لە "کوت" کە جۆرێکی پەینی کیمیاوییە و پێکهاتەکەی نایترۆجینە و بۆ زیادکردنی بەشی سەوزی لە رووەکدا بەکاردێت". ئاماژەش دەدات بەوەی کە "لەوکاتەدا هەرگیز بەم شێوەیە نەخۆشی نەبووە، کاتێکیش هەستیان کردبێت بەرهەمەکەیان نەخۆشە جگە لە کوت هیچی دیکەیان بەکارنەهێناوە هیچی تریش نەبووە بەکاری بهێنن". ئەو هیچ زانیاری لەسەر پێکهاتەی دەرمانەکانی ئێستا و قەدەغەبوونیان نییە و هیچ کات خۆشی نەپاراستووە و پێشیوایە ئەو هەست بە هیچ ناکات کە بەهۆی دەرمانەوە تووشی بووبێت ئەگەر توشی نەخۆشیش بووبێتم نایزانێت. هەر جوتیارێك دەرمانی قەدەغەکراو بەکاربهێنێت دەدرێتە دادگا تەلان زرار غەفوور، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەکارهێنانی دەرمانی کشتوکالی قەدەغەکراو ئاماژە بەوەدا کە "لە کاتی هەبوونی هەر حاڵەتێکی دەرمانی قەدەغەکراودا سەرەتا لیژنەی گەیشتن بە راستییەکان پێکدەهێنن و بەدواداچوون دەکەن، ئەگەر دەرکەوت بەکارهێنەر زانیاریی دەربارەی قەدەغەبوونی ماددەکە هەبووبێت، ئەوا دەستگیر دەکرێت و رادەستی دادگا دەکرێت". بەپێچەوانەشەوە ئەگەر زانیاری نەبێت لەسەر دەرمانەکە رێنمایی بەجوتیارەکە دەدرێت و بەدواداچوون دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت لەکوێ ئەو دەرمانەی کڕیوە. لەهەمانکاتدا ئەگەر سەلمێنرا نوسینگە کشتوکاڵییەکان دەرمانی قەدەغەکراویان فرۆشتووە ئەوا نووسینگەکەی بۆ ماوەی سێ مانگ دادەخرێت و خاوەنەکەی دەدرێتە دادگا". هاوردەکردنی دەرمانی قڕکەر پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەت هەیە لەلایەکی ترەوە دکتۆرە زێدان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لەوەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئەو کۆمپانیایانەی دەرمانی کشتوکاڵی قڕکەر هاوردە دەکەن پێویستە پێشتر داواکاری وەرگرتنی مۆڵەت پێشکەش بە بەرێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن و لە لایەن ئەوانەوە، بەدواداچوون بۆ دەرمانەکە دەکرێت تاوەکوو بزانرێت ئەو دەرمانە کشتوکاڵییە لە لیستی دەرمانە ڕێگەپێدراو یان قەدەغەکراوەکان هەیە یاخود نا، دوای رێگا پێدانیش بەڕێوەبەرایەتی کەرەنتینەی کشتوکاڵی لەسەر سنورەکان پشکنین بۆ ئەو دەرمانە و بەڵگەنامە پێویستەکان دەکەن". هەروەها وتی " دەبێت دەرمان چەند مەرجێکی تێدا بێت بۆ هاتنە ناوەوە بەم شێوەیەی "لە لیژنەی باڵای توماری ماددە قڕکەرەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیدا تۆمارکراو بێت وناوی وڵاتی دروستکەری لەسەر بێت و بەرواری دروستکردن و بەسەرچوونی تێدا بێت، لەگەڵ تەواوی رێنماییەکان بۆ جوتیار لەسەر شێوازی بەکارهێنانی ماددەکە کە چەندێک لەو دەرمانە بۆ چەند لیتر ئاو دەبێت و رێنماییەکانی خۆپاراستنی لەسەر بێت". قوربانیانی دەرمان کۆمەڵێك جوتیار باسی زیانەکانی دەرمانی قڕکەریان کرد و هەندێکیان دوای دەرمان رشتن دەستیان داوە لە دەموچاویان و دەڵێن نزیك بوون لەوەی کوێربن و هەندێکی دیکە بەهۆی دەرچوونی سۆندەی ئەو ئامێرەی کە دەرمانی پێدەپرژێنێت هەموو دەرمانەکەیان رشتووە بە خۆیاندا لە بری بەرهەمەکەیان و ئەوەش هەستیاری کاتی بۆ دروستکردوون، زۆربەی هەستیاری جوتیارانیش لە پێستی دەموچاو و دەست و کۆئەندامی هەناسەیاندایە. زاگرۆس کامیل، کە بە دانیار بانگ دەکرێت جوتیارێکی خەڵکی پێنجوێنە و ماوەی 17ساڵە سەرقاڵی کارکردنە، یەکێکە لەو جوتیارانەی بەهۆی دەرمانی کشتوکاڵیەوەی تووشی هەستیاری هەمیشەیی پێست بووە، وتی"بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی کشتوکاڵییەوە چاوم و پێستی دەمووچاوم تووشی هەستیاری بوون و دەستیشم توشی سووربوونەوە و خوران و کزانەوە بووە، هەرچەندە خۆپارێزیشم کردووە". جەختیشکردەوە، کە "بەناچاری دەرمانە کشتوکاڵییەکان بەکاردەهێنن ودواتریش تووشی نەخۆشیش دەبن، ئەوەش ناچاریان دەکات چارەسەری پزیشکی وەربگرن ". وەك هەندێك لە نۆرینگە پزیشکییەکان باسی دەکەن، ساڵانە لە وەرزی کشتوکاڵیدا بەردەوام کەیسی تایبەتیان بەم حاڵەتەیان هەیە و جوتیاری زۆر دێن بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ چاویان یاخود پێستیان، رەحیم محەمەد خاوەنی نۆرینگەی پزیشکییە باسی لە حاڵەتێك کرد کە کرێکارێکی دەرمان رشتنیان هێناوە بۆلای و بەهۆی بەکارنەهێنانی خۆپارێزی و بەکارهێنانی دەرمانەکانەوە توشی رەبۆ و هەناسەتەنگی بووە و بەو هۆیەوە چیتر ناتوانیت کار بکات". لەم بارودۆخەدا، دەبێت چارەسەرێکی بنەڕەتی هەبێت بۆ نەهێشتنی دەرمانی قەدەغەکراوی کشتوکاڵی و چارەسەرەکەش لەلای وەزارەتی کشتوکاڵە بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەسانەی کە ئەم دەرمانانە هاوردە دەکەنە ناو هەرێمی کوردستان و دەبێت ئەو رەگە هەڵبکێشرێت تاوەکوو لقەکانیش وشک ببن، بۆیە دەبێت هەموو ئەو کەسانەی دەستیان هەیە لە هاوردەی ئەو دەرمانانە رێگایان لێ بگیرێت و دەروازەکان ئاگادار بکرێنەوە. *ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی "رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون"، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.
درەو: فەرمان سادق - بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بازرگانان دەیانەوێت بەهەر نرخێک بێت، کاڵای کواڵێتی خراپ داخڵ بکەن، بە تایبەت کاڵای ئێرانی وتورکی، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەتە بە پاراستنی مافی بەکاربەر نییە، ئابووریناسێکیش دەربارەی ئەو کاڵایانەی لە مەرزەکان ژێرخاک دەخرێن یان دەسووتێندرێن دەڵێت "لە دیوە ئابوورییەکەیەوە ئەوا زیان گەیاندنە بە سەرمایەی ئابووری کوردستان، بۆیە ئەگەر بەهای هەر تۆنێک تەنیا 200 دۆلار بخەملیندرێت، دەیان ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری هەرێم دەگەیەنێت". بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوبەرایەتی گومرگی هەرێمی کوردستان، ساڵانە هەزاران تۆن کاڵای خۆراکی کواڵێتی خراپ لە مەرزەکانی هەرێم ژێرخاک دەخرێن،بەهۆی هاوتا نەبوونیان لەگەڵ ستانداردی عێراقی،هەروەها دەیان تۆنی دیکەی کاڵای نا خۆراکیش لە مەحرەقەکاندا دەسووتێنرێن،هاوکات بەشێك لەنوێنەرانی دەستەی ژینگەی شارەکانی کوردستانیش بێئاگایی خۆیان لەم پرۆسەیەی ژێرخاککردنە دەردەبڕن ودەڵێن"هەرێمی کوردستان رێکارێکی زانستییانەی نییە، ئەو کاڵایانەیشی لەناو شاریش لەناودەبرێن کێشەی ژینگەیان دەبێت و ناتوانرێت وەك وڵاتان لەناوببردرێن". رەشید موراد، سەرۆکی ئەنجومەنی عەلوەی زاخۆیە، باس لە ژێرخاک خستنی بارێکی (ترێ) دەکات لەبەرئەوەی نەیزانیوە کاتی قەدەغەی هاوردەکردنی ترێیە، زۆر هەوڵیداوە و داوایکردووە رێگای پێبدەن بارە ترێیەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا، بەڵام بەرپرسانی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بە بەرچاوی خۆی، ترێیەکەیان ژێرخاک خست و خەرجییەکەشیان لێسەندووە. ئەم رووداوە پێش چوار ساڵ بووە، وەك رەشید باسی دەکات "لەسەر ئەم بابەتە گوشارێکی زۆریان کرد کە ئەگەر کاڵایەک بە کەڵک نەیەت رێگە بە بازرگانەکان بدرێت بیگەڕێننەوە بۆ وڵاتی سەرچاوە". هەروەها دەڵێ "پارساڵ، بارێکی مێوژی ئۆکرانیم هێنا، لە گومرگ دەرنەچوو، ئەگەرچی کوالێتییەکەی زۆر باش بوو، بەڵام بە ناچاری گەڕاندمەوە ئۆکرانیا". "دەستەی ژینگە ئاگاداری لەناوبردنی کاڵا خراپەکان نییە" لەگەڵ ئەوەی بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوبەرایەتی گومرگی هەرێم بێت، ساڵانە هەزاران تۆن کاڵای خۆراکی لەو مەرزانە ژێرخاک دەخرێن بەهۆی هاوتا نەبوونیان لەگەڵ ستانداردی عێراقی، هەروەها دەیان تۆنی دیکەی کاڵای نا خۆراکیش لە مەحرەقەکاندا دەسووتێنرێن، هاوکات بەشێك لە نوێنەرانی دەستەی ژینگەی شارەکانی کوردستان بێئاگایی خۆیان لەم پرۆسەیەی ژێرخاککردنە دەردەبڕن. شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ دەڵێت "ئێمە لە دەروازەکان بەپێی مادەی 68ـی یاسای 23ـی ساڵی 1968 مامەڵە لەگەڵ کاڵای داخڵکراو بۆ ناو کوردستان دەکەین، ئەگەر کاڵایەکە لەگەڵ ستانداردی عیراقی نەگونجێت ئەوا بازرگانەکە سەرپشک دەکەین لەوەی کە کاڵایەکەی بگەڕێنێتەوە ئەو وڵاتەی لێیەوە هێناویەتی یانیش هەر لە گومرگ لەسەر خەرجی خۆی لەناو دەبردرێت. بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ سەبارەت بە لەناوبردنی کاڵاکان ئاماژە بەوە دەکات کە "بە نووسراوی فەرمی، بەڕێوەبەرایەتی گومرگی لێ ئاگادار دەکرێتەوە، پاشان لیژنەیەکی پێنج کەسی پێکدەهێنرێت لە نوێنەرانی گومرگ، بەڕێوەبەرایەتی دەروازە، کەرنتینەی گومرگ کە ئایا تەندروستییە یان ڤێتەرنەری یانیش کشتوکاڵییە نوێنەریان ئامادە دەبێت، لەگەڵ ئاسایش، ئەو بارەی هاتووە ئەگەر خۆراکی بێت ئەوا لە شوێنی تایبەتی خۆمان ژێرخاک دەخرێت، چونکە کێشەی بۆ ژینگە نییە، ئەگەریش پلاستیک و شتی نا ئۆرگانی بێت ئەوا لە مەحرەقە دەسووتێنرێت". وتیشی "ئەگەر بازرگان داوای گەڕاندنەوەی بارەکەی بکات بۆ وڵاتی سەرچاوە ئەوا هەر ئەو لیژنەیە لەگەڵی دەبێت تا دوا خاڵی سنوور". باسی لەوەش کرد کە "رێکاری لەناوبردن و سووتاندنی کاڵا نا ئۆرگانییەکان بە مەحرەقەی تایبەت ئەنجام دەدرێن، هەمان ئەو مەحرەقانەیە کە لە دونیا بەکاردەهێنرێن و لەمەشدا رەچاوی ژینگەپارێزی دەکرێت". ئاشکراشیکرد" کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (هەزار و 156 تۆن و 850 کیلۆ) گەڕێندراوەتەوە وڵاتی سەچاوە، هەروەها ( 569 تۆن و 44 کیلۆ) بابەتی نا خۆراکیش گەڕیندراوەتەوە، ئەوانەشی لەناو براون ( 127 تۆن و 128 گرام) بابەتی خۆراکی ژێرخاک کراون، هەروەها بابەتی ناخۆراکیش( 13 تۆن و400 کیلۆ) لەناو براوە. هەرێمی کوردستان لە رێگەی ( 26 )مەرزی فەرمی و نا فەرمی بە ئێران و تورکیاوە بەستراوەتەوە، ساڵانەی بە بەهای نزیکەی( 18) ملیار دۆلار لەم دوو وڵاتە کاڵا داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بە 650 کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، دوو مەرزی نێودەوڵەتی و ( 18) مەرزی فەرمی لەنێوانیان هەیە، لەگەڵ تورکیاش کە سنوورەکەی 350 کیلۆمەتر دەبێت، یەک مەرزی نێودەوڵەتی هەیە کە ئەویش ئیبراهیم خەلیلە. هەرێم لە رێگەی مەرزە نێودەوڵەتییەکانی باشماخ و مەرزە فەرمییەکانی سەیران بەن، زەڵم، شوشمێ، کەناروێ، ئەزمەک و پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و مەرزە فەرمییەکانی پشتە و تیلەکۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و مەرزە فەرمییەکانی زێد، بەرزاگر و هەزیر لە سنووری پارێزگای هەولێر، مەرزە فەرمییەکانی شیوە رەز، هەڵشۆ، هێرۆ، قەندیل، گەناو و کێلێ لە سنووری ئیداری راپەڕین بە وڵاتی ئێران بەستراونەتەوە، هەروەها لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل و مەرزە فەرمییەکانی ئالۆکە، خابوور و سەر زێڕ لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە تورکیاوە بەستراونەتەوە. "ئەو کاڵایانەی لە پشکنینی بایۆلۆجیدا دەرناچن ناگەڕێنرێنەوە و دەبێ لەناوببردرێن". لەسەر ئەم بابەتە بێریڤان ئاوات، ئەندازیاری خۆراك باس لەوە دەکات" کە لە هەردوو مەرزی پشتە و تەوێڵە کە دوو مەرزی نا نێودەوڵەتین کە هەر کاڵایەک لە پشکنینی فیزیایی دەرنەچێت ئەوا ماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە بە بازرگانەکە دەدرێت بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە". ئاماژەش دەدات بەوەی "زۆرینەی بازرگانان لەو حاڵەتەدا کاڵاکانیان دەگەڕێننەوە، چونکە تووشی زەرەر و زیان دەبن". ئەم ئەندازیارە لەدرێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی درکاند کە "ئەو کاڵایانەی لە پشکنینی فیزیایی دەردەچن و لە پشکنینی بایۆلۆجیدا دەرناچن، رێگا بە بازرگانان نادرێت کاڵاکانیان بگەڕێننەوە و دەبێ لەناوببردرێن". بەڵام لەهەمانکاتدا دان بەوەدا دەنێت کە بۆ لەناوبردنی کاڵاکان "هەرێمی کوردستان رێکارێکی زانستییانەی نییە، ئەو کاڵایانەیشی لەناو شاریش لەناودەبرێن کێشەی ژینگەیان دەبێت و ناتوانرێت وەك وڵاتان لەناوببردرێن". "ساڵانێک پێش ئێستا دەسووتێنرا یان دەخرایە ژێرخاک، لەهەردوو باردا زیانی بۆ ژینگە هەیە، تەنانەت لەو دوو مەرزەی منی لێم نوێنەری دەستەی ژینگە نابینم ئامادە بێت لەسەر شێوازی لەناوبردنەکە". بێریڤان ئاوات وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر کاڵایەکە خۆراکیش بێت، خۆ بە کیسی نایلۆن یان سندوقی پلاستیکی هەڵگیراون، ئەمەشی لەگەڵ ژێرخاک دەخرێت. "لە مەرزەکانی هەریمی کوردستاندا ئەرکی پشکنینی کاڵاکان بە کەرتی تایبەت سپێردراوە" دوای بەدواداچوونمان بۆ ئەم بابەتە بۆمان دەرکەوت کە لە مەرزەکانی هەرێمی کوردستاندا پشکنینی فیزیایی، بایۆلۆجی و کیمیایی بۆ کاڵا خۆراکی و ناخۆراکییەکان ئەنجام دەدرێن و دراوەتە کەرتی تایبەت و بۆئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان، سەرجەم مەرزە فەرمی و نافەرمییەکانی لە گروپێکی واتسئاپ کۆ کردووەتەوە و لە رێگەی ئەو گروپەوە ئاگاداری یەکتر دەکەنەوە لە پەسند نەکردنی هەر بارێک و رێگریکردن لەوەی بازرگانەکە هەوڵبدات بەناوی گەڕاندنەوەی بۆ وڵاتی سەرچاوە، بیەوێت لە مەرزێکی دیکە داخڵی بکات. بێریڤان ئاوات ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە "مەرزەکان بوونەتە گۆڕستانی کاڵا و وڵاتان بەتایبەت ئێران و تورکیا، دەشڵێت؛ باری وەها هەبووە بازرگانەکە ویستوویەتی داخڵی بکات و رێگری لێکراوە، کەچی بازرگانەکە هەوڵیداوە بە هەڕەشە و واستە داخڵی بکات. دڵخۆشی خۆشی بەوە دەربڕی کە رێگەیان نەداوە ئەو بارە بێتە ناو هەرێمی کوردستان و تەنانەت مەرزەکانی دیکەیشیان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە". لە هەرێمی کوردستاندا یاسایەکی تایبەتە بە پاراستنی مافی بەکاربەر نییە، ئەوەی هەیە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی کوردستانە کە تیایدا هاتووە تا ئەو کاتەی یاسایەکی تایبەت بە مافی بەکاربەر دەردەچێت یاسای پاراستنی بەکاربەری عێراق ژمارە 1ی ساڵی 2010 لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. کە سزاکانی سەرپێچیکار لە ئاستی گەورەیی سەرپێچیکاردا نییە لە هاوردەکردنی بابەت و کاڵای کواڵێتی خراپ، کە خۆی لە بەندکردن لە ماوەیەك لە سێ مانگ کەمتر نەبێت یان پێبژاردنی ماددی لە یەك ملیۆن دینار کەمتر نەبێت. بەڵام بەگوێرەی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ژمارە (8)ـی ساڵی 2008، لە بەشی پێنجەمی یاساکەدا و لە مادەکانی (34،35،36)ـی یاساکەدا ئاماژە بە چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ مادە قەدەغەکراوەکان وتیشکدەرەوەکان کراوە و رێگری دەکات لە ژێرخاک خستنیان، هەروەها لە بەشی شەشەمی یاساکەدا لە مادەکانی (37،38،39)ـدا لە پرسی هاوردەکردنی مادە قڕکەرەکان ئەوە هاتووە؛ هاوردە و بەکارهێنانی ئەو مادانە دەبێت بە هاوکاری بێت لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق و بۆ ئەمەش لیژنەیەک لە هەرێمی کوردستان دادەمەزێت کە بایەخ بە تۆمارکردنی مادە قڕکەرەکان دەدا بەپێی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیان لە ساڵی 2023 دا وشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ( 118 تۆن و 485 کیلۆ) کاڵای هاوردە لەناوبراون، هەروەها لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە ساڵی 2023 دا وشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ (هەزار و 577 تۆن) کاڵا لەناوبراون، لە هەردوو مەرزی سەیران بەن و تەوێڵە لە سنووری گومرگی پارێزگای سلێمانی ( 648 تۆن و 960 کیلۆ) لە ساڵی 2023 دا و شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لەناوبراون، هەرچی لە مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانە، ( 141 تۆن و 575 کیلۆ ) کاڵا لەناوبراوە. "دەستەی ژینگە هیچ نوێنەرێکی لە مەرزەکاندا نییە" بەپێی زانیارییەکان ژێرخاکخستنی کاڵاکان لەناو مەرزەکان ئەنجام نادرێن، بەڵکو لە دووری مەرزەکان ژێرخاک دەخرێن، بۆ ئەمەش لە هەر مەرزێک سەدان دۆنم زەوی بۆ ژێرخاک خستنی کاڵاکان بەکارهاتووە و کۆی تێچووی ژێرخاک خستنەکەش دەکەوێتە ئەستۆی بازرگانەکە. بۆ ئەم مەبەستە ئازاد نوری عەولا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگە رایدەگەیەنێت "دەستەی ژینگە هیچ چاودێرێکی لە مەرزەکان نییە و هیچ هاوڵاتییەکیش لەسەر ئەم پرسە ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە". هەروەها وتی "ژێرخاک خستنی ئەو کاڵایانە بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی خاک و ئاو". ئازاد نوری عەولا، باس لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە عێراق واژۆی لەسەر(20) رێککەوتن کردووە لەوانە رێککەوتنی (ستۆکهۆڵم، بازل، رۆتردام و مینامات) و زۆری دیکە، کە پەیوەندارن بە مادە مەترسیدارەکان و تیشکدەرەوەکان، ئەو مادانە بێ رەزامەندی ئێمە و دەستەی ژینگەی حکومەتی عێراق، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە بێتە ناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری، ئاماژەی بەوەشکرد "کە پێشتریش داوایانکردووە کە وەک وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی نوێنەریان لە مەرزەکان هەبێت هاوشانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی، بەڵام بەهۆی کەمی فەرمانبەر و ئەو قەیرانە داراییەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئیشی لەسەر نەکراوە". وتیشی "مەترسی ژێرخاک کردنی ئەو کاڵایانە بەپێی جۆری کاڵایەکە دەگۆڕدرێت، خۆراکییەکان زیانیان نییە، زیانەکە لە پلاستیک و نایلۆندایە، لەبەرئەوە نابێت پلاستیک ژێرخاک بخرێت". لە رێگەی تەلەفۆنەوە، پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرانی فەرمانگەی ژینگەی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، گەرمیان و دهۆک کرد، هەر چواریان کۆك بوون لەسەر ئەوەی کە ئاگادار نین لە دەروازە سنوورییەکان چی روودەدات و نوێنەریشیان لە دەروازەکاندا نییە بۆ ئەوەی ئاگاداربن لە پڕۆسەی ژێرخاک خستنی کالا خۆراکی و سووتاندنی کاڵا نا خۆراکییەکان. سەرەتا دڵشاد عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆک رەتیکردەوە هیچ رێنماییەک هەبێت بۆ ئەوەی نوێنەریان لە مەرزەکان هەبێت، بەڵام دڵشاد خۆشناو، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر باس لەوە دەکات کە تەنیا هەندێک جار لە مەرزی حاجی ئۆمەران ئاگادار دەکرێنەوە نوێنەریان ئامادە بێت بۆ پڕۆسەی ژێرخاک خستن و سووتاندن. ئاشکراشی دەکات کە "ئەمساڵ، دوو بۆ سێ حاڵەت هەبووە تەلەفۆنیان کردووە و لەمبارەیەشەوە نوێنەریان لەسەر ئەمە راپۆرت ئامادە دەکەن". جەختیشی لەوە کردەوە کە"ئەو کاڵایانەی زیانیان بۆ خاک و هەوا و ئاو هەبێت، رێگە نادرێت لەناو خاکی کوردستان لەناو ببرێن و رەوانەی وڵاتی سەرچاوەی دەکەنەوە". دکتۆر سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت "لە هەموو مەرزەکان نوێنەری وەزارەتی تەندروستی هەیە و ئەو پڕۆسەیەی لەوێش ئەنجامدەدرێت بە تەواوەتی بەگوێرەی رێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتەکەیە". لەلایەکی دیکەوە هیوا عومەر، سەرۆکی رێکخراوی( بیمە )کە رێکخراوێکە گرنگی بە ژینگە دەدات، ئاماژە بە کۆنفراسێکی دوو ساڵ پێش ئێستایان دەکات ودەڵێت "لەو کۆنگرەیەدا پێشنیارمان کرد نوێنەری ژینگە لە مەرزەکاندا هەبێت، ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەی کە ئەو کاڵا خۆراکی و نا خۆراکیانەی داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێن، پێویستە رەچاوی لایەنی ژینگەشی بکرێت هاوشێوەی پشکنینی تەندروستییەکانی وەک فیزیایی، کیمیایی و بایۆلۆجی، کە ئەمە دەستەی ژینگەش پشتڕاستی کردووەتەوە و جێبەجێ ناکرێت، چ جای ئەو کاڵایانەی ژێرخاک دەخرێن". "بەداخەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا روئیایەکی بۆ ژینگە نییە تاوەکو کەڤەرێك بێت بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رەنگبداتەوە لەمەرزەکان، هەروەها گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا". هیوا عومەر وادەڵێت روونیشی دەکاتەوە" کە ئەو یاسایەی دەستەی ژینگە هەیەتی، دەست و قاچی بەستوون و ناتوانێت چاودێری ژینگە بکات وەک پێویست". وتیشی "دەستەی ژینگە دەبێت بەهەمان شێوەی پۆلیسێکی هاتوچۆ بێت کە چۆن ئۆتۆمبێلێک لە شەقامەکان دەبینێت کە سەرپێچی دەکات، راستەوخۆ سزای دەدات، دەستەی ژینگەش دەبێت وابێت". هیوا عومەر، رەخنەی لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم دەگرێت کە سیاسەتێکی ژینگە دۆستی نییە، بۆیە لە مەرزەکان نوێنەریان نییە و تەنانەت لە پاڵاوگەکانیش هیچ نوێنەرێکیان نییە. دەشڵێت "یەکێک لە پێشنیارەکانی کۆنفراسەکەی دوو ساڵ پێش ئێستامان ئەوەبوو کە دەبێت یاسای ژینگە هەموار بکرێتەوە و دەسەڵاتی زیاتر بە دەستەکە بدرێت نەک تەنیا چاودێر بێت". هەروەها دەربارەی ئەو کاڵایانەی لە مەرزەکان ژێرخاک دەخرێن یان دەسووتێندرێن دەڵێت "لە دیوە ئابوورییەکەیەوە ئەوا زیان گەیاندنە بە سەرمایەی ئابووری کوردستان، بۆیە ئەگەر بەهای هەر تۆنێک تەنیا 200 دۆلار بخەملیندرێت، دەیان ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت". پسپۆڕێكی ئابووری : هەرێمی کوردستان بە بەهەشتی کاڵای کوالێتی خراپی وڵاتان وەسفدەکات پسپۆرێکی ئابووری وسەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی ئابووریناسانی کوردستان، لەو بڕوایەدایە ئەوانەی کاری بازرگانی مەترسیداری لەو شێوەیە دەکەن دەزانن کواڵێتی بابەتی هاوردەکانیان لەئاستی پێویستدا نییە، بەڵام بۆ قازانج ئەو ریسکە دەکەن. د. ئەیوب سماقەیی، روونیشیدەکاتەوە کە "لە دونیادا شتی وەها نییە بازرگانان سەرکێشی بە سەرمایەکانیان بکەن، جگە لە کوردستان نەبێت، بۆیە بەپێی یاسایەکی ئابووری هەموو ئەو کارانەی ریسکیان زۆرە ئەوا قازانجیشیان زۆرە". هاوکات لەمبارەیەوە هەرێمی کوردستان بە بەهەشتی کاڵای کوالێتی خراپی وڵاتان و بەهەشتی پیسبوون وەسفدەکات. ئەوەشی خستەڕوو کە لە رووی ئابوورییەوە "هیچ بازرگانێک ئامادە نییە سەرمایەکەی خۆی بخاتە مەترسییەوە، بەڵام ئەوانەی کاڵاکانیان لە دەروازە سنوورییەکان دەستی بەسەردا دەگیردرێت، پێشتر ئەزموونی ئەوەیان هەیە کە پێشتر دەیان باری دیکەیان داخڵ کردووە و قازانجی زۆریان کردووە". پێشیوایە ئەوەی روودەدات " نیشانەی لاوازییە لە یاسای پاراستنی ژینگە، وەبەرهێنان، بازرگانی، دامەزراندنی کۆمپانیاکان و یاسای جولەی دەستی کار". بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ( 35 هەزار و 666 ) کۆمپانیای ناوەخۆ و بیانی لە کوردستان تۆمار کراون. سەبارەت بە قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، بەگوێرەی ئەوەی لە ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی هەرێم و باڵوێزخانەی تورکیا و وەزارەتی بازرگانی عێراق و باڵیۆزخانەی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵ تا حەوت مانگ، قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان سەرووی (10ملیار( دۆلاربووە. لەگەڵ ئێرانیشدا لەماوەی ساڵی 2023 دا لە نێوان دوو تا سێ ملیار دۆلار بووە، لەهەمانکاتدا سەرووی سێ ملیار دۆلار قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و ئێرانە بە ناو هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت. *ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی "رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون"، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.
د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق بەپێی ڕاگەیەنراوە فەرمی و دزەپێكراوەكان، بڕیارە لەماوەی دوو ساڵی ئایندەدا (تا كۆتایی 2026) هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عێراق بە چەند قۆناغێك بكشێنەوەو كۆتایی بە ڕۆڵی "هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش" بهێنرێت، كە دەوروبەری 10 ساڵە دەستبەكارە. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی وردەكاری و لێكەوتەكانی ئەم پلانە هەڵوێستە دەكات. پەرەسەندنەكانی پلانی كشانەوە بەپێی بڕگە سەرەكییەكانی پلانی ئاشكراكراوی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، تا ئەیلولی ساڵی داهاتوو (2025) سەدان سەربازی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە لەژێر فەرماندەیی سوپای ئەمریكادان، لە عێراق دەكشێنەوە؛ ئەوانەش كە دەمێننەوە، تا كۆتایی 2026 عێراق بەیەكجاری بەجێ دەهێڵن. زانیارییە بەردەستەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن ئەم پلانە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر كراوەو تەنیا هەنگاوەكانی كۆتایی ماون. لەئێستایشدا بەهۆی بارودۆخی جەنگی غەززەوە ڕاگەیاندنی دوا كەوتووە[1]، بۆ ئەوەی نەبنە دەستكەوت بۆ گروپەكانی دژ بە ئەمریكا؛ جگە لەوەش هەندێك وردەكاریی پلانەكە هێشتا یەكلایی نەبوونەتەوەو لە قۆناغی دانوستاندان. زانیارییە فەرمییەكان باس لەوە دەكەن ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق 2500 سەربازن، جگە لەوە 900 سەربازیش لە سوریان و بۆ پشتیوانیی "هێزەكانی سوریای دیموكرات" دژ بە داعش لە ئەركدان؛ چالاكییەكانی سوپای ئەمریكاش لە هەردوو وڵات لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدایە كە ساڵی 2014 پێكهێنراوە[2]. بەڵام ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی دەڵێت "هیچ پێویستییەك بۆ هەبوونی ئەو هێزە ئەمریكییە لە عێراقدا نەماوە لە پاش شكستی داعش"، بەتایبەت كە عێراق خۆی "توانای مامەڵەكردنی لەگەڵ پاشماوەكانی داعش هەیە" بە قسەی سەرۆك وەزیران؛ هەروەها دڵنیایی دەدات لەوەی عێراق لە قۆناغی جەنگەوە، چووەتە دۆخی ئۆقرەیی و چیتر "داعش مەترسییەكی جددی نییە بۆ عێراق" [3]. بەپێی پلانە ئاشكراكراوەكە، كشانەوەكە بە دوو قۆناغ دەبێت: قۆناغی یەكەم لە ئەیلول/ سێپتەمبەری ئەمساڵ (2024) دەست پێ دەكات و تا ئەیلول/ سێپتەمبەری ساڵی داهاتوو (2025) دەخایەنێت؛ قۆناغی دووەمیش، دەبێت تا ئەیلول/ سێپتەمبەری 2026 كۆتایی پێ بێت كە تێكڕا دەكاتە دوو ساڵ.[4] هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا بەرپرسێكی ئەمریكی ئەوەی دركاندووە كە ڕێككەوتنی كشانەوە لە عێراق ڕێگە بە ئەمریكا دەدات لە عێراقەوە هاوكاری پێشكەش بە سوپاكەی بكات لە سوریا (900 سەرباز)[5]؛ واتە كشانەوەكە لێكەوتەی لەسەر كانتۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات (ڕۆژاوا) نابێت. پاڵنەرەكانی سەرهەڵدانەوەی كشانەوە كۆدەنگییەكی شیعی هەیە لەبارەی پێویستی و گرنگیی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق؛ ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە بڵاوبوونەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق، ڕێگرە لە سەربەخۆیی و سەروەری و، مەترسییە بۆ سەر دراوسێكانیش (ئێران). لە ئۆكتۆبەری 2023 بەدواشەوە گروپە شیعەكانی عێراق و هێزەكانی ئەمریكا دوژمنایەتییەكی نوێیان بۆ دروست بووەو عێراق بووەتە بەشێك لە بەرەی جەنگ دژی ئەمریكاو ئیسرائیل و، هێزە پەڕگیرە شیعەكان سورن لەسەر ئەوەی "واشنتۆن كۆتایی بە دەستیدەستیكردن لە دۆسیەی كشانەوە لە بنكە سەربازییەكان بهێنێت و، هەژموونی خۆشی لەسەر گرێبەستەكانی پڕچەككردنی عێراق هەڵگرێت"[6]. باوەڕی زاڵیش ئەوەیە حكومەتی عێراق لەژێر گوشاری گروپە شیعە چەكدارەكان و لێكەوتەكانی جەنگی غەززەدا سەرەتای ئەمساڵ (2024) ناچار بووە لەگەڵ ئەمریكا دەست بە دانوستان بكات بۆ گەیشتن بە خشتەیەكی كاتیی كە كۆتایهاتنی ئەركی "هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش" لەخۆ بگرێت[7]. لە لایەكی دیكەوە شرۆڤەكارو ئاگادارانی ڕەوشی ئێران باس لەوە دەكەن هاتنی "مەسعود پزیشكیان"ی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ عێراق بەشێكی بۆ ئاسانكاریكردنی كشانەوە بووە؛ بەو پێیەی ئێران یارمەتیی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیییەكانی عێراق بدات و كورد لە بەغدا نزیك بكاتەوە، بۆ ئەوەی دانانی خشتەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا خێراتر بكرێت و لەمپەری بۆ دروست نەبێت[8]. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش ئەوەی دركاندووە ئەمریكییەكان نیگەرانن كە ئێران، عێراقی كردووە بە یەكەم وێستگەی سەردانە دەرەكییەكانی پزیشیكان كە ژمارەیە بۆ هەڵكشانی نفوزی ئێران و باڵەكانی لەم وڵاتە.[9] دۆخی هەرێمی كوردستان لێدوانە فەرمییەكانی هەرێم هێشتا داعش بە مەترسی دەبینن؛ ڕۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانانیش بە گرنگ دەبینن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و مەترسیی تیرۆر. وەزیری دەرەوەی عێراقیش، فوئاد حسێن، كە كوردە، لە یەكێك لە سەردانەكانیدا بۆ واشنتۆن ڕاشكاوانە ڕایگەیاند: كوردو سوننەو بەشێك لە شیعە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا نین؛ بۆ ئەمەش پاساو و هاندەریان هەیە؛ بەڵام شیعەكان ئەمەیان بەئاشكرا نەوتووە[10]. بەپێی ڕاپۆرتی "واشنتۆن پۆست"یش لێكگەیشتنی بنەڕەتیی نێوان بەغداو واشنتۆن لەبارەی سوپای ئەمریكاوە، دەرفەت دەدات بەجێهێشتنی هێزێكی بچوك لە هەرێمی كوردستان كە ئەركی پاراستنی هەرێمە لە هێرشی باڵەكانی سەر بە ئێران. میدیا ئەمریكییەكە ئەم زانیارییەی لە زاری بەرپرسێكی عێراقییەوە گواستووەتەوە بەبێ باسكردنی وردەكاریی زیاتر؛ بەڵام ڕۆژنامە ئەمریكییەكە بەگشتی هۆشداریی داوە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2011ی كشانەوەی ئەمریكا كە عێراقێكی لەرزۆكی بەجێهێشت كە گیرۆدەی ناكۆكیی ئیتنی و گەندەڵی و لاوازی بوو. ئەمەیش دەرفەتی ڕەخساند بۆ دەركەوتن و پەرەسەندنی داعش لەسەر خاكەكەی. لەم بارەیشەوە "دانا سترۆل" بەرپرسی توێژینەوەكانی پەیمانگەی واشنتۆن جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت كشانەوەكەی سوپای ئەمریكا گەرەنتیی ئەوەیشی لەگەڵدا بێت وڵات نەبێتە گۆڕەپانێك بۆ ئێران و، چارەسەری بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی گەندەڵی لەخۆبگرێت و یارمەتیی هێزە ئەمنییەكانیش بدرێت لە ئەركی خۆیان[11]. جۆری پەیوەندییەكانی پاش كشانەوە ژمارەیەك لە كۆنگرێسمانە ئەمریكییەكان باوەڕیان وایە هەر كشانەوەیەكی بێ بەرنامەی ئەمریكا لە عێراق، ڕێگە بە داعش دەدات خۆی ڕێكبخاتەوە یان دەرفەتی ئەوە بە ئێران دەدات بۆشاییەكەی ئەمریكا پڕ بكاتەوە[12]. بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەخت دەكاتەوە ئەوان كار بۆ "گواستنەوەیەكی ڕێكخراو"ی "هاوبەشی ئەمنیی دووقۆڵیی هەمیشەیی" دەكەن لەپاش كشانەوە[13]، كە ئەمەیش ئاماژەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی عێراق- ئەمریكا كە ساڵی 2008 واژۆ كراوە. لە دیمانەكەی "بلومبێرگ"یشدا سودانی هەر جەختی لەوە كردووەتەوە كە پاش كشانەوە، عێراق و ئەمریكا بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی لەبوارە ئەمنی و ئابورییەكاندا. لەبارەی شێوازی ئەو هەماهەنگیەشەوە ڕاپۆرتە ئەمریكییەكان باس لەوە دەكەن لە چوارچێوەی نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا دەبێت لە عێراق، بەبێ ئەوەی پێویست بكات ئەمریكییەكان بەشداریی ڕاستەوخۆی شەڕ بكەن"[14]. لەمپەرەكانی بەردەم كشانەوە ئەگەرچی ڕێككەوتنی كشانەوە بە شێوەیەكی بەرایی و بنەڕەتی گەڵاڵە كراوە بەپێی ڕاگەیەنراوە فەرمییەكان، بەڵام بەپێی ئاماژە بەردەستەكان كۆمەڵێك لەمپەر و ڕێگر لە بەردەم پرۆسەكەدا هەن كە گومان لەسەر گەرەتنیی پلانەكە دەكەن و دەشێت بەم شێوەیە گەڵاڵە بكرێن: - بەپێی ڕاپۆرتێكی دەزگەی “Century foundation”ی ئەمریكا خشتەی كشانەوەی هێزەكانی واشنتۆن لە عێراق، مەرجدارە بە ڕاگرتنی هێرشی باڵە ئێرانییەكان؛ ئەمەش كارێكە لە توانای حكومەتی عێراقدا نییە گەرەنتی بكات[15]. - ئیدارەی بایدن نایەوێ تا كۆتایهاتنی هەڵبژاردن (نۆڤەمبەری 2024) هیچ هەنگاوێك بنێت لەبارەی كشاندنەوەی سوپاكەی، بەتایبەت كە ئێستا دۆسیەی كشانەوە لە ئەفغانسان بەشێكە لە هەڵمەتی گەرمی هەڵبژاردن. لەبەرامبەریشدا حكومەتی عێراق نایەوێت تاكلایەنە هێزەكانی ئەمریكا دەربكات لەترسی لێكەوتەی دارایی و، خوازیارە پرۆسەكە بە لێكگەیشتن بڕوات. - زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكاو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئامادە نین دەستبەرداری عێراق ببن؛ لەو سۆنگەیەی پێگەیەكی گونجاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران. لەسەر زەمینیش هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ جموجۆڵی هێزەكانی ئەمریكاو، دیارە وڵاتە یەكگرتووەكان خاوەخاو دەكات چونكە دەزانێت عێراق گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران[16]. - شارەزایانی سەربازی باس لەوە دەكەن هێشتا هێزەكانی عێراق لەڕووی هێزی ئاسمانییەوە پێویستیان بە یارمەتیی ئەمریكی و نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەت ئەوەی كە پەیوەستە بە سیستەمی ڕادار یان بەرەنگاربوونەوەی ئامانجە دیاریكراوەكان [17]. بەپێی زانیارییەكانیش لە دانوستانەكاندا هێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە ئایا ئەمریكا یارمەتیی ئاسمانی پێشكەش بە عێراق دەكات یان نا[18]. - لایەنی ئەمریكی نایشارێتەوە زۆر وردەكاریی دۆسیەی كشانەوە هەن، بە وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە پەیوەستن؛ ئەوەش هێشتا یەكلایی نەكراونەتەوە[19]. - بەردەوامیی جەنگی غەززەو كردنەوەی بەرەی جەنگ لە لوبنان و ئاسایشی ئیسرائیل و ئاسایشی هاوپەیمانەكانی تری ئەمریكا لە ناوچەكە (ئوردن و كوێت و سعودیەو وڵاتانی تری كەنداو)، ڕێگرن لە كشاندنەوەی كتوپڕی سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراق و بەجێهێشتنی بۆ باڵە ئێرانییەكان. - زۆربەی سیستەم و كەرەستە سەربازییەكانی عێراق، ئەمریكین و بەبێ ڕاوێژكاری ئەمریكی و بەبێ ئەپدەیتی ئەمریكی دووچاری كێشەو تەنگژەی زۆر دەبنەوەو، عێراقیش ناتوانێت لەوبارەیەوە پێداگریی زۆر بكات[20]. - بە كشانەوەی ئەمریكا بەبێ ڕێككەوتنێكی گشتگیری پێشوەختە، عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و ئەندامانی ناتۆ دەكەوێتە دابڕانەوە، چونكە هیچیان بەبێ ئەمریكا ئامادەی هاوكاری و مانەوە نین لە جەنگی داعش. - گومانی زۆر لەسەر توانای سوپای عێراق و سیستەمی ئەمنیی وڵاتەكە هەیە لە توانای بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە دەرەكییەكان بەبێ پشتیوانیی ئەمریكا[21]، بەتایبەت كە لە ئابی ڕابردوودا ئەمریكا كوشتنی 15 چەكداری داعشی لە ڕۆژاوای عێراق ڕاگەیاند[22]. - بەپێی لێدوانە فەرمییەكان پێكهاتەی كوردو سوننەو بەشێك لە شیعە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا نین لە ئێستادا و، بۆ ئەمەش پاساو و هاندەریان هەیە؛ بەڵام شیعەكان بەئاشكرا هیچ ناڵێن[23]. - سەرەتای ئەمساڵیش باڵیۆزە بەهێزەكەی ئەمریكا لە عێراق، "ئیلینا ڕۆمانۆڤسكی"، پێش سەردانی سودانی بۆ واشنتۆن هۆشداریی دا لەوەی داعش هێشتا مەترسییە، هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند باسی كۆتایهاتنی هاوپەیمانیی داعش لە ئارادا نییە![24]؛ هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا "ئیان ماکاری"، نوێنەری ئەمریکی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی داعش بەڕوونی ڕای گەیاندووە "لە ئێستادا هیچ پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نییە"[25]. سیناریۆ بەردەست و ئەگەرە ڕێتێچووەكان: یەكەم: كشانەوەی تەواوەتیی هێزەكانی ئەمریكا بەو شێوەی گروپە شیعەكان پێداگریی لەسەر دەكەن وەك بەشێك لەپاكتاوی حیسابات لەگەڵ ئەمریكا لە ناوچەكە. ئەمەش لێكەوتەو لەمپەری زۆری لە بەردەمدایە و جێبەجێكردنی زۆر قورسە ئەگەر مەحاڵ نەبێت لە مەودای نزیكدا. دووەم: مانەوەی سوپای ئەمریكا بە هەمان شێوەی خۆی كە 2500 سەربازە لە عێراق و گوێنەدان بە پێداگرییە عێراقییەكان لەو بارەیەوە. ئەم سیناریۆیەش شانسی سەركەوتنی زۆر نییە چونكە جگە لەوەی كشانەوەی ئەمریكا كۆدەنگییەكی شیعیی لەسەرە كە زۆرینەی حوكمڕانن، لە ئەمریكاش خواست زۆرە بۆ دووركەوتنەوە لە گێژاوی جەنگە بێكۆتایییە بەردەوامە تێچوو زۆرەكان، بەتایبەت لە عێراق كە ئەزموونێكی تاڵە بۆ ئەمریكا. سێیەم: سیناریۆی نزیك و ڕێتێچوو ئەوەیە تا كۆتایی ئەمساڵ گۆڕانێكی گەورە لە دۆخی سوپای ئەمریكادا ڕوو نادات؛ لە پاش ئەوەش ئەگەر هەردوولا لەسەر وردەكاریی كشانەوە ڕێككەوتن و یەكلایی كرایەوە، ئەوە جۆری پەیوەندییەكە دەگۆڕێت بۆ بەركاركردنی "ڕێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیی 2008" كە پەیوەندیی هەردوولای لە بواری ئاسایش و بەرگریدا كردووەتە دوورمەوداو درێژخایەن. پەراوێز و سەرچاوەكان [1] https://2h.ae/qBnA [2] https://2h.ae/OjdP [3] https://2h.ae/aTUP [4] https://2h.ae/iXbW [5] https://2h.ae/KslQ [6] https://bit.ly/49fb6rB [7] https://bit.ly/4afdorS [8] https://2h.ae/jSuB [9] https://2h.ae/wFdD [10] https://bit.ly/3TATujZ [11] https://2h.ae/wFdD [12] https://2h.ae/aTUP [13] https://2u.pw/4utvqpno [14] https://2h.ae/PamG [15] https://2h.ae/rZZm [16] https://2h.ae/rZZm [17] https://2u.pw/sVx8aZqx [18] https://2h.ae/KslQ [19] https://2h.ae/KslQ [20] https://bit.ly/49gURKC [21] https://bit.ly/4aCk4Ap ؛ https://bit.ly/43FPWBK https://bit.ly/43EdR4u [22] https://2h.ae/KslQ [23] https://bit.ly/3TATujZ [24] https://bit.ly/3TFUeoh [25] https://bit.ly/3vwD0S5 ئەم بابەتە بۆ (خانەی هزریی كوردستان) نوسراوە
راپۆرتی: درەو 🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای دهۆک ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛ 🔹 پارتی پلەی یەکەمی گرتووە و (261 هەزار و 543) دەنگی بە ڕێژەی (66%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران (354 هەزار و 101) دەنگی بەدەستهێنابوو. 🔹 یەکگرتووی ئیسلامی، بە پلەی دووەم دێت و (81 هەزار و 144) دەنگی بە ڕێژەی (20.5%) بەدەستهێناوەو لە ساڵی (2018) ژمارەی دەنگەکانی (43 هەزار و 525) دەنگ. 🔹 یەکێتی سێیەم بووەو (25 هەزار و 40) دەنگ و بە ڕێژەی زیاتر لە (6%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی (2018) (25 هەزار و 515) دەنگی هێنابوو. 🔹 نەوەی نوێ پلە چوارەمی گرتووە بە (19 هەزار و 292) دەنگ و ڕێژەی نزیک (5%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای دهۆکی بەدەستهێناوە، بەڵام لە (12/5/2018) ژمارەی دەنگەکانی گەیشتبووە (18 هەزار و 52) دەنگ. 🔹 هەریەک لە کۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کاندیدێکیانەبوو، بەڵام لە ساڵی (2018) گۆڕان (3 هەزار و 801) دەنگ و کۆمەڵی دادگەری (3 هەزار و 621) دەنگی بەدەستهێنابوو. دووەم؛ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 1. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای دهۆک بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای دهۆک و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی کە دابەشی سەر (3) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (261 هەزار و 543) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (66%). - یەکگرتووی ئیسلامی کە لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبوو، لە پلەی دووەمدا بووەو (81 هەزار و 144) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (20.5%). - هاوپەیمانی کوردستان (کە پێکهاتبوو لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام لە سنوری پارێزگای دهۆک تەنها یەکێتی لە دوو بازنەی پارێزگاکە کاندیدی هەبوو) پلە سێیەمی گرتووە و (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک (6.3%). - نەوەی نوێ لە پلەی چوارەمدا بوو، بە بەدەستهێنانی (19 هەزار و 292) دەنگ و ڕێژەی (4.9%)ی دەنگەکان. - کاندیدی سەربەخۆ تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن خۆیان پاڵاوتبوو (7 هەزار و 47) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (1.8%)ی دەنگەکان. - پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، بە بەدەستهێنانی (هەزار و 911) دەنگ و ڕێژەی (0.5%)ی دەنگەکان لە دوای سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانەوە بووە. - بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری لە هیچ بازنەیەکی پارێزگای دهۆک کاندیدیان نەبووە و هیچ دەنگێکیان لەو پارێزگایە تۆمار نەکردووە. 2. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران (12/5/2018) لە سنوری پارێزگای دهۆک بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە (18/5/2018) لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای دهۆک، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدایە بووە بە (354 هەزار و 101) دەنگ. - یەکگرتووی لە پلەی دووەمدا بووەو (43 هەزار و 525) دەنگی بەدەستهێناوە. - هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری پلە سێیەمی گرتبوو بە (25 هەزار و 664) دەنگ. - یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە (25 هەزار و 515) دەنگ پلەی چوارەمی گرتبوو. - نەوەی نوێ بە پلەی پێنجەم هاتبوو، بە بەدەستهێنانی (18 هەزار و 52) دەنگ. - بزوتنەوەی گۆڕان بە (3 هەزار و 801) دەنگ بە پلەی شەشەم هاتبوو. - کۆمەڵی دادگەری تەنها (3 هەزار و 621) دەنگی بەدەستهێنابوو و پلەی حەوتەمی گرتبوو. بۆ بەراوردی ژمارەی دەنگی لایەنەکان لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە نێوان هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەم و پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕوانە خشتە و چارتەکان. خشتە و چارتەکان دووەم؛ پارێزگای دهۆک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە ڕۆژی (20/10/2024) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) گشتی بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. بازنەی پارێزگای دهۆکە، کە (24 کورسی) گشتی و (1) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک پێکدێت لە قەزکانی (قەزای ناوەندی دهۆک، ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، زاخۆ، سیمێل و شێخان) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە. بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای دهۆک (264) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (هەزار و 595) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای دهۆک دەبێت". بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بریتییە لە (735 هەزار و 543) دەنگدەر، بەشێوەیەک (680 هەزار و 443) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (55 هەزار و 100) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆچەر هەمزە جگە لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، کە خۆیان لە وشکانی و کەمکردنەوەی شێ و کانزا خۆراکییەکانیدا دەبیننەوە، خاکی کشتوکاڵیی لەزۆربەی وڵاتانی دنیادا کەوتووتە بەر پراتیکی درێژ نەخایەن و زیادەڕۆیی لە بەرهەمدار کردنیندا، ئەویش بەهۆی پیشەسازیی پەیینی کیمیاییەوە کە دەبێتە هۆی تێکدانی ژیانی هەمە-جۆریی ناو خاک. پەیینی کیمیایی بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر ژینگە و تێکدانی خاک هەیە لە ئاستی ناوەندە زانستییەکانی جیهاندا، بەیەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سیستمی ژینگەیی دادەنرێت. هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لە کاریگەرییەکانی تێکچوونی ژینگە و خاک بەهۆی پەینی کیمیاییەوە، ئەویش بەچەند هۆکارگەلێکی جیاواز کە هەندێکی دەگەڕێتەوە بۆ نائاگای جووتیاران، هەندێکیش لەپێناو زیادکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان. دارا عەلی، جووتیارێکی ناچەی بازیانە، یازدە ساڵە خانووی پلاستیکی بەکار دەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی خەیار، ئێستاش وەک باسی دەکات بەرهەمەکەی زۆر کەمی کردووە، تەنانەت ماوەی بەرهەمەکەش کورت بووەتەوە و درێژە ناکێشێت. دارا عەلی دەڵێت، "سێ ساڵی یەکەم، یەک وەرز خەیارم دەچاندو تا مانگی یانزە بەرهەمم باش بوو، بەڵام ئێستا بەرهەم کورت مەودایە و کەمتر بۆتەوە، ڕەنگی قەد و گەڵاکانیشی زەردو لاواز بووە، وای لێهاتووە بەو پەینە نەبێت بەرهەمم نابێت". ئەم جووتیارەی ناوچەی بازیان لە سلێمانی، هۆکاری سەرەکی کەمی بەرهەمەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ زۆر بەکارهێنانی پەینی کیمیایی، باسی ئەوەش دەکات کە ئەو هیچ زانیارییەکی لەسەر بەکارهێنانی ئەو پەینانە نەبووە کەبەکاری هێناون، کەسیش ڕێنمایی نەکردووە، "مەمنون دەبم ئەگەر یەکێک هەبێ چارەسەرێکم پێ بڵێت چونکە خاکەکەم تەواو بێهێز بووە"، ئەو وا دەڵێت. دکتۆر کەمال حەمەکریم لە بەشی سامانە سروشتییەکان لە کۆلیجی زانستە ئەندازیارییەکان لەبارەی پەیینی کیمیاییەوە دەڵێت، "ماددەیەکی دەستکرد کە یەکێک یان زیاتر لە توخمە خۆراکییەکانی تێدایە وەک نایترۆجین، فسفۆر و پۆتاسیۆم کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنان و گەشەی ڕووەکەکان". شێوازی بەکارهێنانی پەیینەکە بەشێوەی پرژاندن یان بەشێوەی هێڵ لەنێوان ڕووەکەکانیاندا دادەنرێت، دەبێت کەمێک دوور بێت لە ڕەگی ڕووەکەکەوە یان بەشێوەی بازنەی دادەنرێت و لە دەوری قەدی ڕووەکەکە دەگیرێتەوە و بەشێوەی سپرای دەڕژێت بەسەر گەڵاکاندا، یان تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ ئاوی ئاودێریدا یان بەئامێری تایبەت وەک دەرزی بەقوڵایی شەش ئینج دەدرێ لەنزیک ڕەگی ڕووەکەکە. بەگوێرەی ڕێنماییەکانی ئەم پسپۆرە، ئەگەر ڕووبەری زەوییەکە فراوان بوو، هیلیکۆپتەر بۆ ڕشاندنی پەیینەکە بەکاردەهێنرێت، یان ئەگەر تۆبۆگرافییەکەی جیاواز بێت، دەکرێت بەشێوەی دەنکۆڵە بەتایبەت پەینە نایترۆجینییەکان لەگەڵ قوڕەکە تێکەڵ بکرێت، بۆ کێڵگەی برنج بە ڕێژەی 1 بۆ 10 دەنکۆڵە بە قوڵای پێنج سانتیمەتر لەنێوان ڕیزەکانی مەرەزەدا دادەنرێت. سەبارەت بە زیانەکانی پەینە کیمیاییەکان دکتۆر کەمال دەڵێت، "بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی زیادبوونی ترشیی خاک و کاریگەری خراپی لەسەر میکرۆبەکان دەبێت کە لە خاکەکەدا دەژین، هەروەها زۆربوونی ئافاتەکان. جگە لەوەش زیاد بەکارهێنانی پەینە نایترۆ جینییەکان دەبێتە هۆی گەرمبوونی بەرگەهەوا، بۆ نمونە نیترات لەناو خاکدا لە ئەنجامی کۆمەڵێک کارلێککردن بەهۆی Denitrifying Bacteria ئەم نیتراتە دەگۆڕێت بۆنایترۆجین و دەیکاتە بەرگی هەواوە، تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاوەکاندا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری پێکهاتەی خوێدا و دروستبوونی دیاردەی Eutrophication کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لەپێکهاتەی سیستمی ژینگەییدا وەک زیادبوونی بەرهەمهێنانی قەوزە و ڕووەکی ئاویی، ئەمەش کاردەکاتە سەر کەمبونەوەی جۆرەکانی ماسی و تێکچوونی گشتی کوالیتی ئاو". یەکێکی تر لە جووتیارەکانی ناوچەی بازیان لە ناشارەزای جووتیارانەوە دەست پێدەکات و دەڵێت "ئێمەی جووتیار کەمتر شارەزاییمان لەسەر پەینە کیمیاییەکان هەیە نازانین زیانیان کەمە یان زۆر، یان کامەیان زیانی لەوی تریان زیاتر و کەمترە، چونکە لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە پەیینی جۆراوجۆر دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، وەک ئەڵمانیا، چین، بەریتانیا و وڵاتی تر. ئێمە نازانین پەیینی کام وڵات باشە و هی کام وڵات خراپە". ڕێبوار خالید دەگێڕێتەوە کە چۆن جووتیارانی کوردستان زیاتر چاویان لەسەر نرخی پەیینەکەیە، بۆنمونە جۆری ئەڵمانیی هەیە كە بڕێکی بە 100 دۆلار دەفرۆشرێت، هەمان بڕی جۆری چینیی بە 50 دۆلارە، جووتیارەکان پەنا بۆ ئەمەی دووەمیان دەبەن، چونکە هەرزانترە. ئەمەش تاڕادەیەک بەگوێرەی قسە ئەو زیان بە ڕووەکەکانمان دەگەیەنێت. بەلای جووتیارەوە، پەیینی باش، گران لەسەر جووتیاران دەکەوێت و لەم بارەیەوە رێبوار خالید دەڵێت، "من لە 2017ەوە تا ئێستا کە دەکاتە 7ساڵ بەڕێژەیەکی دیاریکراو پەیین بەکاردەهێنم واتە بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکی و هەر 3 ڕۆژ جارێک 2 کیلۆ بۆ 2کیلۆ و نیو پەیینی کیمیایی بەکاردەهێنم نەک 5 کیلۆ، تا ئێستاش سوپاس بۆ خوا کێڵگەکەم بێ کێشەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە کە بەرهەمەکەم تەواو بوو خەیار بێت یان تەماتە یان بیبەر، خاکەکەم دەکێڵمەوە و پاشەڕۆی پەلەوەری دەواجینەکانی تێدەکەم یان پەینی ئاژەڵ و پاشان ئاوی دەکەینە سەر، چونکە باراناو ناگاتە خانووە پلاستیکییەکان، بۆیە ئەو ئاوە لە زستان دەبێتە زوقم و دەیبەستێت ئەمەش وەک جۆرێک لە پاراستنی خاکەکەم بەکاریدەهێنم". سەبارەت بە وەرگرتنی ڕێنمایی لە فرۆشیارانی پەیینە کیماییەکان باسی ئەوە دەکات کە ڕێنمای دەکرێن و هەر دوکانێک کە ئەو شتەکانی لێدەکڕێت دەبێت دوو ئەندازیاری لێبێت، کە لەلایەن حکومەتە و دانراون و ئەوان دیاری دەکەن کە بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکیی لە دەرمان ڕشاندندا 100سیسی یان 150 سیسی لەو دەرمانەی بۆ هەر 100 لیترێک. لە ڕووی ئاوادانەوە بۆ پەیینی کیمیایی، ڕێنمای ئەوەیان دەکەن کە بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکی دوو کیلۆ بەکار بێنین، بەڵام زۆر جار جوتیاران لەگەڵ ئەو ڕێنماییانە ناڕۆن زیادەڕۆیی دەکرێت. موسلیم محمد ئەندازیاری کشتوکاڵی باس لە زیانەکانی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی پەیینی کیمیاییدا دەکات و جۆری زیانەکانیش بەم شێوازەی خوارەوە ڕوون دەکاتەوە: کەڵەکەبوونی ماددە قورسەکانی وەک کادمیۆم، قوڕقوشم، مس، کرۆم، نیکڵ کە ئەم توخمە قورسانە دوای کەڵەکەبوونیان لەناو خاکدا دەمێننەوە و لەناو ناچن و لە ڕێگەی خۆراکەوە دەچنە لەشی مرۆڤەوە. بەمەش لەخانە چەورییەکانی لەشی مرۆڤدا کەڵەکە دەبن و کاریگەرییان هەیە لەسەر کەمبوونەوەی چالاکیی ئەندامەکانی لەش بەتایبەتی جگەر. هەروەها ئەم توخمە قورسانە کە دەڕژێنە ڕووبار و دەریاچەکانەوە دەبنە هۆی لەناچوون و کەمکردنەوەی گیانەوەرە ئاوییەکان بەتایبەت ماسی، ئەمە جگە لە پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی. زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی نایترۆجین دەبێتە هۆی دروستبوونی نیترات لەناو ئەو سەوزە و میوانەی ئەو جۆرە پەینەیان بۆ بەکارهاتووە، نیتراتیش لە لەشی مرۆڤدا دەگۆڕێت بۆ نیتریت کە ئەمیش لەگەڵ (ئەمینییەکان) یەکدەگرێت و ژەهر لە لەشی مرۆڤدا دروست دەکات و پێی دەوترێت نایترۆ-ئەمینی. ئەم ماددەیەش بەپێی توێژینەوەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە ماددەیەکی شێرپەنجەیی هەژمار دەکرێت. هەروەها زیاد بەکارهێنانی پەیینە کیماییەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکی بەکتریا و زیندەوەر و مێرووەکانی ناو خاک. زۆرجاریش دەبێتە هۆی لەناوچوونیان، بەمەش کرداری شیکردنەوەی ماددەکان لە خاکدا هێواش دەبێتەوە، هەروەها کەمبونەوە و دابەزینی بەرهەمهێنانی خاک بەو شێوەیەی کە ئێستا خاکەکەی دارا عەلی تووشی بووە. کێشەکە تەنیا کەمبوونەوەی بەرهەم نییە، بگرە ئەو بەرهەمە کەمەش کە هەیە ڕووبەڕووی نەخۆشی دەبێتەوە، ئەوەش دەرەنجامی ڕووەکەکانە بەرامبەر نەخۆشیی، واتا زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکاندا بەرگری ڕووەک بەرامبەر ئافات و نەخۆشییەکان کەمدەکاتەوە، بەتایبەت نەخۆشییە کەڕووییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا زیان بەبینای خاک دەگەیەنێت و زۆرجار پرۆسەی خزمەتکردنی خاک قورستر دەکات وەک کێڵان و شیکردنەوە. وەک ئەندازیار موسلیم محمد باسی دەکات، ئەگەر لەناو خانووە پلاستیکییەکان پەیینی کیمایی زۆر بەکاربێت زیانەکانی زیاترە بەرامبەر زەویەکی دەرەوە، ئەویش بەهۆی دەردانی گازەکانی (N2O,NO) کە ئۆکسیدەکانی نایترۆجینن و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر پیسبوونی هەوا و گەرمبوونی هەیە. یەکێکی تر لەزیانەکانی زۆر بەکارهێنانی پەیینە کیمیاییەکان ئەوەیە کە ترشێتی خاک زیاد دەکات. ئیتر بەکتریا و زیندەوەرانی ناو خاک ناتوانن لەناو ئەم بڕە زۆرەی ترشیدا بژین و لەگەڵ کۆمەڵێک ڕووەک ژیانیان سنوردار دەبێت و بەرەو لەناوچوون دەچن. هەروەها گازەکانی وەک ئەمۆنیا و دوانە ئۆکسیدی نایترۆجین و دوانە ئۆکسیدی گۆگرد و ڕێژەی ترشەباران زیاد دەکات. ئەمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی ترشێتی ناو سەوزە و میوە و هەروەها زۆربوونی ڕێژەی شەکر. ئەندازیار موسلیم دەڵێت، "زیاد بەکارهێنانی پەینی کیمیایی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ڤیتامین سی لەناو سەوزە و میوەکاندا بەتایبەت زیاد بەکارهێنانی پەینی نایترۆجینی، ڕێژەی %20 ڤیتامین سی ناو بەرهەمەکان دادەبەزێنێت". عادل حەمەد جووتیارێکی ناوچەی دەربەندیخانە کە تەنیا گەنم بەرهەم دەهێننێت، لەم بارەیەوە دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی پەینی کیمیاییشم بەکارهێنا، گەنمی ئەمساڵم بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەمتری کردووە". ئەو باس لەوەش دەکات کە لەو شوێنانەی پەینی کیمییایی لێ دەکڕێت، هیچ ڕێنمایی ناکرێن لەسەر شێوازی بەکارهێنان، چونکە بەگوێرەی زانیاریی ئەو، فرۆشیارەکان کەسانی ناشارەزان، زۆربەی کات کەسی نەخوێندەوار خاوەن دوکانەکەیە. ئەمەش وایکردووە بەشێک لە جووتیارەکان پاش کڕینی پەینە کیمیاییەکان، دەبێت بچنە نزیکترین بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ناوچەکانیان تا شێوازی بەکارهێنان و جۆرەکەشیان بۆ ڕوون بکەنەوە. عادل حەمەد دەڵێت، "من پێم باشە ساڵانە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەردانی کێڵگەکەم بکەن و پشکنینم بۆ بکەن تا من بزانم چ جۆرە پەیینێک و چەند و چۆن بەکاری بهێنم، بەڵام بەداخەوە ئەمە ناکرێت، لەگەڵ نەبوونی ئەمەش کۆمەڵێک پەیین بەناوی جیاواز لەبازاڕەکان هەیە کە ئێمە نازانین کوالیتیان چۆنە و لە کوێوە هاتوون، ئەویش لەبەر نەبوونی کوالیتی کۆنترۆڵی باش لەهەرێمی کوردستان. ئەمەش جارێکی تر بارگرانیی بۆ ئێمە دروستکردووە". ئەم جووتیارە باس لەساڵی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو دەکات کە حکومەت خۆی پەیینی کیمیایی هێناوە و دابەشی کردووە بەسەر جووتیارەکاندا، لەگەڵ ڕێنمایکردن، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت شێوازێکی هەرەمەکی بەکارهێنانی پەیینی کیمیاییە لەلایەن جووتیارەوە ئەمەش لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر بەپێی جۆری ئەو کشتوکاڵەی دەکرێت جیاوازی هەیە. فەریدوون حەسەن بەڕێوەبەری گشتی ڕێنمایی کشتوکاڵی هەڵەبجە، سەبارەت بەوەی تا چەندێک ڕێنمایی دەدرێت بە جووتیار، باس لەوە دەکات کە بەهۆی نەبوونی بودجە و نەبوونی پارەی پێویست کارمەندەکانیان لە ڕووی سەردانیکردنی کێڵگەکان و پشکینین ناتوانن بەردەوام هاوکاری جووتیارانی ناوچەکە بن. بەپێی قسەکانی ئەو، کارەکە پێویستی بە ئۆتۆمبیل و کارمەندی تایبەتمەند هەیە، نەبوونی پارە و دامەزراندن ئەم کارەی ڕاگرتووە. لەم بارەیەوە دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەش ئێمە لە هۆبەی دەرچوون، هەندێک جار بە ئۆتۆمبێلی خۆمان، هەندێک جاریش بەو بڕە پارە کەمەی لەبەردەستماندایە، ساڵانە دەچینەکێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ ڕێنمایی جووتیاران، بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەمی یەکەم جووتیارەکان خۆیانن کە تا لێیان نەقەومێت و زەرەر نەکەن ڕوو لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ناکەن، کە کاتیش تێپەڕی شتێکی ئەوتۆ ناکرێت". ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە زۆرجار، جووتیار بە ویستی خۆی پەیینی کیمیایی دەکڕێت و بێ گەڕانەوە بۆ کەسی شارەزا بەکاری دەهێنێت، واتە لایەنی حکومی چاودێری و سەرپەرشتی پرۆسەکە ناکات، ئەم کارەش پێکهاتەی خاک تێکدەدات و توشی تەسەممی دەکات، ئیتر وردە وردە دەبێتە خاکێکی بێ پیت. لەلایەکی ترەوە لەگەڵ لەدەستدانی خاکیش جووتیارەکان بەهۆی نەزانی و خۆنەپاراستنەوە لەکاتی ڕشتنی دەرماندا، تووشی نەخۆشی جیاواز دەبن وەک نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و هەناسە و پێست. بەڵگەی ئەم قسەیەش بەگوێرەی فەرەیدوون حەسەن، توێژینەوەکان و پڕبوونی خەستەخانەکان بەبەردەوامی کە زۆر ڕوونە لەڕابردوودا ئەم نەخۆشیانە بەم شێوەی ئێستا بەربڵاو نەبوون. سەبارەت بە شوێنەکانی فرۆشتی پەینی کیمیایی و دەرمانەکان، دووبارەی دەکاتەوە کە ئەمەش بەشێکی پەیوەستە بە نائاگایی جووتیار و نەبوونی چاودێری حکومەت، چونکە زۆرێک لە فرۆشیارەکان دەرچووی بەشی تایبەت بە دەرمان و پەیین نین، بە شێوازێکی هەڕەمەکی ماددەکان دەفرۆشن. ئەگەر شوێنێکی باش و تایبەتمەند هەبێت و بە شێوازی ستاندارد ڕێنمای دەرمانەکان بە جووتیار بفرۆشێت ئەوا دەبینی ئەو شوێنە بەردەوام چۆڵە و کڕیاری کەمە، چونکە وەک دەڵێت "بەشێک لە جووتیاران دەیانەوێت پەیین و دەرمانی زیاتر بەکار بهێنن تا بەرهەمی کێڵگەکانیان زۆرتر بێت و قازانجی زیاتر بکەن". نازە مستەفا یەکێکە لە فرۆشیارەکانی دەرمان و پەیینە کیماییەکانە لەکۆمپانیای لالۆ لە شاری سلێمانی. بە بۆچوونیی ئەو جووتیار لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی زانیارییان زۆر کەمە لەسەر چۆنییەتی و شێوازی بەکارهێنانی پەیینەکان، ئەوانەش کە شارەزاییەکیان هەبێ زۆر کەمن. نازە مستەفا دەڵێت، "وەک خۆم و شوێنی کارەکەم تا بتوانم ڕێنمایی دەدەم بە جووتیار لەوەی کە بەکارهێنان لە وەرزێک بۆ وەرزێکی تر گۆڕانی بەسەردا دێت و هەروەها لە سەرەتای دروستبوونی ڕووەک تا پێگەیشتنی بەرهەم، بەشێوازی جیاواز پەیین بەکاردێت، کە هەندێکی لەسەرەتادا بەکاردێت بەرپرسە لە گەشەی ڕووەک و دواتر جۆری تر بەکاردێت کە بەرپرسە لەجۆری بەرهەم و قەبارە و ڕێژەکەی. ئەگەر خەیار وەک نموونە وەربگرین، کە لەم ناوچەیەی ئێمە زۆر دەچێنرێت، من بە جووتیار دەڵێم خانوویەکی پلاستیکی دەبێت تەنیا نیو کیلۆ بەکار بێت بەشێوازی ستاندارد، کە لێرە زۆرینەی خانووە پلاستیکییەکان پێنج سەد مەترن، بەڵام جووتیار خۆی زۆر کات ڕێژەیەکی زۆرتر بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی بەرهەمی زیاتری هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەڵای خەیار زەرد هەڵگەڕێت، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە خوێ لە خاکەکەدا کۆ دەبێتەوە، لە ڕاستیدا پەیینەکە ئەمەی دروستکردووە. ئەمەش زۆرجار ناچارمان دەکات ماددەیەکی تر بدەین بە جووتیارەکان، ئەویش دژە خوێیە. پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کارزان هەورامی لەبارەی پیسپبوونی کێڵگەکانی جووتیارانی هەرێم دەڵێت، "بەو پێیەی من لەناوچەی شارەزوور زۆر کارم کردووە و بینیومە کە لەکێڵگەکان ڕێژەیەکی زۆر پەینی کالیسێۆم و نایترۆجین و فسفۆڕ بەکاردەهێنرێن، بەڵام کەمتر توخمە خۆراکییە دەگمەنەکان بەکاردەهێنن وەک زینک و سلینێۆم کە ئەوانە زۆر پێویستن لەناو خۆراکی ئێمەدا هەبن". دکتۆر کارزان هەورامی باسی ئەوە دەکات کە چۆن دوای پشکنینی خاک بۆیان دەرکەوتووە یەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوونی خاک لە هەرێمی کوردستان زۆر بەکارهێنانی پەیینی کیمیاییە. ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە زۆربەی کات لە پشکنینی خودی ڕووەکەکەوە گەیشتوونەتە ئەو دەرەجامە، بەتایبەت کە گەڵاکەی سەوزێکی تۆخە و لە دورەوە دیارە. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ بەکارنەهێنانی پەیینی کیمایی نین بەڵکو زۆر کات دەڵێین دەبێت بەکار بێت بەڵام چەندێتی و چۆنیەتی لە خاکێکەوە بۆ خاکێکی تر جیاوازە، زۆر خاک هەیە بۆ جۆرە ڕووەکێک گونجاوە بەڵام جووتیارەکان، بە پەیینێکی کوالێتی خراپ بەرهەمێکی تری لێ بەرهەم دێنن، ئەمەش هۆکاری سەرەکی هەم پیسبوونی خاک و ژینگە و هەم بەرهەمە خۆراکییەکەیە، چونکە زۆربەی پەیینی کیمیایی خراپ، ژەهری تێدایە و ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ڕووەک و بەرهەمەکە و دەگوازرێتەوە بۆ ئێمەی مرۆڤ، بۆیە ئێمە پێویستە ئاگامان لە تەندروستی خاکمان بێت، ئەگەر خاک تەندروست بوو واتە ژینگە پاکە و مرۆڤیش تەندروستە. ئەمەش پەیوەستە بە تەمەن درێژیمان واتە ئەگەر خاکێکی پاک و باش و تەندروستمان هەبێت تەواوی مرۆڤایەتی ناوچەکە باش و تەندروست دەبێت". بە گوێرەی ئەم پسپۆرە، پەینی کیمیایی تایبەتمەندییە فیزیای و کیمیاییەکانی خاک لەناو دەبات، بەمەش زیندەوەرە وردەکانی ناو خاک دەمرن، چونکە ڕێژەی ترش و تفتی ناو خاک بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی کوشتنی مێرووەکان. کە مێرووەکان نەمان، واتە باڵندەکانیش نامێنن ئەمەش نیشانەی ئەوەیە وردە وردە ئەو ژینگەیە بەتەواوی لەناو دەچێت. بۆ ئەوەی ئێمە ڕێگری لەم پێشهاتە بکەین، پێویستە بزانین چ جۆرە پەیینێک بەکاردێنین، هەروەها ڕێژەی بەکارهێنانی؟ لەگەڵ ئەم پرسیارەدا، دکتۆر کارزان باس لەوە دەکات چۆن ڕووبکەینە پەیینی ئۆرگانیکی، واتە ئەو پەیینە سروشتییەی کە باوباپیرانمان بەکاریان دەهێنا، چونکە ماددەی ئەندامی واتە ئۆرگانیکی لە خاکدا بەرزتر دەکاتەوە، کرمەکان دەبوژێنێتەوە و ئەو مێرووانە چالاک دەکاتەوە کە سوودیان هەیە بۆ خاک. یان دەتوانرێت پەیینی سەوز بەکار بێت کە ئەویش بریتییە لەو گژوگیا سەوزەی لە بەهاردا دەبڕدرێت و دووبارە دەکرێتەوە بە پەیین یان کۆمپۆست واتە بەرماوەی ئەو خۆراکەی دەمێنێتەوە بەکاربێنن، یان هەندێک هاندەری گەشەی زیندەوەرە وردەکان هەیە بەکاردێت. هەر وردیلەکانی ناو خاک خۆیان کۆمەڵێک کەڕوو بەرهەم دەهێنن کە خاک دەبوژێنێتەوە و بەرهەمەکان زیاد دەکات، ئەمانە هەمووی جێگرەوەکانی پەیینی کیمیایین و بۆ جووتیاریش تێچوەکەی کەمترە. شڤان حەسەن، فرۆشیاری پەیینی کیمیایی و بابەتەکشتوکاڵییەکانە لە شاری سلێمانی، پێی وانییە جووتیارانی هەرێم بتوانن ڕێژەیەکی زۆر لە پەیینی کیمیای بکڕن و بەکاری بهێنن تا ببێتە هۆی پیسبوونی خاک، چونکە بەلای ئەوەوە نرخەکانیان گرانە زۆرجار وا دەکات جووتیار کەمتر لە ڕێژەی پێویست بەکار بهێنێت. ئەو دەڵێ "بۆ نمونە لە ناوچەی پێنجوێن تەماتە بەنەوار دەکردرێت، نەوارێک نزیکەیی دۆنمێک کەمترە، ڕێنمای ئێمە بۆ ئەم نەوارە چوار کیلۆ بۆ پێنج کیلۆیە یان پێنج کیلۆ بۆ دۆنمێک کە دەکاتە 2500 مەتر چوارگۆشە، بەڵام زۆر کات جووتیار بەهۆی نرخەکەیەوە کەمتر لەم بڕە بەکار دەهێنێت". لە بەرانبەردا ڕێبوار خالید باس لەوە دەکات ساڵانە بە بڕی حەفتاو پێنج بۆ هەشتا ملیۆن دینار، پەیینی کیمیایی و ماددە کشتوکاڵییەکان دەکڕێت، بەهەمان شێوە دارا عەلی بۆ بیست و حەوت خانووی پلاستیکی کە ئەمساڵ خراپترین بەرهەمی خەیاری هەبووە، زیاتر لە بیست و پێنج ملیۆن دیناری خەرجکردووە. دارا عەلی دەڵێت، "بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکی ئەندازیارێکیان بۆ داناوین بەڵام ئەوان تەنیا ئیشیان ساغکردنەوەی پەیینە کیمیاییەکانە و تا ئێستا هیچ کام لەو ئەندازیارانە لەسەر خراپ بەکار هێنان یان چۆنیەتی بەکارهێنان، هیچیان پێ نەگوتووین، ئەمەش وایکردووە من ئێستا خاکەکەم بە پیت نەبێت و بەرهەمەمم کەم و خراپ بێت". بە پێچەوانەوە، ژینۆ محمد پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە، پێیوایە جووتیاران ڕێژەیەکی زۆر لە پەیینی کیمیایی بەکاردەهێنن و بەپێی پێویستی پەیڕەوی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ یان ئەندازیاری کشتوکاڵیی ناکەن. ئەم پسپۆرە ژینگەییە لەم بارەیەوە دەڵێت، "ئەوان خۆیان بەخاوەن خاک دەزانن و موڵکدارێتییەکەی دەگەڕێننەوە بۆ خۆیان، تەنیا بەو شێوە خاکەکەیان بەکاردێنن کە خۆیان دەیانەوێت تەنانەت ڕێگا نادەن پشکنینیان بۆ بکرێت تا بزانرێت بۆ کام جۆری بەرهەم و ڕووەک گونجاوە". ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە پشکنین دەریدەخات چی کانزایەکی خۆراکیی لە خاکەکەدا کەمە و دەبێت بەپێی ئەوە ئەو جۆرە پەینە بکڕدرێت. بە پێچەوانەوە، بەکارهێنانی دەرمان بەشێوەیەکی هەرەمەکی دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک و ژینگە، چونکە پەیینی کیمیایی کاتێک بەکاردەهێنرێت کە بزانرێت خاکەکە لە چی کانزایەکی خۆراکی کەم یان زیادە. کاتێک ماددەیەکی کیمیایی بەکار دەهنێرێت و لەبنەڕەتدا لە خاکەکەدا هەیە، ئەوا هاوسەنگی ناهێڵێت و وردیلەکانی ناو خاک لەناو دەبات کە کاریان بەپیتکردن وچالاککردنی کانزا خۆراکییەکانە. دواتر ئەو بەشە زیادەی کە ڕووەکەکە هەڵی نامژیێت دادەچۆڕێتەوە چینی خوارەوەی خاک و ئاوی ژێر زەوی تێکدەدا، بڕێکیش لەم ماددانە لەگەڵ باراناودا بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا دەڕۆن و لە کۆتاییدا دەڕژێنە ناو چەم و دەریاچەکانەوەو تێکیان دەدەن، دەبنە هۆی قەوزەیەکی زۆر کە ئەمەش ڕێگری لە چوونەژوورەوەی تیشکی خۆر دەگرێت بۆ بەشی ژێرەوەی ئاوەکان. بەم شێوەش ئۆکسجینی ژێرەوەی ئاوەکان کەمدەبێتەوە و زیان دەگاتە ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان. کەواتە ئەگەر بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بەشێواز و مامەڵەیەکی دروست نەبێت زیانەکانی زیاترن، هەم بۆ خاک و هەم بۆ ژینگە و خەڵکیش. ژینۆ محمد پێی وایە کە مەرج نییە جووتیار تەنیا لە ڕێگەی پەینی کیمیاییەوە کانزا خۆراکییەکان بخاتە ناو خاکەوە، بەڵکو چەندین ڕێگای تر هەن وەک بەکار هێنانی پەیینی ئۆرگانیک کە یەکێکە لە دروستترین ڕێگاکان، چونکە تەواو سروشتییە، لەهەمان کات بەروبومێکی تەواو تەندروست و سروشتیی لێ وەبەرهەم دێت. ڕێگایەکی تر دەورانکردنی کشتوکاڵە، بۆ نمونە ئەگەر جووتیار ساڵێک زەوییەکەی کردە گەنم، نابێت ساڵی داهاتووش هەر گەنم بێت کە هەموو کانزا بە سوودەکانی خاک دەبات بۆ خۆی. بۆیە باشترە ساڵی دواتر بکرێت بەیەکێک لە پاقلەمەنییەکان چونکە سروشتی پاقلەمەنییەکان وایە کە جۆرێک لە بەکتریایی سوودبەخش لە ڕەگەکانیان دروست دەکەن و نایترۆجین بۆ خاکەکە زیاد دەکەن. دەکرێ ساڵی دواتر نەکرێت بەهیچ شتێک و وەک خۆی بهێڵرێتەوە هەتاکو ڕێژەی ئۆرگانیی خاکەکە زیاد بکات، پاشان ساڵی چوارەم بکرێت بەو بابەتەی کە جووتیار دەیەوێت. ئەم شێوازی دەورانە وادەکات خاکەکە هەم بەپیت بێت هەم کانزای ئۆرگانیکی زۆر بێت، کە دەرەنجامەکەی بەروبومێکی پڕ و کوالیتی بەرز دەبەخشێت. سەبارەت بە ڕێگریکردن لە زیاد بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی پێی وایە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ ڕێگری لە جووتیاران بکرێت، بەڵام دەکرێت لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە ڕێنمای بڵاوبکرێتەوە کە بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی بەو جۆرەی هەیە، خراپە لەهەمانکاتیشدا، هەروەها دەکرێ لە ڕێگەی نوسینگە کشتوکاڵییەکانەوە کەمێک هاوردەکردنی پەیینی کیمیاوی سنوردار بکرێت و گرنگیی بدرێت بە بازاڕی پەیینی ئۆرگانیک. پەیینی ئۆرگانیکیش، وەک ئەم توێژەرە ئاماژەی بۆ دەکات، ئەگەر پاشەڕۆی پەلەوەر یان ئاژەڵ بێت، ناکرێت بەڕێژەیەکی زۆر و ڕاستەوخۆ بکرێتە سەر زەوییەکە، چونکە ئەم پەیینەش هەندێک جۆری نەخۆشی و بەکتریای تێدایە و دەگوازرێنەوە بۆ ناو خاک، بۆیە دەبێت ئەویش چەند گۆڕانێکی بەسەردا بێت و بکرێت بە پەیینی کۆمپۆست واتە شی بووەوە. دواتریش جۆر و کوالیتی کۆمپۆستەکە دیاری بکرێت و بەپێی پێویستی زەوییەکە و بەرهەمەکە بەکاربێت. جووتیار خالید جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی لەم بارەیەوە، دەڵێت "بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بابەتێکی زانستییە و پێویستیەکی ڕووەکییە، وەک چۆن مرۆڤ پێویستی بە خۆراکە بەهەمان شێوە ڕووەکیش پێویستی بە خۆراکە، بەڵام دەبێت دڵنیابین لەوەی کە ڕووەکەکە پێویستی پێیەتی و پێشتر ئامادەکاری کرابێت و پشکنین بۆ ڕووەک و خاک و جۆری پەیینەکەش کرابێت. لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمی بوونی تاقیگە و زۆری تێچووی پشکنین، زۆربەی کات جووتیار ئامادەی ئەم پشکنینانە نییە کە ئەمەش دووجار زیانی پێدەگەیەنێت: جارێک کە نازانێت خاکەکەی چی تێدایە، جارێکیش دەکەوێتە بەردەستی بازرگانەکان و بە ئارەزووی خۆیان ئاراستەی دەکەن لەپێناو قازانج. باجی ئەمەش زۆرە و کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان جووتیاران گلەیی ئەوە دەکەن کە قازانجیان نەکردووە". جووتیار خالید دەگێڕێتەوە کە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و لقەکانی، کار دەکەن لەسەر ئەوەی ڕێنماییەکانیان لەسەرجەم قەزا و ناحییەکاندا، پاڵنەری جووتیاران بێت کە هەم پەیینی کیمیایی کەم بەکاربهێن هەم ماددە قڕکەرەکانیش کە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و بەرهەمی ناتەندروستن. وەک باسی دەکات، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی و لقەکانییەوە، چەندین جار خولی کشتوکاڵی بۆ هۆشیارکردنەوەی جووتیاران لەسەر کاریگەریەکانی زیاد بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی کراوەتەوە و دەرئەنجامی باشی هەبووە. پێنجوێن و بازیان لەو شوێنانەن لە دەستپێکی وەرزی کشتوکاڵەوە پشکنینی تاقیگەیی بۆ خاک و ئاو کراوە، وەک دیاریکردنی ڕێژەی پەیینی کیمیایی لەناو خاکدا، هەروەها دیاریکردنی کانزا خۆراکییەکان ناو ئەو ئاوەی بەکاری دەهێنن. ئەم دیارکردنەش بەگوێرەی قسەکانی جووتیار خالید، یارمەتی ئەوە دەدات بڕی ئەو پەیینە کیمیاییە دیاری بکرێت کە جووتیارەکان بەکاری دەهێنن، چونکە لە ئاوەکەدا بڕێک لە کانزاکان هەن و پێویست بە پەیینی کیمیایی زۆر ناکات. ئەمەش یەکێکە لەو ڕێگایانەی لە ڕووی تێچوون و قازانجەوە دەرەنجامی باشی بۆ جووتیارەکان هەبووە. هەموو ئەو چیرۆکانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتوون و هەروەها زانیاری و ڕاوبۆچوونی پسپۆرەکان، ڕاستیی کاریگەرییە خراپەکانی ماددە قڕکەرەکان و پەیینی کیمیایی لەسەر خاک زیاتر ڕوون دەکەنەوە. بەردەوامبوونیش لە بەکارهێنانیاندا بەبێ ڕێنماییە زانستییەکان، خاکە کشتوکاڵییەکان لەبەرهەم دەخات. ئەمەش تەنها بەهۆشیاریی جوتیاران و ڕێنماییەکان چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی یاساو تەشریعاتی نوێ هەیە لە بواری کشتوکاڵ و پاراستنی سیستمی ژینگەیی لە کوردستاندا، هەروەها هەمە-جۆریی ناو خاک. * ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی رۆنامەوانی ژینگەیی عێراق بەرهەمهاتووە كە ئينتەر نیوز پاڵپشتی دەكات یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان ناتوانن ژینگە بپارێزن خاکەکە تینوویەتی؛ وشکایەتیی زەوی لە ڕۆژئاوای هەولێر
راپۆرتی: درەو 🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەولێر ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛ 🔹 پارتی پلەی یەکەمی گرتووە و (262 هەزار و 800) دەنگی بە ڕێژەی (59%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە. لە کاتێکدا لە ساڵی (2018) ژمارەی دەنگەکانی نزیکەی (322 هەزار) دەنگ بووە. 🔹 نەوەی نوێ بە پلەی دووەم دێت و (79 هەزار و 245) دەنگی بە ڕێژەی نزیک لە (18%)ی بەدەستهێناوە. لە هەڵبژاردنی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران لەدوای یەکێتییەوە هاتبوو (70 هەزار و 833) دەنگی بەدەستهێنابوو. 🔹 یەکێتی سێیەم بووەو (65 هەزار و 862) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (15%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) پلەی دووەمی هەبووە بە (79 هەزار و 745) دەنگ. 🔹 کۆمەڵی دادگەری چوارەم بووەو (19 هەزار و 517) دەنگ و ڕێژەی (4.4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای هەولێری بەدەستهێناوە. بەڵام لە ساڵی (2018) ژمارەی دەنگەکانی سەروو (36 هەزار) دەنگ بووە. 🔹 بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی، پلەی پێنجەم و شەشەمیان هەیە، هەریەکەو بە ڕێژەی (1%) دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. لە کاتێکدا لە هەڵبژادنی پێشتووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەردووکیان سەرو (65 هەزار) دەنگیان هەبووە. یەکەم؛ بازنەی پارێزگای هەولێر لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 1. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای هەولێر بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای هەولێر و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی کە دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (262 هەزار و 800) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (59%). - نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدا بووەو (79 هەزار و 245) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (18%). - هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) پلەی سێیەمیان گرتووە و (70 هەزار و 107) دەنگیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک (16%). - کۆمەڵی دادگەری کە لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدا بووەو (19 هەزار و 517) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (4.4%). - یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدا بووەو (3 هەزار و 990) دەنگی بەدەستهێناوە بە نزیکەیی (1%). - سەرجەم لایەنەکانی دیکە (8 هەزار و 594) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (2%). 2. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (12/5/2018) لە سنوری پارێزگای هەولێر بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای هەولێر و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی، لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (321 هەزار و 920) دەنگی بەدەستهێناوە. - یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلەی دووەمدا بووەو (79 هەزار و 745) دەنگی بەدەستهێناوە. - نەوەی نوێ پلەی سێیەمی گرتوبوو بە (70 هەزار و 833) دەنگ. - هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە پلەی چوارەم هاتبوو بە (50 هەزار و 537 دەنگ). - بزوتنەوەی گۆڕان (40 هەزار و 863) دەنگی بەدەستهێنابوو، پلەی پێنجەمی گرتبوو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر. - کۆمەڵی دادگەری بە بەدەستهێنانی (36 هەزار و 422) دەنگ لە پلەی شەشەمدا بووە. - یەکگرتووی ئیسلامی لە پلەی حەوتەمدا بووەو تەنها (24 هەزار و 475) دەنگی بەدەستهێناوە بۆ بەرچاوڕونی ئاستی دەنگی لایەنەکان لە هەردوو هەڵبژاردنی (2018 و 2021)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بڕانە خشتەی چارتەکەی خوارەوە. دووەم؛ پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی 20/10/2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) گشتی بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەولێر پێکدێت لە (قەزای ناوەندی هەولێر، دەشتی هەولێر، سۆران، شەقڵاوە، کۆیە، خەبات، چۆمان، ڕەواندز و مێرگەسور) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە. بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای هەولێر (498) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (2 هەزار و 203) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەولێر دەبێت". بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر بریتییە لە (ملیۆنێک 11 هەزار و 348) دەنگدەر، بەشێوەیەک (928 هەزار و 823) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (82 هەزار و 525) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
وینثرۆپ رۆجەرز، تایبەت ( بە درەو) دەنگدەرانی ئەمریکا لە ٥ی نۆڤەمبەر دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ. پارتی کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکایان کاندیدکردووە، کە هەوڵدەدات ئەو پۆستە وەربگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەدەستیدا. سەرۆک جۆ بایدن، ئەو کەسەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوو بەسەر ترەمپدا سەرکەوت، لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی کتوپڕ ڕەتیکردەوە بەردەوام بێت لە هەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی لە وەڵامی نیگەرانییەکانی کە سەبارەت بە تەمەنەکەی دروست بوبون. لەبری ئەوە دیموکراتەکان کامالا هاریس جێگری سەرۆک کۆماریان کاندید کرد. ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت یەکەم ژنە کە دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا. تەنها چەند هەفتەیەکی ماوە، پێشبڕکێکە نزیکە. چاودێرانی کوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان پرسیار دەکەن کە چی ڕوودەدات؟ بۆ زۆر کەس پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمریکا دەکرێت تێگەیشتنی ئاڵۆز بێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی چەند لایەنێکی سەرەکی ئاسانتر تێدەگەیت. ئەمریکا سیستەمێکی بەرێوەبردنی فیدراڵی هەیە و سیستمی ناسراو بە "کۆلێجی هەڵبژاردن" بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی دیاری بکات کێ دەبێتە سەرۆک. هەر ویلایەتێک ژمارەیەک دەنگی پێدەدرێت، بە شێوەیەکی رێژەیی و بە نزیکەی قەبارەی دانیشتووانەکەی. بۆ نموونە ویلایەتی کالیفۆرنیا گەورەترین ویلایەتە و بە 54 دەنگ زۆرترین نوێنەری دەبێت، لەکاتێکدا ویلایەتە بچووکەکانی وەک وایۆمینگ و ڤێرمۆنت تەنها سێ دەنگیان هەیە. بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی، کاندید دەبێت لانیکەم ٢٧٠ دەنگی هەڵبژاردن – دەنگی ئەندامانی "کۆلێجی هەڵبژاردن"- بەدەستبهێنێت. کۆی ژمارەی ئەو دەنگانەی کە کاندیدێک لە سەرانسەری وڵاتەوە بەدەستی دەهێنێت - کە بە "دەنگی جەماوەری" ناسراوە – پەیوەندیدار نییەو نابێتە پیوەر بۆ هەڵبژاردنی. لە ڕاستیدا لە دوو خول لە شەش خولی ڕابردوودا - جۆرج بوش لە ساڵی ٢٠٠٠ و ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦ - براوە لەسەر ئاستی دەنگی جەماوەر بە گشتی دەنگی کەمتری بەدەستهێنا، بەڵام هێشتا هەڵبژێردرا چونکە دەنگی زیاتری "کۆلێجی هەڵبژاردن"ی بەدەستهێنابوو. زۆربەی ویلایەتەکان هەموو ئەندامە هەڵبژێردراوەکانیان دەنگ دەدەنە هەرکەسێک کە ویلایەتەکە بباتەوە، هەرچەندە دوو ئیستیسنای تێدایە. لایەنەکان دەیانەوێت لە زۆرترین ویلایەتدا لە پلەی یەکەمدا بن، بە تایبەت ئەگەر دانیشتووانی زۆریان هەبێت وەک نیویۆرک یان تەکساس. بەڵام زۆر ویلایەت هەن کە مەیلی سیاسیان ڕوونە و دەتوانرێت پێشوەختە پێشبینی دەرئەنجامەکەی بکرێت. بۆ نموونە دیموکراتەکان تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیان لەوەی لە شوێنێکی وەک مەسەچیوسس سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، لەکاتێکدا کۆمارییەکان بە دڵنیاییەوە لە ویلایەتی تێنسی دەیبەنەوە. هەر خولێکی هەڵبژاردن چەند (ویلایەتێکی خۆڵەمێشیی یان سوینگ ستەیت) هەیە کە پێشبینی کراو نین و دەکرێت دەنگەکانیان بە هەر دوو ئاڕاستەکەدا بڕوات. بەو پێیەی ئەمریکا زۆر بە یەکسانی لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا دابەش بووە، ئاڕاستەی دەنگدانی ئەم ویلایەتانە زۆر گرنگ دەبێت. ئەوان ئەو ویلایەتانەن کە پێشبڕکێکە یەکلایی دەکەنەوە. لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ، ٢٠٢٤دا، حەوت ویلایەتی سوینگ هەیە کە هەریەک لە کاندیدەکان چانسی باشی هەیە بۆ سەرکەوتن: پێنسیلڤانیا (کە ١٩ دەنگی هەڵبژاردنی هەیە)، کارۆلینای باکوور (١٦)، جۆرجیا (١٦)، میشیگان (١٥)، ئەریزۆنا (١١)، ویسکۆنسن ( 10) و نیڤادا (6). هاریس و ترەمپ لەم ویلایەتانەدا چەندین گردبوونەوە ئەنجام دەدەن و پارەیەکی زۆر لە ڕیکلامە تەلەفزیۆنییەکان خەرج دەکەن بۆ ئەوەی دەنگدەران ڕازی بکەن پشتگیریان بکەن. هەرکامیان بتوانێت لەم ویلایەتانەدا بەشی پێویست دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆک. لە ئێستادا هاریس لە تێکڕای ڕاپرسییەکاندا کەمێک لە پیشە، بەڵام ئەوە لەگەڵ زیادکردنی ڕاپرسییە نوێیەکاندا دەگۆڕێت. تا نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا و میشیگان و ویسکۆنسن پێشەنگە. تەنها ئەم سێ ویلایەتە ژمارەی دەنگی پێویستی کۆلێجی هەڵبژاردنیان هەیە کە لەگەڵ دەنگی ویلایەتە جێگیرەکان دەنگەکانی هاریس بگەیەننە ٢٧٠ دەنگ و کۆشکی سپی مسۆگەر بکات. هاریس هەروەها لە ویلایەتی نیڤادا لە پێشە. ترەمپ لە ویلایەتی ئەریزۆنا و کارۆلینای باکوور و جۆرجیا کەمێک لەپێشترە ، بەڵام ئەمانە بەس نابن بۆ سەرکەوتن. بەڵام هێشتا دەرفەرتی باشی لەبەردەمە بۆ بردنەوە ئەگەر هاریس تووشی کۆسپ ببێت. پێشبڕکێکە لە ڕادەبەدەر نزیکە. پێنسیلڤانیا بە تایبەتی بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەردوو کاندیدەکە گرنگە. ژمارەیەکی زۆر دەنگی هەیە - زیاتر لە هەریەکێک لە ویلایەتەکانی تری سوینگ - و مێژوویەکی هەیە لە هەڵبژاردنی هەردوو کاندیدی کۆماری و دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی و کۆنگرێس و لەسەر ئاستی ویلایەتەکانیش. دوو شاری گەورەی هەیە بە ناوەکانی فیلادلفیا و پیتسبورگ. ئەمانە بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتووانیانەوە ناوچەی دەوڵەمەندن بە دەنگ. زۆرێک لە گەنجان و ڕەشپێستەکان و ئەندامانی سەندیکاکانی کرێکاران لەوێ دەژین کە زۆرینەیان دەنگ بە دیموکراتەکان دەدەن. لە نێوان ئەم دوو شارەدا، ناوچەی گوندنشینی بەرفراوان هەیە، کە دەنگدەران مەیلیان بۆ کۆماریخوازەکانە. زۆرینەی خەڵکەکەی سپی پێستن و زیاتر محافزکارن وەک لە دەنگدەرانی شارەکان. هەروەها لەو نێوەندەشدا شارەدێ و شارە بچووکەکانیش هەن کە تێکەڵەیەک لە دەنگدەریان هەیە. هاریس پێویستی بە سەرکەوتن دەبێت بە جیاوازییەکی زۆر گەورە لە فیلادلفیا و پیتسبورگ و شارە بچوکەکان بۆ ئەوەی باڵانسی هێزی ترەمپ لە ناوچە گوندنشینەکانی ویلایەتەکەدا بکاتەوە. ئەگەر بتوانێت ئەمە بکات، ئەوا پێنسیلڤانیا دەباتەوە - و بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆشکی سپیش دەباتەوە. لە ١٠ی ئەیلولدا ترەمپ و هاریس لە شاری فیلادلفیا لە دیبەیتێکدا روبەڕووی یەکتر بوونەوە. لەسەر چەندین بابەت پێکدادان ڕویدا، لەوانە ئابووری، کۆچبەران، لەباربردنی منداڵ و سیاسەتی دەرەوە. دواتر ڕاپرسییەکان دەریانخست کە زۆرینەی دەنگدەران پێیانوابوو هاریس سەرکەوتو بووە لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا، لەبەر ئەوەی زیاتر لەسەرخۆ و هاوسۆز بووەو ئامادەکاری باشتری کردوو. لە بەرامبەردا ترەمپ زۆر سەرنجی لەسەر ترسەکان بوو سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کۆچبەران و درۆی ڕەگەزپەرستانەی بڵاودەکردەوە. هەر بۆیە ڕەخنەی زۆری لێگیرا، لەوانەش لەلایەن ئەندامانی پارتەکەی خۆیەوە. دیبەیتەکە جیاوازییەکی گەورەی ئەو دوو کاندیدەی بۆدەنگدەرانیان ئاشکرا کرد، کە زۆربەیان تازە دەستیان کردووە بە گرنگیدان بە هەڵبژاردنەکان. تەنها ئەوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەسەندکردنی پێشوەختەی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان، بەڵام پێدەچێت ترەمپ لەناو دەنگدەرانی خۆڵەمێشیدا زیانی بەخۆی گەیاندبێت بەهۆی ئەدای خراپیەوە. لە ڕاستیدا ئەو ڕەتیکردووەتەوە جارێکی دیکە دیبەت لەگەڵ هاریس بکاتەوە، پێدەچێت بۆ ئەوەبێت کە خۆی لە شەرمەزارکردن بەدوور بگرێت بۆ جاری دووەم. هێشتا مانگ و نیوێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی ٥ی نۆڤەمبەر، ئەمە ماوەیەکی زۆرە لە سیاسەتدا و لەم نێوەندەدا زۆر شت دەگۆڕێت. جگە لەوەش ڕاپرسییەکان مەرج نییە وێنەیەکی تەواو بخەنەڕوو، وەک ئەوەی کاتێک ترەمپ بە پێچەوانەی ڕاپرسییەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦دا هەڵبژێردرا. بەڵام بۆ ئێستا وا دیارە هاریس چانسێکی زیاتری هەیە لەسەر بنەمای ڕاپرسی لە ویلایەتە سەرەکییەکانی سوینگ وەک پێنسیلڤانیا، میشیگان و ویسکۆنسن. هەروەها لە دوای هاتنە دەرەوەی لە دیبەیتە سەرکەوتووەکەی، هاریس وزەو هێزێکی زیاتری هەیە وەک لە ترەمپ. بەڵام لە چەند هەفتەی داهاتوودا چاوێکی وردی لەسەر ویلایەتەکانی سوینگ دەبێت. لێرەدایە کە پێشبڕکێکە دەباتەوە یان دەدۆڕێت. The US election will come down to the “swing states,” but Harris has an advantage over Trump
راپۆرتی: درەو 🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای سلێمانی (بەبێ ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و ناحییەکانی سیروان و هەورامان) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛ 🔹 یەکێتی پلەی یەکەمی گرتووە و (118 هەزار و 586) دەنگی بە ڕێژەی (32%)ی دەنگەکان بەدەست هێناوە. 🔹 نەوەی نوێ بە پلەی دووەم دێت و (102 هەزار و 922) دەنگی بە ڕێژەی (28%) بەدەستهێناوە. 🔹 پارتی سێیەم بووەو (51 هەزار و 414) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (28%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 🔹 کۆمەڵ چوارەم بووەو (39 هەزار و 781) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (11%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوە. 🔹 بزوتنەوەی گۆڕان، پێنجەم بووەو (17 هەزار و 846) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (5%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوە. 🔹 یەکگرتوو شەشەم بووەو (15 هەزار و 852) دەنگ و زیاتر لە ڕێژەی (4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەستهێناوە. یەکەم؛ ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای سلێمانی (بەبێ پارێزگای هەڵەبجەو ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و هەورامان) بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای سلێمانی کە دابەشی سەر (5) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون (بەبێ دەنگی لایەنەکانی لە پارێزگای هەڵەبجەو ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و هەورامان) لە بازنەی (3)ی پارێزگای سلێمانی ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەو چاتی ژمارە (1))دا هاتووە، بەجۆرێک؛ - یەکێتی نیشتمانی کوردستان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوپەیمانیان هەبوو) پلەی یەکەمی گرتووە و (118 هەزار و 586) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (32%). - نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدایە بە (102 هەزار و 922) دەنگ و بە رێژەی (28%). - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی سێیەمدایەو (51 هەزار و 414) دەنگی هەیە بە رێژەی (14%). - کۆمەڵی دادگەری کە لە (3) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدایەو (39 هەزار و 781) دەنگی هەیە بە ڕێژەی نزیک لە (11%). - بزوتنەوەی گۆڕان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کە هاوپەیمانیان هەبوو) و لە (4) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدایەو (17 هەزار و 846) دەنگی هەیە بە ڕێژەی نزیک لە (5%). - یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی شەشەمدایەو (15 هەزار و 852) دەنگی بەدەستهێناوە بە زۆرتر لە ڕێژەی (5%). - لە چوار بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی سەربەخۆ هەبووەو لەگەڵ لایەنەکانی دیکە (22 هەزار و 283) دەنگیان هەیە بە رێژەی (6%). خشتەو چارتی (1) دووەم؛ دەنگی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (2018 و 2021) لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. 1. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران (12/5/2018) لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - یەکێتی نیشتمانی کوردستان پلەی یەکەمی گرتووە و (259 هەزار و 378) دەنگی بەدەستهێنابوو. - بزوتنەوەی گۆڕان بە پلەی دووەم هاتوەو (154 هەزار و 947) دەنگی بەدەستهێنابوو. - نەوەی نوێ لە پلەی سێیەمدا بووەو (63 هەزار و 760) دەنگی بەدەستهێنابوو. - کۆمەڵی دادگەری لە پلەی چوارەمدا بووەو (51 هەزار و 563) دەنگی بەدەستهێنابوو. - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی پێنجەمدا بووەو (48 هەزار و 706) دەنگی بەدەستهێناوە. - هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە پلەی شەشەمدا بووەو (46 هەزار و 552) دەنگی بەدەستهێنابوو. - یەکگرتووی ئیسلامی تەنها (30 هەزار و 19) دەنگی بەدەستهێناوەو لە پلەی حەوتەمدا بووە. 2. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو سەرجەم قەزاکان کە دابەشی سەر (5) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) پلەی یەکەمییان گرتووە و (141 هەزار و 660) دەنگیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (36%). - نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدا بووەو (106 هەزار و 318) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (27%). - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی سێیەمدا بووەو (54 هەزار و 891) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (14%). - کۆمەڵی دادگەری کە لە (3) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدا بووەو (44 هەزار و 639) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی سەروو (11%). - یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدا بووەو (22 هەزار و 876) دەنگی بەدەستهێناوە بە نزیکەیی (6%). - لە چوار بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی سەربەخۆ هەبووەو پلەی شەشەمیان گرتووە و (16 هەزار و 885) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (4%). - پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان پلەی حەوتەمی گرتووە و (2 هەزار و 749) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی کەمتر لە (1%). تایبەت بە بەراوردی دەنگی لایەنەکان لە هەردوو هەڵبژاردنی ڕابردوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)) خشتەو چارتی (2) سێیەم؛ پارێزگای سلێمانی لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024 بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگەی بایەخ دەبێت بازنەی پارێزگای سلێمانییە، کە (36 کورسی) گشتی و (2) کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (تورکمان و مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی پێکدێت لە قەزای ناوەندی سلێمانی و (شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداغ، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن، پشدەر، ڕانیە، دوکان، کەلار، دەربەندیخان، کفری و چەمچەماڵ) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکان. بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای سلێمانی (477) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (2 هەزار و 364) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای سلێمانی دەبێت". بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە (ملیۆنێک 78 هەزار و 687) دەنگدەر، بەشێوەیەک (ملیۆنێک و 3 هەزار و 772) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (74 هەزار و 915) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
درەو: رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی، راپۆرتێكی بە ناونیشانی (حەماس و حوسیەكان نوسینگەیان لە بەغداد كردووەتەوە، كە رەنگدانەوەی بەرەوپێشچوونی پەیوەندی ئەو دوو گروپەیە لەگەڵ عێراق، لەكاتێكدا تاران كاردەكات لەسەر بونیادنانی هێزێكی هەرێمایەتی) كە لەلایەن (Alissa J. Rubin) نوسراوە: 🔹هیچ لافیتەیەك لەسەر دەرگای بارەگای نوێی مەكتەبی سیاسی حەماس لە بەغداد هەڵنەواسراوە، شوێنەكەش لەژێر چاودێرییەكی توندایە، رێوشوێنێكی هاوشێوەش لە نوسینگە نوێیەكی حوسیەكان گیراوەتەبەر، كە مەودایەكی كورتیان لەنێواندایە بە ئۆتۆمبیل. 🔹بەرپرسە حكومییەكانی عێراق لەسەرەتای ئەم هاوینەدا، بە بێدەنگی رێگەیان داوە بە دوو گروپە چەكدارە ، كە ئێران پشتیوانیان دەكات، بوونیان لەبەغداد هەبێت، دوای ساڵانێك لەسەردانیكردنی نوێنەرەكانیان. 🔹ئەم پێشهاتە لەكاتێكدایە، بەرپرسانی عێراق بە ئاشكرا رەتیدەكەنەوە، سەرەڕای ئەوەی وێنەی ئەو گروپانە لە عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاودەكرێنەوە. 🔹كردنەوەی ئەو نوسینگە نوێیانە، رەنگدانەوەی پەرەسەندنی رۆڵی عێراقە، لە جەنگی شاراوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكان. 🔹ماوەی زیاتر لە (20)ساڵ و لە دوای هێرشی ئەمریكا بۆسەر عێراق و روخاندنی دیكتاتۆریەت، عێراق تێكۆشا بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان ئێران و ئەمریكا. 🔹تەرازووەكە وردە وردە لە بەرژەوەندی ئێران كەوت بەلادا، تاران بەشێوەیەكی چڕ كاریكرد بۆ بەهێزكردنی هەموونی خۆی لەڕێی گروپەكانی هاوپەیمانی. 🔹ئەوەش بەشێكە لە هەوڵێكی گەورەتر كە تاران دەیدات بۆ بونیادنانی كوتلەیەكی هەرێمایەتی لە هێزە شیعیەكان، كە درێژدەبێتەوە بۆ لوبنان لەگەڵ حزبوڵا، تا دەگاتە یەمەن لەگەڵ حوسیەكان. 🔹لەم ساڵانەی دوایدا ئێران هانی حكومەتی عێراقیدا بۆ دەستەبەركردنی بەرگێكی شەرعی بۆ میلیشیا چەكدارەكان لەوڵات، كە هەندێكیان هاوپەیمانی ئێرانن، وێڕای گروپە چەكدارە سوننی و مەسیحی و ئێزدیەكان سەربەوان، لەڕێی ئەوە بكرێن بە بەشێك لە دەزگا ئەمنیەكانی عێراق. 🔹بەهۆی زیادبونی هەژموونی ئێران، سەركردەكانی عێراق رازیبوون كاتێك حوسیەكان و حەماس خواستی كردنەوەی نوسینگەیان هەبووە. 🔹هەندێك لە بەرپرسانی حكومەتی عێراق دەڵێن: خۆشحاڵ نین بە هاتنی میوانە تازەكانیان، بەڵام توانای ئەوەیان نیە رێگەیان لێبگرن، بەهۆی بەهێزی حزبە سیاسیەكانی نزیك لە ئێران. 🔹ئامانجی دانانی ئەو نوسینگانە بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ بەهێزكردنی رایەڵەكانی پەیوەندییانە لە عێراق. 🔹كردنەوەی دوو نوسینگەی نوێ، یەكێكیان بۆ حەماس كە گروپێكی سوننەیە، نوسینگەیەكیش بۆ حوسیەكان، كە گروپێكی شیعەیە، رەنگدانەی ئاستی ئەو گۆڕانەیە كە بەسەر سیاسەتی عێراقدا هاتووە لە دوای سەدام حسێنەوە. 🔹حزبە شیعییەكان هەژموونیان بەسەر سیاسەتی عێراقی ئەمڕۆدا كردووە، كە پەیوەندی بەهێزیان هەیە بە ئێرانەوە، ئەو گۆڕانكاریە دەرفەتی بەرەوپێشچوونی بۆ گروپانە رەخساندووە، لەگەڵ بەهێزكردنی ئەوەی ناسراوە بە بەرەی بەرهەڵستكاران، كە تۆڕی چەكداریی ئێرانە لەسەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و، تەرخانكراوە بۆ روبەڕوبونەوەی هەژموونی ئەمریكاو ئیسرائیل لە ناوچەكە. 🔹یەكێك لە مەترسیەكان بوونی ئەو ژمارە زۆرەی گروپەكانی هاوپەیمانی ئێرانە لە عێراق، كە رەنگە پاڵ بە ئیسرائیلەوە بنێت ناوخۆی عێراق بۆردومان بكات، ئەوەش ببێتە هۆی شڵەژاندی زیاتری سەقامگیری ناوچەكە. 🔹لەهەمان كاتدا، ترسی ئەوەش لە گروپە چەكدارە عێراقیەكان هەیە، هاوكاری بەردەوامی گروپەكانی تری هاوپەیمانی ئێران بكەن و، هەماهەنگی بكەن بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل. 🔹گروپە عێراقیەكان هاوشانی حوسیەكان رایانگەیاندووە، بەشێوەیەكی هاوبەش لەمانگی حوزەیراندا هەشت هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوەو مانگی تەمموزیش سێ هێرش. 🔹حەماس نوسینگەكەی لە بەغداد لە گەڕەكی (عرصات) كردووەتەوە، كە گەڕەكێكی چینی مامناوەندەو تێكەڵەیەك لەخانونی دوو نهۆمی لەخۆدەگرێت، كە لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا بونیادنراوە. 🔹كۆنتڕۆڵی بەشێكی ئەو ناوچەیە لەژێر دەستی كەتیبەكانی حزبوڵادایە، كە دیارترین گروپی چەكداری شیعەی عێراق و هاوپەیمانی ئێرانەو نهێنی ترینیشانە. 🔹محەمەد حافی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حەماس بۆ پەیوەندییە عەرەبی و ئیسلامیەكان، نوێنەری حەماسە لە بەغداد، مانگی رابردوو لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، رەتیكردەوە قسەبكات و وتی: رێگەی قسەكردنم پێنەدراوە لەگەڵ میدیاكان. 🔹حافی، كە كەتیبەكانی حزبوڵا بەرپرسیارێتی رێوشوێنە ئەمنیەكانی لە ئەستۆ دەگرن، چاویكەوتووە بە ژمارەیەك لە گروپ و كەسایەتیە عێراقیەكان لە شیعەو سوننە.
ڕاپۆرتی؛ ڕێکخراوی روونبین بودجەی عێراق لەیاسای بودجەی حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاری کراوە لە ناویشیدا ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم هەیە. نرخی هەربەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵیندراوە و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلارێک بە ١٣٠٠ دینارە. بۆیە داهاتی ئەو نەوتە خاوە بریتی یە لە ١١٦ ترلیۆن و ٢٥٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، هەروەها بڕی یەک ترلیۆن دینار دانراوە وەکو داهاتی بەرهەمە نەوتییەکانی تر. کە هەمووی بەسەریەکەوە داهاتە نەوتییەکان لەساڵەکەدا دەکاتە ١١٧ ترلیۆن و ٢٥٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار. هەروەها داهاتی نانەوتیش مەزەندە کراوە بە ١٧ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار و ٤١٩ ملیۆن و ٦٣ هەزار دینار. واتە کۆی داهاتی عێراق دەکاتە ١٣٤ ترلیۆن و ٥٥٢ ملیارو ٩١٩ ملیۆن دینار، بەپێی یاسای بودجە. بڕوانە ((خشتەی (1 و 2)) خشتەی (1 و 2) داهاتی حەوت مانگی عێراق بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەماوەی حەوت مانگی ساڵی ٢٠٢٤دا کۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی حکومەتی فیدراڵ ٧٧ ترلیۆن و ٤٧٥ ملیار و ٥٠٢ ملیار دیناربووە لە کاتێکدا بەپێی ئەوداهاتەی کە لە یاسای بودجەدا دیاری کراوە بۆ حەوت مانگ دەبوایە ٧٨ ترلیۆن ٤٨٩ ملیار و ٢٠٢ ملیۆن دینار بێت. کۆی داهاتی نەوتی ئەو حەوت مانگە بریتی بووە لە ٦٩ ترلیۆن و ١٥٧ ملیار و ٦١٨ ملیۆن دینار و کۆی داهاتی نانەوتی ئەو ماوەیە بریتی بووە لە ٨ ترلیۆن و ٣١٧ ملیار و ٨٨٣ ملیۆن دینار. لەگەڵ ئەوەی لەو حەوت مانگەدا نرخی نەوت لە سەروو ٧٠ دۆلارەوە بووە بەڵام هێشتا کورتهێنان هەبووە لەکۆی داهاتی چاوەڕوانکراو بە بڕی ١ ترلیۆن و ١٣ ملیار و ٧٠٠ملیۆن دینار. کورتهێنانەکەش بۆ کەمی داهاتی ناوخۆ دەگەڕیتەوە. بڕوانە (خشتەی (3)) لەگەڵ ئەوەی عێراق لە ناو ڕێکخراوی ئۆپیکدا پابەندە بەوەی ئاستی بەرهەمی سنورداربکات، بەڵام لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا زۆر پابەند نەبووە بەو ڕێژەیەی بۆی دەستنیشانکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کات ئاستی هەناردەی نەگەشتووەتە ٣.٥ ملیۆن بەرمیل. بەتێکڕا ١٠٠ هەزار لەژێر ئەو بڕەوە بووە کە لە یاسای بودجەدا دەستنیشان کراوە. بڕوانە (خشتەی (4)) پابەند بوون بەو برەی کە دیاری دەکرێت لە لایەن ئۆپیکەوە بۆ وڵاتانی بەرهەم هێن سوودی هەیە، لەلایەک نرخی نەوت بەبەرزی رادەگرێت لەلایەکی تریش بە نەوتێکی کەمتر داهاتێکی زیاتری دەست دەکەوێت و مەترسی داشکانی نرخی نەوت کەمتر دەبێتەوە. نرخی نەوت نرخی نەوت پەیوەستە بە خواست و خستنە ڕووەوە. خواست راستەوخۆ پەیوەستە بە بوژانەوەی ئابووری جیهان، بەتایبەت وڵاتەپیشەسازییەکان کە بەکاربەری سەرەکی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانن. خستنەڕووش پەیوەستە بە ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت. لە پاڵ ئەمانەشدا چەندین هۆکاری تر هەن کە خزمەت بەم بنەمایەی سەرەوە دەکەن. لەوانە شەڕ و ناسەقامگیری ئەمنی بەتایبەت وڵاتانی بەرهەمهێن و بەتایبەت تر رۆژهەلاتی ناوەڕاست، زریان و گۆرانکاریە کەشوهەواییەکان، لێدوانی بەرپرسانی نەوت و سیاسییەکان (وڵاتانی بەرهەمهێن بەتایبەتی)، راپۆرتەکانی پێشبینی (ڕیکخراوی ئۆپیک، ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکی و داتاکانی گەشەی ئابووری چین، پێشبینی دەڵاڵ و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی وزە...) کاریگەری کورت مەودا و درێژ مەوداشیان دەبێت لەسەر بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخی نەوت. عێراق و ئۆپیک لە ئێستادا پێشبینییەکان زوو زوو گۆڕانکاریان بەسەردا دێت سەبارەت بە خواست لەسەر نەوت، ڕێکخراوی ئۆپیک کە نزیکەی ٢٧٪ ی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنێت بەیەکەوە لەگەڵ ١٠ وڵاتی دەرەوەی رێکخراوەکە بەسەرکردایەتی روسیا هاوپەیمانییەکیان لەساڵی ٢٠١٦ ەوە پێکهێناوە بەناوی ئۆپیک پلەس نزیکەی ٤١٪ نەوتی جیهان بەرهەمدەهێنن، رۆڵی گرنگیان هەیە لە خستنەروی نەوت و دیاری کردنی نرخی نەوت، بەواتایەکی تر کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر سەقامگیری نرخی نەوت. گرنگی و کاریگەری ڕیکخراوی ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی (ئۆپیک پلەس) زۆر بەڕوونی لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە دەرکەوت دوای ئەوەی بەدیاری کردنی ئاستی بەرهەمیان توانییان تا ڕادەیەکی باش سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت بگەڕیننەوە. کاریگەرییەکەیان زیاتر لە سەروبەندی کرۆنا لە سەرەتای ٢٠٢٠ دەرکەوت کە توانییان ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندامیان بۆ ئاستێکی پێوانەیی کەم بکەنەوە، توانیان کە جۆرێک لە سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت بگەڕیننەوە. لەو کاتەوە ئەم هاوپەیمانییەتیە کە عێراق ئەندامێکی کاریگەر و گرنگە تێیدا سەقفی بەرهەمی وڵاتەکانی ئەندامی دیاریکردووە، تا ڕادەیەکی باشیش پابەندبوون بەو ئاستەی لە بەرهەم بۆیان دیاری کراوە توانیویانە نرخی نەوت لە ئاستێکی بەرزدا ڕابگرن. بەڵام هەندێ جار خاو بوونەوەی ئابووری جیهان و مەترسی هەڵاوسان و جەنگاکان کاریگەری ئۆپیک پلەسی کەمکردووەتەوە، بۆیە زۆر جار مانگانە چاوپیاخشاندەوە بە ئاستی بەرهەم و پابەندی ئەندامەکان و پێشبینی گەشەی ئابووری وخواست لەسەر نەوت هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار دەدرێت ئاستی بەرهەم وەکو خۆی بمێنێتەوە یان زیادیان کەم بکرێتەوە. بۆیە نرخی نەوت هەمیشە لە نێوان ئەوان و دەستکەوانی خواست و خستنە روودایە. لەم نێوەندەدا عێراق وەکو وڵاتێک کە داهاتەکەی لە ٨٩٪ پشتی بە نەوت بەستووە، بۆیە هەمیشە لەبەردەم مەترسی دابەزینی نرخی نەوت و کورتهێنانی زیاتری بودجەدایە. ماوەی ساڵ و هەشت مانگی رابوردوو، ماوەی هەنگوینی بوو بۆ نرخی نەوت کە لەسەروو ٨٠ دۆلار و هەندێ جاریش ٩٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام لە ئێستادا مەترسی کۆتایی ئەو ماوە هەنگوینییە لە ئاسۆدا دەردەکەوێت. لەپاڵ هۆکاری خاوبوونەوەی ئابووری چین و ئەمەریکا و ئەوروپا، هۆکارێکی تریش هەیەکە کەمتر ئاماژەی پێدەکرێت کە ئەویش ڕووکردنە بەرهەمهێنانی وزەی سەوز یان وزەی نوێ بووەوەیە لە لایەن ئەو سێ میحوەرە گرنگەی بەکاربەری نەوتن (چین، ئەمەریکا، ئەوروپا)، چین زۆر بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت لە بەرهەم هێنانی ئۆتۆمۆبیلی کارەبایی بە کوالێتی بەرز و نرخی نزم، ئەوە جگە لە هەموو کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبیل کە لەکێبڕکێیەکی خێرادان بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر، لەپاڵ ئەمانەشدا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی جیهانیش وەبەرهێنانی گەورە دەکەن لە وزەی نوی بووەوە. بۆیە هەموو پێش بینییەکان بۆ کەمبوونەوەی خواستە لەسەر نەوت لە ئایندەیەکی مامناوەندا، هەندێ لێکۆڵینەوەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە خواست لەسەر نەوت گەشتووەتە لوتکە و کێرڤەکە بەرەو داکشان دەچێت. لەکاتی دابەزینی نرخی نەوت عێراق کێشەی داهات و پڕکردنەوەی بودجەی بۆ دروست دەبێت، لێرەدا بە سێ سیناریۆ ئاستی کورتهێنانی داهاتی نەوتی دەخەینە ڕوو. سیناریۆی یەکەم ئەگەر نرخی نەوتی عێراق ٥ دۆلار دابەزێت لەوەی لە بودجەدا دەستنیشانکراوە واتە ٦٥ دۆلار (نرخی نەوتی عێراق ٣ بۆ ٤ دۆلار کەمترە لە نرخی پێوەری جیهانی برێنت واتە گەر نرخی برێنت ببێت بە ٦٩ دۆلار) ئەوا بڕی ٩ ترلیۆن و ٣٠٣ ملیار دینار کورت هێنان دەبێت لە داهاتی نەوتدا. پەیوەست بەم سیناریۆیە لە هەفتەی دووهەمی مانگی ئەیلولدا نرخی نەوتی برێنت دابەزی بۆ ٧٠ دۆلارو و خوارتریش. كەواتە سیناریۆی یەکەم لە ئێستادا ئەگەرێکی بەهێزە. لە ئەگەری روودانی ئەم سیناریۆیەدا، ئەو کات عیراق ڕەنگە زیاتر فشار لەسەر هەرێمی کوردستان بکات بۆ ڕادەستکردنی تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە. بۆیە لە بەرژەوەندی هەرێمە کێشەکانی بە تەواوی چارەسەر بکات لە گەڵ عیراقدا. بڕوانە (خشتەی (5) سیناریۆی یەکەم) سیناریۆی دووەم ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراق دابەزێت بۆ ٦٠ دۆلار ئەوکاتە کورتهێنانەکە زیاتر دەبێت، و دەگاتە ١٧ ترلیۆن و ٦٠٧ ملیار دینار. بڕوانە (خشتەی (5) سیناریۆی دووەم) سیناریۆی سێهەم کاتێک نرخی نەوت دابەزێت بۆ ٥٥ دۆلار ئەکاتە کورتهێناکە دەبێتە ٢٥ ترلیۆن و ٩١١ ملیار دینار. بڕوانە (خشتەی (5) سیناریۆی سێیەم) خشتەی (5) سیناریۆی دووەم و سێهەم ئەگەر لاوازیش بن بەڵام ئەگەرێک و مەترسییەکە هەمیشە ترسی ڕودانی هەیە، و لە رابووردوشدا رووداوی چاوەڕواننەکراو هەموو پێشبینییەکانی پێچەوانە کردووەتەوە. ئەوکات کێشەی گەورە بۆ مووچە و خزمەتگوزارییەکان لە عیراق و هەرێم درووست دەبێت. هەڕەشەیەکی گەورەشدەبێت لە سەر ڕیکەوتنەکانی بودجەی نێوان بەغداد و هەولێر. بۆیە گرنگە عێراق زۆر بەجدی و خێرایی هەوڵی زیادکردنی سەرچاوەکانی تری داهات بدات و هەنگاوی کردەیی بنێت بە ئاراستەی وزەی نوێ بووە وە. خۆشبەختانە جوگرافیای عێراق و هەرێم زۆر گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی نوێ بووە وە (خۆر، باو و ئاو).
راپۆرتی: درەو 🔻 دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە دواین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان (2018)ەو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان و هەورامان)؛ 🔹 لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی (2018) یەکێتی زۆرترین ژمارەی دەنگەکانی بازنەکەی بردووەو (8 هەزار و 839) دەنگی بەڕێژەی (24.46%) بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) سەرەڕای گرێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، پلەی دووەمی هەبووەو دەنگەکانی دابەزیوە بۆ (5 هەزار و 228) بەڕێژەی (21.79%). 🔹 یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (2018)دا (7 هەزار و 545)ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (20.88%) لە دوای یەکێتییەوە هاتبوو، بەڵام لە ساڵی (2021)دا پلەی یەکەمی گرتووە و (7 هەزار و 24) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (29.28%). پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە لە دوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 1. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (2018) لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەگوێرەی داتاکانی بەردەست لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە)) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی یەکەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛ - یەکێتی نیشتمانی کوردستان پلەی یەکەمی گرتووە و (8 هەزار و 839) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (24.46%). - (یەکگرتوو و بزوتنەوە)ی ئیسلامی پلەی دوومیان گرتووە و (7 هەزار و 545) دەنگیان بەدەستهێناوە، ، بە ڕێژەی (20.58%). - کۆمەڵی ئیسلامی (دادگەری) لە پلەی سێیەمدا بووەو (6 هەزار و 422) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (17.77%). - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی چوارەمدا بووەو (5 هەزار و 214) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.43%). - بزوتنەوەی گۆڕان لە پلەی پێنجەمدا بووەو (5 هەزار و 75) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.04%). - نەوەی نوێ پلەی شەشەمی گرتووە و (3 هەزار و 36) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (8.04%). 2. ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (2021) لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەگوێرەی داتاکانی بەردەست لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە)) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی دووەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛ - یەکگرتووی ئیسلامی پلەی یەکەمی گرتووە و (7 هەزار و 24) دەنگی بەدەستهێناوە، ، بە ڕێژەی (29.28%). - هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) _تەنها یەکێتی کاندیدی هەبووە_، پلەی دووەمیان گرتووە و (5 هەزار و 228) دەنگیان بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (21.79%). - کۆمەڵی دادگەری لە پلەی سێیەمدا بووەو (4 هەزار و 858) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (20.25%). - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی چوارەمدا بووەو (3 هەزار و 477) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.49%). - نەوەی نوێ پلەی پێنجەمی گرتووە و (3 هەزار و 396) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.16%). پارێزگای هەڵەبجە لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، و دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای هەڵەبجە (27) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (136) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەڵەبجە دەبێت". بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە (62 هەزار و 584) دەنگدەر، بەشێوەیەک (59 هەزار و 5) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (3 هەزار و 579) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت لە كۆی 100 كورسی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان 30 كورسییان لەلایەن ژنانەوە پڕدەكرێتەوە، (بەهای كورسی) بنەڕەتی دابەشبوونی كورسییەكانە بەسەر لیستەكاندا، بۆ دەرهێنانی بەهای كورسی لە هەر بازنەیەك، تەنیا دەنگی كورسییە گشتییەكان ئەژمار دەكرێت نەك دەنگی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان، كاندیدەكان بەگوێرەی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە لیستەكانیان لە هەڵبژاردن دەیبەنەوە، ناویان ریزبەند دەكرێت لە زۆرترینەوە بۆ كەمترین دەنگ و بەمشێوەیە كورسییەكان پڕ دەكەنەوە، ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسی پەرلەمان چۆڵ بوو، لە لیستی كراوەدا دەدرێت بە كاندیدێك لە هەمان قەوارەی سیاسی كە كورسییەكەی چۆڵ بووە، بەڵام ئەگەر كاندیدی تاكەكەسیی كورسییەكەی چۆڵ بوو دەكرێت كورسییەكەی بدرێت بە كاندیدی لیستی كراوەكان (واتا كاندیدی حزبەكان). وردەكاری چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەسەر لیستە براوەكانی هەڵبژاردن و كاندیدەكانیان لەم راپۆرتەدا. ئەمە جێبەجێ دەكرێت كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سیستەمی (دابەشكردن و جێگۆڕكێی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان- ژمارە 9ی ساڵی 2024)ی بڵاوكردەوە. ئەم سیستەمە رۆژی 9ی ئەم مانگە (ئەیلول) پەسەندكراوەو چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی (خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان) كاری پێدەكرێت. دابەشبوونی كورسییەكان لەم سیستەمە نوێیەدا، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرلەنوێ كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان (100 كورسی) دابەشكردووەتەوە، بەمشێوەیە: • كورسی گشتیی: 95 كورسی • كورسی تەرخانكراو بۆ پێكهاتەكان: 5 كورسی بەمشێوەیە دابەشبووە: - 3 كورسی بۆ پێكهاتەی مەسیحی - 2 كورسی بۆ پێكهاتەی توركمان دابەشبوونی كورسیی گشتیی و پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە: ژن لە پەرلەمانی داهاتوودا بەگوێرەی خشتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، لەكۆی (100) كورسی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان، دەبێت لانی كەم (30) كورسییان ژنان پڕی بكەنەوە، بەمشێوەیە: • لەكۆی 34 كورسی تەرخانكراو بۆ بازنەی هەولێر، دەبێت لانی كەم (10) كورسییان بۆ ژنان بڕوات. • لەكۆی (38) كورسی بازنەی سلێمانی، دەبێت لانی كەم (11) كورسی بۆ ژنان بڕوات. • لە كۆی (25) كورسی بازنەی دهۆك، دەبێت لانی كەم (8) كورسی بۆ ژنان بڕوات. • لەكۆی (3) كورسی بازنەی هەڵەبجە، دەبێت لانی كەم (1) كورسی بۆ ژنان بڕوات. كورسییەكان چۆن حساب دەكرێن ؟ بەگوێرەی سیستەمەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، بۆ كورسییە گشتییەكان، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەرهێنانی ژمارەی كورسی هەر لیستێك (كراوە یان تاكەكەسیی)، بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە دەبێت: • كۆكردنەوەی تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستەكان (كراوە یان تاكەكەسیی)، لەچوارچێوەی یەك بازنەی هەڵبژاردن، كە ركابەرێتی تێدا دەكەن. • رێكخستنەوەی ریزبەندی لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان لە بازنەی هەڵبژاردنەكەدا بەگوێرەی تێكڕای ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە، لە زۆرەوە بۆ كەم. • تێكڕای ئەو دەنگە دروستانەی كە لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان بەدەستیان هێناوە، دابەشدەكرێت بەسەر ژمارەی كورسییە گشتییەكان لەو بازنەیەدا، بەمەبەستی دەرهێنانی بەهای هەر كورسییەك. • كورسییەكان لە هەر بازنەیەك دابەشدەكرێن بەسەر لیستەكاندا، لەرێگەی دابەشكردنی كۆی گشتی دەنگی هەر لیستێك بەسەر بەهای هەر كورسییەكدا لەو بازنەیە. • ئەگەر لیستێك ئەوەندە كورسی بەدەستهێنا كە هاوتای ژمارەی كاندیدەكانی بوو، ئەوا وەكو لیستی براوە ئەژمار دەكرێت و هیچ پرۆسەیەكی تری دابەشكردنی كورسییەكان نایگرێتەوە. • دوای پرۆسەی دابەشكردنی كورسی بەسەر لیستەكاندا بەگوێرەی بەهای كورسیی، ئەو كورسییانەی دەمێننەوە بە كورسی بەتاڵ ئەژمار دەكرێن و دابەشدەكرێن بەسەر ئەو لیستانەی كە پاشماوەی دەنگەكانیان كەمترە لە بەهای كورسی (جا ئیتر كورسی بردبێت یان نا)و گەورەترین دەنگی ماوە-یان هەیە، كورسی بەتاڵی یەكەم دەدرێت بەو لیستەی زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە، كورسی بەتاڵی دووەم دەدرێت دووەم لیست لەڕووی زۆری دەنگی ماوە، ئیتر بەمشێوەیە كورسییەكانی تریش دابەشدەكرێن. • ئەگەر كورسییەكی بەتاڵ یاخود زیاتر مایەوەو دوو لیست یان زیاتر لە ژمارەی دەنگی ماوە-دا یەكسان بوون، ئەوكاتە كۆمسیۆن تیروپشك دەكات بۆ دیاریكردنی بۆ دیاریكردنی ئەو لیستەی كە كورسییە بەتاڵەكە دەبات، ئەمەش بە ئامادەبوونی لیستەكان خۆیان یان ئەوانەی نوێنەرایەتییان دەكەن. ئەمانە ئەو هەنگاوانە بوون كە كۆمسیۆن دیاریكردوون بۆ چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی دەنگ و كورسی هەر لایەنێك لە چوارچێوەی بازنەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەوەیە، لە دیاریكردنی بەهای كورسی لە هەر بازنەیەكدا، تەنیا دەنگە (دروست)ەكان ئەژمار دەكرێت نەك دەنگە (پوچەڵ)ەكان، سەرباری ئەمە بۆ دیاریكردنی بەهای كورسی بازنەكان تەنیا ئەو دەنگە دروستانە ئەژمار دەكرێت كە بۆ كورسییە گشتییەكان رۆیشتوون، واتا دەنگی كورسی "كۆتا" پێكهاتەكان بۆ دەرهێنانی بەهای كورسی پشتی پێ نابەسترێت. نمونەیەك بەكورتی هاوكێشەی دەرهێنانی دەنگی لیستەكان دوای هەڵبژاردن، لە هەر بازنەیەك بەمشێوەیە دەبێت: تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستە بەشداربووەكان (جگە لە دەنگی كورسی كۆتای پێكهاتەكان) ÷ ژمارەی كورسی گشتی لە بازنەی هەڵبژاردن= بەهای كورسی بۆ نمونە ئەگەر تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لە بازنەی سلێمانی بە (370 هەزار) دەنگ ئەژمار بكرێت، ئەوا ئەم ژمارەیە دابەشدەكرێت بەسەر 36 كورسیدا كە ژمارەی كورسییە گشتییەكانە لەسنوری ئەم بازنەیە، بەمەش ئەنجامەكەی بەمشێوەیە دەبێت: 370000 ÷ 36 = 10277 واتا بە گریمانەكراوی بەهای هەر كورسییەك لە بازنەی سلێمانی (10 هەزارو 277) دەنگ دەبێت دوای دەرهێنانی بەهای كورسی، ئەوكاتە دەست بە پرۆسەی دیاریكردنی ژمارەی كورسی هەر لایەنێك لە بازنەكان دەكرێت. ئەگەر بەهەمان شێوە بازنەی سلێمانی وەكو نمونە وەربگرین، لەدواین هەڵبژاردندا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو لە ئۆكتۆبەری 2021، یەكێتیی نیشتمانی لە سنوری بازنەی (118 هەزارو 586) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر بەهای هەر كورسییەك لەم بازنەیە بەشێوەی پێشبینیكردن بە (10 هەزارو 277) دەنگ دیاری بكەین، ئەوا هاوكێشەكە بەمشێوەیە دەبێت: 118586 دەنگی یەكێتیی ÷ 10277 بەهای كورسی لە بازنەی سلێمانی = 11 كورسی، لەپاڵ ئەمەدا یەكێتیی ژمارەیەك دەنگی دەمێنێتەوە كە دەبێت بە (دەنگی ماوە)و دەچێتە ركابەریكردن بۆ بردنی كورسییە بەتاڵەكانی ئەم بازنەیە دوای دابەشكاریی بەپێی بەهای كورسی. (تێبینی: یەكێتیی لەدواین هەڵبژارندا براوەی یەكەم بووە لەم بازنەیە، بۆیە بە گریمانەیی ژمارەی دەنگەكانی لەدواین هەڵبژاردن وەرگیراوەو ئەنجامی هاوكێشەكە پێشبینی كردن نییە، بەڵكو جێبەجێكردنی سیستەمی دابەشبوونی كورسییەكانە بەپێی ئەوەی كۆمسیۆن دایناوە تەنیا وەكو نمونەیەك). كورسییەكان چۆن بەسەر كاندیدەكاندا دابەشدەكرێت؟ چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر كاندیدەكاندا، دابەشدەبێت بەسەر سێ بەشدا كە ئەمانەن: • چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییە گشتییەكان بەسەر كاندیدی لیستە كراوەكاندا • چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی ژنان • چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان سیستەمەكەی كۆمسیۆن بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە، كورسییە گشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر كاندیدی لیستە كراوەكاندا دابەشدەكات: • ناوی كاندیدەكان لەناو لیستی كراوەدا، سەرلەنوێ لەسەر بنەمای دەنگەكانیان لە زۆرەوە بۆ كەم رێزبەند دەكرێتەوە. • بەگوێرەی ئەو بڕگەی سەرەوە، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێناوە دابەش دەكرێت بەسەر كاندیدەكانیدا. • ئەگەر كاندیدێك یان زیاتر لە لیستێكی هەڵبژاردندا دەنگەكانیان یەكسان بوو، لەچوارچێوەی ناوچەی هەڵبژاردنەكەدا لە ریزبەندی كۆتاییدا بوون، ئەوا كۆمسیۆن بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، تیروپشك بۆ ئەو دوو كاندیدە دەكات بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە. دابەشبوونی كورسی "كۆتا"ی ژنان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەگوێرەی سیستەمی كۆمسیۆن، بەم هەنگاوانە دەبێت: • بەگوێرەی ئەم سیستەمە، لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن، رێژەی 30%ی كورسییەكان بۆ ژنان زامن كراوە. • ئەگەر لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كۆتای ژنان بەدی هاتبوو، پرۆسەی گۆڕین ئەنجام نادرێت (مەبەست لە گۆڕینی دورخستنەوەی كاندیدی براوەی پیاوانە لە بازنەكانی هەڵبژاردن و دانانی ژنانە لە شوێنەكانیان بەمەبەستی پڕكردنەوەی رێژەی 30%ی كورسییەكانی هەر بازنەیەك بە ژنان). • خۆ ئەگەر بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كۆتای ژنان بەدی نەهاتبوو، كاندیدێك یان زیاتر لە كاندیدە پیاوە براوەكان لە هەمان لیستی براوە لادەبرێت و ژنێك یان زیاتر لە هەمان لیست لە شوێنەكەی دادەنرێت كە لە هەموو ژنەكانی تری لیستەكە دەنگی زیاتری هێنابوو، بەمشێوەیە: - بۆ دیاریكردنی پشكی هەر لیستێك لە كۆتای ژنان، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستیهێناوە دابەش دەكرێت بەسەر (3)دا. - ئەگەر رێژەی 30%ی كۆتای ژنان بەدی نەهات، ئەوا كورسییەك بۆ ژنان تەرخاندەكرێت لە كورسی ئەو لیستانەی كە دوو كورسییان بەدەستهێناوە، ئەمەش بەگوێرەی ژمارەی دەنگی لیستەكان لە كەمەوە بۆ زۆرو كاندیدی براوەی كورسی دووەمی ئەم لیستانە دەگۆڕدرێت بە ژنان. - خۆ ئەگەر هەموو هەنگاوەكانی پێشتر ژمارەی دیاریكراوی كورسی ژنانی بەدی نەهێنا، ئەوا كورسی ژنان لەو لیستە كراوانە دیاری دەكرێت كە تەنیا یەك كورسییان بەدەستهێناوە، لە كەمترینەوە بۆ زۆرترین بەگوێرەی دەنگی لیستەكە. - ئەو ژنانەی كە بە دەنگی خۆیان لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا لە لیستی كراوە یاخود تاكەكەسیی سەركەوتوون، لەچوارچێوەی كورسی تەرخانكراوی كۆتای ژنان ئەژمار دەكرێن. - بەڵام كورسی كۆتای پێكهاتەكان سیستەمی كۆتای ژنان نایگرێتەوە. كورسی كۆتای پێكهاتەكان چۆن دابەشدەكرێت؟ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، هاوشێوەی كورسییە گشتییەكان و كورسی كۆتای ژنان، سیستەمێكی تایبەتیشی بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دیاریكردووە. لە كۆی (100) كورسی پەرلەمانی كوردستان، (5) كورسی وەكو "كۆتا" بۆ پێكهاتەی (مەسیحی و توركمان) دیاریكراوە، ئەم پێنج كورسییەك (2) كورسی بەر هەولێرو (2) كورسی بەر سلێمانی و (1) كورسی بەر دهۆك كەوتووە، بەمشێوەیە: • هەولێر: 1 كورسی توركمان + 1 كورسی مەسیحی • سلێمانی: 1 كورسی توركمان+ 1 كورسی مەسیحی • دهۆك: 1 كورسی مەسیحی كورسی "كۆتا"ی مەسیحی و توركمان لە بازنەكانی هەڵبژاردن، بەمشێوازە دابەشدەكرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت: • ئەگەر هاتوو هەر یەكێك لەو كاندیدانەی كە سەربە پێكهاتەكان بوو، كورسییە گشتییەكانی بردەوە، ئەمە كاریگەریی لەسەر كورسی تەرخانكراو بۆ ئەو پێكهاتانە نابێت (واتا خەڵكی سەربە پێكهاتەكان كورسی گشتیی ببەن، لەسەر حسابی كۆتا ئەژمار ناكرێن). • ناوی كاندید بۆ كورسی پێكهاتە لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كە كورسی پێكهاتەكانی بۆ تەرخانكراوە، بەگوێرەی ئەو دەنگەی كە بەدەستیهێناوە لە زۆرەوە بۆ كەم ریزبەند دەكرێتەوە. • براوەی كورسی پێكهاتە ئەو كەسە دەبێت كە زۆرترین دەنگی بازنە یاخود ناوچەی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە. • ئەگەر كاندیدێك یان زیاتری پێكهاتەكان ژمارەی دەنگەكانیان یەكسان بوو، ئەوا بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە، كۆمسیۆن تیروپشك لە نێوانیاندا دەكات. كورسییە بەتاڵەكان چۆن پڕدەكرێنەوە ؟ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەچوارچێوەی ماددەیەكداو بە (4) بڕگە رێوشوێنی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی بەمشێوەیە دیاریكردووە: • ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی كراوەدا كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا ئەو كاندیدە دۆڕاوەی كە لە هەمان قەوارە زۆرترین دەنگی هێناوە شوێنەكەی پڕدەكاتەوە (حزب یان رێكخراوی سیاسی). • ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیدا (ئەو لیستەی كە لە یەك كاندید پێكدێت) كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی لە لیستێكی كراوە (مەبەست لە لیستی حزب و هاوپەیمانێتییەكانە) یاخود تاكەكەسیی كە زۆرترین دەنگی ماوە-ی هەیە دوای جێبەجێكردنی دەقی ماددەی (3/یەكەم/و) لەسەری، جا ئیتر كورسی هێنابێت یاخود نا. ماددەی 3/یەكەم/و كە لەم بڕگەیەدا ئاماژەی بۆ كراوە دەڵێ:" دوای پرۆسەی دابەشكردنی كورسی بەسەر لیستەكاندا بەگوێرەی بەهای كورسیی، ئەو كورسییانەی دەمێننەوە بە كورسی بەتاڵ ئەژمار دەكرێن و دابەشدەكرێن بەسەر ئەو لیستانەی كە پاشماوەی دەنگەكانیان كەمترە لە بەهای كورسی (جا ئیتر كورسی بردبێت یان نا)و گەورەترین دەنگی ماوە-یان هەیە، كورسی بەتاڵی یەكەم دەدرێت بەو لیستەی زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە، كورسی بەتاڵی دووەم دەدرێت دووەم لیست لەڕووی زۆری دەنگی ماوە، ئیتر بەمشێوەیە كورسییەكانی تریش دابەشدەكرێن". • ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسییەك چۆڵ بوو كە كورسی كۆتای پێكهاتەكان بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی دوای خۆی لەڕووی ژمارەی دەنگەوە، لە هەمان پێكهاتە. • ئەگەر كورسی كۆتای چۆڵ بوو هی ژنان بوو، مەرج نییە ئەو كەسەی دەخرێتە شوێنەكەی هەر دەبێت ژن بێت، مەگەر لەكاتێكدا چۆڵبوونەكە كاریگەریی لەسەر رێژەی نوێنەرایەتیی ژن هەبێت.
راپۆرتی: فەرمان سادق رەنگە دۆزینەوەی لاشەی ورچێک لە سنوری کوێستانی پڕژێی سەر بە قەزای چۆمان، تازەترین تاوانی ژینگەیی بێت لە کوردستاندا. پۆلیسی دارستان و ژینگە، دەستەی ژینگە، رێکخراوە لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەکان بەدوای بکوژەکەیدا دەگەڕێن و دەیانەوێت سکاڵا لەسەر ئەنجامدەرەکە تۆمار بکەن. بەڵام دەستدرێژی بۆ سەر ژینگەی دارستانەکان، گیاندارە کێوییەکان و کۆی سیستمی ژینگەیی، پرسێکی رۆژانەیە کە بووەتە هەڕەشە لەسەر سروشتی کوردستان. جگە لەم ورچە، پێشتریش لە مانگی ئایاری رابردووی ئەمساڵ، کۆمەڵێک نەورەس لە دەریاچەی دووکان مردار بوونەوە، ئەگەرچی لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا لە هۆکاری مرداربوونەوەکەی بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی لیژنەکە رانەگەیەنراوە. لە کوردستاندا، لەگەڵ ئەوەی یاسای پاراستنی ژینگە و چەندان رێنمایی هەن بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگە، هەروەها هێزی جێبەجێکاری وەک پۆلیس و پێشمەرگەی ژینگەش هەن، بەڵام نەک نەیانتوانیوە تاوانە ژینگەییەکان بنەبڕ بکەن یان کەم بکەنەوە، بەڵکو هیچ لایەکیان ئاگاداری کار و چالاکیی ئەوی تر نین و لینکی پەیوەندی لەنێوانیاندا نییە. لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ورچەکە بەردەوامە بەگوێرەی راید فواد زراری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە هەولێر، هێشتا لێکۆڵینەوە لە سەر کوشتنی ورچەکەی سۆران بەردەوامە. ئەوەی لێکۆڵینەوەکەی قورس کردووە ئەوەیە کە ورچەکە لە ناوچەی پارێزراوی هەڵگورد-سەکران کوژراوە، کە لە بنەڕەتدا ئەم ناوچەیە یەکێکە لە سێ ناوچە پارێزراوەکەی کوردستان لەپاڵ قۆپی قەراغ و زوورگەزراو، بەڵام وەک پێویست خزمەت ناکرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر. فواد زراری باسی ئەوە دەکات کە ئەم ناوچانە، لە رووی جوگرافییەوە سەختن، هێج ئامێرێکی چاودێری وەک کامێرای لێ نییە تاوەکو سەرەداوێک لەسەر ڕووداوەکە دەست بکەوێت. لەم بارەیەوە دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەک پۆلیسی ژینگە خاڵی پێویستی چاودێریمان لەم ناوچانە کەمە، ئەویش بەهۆی بەهۆی کەمی میلاک و کەرەستەی پێویست. ئەمە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکەی قورس کردووە، بەڵام بەردەوامە. نەک هەر ئێمە، دەستەی ژینگە، رێکخراوە لۆکاڵییە ژینگەییەکان و نێودەوڵەتییەکانیش لەسەر خەتن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە". کوژرانی ئەو ورچە، یەکەم حاڵەت نییە، پێشتریش پڵینگێک لە چیای بەمۆ کوژرا، لە دهۆکیش بەهەمان شێوە. ئەم بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە هەولێر، پێی وایە دەبێت لە ئەم تاوانە ژینگەییانە ڕێگەی میدیاوە گەورەتر بکرێن، چونکە پەیوەندییان بە ژینگە و سروشت هەیە، سروشتی کوردستانیش لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. مقەدەم مەحمود حەمەد، بەرپرسی جوڵانەوەی هێزی هەولێر لە فەرماندەیی ژینگە کە ئێستا ناوەکەی گۆڕاوە بۆ فەرماندەیی کارۆخ، دەڵێت؛ هەر بەرپرسێک ڕاو بکات، سەرەتا دەمانگرتن، بەڵام بۆ دروست نەبوونی کێشە لە یەکەی (٨٠) ڕێنماییمان بۆ هاتووە کە بەرپرسان نەگرین، بەڵکو ناوەکەیان و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیان وەردەگرین و ڕەوانەی سەرووی خۆمان دەکەین و ئەوان ڕێکار بەرامبەر ئەو بەرپرسانە دەگرنەبەر. "بەرپرسی باڵا هەبووە رێکاری توندیان لە دژ گیراوەتە بەر، بەڵام ئەمە چەند ساڵێک پێش ئێستا بووە". مقەدەم مەحمود وای وت. لەسەر مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دەریاچەی دووکان، ئەگەرچی وەزارەتی کشتوکاڵ لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و بڕیاربوو لە تاقیگەی ڤێتێرنەری پشکنین بۆ هۆکاری مرداربوونەوەیان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە، ئەگەرچی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە ٢٢ـی ئایاری رابردوو، واتە دوای هەفتەیەک لە مرداربوونەوەیان رایگەیاند کە بەهۆی ئەنفلۆنزای باڵندە مردار بوونەتەوە. دارستانەکانی کوردستان لەسەر نیوە کەمیان کردووە بەگوێرەی زانیارییەکان رووبەری دارستانی سروشتیی لە ٥٠ ساڵی رابردوودا سەرووی پێنج ملیۆن دۆنم بووە، بەڵام بەپێی داتایەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠، رووبەرەکە کەمێک لە ٢ ملیۆن و نیو دۆنم زیاترە، یانی لەسەر نیوە کەمی کردووە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی رەزگەری و دارستان و پاوانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ کە لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە دەستکەوتووە، رووبەری دارستان بە نزیکەی دوو ملیۆن و ٣٢٧ هەزار دۆنم خەملێنراوە. ئامارەکان هەر چۆنێک بن، ئەوە لای هەمووان ئاشکرایە کە لە ٢٠١٠ـەوە تاوەکو ئیستا زۆرترین دەستدرێژی کراوەتە سەر ژینگە، لەم ماوەیەدا بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی بیمە کە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە، سەرووی ملیۆنێک دۆنم دارستان و پاوان سووتاون. زۆرترین حاڵەتەکانی سووتانیش لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ \٢٠٢٠ \ ٢٠٢١ بووە. هەر بەپێی بەدواداچوونێکی وەزارەتی کشتوکاڵ رێژەی ٣٠%ـی هۆکاری سووتانی دارستانەکان بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانی تورکیا و ئێران بووە. بۆ پاراستنی دارستانەکان و نەبڕینەوەی دارەکان و نەکردنیان بە ڕەژوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە پێشنیار دەکات باج و گومرک لە سەر هاوردەکردنی ڕەژوو هەڵبگیرێت، ئەویش لەپێناو نەهێشتنی کانە خەڵووز و دەست نەبردن بۆ دارستانەکانی کوردستان لەپێناو رەژوودا. راید فواد زراری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "وەزیری کشتوکاڵ بەدەم داواکارییەکەیانەوە چووە و باجی کەم کردووەتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت نەک هەر نەمێنێت، بەڵکو هانی بازرگانانیش بدرێت رەژوو بێنن بۆ ئەوەی واز لە داربڕینەوە بهێنن". بۆ وەرگرتنی دوا ئامار و زانیاری لەسەر رووبەری دارستان لە کوردستان، ئامادەکاری ئەم ڕاپۆرتە چەند جارێک پەیوەندی بە هەڵکەوت عەبو، بەڕێوەبەری گشتی دارستان و پاوان و باخداری لە وەزارەتی کشتوکاڵ کرد، تەنانەت لە ڕێگەی واتسئاپەوە پرسیارەکانیشی بۆ نارد، هەروەها وتەبێژی وەزارەتیشی لێ ئاگادار کردەوە، بەڵام هیچیان وەڵامی پرسیارەکانیان نەدایەوە. ٩٥%ـی تاوانە ژینگەییەکان لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجامدەدرێت لەگەڵ ئەوەی ئامارەکان قەبارەی مەترسی سەرپێچی و تاوانە ژینگەییەکان دەردەخەن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، "سەدا ٩٥ی سەرپێچی و تاوانەکان لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجامدەدرێن، بەتایبەتی ڕاوکردنی گیانەوەی کێوی. ئەوەی وایکردووە پاراستنی ژینگە کارێکی زۆر قورس بێت، ئێمە رووبەڕووی مافیای ژینگەیی دەبینەوە، ئەوان ژینگە بە هی خۆیان دەزانن، لەوە تێ ناگەن کە ژینگە هی هەمووانە". دەستدرێژییەکان لە سنوری ڕاوکردن و کوشتنی گیانەوەرە کێوییەکان و بڕینەوەی داردا ناوەستن، بەڵکو سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەویش دەگرنەوە. بە قسەی راید فواد زراری بێت مانگانە دەست بەسەر هەشت بۆ ١٠ ئامێری بیرلێدان دەگیردرێت، ئەوە جگە لەوانەی دەستیان بەسەردا ناگیررێت و بەردەوامن لەسەر دەستدرێژی بۆ سەر ئاوی ژێر زەوی. ڕوونیشی دەکاتەوە کە بیر لێدان زۆر پێشوەچوونی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا ئامێری پێشکەوتوو هێنراوە کە بە کارەبا کار دەکات و دەنگیشی نایەت، لەناو ماڵەکە بیر لێدەدرێت هەر نایبینی، بۆیە "دەست بەسەراگرتنی ئەم ئامێرانە زۆر زەحمەتە". دەربارەی باخە تایبەتەکانیش دەڵێت "مەسەلەی مەزرەعەکان بووەتە ئەمری واقیع، دوو ساڵ پێش ئێستا پێشنیارمان بۆ وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بۆ هەر کۆمەڵە مەزرەعەیەک بیرێک لێبدات نەک هەر مەزرەعەیەک بیرێک لێبدات، هێشتا وەڵاممان وەرنەگرتووە". تاوانە ژینگەییەکان مەترسیدارن بەپێی ئاماری دەستەی ژینگە بێت، لە چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦ هەزار کەیس لەسەر تاوانی ژینگەیی دراونەتە دادگاکان و زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بووە. پڕۆسەی ڕەوانەکردنی سەرپێچییەکان لە دەستەی ژینگە وەهایە کە دوای ئاگادارکردنەوەی دەستە لە بوونی سەرپێچی ژینگەیی و سەلماندنی، سەرەتا بەڵێننامە بە کەسی سەرپێچیکار تۆمار دەکرێت، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەوا کەسی سەرپێچیکار سزا دەدرێت، دوا قۆناغیش دەیدەن بە دادگا. لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەستەی ژینگە زیاتر لە ٧ هەزار بەڵێننامەی بە سەرپێچیکاران واژۆ کردووە، لەمەشدا زۆرترینی لە پارێزگای سلێمانی بووە کە زیاتر لە سێ هەزار بەڵێننامە بووە. هەر لەو چوار ساڵەدا ٥٠٠ سەرپێچیکار سزای پێژماردن کراون، لەمەشدا هەر پارێزگای سلێمانی بە زیاتر لە ٢٠٠ کەیس لە پێشەوەی شارەکانی دیکە بووە. هاوکات بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە بێت، پارساڵ زیاتر لە ٢٣٠ حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە هەبووە کە بەهۆیەوە سەرووی ٢٣ هەزار ڕەز و باغ، دارستان و پاوان و پوش و پەڵاش سووتاون کە کۆی گشتییان دەکاتە سەرووی ٧١ هەزار دۆنم زەوییە. لە پرسی بیرلێدانی نایاساییدا، دەست بەسەر زیاتر لە ٦٠٠ پارچە کەرەستەی بیرلێداندا گیراوە. کەس ئاگای لە کەس نییە! جگە لە دەستەی ژینگەو پۆلیسی دارستان، پێشمەرگەی ژینگە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵیش هەن، بەڵام وەک وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە و بەپرسی جوڵانەوە لە فەرماندەیی پێشمەرگەی ژینگە جەختی لێدەکەنەوە، کەسیان ئاگاداری کاری ئەوی تر نییە و هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوانیان ئەنجام نادرێت، ئەمەش پێچەوانەی ڕای دەستەی ژینگەیە. فواد زراری، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت؛ هیچ لینکێک لەنێوانمان نییە و ئاگاداری ئیشی یەکتریش نین. "ئەوان ئیشی خۆیان دەکەن و ئێمەش هەروا، هەندێکجار دەستەی ژینگە رێنمایی دەردەکات دوای سێ مانگ دەگاتە لای ئێمە و پرسیشمان پێناکەن لە دەرکردنی ڕێنمایی". فواد زراری وادەڵێت، دەشپرسێ کە عەیبە نییە ئەگەر پرس بکەن بۆ ئەوەی هاوبەش بین لە دەرکردنی رێنماییەکان تاوەکو بتوانین جێبەجێیان بکەین، عەیب ئەوەیە یاسا و رێنمایی جێبەجێ نەکرێن. فواد زراری لەسەر ئەم پرسە زیاتر دوا و دەڵێت، " باوەڕ بکە بە دوو ساڵ جارێکیش یەک نابینین، ئەمەش کاریگەری لەسەر پێشێلکارییە ژینگەییەکان دروستکردووە، بۆیە باشترە دەستەیەکی باڵا یان ژووری ئۆپەراسیۆن لەسەر ئاستی پارێزگاکان دادەمەزرێنین". مقەدەم مەحمود حەمەد، بەرپرسی جوڵانەوە هێزی هەولێری فەرماندەیی پێشمەرگەی ژینگە دەڵێت؛ ئێمە ڕێنمایی لە یەکەی (٨٠)ـی هێزی پێشمەرگە (یەکەیەکی پێشمەرگەیە و سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە) وەردەگرین. "هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەستەی ژینگە نییە و لەگەڵ هیچ رێکخراوێکی ژینگەییش پەیوەندییمان نییە و هیچ خولێکی ژینگەپارێزیشمان نەبینیوە، بەڵام ئێمە رێنمایی خۆمان هەیە و دەزانین ئیشی خۆمان چۆن ئەنجامدەدەین". ئەو وا دەڵێت. بەپێی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای ژینگە هەیە و لایەنە پەیوەندارەکانیش نوێنەرایەتییان لەو ئەنجومەنە باڵایە ئەندامە. بەگوێرەی بەڕێوهبهری دڵنیایی جۆری له دهستهی پاراستن و چاككردنی ژینگه لوقمان شێروانی، ئەنجومەنەکە دوو مانگ جارێک کۆدەبێتەوەو تاوتوێی پلانە گشتییەکان دەکات، کۆبوونەوەکانیش بێگومان کاریگەری خۆیان هەبووە، بەڵام ڕێژەییە و هەندێک شتیش هەیە بووەتە ئەمری واقیع کە پێویستی بە کات و پلان و سێکتەری دارایی هەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان. "کەم تا زۆر جۆرێک لە پەیوەندیمان هەیە، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و کشتوکاڵ ئەندامیان هەیە لە ئەنجومەنی باڵا، ئەگەر ڕێنماییەک پێویستی بە کارێکی مەیدانی هەبوو ئەوا ئەوان کارەکە ئەنجامدەدەن". لوقمان شێروانی وای وت، باسی لەوەشکرد کە هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەی کاری هاوبەش بەیەکەوە ئەنجام بدەین، بەڵام هەر دامەزراوەیەک لە حکومەت ئەرکێکی پێ ڕاسپێردراوە. بەڵام مەهدی هەمزە، پسپۆر لە نووسینەوەی یاسای ژینگەیی، پێیوایە کە ئەنجومەنەکە لەگەڵ ئەوەی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات، بەڵام نەیتوانیوە بە رێژەیەکی زۆر بە ئەرکەکانی خۆی هەڵسێت، ئەمەش پەیوەندی بە سنوورداری رۆڵی ژینگە هەیە لە کوردستان. لای خۆیەوە راوێژ مەحوی، چالاکوان و شارەزای یاسای ژینگەیی ڕای وایە کە پەرتەوازەییەک لە پاراستنی ژینگەدا هەیە، ئەویش بەهۆی بوونی ژمارەیەک فەرمانگەی جیاواز کە ئاگاداری کاری یەکتری نین. لەم بارەیەوە دەڵێت، "ئەگەر لەژێر یەک چەتر یەکبخرێن، تەکانێکی زیاتر بە پرسە ژینگەییەکان دەدرێت و پاراستنی ژینگە دەبرێتە ئاستێکی باڵاتر و کاریگەرتر، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، هێشتا ژینگە نەبووەتە ئەولەویەت لەلای حکومەتی هەرێم، کۆمەڵێک فەرمانگە هەن بۆ ئەوەی داهاتێکیان لێ دەستکەوێت و وەڵامی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بدەنەوەو بڵێن، ئەها ئێمەش گرنگی بە پرسی ژینگە دەدەین، سەلمێنەری ئەم قسەیە ئەوەیە کە دەستەی ژینگە سێ ئامێری پێوانەی هەوایان هەیە کەچی فەرمانبەریان نییە کاری پێ بکات". راوێژ مەحوی زیاتر دەدوێت و دەڵێت، "بەڵگەم بە ڤیدیۆ هەیە کە ٧٠٠ دار لە شوێنێک بڕاوەنەتەوە و بۆ پۆلیسم ناردووە، لە جیاتی ئیشی لەسەر بکات کەچی دەڵێن؛ ئێرە سنووری ئێمە نییە!". یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان ناتوانن ژینگە بپارێزن بەپێی یاسای پاراستنی ژینگەی ساڵی ٢٠٠٨ و، یاسای دەستەی ژینگەی ساڵی ٢٠١٠، دەستەی ژینگە زیاتر دەسەڵاتی چاودێری هەیە، ئەمەش بە قسەی شارەزایانی یاسایی یەکێکە لە هۆکانی لاوازی دەستە لە پاراستنی ژینگە. لوقمان شێروانی، بەڕێوهبهری دڵنیایی جۆری له دهستهی پاراستن و چاككردنی ژینگه، دان بەوەدا دەنێت کە هەردوو یاساکە پێویستیان بە هەموارە بەتایبەت لە پرسی دەسەڵاتەکان، بەو پێیەی گۆڕانکاری زۆر ڕوویانداوە. لەم بارەیەشەوە دەڵێت، "هەوڵ هەبوو بۆ هەموارکردنەوەی هەردوو یاسای ژمارەی (٨)ـی ساڵی ٢٠٠٨ و ژمارە (٣)ـی ساڵی ٢٠١٠، من خۆم ئەندامی لیژنەی هەموارکردنەوە بووم و هەردوو یاساکەش تێکەڵکێش کران و دەستنووسەکە نێردرا بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام بە داخەوە پەرلەمان تەمەنی کۆتایی هات و نەتوانراوە هەموارەکە جێبەجێ بکرێت. "خاڵی گرنگ ئەوەیە کە دەستەی ژینگە تاک لایەن بێت لە پرسی کوالیتی و زۆرینەی پڕۆژەکان ڕەزامەندی لە دەستەی ژینگە وەرگرن، هەروەها بەڕێوەبەری شارەکان پلەیان بەرز بکرێتەوە بۆ بەڕێوەبەری گشتی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زیاتریان هەبێت"، شێروانی وای وت. بە بڕوای دکتۆر مەهدی هەمزە، یاساکە لە هەندێک شوێندا پێویستی بە هەموار هەیە، بەڵام کێشەکە لە جێبەجێکردنی خودی یاساکەدایە. ئەو دەڵێت، "تا ئێستا دەستەی ژینگە بە تەواوەتی نەیتوانیوە رووبەڕووی ئەو پڕۆژانە بوەستێتەوە کە ژینگە تێکدەدەن، بۆیە پێویستی بە پشتگیری هەیە لەلایەن حکومەتی هەرێم، پێویستی بە چاودێری زیاترە لەلایەن پەرلەمانەوە، هەروەها پێویستی بە فەرمانبەری زیاتر هەیە بۆ پڕۆسەی چاودێری و پشکنین و بەدواداچوون". ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە دەستەی ژینگە بە هیچ شێوەیەک لە داهاتی سندوقی ژینگە سوودمەند نەبووە و دەسەڵاتی خەرجکردنی نییە. راوێژ مەحوی، رای وایە یاساکە بۆ ئێستا ناتوانێت ژینگە بپارێزێت، چونکە لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا هاوتەریب نییە و هەموار نەکراوەتەوە. "ساڵانە دەستەی ژینگە کۆمەڵێک رێنمایی دەردەکات، بەڵام رێنماییەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیکی و ستانداردی جیهانیی کارەکان ڕێکناخەن و بەرێوەیان نابەن، ئەو سزایانەی لە یاساکەدا هاتوون ناتوانن ببنە رێگر لەبەردەم تاوانە گەورەکانی ناو ژینگە، بۆیە ئەمە کاریگەری خراپی دروستکردووە بەسەر ژینگە و دەرفەتیشی رەخساندووە بۆ ئەوانەی تاوانی ژینگەیی ئەنجامدەدەن، چونکە سزای تاوانەکانیان شتێکی ئەوتۆ نییە کە لەو تاوانە بسڵەمێتەوە". راوێژ مەحوی وای وت. هەروەها باس لەوەش دەکات کە کاتێک کەسێک کۆمەڵێک داری بە تەمەن دەبڕێتەوە، دەزانێت ئەگەر دەستگیرکرا سزاکەی چاندنەوەی ١٠ دارە لە جێگەی دارێک، دەشزانێت قازانجی لە بڕینەوەی دارەکە چەندە، بۆیە سزاکە نابێتە رێگر لەوەی دار نەبڕێتەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو لەگەڵ چاندنەوەی ١٠ دار، سزایەکی قورسی داراییش بدرێت ئەوا جارێکی دیکە بوێری بڕینەوەی دار ناکات، ئەمە بۆ راوکردنیش راستە. مەحوی لە قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "یاساکە ناتوانێت رووپۆشی هەموو تاوانە ژینگەییەکان بکات، هەروەها ئەو سزایانەی کە هەن، خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە دەستەی ژینگە کە چاودێرە بەسەر پێشێلکارییە ژینگەییەکان، وەک رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی وایە کە ئەویش چاودێرە، جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەوان سەر بە حکومەتن، ئێمە رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنین". نەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند یەکێکە لە هۆکانی بەردەوامی تاوانە ژینگەییەکان ئەگەرچی لە (٢٠١٥)ەوە داواکراوە دادگایەکی تایبەتمەند یان دادوەرێکی تایبەتمەند بە کەیسەکانی ژینگە دامەزرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو داوایەی دەستەی ژینگە نەدراوەتەوە. بە قسەی لایەنە پەیوەندارەکان، نەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند یان دادوەری تایبەتمەند لەناو دادگاکان کاریگەری نەرێنی بەسەر کەیسەکانی سەرپێچی و تاوانە ژینگەییەکان دروستکردووەو، پێیانوایە زۆرجار ئەو سزایانەی بڕیاریان لەسەر دەدرێت پڕ بە پێستی تاوانەکە نین. لوقمان شیروانی، لەم بارەیەوە دەڵێت، "بەداخەوە هێشتا داواکارییەکەمان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە بوونیان وادەکات پارێزگاری زیاتر لە ژینگە بکرێت. دادوەرەکان دەسەڵاتیان هەیە تاوەکو ٢٥٠ ملیۆن سزای سەرپێچیکار بدەن، ئەمەش کاریگەری باشی هەبووە". بەڵام فواد زراری دەڵێت؛ یاسای بەهێزمان هەن، بەڵام گەورەترین کێشەی ئێمەیە ئەوەیە کە دادوەری تایبەتمەندمان بە ژینگە نییە، ئەمەشە وایکردووە زۆرجار تۆمەتبارە ژینگەییەکان بە یاسای مەدەنی سزا بدرێن، بۆیە ئەو کەلێنە یاساییە گەورەترین گرفتی بۆ دروست کردووین. "کارێکی ئاسان نییە کە داربڕێک دەستگیر دەکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی دادوەری تایبەتمەند بە ژینگە، دەبینین بە سزایەکی کەم لێی دەردەچن". فواد وای وت. ئەو داربڕەکان بەسەر دوو جۆردا دابەش دەکات، ئەوانەی خەڵکی گوندەکانن کە تەنیا لق و پۆپی دارەکان دەبڕن، ئەوانەشی دارەکە لە بنەوە دەبڕێتەوە کە ئەوان بازرگانی چاوچنۆکن، ئەوانەن مەترسیان لەسەر ژینگە دروستکردووەو بەردەوامیش دەستگیر دەکرێن و دەدرێنە دادگا. بە بڕوای مەهدی هەمزە، ئەمە گرفتی دروستکردووە لەبەردەم کەیس و تاوانە ژینگەییەکان و ئەو پڕۆژانەی کەوا ژینگە پیس دەکەن. لەهەمان کاتدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا پرسی ژینگە لای حکومەتی هەرێم ئەولەویەت نییە، ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکان لەوەی هەماهەنگی نییە لە نێوان وەزارەتە پەیوەندارەکانی پەیوەست بە پرسی ژینگە. * ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی رۆنامەوانی ژینگەیی عێراق بەرهەمهاتووە كە ئينتەر نیوز پاڵپشتی دەكات خاکەکە تینوویەتی؛ وشکایەتیی زەوی لە ڕۆژئاوای هەولێر
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت پزیشكیان بەرلەوەی بگاتە هەرێمی كوردستان لە بەغدادەوە بە زمانی كوردی پەیامێكی دۆستانەی نارد، ئەو دەچێتە هەولێرو بە سلێمانیدا دەگەڕێتەوە بۆ تاران، پارتی و یەكێتیی لەسەروبەندی هەڵبژارندان، هەردووكیان چاویان لە رۆڵ و كاریگەریی ئێرانە لەسەر هەڵبژاردن و دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری داهاتوو. هێڵی ئاسنی شەلامچە- بەسرە، پارە گلدراوەكانی ئێران لە عێراق و كەیسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تەوەری سەرەكی سەردانی سەرۆكی ئێران دەبن بۆ عێراق و هەرێم، پەیوەندی ئێران و عێراق لەسەردەمی مەسعود پزیشكیان لەم راپۆرتەدا. پزیشكیان لەسەر رێبازەكەی رەئیسی! مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران گەیشتە بەغداد، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە لە پۆستی سەرۆكایەتیی، یەكەمجارە سەردانی دەرەوەی وڵات دەكات. ئەوەی عێراقی وەكو یەكەم وێستگەی سەردانەكانی بۆ دەرەوەی هەڵبژاردووە، چەند خوێندنەوەیەكی جیاوازی بۆ دەكرێت، یەكێك لە خوێندنەوەكان درێژەدانە بە سیاسەتەكانی سەرۆكی كۆچكردوو ئیبراهیم رەئیسی، چونكە بەر لە كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی (19ی ئایاری 2004)، رەئیسی بەنیازبوو سەردانی عێراق بكات و بۆ یەكەمجاریش بچێتە هەولێر. سەرباری ئەوەی پزیشكیان سەربە رەوتی ریفۆرمخوازانی ئێرانەوە، بەڵام پێدەچێت سیاسەتە دەرەكییەكانی جیاواز بێت لە حەسەن رۆحانی سەرۆكی پێشتر، كە ئەویش بە هەمان شێوە لەلایەن ریفۆرمخوازانەوە پشتیوانی دەكرا (2013- 2021)، حكومەتی رۆحانی لە پەیوەندییە دەرەكییەكانیدا ئەولەویەتی دابوو بە پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا، بەدیاریكراویش ئەوروپا، ئەمەش لەسەر حسابی پەیوەندییە ناوچەییەكانی ئێران، بەتایبەتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی. لەبەرامبەردا، سەرۆكی كۆچكردووە ئیبراهیم رەئیسی كە سەربە رەوتی پارێزگاران بوو (2021- 2024) ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی بەرەو وڵاتانی دراوسێ بوو، لەمەشدا توانی پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ سعودیە ئاسایی بكاتەوەو لەگەڵ وڵاتانی تری كەنداوی عەرەبی و ئوردن پەیوەندییەكانی بەهێز بكات، لەگەڵ عێراقیش پەیوەندییەكانی فراوانتر بكات، ئەمەش لەكاتێكدا بوو پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ خۆرئاوا ئاڵۆزبوونێكی بەرچاوی بەخۆوە دەبینی. پزیشكیان لەوەدا كە عێراقی وەكو یەكەم وێستگەی سەردانی خۆی بۆ دەرەوە هەڵبژاردووە، دەیەوێت بچێتەوە سەر رێبازی سیاسەتە دەرەكییەكانی سەرۆكی كۆچكردوو ئیبراهیم رەئیسی، واتا دەیەوێت زیاتر روو لە وڵاتانی ناوچەكە بكات، ئەمەش لە سەروەختێكدا كە پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ خۆرئاوا تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و تاران رووبەڕووی شەپۆلێك سزای تر دەبێتەوە. لەم كاتەدا ناوچەكەو عێراق بایەخێكی ستراتیژی گەورەتر بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران دروست دەكەن، بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە هەژمون و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی تاران. هەروەك نابێ ئەوەش نادیدە بگیرێت كە عێراق دەرگای ئێرانە بەڕووی وڵاتانی عەرەبیداو ئەم ساڵانەی دوایی رۆڵی گەورەی بینیوە لە بەهێزكردنی دیالۆگی عەرەبی- ئێرانیدا، بەتایبەتیش دیالۆگی نێوان تاران و ریاز لە ساڵانی 2021 بۆ 2022، كە بەغداد میوانداری پێنج گەڕی دانوستانی نهێنی لەنێوان هەردوو وڵات كردو ئەمە هۆكار بوو بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە یەمەن بە نێوەندگیری نەتەوە یەكگرتووەكان و، دواتریش ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان ئێران و سعودیە لە ساڵی 2023 بە نێوەندگیری چین. هەروەك عێراق رۆڵی هەبووە لە گفتوگۆی نێوان ئێران و ئوردن و لە بەغداد، میوانداری سێ گەڕی دانوستانی نێوان هەردوو وڵاتی كردووە لەماوەی ساڵانی 2020 بۆ 2022، لەپاڵ ئەمەدا بەغداد پلانی هەبووە بۆ لێكنزیككردنەوەی ئێران و میسرو توانیویەتی هەردوو وڵات تا ئاستی گۆڕینەوەی نامە لەگەڵ یەكتر نزیك بكاتەوە، بەڵام نەیتوانیوە بیانگەیەنێتە قۆناغی دانیشتنی رووبەڕوو، هەوڵەكانی بەغداد دوای دەستبەكاربوونی سودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیران (ئۆكتۆبەری 2022) راوەستاوە، سایتی (ئەمواج میدیا)ی ئێرانی بەمدواییە لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەوەكرد، كۆتایی مانگی رابردوو لە سەردانەكەیدا بۆ میسر، سودانی باسی لە دەستپێكردانەوەی دانوستانەكانی قاهیرەو تاران كردووەو میسرییەكان وەڵامی ئەرێنییان داوەتەوە، بۆیە بەدور نازانرێت پزیشكیان لەگەڵ سودانیدا باسی لە دەستپێكردنەوەی دانوستانی ئێران لەگەڵ میسرو ئوردندا كردبێت. پەیوەندییەكانی عێراق و ئێران وەكو دراوسێیەك، عێراق لە چەندین بواری وەكو ئابوری و ئەمنیدا، بایەخی ستراتیژی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، بەگشتی وەكو میدیاكانی ئێران باسی دەكەن، پزیشكیان بۆ چوار تەوەری سەرەكیی سەردانی عێراقی كردووە كە ئەمانەن: هێڵی ئاسنی بەسرە- شەلامچە پزیشكیان ئەمڕۆ كاتێك گەیشتە بەغداد، داوای ئەوەی كرد هاوشێوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا سنور لەنێوان وڵاتانی ئیسلامیدا هەڵبگیرێت. ئەوەی پەیوەندی بە سنورەوە هەیە، پرۆژەی هێڵی ئاسنی (بەسرە- شەلامچە)یە، كە پرۆژەیەكی ستراتیژیی ئێرانەو لە ساڵی 2003وە لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە بووە بە ئەولەویەت. سەرباری ئەوەی لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا زۆرینەی ئەو حكومەتانەی لە عێراق دەستبەكاربوون هاوپەیمانی تاران بوون، بەڵام هیچ یەكێك لەو حكومەتانە پشتیوانییان لە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە ستراتیژییەی ئێران نەكردووە. پرۆژەی هێڵی ئاسنەكە لەسەردەمی حكومەتی مستەفا كازمی (2020-2022) بایەخێكی جددی پێ درا، تا ئەو رادەی هەردوو وڵات رێككەوتنێكیان ئیمزاكردو پلانی كردەییان دانا بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە، بەڵام بە لادانی كازمی پرۆژەكەش راوەستاو تائێستا كاری تێدا نەكراوە، سەرچاوەكان لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقەوە باسلەوە دەكەن "حكومەتی سودانی تەنیا وەكو هێڵێك بۆ گواستنەوەی سەرنشین تەماشای هێڵی ئاسنی شەلامچە- بەسرە دەكات"، ئەمە ئەگەر راست بێت، پرۆژە ستراتیژییەكەی ئێران لە بایەخە ئابوری و بازرگانییەكەی دادەماڵێت و وا دەكات هەرگیز نەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەی. بۆیە پێشبینی دەكرێت یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆی پزیشكیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بابەتی تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە بووبێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا نیسانی 2023 هەردوو وڵات رێككەوتنیان كرد بۆ دەستپێكردنەوەی هەوڵەكانی پرۆژەی بەستنەوەی شاری شەلامچەی ئێران بە شاری بەسرەی عێراقەوەو لەبری ئەمە حكومەتی سودانی ئەمساڵ پرۆژەی دروستكردنی "هێڵی گەشە"ی ئیمزا كردووە كە پرۆژەیەكی هێڵی شەمەندەفەرو بۆری نەوت و غازەو لەرێگەی عێراق و توركیاوە، ئەوروپا بە وڵاتانی كەنداوی عەرەبییەوە دەبەستێتەوە. سەردانكردنی بەسرە، یەكێك لە وێستگەكانی هاتنی سەرۆكی ئێران بۆ عێراق، دەیەوێت لە بەسرە ژمارەیەك لەو پرۆژانە ببینێت كە كۆمپانیا ئێرانییەكان جێبەجێی دەكەن. پارەی هەناردەی ئێران! یەكێكی تر لەو بابەتە گرنگانەی كە پێشبینی كراوە لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق، سەرۆكی ئێران باس و گفتوگۆی لەبارەوە كردبێت، باشكردنی دۆخی دەستڕاگەیشتنی ئێرانە بە پارەی داهاتی هەناردەی خۆی بۆ عێراق، كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە كێشەی بۆ دروستبووەو عێراق ماوەیەكی دورو درێژە ناتوانێت بەشێوەی راستەوخۆ پارەی هاوردەكردنی كارەباو غاز بە ئێران بدات. لەسەردەمی حكومەتی مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقدا پلانێك دانرا بۆ دۆزینەوەی رێگای جێگرەوە بەمەبەستی خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكاو گەڕاندنەوەی پارەكانی ئێران، ناوەڕاستی 2022 باس لەوە كرا عێراق قەرزەكانی بە ئێران داوەتەوەو تەنانەت هاوكار بووە بۆ پاكتاوكردنی بڕی نزیكەی (800 ملیۆن) یۆر قەرزی ئێران بۆ توركمانستان، سەرباری ئەمە دەوترا عێراق بڕی نزیكەی (1 ملیارو 200 ملیۆن) دۆلاری پارەی ئێرانی لە بانكی بازرگانی عێراق بەكارهێناوە بۆ كڕینی كاڵا بۆ ئێران، بەڵام ئەم پرۆسەی خۆدەربازكردنە لە سزاكانی ئەمریكا لەگەڵ دەستبەكاربوونی سودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق راوەستا، بەمەش سەرلەنوێ قەرزەكانی ئێران لەسەر عێراق كەڵەكە بووەوە، پێشبینی دەكرێت پزیشكیان ئەم پرسەی لەگەڵ سودانی كردبێتەوە. هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تەوەرێكی تری جێ بایەخی ئێران لە دۆخی ئەمڕۆی عێراقدا، پرسی چارەسەركردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان. بەر لە سەردانەكەی پزیشكیان بۆ عێراق، هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیی دەستیانكرد بە گواستنەوەی كوردەكانی رۆژهەڵات لە كەمپی (زڕگوێز)ەوە بۆ كەمپی نوێی (سورداش). 19ی ئازاری 2023، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی عێراق سەردانی بەغدادی كرد، لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رێككەوتنی ئەمنیی پاراستنی سنورەكانی ئیمزا كرد، ئەم رێككەوتنە ناوی لێنرا "كۆنوسی ئەمنیی"، ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە پاككردنەوەی سنوری هەرێمی كوردستانو ئێران بوو لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەشێكی تری رێككەوتنەكە جەخت لەسەر چەككردنو گواستنەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو لەناو هەرێمی كوردستان بۆ ناو چەند كەمپێكی نوێ. پارتی و یەكێتیی لەرێگەی نوێنەرە ئەمنییەكانی خۆیانەوە (رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم و هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێم) هەرزوو پابەندبوونی خۆیان بە رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان تاران و بەغداد نیشاندا. لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا، هێزی پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەڵات سەرەتا لە ناوچە سنورییەكان دورخرانەوە، دواترو بەمدواییانە دەست بە كۆنترۆڵكردنی كەمپەكانیان كرا. (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران- كۆمەڵەی حزبی كۆمۆنیستی ئێران) لە كەمپەكانی (زڕگوێز- بانەگەورە- زڕگوێزەڵان) لە نزیك سلێمانی جێگیربوون، گواسترانەوە بۆ كەمپی نوێی (سورداش). بۆ حزبی دیموكراتی كوردستان ئێرانیش كە پێشتر لە قەڵای كۆیە جێگیربوون، بە جۆرێكی تر رێككەوتنە ئەمنییەكەیان لەسەر جێبەجێ كراوە، (درەو) زانیویەتی، بەرپرسانی حزبی دیموكرات لەگەڵ (قاسم ئەعرەجی) راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رێككەوتنی كردووە لەسەر ئەوەی خانەوادەكانیان لە كۆیە، لە شوێنی خۆیان و لە ناوچەكانی (ئازادی و ئامریە)و چەند شوێنێكی تر بمێننەوە، بۆیە ئەم شوێنانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی یەكێتییەوە پەرژیزنیان بۆ كراوەو بوون بە كەمپ بۆ خانەوادەكانی دیموكرات. سەرباری ئەوەی ئیدارەی كەیسی حزبەكانی رۆژهەڵات زیاتر لای دەزگای هەواڵگری كۆماری ئیسلامی (ئیتلاعات)ە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لەسەردانەكەیدا بۆ بەغدادو هەولێر، پزیشكیان جەخت لەسەر ئەوە بكات پرسی چەكداماڵینی هێزەكانی رۆژهەڵات گشتگیرو بەردەوامی پێبدرێت، بەجۆرێك حزبەكانی رۆژهەڵات لە داهاتوودا هیچ مەترسییەك بۆسەر ئەمنیەتی ئێران دروست نەكەن. محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغداد، پێشتر لەبارەی بەرەوپێشچوونی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق باسی لەوەكرد" ئێمە وەكو ئێران كوردە جوداخوازەكانمان سەرپشك كردووە لەوەی بگوازنەوە بۆ ئۆردوگاكانی پەنابەران و چیتر كردەوەی تیرۆرستیی دژ بە كۆماری ئیسلامی ئەنجام نەدەن، ئەوانەشیان كە دەستیان بە خوێن سور نەبووە، ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئێران، هەندێكی تریشیان ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بۆ وڵاتانی تر كۆچ بكەن و ئێمە پشتیوانیان دەكەین بۆ ئەوەی لە عێراق بچنە دەرەوە". دوو رۆژ بەر لە هاتنی پزیشكیان بۆ عێراق، میدیاكانی ئێران ئاشكرایان كرد (بیهزاد خوسرەوی) ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سلێمانییەوە رادەستی كۆماری ئیسلامی كراوەتەوە، بەڵام دواتر خوسرەوی ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند ئەو خۆی گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، بەرپرسانی حزبی دیموكرات هێشتا ئەم قسەیە رەتدەكەنەوەو یەكێتیی نیشتمانی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بە رادەستكردنەوەی ئەندامەكەیان. فشاری ئێران بۆ چەككردن و سەرلەنوێ كەمپنشینكردنەوەی حزبەكانی رۆژهەڵات ساڵی 2022 دەستی پێكردەوە، ئەوەش دوای ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە بێ پێشینەی كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بەناوی "ژینا ئەمینی" سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە، ئەوكات بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی هەرێمی كوردستانیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی رێگە بە دزەكردنی چەك دەدات بۆ شارەكانی ئێران و بەوتەی ئەوان ئەو چەكانە لەلایەن خەڵكانی خۆپیشاندەرەوە دژی هێزە ئەمنییەكان بەكارهێنراوە، حكومەتی هەرێم ئەم تۆمەتانەی رەتكردەوە، بەڵام ئێران گوێی نەگرت و دەستی كردەوە بە هێرشی موشەكیی و درۆن بۆسەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە كۆیەو زڕگوێز. بەرەنجامی فشارە سەربازی و دیپلۆماسییەكانی ئێران، ئیمزاكردنی رێككەوتنە ئەمنییەكەی ئازاری 2023 بوو. قەبارەی ئابوری و 14 یاداشتی لێكتێگەیشتن قەبارەی بازرگانی عێراق لەگەڵ ئێران ساڵانە دەگاتە نزیكەی (10 ملیار) دۆلار. سەرباری بایەخی گەورەی پرسی (هێڵی ئاسنی شەلامچە- بەسرە)و (پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە عێراق)و (كەیسی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان)، پزیشكیان لەم سەردانەیدا 14 یاداشتی هاریكاری لەگەڵ عێراق ئیمزا كرد كە ئەمانەن: • یاداشتی لێكتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری هاوكاری راهێنان. • یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری وەرزش و لاوان • یاداشتی لێكتتێگەیشتن لە بواری ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری و هونەرو كەلەپور. • یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری هاوكاری پەروەردەیی. • یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری میدیایی • یاداشتی تێگەیشتن لە بواری پەیوەندییەكان. • یاداشتی لێكتێگەیشتن لەبواری گروپە گەشتیارییە ئاینییەكاندا. • یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری هاوكاریكردنی یەكتر لەناوچەی ئازادی عێراق و ئێراندا. • یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری كشتوكاڵ و سەرچاوە سروشتییەكان. • یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری پۆستە. • یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری چاودێری كۆمەڵایەتیی. • یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری راهێنانی پیشەیی و تەكنیكی. • یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری پەرەپێدانی هێزی كاری لێهاتوو. • یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری چالاكی ژورە بازرگانییەكان. پزیشكیان لە كوردستان پزیشكیان دوای سەردانكردنی نەجەف و كەربەلا كە دوو شاری پیرۆزی شیعەكانن و مەزارگە ئاینییەكانیاندا تێدایە، دەچێتە بەسرەو لەوێشەوە بۆ هەولێر، دوای هەولێر دەچێتە سلێمانی و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ تاران و كۆتایی بە سەردانەكەی دەهێنێت. پزیشكیان كە دایكی كوردەو لە شاری مهاباد لەدایكبووە، زمانی كوردی بە باشی دەزانێت و لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سودی لێ بینی بۆ راكێشانی دەنگی خەڵك لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەمڕۆ هەر لە بەغدادو بەر لەوەی بگاتە هەولێر بە كوردی قسەی كردو پەیامی دۆستایەتی بۆ هەرێمی كوردستان نارد، رەنگە ئەمە زیاتر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكانی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان باش بێت، چونكە پەیوەندییە ئەمنییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتەوە ئیدارە دەدرێت و سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی بەسەردا نییە. سەرەتای ئایاری ئەمساڵ لەكاتێكدا كە پارتی و یەكێتیی لە ناكۆكی قوڵدا بوون سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم (هاوكات جێگری سەرۆكی پارتییە) كە ماوەی سێ ساڵ بوو سەردانی كۆماری ئیسلامی نەكردبوو، خۆی گەیاندە تاران. ئەمە وەكو سەرەتای قۆناغێكی نوێی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی و ئێران لێكدرایەوە، لەدوای ئەم سەردانەوە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە فەرمی دانی نا بە دادگای باڵای فیدراڵی عێراقداو سكاڵایەكی بۆ بەرزكردەوە، لەسەر بنەمای سكاڵاكە، دادگای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دواخست (ئەوكات ئەمە داواكاری سەرەكی پارتی بوو)، هەر لەو رۆژانەدا لەسەر داخوازی پارتی، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان بە بڕیارێك 5 كورسی "كۆتا"ی بۆ پێكهاتەكان گەڕاندەوە (پێشتر دادگای فیدراڵی 11 كورسی كۆتای پێكهاتەكانی هەڵوەشاندبووەوە) ئەمەش داواكارییەكی تری پارتی بوو. تائێستا وردەكاری رێككەوتنی پارتی و نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئێرانییەكان ئاشكرا نەكراوە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی دوو هەفتە دوای سەردانەكەی ئەو بۆ تاران، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێران هێلیكۆپتەرەكەی كەوتەخوارەوەو گیانی لەدەستدا، ئەم كەیسە ئێرانییەكانی بە دۆخی ناوخۆو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێوە سەرقاڵ كرد. بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتووە، یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی پارتی لە كۆماری ئیسلامی ئەوە بووە كە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا (بڕیارە 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت) ئێران بێلایەنی خۆی بپارێزێت. پارتی ترسی هەیە ئەم هەڵبژاردنە، ئێران دەستوەردانی گەورە بكات لەبەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانی، بەجۆرێك دەرەنجامی هەڵبژاردن هەرێمی كوردستان بگەڕێنێتەوە بۆسەردەمی دوو ئیدارەیی. لەبەرامبەردا ئێرانییەكان چاویان لەوەیە، پارتی و ئیدارەی هەولێر هاوشێوەی ئیدارەی سلێمانی بەڕووی كۆماری ئیسلامیدا بكرێتەوە، بەتایبەتی لەڕووی ئابوریی و ئەمنییەوە، ئەمەش لەناوچەیەكدا كە هاوسنورە لەگەڵ سوریاو، توركیاو تەنانەت ئەمریكاش هەژمونی گەورەیان تێدا هەیە. لەبەرامبەردا، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە لەدوای هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی پەرلەمانی عێراقەوە زیاتر شكاوەتەوە بەلای بەرە هاوپەیمانەكەی ئێراندا لە عێراق، لەسەرو بەندی هەڵبژاردنی كوردستاندا چاوی لەوەیە بەروبومی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بچنێتەوە، بەتایبەتیش كە هەڵبژاردنی ئەمجارە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت و كۆمسیۆنەكە لەژێر هەژمونی لایەنە هاوپەیمانەكانی ئێراندایە لە بەغداد. رۆژی 27ی ئەیلولی 2023، وەفدێكی ئێران كە بۆ بەشداری لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی سەردانی سلێمانیان كردبوو، چونە (زڕگوێز)و بەناو كەمپی حزبەكانی رۆژهەڵاتدا سوڕانەوەو وێنەیان گرت، وەفدەكە دوو كەس بوون، یەكێكیان (حەسەن دانایی فەڕ)و ئەوی تر (ئاغای مسگریان) بوو، كە دوو فەرماندەن لە سوپای قودس، ئەمە نیشاندەری ئاستی هەماهەنگیی نوێی ئەمنیی یەكێتیی بوو لەگەڵ ئێرانییەكان. وەكو هەریەكە لە كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتیی و بەمدواییەش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە گێڕانەوەی یادوەرییەكانی خۆیاندا ئاماژەیان بۆ كردووە، لەدوای كشانەوەی هێزەكانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991وە، ئێرانییەكان رۆڵی گەورەیان هەبووە لە هەموو شەڕو ئاشتییەكدا لە هەرێمی كوردستان، بۆیە پێشبینی كراوە چارەنوسی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی هەرێم، بەر لە ئەنكەرە، ئەمجارە بە تاراندا تێپەڕ ببێت.