بەهۆی کۆچکردن وجیاکاری ... ئێزدییەکانی شێخان بوون بە کەمینەیەکی لاواز

Draw Media

2024-10-04 11:31:40




درەو:

راپۆرتی: عەممار عەزیز/ بە سەرپەرشتی تۆڕی نیرج بۆ بەداواچوون وڕاپۆرتی بنکۆڵکاری
 
دەیان ساڵ لە پەراوێز خستن ونادادپەروەری ودەرفەتی نایەکسان وهێرشەکانی داعش بۆ سەر پێکهاتەی ئێزدی لە عێراق، چیان کردووە؟
دوای بەسەربردنی نزیکەی چواردەیەی لە شێخان،هادی دوبانی تەمەن( 57 ساڵ) لەگەڵ خێزانەکەی شارۆچکە ئێزدییەکەیان کە دەکەوێتە باکوری موسڵ جێهێشت بۆئەوەی لە ئەڵمانیا بژین ولەوێ نیشتەجێ ببن وەک دەیان کەس لە خزمەکانی، ئەو بەدەنگێکی پچر بچر وتی"داعش هەموو شتێکی ئێمەی وێران کرد، ژیانی ئێمەی تێکدا و ناچاربووم زێدی خۆم بە جێبهێڵم کە هەرگیز خەیاڵی ئەوەم نەدەکرد، زۆرشت پاڵی پێوە نام بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، ئاسایش، ترس لە داهاتوو، جیاکاری ونەبوونی دادپەروەری".
دوبانی، کە نزیکەی حەوت ساڵ بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان بووە لە ئەوقافی پارێزگای دهۆک دەڵێت "ئەگەر دەرگای کۆچکردن بەڕووی ئێزدییەکاندا بکرێتەوە وئاسانکاریان بۆ بکرێت، ئەوا رێژەی کۆچکردنیان لە شارە مێژووییەکانیانەوە زیاد دەکات، چونکە بوونی ئێستایان لەو شارە بووەتە شێوازێکی ڕووەکەشانە تەنها بۆ جوانکردنی وێنەکەیە".
لە مانگی ئابی 2014 داعش هێرشی کردە سەر ناوچەی شەنگال وچەند ناوچەیەکی ئێزدی ومەسیحی لە دەشتی نەینەوا کۆنتڕۆڵکرد ودەستی بەسەر قەزای شەنگال وگوندەکانی دەوروبەری وچەند شارۆچکەیەکدا گرت لەو دەشتە مێژووییە بەپیتەدا کە کەمایەتییە ئایینی ونەژادییەکان بۆ چەندین سەدەیە لەوێ نیشتەجێبوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوە خۆجێییەکان، گروپەکە لە هێرشەکانیدا بۆ سەر شەنگال وگوندەکانی دەوروبەری ( 6417) ئێزیدی ڕفاندووە کە ژن ومنداڵیان تێدایە و( 1293) ئێزیدی کوشتووە و(68) مەزارگەی وێران کردووە وزیاتر لە  (80)  گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزیدییەکانی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە.
ئەم کوشتارە گەورەیە ئێزیدییەکانی دەشتی نەینەوا وناوچەکانی دیکەی نیشتەجێبوونیان لەهەرێمی کوردستانی تۆقاند وناچاریانی کرد ئاوارە بن ودواتر کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی وڵات.
لەغیابی ئامارێکی فەرمیدا، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئێزدییەکان لەعێراق بە نزیکەی (550)هەزار کەس دەخەمڵێنێت کە نزیکەی ( 360)هەزار کەسیان لەهێرشەکانی داعش بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون و زیاتر لە ( 100)هەزار کەسیش کۆچیان بۆ وڵاتانی دیکە کردووە.

زۆرینە بۆتە کەمینەیەک
وەک شەنگال، قەزای شێخانيش بەزێدی ڕەسەنی ئێزیدییەکانە دادەنرێت وپەرستگای پیرۆزی (لالش) یان دەکەوێتە ئەو شارۆچکەیەوە، کە بەشوێنی حەجی ئێزیدییەکان لە ناوەوە ودەرەوەی وڵات هەژماردەکرێت. بۆچەندین سەدە، ئێزیدییەکان زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەکە ودەوروبەریان پێکدەهێنا.
توێژەران وپسپۆڕانی مێژوو، ئەوە دووپات دەکەنەوە کە پێشتر ڕێژەی ئیزدییەکان لەوقەزایە نێوان (٪85 بۆ٪90) بووە، بەڵام ئەمڕۆ بوونەتە کەمینە، چونکە ڕێژەکەیان بۆنزیکەی (٪30) دابەزیوە بەهۆی کۆچکردنی بەردەوامیان لە ماوەی سێ دەیە رابردوودا لەلایەک وهاتنی پێکهاتەکانی تر ونیشتەجێبوونیان لە قەزاکە لەلایەکی ترەوە.
هادی دوبانی، تەمەنی سێ ساڵ بووە کاتێک خێزانەکەی لە شارۆچکەی (خانکی) سەر بە قەزای (سەمیل)ی سەر بە پارێزگای دهۆک چوونەتە ناوەندی قەزای (شێخان)ی سەر بە پارێزگای نەینەوا ولەوێ نیشتەجێبوون وهەر لەوێ منداڵی وگەنجێتی بەسەربردووە پێش ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی 2016 دا بڕیاری کۆچکردنی هەمیشەیی بدات بۆ ئەڵمانیا کە ئێستا لەوێ دەژی.
"باوکم هەمیشە پێی دەگوتین کە لە ساڵی 1970 بۆ 1975، کاتێک خێزانەکەمان نیشتەجێبوون، سەنتەری شێخان تەنها سێ خێزانی موسڵمان وحەوت خێزانی مەسیحی وتەنها یەک خێزانی جولەکە تێدا هەبوو وئەوانی ترهەموویان ئێزیدی بوون." دوبانی ئاماژەی بە قەبارەی گۆڕانکاری دیمۆگرافی دا کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە ناوچەکە ڕوویداوە.
ئەو دەڵێت "لە تەمەنی گەنجیم وهەتا ئەو ڕۆژانەی کە چوومە زانکۆ، لەساڵی 1989 تا 1990، زۆربەی خەڵکی قەزای شێخان ئێزدی بوون و ڕێژەیەکی کەم لە پێکهاتەکانی تر بەرچاو دەکەوتن".
وتیشی"پاش ئەوەی حیزبی بەعس بە پلان ڕاژەی ژمارەیەک فەرمانبەری موسڵمانی لە شارەکانی ترەوە گواستەوە بۆ شێخان هاوکات لەگەڵ کردنەوەی ژمارەیەک فەرمانگەی حکومی ونەخۆشخانە وقوتابخانەی نوێ، وردە وردە ژمارەی موسڵمانەکان لە قەزاکەدا هەڵکشا".
محەمەد عارف تتر، نووسەر وپسپۆڕی شوێنەوارناسی دەڵێت " قەزای شێخان لە 16/12/1924 دامەزراوە ولە ساڵی 1900،(11) خێزانی موسڵمان لە تورکیا ئاوارە بوون ولەوێ نیشتەجێ بوون."
دەشڵێت "لەو کاتەدا ئەمیری ئێزدییەکان "سەعید بەگ" پێشوازی لەوخێزانانە کرد ولەماڵەکەی خۆیدا داڵدەیدان ودواتر پارچە زەوییەکی پێدان بۆ دروستکردنی مزگەوتێک وئێزدییەکان لەگەڵ موسڵمانەکان بەشداریان لە بنیاتنانی مزگەوتەکەدا کرد ومزگەوتەکەش تا ئەمڕۆ ماوە".
فەلاح حەسەن، تەمەن ( 44 ساڵ)، موختاری دوو گەڕەکی ناوەندی قەزای شێخانە (شێخ مەند وشێخ شەمس) دەڵێت "کۆچی ئێزیدییەکان هیچ ماڵێکی لە شێخان بێ بەشنەکردووە، چونکە چوار لە براکانی وژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاریشی بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە ".
ئاماژەی بەوەدا "لە ئێستادا زیاتر لە ( 100) خانوو لەو دوو گەڕەکەی کە ئەو سەرپەرشتیان دەکات داخراون، چونکە خاوەنەکانیان کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە وئاماژەی بەوەشکرد کە زۆربەیان لە دوای ساڵی 2014وە بەرەوە ئەوروپا رۆشتوون".
وتیشی" ئەم کۆچکردنە بە لێشاوە دوای لێکەوتە نەرێنییەکانی هێرشی داعش پەرەی سەند".
حەسەن، پێیوایە پێش هێرشی داعش رێژەی کۆچکردن کەم بووە "لە ساڵی 2003 بۆ 2014، رێژەی کۆچکردنی دانیشتوان لە ( 3٪ بۆ 4٪) بووە، بەڵام دوای ئەوەی داعش شەنگال ودەشتی نەینەوای کۆنترۆڵ کرد، رێژەی کۆچبەران گەیشتە( 70٪)دا.
ئاماژەی بەوەدا "لە ماوەی کۆنترۆڵکردنی نەینەوا ودەوروبەری لەلایەن داعشەوە زۆربەی ئێزدییەکان لە شێخان زەوییەکانیان بەهەرزانترین نرخ فرۆشتووە، لە ئەنجامدا خێزانەکانی ناوچەکانی تری وەک "شەبەک، قەرج وگۆران" ڕوویان لە ناوچەکە کردووە ولەوێ نیشتەجێبوون".
هەرچەندە داعش هەرگیز نەگەیشتووەتە ناوەندی قەزای شێخان، چونکە هێزەکانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە توندی بەرگرییان لە قەزاکە کردووە، بەڵام ئەو ترس وگومانەی کە ڕێکخراوەکە لە دڵی ئێزدییەکاندا چاندبووی بە دانیشتوانی ناوچەکەشەوە، بەس بوو بۆخێراکردنی ڕێژەی کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات".
چالاکوانانی مەدەنی سەر بە پێکهاتەی ئێزدی دەڵێن" خەڵک ترسیان لەوە هەبوو کە شێخان وەک شەنگال بەتەواوی بکەوێتە دەست چەکدارانی داعش وهەزارانی دیکەش لەو ناوچانە ببنە قوربانی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکە، بەتایبەتی کە زۆرێک لە خزم وناسیاوی ئێزدییەکان لە ناوچەکەدا کەوتووبوونە دەست ئەندامانی ڕێکخراوەکە. تەنانەت دوای شکستەکەشی هیچ گەشبینی وهیوایەک بۆ سەقامگیریی هەمیشەیی نەبوو.
فەلاح حەسەن، بەوردی دیمەنەکە ڕوون دەکاتەوە ودەڵێت "پێش هاتنی داعش، ژمارەی خێزانە کۆچبەرەکان ساڵانە دەیان خێزان بوو، بەڵام دوای ساڵی 2014 وە ژمارەکە گەیشتە سەدان خێزان. تەنها لە گەڕەکەکەی من، زیاتر لە (100) خانوو بۆ کرێ دانراون وئەوانی تریش ماونەتەوە."
"ئەگەر ناوی ئەو کەسانە بژمێرم کە بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە چەند کاتژمێرێکم دەوێ بۆ ئەوەی ژماردنیان تەواو بکەم، ئەو خانووەی کە بەرامبەر ماڵەکەمە ( 15 کەسی) تێدابوو، ئێستا هەموویان کۆچیان کردووە، پێنج برام ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژین، دووانیان لەنێوان ساڵانی ( 2007 و 2009) کۆچیان کردووە، ئەوانی تر لەگەڵ دایکم دوای ساڵی 2014 کۆچیان کردووە".
لە ڕووی جوگرافییەوە قەزای شێخان بریتیە لە ناوچەکانی (ئەتروش وقەسرۆک و کەلەکجی وباعەدرێ وزەلکان وگوندی مەهات وبنتار ودوشیڤان وتێسکالا کە هەردووکیان دانیشتووانی موسڵمانن وسێروکانی کە ئیزیدییەکان وموسڵمانەکانی تێدا دەژین).
ژمارەی دانیشتوانی شێخان بە ئاوارەکانیشەوە نزیکەی( 130) هەزار کەسە و( 40)هەزار کەسیش لە سەنتەری شارەکەدا نیشتەجێن وئەوانی دیکەش لە دەوربەری شارو گوندەکان، لەڕووی ئیدارییەوە قەزای شێخان سەر بە پارێزگای نەینەوایە، بەڵام لە ساڵی 2003 ەوە بە شێوەیەکی کاریگەر لە پارێزگای دهۆکەوە بەڕێوە دەبرێت، بەهۆی ئەوەی ناوچەیەکی جێناکۆکە لەنێوان حکومەتی هەولێر و بەغدادا، وچارەنووسی هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە.
ئەم ململانێ ئیداریەی نێوان هەردوو حکومەت، کاریگەری لەسەر واقیعی شارستانی وخزمەتگوزارییەکان هەبووە، چونکە ئەوان بۆماوەی چەند ساڵێک بێبەش بوون لە خزمەتگوزاری زۆر، لە کاتێکدا هەر حکومەتێک ئەمە دەخاتە ئەستۆی ئەوی تر.

کۆچکردن لە شێخان کەی دەستی پێکرد؟
دیاردەی کۆچکردنی ئێزیدییەکان لە قەزای شێخان بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەش دەبێت وئەو قۆناغەی کە زۆرترین ڕێژەی کۆچکردنی بەخۆوە بینیوە، دوای ئەوەی داعش شەنگالی گرت ودوای ئەوەی دەستی بەسەر زۆربەی شارۆچکەکانی دەشتی نەینەوادا گرت کە مەسیحی وئێزدی وشەبەک وموسڵمانانی تێدایە ونزیک بووەوە لە شێخان، بەڵام تەنانەت دوای لەناوبردنی گروپەکە وکۆتاییهاتن  بەهەڕەشەکانی لە ساڵی 2017دا، تەنها ڕێژەیەکی دیاریکراوی خێزانەکان لە سەرانسەری پارێزگای نەینەوا گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان.
هادی دوبانی، بەرپرسی پێشووی کاروباری ئێزدی دەڵێت "کۆچکردنی ئاشکرا لە شێخانەوە بە دوو قۆناغ دەستی پێکرد، یەکەمیان لە دوای ساڵی 2003 بوو کە رێژەکەی نزم بوو، بە رێژەی یەک گەنج لە هەر 20 خێزانێک، بەڵام قۆناغی دووەم دوای ساڵی 2014 جیاواز بوو و کۆچکردنێکی زۆری بەخۆوە بینی و خێزانێک نادۆزیتەوە کە ئەندامەکانیان بەهۆی نیگەرانی ئەمنی و خراپبوونی ئابووری ونادڵنیایی لە چارەنووسیان کۆچیان نەکردبێت."
زۆرینەی کۆچبەرانی ئێزدی ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا دەکەن، بەتایبەتی ئەڵمانیا کە گەورەترین ڕەوندی ئێزدی لە جیهاندا لێیە، لە کاتێکدا هەندێک لە ئێزدییەکانی دانیشتووی شێخان ڕوویان لە دهۆک و دەوروبەری کردووە یان بۆ شارەکانی تر کەهەلی کار وخزمەتگوزاری باشتریان تێدایە.
محەمەد عارف، کە شوێنەوار ناسی لە زانکۆی موسڵ خوێندووە وئێستا لە زانکۆیەکی ئەمریکی سەرقاڵی خوێندنی دکتۆرایە دەڵێت "ئەگەر بەراوردی ژمارەی ئێزدییەکان بکەین لە سەنتەری شێخان لەنێوان ساڵانی ( 1900 و 2014) تێبینی قەبارەی گۆڕانی دانیشتوان وقەبارەی دابەزینی ڕێژەکەیان دەکەین."
دەشڵێت "لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا، رێژەی ئێزیدییەکان لە( 88 %بۆ 90 %)ی دانیشتوان بوو، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستماندایە، بەڵام دەبینین کە ڕێژەکە بە بەراورد بە پێکهاتەکانی تر نزیکەی دوو لەسەر سێی کەمی کردووە، ئێستاش ئێزدییەکان لە ئەنجامی ئاوارەبوون و کۆچکردن بۆوڵاتانی جیهان (٪30)دا پێکدەهێنن".

بۆچی ئێزدییەکان لە وڵاتی خۆیان کۆچ دەکەن؟
هادی دوبانی، سەبارەت بە هۆکارە پاڵنەرەکانی کۆچکردن دەڵێت "خانوویەکم لە شێخان وشوقەیەکم لە دهۆک هەبوو و بەڕێوەبەری کاروباری ئەوقافی ئێزدی بووم، ژیانمان باش بوو، بەڵام کاتێک داعش هات، هەموو شتێک گۆڕا."
لە کاتێکدا شەڕ لەگەڵ داعش هەڵگیرسابوو ولەنێو ئەو هەلومەرجە سەختەدا کە زۆرینەی ئێزدییەکان لە کەمپەکاندا کەڵەکەبوون، ڕۆژانە دڕندەیی داعش و چیرۆکی قوربانییەکان دەگوازرایەوە و زۆرێک لە ئێزدییەکانی شێخان موڵکەکانیان بە پارەیەکی کەم دفرۆشت وکۆچیان دەکرد. دوبانی شارەکەی جێهێشت وچوو بۆ دهۆک.
"ساڵی 2016 بوو ولە ماوەیەدا شاهیدی کۆچکردنی وردە وردەی ئێزدییەکان بووم لە کوردستانەوە. چووم بۆ زاخۆ وهاوسەرەکەم تووشی جەڵتەی مێشک بوو، لەگەڵ خراپبوونی باری دارایی بەهۆی دواکەوتنی مووچە و لێبڕینی بۆ ماوەی سێ ساڵ، ناچاربووم زێڕی هاوسەرەکەم بفرۆشم وبڕیارمدا کۆچ بکەم" دوبانی وادەڵێت.
چالاکوانێکی ئێزدی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت "بڕیاری زۆرینەی ئێزدییەکان بۆ کۆچکردن بەهۆکاری تاوانەکانی داعش و ڕفاندن وکوشتنی ئیزیدییەکان لەسەر بنەمای ناسنامە بوو، بەڵام هۆکاری یەکلاکەرەوەی تریش هەبوو وەک خراپبوونی بارودۆخی ئابووری، کەمی دەرفەتی کار، نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، فەرامۆشکردنی شێخان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وهەروەها گرتنەبەری سیاسەتی کردنەوەی دەرگا لەلایەن بەرپرسانەوە، بۆئەوەی شارەکە ببێتە کۆمەڵگایەکی کراوە لە ڕووی ئایینی ونەژادیەوە وببێتە پایتەختی پێکەوەژیان، ئەمە جۆرێک لە ناڕەحەتی لای ئێزیدییەکان دروستکرد، کە هەستیان دەکرد هاووڵاتی پلە دووی ناوچەکەن."
هادی دوبانی، چەند هۆکارێکی تر دەخاتەڕوو کە یارمەتیدەرن بۆ زیادبوونی کۆچبەران، لەوانە فاکتەری سیاسی "کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای ساڵی 2003وە هاتە شێخان وکۆنترۆڵی ئیدارەکەی کرد، سیاسەتێکی شکستخواردووی گرتەبەر وپۆستی بە کەسانی نەشیاوە بەخشی وکەسانی لێهاتووشی پشتگوێ خست، ئەمەش کاردانەوەی خراپی لێکەوتەوە."
جیاکاری کۆمەڵایەتی هەبوو، گەنجانی ئێزدی لەهەلی کار ودامەزراندن وچەند بابەتێکی تر بێبەش بوون، هەموو ئەمانە بوونه هۆی ناڕەزایی ئیزیدییەکان، تەنانەت ئێزیدییەکانی شێخانیش نوکتەیەکی بەناوبانگیان هەیە کە دەڵێن" ئەوان تەنها بۆ ڕازاندنەوە وجوانکاری بەکاردەهێنرێن".

 

نەبوونی یاسا و دادپەروەری کۆمەلایەتی
محەمەد عارف، توێژەر کە بایەخ بە بارودۆخ ومێژووی ناوچەکە دەدات چاودێری ئەو جیاکاری و پەراوێزخستنە دەکات کە ئێزیدییەکان لە شێخان ڕووبەڕووی بوونەوە وبووە هۆی کۆچکردنیان دەڵێت "پاش دۆزینەوەی نەوت و بەرهەمهێنانی لە ناوچەکەدا لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە، کرێکارانی دەرەوەی شێخان وکۆمەڵگا وپێکهاتەکانی ترهێنران بۆ کارکردن لەو کۆمپانیایانەدا، خەڵکە ڕەسەنەکە هەستیان بەخیانەت وبێبەشیی کرد، کاتێک نەیانتوانی هەلی کار لەو کۆمپانیانەدا بۆ خۆیان بدۆزنەوە."
ئەو توێژەرە بەردەوام دەبێت ودەڵێت "پاش ئازادکردنی موسڵ ولەناوبردنی داعش، حکومەت لە بەرامبەر قەرەبوویەکی کەمدا زەوییەکانی ئێزدییەکانی کڕی ودواتر شارەوانی بە نرخێکی گران بەکەسانی تری وەک "قەرەج و شەبەک" و پێکهاتەکانی دیکەی فرۆشت، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پێکهاتەکان لە بەرامبەر کەمبوونەوەی ڕێژەی ئێزدییەکان لە ناوەندی قەزای شێخان".
جگە لە ئاسایش وئابووری وجیاکاری پێکهاتەکان، هادی بابا شێخ،( بەرپرسی نووسینگەی بابا شێخ)، کە بەرزترین پلەی ئاینییە لە نێو ئیزیدییەکان، ئاماژە بە هۆکاری دیکە دەکات کە ئەو پێی وایە لە پشت کۆچکردنی ئێزیدییەکان و کەمبوونەوەی ژمارەیان بووە لە نێو قەزاکەدا.
ئەو دەڵێت "فەوزا وبێکاری ونەبوونی گەرەنتی بۆ جێبەجێکردنی یاسا، هۆکاری سەرەکی کۆچکردنە، لە هەموو جیهاندا دۆخێکی هاوشێوە نییە، دوو موختار لە یەک گەڕەک هەیە کە یەکێکیان سەر بەحکومەتی فیدراڵییەوە ودووەمیانیش سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، یان دوو شارەوانی ودوو فەرمانگەی کشتوکاڵ و دوو بەرێوەبەرایەتی پەروەردە بوونیان هەیە، ئەگەر دامودەزگاکانی دەوڵەت کارەکانیان بەباشی ئەنجام بدایە ودەوڵەت دەسەڵاتی یاسایی و بەڕێوەبردنێکی باشی هەبوایە، ئەم کۆچکردنە ڕووی نەدەدا".
هادی بابا شێخ، دەشڵێت "ئێمە زۆرجار باس لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکەین، لە ڕاستیدا پێکەوەژیان پێویستی بە من وتۆ نییە، بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بە یاسای دەوڵەت وجێبەجێکردنەکەیەوە هەیە، بەڵام بەداخەوە دەوڵەت ناتوانێت گەرەنتی جێبەجێکردنی یاساکە بکات. تەنها لە یەک مانگی ساڵی 2024دا، چوار حاڵەتی کوشتن لە شێخان بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و یاساوە ڕوویانداوە".

جیاکاری لە کاردا
ئەو پیاوە ئاینییە لە بەرامبەردا ڕەخنە لە نەبوونی هەلی کار دەگرێت لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی نەوت لە ناوەندی قەزای شێخان بەردەوامن ودەڵێت "لە بەرزاییەکانی ناحیەی "باعەدرێ"ی سەر بە قەزای شێخان، کۆمپانیاکانی نەوت بوونیان هەیە وخەڵکی دەرەوەی قەزاکە لەوێ کار دەکەن، لە کاتێکدا گەنجەکانمان هێشتا بە تەور وداس کار دەکەن."
پێاو ئاینییەکە پرسیار ئاراستەی بەرپرسان دەکات ودەڵێت " لەگەڵ ئەو هەموو کۆمپانیایە کە لە سنووری کارگێڕی قەزاکەدا بوونیان هەیە ، ئایا چەند قوتابخانە و نەخۆشخانە لێرە دروستکراون؟ . ناوچەکانمان بەتەواوی فەرامۆش کراون، بڕۆ بۆ نزیک ناحییەی باعدرێ وبپرسە چەند فەرمانگەی حکومی لێیە، دەبینیت دادگا وئاو وبەرگری شارستانی وچەندین فەرمانگەی خزمەتگوزاری ترهێشتا نەکراونەتەوە، تەنها بەناو ناحیەیە، کاتێک ئێزدییەکان هەموو ئەمانە دەبینن هیچ چارەیەکیان نییە جگە لە گرتنە بەری رێگای کۆچکردن".
هادی بابا شێخ، باسی ڕووداوێکی کرد کە لەگەڵ پۆلیسێکی هاتوچۆی ئێزدی روویداوە وەک نمونەیەک لەسەر نەبوونی یاسا "شەش حەوت ساڵ لەمەوبەر، بەرپرسێکی باڵای حکومەت هات بۆ شێخان کوڕەکەی شۆفێری دەکرد و سەرپێچی لە شەقامێکی قەدەغەکراودا کرد، بۆیە پۆلیسەکە ئۆتۆمبێلەکەی ڕاگرت وسەرپێچیەکەی پێ ڕاگەیاند، لەبری ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت، باوکی کوڕەکە تووڕە بوو ودەستبەجێ پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دهۆکەوە کرد وئەوانیش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ پۆلیسەکە دەرکرد، ودواتر دایکی تووشی جەڵتەی مێشک بوو و لەهەمان ڕۆژدا گیانی لەدەستدا".
بەهۆی ئەو ڕووداوەوە نزیکەی (50) پۆلیسی هاتوچۆی ئێزدی کۆچیان کرد بۆ دەرەوەی وڵات کاتێک هەستیان بەوە کرد کە ناتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن یان پشتگیری کارمەندێکی ئێزدی بکەن کە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە وبەهۆی جیاکاری کۆمەڵایەتی ونەبوونی دادپەروەرییەوە ستەمی لێکراوە، ئەم ڕووداوانە پرسیار لە ناخی ئێزیدییەکان لەبارەی ژیان وداهاتوویان دروستکردووە".
خالید نێرمۆ، سەرۆکی شارەوانی قەزای شێخان هۆکاری بەرزی ڕێژەی کۆچکردنی ئێزدییەکان بەتایبەتی لە شێخان دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپبوونی بارودۆخی ئاسایشی نەینەوا لەدوای ساڵی 2003وە ودەڵێت "بارودۆخی ئەمنی موسڵ کە ژمارەیەکی زۆر ئێزدی تێدا کاریان دەکرد وخوێندویانە دوای گۆڕینی ڕژێمی پێشوو وسەرهەڵدانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان خراپتر بووە".
هەروەها دەشڵێت "لە کاریگەری ئەوەدا، ئێزدییەکان لەسەر ناسنامە وئینتیمای ئایینییان کوژراون، لە کاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی بارودۆخی تایبەتی ئێزدییەکانەوە دەرگاکانیان بەڕوویان کردەوە ومافی پەنابەرێتیان پێ بەخشین، دواتر داعش سەریهەڵدا کە ترسی زیاتری دروستکرد وئەو قەناعەتەی لەنێو ئێزدییەکاندا دروستکرد کە ژیان لە عێراق چیتر بۆیان سەلامەت وئارام نییە، بۆیە گەورەترین شەپۆلی کۆچکردن ڕوویدا".
ئاماژە بە کاریگەری ئەم کۆچکردنە لەسەر نوێنەرایەتی دانیشتوان دەکات ودەڵێت: "لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ناوچەی شێخان ئێزدییەکان لە ( 70%)ی دانیشتوانی ناوەندی قەزاکەیان پێکدەهێنا وئەوانی تر موسڵمان ومەسیحی بوون،بەڵام لە نەوەدەکاندا ڕێژەکە دابەزی بۆ(٪60) ولە ساڵی 2003 ەوە نوێنەرایەتی ئێزیدییەکان لە شارەکە بەتەواوی پێچەوانە بووەتەوە، لە کۆی (40) هەزار کەس تەنها لە (٪30)ی دانیشتوان پێکدەهێنن وئەوانی تر موسڵمانن و ژمارەیەکی کەم خێزانی کرستیانی تێدایە".

مامەڵەی حکومەتی عێراق
حکومەتی عێراق وەک پێویست گرنگی بە ناوچە ئێزدییەکان نەداوە لەبەر ڕۆشنایی لاوازی دەسەڵاتی ئێزدی لەناو حکومەتی فیدراڵدا، چونکە زۆرینەی ئێزدییەکان لەگەڵ پارت وهێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن و بەڕێوبەری شارەوانی شێخان خالید نەرمۆ، ئەمەی پشتڕاستکردەوە ودەڵێت " پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەساڵی 2012 دا  تێکچوو کاتێک حکومەتی خۆجێی لەنەینەوا بایکۆت کرد ولەئەنجامدا هەردوو قەزای "شێخان وشەنگال" زیانیان بەرکەوت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری تێیدا وحکومەتی فیدراڵی هێشتا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ قەزاکەدا ناکات".
هەروەها دەڵێت "لەدوای ساڵی 2005 وە چەند پڕۆژەیەکی ڕێگاوبان جێبەجێ کراون، بەڵام ناوچەکە پێویستی بەکردنەوەی ڕێگای نوێ وچاککردنەوەی ڕێگا کۆنەکان و پڕۆژەی گەشەپێدانی گەورە هەیە، لەشێخان دوو سێ باخچەی بچووک هەیە و پێویستی بە زیاتریش هەیە، تەنیا یەک نەخۆشخانە بۆدانیشتوانی شارەکە و دەوروبەری هەیە و بەدەست کەمی پزیشک ودەرمان و پێداویستییەکانەوە دەناڵێنێت."
بێکاری لەناوچەی شێخان بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا زاڵە لەئەنجامی نەبوونی کەرتی بەرهەمهێنان، کە بەشێک لە دانیشتووانەکەی بەکشتوکاڵەوە خەریکن و هەندێکیانیش فەرمانبەری حکومەتن وهەندێکی دیکەش پێشە وکاری سەربەخۆیان هەیە وبەهۆی نەبوونی پڕۆژەیەکی پیشەسازی جگە لە کارگەیەکی بچووکی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون، زۆربەیان ناچارن بۆ دۆزینەوەی هەلی کار ڕوو لە دهۆک وشارەکانی تر بکەن".

چ فاکتەرێک دەبێته هۆی ڕاگرتنی کۆچکردن؟
خالید نەرمۆ، پێیوایە وەستاندنی کۆچکردن پێویستی بە پرۆسەی بنیاتنانەوەی متمانەی تاکی ئێزدی هەیە و ئەگەر ئێزدییەکان لە دەسەڵاتدا نەبن ئەمە دروست نابێت.
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم لایەنەی فەرامۆش نەکردووە، بەڵام ئێزدییەکان چاوەڕێی زیاترن، بۆ نموونە ئەگەر قایمقامی شێخان ئێزدی بێت. ئایا لۆژیکیە هیچ کەسێکی ئێزدی گونجاو نەبێت بۆ ئەو پۆستە یان کەسێکی ئێزدی نەتوانێت ئیدارەی قەزاکە بەڕێوە ببات؟
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، سێ کەسایەتی ئێزدی وەک قائیمقامی قەزای شێخان خزمەتیان کردووە، دواتر سێ موسڵمان بوون وئێستاش قایمقامی قەزاکە موسڵمانە.
جەوهەر عەلی بەگ، جێگری ئەمیری ئێزدییەکان دەڵێت "چارەسەری کێشەی کۆچکردنی ئێزدییەکان، بریتییە لە گەشەپێدانی ئابووری ناوچەکەیان، دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان، جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەک دروستکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانەی مۆدێرن ودابینکردنی پاڵپشتی و یارمەتی زیاتر بۆ ئیزیدییەکان لە ڕووی دارایی ومەعنەوییەوە."
بەڵام قەیدارنمر، دانیشتووی شێخان کە ماوەی 16 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی" دەڵێت "ئەمە تەنها پەیوەندی بە بارودۆخی ئابووری وخزمەتگوزارییەوە نییە"
ئەو پێی وایە، کێشەکە لەوە گەورەتر ودەڵێت "لە ٪90 ی ئێزدییەکان کە کۆچ دەکەن لەبەرهەژاری نییە، بەڵکو هەست بە ئاسودەیی وسەلامەتی ناکەن."
"پێش ئەوەی بێم بۆ ئەڵمانیا ئەفسەر بووم لە حکومەتی عێراق، هیچ کێشەیەکی داراییم نەبوو، تەنها شتێک کە وای لێکردم کۆچ بکەم ئەوە بوو کە هەستم دەکرد ئەم وڵاتە بۆ ئێمە پارێزراو نییە".
"زۆر نموونە هەن کە وامان لێدەکات ئێمە وەک ئێزدی هەست بە نائارامی و ئاسوودەیی بکەین، بۆ نموونە کاردانەوەیەکی گەورە کە بەرامبەر لێدوانەکانی قاسم ششو، فەرماندەی هێزەکانی بەرگری ئێزدی (تۆمەتبارکراوە بە سوکایەتی کردن بە پێغەمبەر محەمەد لە وتارێکدا لە ناوچەی شەنگال)، ئەو کاتە لە کوردستان بینیمان کە ئێزدییەکان چۆن دووچاری هێرشێکی بێ وێنە بوونەوە کە لە ئەنجامی هەڵەی دەربڕینی بەرپرسە ئێزدییەکە درووست بوو دەربارەی ئەوەی کێ لە پشت ئایدۆلۆژیای داعشەوەیە".

ئەم بەدواداچوونە بە سەرپەرشتی تۆڕی نیرج بۆ بەداواچوون وڕاپۆرتی بنکۆڵکاری ئەنجامدراوە وەک بەشێک لە پڕۆژەی"ڕۆژنامەگەری بنکۆڵکاری بۆ دۆزینەوە وبەدواداچوون".

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand