Draw Media

راپۆرتی: درەو 🔹 بەپێی داتاکانی سایتی (Foreign Assistance) ی ئەمریکی، ئەو پاڵپشتییە داراییانەی لەلایەن سەرجەم ئاژانسە ئەمریکییەکان پێشکەش بە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی عێراق کراوە تەنها لە ساڵی (2024) بریتی بووە لە (180 ملیۆن و 447 هەزار و 919) دۆلار لە کاتێکدا ئەو بڕە پاڵپشتییە بە ڕێژەی (84%)ی و (151 ملیۆن و 476 هەزار و 883) دۆلاری لە لایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)" دابین کراوە. 🔹 بەپێی داتاکان ئەو پاڵپشتییە داراییانەی لەلایەن سەرجەم ئاژانسە ئەمریکییەکان پێشکەش بە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی (172) وڵاتی دنیا کراوە پاڵپشتییەکان تەنها لە ساڵی (2024) دا بریتی بووە لە (26 ملیار و 897 ملیۆن و 267 هەزار و 5) دۆلار لە کاتێکدا ئەو بڕە پاڵپشتییە بە ڕێژەی (92%)ی و (24 ملیار و 674 ملیۆن و 888 هەزار و 30) دۆلاری لە لایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)" بۆ (142) وڵاتی جیهان دابین کراوە. سەرەتا ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)"، دەزگایەکی سەربەخۆیە و بە بڕیارێکی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 1961 دروستکراوە و بودجەیەکی  نزیک لە (40 ملیار) دۆلاری کە نزیکەی (0.6%)ی کۆی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکایە بۆ هاوکاری مرۆیی و پەرەپێدان، کە بەشێکی زۆری بۆ بەرنامە تەندروستییەکان دەچێت. لە سەرانسەری جیهان زیاتر لە (120) وڵاتی جیهان خەرج دەکات. پێشترو لە 20/1/2025 "دۆناڵد ترامپ" پڕۆژەی هاوکارییە دەرەکییەکانی راگرت و داوایکرد لە ماوەی (90 رۆژ)دا پێداچوونەوەی بۆ ئەنجام بدرێت و تەنیا ئەو هاوکارییانە بهێڵدرێنەوە، کە لەگەڵ ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا یەکدەگرنەوە. لە سەرەتای مانگی شوبات ئیلۆن مەسک، کە لەلایەن ترەمپەوە ئەرکی رێکخستنی ئابووریی ئەمریکای پێسپێردراوە، داخستنی ئاژانسی "یو ئێس ئەید"ی راگەیاند و سەرجەم کارمەندانی ئەو ئاژانسە لە رۆژی هەینی 31ی کانوونی دووەمەوە خراونەتە مۆڵەتی کارگێڕییەوە. ماسک لە ئەکاونتی خۆیدا لەسەر پلاتفۆرمی (X)  نووسیویەتی: "ئێمە دەزگای ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی دادەخەین"، ئەمەش توڕەیی و خۆپیشاندانی بەربڵاوی دیموکراتەکانی لە دەرەوەی باڵەخانەی ئاژانسەکە لێکەوتەوە. ڕۆژی (6/2/2025) (مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا) لە میانی سەردانێکیدا بۆ "گواتیمالا" لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پاش ئەنجامدانی پێداچوونەوە بە هاوکارییە دەرەکییەکانی بواری مرۆیی لە سەرانسەری جیهان، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان. روبیۆ ئەوەشی ووت؛ دەبێت لە خوارەوە بۆ سەرەوە پێداچوونەوە بە دۆسیەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێت، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ئەوەی کام بەرنامەی هاوکاری گونجاوە بۆ جێبەجێکردن. ئەو "یو ئێس ئەید"ی تۆمەتبار کرد بە وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ پێداچوونەوە بە بودجەی وڵاتدا. جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەو ئاژانسە خێرخوازی نییە و بودجەکەشیان بودجەی گشتییە و تایبەت نییە. ئەوە پارەی باجدەری ئەمریکییە ئەرکی ئەوانە بە ژیرانە خەرجی بکەن. هاریکارییەکانی "یو ئێس ئەید (USAID)" بۆ عێراق دۆخێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەزموون دەکرێت، بەتایبەت ئەو ڕێکخراوانەی کە سوودمەندن لە "پڕۆژەکانی گەشەپێدان (USAID)" لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای ئەوەی (وەزیری کارایی حکومەتی ئەمریکا "ئیلۆن مەسک")، داخستنی دەزگای گەشەپێدانی ئەمریکای"USAID" ڕاگەیاند، بڕیارەکەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڕەشەی وەستاندنی دەیان پڕۆژە، کە لەلایەن ڕێکخراوە ئەمریکییەکان لە عێراقدا پاڵپشتی ماددییان بۆ دابینکراوە. ئەوەی جێگەی ئاماژەپێدانە زۆرینەی پڕۆژەکانی ئاژانسەکە لە چەند ساڵی ڕابردوو لە عێراقدا، تیشکیان خستووەتە سەر بەرنامەکانی چاکسازی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، پێشکەشکردنی هاوکاری بە شێوەی ماددی بۆ کەمکردنەوەی هەژاری، چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو، کەرتەکانی پەروەردە، و ژێرخانی ئابووری، جگە لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژە بچووکەکان و بەرنامەکانی "کارگێڕی" بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆییەکان. بەم بۆنەیەوە داهاتووی دەیان ڕێکخراوی ناوخۆیی کە لەلایەن "USAID"ەوە پاڵپشتی دەکرێن بە نادیاری دەبمێنێتەوە، بەتایبەتی کە هەندێکیان چالاکن لە بەرگریکردن لە ئازادییە گشتییەکان و پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ لە بڕیارەکە نیگەرانن لەم چوارچێوەیەدا، کارمەندێکی یونیسێف، کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکرێت، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “العالم الجدید” ڕایگەیاندووە "تیمەکانی کارکردن لە چەند پارێزگایەک ئێستا لە دۆخێکی نادڵنیاییدان، بەو پێیەی هیچ ڕێنماییەکی فەرمی نییە سەبارەت بە داهاتووی ئەو بەرنامانە، هەروەها هیچ زانیارییەک لەبارەی بەدیلەکانی پێشنیارکراویشەوە نیە، نیگەرانییەکی جددیش هەیە سەبارەت بە چارەنووسی سودمەندانی ئەو پڕۆژانە، بەتایبەتی ئەو گروپ و ڕێکخراوانەی کە پشت بە پڕۆژەکان دەبەستن". لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا دەزگای ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "USAID" وەبەرهێنانێکی بێ وێنەی بەهای (20 ملیۆن) دۆلار ڕاگەیاند بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و پاکوخاوێنی لە عێراق، بە هاوکاری لەگەڵ یونیسێف و لەژێر ڕێنمایی حکومەتی عێراقدا، بڕیار بوو پڕۆژەی تایبەت لە پێنج پارێزگا جێبەجێبکرێن، لەوانە میسان، دیوانیە، نەینەوا، بەغدا، هەولێر، بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئاو و پاکوخاوێنی و باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان کە نزیکەی (2.5 ملیۆن) کەس لێی سودمەند دەبوون. هەندێک لە چاودێران پێیان وایە وەستاندنی ئەم بەرنامانە واتە پەکخستنی قۆڵی خێرخوازی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری، تەندروستی، و ڕاوێژکاری لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش کاریگەری لەسەر زۆرێک لەو وڵاتانە دەبێت کە لە کەرتە گرنگەکاندا پشت بەم هاوکارییە دەبەستن، ئەم هەوڵانەش ڕەنگە دەرگای گۆڕانکاری نوێ لە نەخشەی کاریگەری نێودەوڵەتی لە بواری گەشەپێداندا بکاتەوە. لە هەفتەیی ڕابردوودا "جۆنی ئێرنست" سیناتۆری کۆمارییەکان لە ویلایەتی ئایوا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) لیستی ئەو پڕۆژانەی بڵاوکردەوە کە ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی (USAID) لە سەرانسەری جیهان پارەداری کردوون. لە یەکێک لەو پڕۆژانەی ئێرنست باسی کردووە دەڵێت، ئاژانسەکەی ئەمریکا )20 ملیۆن( دۆلاری لە عێراق بۆ بەرهەمهێنانی زنجیرەیەکی منداڵان خەرجکردووە.  پڕۆژەکە لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن جێبەجێ کراوە و پارەکە دراوەتە رێکخراوی ناحکومی و قازانج نەویست، رێکخراوەکە زنجیرەیەکی تایبەتی بۆ منداڵانی عێراق بەناوی (ئەهلەن سمسم عێراق) بەرهەمهێناوە "کە یارمەتیی لەخۆگرتن، ئاوێتەکردن، رێزی هاوبەش، تێگەیشتن و یەکدی قبووڵکردن لەنێو گرووپە جیاوازە نەتەوەیی، تائیفی و ئاینییەکان دەدات." ئێرنست پڕۆژەکەی بە "بەهەدەردانی پارە" ناوبردووە. پێش داخرانی وێبسایتەکەی، ئاژانسی USAID رایگەیاند، "عێراق خەریکە لە ساڵانێکی تەنگژە و شەڕ چاکدەبێتەوە، کۆمەڵگەکانی هەوڵی ئەوە دەدەن مانایەک بۆ ئاساییبوونەوەی ژیان بدۆزنەوە، ئەمە لە کاتێکدا برینە جەستەیی و دەروونییەکان هێشتا ماون. شەڕی داعش لە عێراق چەندین منداڵی دەربەدەر و ئاوارەکرد، بەتایبەت ئەو منداڵانەی لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانن."  ئاژانسە ئەمریکییە کە ئێستا داخراوە ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ "گەنجانی عێراق کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، ناتوانن لە وڵاتەکەی خۆیان کە شەڕ و گەندەڵی بەرۆکی گرتووە، کارێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە." بەپێی داتاکانی سایتی (Foreign Assistance.gov)ی ئەمریکی، هاریکاری ئاژانسە ئەمریکییەکانی ساڵی (2001 - 2024)ی لەسەرە لە نێویشیاندا هاریکارییەکانی (USAID) هەیە، بەپێی داتاکان ئەو پاڵپشتییە داراییانەی لەلایەن سەرجەم ئاژانسە ئەمریکییەکان  پێشکەش بە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی عێراق کراوە تەنها لە ساڵی (2024) بریتی بووە لە (180 ملیۆن و 447 هەزار و 919) دۆلار لە کاتێکدا ئەو بڕە پاڵپشتییە بە ڕێژەی (84%)ی و (151 ملیۆن و 476 هەزار و 883) دۆلاری لە لایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)" دابین کراوە. بۆ وردەکاری زیاتری پاڵپشتییەکانی ئاژانسە ئەمریکییەکان لە عێراق لە ماوەی ساڵانی (2021 - 2024) بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)).    خشتەی ژمارە (1) هاریکارییەکانی "یو ئێس ئەید (USAID)" بۆ وڵاتانی جیهان ڕاگرتنی هاریکارییەکان ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)"، تەنها لە عێراق لێکەوتەی نەبووە، بەڵکو کاریگەرییەکانی جیهانین. سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیWHO  دەڵێت، بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز، ئیفلیجی منداڵان، بۆکس و ئەنفلۆنزای باڵندە دەکەونە ژێر کاریگەری ڕاگرتنی دەیان ملیار دۆلاری هاوکاری دەرەوەی وڵات لە ئەمریکاوە. چارەسەری ئایدز و خزمەتگوزارییەکانی دیکە لە 50 وڵاتدا پەکخراوە. هەر بۆیە دکتۆر (تێدرۆس ئەدهانۆم- سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی) داوای لە ئیدارەی ترەمپ کردووە بیر لە دەستپێکردنەوەی پارەی هاوکارییەکان بکاتەوە تا ئەو کاتەی چارەسەری دیکە دەدۆزرێتەوە. کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەواندا لە جنێڤ، دکتۆر تێدرۆس وتی: "کردەوەگەلێک هەن کە حکومەتی ئەمریکا ئەنجامی دەدات... کە ئێمە نیگەران دەکات و کاریگەری جددی لەسەر تەندروستی جیهانی هەیە". دکتۆر تێدرۆس ئەوەشی وتووە: کلینیکەکان داخراون و کارمەندانی تەندروستی خراونەتە مۆڵەتەوە. بۆ نمونە لە کابولی ئەفغانستان، بەرنامەیەکی گەورە، کە تاکە بژاردەی خوێندنی باڵایە بۆ کچان داخراوە. لە سەرانسەری پاکستاندا دەیان بەرنامەی گەشەپێدان وەستاون. لە بەنگلادیش ناوەندێکی توێژینەوەی تەندروستی زیاتر لە هەزار کارمەندی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. ئەم دەرئەنجامە دوو هەفتە دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هاوکارییە دەرەکییەکانی ڕاگرت لە کاتێکدا پێداچوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجامدرا و هەزاران بەرنامەی پەرەپێدانی لە دۆخێکی نادیاردا هێشتەوە. خوێندکارێکی قوتابخانەی کچان لە کابول کە لەلایەن USAIDەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، بەبێ ئەوەی ناوی خۆی ئاشکرا بکات، وتی: "من تووشی شۆک بووم". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە دوا بژاردە بوو کە مابووەوە بۆ کچان بۆ ئەوەی خوێندن وەربگرن و کارێک بەدەستبهێنن". سەرۆکی ڕێکخراوێکی پەروەردەیی قازانج نەویست لە ئەفغانستان کە لەلایەن USAID پشتگیری دەکرێت و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی: "خەڵک بەردەوام پەیوەندی دەکەن و پرسیار دەکەن، 'کەی بەرنامەکە دەستپێدەکاتەوە؟". هەرچەندە لەم دواییانەدا یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا کەمیکردووە، بەڵام ناوچەکە هێشتا ساڵانە ملیارەها دۆلار وەردەگرێت و ئەفغانستان گەورەترین وەرگری ناوچەکەیە. وڵاتەکە کە لە ساڵی 2023دا (ملیارێک و 300 ملیۆن) دۆلاری وەرگرتووە، ئێستا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی داخستنی بەرنامەکان بووەتەوە، بەرنامەکانی گەشەپێدان لە تەندروستی منداڵ و دایکانەوە تا پەروەردە وەستاون. کاریگەرییەکەی بەرفراوان بووە. بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ناوچەکە، "پیۆ سمیس"، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان سەرجەم ئەو پرۆگرامانەی لە ئەفغانستان پشتگیریان لێدەکرێت لەلایەن ئەمریکاوە ڕاگیراوە، ئەمەش ئەگەری هەیە لەسەر زیاتر لە (9 ملیۆن) کەس کە لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەش ببن. کەرتی پەروەردە یەکێکی دیکەیە لە قوربانییەکانی ڕاگرتنی هاوکارییەکان لە ئەفغانستان. زانکۆی ئەمریکی لە ئەفغانستان کە لە ساڵی 2006 بە یارمەتی USAID دامەزراوە، بەپێی زانیارییەکان، خوێندنی ڕاگرتووە. لەلایەکی دیکەوە لە بەنگلادیش زانکۆی ئاسیا بۆ ژنان لە خەباتدایە بۆ ئەوەی سەدان خوێندکاری ئەفغانی بهێڵێتەوە دوای ئەوەی پارەی ئەمریکا وشک بووەوە. بۆ دابینکردنی کەمیی بودجە، زانکۆکە بانگەوازێکی (7 ملیۆن) دۆلاری دەستپێکردووە. زانکۆکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە "ناتوانین و ناتوانین ئەو خوێندکارانە بنێرینەوە بۆ ئایندەیەکی نادیار و ستەمکار". بەنگلادیش هاوپەیمانی ئەمریکایە و گەورەترین وەرگری یارمەتییەکانی ئەمریکایە لە باشووری ئاسیا دوای ئەفغانستان، زیاتر لە (500 ملیۆن دۆلار) پشتگیری لە کۆمەڵێک بەرنامەی بەرفراوان دەکات لە یارمەتییە خۆراکییە فریاگوزارییەکانەوە تا بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی سیل و ئەنفلۆنزای پەتا. لە پاکستان زیاتر لە دەیان پڕۆژەی کە لەلایەن ڕێکخراوی USAIDەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داخران. ناوەندێکی سووتاوی و نەشتەرگەری جوانکاری لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، کە بە یارمەتیی 15 ملیۆن دۆلاری USAID دروستکراوە، ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار دەبێتەوە. دکتۆر تەحمیدوڵڵا، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: لە ئێستادا نازانم چی بەسەر تەواوی بەرنامەکەدا دێت، بەڵام هیوادارم بەرنامەکە بەرەو پێشەوە بچێت. لە ئاسیای ناوەڕاست کە پێنج کۆماری سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی 2023دا نزیکەی (235 ملیۆن دۆلار)یان وەرگرتووە، بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییە ناوخۆییەکان، نزیکەی هەموو بەرنامە و دەستپێشخەرییەک کە لەلایەن USAID پارەدار دەکرێت، ڕاگیراوە. ئەلیشەر خامدۆڤ، ڕاوێژکارێکی قیرغیزستانە و بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی USAID دەکات لە ناوچەکەدا دەڵێت: "بەپێی ئەو زانیارییانەی کۆیکردۆتەوە، تا ئێستا هەموو جۆرە بەرنامە و دەستپێشخەرییەک ڕاگیراون". ڕاگرتنەکان دەستپێشخەرییە تەندروستییە گرنگەکانی وەک بەرنامەکانی "بێ سیل"ی USAID بە بڕی (18 ملیۆن-20 ملیۆن) دۆلار لە تاجیکستان و ئۆزبەکستان لەخۆدەگرن کە هەردووکیان لە ساڵی 2023 دەستیپێکردووە. خامدۆڤ هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا وتی: ئەم پڕۆژەیە بۆ ئۆزبەکستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە یەکێک بوو لەو پڕۆژە کەمانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیل بنیادنراوە لە وڵاتەکەدا. ڕێکخراوی USAID گرینگ بووە لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی لە کۆڵۆمبیا، هەوڵەکانی پاراستن لە ئەمازۆنی بەڕازیل و بنبڕکردنی کۆکاین لە پیرۆ. هەروەها پارەی ئەم دواییەی USAID پشتگیری لە یارمەتییە مرۆییە بەپەلەییەکانی کردووە بۆ زیاتر لە 2.8 ملیۆن خەڵکی ڤەنزوێلا کە لە قەیرانی ئابووری هەڵاتوون. لە بەرازیل، گەورەترین دەستپێشخەری USAID هاوبەشی بۆ پاراستنی جۆراوجۆری بایۆلۆجی ئەمازۆنە، کە گرنگی بە پاراستن و باشترکردنی بژێوی ژیانی گەلانی ڕەسەن و کۆمەڵگاکانی تری دارستانە باراناوییەکان دەدات. لە پیرۆ، بەشێک لە (135 ملیۆن) دۆلاری USAID لە ساڵی 2024دا تەرخانکرابوو بۆ دابینکردنی دارایی بەدیلەکانی بەرهەمهێنانی کۆکاین وەک قاوە و کاکاو. دەزگای مرۆیی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە هەوڵی سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانە دەدات. یەکێک لە سەرکەوتووترین بەرنامەکانی یارمەتی دەرەکی لە جیهاندا ناسراوە، پلانی فریاگوزاری سەرۆک بۆ فریاگوزاری ئایدز، یان PEPFAR، شانازیی بە ڕزگارکردنی ژیانی زیاتر لە 25 ملیۆن کەسەوە کراوە، کە زۆربەیان لە ئەفریقان. ئارۆن مۆتسۆالیدی، وەزیری تەندروستی ئەفریقای باشوور، ئەو وڵاتەی زۆرترین ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی ئایدزی تێدایە، دوای ئەوەی ئەمریکا یارمەتییەکانی ڕاگرت، وتی: "جیهان سەری لێ شێوا". زۆر بەکورتی بەپێی داتاکانی سایتی (Foreign Assistance.gov)ی ئەمریکی، هاریکاری ئاژانسە ئەمریکییەکانی ساڵی (2001 - 2024)ی لەسەرە لە نێویشیاندا هاریکارییەکانی (USAID) هەیە، بەپێی داتاکان ئەو پاڵپشتییە داراییانەی لەلایەن سەرجەم ئاژانسە ئەمریکییەکان  پێشکەش بە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی (172) وڵاتی دنیا کراوە پاڵپشتییەکان تەنها لە ساڵی (2024)دا بریتی بووە لە (26 ملیار و 897 ملیۆن و 267 هەزار و 5) دۆلار لە کاتێکدا ئەو بڕە پاڵپشتییە بە ڕێژەی (92%)ی و (24 ملیار و 674 ملیۆن و 888 هەزار و 30) دۆلاری لە لایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)" بۆ (142) وڵاتی جیهان دابین کراوە. بۆ وردەکاری زیاتری پاڵپشتییەکانی ئاژانسە ئەمریکییەکان لەساڵی (2024) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).    خشتەی ژمارە (2)   کاردانەوە ناوخۆییەکان بۆ بڕیاری ڕاگرتنی هاریکارییەکان "یو ئێس ئەید (USAID)" بۆ وڵاتانی جیهان لەگەڵ ئەوەی کاردانەوەکان لە ناوخۆی ئەمریکادا زۆرن، بەشێک لە ئەمریکییەکان پێیان وایە ڕاگرتنی هاریکارییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی جیهان ڕێگەخۆشکەوە بۆ ئەوەی ڕکابەرەکانی ئەمریکا ئەو بۆ شاییە لە هاریکاری پڕ بکەنەوەی لە سەروو هەموشیانەوە وڵاتی چین و دواتیش روسیا. بەشێک لە چاودێران زیاتر لەوەش ڕۆشتوون و ئەوەیان ڕاگەیاندووە، کە هارکارییەکانی گەشەپێدان ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە هێشتنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک زللهێزی جیهان و هەر ئەم هاریکارییانەش بووە بە شێک لە هۆکارەکانی بەلاداخستنی جەنگی سارد بە قازانجی ئەمریکا. لە دوایین هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی هەنگاوەکانی سەرۆک بۆ داخستنی ئاژانسەکە، گروپێک لە یاسادانەرانی دیموکراتەکانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە 11/2/2025 پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش کردووە، کە ئامانج لێی وەستاندنی ئیدارەی ترەمپە لە بەکارهێنانی پارەی حکومەت بۆ نەهێشتنی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی. لە پڕۆژە یاساکەدا باس لەوە کراوە کە تەنیا کۆنگرێس دەتوانێت یو ئێس ئای ئاید وەک دەزگایەکی سەربەخۆ لەناوببات و هەر چاکسازییەک پێویستە بەپێی یاسا ئەنجام بدرێت. دیموکراتەکان ڕایانگەیاندووە، کردەوەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاژانسەکە نایاساییە. سەچاوەکان -    https://manage.rudaw.net/sorani/world/080220253 -    https://time.com/7213288/what-is-usaid-what-impact-does-it-have-across-the-globe/ -    https://al-aalem.com/%d8%a8%d8%a5%d8%ba%d9%84%d8%a7%d9%82%d9%87-usaid-%d9%85%d8%a6%d8%a7%d8%aa-%d8%a7%d9%84%d9%85%d8%b4%d8%a7%d8%b1%d9%8a%d8%b9-%d9%81%d9%8a-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d8%b1%d8%a7%d9%82-%d8%aa%d9%88%d8%a7/ -    https://channel8.com/kurdish/108826 -    https://www.voanews.com/a/how-pause-in-us-foreign-aid-is-impacting-south-central-asia/7971248.html -    https://www.bbc.com/news/articles/czj3z290ngyo -    https://www.reuters.com/world/us/democratic-lawmakers-introduce-bill-aimed-halting-elimination-usaid-2025-02-11/  


نوسەر و یاسایی /سلێمان مستەفا حەسەن هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە دەبێت لەنێوان مانگی (١٠ بۆ مانگی ١١ ) ئەم ساڵدا ئەنجام بدرێت ،یەکیکە لەو پرسانەی کە بە گرنگیەوە لێدەروانڕێت لەڕوی نەخشەی سیاسی ئایندەی عێراق لە دەرنجامی داواکاری دەنگدەران و دۆستانی عێراق و ئەو گۆڕانکاریانە لەناوچەکەدا ڕویانداوە ، بۆیە لەئێستادا کات درنگە و زوو نییە دەست بە ئامادەکاریەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت ، دیارە شاراوە نییە بۆ هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردنیش ئامادەکاری پێویستە ، لەوانە چوارچێوەی دەستوری و یاسایی ، ئامادەکاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ، تەرخان کردنی بودجە . لە بابەتی پێشوماندا بە ناوی ( دەرفەتێک بۆ چاکسازی بەر لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران) تیشکمان خستە سەر چەند لایەنێکی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ، لێرەدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەکی گشتگیر بۆ چوارچێوەی و یاساییەکەی بکەین لەبەر ڕۆشنایی دەقەکانی دەستووردا . سەرکەوتنی هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردنیش بەندە بە ئامادەکاری پێش وەختە بۆ دوو کۆڵەکەی هەڵبژاردن کە خۆی لە : بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی و بەهێزکردنی دەستپاکی لە بەرێوەبردنی هەڵبژاردندا دەبینێتەوە  . چوارچێوەی دەستوری:  ماددەی ( ١٣) ی دەستور جەختە دەکاتەوە کە:  يەكەم: ئەم دەستورە بە ياساى باڵاو هەرە بەرز دادەنرێت لە عێراقداو،  پێويستە لە هەموو شوێنێكى عێراقدا پابەندبن پێوەى بە بێ جياوازى.  دووەم: نابێت ياسايەك دابنرێت پێچەوانەى ئەم دەستورە بێت.  گرنگتر لەمەشیان لە ماددەى( ١٣٠ )ی دەستوریش دووپاتی دەکاتەوە (ياسا كارپێكراوەكان كاريان پێدەكرێت ئەگەر هەڵنەوەشێنرابێتنەوە يان هەموار نەكرابن بەگوێرەى حوكمەكانى ئەم دەستوورە.) کەواتە ئەو دووبنەما دەستوریە نەخشە رێگای یاسا دانانن و دەبێت  پابەندبن پێەوە . جگە لەو دوو ماددەی دەستور کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان ،چەندین بنەمای تر لەماددەکانی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ ئاماژەیان بەکۆمەڵی بنەمای تایبەت بە سەروەری یاسا و سەروەری گەل و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەرکردنی یاسا و پرسی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن وە لە دوو توێی ماددەکانی رێکخراون وەک نەخشە ڕێگا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە یاسا رێکیان بخات ، گەر سەرنج بدەین لە ماددەی پێنجەمی دەستووری عێراق جەخت دەکاتەوە کە(سەروەرى بۆ ياسايە، گەليش سەرچاوەى دەسەڵات و شەرعيبوونيەتى، كە بە هۆى دەنگدانى ڕاستەوخۆو نهێنيەوە لە ڕێى دام و دەزگا دەستووريەكانەوە ئەنجامى دەدات  . بۆ نمونە لەماددەی شەشەمیش دا پێداگری لەسەر (ئاڵوگۆڕى دەسەڵات ئاشتيانەو لە ڕێى ئەو ميكانيزمە ديموكراسيانەوە دەبێت كە لەم دەستوورەدا ئاماژەيان پێكراوە. لە ماددەی بیستی دەستوریشدا هاتوە (    هەموو هاوڵاتيەك بە ژن و پياوەوە مافى بەشداريكردنی لە كاروبارى گشتى و شاد بوون بە مافە سياسيەكان هەيە لەوانە مافى دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن. کەواتە بنەماو جوارچێوەی دەستوری بۆ پرسی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماددەی ( ٣ ، ٥ ،٦ ،١٣ ، ٢٠. ٤٩ ،٥٦ ) ماددەکانی تری پەیوەندیدار دەگەڕێتەوە . وە بە دیاریکراویش لەبەر ڕۆشنایی ماددەی ٤٩/ سێيەم /مەرجەكانى كانديدەكان و دەنگدەران و هەرچى پەيوەندى بە هەڵبژاردنەوە هەيە بە ياسا دياري دەكرێت. ئەنجومەنی نوێنەران یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەر مەبنای ئەم دەقە و دەقەکانی تر دەرکردوە . چوارچێوەی یاسایی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەران : پاڵپشت بەو ماددە دەستوریانەی لەسەروە ئاماژەمان پێدان لەدوای پەسەندکردنی دەستوری عێراقی فیدڕاڵ لەساڵی ٢٠٠٥ وە ئەنجومەنی نوینەران یاسای هەڵبژاردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەرکردوە ، لەهەمان کاتدا لە خولی یەکەمەوە بەدیاریکراوی (٢٠٠٥ بۆ ٢٠٢٣) بە بەردەوامی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران یان هەموار کراوە ، یان بەتەواوی هەڵوەشێنراوەتە ، بێ گومان ئەم کردارەی لە لایەن هێزە باڵا دەستەکان پێرەوی لیوەکراوە هەموو هەژموونی زۆرینە بووە بۆ مسۆگەر کردنی بردنەوەی هەڵبژاردن بوو ، بەداخەوە گە کاریگەری نەرێنی جێ ‌هێشتوە لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دا. لێرەدا ناگەڕێنەوە سەر یاسای خولەکانی پێشووئەنجومەنی نوێنەران بەڵکو تەنها ئاماژە بەیاسای هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دەدەین کە بە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامدرا ، لە ئێستادا ئەگەر سەرنج بدەین بۆ یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەم یاسای ژمارە (٩) لە لایەک هەموار کراوە بە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ ، لە لایەکی ترەوە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بەیاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ هەڵوەشێنراوەتەوە ، کە بابەتێکە دەکرێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت لەبةر ڕۆشنایی ماددەکانی یاساکە. ئەوەی لەم خوێندنەوە جێگای باس و شرۆڤەی ئێمەیە یاسای هەڵبژاردنی ژمارە ( ٩ ) ی ساڵی ٢٠٢٠و یاسای ژمارە (٤ ) ی ساڵی ٢٠٢٣یاسای هەمواری سێیەمی  یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاو ناحەیە رێکنەخراوەکان لەگەڵ هیچ هەرێمێکدا  . سەرەتا پێویستە یاساکان لێک جیا بکەینەوە چونکە ئەنجومەنی نوێنەران دوو یاسای جیاواز ی بۆ دوو ئەنجومەنی جیاواز لە یەک یاسادا هەموار کردۆتەوە: یەکەم : یاسای ئەنجومەنی نوینەران : یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانە کە لە کە لە (٥٠) ماددە و پاشکۆی دابەشکاری بازنەکان پێکهاتوە و لە ژمارە (٤٦٠٣) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە . دووەم : یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان :  یاسای ژمارە (١٢)ساڵی ٢٠١٨کە لە (٥٢) ماددە پێکهاتوەو لە ژمارە (٤٤٩٤) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە کە دوو جار هەموار کراوە ، هەمواری یەکەم بەیاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠١٩ کراوە کە لە ژمارە (٤٥٥٣ ) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە ، هەمواری دووەمی بە یاسای (٢٧)ی ساڵی ٢٠١٩ کراوە کەلە ژمارە (٤٥٦٦ ) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە. سێیەم : یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەمی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە (٢٦) ماددە پێکهاتوەو ، لە ژمارە (  ٤٧١٨) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە. سەرتا دێنە سەر شرۆڤەی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران : یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ ئەو یاسایە بوو کە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێ ئەنجام دراوە ، بەڵام  لە ئێستادا بە یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی ٢٠٢٣ هەموار کراوە لە لایەک هەموار کراوە ، لە لایەکی تر بەهەمان یاسا هەڵوەشێنراوەتەوە ، هەموارەکەش بۆ دوو یاسا بەیەکەوە کراوە واتە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩) و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەموار کراوە ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠١٨ . یاسای ژمارە (٤) ساڵی ٢٠٢٣ بەناوی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای ئەنجومەنی نوینەران و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاوقەزاو ناحیەکانە ، جارێ گەر دیقەت بدەین ناوی یاساکە هەڵەیە چونکە یاسای ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ هەمواری یەکەم و دووەمی بۆ نەکراوە ، واتە لەڕوی یاساییەوە دەبوایە ناوی یاساکە ( یاسای هەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و یاسای هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگاوقەزاو ناحەکان بوایە ) گەر مەبەستی یاسادانەر هەموار کردنی هەر دوو یاساکەیە ، بەلام گەر نیەتی یاسا دانەر هەڵوەشاندنەوەی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانە دەبوایە لە ڕووی یاساییەوە یاساکە ناوی ( یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ) بوایە . چونکە گەر سەرنج بدەین بەپێی بڕگەی یەکەم لە ماددەی (٢٥)ی یاسای ژمارە (٤) ساڵی ٢٠٢٣ یاسای ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوەشێنراوەتەوە چونگە بەدەقێکی ڕوون دەڵێت ( اولا : یلغی قانون انتخابات مجلس النواب العراقی رقم (٩) لسنە ٢٠٢٠   ) کەواتە لێرەدا دژ یەکی هەیە لە نێوان ناونیشانی یاساکە کە بەناوی یاسای هەمواری سێەمی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و یاسای ئەنجومەنی پارێزگا وقەزاو ناحەکان هاتوە. چونکە لەروی زمانەوانی و ناوەرۆکە جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان زاراوەی (هەموارکردن و هەڵوەشاندنەوە ) بۆیە بەپێی دەقی ماددەی (١٣٠ ) دەستور لە ئێستادا یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بەرکار نییە وەک لەماددەکەدا هاتوە ( ياسا كارپێكراوەكان كاريان پێدەكرێت ئەگەر هەڵنەوەشێنرابێتنەوە يان هەموار نەكرابن بەگوێرەى حوكمەكانى ئەم دەستوورە. کەواتە ئێستا ئەو یاسایەی بەرکارە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ، ئەو یاسایە لە (٢٦) ماددە پێکهاتوە ، ئەگەر لە ناوەڕۆکی یاساکە وورد بینەوە چوارچێوەی یاسایی هەڵبژاردنی ئەم خولە بەم شێوەی خوارەوەیە : یەکەم : لەماددەی یەکەمی یاساکەدا دەڵێت ئەم یاسایە بەسەر ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا وقەزاو ناحیەکان جێبەجێ دەبێت ، بەڵام لە یاسای ژمارە ٤ باسی هەڵوەشاندنەوەی یاسای پارێزگاو قەزاو ناحەکانی نەکردوە. دووەم : لە ئاماژەدان بە ماددە هەموار کراوەکان لەهەردوو یاساکە جیاوازن سێیەم : لەماددەی (٧) یاساکەدا هاتوە ماددەی (١٢)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە ( دەنگە دروستەکانی هەر لیستیەکە دابەشی ژمارە ١.٧ ، ٣ ، ٥ ، ٧ ، ٩  ) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکان ، هەموارەکە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دروستە بەڵام ماددەی (١٢) لەیاسای ئەنجومەنی نوێنەران بابەتێکی ترە ، گەر بەو بنەمایە وەریبگرین ئەوا لەم هەڵبژاردنە کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی بەشیوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت . چوارەم :بەپیی ماددەی (٩) یاساکە ماددەی (١٥) لەیاسای ژمارە (٩) ی ساڵی ٢٠٢٠ ی هەموار کردوە و دەلێت ماددەکە بەم شیوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە ، بە پێی ناوەرۆکی ماددەکە ، کار بە سیستەمی براوەی یەکەم  ناکرێت ، بەپێی خشتەیی هاوپێچی یاساکە (٣٢٠) کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەش کردوە ، هەروەها (٩) کورسیی بۆ پێکهاتەکان تەرخان کردوە ، بەبێی ڕەچاوکردنی بنەمای بڕگەی یەکەمی ماددەی (٤٩) ی دەستور کە لە ئێستادا پرۆسەی سەرژمێری ئەنجام دراوە . پێنجەم : بەپێی ماددەی (١٠) یاساکە ماددەی (١٦) یاساکەی هەموار کردوە ناوەرۆکی هەموارەکە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دروستە بەڵام بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بابەتێکی ترە . شەشەم : ئەوەی لە یاساکە دەخوێنرێتەوە : 1-    بازنەکانی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای پاڕیزگا رێکدەخرێنەوە . 2-    کار بەسیتەمی نوێنەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت دەنگی حزبەکان و کاندیدانی تاک بۆ کورسی یەکەم بەجیا دابەشی (١.٧) دوای ئەوە دەنگی حزبەکان بۆ کورسیەکانی تر دابەشی ژمارە تاکەکان دەکرێت تا هەموو کورسیەکان تەواو دەبن. 3-    پێویستە دەنگدەر بە ئیجباری دەنگ بدات بەلیستەی حزبەکان ، بەڵام بۆ کاندیدان ئیختیارییە ، واتە دەبێت یەکەم جار دەنگ بە لیستی دڵخوازی بدات ئینجا گەر بیەوێت ئارزومەندانە دەنگ بە کاندیدێکی هەمان لیست بدات . 4-    کورسی کاندیدە براوەکان بەپێی ژمارەی دەنگەکانیان رێکدەخرێتەوە ، واتە شێوازی لیستی نیمچە کراوە پێرەو دەکرێت . 5-    هەروەها تەمەنی کاندیدان نابێت لە(٣٠) کەمتر بێت و مەرجە خاوەنی بڕوانامەی بکالۆریۆس بێت بۆ کۆتاکانیش لە ئامادەیی کەمتر نەبێت ، لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەمەنی کاندید (٢٨) ساڵ بوو وەک لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٨) یاسای ژمارە ٩ ساڵی ٢٠٢٠ هاتبوو. 6-    تۆماری بایۆمەتری و کارتی نیشتیمانی بەکار دەهێنرێن . 7-    ئەژمار کردن و جیاکردنەوەی ئەلکترۆنی پێرەو دەکرێت . 8-    ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە ٣٢٩ ئەندام دیار کردوە . دەرنجام : هەروەک لەسەرتا ئاماژەمان بە ماددە دەستوریەکان دا ، بە پشت بەستن بەو بنەمایانە و گەرانەوە بۆ بڕگەی یەکەمی ماددەی (٢٥) لەیاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحيەکان ، یاسای ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوەشێنراوەتەوە ، بەڵام لە ناوەرۆکی یاساکەدا کە لە (٢٦ ) ماددە پێکهاتوە لەکۆی (٢٥) ماددە باس لە هەموارکردن و لادان و هەڵوەشاندنەوە دەکات بەبێ ئەوەی بلێت لەکام یاسا ئەو گۆرانکاریانە بکرێت لەگەڵ ئەوەشدا چەند ماددەیەک زیاد کراوە بەبێ ئەوەی بڵێت دەبن بە ماددەی چەند و بۆکام یاسا . بۆیە گەر لە ماددە پەیوەندیدارەکاندا دەڵێت ماددەکە هەموار دەکرێت یان زیاد دەکرێت یان لادەدرێت و لە زیادکردنی مادەکانێش دەڵێت بۆ یاساکە زیاد دەکرێن ، گەر مەبەستی یاسادانەر هەڵوەشاندنەوەی یاساکەیە بۆچی باس لە هەموار دەکات ، بەرای ئێمە یاسا دانەری عێراقی بەمەبەست یان بێ مەبەست کەوتۆتە هەڵەو لادان لە کار کردن بە رێکارو بنەما دەستوری و یاساییەکان لەدەرکردنی ئەم  یاسایە هەروەها پێرەوی رێکاری شکلی و بابەتیش نەکراوە  ، چونکە ناکرێت دوو یاسا جیا لەناو یاسایەک هەموار بکرێن . ئەگەر نیەتی یاسا دانەر هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بێت وەک برگەی یەکەمی ماددەی (٢٥) یاسای ژمارە (٤) دا هاتوە ئەوا لەم هەڵبژاردنە تەنها حوکمەکانی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا جێبەجێ دەکرێن بێ گومان ئەم یاسایەش بە تەنها بەس نین بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ، بۆ نمونە لە ماددەی (٩) یاسای ژمارە (٤) دا دةڵێت ماددەی (١٥)ی یاسا هەموار دەکرێت کە لە بنەرەتدا ماددەی (١٥) ماددەیەکە لە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، بۆیە باشتر وایە ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەربکات کە وەڵام دەرەوەی خواستی دەنگدەران و پارتە سیاسیەکان و ڕای گشتی بێت ، گەر نا باشتر وایە بگەڕێنەوە بۆ کۆنوسی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران گەر هەڵەی چاپ بێت ئەم هەڵەیە چاک بکرێتەوە . لەکۆتایی بە وتەیەکی کوردی کۆتایی بەم بابەتە دێنین و دەڵێن (کەنگر و ماست بە وادەی خۆی ) مەبەستی ئێمەش ئەوەیە تا کات بەردەستە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران رێکبخەنەوە لە دوو توێی یاسایەکی سەربەخۆدا .          


راپۆرتی: درەو 🔻 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە سەرەتای ساڵەوە بۆ کۆتایی تشرینی دووەمی 2024، خەرجی هەرێم  (13 ترلیۆن و 113 ملیار) دینار بووە  بەجۆرێک؛ 🔹 بە بڕی زیاتر لە (9 ترلیۆن و 82 ملیار) دینار بە ڕێژەی (69%)ی خەرجییەکان بۆ موچەی فەرمانبەران نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (283 ملیار و 742 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (2%)ی خەرجییەکان بۆ بواری خزمەتگوزاری (المستلزمات الخدمیة) نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (443 ملیار و 689 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (3%)ی خەرجییەکان بۆ بواری شمەک (المستلزمات السلعیة) نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (152 ملیار و 47 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (1%)ی خەرجییەکان بۆ بواری چاکسازی (صیانة الموجودات) نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (601 ملیار و 988 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (5%)ی خەرجییەکان بۆ بواری هاریکای و یارمەتی و خەرجی دیکە (المنح والاعانات والفوائد والمصروفات الاخری) نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (2 ترلیۆن و 437 ملیار و 483 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (19%)ی خەرجییەکان بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی (الرعایة الاجتماعیة) نێردراوە. 🔹 زیاتر لە (111 ملیار و 306 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (1%)ی خەرجییەکان بۆ بوار و خەرجی سەمایەگوزاری (النفقات الرأسمالیة) نێردراوە.  بەپێی وزارەتی دارایی عێراق ، خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (11 مانگی یەکەمی 2024) بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە دواترینیانی بۆ کۆتایی تشرینی دووەمی 2024 لە (9/2/2025) بڵاو کردووەتەوە، لە سەرەتای ساڵەوە بۆ کۆتایی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە چوارچێوەی خەرخییەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە بڕی (13 ترلیۆن و 112 ملیار و 934 ملیۆن و 415 هەزار و 515) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەجۆرێک؛ 1.    بە بڕی (9 ترلیۆن و 82 ملیار و 677 ملیۆن و 230 هەزار و 972) دینار و بە ڕێژەی (69%)ی خەرجییەکانی وەزارەتەکە لە چوارچێوەی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستاب بۆ موچەی فەرمانبەران نێردراوە. 2.    بڕی (283 ملیار و 742 ملیۆن 308 هەزار و 818) دینار بە ڕێژەی (2%)ی خەرجییەکان بۆ بواری خزمەتگوزاری (المستلزمات الخدمیة) نێردراوە. 3.    بڕی (443 ملیار و 689 ملیۆن و 621 هەزار و 243) دینار بە ڕێژەی (3%)ی خەرجییەکان بۆ بواری شمەک (المستلزمات السلعیة) نێردراوە. 4.    بڕی (152 ملیار و 47 ملیۆن و 639 هەزار و 560) دینار بە ڕێژەی (1%)ی خەرجییەکان بۆ بواری چاکسازی (صیانة الموجودات) نێردراوە. 5.    زیاتر لە (601 ملیار و 988 ملیۆن و 430 هەزار) دینار بە ڕێژەی (5%)ی خەرجییەکان بۆ بواری هاریکای و یارمەتی و خەرجی دیکە (المنح والاعانات والفوائد والمصروفات الاخری) نێردراوە. 6.    زیاتر لە (2 ترلیۆن و 437 ملیار و 483 ملیۆن و 21 هەزار) دینار بە ڕێژەی (19%)ی خەرجییەکان بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی (الرعایة الاجتماعیة) نێردراوە. 7.    زیاتر لە (111 ملیار و 306 ملیۆن و 163 هەزار) دینار بە ڕێژەی (1%)ی خەرجییەکان بۆ بوار و خەرجی سەمایەگوزاری (النفقات الرأسمالیة) نێردراوە. بۆ وردەکاری زیاتر لە بارەی تەمویلە داراییەکانی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی (11ی 2024) بەپێی مانگەکانی ساڵەکە، بڕوانە خشتە چارتەکەی خوارەوە؛ خشتە     چارت ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق    


  درەو: راپۆرتی كەناڵی (الحرة) "تۆڕە ئاڵۆزەکان"... ئێران چۆن سیستەمی دارایی عێراق دەقۆزێتەوە؟. پێکهاتەی ئابوری عێراق دەرفەت دەڕخسێنێت ساڵانە ملیارەها دۆلار بڕژێتە ناو ئێرانەوە، ئەوەش لە ئامارە زەبەلاحەکانی مەزادی دراوی قورسی بانکی ناوەندیدا دەرکەوتووە، کە لە ساڵی (٢٠٢٤)دا، زیاتر لە (٨١)ملیار دۆلار بووە. ئاماری فرۆشی دراو زیادبونێكی گەورە ئاشکرادەکات بە بەراورد بە ساڵی  (٢٠٢٣) کە ئەوکات نزیکەی (٤١)ملیار دۆلار بووە. زۆرینەی ئەو بڕە پارانەش بۆ دابینکردنی پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی چووە، نرخی هەر دۆلارێک بە هەزار و  (٣٠٥)دینارە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە یاداشتێکی سەرۆکایەتیی واژۆکرد، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەستبەجێی دەزگا فیدراڵیەکان بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە بەکارهێنانی سیستەمی دارایی عێراق. ئێران چۆن سیستەمی دارایی عێراق دەقۆزێتەوە؟ شارەزایانی ئابوری عێراقی دەڵێن: وڵات لە بەردەم "تاقیکردنەوەیەکی سەخت"دایە. بەغداد دەیەوێت گەمارۆکانی ئەمریکا جێەجێبكات، لەهەمان کاتدا هەوڵدەدات سەقامگیری ئابوری وڵات بپارێزێت و نەیخاتە ناو قەیرانی نوێوە. "بازرگانی" کلیلی بەقاچاغبردنە ئێران سیستەمی دارایی عێراق دەقۆزێتەوە بۆ دەربازبون لە سزا نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی دەرچەیەکی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی دراوی قورس و بە قاچاغبردنی بۆ تاران. عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، پرۆفیسۆری پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: قۆستنەوەی سیستەمی دارایی عێراق لەلایەن ئێرانەوە کێشەیەکە ساڵانێکە هۆشداریمان داوە لەبارەیەوە. مەشهەدانی کۆمەڵێک شێوازی دەستنیشان کرد کە ئێران لە عێراق پەیڕەوی دەکات، کە بە روونی لە هاوسەنگی بازرگانیدا دیارەو لە بەرژەوەندی تاراندایە، چونکە بەغداد کەمتر لە ملیارێک دۆلار هەناردەی ئەم وڵاتە دراوسێیە دەکات. جۆ ویلسۆن، نوێنەری کۆمارییەکان ئاشکرایکرد، ترەمپ ڕێنمایییەکی بڵاوکردەوە و داوای لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و دەزگاکانی دیکەی ئەمریکا کردووە هەنگاوی خێرا بنێن بۆ دڵنیابون لەوەی سیستەمی دارایی عێراق لەلایەن ئێرانەوە بۆ خۆدزینەوە یان بەدەربازبون لە سزاکان بەکارنەهێنرێت. هاوكات ڕێنماییشی دەركردووە بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو وەک خاڵی سەرلەنوێ باركردن بەکارنەهێنرێن بۆ ئەوەی خۆیان لە سزاکان بدزنەوە. ویڵسن، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، کە هاوپێچی وێنەیەکی بڕیارەکەی ترەمپی کردووە، ڕوونیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوانە دەبێت زامنی ئەوە بكات ئێران سیستەمی دارایی عێراق بۆ خۆدزینەوە یان بەدەربازبون لە سزاکان بەکارنەهێنرێت، هەروەها دەوڵەتانی کەنداو وەک خاڵی سەرلەنوێ باركردن بۆ تاران بەکارنەهێنرێن. نەبیل مەرسومی، ئەکادیمیست و مامۆستای ئابوری، رایگەیاند: ئێران بە فەرمی ساڵانە بە بەهای نزیکەی (12)ملیار دۆلار هەناردەی عێراق دەکات، هەموو ئەو داهاتانەش تاران بە دۆلار دەستیکەوتووە. ئەم ژمارانە تەنها ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە لە رووی بازرگانییەوە ئەنجامدەدرێت، بەڵام بڕە پارەیەکی زۆر هەیە کە لە ڕێگەی تۆڕە ئاڵۆزەکانەوە بە قاچاغ دەبرێت. مەرسومی هاوڕایە کە کۆمەڵێک هاوردەکار و بانک و فەرمانگەی گواستنەوەی پارە هەن کە تۆڕێک پێکدەهێنن کە پشت بە بەڵگەنامەی دروستکراو دەبەستن، جا چ لە ڕووی بڕبێت یان بەها، بۆ حەواڵەكردنی ملیارەها دۆلار بەشێوەیەكی ساڵانە. ناوبراو بوونی دوو جۆر قاچاغی دۆلار لە عێراق دووپات كردەوە، یەکێکیان بۆ هێنانی دراوی قورس بۆ ناو بازاڕی عێراق ، دووەمیشیان بۆ دووبارە بەقاچاغبردنەوەی بۆ ئێران. لە مانگی ئابی(2023)، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا هەڵوەشاندنەوەی دیارترین تۆڕەکانی قاچاغچێتی دراوی ڕاگەیاند، کە کۆمەڵێک تۆمەتباریان لەخۆگرتبوو، چالاکی دارایی و بانکی گوماناوییان ئەنجامداوە و دانیان بەوەدا ناوە کۆمپانیا ساختەکانیان بەکارهێناوە وەک روپۆشێك بۆ پرۆسەی قاچاغچێتی دراو بۆ دەرەوەی وڵات. هێزە ئەمنییەکان (11)تۆمەتباریان لە عێراق دەستگیرکرد، ئەو شوێنانەشیان ئاشکرا کرد کە پارەکەی تێدا هەڵگیراوە و  دەستیشیانگرت بەسەر(14) ملیۆن دۆلاردا. ئێران پێویستی بە دۆلار هەیە بۆ سەقامگیرکردنی ئابورییە داڕماوەكەی، کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، لە کاتێکدا دراوی ئێرانی بەشێکی زۆری بەهای خۆی لەدەست داوە. ئەو میکانیزمانەی تاران لە عێراق پەیڕەوی دەکات، دامودەزگا فەرمییەکانی وەک بانکی ناوەندی، یان بانکە ئەهلیەکان دەکاتە ئامانج، کە بەشێکیان بە روكاری لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەژمار دەکرێن، وەک ئەوەی جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان جەختی لێكردووە. ستراتیجەکانی بەقاچاغبردنی دراو بۆ دەرەوەی عێراق بۆ دڵنیابون لە پابەندبون بە پێوەرەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە و سزاکانی سەر ئێران، زیاتر لە(20) بانکی عێراقی لە مامەڵەكردن بە دۆلار قەدەغە کراون، بەڵام هێشتا لە عێراق بە بەکارهێنانی دینار کاردەکەن. کۆچەر ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە دیارترین ئەو ڕێگایانەی بەكاردەهێنرێت بۆ قۆستنەوەی بازرگانی، لەكاتی هاوردەکردنی کاڵاکاندا فاکتورەکانیان زیاد دەكرێت، بۆ نمونە، ڕەنگە گرێبەستێک بەهای یەک ملیۆن دۆلار بێت، بەڵام لەسەر کاغەز دەبێتە چوار ملیۆن دۆلار.  وتیشی: شێوازی دووەم کە دەستیکردووە بە بڵاوبوونەوە، بریتییە لە دامەزراندنی کارگەی ئێرانی لە ناوخۆی عێراق، بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا دەفرۆشرێن و داهاتەکانیش لە رێگەی تۆڕی تایبەتمەندەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئێران. تەنانەت بەشێک لەو پارە نەختینەیە راستەوخۆ لەلایەن کەسانێکەوە دەنێردرێت لەڕێی سنورەکان بۆ ناو ئێران، بەتایبەتی بەهۆی چاوپۆشیكردنی دەروازە سنورییەکان لە بەدواداچوون یان ڕێگریکردن لە بە قاچاغبردنی دراوەکان. مەشهەدانی ئاماژە بەوەدەكات: کەرتی تایبەتی عێراق کە بە بەهای ملیارەها دۆلار كاڵا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، بە زۆری پشت بە کۆکردنەوەی دۆلار دەبەستێت لە بازاڕی رەش، لە ڕێگەی تۆڕی ئاڵوگۆڕی تایبەتەوە یان تەنانەت راستەوخۆ لەلایەن كەسەكانەوە. ناوبراو جەختی کرد، ئەم مامەڵە داراییانە لەگەڵ ئێران بە گشتی لە ڕێگەی بانکی ناوەندیەوە ئەنجام نادرێن، بە تایبەت دوای ئەوەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی لە ماوەی رابردودا سەپێنرا. بەوتەی مەشهدانی، زانیاری هەیە دەیسەلمێنێت، دراوی ساختەی عێراقی لە ئێران چاپ دەکرێت، بۆ بەدەستهێنانی دۆلار دەخرێتە بازاڕی عێراقەوە.   ئاماژەی بەوەشکرد، لە عێراقدا گروپی لایەنگری ئێران هەیە، هەندێکیان کۆمپانیای وەبەرهێنانیان دامەزراندووە، کە ڕاستەوخۆ ملیارەها دۆلار دەگوازنەوە بۆ ئێران. سەرەڕای ئەوەی باس لە ئاڵوگۆڕی عێراق و ئێران دەکرێت کە بە تمەنی ئێرانی، بەڵام بەشێکی زۆری گرێبەستەکان بە دۆلاری ئەمریکی ئەنجام دەدرێن. مەشهەدانی پرسیاری ئەوەی کرد، چۆن ڕۆژانە پرۆسەی كڕینی كەرەستە بە بەهای (٢٥)ملیۆن دۆلار لە ئێران ئەنجامدەدرێت؟.  لەنێو ئەو ئامرازانەی کە تاران بەغداد دەقۆزێتەوە، بە وتەی مەشهەدانی، گواستنەوە یان فرۆشتنی نەوتی ئێرانە وەک نەوتی عێراق، کە ئاڵوگۆڕەکان لە ئاوە هەرێمیەكان ئەنجام دەدرێن، لە هەنگاوێکدا بۆ خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەکان. ناوبراو میکانیزمەکەی دەستنیشانكرد كە پسوڵەی شوێنی بەرهەمهێنانی نەوتەكە ساختەدەكرێت و بەجۆرێك هەناردە دەكرێت وەک ئەوەی لە عێراقەوە كرابێت، دووبارە هەناردە دەکرێتەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کە دووبارە دەیفرۆشنەوە. ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە، سەپاندنی سزای دارایی راگەیاند، کە یەکەمجارە لە دوای دەستبەکاربونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، "تۆڕێکی نێودەوڵەتی"ی کردە ئامانج، تۆمەتبارە بە گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ چین بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییە سەربازییەکانی تاران. وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، سزاکان تۆڕێکی نێودەوڵەتی دەکەنە ئامانج کە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێران دەکات، بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بۆ چین. پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٣)، بانکی ناوەندی عێراق پەسەندکردنی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ چاودێریکردنی فرۆشتنی دۆلار و کارەکانی سپیکردنەوەی پارە راگەیاند. نەبیل مەرسومی ئەکادیمی و پرۆفیسۆری ئابوری، رایگەیاند، ئەو میکانیزمانەی لە ماوەی ڕابردودا بۆ سنوردارکردنی قاچاغچێتی دراو بۆ عێراق و لە عێراقەوە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەتایبەتی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی، سەرکەوتوو نەبوون. ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەشێک لە بازاڕەکانی عێراقدا مامەڵە بە تمەنی ئێرانی دەکرێت، بەڵام ئەو بڕە پارانە دووبارە لە ناوخۆی عێراق بە دۆلار دەگۆڕدرێنەوە. لەسەرەتای ئەمساڵدا، بانکی ناوەندی عێراق، میکانیزمەکانی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی پەیوەست بە فرۆشتنی دۆلاری راگرت، هاوکات بەردەوامبونی میکانیزمی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکان. مەرسومی وتی: پلاتفۆرمەکە ئامانجی خۆی نەپێكاوە، چونکە فرۆشی دۆلاری بانکی ناوەندی لە ماوەی دوای کردنەوەی پلاتفۆرمەکە زیادی کردووە، هاوردەکاران تەنها فاکتوری دروستکراویان پێشکەش دەکرد و تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی دروستیش بەدواداچوونیان بۆ بکرێت، ساختەکارییەکان ئاشكرا نەدەکرا. جەمال کۆچەر، هاوڕایە کە پلاتفۆرمی گواستنەوەی پارەی ئەلیکترۆنی نەیتوانیوە قاچاغی دراوی قورس لە عێراقەوە بۆ ئێران رابگرێت و، تۆڕەکان چالاکن لە گواستنەوەی ئەو دۆلارە کاشانەی کە لە بازاڕە رەشەكانداهەن. غازی ئێران وێستگەکانی کارەبای عێراق زۆر پشت بە غازی ئێران دەبەستن، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران، بەغدا ناتوانێت راستەوخۆ پارەی هاوردەکردنی غاز بە ئێران بدات، بەڵکو دەبێت تاران ئەو پارەیە بۆ کڕینی خۆراک یان كەرەستەی تەندروستییەکان بەکاربهێنێت. مەشهەدانی ترسی ئەوەی هەبوو کاریگەرییەکانی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران بگاتە بەغداد، بەهۆی ئەوەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی واشنتۆن بریتین لە وەستاندنی هاوردەکردنی غازی ئێرانی بۆ عێراق. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە ئابوری عێراق روبەڕوی هەژاندن ببێتەوە بەهۆی ئەو بڕیارانەوە، بەتایبەتی کە عێراق پشت بە غازی ئێرانی دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، رەنگە قەیران روبدات ئەگەر بەدیلێک بۆ غازی ئێرانی نەدۆزرێتەوە. کێشەی کارەبا لە عێراق هەستیارە، بەو پێیەی دانیشتوانەکەی کە(43)ملیۆن کەسن، بەدەست پچڕانی کارەبای بەردەوامەوە دەناڵێنن، کە ڕەنگە ڕۆژانە تا(10) کاتژمێر بخایەنێت، دۆخەکە خراپتر دەبێت بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما بۆ پەنجا پلە لە وەرزی هاویندا. ئەگەر گەمارۆکان فراوان بکرێن و سیستمی بانکیش بگرێتەوە، ئەوە دەبێتە هۆی زیانی زیاتری ئابوری، بەتایبەتی کە(28) بانک لە کۆی(62) بانک لە عێراقدا سزایان بەسەردا سەپێنرێنراوە. کۆچەر پێیوایە، عێراق ناتوانێت پەیوەندییە ئابورییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت، بەتایبەت كە پشتبەستنێکی زۆری هەیە بە هاوردەکردنی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە پارێزگاکان. ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە حکومەتی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا قسە بکات، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە وەرگرتنی جیاكاری بۆ دڵنیابون لە بەردەوامی هاتنی غاز. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مێژە عێراقی لە سزاکان بەخشیوە بە پێدانی پارە بە ئێران بۆ دابینکردنی کارەبا، بەومەرجەی تاران تەنها ئەو پارەیە بۆ ئەو مامەڵانە ئەنجامبدات كە گەمارۆ نایانگرێتەوە، وەک کڕینی کەلوپەلی مرۆیی، لەوانە خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان. رۆژی چوارشەممە، ترەمپ ئەو لێخۆشبونەی هەڵوەشاندەوە کە بە عێراق دراوە بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە، هاوکات بڕیاریدا ڕێگری لە تاران بكات لە قۆستنەوەی پارەی بەغداد. کۆچەر ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکێشەکە لە عێراق ئاڵۆزە، بەو پێیەی زۆرێک لە هێزە سیاسییەکان پەیوەستن بە ئێرانەوە و هەر پچڕانێکی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران ڕوبەڕوی ڕەتکردنەوەی گەورە دەبێتەوە. سەرەتای ساڵی (2023)، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دانی بەوەدانا کە گواستنەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات رویداوە. رونیشیکردەوە، ئەو دراوە بە قاچاغ دەبرا بۆ دەرەوەی وڵات بە پشتبەستن بە فاکتوری ساختە بۆ هاوردەکردن کە نرخەکانیان زیادكراوە. سەرەڕای دانپێدانانی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بە بوونی قاچاغی دراوی بیانی، بەڵام جێبەجێکردنی سیاسەتی دارایی و دراوی یەکگرتوو بۆ وەستاندنی ئەم خوێنبەربونە لە ئابوری عێراقدا نییە، وەک ئەوەی  مەرسومی وتی  لە کۆتایی قسەکانیدا.


درەو: 🔻 بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوە ڕوونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوتی هەرێم، لە ساڵی 2024دا، پشکی حکومەتی هەرێم لە نەوت و داهات بەم جۆرەبووە؛ 🔹 لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی (کێڵگەی تاوکی – پیشخاپور) پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە لە (19 ملیۆن و 907 هەزار و 200) بەرمیل نەوت، کۆی داهاتی ئەو نەوتەش دەکاتە (706 ملیۆن و 866هەزار و 915) دۆلار بەرێژەی (69.5٪). 🔹 لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (6 ملیۆن و 58 هەزار و 187) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (242 ملیۆن و 400 هەزار و 611) دۆلار. بەڕێژەی (49.8%). 🔹 لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (6 ملیۆن و 170 هەزار و 721) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (202 ملیۆن و 768 هەزار و 677) دۆلار. بەڕێژەی (67%). 🔹 لە کێڵگەی نەوتی شێخان پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (8 ملیۆن و 461 هەزار و 868) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (229 ملیۆن و 604 هەزار و 88) دۆلار. بەڕێژەی (57%). 🔹 لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (35 ملیۆن و 768 هەزار) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (ملیارێک و 180 ملیۆن و 344 هەزار) دۆلار. بەڕێژەی (85%). 🔹 لە کێڵگەی نەوتی هەولێر پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (2 ملیۆن و 297 هەزار و 513) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (69 ملیۆن و 501 هەزار و 442) دۆلار. بەڕێژەی (70.3%). 🔹 لە کێڵگەی گرێبەستی سەرقەڵا پشکی حکومەتی هەرێم بریتی بووە (2 ملیۆن و 19 هەزار و 48) بەرمیل، کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (78 ملیۆن و 742 هەزار و 872) دۆلار. بەڕێژەی (60%).                                   1.    ناوچەی گرێبەستی تاوکی ( کێڵگەی تاوکی – پیشخاپور) ‌أ.    کێڵگەی تاوکی ناوچەی گرێبەستی تاوکی دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە لە هەرێمی کوردستان. پێک دێت لە هەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکی و پیشخاپور. هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی ٧٥٪ و گەنێڵ ئەنێرجی تورکی ٢٥٪ ی خاوەنداری پشکەکان دەکەن لەو کێڵگەیەدا. یەکەم جار لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٤ دا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانای دی ئێن ئۆ DNO کرا . بەرهەمهێنانی ئەم کێڵگانە (تاوکێ لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستیپێکردووە و پیشخاپور لە ساڵی ٢٠١٧) بە تێکڕا بەرهەمی رۆژانە لەساڵی ٢٠٢٤ دا  نزیکەی  ٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بووە. ‌ب.    کێڵگەی نەوتی پیشخاپور کێڵگەی نەوتی پیشخاپور لە چوارچێوەی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی تاوکی (PSC) دایە. کێڵگەی پیشخاپور لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ دۆزرایەوە. ئەم کێڵگەیە بە هاوبەشی لەلایەن کۆمپانیای D.N.A (75%، ك.سەرکار) و کۆمپانیای Genel Energy International (25%) خاوەندارێتی دەکرێت. بەرهەمهێنانی نەوت لەم کێڵگە لە ڕێگەی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرەتایی لە ساڵی ٢٠١٧ دەستیپێکرد. بەرهەمهێنانی کێڵگەی پیشخاپور لە ساڵی 2018 لە شەش بیرەوە بە تێکڕای 54 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهات. لە ماوەی ئەمساڵەدا کۆی بەرهەمی کێڵگەکە ( 28ملیۆن و 774 هەزار و963 ) بەرمیل نەوت بووە. کۆی داهاتیش  (ملیارێک و 19 ملیۆن و 244 هەزار و 783) دۆلار بووە. پشکی دی ئێن ئۆ   (6,650,822) بەرمیل بووە بە داهاتی (234 ملیۆن و 508 هەزار و 401 )دۆلار، هەروەها پشکی گنێڵ ئەنێرجیش لە بەرهەم (2,216,941) بەرمیل بووە، داهاتەکەی لە ماوەی ساڵەکەدا بریتی بووە لە (78 ملیۆن و 169 هەزار و 467) دۆلار. ئەوەی لەماوەی ساڵەکەدا بۆ هەرێم ماوەتەوە لەم کێڵگەیە بریتی بووە لە (19,907,200) بەرمیل نەوت، کۆی داهاتی ئەو نەوتەش دەکاتە (706 ملیۆن  و  866هەزار و 915) دۆلار بەرێژەی (69.5٪). خشتەی ژمارە (1) 2.    سەرسەنگ ( شاماران و ئێچ کەی ئێن ) بلۆکی سەرسەنگ دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، ڕوبەرەکەی (420) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. دەکەوێتە بەشی باکوری بلۆکی ئەتروش و شێخانەوە.  پێک دێت لە دوو کێڵگەی بەرهەم هێنانی جیاواز سوارا تیکا و سوارا تیکا ڕۆژهەڵات، هەر کێڵگەیەک سێ حەشارگەی نەوتی سەربەخۆی ترایاسیک لەخۆدەگرێت. کێڵگەی سوارا تیکا لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١١ دۆزرایەوە، سوارا تیکای ڕۆژهەڵات لە مانگی نیسانی ٢٠١٥ دا دۆزرایەوە. لە کێڵگەی سەرسەنگ هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێنی HKN  ئەمەریکی  خاوەنی 62٪ی پشکەکانە و کۆمپانیای شامارانی کەنەدی 18٪ ی پشکەکان (کۆمپانیای شامارانی کەنەدی لە کانوونی دووەمی 2021ەوە پشکاکانی  تۆتاڵی فەرەنسی کریوەتەوە، بەمەش شاماران لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ خاوەن پشکە). بەرهەم و داهاتی ساڵی 2024 لەماوەی ئەمساڵەدا بڕی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکە بریتی بووە لە (12,163,600) بەرمیل، کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکەش بریتی بووە لە (486,691,556) دۆلار ، لەم بڕەش (4,731,695 (  بەرمیلی پشکی ئێچ کەی ئێن HKN بووە بەداهاتی (189,325,487) و پشکی کۆمپانیای شامارانیش بڕی (1,373,718) بەرمیل بووە بە داهاتی (54,965,459) دۆلار ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (6,058,187) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (242,400,611) دۆلار. بەڕێژەی (49.8%). لەسەرەتای پەرەپێدانی کێڵگەکەوە لە ساڵی ٢٠١٣ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ کۆی نەوتی بەرهەمهاتوو  لە کێڵگەی سەرسەنگ نزیکەی (78.3) ملیۆن بەرمیل بووە.   خشتەی ژمارە (2) 3.    کێڵگەی ئەتروش کێڵگەی ئەترووش کەوتووەتە ٨٥ کم باکوری ڕۆژئاوای شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە. رووبەری کێڵگەکە بریتیە لە ٢٦٩ کم چوارگۆشە. گرێبەستی بلۆکی ئەتروش لە ساڵی ٢٠٠٧ دا کراوە. کۆمپانیای شاماران لە ساڵی 2010 ەوە لە کێڵگەی ئەتروش وەبەرهێنان دەکات، کێڵگەی ئەتروش لە ساڵی ٢٠١١ دا نەوتی تێدا  دۆزرایەوە، لە کێڵگەکەدا  کۆی ٢٠ بیر لێدراوە بە هەموو جۆرەکانییەوە، بەڵام ١١ دانەیان  بیری بەرهەمهێنانی نەوتی تێدایە و دوو یەکەی چارەسەریش لەکێڵگەکەدا هەیە.  لەکێڵگەی نەوتی ئەتروش 23.63%ی کۆی ئەو یەدەگەی کە دەتوانرێت دەربهێنرێت بەکارهاتووە، کێڵگەکە لە ساڵی 2020 دا گەشتووەتە لوتکەی بەرهەمهێنانی کە (47,000) بەرملی رۆژانە بووە. بەرهەم و داهاتی ساڵی 2024 لەماوەی ساڵی ٢٠٢٤ دا کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (9,169,040) بەرمیل نەوت و داهاتی نەوتی فرۆشراویش لە کێڵگەکە بریتی بووە لە (301,191,253) دۆلار. لەم بڕەش (1,557,372) بەرمیلی پشکی کۆمپانیای شاماران بووە بە داهاتی ( 51,237,522) دۆلار و پشکی ئێچ کەی ئێن HKN  و تاقەی ئیماراتی (تائەوکاتەی لە کێڵگەکە دەرچوو) بڕی   (1,440,947) بەرمیل بووە بە داهاتی (47,185,055) دۆلار ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (6,170,721) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (202,768,677) دۆلار. بەڕێژەی (67%). خشتەی ژمارە (3) 4.    کێڵگەی شێخان   کێڵگەی شێخان دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، ٦٠ کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای هەولێر. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە پشکی ٨٠% کێڵگەکەی هەیە و کۆمپانیای MOL هەنگاری ٢٠% پشکەکانی هەیە. یەکەمجار لەمانگی ئابی ٢٠٠٩دا نەوت لەم کێڵگەیەدا  دۆزرایەوە، لەساڵی ٢٠١٣ وە بەرهەمهێنان دەستی پێکردووە. تا ٣١/١٢/٢٠٢٣زیاتر لە (128 ملیۆن) بەرمیل نەوت لەم کێڵگەیە بەرهەم هاتووە وە لە ٣١/١٢/٢٠٢٤ دا کۆی نەوتی بەرهەم هاتووی کێڵگەکە بریتی بووە لە (143 ملیۆن) بەرمیل.    بەرهەم و داهاتی ساڵی ٢٠٢٤ لەماوەی ساڵی ٢٠٢٤ دا  تێکڕای بەرهەمی کێلگەکە بریتی بووە لە (40,688) بەرمیل بەمەش کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (14,891,780) بەرمیل نەوت و بەتێکڕا نرخی بەرمیلێک نزیکەی (27.134) دۆلار بووە، داهاتی نەوتی فرۆشراویش لە کێڵگەکە بریتی بووە لە (404,073,918) دۆلار. لەم بڕەش (5,358,260) بەرمیلی پشکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن بووە بەداهاتی (145,391,524) دۆلار، پشکی کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ MOL بڕی (1,071,652) بەرمیل بووە بە داهاتی(29,078,305)  دۆلار ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (8,461,868) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (229,604,088) دۆلار. بەڕێژەی (57%). خشتەی ژمارە (4) 5.    کێڵگەی خورمەڵە قوبەی خورمەڵە لە بەشی باکووری کێڵگەی کەرکوکە و بە دووری ٣٥ کم لە باشووری ڕۆژئاوای شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە هەڵکەوتووە. لە ساڵی 2007ەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای کار (KAR Group)ەوە بەڕێوەدەبرێت، کە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری نەوتی کوردستانە. دوای فراوانکردنی کێڵگەکە لە ساڵی 2018 توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکە گەشتە  200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. کێڵگەی نەوت خورمەڵە 35.45%ی کۆی ئەو یەدەگەی کە دەتوانرێت دەربهێنرێت بەکارهێناوە. پێشبینیش دەکرێت بەرهەمهێنان لە ساڵی 2026دا بگاتە لوتکە، بە پشتبەستن بە گریمانە ئابوورییەکان، بەرهەمهێنان بەردەوام دەبێت تا ئەو کێڵگەیە دەگاتە سنووری ئابووری لە ساڵی 2065 پاشان بەرهەم هێنان سوودی ئابووری نابێت. کێڵگەی قوبەی خورمەڵە بەشێکە لە کێڵگەگەلی کەرکوك- ئاڤانا. یەدەگی نەوتی حەوزەکە بەیەکەوە بری ٨ ملیار و ٩١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت مەزەندە دەکرێت بە پێی داتاکانی کۆمپانیی بریتیش پەترۆلیۆم. کێڵگەی خورمەڵە نزیکەی 100-95 بیری تێدایە کە بەردەوام نزیکەی 50 بۆ 55 بیریان کاردەکەن بۆ بەرهەم هێنانی 120 بۆ 130 هەزار بەرمیلی رۆژانە. ئاستی بەرهەم و داهات لە ٢٠٢٤دا  لەماوەی ساڵی ٢٠٢٤ دا کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە  42,080,000بەرمیل نەوت و داهاتی نەوتی فرۆشراویش لە کێڵگەکە بریتی بووە لە (1,388,640,000) دۆلار. لەم  کێڵگەیەدا تەنها یەک کۆمپانیا هەیەکە کار گروپە، بۆیە پشکەکان لە نێوان کار  و حکومەکدا دابەش دەکرێت. لەم بڕە نەوتەی بەرهەم هاتووە (6,312,000) بەرمیلی پشکی کۆمپانیای کار گروپ بووە بەداهاتی (208,296,000) دۆلار ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (35,768,000) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (1,180,344,000) دۆلار. بەڕێژەی 85%. پشکی کار گروپ دەکرێت  لەنێوان ٣ ٪بۆ ٥٪ کەمتر بێت لە وەی دیاریمان کردووە،  لەبەرئەوەی  گرێبەست یان راپۆرتی دارایی کۆمپانیای کار گروپمان لەبەردەست نییە هەروەها بەهای بەرمیلێک نەوتی کێڵگەکەمان تێکڕا بە  ٣٣ دۆلار داناوە بە گریمانەیی، کە ئەمەش بەتێکڕا ٣ دۆلار کەمترە لە بەهای کێڵگەی تاوکی کە کوالیتی نەوتەکەی قورسترە ). خشتەی ژمارە (5) 6.    ناوچەی گرێبەستی هەولێر  ناوچەی گرێبەستی هەولێر دەکەوێتە 30 کیلۆمەتری ڕۆژئاوای هەولێرەوە، چوار ناوچەی دۆزراوی نەوتی تێدایە کە بریتین لە: دەمیر داغ، زێی گەورە، بەنان، عەین ئەلسەفرە. ئاستی بەرهەم لەساڵی ٢٠٢٤ دا بە رێژەی  ٧٠٪ی ئاستی پێش وەستانی هەناردە بووە کە (12,800) بەرمیل بووە. لەساڵی 2024 دا بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی  هەولێر لە سێ کێڵگەی بەنان، دەمیرتدغ و زێی گەورەوە لە نێوان 40 بۆ 48 تەنکەردابووە و ماوەیەکی کەمیش 50 تەنکەربووە ڕۆژانە.  هەرتەنکەرەو نزیکەی 205 بەرمیل نەوت باردەکات. لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2025 دا بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی هەولێر بریتی بووە لە 46 تەنکەری رۆژانە کە دەکاتە 430.9 بەرمیلی رۆژانە. ئاستی بەرهەم و داهات لە ٢٠٢٤دا لەماوەی ساڵی 2024 دا کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بریتی بووە لە (3,266,400) بەرمیل نەوت و داهاتی نەوتی فرۆشراویش لە کێڵگەکە بریتی بووە لە (98,811,000) دۆلار. لەم  کێڵگەیەدا تەنها یەک کۆمپانیا هەیەکە کۆمپانیای زێگ ئۆیلە Zeg Oil  and Gas ( فۆرزا  پێشوو)، بۆیە پشکەکان لە نێوان زێگ ئۆیل و حکومەکدا دابەش دەکرێت . لەم بڕە نەوتەی بەرهەم هاتووە (968,887) بەرمیلی پشکی کۆمپانیای زێگ ئۆیل بووە بەداهاتی (29,309,558) دۆلار ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (2,297,513) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (69,501,442) دۆلار. بەڕێژەی ((70.3% خشتەی ژمارە (6) 7.    ناوچەی گرێبەستی گەرمیان (سەرقەڵا) ناوچەی  گرێبەستی گەرمیان دەکەوێتە ناحیەی سەرقەڵا، لە قەزای کفری لە  ناوچەی ئیدارەی سەربەخۆی  گەرمیان. بلۆکەکە ١٣١ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە.کێڵگەی نەوتی گەرمیان بە سەرقەڵا ناسراوە. لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن کۆمپانیای وێستەرنزاگرۆسەوە دۆزرایەوە، بیرەکان توانای  بەرهەمهێنانی نەوتی زۆری هەیە.  جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە  سووکە و شیرینە (هیدرۆجین و گۆگردی نییە). پێش وەستانی هەناردە نەوتی خاوی کێڵگەکە بە بارهەڵگر دەگوازرایەوە بۆ خورمەڵە بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە. لە ئێستادا بەرهەمی کێڵگەکە بە تانکەر دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی دووکان و بەرهەمی کێڵگەکە لە لایەن کۆمپانیای قەیوانەوە دەکڕدرێت.  ئەو غازە سروشتییە کە لەگەڵ نەوتەوە دێت، جیا دەکرێتەوە و  دەگوازرێتەوە بۆ ویستگەیەکی بەرهەم هێنانی کارەبای ١٦٠ میگا واتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای لێ بەرهەم دێت. کۆمپانیای گازپرۆم روسی  و وێستەرن زاگرۆسی کەنەدی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و هەریەکە خاەنی 40٪ ی پشکەکانن و حکومەتی هەرێمیش 20%ی پشکەکان . ئەم کێڵگەیە ئێستا ئاستی بەرهەمی لە (33 هەزار) بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ (12 هەزار) بەرمیل لە چارەکی یەکەم و پاشان لە چارەکی سێ و چواردا لە نێوان (10,200 بۆ 9,200) دابەزیوە.  بیرە نەوتییەکانی گەرمیان  لە ئێستادا ژمارەیان پێنج بیری نەوتە . بەهەمان شێوەی کۆمپانیای کار ئەو کۆمپانیایانەی لێرە کاردەکەن شایستە داراییەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ساڵی چەند جارێک زانیاری لەسەر چالاکی و ئاستی بەرهەمیان ڕادەگەیاند، ماوەیەکە ئەو زانیاریانەش بوونی نەماوە.    ئاستی بەرهەم و داهات لە ٢٠٢٤دا لە ساڵی ٢٠٢٤ دا رۆژانە لە نێوان 40 تا 42 تەنکەر نەوتی کێڵگەکەی  گواستووەتەوە بۆ پاڵاوگەی  دووکان بۆ پاڵاوتن ، نەوتی ئەم کێڵگەیەوە لە لایەن کۆمپانیای قەیوانەوە لە کێڵگەکەدەکڕدرێت و  پاشان بەتەنکەر دەبرێت بۆ پاڵاوگەکە. لەماوەی ئەم ساڵەدا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (9,194) بەرمیل نەوت بووە.  بۆیە کۆی نەوتی بەرهەم هاتووی کێڵگەکە لە ساڵی 2024 دا بریتی بووە لە (3,365,080) بەمیل نەوت. کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو لە کێڵگەکە بریتی بووە لە  (131,238,120) دۆلار. لەم بڕەش (1,346,032) بەرمیلی پشکی کۆمپانیای گاز پرۆم و وێستێرن زاگرۆس بووە. بەداهاتی (52,495,248) دۆلار. ئەوەشی کە ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم (2,019,048) بەرمیل بووە کە کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ حکومەت بریتی دەبێت لە (78,742,872) دۆلار. بەڕێژەی 60%. خشتەی ژمارە (7) 8.    کێڵگەی کوردەمیر بلۆکی کوردمیر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، لە دامێنی بەرزاییەکانی ڕۆژئاوای زنجیرە چیای زاگرۆس. بلۆکەکە 245 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە. وێستەرنزاگرۆس لە ساڵی 2009 بیری دۆزینەوەی کوردمیری لێداوە، کاپێکی گەورەی گازی سروشتی دۆزیوەتەوە. لە ساڵانی دواتردا  کۆمپانیاکە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین بوونی  نەوتێکی بەرچاو لە ژێر گازەکەدا پشتڕاستکردەوە. شیکاری سەربەخۆی یەدەگەکان دەریدەخەن کە کێڵگەی کوردمیر کێڵگەیەکی زۆر گەورەی نەوت و گازی سروشتی و کۆندێنسێت بێت. کێڵگەی کوردەمیر  کێڵگەیەکی گەورەیە بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی وێستێرن زاگرۆس  دەتوانرێت بڕی 1.8ترلیۆن پێ سێجا گازی لێ بەرهەم بێت و بڕی 420 ملیۆن بەرمیل نەوتیش. وێستەرن زاگرۆس کێڵگەی کوردمیر بەڕێوەدەبات، بە ڕێژەی 80٪ی کارکردن. حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی پشکەکانی ترە، هیچ زانیارییەکی فەرمی لە بەردەست نییە سەبارەت بە بەرەوپێشچوون وئاستی کارەکان لەکێڵگەکە. 9.    کێڵگەی  ئاکرێ- بجیل کێڵگەی بجیل دەکەوێتە نزیک هەریر و لە ساڵی  2010نەوتی لێ دۆزراوەتەوە کۆمپانیای رۆسنەفت لە ساڵی 2017 دا گرێبەستی هاوبەشی کردنی لەبەرهەم لەگەڵ هەرێم کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکە و پشکی ٨٠٪ی کێڵگەکەی هەیە. کێڵگەکە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2023 دا ئاستی بەرهەمی بریتی بووە لە 6,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە . کۆمپانیا رووسییەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاستی بەرهەم و خەرجی و داهاتی کێڵگەکە و کۆمپانیاکە بڵاونەکردووەتەوە. کێڵگەکە ٢ بیری وەبەرهێنی تێدایە و لە دوای راوەستانی هەناردە بەرهەمی ئەم کێڵگەیەش وەکو هەندێ کێڵگەی تر وەستاوە و تائێستاش نەکەوتووەتە بەرهەم هێنان. بەرهەمهێنان لە ئاکری-بیجیل بڕیارە لە ساڵی 2025 بەرهەمهێنان لە پرۆژەی پەرەپێدانی نەوتی ئاسایی ئاکری- بیجیل دەستپێبکات و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2028دا بگاتە لوتکە، بە پشتبەستن بە گریمانە ئابوورییەکان، بەرهەمهێنان بەردەوام دەبێت تاوەکو کێڵگەکە دەگاتە ئەو ئاستەی چیتر بەرهەمێنان ئابووریی نابێت لە ساڵی 2061 دا. 10.    کێڵگەی ئێسفنی یان عەین سیفنی ئەم کێڵگەیە کەوتووەتە نزیک شارۆچکەی شێخان لە پارێزگای دهۆک، کۆمپانیای هەنت ئۆیل وەبەرهێنانی تێدا دەکات پشکی 80٪ی کێڵگەکەکی هەیە  ئەم کێڵگەیە لەساڵی 2011دا نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە. جۆری نەوتەکەی قورسە وAPI 21  . ولە کۆتایی کانوونی دووەمی 2023 دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە 6,500 بەرمیلی رۆژانە بووە.  زانیاری ئەوتۆ بەردەست نییە  کە لەگەڵ وەستانی هەناردەدا ئایا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە وەستاوە یان نا، وەگەر وەستابوو ئایا ئێستا لە بەرهەمدایە یان نا؟ 11.    کێڵگەی چیا سورخ ئەم کێڵگەیە ده‌كه‌وێته‌ سنوری ناحیه‌ی قۆره‌تو، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ناحیه‌یه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای خانه‌قینه‌، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی له‌ راپه‌ڕینی ساڵی 1991 دا به‌شێكی زۆری ئازادكراوه‌، ئیداره‌دانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ و راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه‌.  لەم بلۆکە نەوتیە دا 9 بیری کۆن هەیە، كه‌ له‌ ساڵی 1902تا 1954 له‌لایه‌ن (ئه‌نگلۆ-پێرژه‌ن) كه‌ كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی به‌ریتانی-ئێرانیه‌ كاری تێداكراوه‌، له‌ كۆتای ساڵی 2009 كۆمپانیای (GGFZ)ی چینی كاری به‌دواداگه‌رانی بۆكرد(سایزمیك)، به‌سه‌رپه‌رشتی كۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئینێرجی(توركی-به‌ریتانی) له‌ كۆتایی ساڵی 2012، بیری ژماره‌(10، 11، 12) تێدا لێدراوە. بەرهەمی رۆژانەی ئەم بلۆکە نەوتیە بەپێی زانیارییەکان  لە کۆتایی 2022 دا‌ (2 هه‌زار) به‌رمیلی رۆژانه‌ بووە و کۆمپانیای پیت ئۆیل پشکی 80٪ی پشکەکانی هەیە و  چاوەڕێ دەکرا تا ناوەڕاستی ئەمساڵ بەرهەمی ببێت بە دوو هێندە.  بەپێی زانیارییەکان  لە ئێستادا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بەتەواوەتی وەستاوە. 12.    کێڵگەی تەق تەق ناوچەی مۆڵەتپێدانی تەق تەق دەکەوێتە 60 کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کێڵگەی نەوتی کەرکوک و شاری کەرکوک و 85 کم لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر و 120 کم لە باکووری ڕۆژئاوای سلێمانی. کۆی ڕووبەری مۆڵەتی تەق تەق نزیکەی 951 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. •    تەق تەق یەکێک  بوو لە گەورەترین کێڵگەکانی نەوتی هەرێم  و باشترین جۆری نەوت چیتر توانای بەرهەمی نییە. لە ئێستادا کۆمپانیای گێنێل ئینێرجی بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگەی  تەق تەق ( PSC) ڕادەستی حکومەتی هەرێم کردووەتەوە و کێڵگەکەی جێهێشتووە. کێڵگەی تەق تەق لە ساڵی 2008 دەستی بە بەرهەمهێنانی کردووە، تا وەستانی هەناردە لە 25ی ئازاری 2023دا کێڵگەی تەق تەق زیاتر لە (225 ملیۆن) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. سەرچاوە؛ یادگار سدیق گەڵاڵی، بەرهەم و داهاتی کێڵگە نەوتییەکان لە ساڵی 2024دا... ئاستی بەرهەم پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەرهەم و داهات... پشکی حکومەتی هەرێم لە بەرهەم و داهات، رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، کانونی دووەمی 2025.  


لە 11 ساڵی رابردوودا هێندەی ساڵی 2024 پارە لە بەغدادەوە نەهاتووە لە 11 ساڵی رابردوودا هێندەی ساڵی 2024 پارە لەبەردەست حكومەتدا نەبووە درەو: لە (11) ساڵی رابردوودا هێندەی ساڵی 2024 پارە لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە كە (10 ترلیۆن و 26 ملیار) دینار بووە، لە (11) ساڵی رابردوودا هێندەی ساڵی 2024 داهات و پارە لە بەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نەبووە كە (16 ترلیۆن و 966 ملیار) دینار بووە بە پارەی بەغداد و داهاتی نەوت و ناوخۆ، بەبێ داهاتی نەوتیش (14 ترلیۆن و613 ملیار) دینار داهاتی ساڵی 2024ی عێراق بووە،  داهاتی هەرێمی كوردستان بە درێژایی (11) ساڵی رابردوو (2014 – 2024) هیچ ساڵێك هێندەی ساڵی 2024 پارە لەبەغدادەوە نەهاتووە، هیچ ساڵێكیش وەك ساڵی 2024 داهات و پارە لەبەردەستی حكومەتی هەرێم نەبووە، (بۆ هەمو ژمارەو داتاكانی ناو ئەم راپۆرتە پشت بە سەرچاوەكانی وەزارەتی دارایی هەرێم بەشتراوە): یەكەم/ پارەی هاتوو لە بەغدادەوە بەپێی راەیەندراوی رەسمی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024دا بڕی (10 ترلیۆن و 753 ملیار و 879 ملیۆن) دینار بۆ موچەی موچەخۆران نێدراوە بەڵام (726 ملیارو 995 ملیۆن) دیناری خانەنشینی و باجی موچەی لێبڕدراوە كە دەكاتە (10 ترلیۆن و 26 ملیارو 883 ملیۆن ) دینار بە سافی لە بەغدادەوە گەیشتووەتە دەست وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كە بۆ موچە تەرخانكراوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ماوەی (10) ساڵی رابردوودا لە (2014 – 2024) هێندەی ساڵی 2024 پارە لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە: ساڵی 2014: 2 ترلیۆن و 280 ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە ساڵی 2015: 2 ترلیۆن و 476 ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە ساڵی 2016: هیچ بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە نەنێردراوە ساڵی 2017: هیچ بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە نەنێردراوە ساڵی 2018: 3 ترلیۆن و 175  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە ساڵی 2019: 5 ترلیۆن و 439  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە ساڵی 2020: 1 ترلیۆن و 359  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە ساڵی 2021: 1 ترلیۆن و 200  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە ساڵی 2022: هیچ بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە نەنێردراوە ساڵی 2023: 4 ترلیۆن و 298  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە ساڵی 2024: 10 ترلیۆن و 26  ملیار دینار پارە لە بەغدادەوە نێردراوە واتا بە كۆی ئەو (11) ساڵە لە (2014 – 2023) بڕی ( 29 ترلیۆن و 53 ملیار) دینار لە بەغدادەوە هاتووە لەو بڕە ( 10 ترلیۆن و 26 ملیار) دیناری تەنیا لە 2024 دا بۆ هەرێم هاتووە -     لە 2014 – 2023  بڕی (19 ترلیۆن و 27 ملیار) دینار لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، -    تەنیا لە 2024 دا بڕی (10 ترلیۆن و 26 ملیار دینار ) بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە دووەم:  داهاتەكانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 دا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024دا بە چوار رێگە داهاتی هاتووەتە بەردەست، (بۆ ژمارەكان پشت بە ئامارە رەسمییەكان بەستراوە) حكومەتی هەرێم بە چەندین رێگای جیاواز داهاتی كۆكردووەتەوەو هاتووەتە بەردەستی: یەكەم: پارەی بەغداد بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم كۆی ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە گەیشتووەتە هەرێم بۆ موچە: (10 ترلیۆن و 26 ملیار ) دینار بووە. بەڵام بەپێی راپۆرتی بڵاوكراوەی وەزارەتی دارایی عێراق (10 ترلیۆن و 901 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە. دووەم: داهاتی ناوخۆ بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم كۆی داهاتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 2024 دا بریتی بووە لە (4 ترلیۆن و 347 ملیار) دینار بە (كاش و چەك و مقاسە)ەوە واتا مانگانە (362 ملیار) دینار بەڵام لەو ژمارەیە (652) ملیار دیناری چەك و مەقاسە بووە سێیەم: پارەی هاوکاری هاوپەیمانان مانگانە هاوپەیمانان بڕی (20 ملیار) دینار دەدەنە هەرێمی كوردستان پێشتر دەدرایە موچەی لیوا هاوبەشەكان ئێستا وەك مینحە پێیان دەدرێت، كۆی ئەو پارەیەی هاوپەیمانان خەرجیان كردووە (240 ملیار) دینارە. چوارەم: داهاتی نەوت لە 25ی ئازاری 2023ەوە نەوتی هەرێمێكی كوردستان بە بۆری راگیراوە، لە ئێستادا كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم نەوت بەرهەمدەهێنن و دەیفرۆشن بە پاڵاوگەكان و بەشێكیشی بۆ دەرەوە، بەپێی چاوپێكەوتنەكەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەگەڵ رۆژنامەنووسان وتی (بەرمیلێک نەوت بە تێكڕا بە (31.3) دۆلار دەفرۆشرێت (55%)ی داهاتەكەی بۆ حكومەتەو (45%)ی داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكانە) لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكان خەرجی گواستنەوە نادەن راستەوخۆ دەیفرۆشن. ئێستا رۆژانە بە تێكڕا لەسەرجەم كێڵگەكانەوە (310 – 320 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، بە پێی لێكدانەوەكانی (درەو) لە ساڵی 2024دا بڕی (111 ملیۆن و 600 هەزار) بەرمیل نەوت فرۆشراوە، بەرمیلی بە (31.3) دۆلار، كۆی داهاتەكەی دەكاتە (3 ملیارو 493 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (4 ترلیۆن و 610 ملیار) دینار (ئەگەر 1 دۆلار بەرامبەر هەزار و 320 دینار بێت)، لەو پارەیە (55%)ی بۆ حكومەت بووە (ملیارێك و 921 ملیۆن) دۆلار واتا (2 ترلیۆن و 535 ملیار) دینار، رێژەی (45%)ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكان بووە بە بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 74 ملیار) دینار. كۆی داهاتەكانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2024)دا -    پارەی بەغداد: 10 ترلیۆن و 26 ملیار دینار -    داهاتی ناوخۆ: 4 ترلیۆن و 347 ملیار دینار -    پارەی هاوپەیمانان: 240 ملیار دینار -    داهاتی نەوت بۆ حكومەت: 2 ترلیۆن و 353 ملیار دینار كۆی گشتی داهاتی هەرێم لە 2024 دا دەکاتە  16 ترلیۆن و 966 ملیار دینار خۆ ئەگەر بەتەواوی داهاتی نەوتیشی لێدەربكرێت واتا بەبێ داهاتی نەوت كۆی داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان (14 ترلیۆن و 613 ملیار) دینار كۆی ئەو پارەیەی بۆ موچەی (11) مانگ لە 2024دا خەرجكراوە دەكاتە: (10 ترلیۆن و 26 ملیار) پارەی بەغداد لەگەڵ (960) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ كە دەكاتە (10 ترلیۆن و 986 ملیار) دینار، لەكاتێكدا كۆی داهاتەكانی هاتووەتە بەردەستی حكومەتی هەرێم ( 16 ترلیۆن و 966 ملیار) دینار بووە. واتا 16،966،000،000،000 – 10،986،000،000،000 = 5 ترلیۆن و 980 ملیار دینار  زیاتر لە پارەی خەرجكراوی موچە بووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی (11) مانگی دابەشكردووە.   خەرجی موچە چەند زیادیكردووە: -    ساڵی 2014 :بڕی (850) ملیار دینار -    ساڵی 2019 : بڕی (892) ملیار دینار -    ساڵی 2020 : بڕی (895) ملیار دینار -    ساڵی 2022: بڕی (913 )ملیار دینار -    ساڵی 2023: بڕی (930) ملیار دینار -    ساڵی 2024: بڕی (1 ترلیۆن) دینار   واتا لە ساڵی 2014 تا 2024 خەرجی موچە لە (850) ملیار دینارەوە بۆ (1 ترلیۆن) دینار زیادی كردووە بڕی زیادكردنەكە (150) ملیار دینارە واتا بەرێژەی (15%) خەرجی موچە زیادی كردووە، سەرەڕای جێبەجێكردنی یاسای چاكسای و ساڵانەش (5 -6) هەزار كەس خانەنشین دەبن.   راپۆرتی پەیوەندیدار: پارە كەمە یان خراپ ئیدارە دەدرێت؟ دۆخی دارایی هەرێم لە سەردەمی "هەناردەکردنی نەوت"دا ژمارەی موچەخۆران و خەرجی موچە لە 2023 ڕونکردنەوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە رونكردنەوەی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر موچەی هەرێم وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە    


(پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنەکانیان لە هەندێک لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش(ی هەڵوەشاوە)) د. یوسف محەمەد سادق پوختە: -    لە دوای روخانی رژێمی پێشوی عێراق، پرسی هەڵوەشاندنەوەی سیاسەت و یاسا و بڕیارەکانی ئەو رژێمە لەبواری گۆڕینی دیموگرافی، یەکێک بوە لەو بابەتانەی کە لە ماوەی جیاوازدا کاری لەسەر کراوە، بەڵام دەرەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتۆتەوە. -    لەچوارچێوەی گرنگی دان بەم کێشە گەورەیە وەک پرسێکی نیشتیمانی و، بەتایبەت لە پرسی گەڕاندنەوەی موڵکایەتیی هەزاران دۆنم زەوی بۆ هاوڵاتییانی کوردی دانیشتوی ڕەسەنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، لەچوارچێوەی تیمێکدا زیاتر لە ١٨ مانگە ئەم دۆسییەیەمان بردۆتە دادگای باڵای فیدڕاڵی و کاری لەسەر ئەکەین. -    پاش ئەو هەنگاوە و تا رادەیەکی زۆریش لەژێر فشاری وروژاندنی ئەو دۆسیەیە لە دادگای فیدراڵی، پڕۆژە یاسایەک سەبارەت بەم بوارە لە حکومەتی ئیتیحادییەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا کە کۆمەڵێک (مین)ی لەخۆ گرت بو بۆ لەباربردنی گەڕاندنەوەی تەواوی موڵکەکان بۆ خاوەنەکەنیان. هەر بۆیەش هاوکاریی نوێنەرانی کوردی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانمان کرد بۆ ئەوی کێشەکانی پڕۆژە یاساکە چارەسەر بکرێن. -    پاش ململانیەکی زۆر و بە چەند دانیشتنێک دەنگ لەسەر پڕۆژەکە دراو و بو بە یاسا، بەڵام هێشتا دڵنیایی تەواو سەبارەت بە ناوەرۆکەکەی نییە. -    ئەگەر ئەم یاسایە لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا بە هەمو پێوەرێک مێژوییە و، ئەتوانین بڵێین کە بەشێکی برینی جینۆساید و ئەنفال سارێژ ئەکات، چونکە سەرەتای جینۆسایدی گەلی کورد لە (تەرحیل) و (تەعریب)ەوە دەستی پێکرد. لە هەمان کاتدا بەشێکی دادپەروەریی راگوزەر بەدی دێنێت و، دەرفەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچە جێناکۆکەکان زیاتر ئەکات. خۆ ئەگەر یاساکە بەو شێوەی لە حکومەتەوە هاتوە دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا ئەبێتە برینێکی قوڵی تری بەردەوامیی سیاسەتەکانی رژێمی پێشو و، چارەسەر نەکرنی کێشەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان. -    ئێستا ئیتر دوای پەسەند کردنی ئەم یاسایە، ئەرکی بەرپرسەکانی کوردە لە دەوڵەتی ئیتیحادی کە وەک یەک تیم رێوشوێنەکانی جێبەجێ کردنی یاساکە دەستنیشان بکەن و جێبەجێی بکەن، بەتایبەت کە وەزارەتی دادی عێراق لای کوردە. پێشینەی مێژویی: رژێمی پێشوی عێراق لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و  راگواستنی هاوڵاتییانی کوردی دانیشتوی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر و، تەعریبی ئەو ناوچانە، لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەکانی رابردوەوە دەستی کرد بە دەرکردنی چەندین یاسا لە شێوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە (ئە. س. ش) بۆ داگیرکردنی زەوی و زاری هاوڵاتییانی کورد و تورکمان و، دابەش کردنی بەسەر  عەرەبی هاوردە کە لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی عێراقەوە هێنرانە سنوری پارێزگای کەرکوک و سەرجەم شارە کوردنشینە جێناکۆکەکانی تر. دەستوری عێراقی بەرکار لە مادەی (٢٣) دا موڵکی تایبەتی بە پارێزراو (مصون) ناساندوە و رێی لە داگیرکردنی گرتوە تەنها بۆ بەرژەوەندیی گشتی نەبێ و لە بەرامبەر قەرەبوی دادپەروەرانە و بەپێی یاسا. هەروەها لێسەندنەی موڵکایەتی بە ئامانجی گۆڕینی دیموگرافیی قەدەغە کردوە. دەوڵەتی عێراق لە مادەی (٥٨)ی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت و، لە مادەی (١٤٠)ی دەستور دا، دانی بەوەدا ناوە کە پێویستە دامەزراوە و دەسەڵاتەکانی عێراق کار بکەن بۆ هەڵگرتنی ئەو ستەمەی رژێمی پێشوی عێراق بۆ گۆڕینی دیموگرافی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر پەیڕەوی کردوە. بەڵام حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دوای روخانی رژێمی پێشو، خۆیان دزیوەتەوە لە جێبەجێ کردنی ئەو بەرپرسیارێتییەی دەستور لەم بوارەدا بۆی دیاری کردون. هەڵبەت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و، ئەوانەی پۆست و بەرپرسیارێتییان هەبوە لە ماوەی رابردو لە بەغدا، ئەوانیش کەمتەرخەم بون لە فشارکردنی کاریگەر بۆ جێبەجێ کردنی ئەو مادە دەستورییانە. هەنگاوی یاسایی و دادوەری: وەک یەکەم هەنگاوی یاسایی بۆ چارەسەری ئەم ستەمە مێژوییە، حکومەتی ئیتیحادی لە ساڵی ٢٠١٤ دا پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (ئە. س. ش)ی پەسەند کرد و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ تەشریع کردنی. ئەم پڕۆژەیە لە خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران تا خوێندنەوەی دوەم رۆشت، بەڵام دواتر تەشریع کردنی وەستا (بڕوانە دەقی پڕۆژەکە لە هاوپێچی ژمارە ١). ئەو پڕۆژە یاسایە پڕۆژەیەکی گشتگیر و رون و زۆر باش بو و، ئەگەر پڕۆسەی تەشریع کردنی تەواو ببوایە، ئەوا تا رادەیەکی زۆر کێشەکانی چارەسەر ئەکرد. بەڵام وا دیارە بە هۆی ململانێ سیاسیی و ئیتنییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران نەبو بە یاسا. هەر بۆیەش لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ەوە دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە لەم دۆسییەیە و، دواجاریش لە کارێکی پێکەوەیی نیشتیمانی و بەدور لە هەر لایەندارییەکی حیزبی، لەگەڵ پەرلەمانتاری کوردی کەرکوک خاتو دیلان غەفور و پارێزەری راوێژکار م. زەردەشت خالد محەمەد و چەند کەسایەتییەکی ناوچەکانی داقوق و سەرگەڕان، بەتایبەت بەڕێزان شێخ نەجات تاڵەبانی، شێخ عیزەدین غازی، محەمەد حەمەدئەمین سادق، مامۆستا غەفور و دەشتی خزر جەمیل، لە ڕۆژی (١٩- ٦- ٢٠٢٣) دو داوامان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بەم دۆسیەیە تۆمار کرد و، لەو کاتەوە بە رەچاو کردنی هەستیاریی ئەم دۆسییە گەورەیە، بە هێمنی و دور لە هەڵای راگەیاندن و سۆشیال میدیا و زۆر بە وردی، لە میانی سیانزە دانیشتنی دادبینی لە دۆسییەکەدا، پێکەوە بە گیانی یەک تیم، سوپاس بۆ خوا بەسەر هەمو ئاڵنگارییەکان دا سەرکەوتو بوین (چیرۆکی ئەم دو داوایە هەڵدەگرین بۆ دەرفەتێکی تر). هەر لە کاتی بەڕێوەچونی دانیشتنی دادبینیی ئەو دو داوایەی ئێمە، حکومەتی ئیتیحادی پڕۆژە یاسایەکی ناردە ئەنجومەنی نوێنەران بە ناوی (پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنەکانیان لە هەندێک لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش(ی هەڵوەشاوە))  کە جیاواز بو لە پڕۆژە یاساکەی ساڵی ٢٠١٤. ئەنجومەنی نوێنەران لە (٢٧- ٤- ٢٠٢٤) خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ئەم پڕۆژەیە کرد و، لە (٩- ٥- ٢٠٢٤)یش خوێندنەوەی دوەمی بۆ کرد . سەرباری ئەوەی بەردەوامیی دانیشتنەکانی دادبینی لە دۆسیەی داواکانی ئێمە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی فشارێکی جدیی دروست کرد بو بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە بە پێچەوانەی چارەنوسی پڕۆژە یاساکەی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەو پڕۆژە یاسایەی کە ئەم جارە ئاڕاستەی پەرلەمان کرا بو، کۆمەڵێک کێشە و کەمورتیی جەوهەریی تێدا بو کە وەک (مین) لە پڕۆژەکەدا چێنرا بون و لە حاڵەتی پەسەند کردنی بەو شێوەیە، لە ناوەڕۆکەکەی خاڵی دەبوە و، گەڕاندنەوەی زەوییەکانی بۆ خاوەنەکانیان زۆر ئەستەم ئەکرد. بۆ نمونە لەم پڕۆژە یاسایەدا بڕیارەکانی (ئە. س. ش) هەڵنەدەوەشێنرانەوە و، هەر کەسێک بیویستایە زەوییەکەی وەربگرێتەوە دەبو بیسەلمێنێت کە هەڵاوێردەکانی مادەی (٢)ی پڕۆژەکە بەسەریدا ناچەسپێت. بەم شێوەیەش بۆ هەمو موڵکێک پێویست بو مامەڵەی یاسایی و دادوەری بکرێت، چونکە بنچینەی داگیر کردنی موڵکەکان کە بڕیارەکانی (ئە. س. ش) بو، هەڵنەدەوەشێنرانەوە. پەسەند کردنی ئەو پڕۆژەیە و بەو شێوەیە رێک دەبوە هاوشێوەی بەندی یازدەیەم لە مادەی (٧)ی یاسای دەستەی داواکانی موڵکایەتی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠١٠ کە گەڕاندنەوەی هەر موڵکێکی بەستۆتەوە بە داوا نەکردنی لە لایەن ئەو وەزارەتەی کە بە ناوییەوە کراوە و، بەو شێوەیەش ئەو بەندە ناوەڕۆکی یاساکەی پوچەڵ کردۆتەوە، چونکە هەمو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان گشتاندنیان کردوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانیان کە دەستبەرداری هیچ موڵکێک نەبن جا ئەگەر پێویستیان بێ یان نا! هەر بۆیەش لە دوای دەرچونی ئەو یاسایەوە ئیتر هێندەی بەدواداچونم کردبێت هیچ موڵکێک لە ناوچە جێناکۆکەکان لەڕێی ئەو دەستەیەوە بۆ خاوەنەکەی نەگەڕاوەتەوە. پاش راوێژ لەگەڵ شارەزایان، وەک دامەزراوەی (MASS) لە ١١- ٥- ٢٠٢٤  پەڕاوێکمان ئاڕاستەی هەر دو جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و گشت فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بۆ چارەسەری ئەو کەموکورتی و (مین)انەی لە پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنەکانیان لە هەندێک لە بڕیارەکانی (ئە. س. ش) هەبون و، زیاد کردنی ئەو بڕیارانەی لەبیر کرا بون بەتایبەت لە ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی (بڕوانە دەقی پەڕاوەکە لە هاوپێچی ٣). خۆشبەختانە و بە سوپاسەوە سەرۆکی لیژنەی یاسایی و ئەندامانی کورد لە لیژنەی یاسایی و سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵێکی گەورەیان دا بۆ چارەسەری کەموکورتییەکانی پڕۆژە یاساکە و چێکردنەوەی زۆربەی پێشنیارەکانی ئێمە و کەسانی تریش لە راپۆرتی کۆتایی لیژنەی یاسایی (بڕوانە هاوپێچی ژمارە ٤). هەڵبەت هەندێک لە وەزیرەکان و بەشێک لە کوتلە عەرەبییەکان زۆر هەوڵیان دا کە پڕۆژە یاساکە بگەڕێننەوە سەر پڕۆژە حکومییەکە، بەڵام پێداگریی لیژنەی یاسایی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کورد بە گشتی رێگر بو لەبەردەم ئەمە تا ئاستی دروست بونی شەڕ لەناو ئەنجومەنی نوێنەران. دواتر دەنگدان لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە بەسترایەوە بە دەنگدان لەسەر (پڕۆژە یاسای پشوە فەرمییەکان) و (پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی). پاش تێپەڕاندنی یاسای پشوە فەرمییەکان ئەو دو پڕۆژەیەی تر بەسترانەوە بە دەنگدان لەسەر (پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسی)، دواجاریش بە چەند دانیشتنێک دەنگ لەسەر بڕگەکانی هەر سێ پڕۆژە یاساکە درا و پەسەند کران. هێشتا زانیاریی پشتڕاست کراوە نییە لەوەی کە داخۆ لە کاتی دەنگدان لەسەر مادەکانی پڕۆژە یاساکە، پێشنیارەکانی لیژنەی یاسایی خراوەتە دەنگدانەوە یان دەقە حکومییەکە، چونکە تا ئێستا دەقی یاساکە بەو شێوەیەی کە دەنگی لەسەردراوە بڵاو نەبوەتەوە. هەروەها چەند جارێک دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە دواخرا و بە چەند دانیشتنێک دەنگدان لەسەر مادەکان و کۆی پڕۆژە یاساکە ئەنجام درا. تەنانەت لە یەکێک لە دانیشتنەکان (دانیشتنی ٢٩- ١٠- ٢٠٢٤) تەنها دەنگ لەسەر گۆڕینی ناونیشانی یاساکە درا و دوای ئەوە دانیشتنەکە تێکدرا و دواخرا، دواتر لە دانیشتنی ٢- ١٢- ٢٠٢٤ دەنگ لەسەر مادەکانی پڕۆژە یاساکە درا و، لە دانیشتنی ٢١- ١- ٢٠٢٥ دەنگدان لەسەر هۆکارەکانی دەرچواندن و کۆی پڕۆژە یاساکە بە یەک پاکێج لەگەڵ هەر دو پڕۆژە یاسا کێشەدارەکەی تر ئەنجام درا . ئەوەی وای کرد کە چارەنوسی ئەم یاسایە هاوشێوەی پڕۆژە یاساکەی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران نەبێ، دو فاکتەری سەرەکی بون کە یەکەمیان ئەو دو داوایە بو لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە دو بڕیاری (ئە. س. ش) کە قۆناغی باشی بڕیوە و بەرەو کۆتایی ئەڕوات، ئەوەش فشارێکی زۆری دروست کرد کە هەر لە بنچینەوە پڕۆژە یاساکە بنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. هەرچەندە ئەویسترا لەڕێی ئەو (مین)انەی کە لە پڕۆژە یاسا حکومییەکەدا هەیە لە لایەکەوە دۆسییەکەی ئێمە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی پەک بخرێ، لە لایەکی تریشەوە داگیر کردنی زەوییەکان و بڕیارەکانی (ئە. س. ش) بەردەوام بێت! تەنانەت لە بری پشتگیری و هاوکاری کردن،  هەوڵی ساردکردنەوەی هەندێکیشمان ئەدرا لە درێژەدان بە دۆسییەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی! فاکتەری دوەم بەستنەوەی پڕۆژە یاساکە بو بە دو پڕۆژە یاسای تر کە لە لایەن دو پێکهاتە سەرکییەکەی تری عێراقەوە گرنگن. هەرچەندە یاسای هەمواری یاسای باری کەسی کە داواکاریی لایەنی شیعە بو، یاسایەکی خراپ و دواکەوتوە و، پشێوییەکی گەورە بۆ دادگاکان و سەقامگیریی خێزان دروست ئەکات، بەڵام پرسی خاک بۆ ئێمە زۆر گرنگترە و، بۆ چارەسەری ئەو یاسا خراپەی باری کەسی ئەکرێ پەنا ببرێت بۆ تۆمار کردنی داوای دەستوری لە دادگای باڵای فیدراڵی و، لە هەمان کاتیش دا پێویستە لە پەرلەمانی کوردستان، یاسایەکی باری کەسیی تایبەت بە هەرێم تەشریع بکرێت کە بە شێوەیەکی سەردەمییانە سەقامگیریی خێزان و مافەکانی سەرجەم ئەندامانی خێزان دەستەبەر بکات. دەرنجام: هیوادارین کە لە کاتی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر مادەکانی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (ئە. س. ش) پێشنیارەکانی لیژنەی یاسایی پەسەند کرابن، بەتایبەت کە لە دەنگدان لەسەر کۆی پڕۆژە یاساکە بە (یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئە. س. ش) خوێندرایەوە. هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە بەو شێوەیە، بە هەمو پێوەرێک مێژوییە و، ئەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و لەم رێیەشەوە بەشێکی دادپەروەریی راگوزەر بەدی دێت کە ئەمە دەرفەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچە جێناکۆکەکان زیاتر ئەکات. لە هەمان کاتیشدا سەرەتای کۆتایی هێنانە بە سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و جینۆسایدی گەلی کورد کە پەنجا ساڵە درێژەی هەیە و بەچارەسەر نەکراوی هێڵراوەتەوە. ئەگەر ئەم یاسایە بەو شێوەیەی کە پێویستە دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا ئەتوانین بڵێین کە بەشێکی برینی جینۆساید و ئەنفال سارێژ ئەکات، چونکە نابێ بیرمان بچێت کە سەرەتای جینۆسایدی گەلی کورد لە (تەرحیل) و (تەعریب)ەوە دەستی پێکرد. خۆ ئەگەر یاساکە بەو شێوەی لە حکومەتەوە هاتوە دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا ئەبێتە برینێکی قوڵی تری بەردەوامیی سیاسەتەکانی رژێمی پێشو و، چارەسەر نەکرنی کێشەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان. ئێستا ئیتر دوای پەسەند کردنی ئەم یاسایە، ئەرکی بەرپرسەکانی کوردە لە دەوڵەتی ئیتیحادی کە بەدوای بەزوویی جێبەجێ کردنی یاساکەوە بن. بڕوانن چۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەر رۆژێک دوای پەسەند کردنی یاسای لێبوردنی گشتی و تەنانەت پێش بەرکار بونی چوە لای سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بۆ باس کردنی رێوشوێنەکانی جەبەجێ کردنی ئەو یاسایە . هەر بۆیەش ئەرکی بەرپرسانی کوردە لە بەغدا کە کەمتەرخەمی نەکەن و، وەک یەک تیم رێوشوێنەکانی جێبەجێ کردنی یاساکە دەستنیشان بکەن و جێبەجێی بکەن، بەتایبەت کە وەزارەتی دادی عێراق لای کوردە. هەڵبەت هێشتا ململانێ دادوەرییەکەش هەر بەردەوام ئەبێ، بەتایبەت کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەیانەوێت تانە لە دانیشتنی (٢١- ١- ٢٠٢٥)ی ئەنجومەنی نوێنەران بدەن . بۆ بینینی هاوپێچەكانی ئەم بابەتە، كلیك لەسەر (PDF) بكە پەراوێزەکان: [1] . بڕوانە دەقی پڕۆژەکە لە سایتی ئەنجومەنی نوێنەران لەم لینکە: https://iq.parliament.iq/law/frm_file/aWQ6MjI4MXxmaWxlbmFtZTpvX2hfYmFja18yMDI0LnBkZg== یان بڕوانە هاوپێچی ژمارە (٢)   [2] . بڕوانە دەقی گفتوگۆی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پڕۆژە یاساکە لەم لینکە: https://youtu.be/rqyhi78p56U?si=uUJ8nHA99ku3bX_j   [3] . بڕوانە کۆی دانیشتنی ٢١- ١- ٢٠٢٥ی ئەنجومەنی نوێنەران، کە شەش خولەکی خایاندوە، لەم لینکە: https://www.youtube.com/watch?v=fx-zRyKxQUY   [4] . بڕوانە لینکی هەواڵەکە: https://iq.parliament.iq/blog/رئيس-مجلس-النواب-يبحث-مع-رئيس-مجلس-القض/   [5] . بڕوانە: https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=pfbid0CEifRg4VJDv8GooKrApidjbhAb4b4o7KvKwmsCdaaK6saU8QU5574n7WbwordrpWl&id=100086751675647&mibextid=wwXIfr


راپۆرتی: درەو 🔹 ئەو داهاتەی بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەی موچەخۆرانەوە لە (9) ساڵی ڕابردوودا بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛ (5 ترلیۆن و 996 ملیار و 368 ملیۆن و 800 هەزار) دینار. 🔹 کۆی شایستەی ڕاگیراوی پلە بەرزکردنەوەی تەنها (1) موچەخۆر بە تێکڕا (8 ملیۆن و 400 هەزار) دینارە. 🔹 ئەو فەرمانبەرانەی مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و پێش وەرگرتنی پلەکەیان خانەنشین بوون بە درێژایی ژیان باجی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە دەدەن کە ژمارەیان بە نزیکەی (50 - 60 هەزار) خانەنشین دەخەمڵێندرێت، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئەمساڵ هەرسێ موالیدەکانی (1962، 1963 و 1964) خانەنشین دەکرێن و دەکەونە ژێر هەمان ئەو کاریگەرییانەی کە لە ڕاگرتنی بەرزە موچە دەکەونەوە. یەکەم؛ سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) چییە؟ لە یاسای موچەی فەرمانبەرانی میری و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 هەموارکراو بە ڕوونی باس لە هەردوو بابەتی سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) کراوە، بەجۆرێک لە؛ (مادەى سێیەم) بڕگەی یەکەم: پلەکانی فەرمانبەران و سەرمووچەى ساڵانەیان و ماوەی پلە بەرز کردنەوەیان بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەى مووچەکان و سەرمووچەی ساڵانە هاتووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))  سەرمووچەى ساڵانە لە (مادەى پێنجەم)ی یاساکەدا هاتووە: سەرمووچەى ساڵانە دەدرێت بە فەرمانبەر لە کاتی تەواو کردنی (1) ساڵ لە خزمەتی وەزیفی بە رەچاو کردنی مادە (9)ى ئەم یاسایە. هەروەها لە (مادەى نۆیەم)دا هاتووە؛ یەکەم: ئەگەر نەتوانرا فەرمانبەر پلەى بەرز بکرێتەوە بۆ پلەى دواتر یان پێدانی سەرمووچەى ساڵانەى بۆ گەیشتن بە بەرزترین رادەى مووچەى پلەکەى، دەکرێت بەردەوام سەرمووچەى ساڵانەى پێ بدرێت لە پلەى دواتری پلەکەى خۆی. دووەم: فەرمانبەری پایە (11)ی پلە یەکی وەزیفی سەرمووچەى بەردەوام دەبێت کە تێپەڕ نەبێت لە نزمترین رادەى پلە باڵاکان (ب) پلە بەرز کردنەوەى فەرمانبەر لە (مادەى شەشەم)ی یاساکەدا هاتووە؛ یەکەم: پلە بەرز کردنەوە بریتییە لە گواستنەوەى فەرمانبەر لەو وەزیفەیەی کە تێیدایە بۆ وەزیفەیەک کە راستەوخۆ دەکەوێتە پلەیەکی بەرزتر دوای پلەى پێشتری لە پلەبەندنی وەزیفی. سەبارەت بە مەرجەکانی پلە بەرز کردنەوەى فەرمانبەر هەر لە (مادەى شەشەم) و بڕگەی  (دووەم) هاتووە: هەبوونی ئەم مەرجانەى کە لە خوارەوە هاتوون لە کاتی پلە بەرز کردنەوە: ا. هەبووونی پلەى بەتاڵ یان وەزیفەى بەتاڵ لە پلەیەکی بەرزتر لەو پلەیەى کە تێیدایە لەنێو (ضمن) میلاکی وەزیفی فەرمانگەکەى. ب. تەواوکردنی ماوەى بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە خشتەى ژمارە (١). ج. دەبێت فەرمانبەر مەرجەکان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆى کاندید دەکرێت بۆ پلە بەرز کردنەوە. د. سەلماندنی تواناکانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی کە  نیاز وایە پلەکەى بۆی بەرز بکرێتەوە بە راسپاردەى سەرۆکی راستەوخۆ و پەسند کردنی سەرۆکی باڵا. لە بەشێکی تری یاساکە تایبەت بە (پێکهێنانی لیژنەى پلە بەرز کردنەوە) لە (مادەى حەوتەم)دا هاتووە؛ یەکەم: بە فەرمانی وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان کەسی راسپێردراو لیژنەیەکى پسپۆر پێک دەهێندرێت بە سەرۆکایەتی فەرمانبەرێک کە پلە وەزیفیەکەى لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوارتر نەبێت و دوو ئەندام کە پلەى وەزیفییان لە بەڕێوەبەر کەمتر نەبێت بۆ  بینینی داواکارییەکانی پلە بەرز کردنەوە لە ماوەى 60 رۆژ لە رێکەوتی وەرگرتنی داواکارییەکە و کاندید کردنی فەرمانبەر بۆ پلە بەرز کردنەوە پاش دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکانی بڕیاردراو بۆ پلە بەرز کردنەوە کە هاتووە لە بڕگە دووەم لە مادە 6ى ئەم یاسایە. دووەم: فەرمانی پلە بەرز کردنەوە دەردەچێت لە لایەن وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت و پلە بەرز کردنەوەکەشى جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی شایستە بوونی، ئەگەر خودی فەرمانبەر رۆڵی نەبووبێت لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوەکەى. مادەى هەشتەم یەکەم: ئەگەر مووچەى فەرمانبەری پلە بەرز کراو هاوتا بوو لەگەڵ یەکێک لە پایەکانی پلەى بەرزکراوەکە، ئەوا مووچەى پایەتی دواتری پێ دەدرێت کە لەگەڵ مووچەکەى هاوتا بێت. دووەم: ئەگەر مووچەى فەرمانبەری پلە بەرز کراو کەوتە نێوان دوو پایە (مەرتەبە) لەو پلەیەى کە بۆی بەرز کراوەتەوە، ئەوا مووچەى پایەی بەرزتری پێ دەدرێت. خشتەی ژمارە (1) موچەی بنەڕەتی پلەکانی وەزیفی سیستمی موچە بە هەزار دینار   دووەم؛ شایستە داراییەکانی (بەرزە موچە)ی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم فەرمانبەران و موچەخۆران جگە لە شایستەی دارایی موچەی (پاشەکەوت، لێبڕین و چارەکە موچە)، شایستەی دارایی (بەرزە موچە)شیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لێرەدا تیشک دەخینە سەر شایستەی (بەرزە موچە)ی فەرمانبەران و قەبارەی دارایی ئەو شایستەیە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوندەکەینەوە.   1.    ڕاگرتنی بەرزە موچەو کاریگەرییەکانی لەسەر فەرمانبەران مامۆستایان بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ژمارە (56) لە 31/12/2015 ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، كە مافێكی یاساییە بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت، ڕاگیراوە. تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (9) ساڵ، هیچ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم نییە بۆ پێدانەوەی ئەو مافە بە فەرمانبەران ئەمە لە کاتێکدایە پلە بەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ نەوەستاوەو، پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لە ساڵێکەو دەستی پێکردووەتەوە کە لەم وەزارەتەش لە ساڵی 2017ەوە ڕاوەستابوو. کەواتە فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایانی هەرێم زەرەرمەندی یەكەمن، کە بە پێى داتاکانی بایۆمێتری ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایان (710 هەزار و 282) کەسە. جگە لەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە کێشەی زۆری کارگێڕی وەزیفی دروستکردووە، تەنانەت بە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا هەیه خانەنشین کراون، بەبێ ئەوەی پلەبەرزکردنەوەیان بکرێت، بەمەش ئەو فەرمانبەرانەی مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و پێش وەرگرتنی پلەکەیان خانەنشین بوون بە درێژایی ژیان باجی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە دەدەن کە ژمارەیان بە نزیکەی (50 - 60 هەزار) خانەنشین دەخەمڵێندرێت، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئەمساڵ هەرسێ موالیدەکانی (1962، 1963 و 1964) خانەنشین دەکرێن و دەکەونە ژێر هەمان ئەو کاریگەرییانەی کە لە ڕاگرتنی بەرزە موچە دەکەونەوە. سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکرنەوەی فەرمانبەرانەوە لەسەر حکومەت کەڵەکە بووەو دەبێت، هیچ زانیارییەکی ورد لەبەردەست نییەو حکومەتیش هیچ ڕونکردنەوەکی لەو بارەیەوە نەبووە لەبەر ئەوەی؛ 1.    فەرمانبەران و مامۆستایان دوو پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکە بووە،. بەتایبەت ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی پلە وەزیفییەکانیان لە نێوان (٦-١٠) دایەو (4) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بگەڕێرەوە بۆ خشتەی ژمارە (1)). 2.    زانیاری ورد نییە لەبارەی کۆی ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان (هەڵگری چی بڕوانامەیەکن، لە چ پلە و پلکانەیەکی وەزیفیدان، لە چ پۆستێکی ئیداریدان) چونکە دەرماڵەکان کاریگەری گەورە لەسەر ڕێژەی بەرزبوونەوەی موچەکانیان جێ دەهێڵێت. بەڵام بەشێوەیەکی گریمانەیی بەهای ئەو قەرزەی "بەرزە موچە" كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاتر‌و بۆ هەندێك تر كەمترە، لەحاڵی دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی بەرزەموچە بۆ فەرمانبەران کە ژمارەیان  (710 هەزار و 282) موچەخۆرە، کە بۆ هەر مانگێک دەکاتە (35 ملیار و 514 ملیۆن و 100 هەزار) دینار. بەمەش ئەگەر تەنها بۆ فەرمانبەرێک یەک پلە بەرزکردەنەوە و بۆ هەر پلە بەرزکرنەوەیەک (50 هەزار) دینار بخەمڵێنین _چونکە هەر پلە بەرزکردنەوەیەک فەرمانبەر (26 هەزار دینار بۆ 122 هەزار دینار) دەچێتە سەر موچەکەی_  بۆ (9) ساڵی ڕابردوو بەم جۆرەیە؛ •    710 هەزار و 282 موچەخۆری شارستانیX  50 هەزار دینار X 108 مانگ = (3 ترلیۆن و 835 ملیار و 522 ملیۆن و 800 هەزار) دینار. هەر فەرمانبەرێک لەماوەی تێپەڕبوونی (4-5) ساڵ بەسەر ڕاگرتنی پلەی بەرزکردنەوەکەی لە (31/12/2015)ەوە بۆ دووەم لە ساڵی (2020) جارێکی تر لە مافی پلە بەرزکردنەوە بێ بەشکراوە، بەپێی ئەم لێکدانەوەیەی خوارەوە دەبێت، ئەم بڕەش لە شایستەی دارایی موچەخۆران وەک بەرزە موچە دووەم کە لەسەر حکومەت کەڵەکە دەبێت ڕووندەکاتەوە. •    710 هەزار و 282 موچەخۆری شارستانی X  50 هەزار دینار X 60 مانگ = (2 ترلیۆن و 130 ملیار و 846 ملیۆن) دینار. بەم پێیەش کۆی ئەو شایستە داراییەی موچەخۆرانی شارستانی کە بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەوە بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛ •    (3 ترلیۆن و 835 ملیار و 522 ملیۆن و 800 هەزار) دینار + (2 ترلیۆن و 130 ملیار و 846 ملیۆن) دینار) دینار = (5 ترلیۆن و 996 ملیار و 368 ملیۆن و 800 هەزار) دینار 2.    قەبارەی ڕاگرتنی بەرزە موچەی "یەک" فەرمانبەر یان مامۆستا بەشێوەیەکی گریمانەیی بەهای ئەو قەبارەی "بەرزە موچە"ی فەرمانبەر و یان مامۆستایەک بەدیاریكراوی نازانرێت، ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاتر‌و بۆ هەندێك تر كەمترە، ئەوا؛ بۆ یەک پلە بەرزکردنەوە؛ •    50 هەزار دینار X 108 مانگ = (5 ملیۆن و 400 هەزار) دینار. بۆ پلە بەرزکردنەوەی دووەم؛ •    50 هەزار دینار X 60 مانگ = (3 ملیۆن) دینار. •    کۆی شایستەی ڕاگیراوی پلە بەرزکردنەوەی تەنها (1) موچەخۆر = (8 ملیۆن و 400 هەزار) دینار. خشتەی ژمارە (2) فەرمانی ڕاگرتنی بەرزە موچە  


راپۆرتی: هێمن خۆشناو: رووداوه‌كانی 7 تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2023 و 8 كانوونی یه‌كه‌می 2024 گۆڕانكاری قوڵی له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی و دابه‌شبوونی هه‌ژموون دروستكرد. هه‌روه‌ها كاریگه‌ریشی هه‌بوو له‌سه‌ر ره‌وت و رێبازی زلهێزه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ پرسه‌ گه‌رم و هه‌نوكه‌یه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئێران ناوچه‌ی هه‌ژموونی خۆی له‌ هه‌ریه‌ك له‌ (فه‌ڵه‌ستین، باشووری لوبنان و سوریا) له‌ده‌ستدا، هه‌روه‌ها جوگرافیای (سوری) به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و ناڕوون له‌ژێر ده‌ستی (روسیا) ده‌ركه‌وت. دوای روخانی رژێمی ئه‌سه‌د و ده‌ركه‌وتنی هه‌یئه‌ت ته‌حریر ئه‌لشام (هه‌ته‌شه‌) وه‌كو هێزی دیفاكتۆ له‌ دیمه‌شق، ئه‌م دوو هێزه‌ بۆشایه‌كی گه‌وره‌یان له‌ سوریا به‌جێهێشت،. پێدەچێت ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ فۆرمێکی نوێی له‌ پەیوەندییەکان دروست كردبێت، له‌یه‌ككاتدا ئیسرائیل و توركیا، ڕۆڵی گرنگ، هەمەچەشن و دژبەیەك ده‌گێڕن له‌ناوچه‌كه‌دا. وڵاتانی زلهێزیش له‌ناو ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ رۆڵی به‌رچاویان ده‌بێت، له‌ ململانێی نێوان ئیسرائیل و توركیاشدا به‌لای یه‌كه‌مینیاندا ده‌شكێنه‌وه‌. زۆربه‌ی پێشبینیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چوون كه‌ توركیا سوودمه‌ندی یه‌كه‌مینه‌ له‌ رووخانی (رژێمی ئه‌سه‌د) و گه‌یشتنی (هه‌ته‌شه‌) به‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌م پێشبینیانه‌ش به‌ بانگه‌شه‌كانی میدیای توركیا و به‌ سه‌ردانی به‌ په‌له‌ی هه‌ریه‌ك له‌ (ئیبراهیم كاڵن) راوێژكاری ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (MIT) و (هاكان فیدان) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بۆ دیمه‌شق به‌سترایه‌وه‌، له‌ پێناو به‌رفراوانكردنی هه‌ژموونی توركیا چه‌ندین پڕۆژه‌ی حه‌ماسی پێشنیار كرد، بۆ دروستكردنی چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازی زه‌مینی و ده‌ریایی له‌م وڵاته‌. نا لۆژیكی و نا واقیعیبوونی هه‌وڵ و پێشبینیه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ كاتێك ده‌ركه‌وت كه‌ سه‌ردانه‌ یه‌كه‌مه‌كانی شاندی (هه‌ته‌شه‌) بۆ پایته‌ختی وڵاتانی عه‌ره‌بی بوو، له‌ به‌رامبه‌ریشدا دره‌نگخستنی سه‌ردانیان بوو بۆ ئه‌نقه‌ره‌. ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ویستی دیمه‌شق نیشانده‌دات له‌مه‌ڕ زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌سه‌رووی هه‌موویاندا (عه‌ره‌بستانی سعودی) بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌هێزتر له‌ناو رووداوه‌كانی داهاتووی سوریادا جێگه‌ی خۆی بگرن و بۆشایه‌كانی ناو گۆڕه‌پانی سوریا پڕ بكه‌نه‌وه‌ و ده‌رفه‌ته‌كان له‌ به‌رده‌م توركیا به‌رته‌سك بكه‌نه‌وه‌. به‌ گوێره‌ی لۆژیكیش بێت، ده‌بێت (هه‌ته‌شه‌) خۆی به‌ قه‌رزاری ئیسرائیل بزانێت له‌ گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات، چونكه‌ هێرشه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئیسرائیل كه‌ (حزبولڵا و هه‌ژموونی ئێرانی) كرده‌ ئامانج له‌ناو سوریادا ئه‌م فاكته‌رانه‌ی له‌ناوبرد كه‌ ده‌بوونه‌ هۆی مانه‌وه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د. هه‌روه‌ها دووریشنیه‌ ئیسرائیل رۆڵی راسته‌وخۆشی هه‌بێت له‌ رێگای تۆڕه‌كانی هه‌واڵگریه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی روسیا واز له‌ به‌رگری كردن له‌ رژێمی ئه‌سه‌د و رێگرتن له‌ رووخانی بێنێت. دیسان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌م بۆشایه‌ پڕ بكاته‌وه‌ كه‌ دوای رووخانی ئه‌سه‌د دروستبووه‌، سوپای ئیسرائیل بێ دوودڵی له‌ به‌رزایه‌كانی جۆلان پێشڕه‌وی كرد به‌ره‌و به‌رزایه‌كانی (ئه‌لحه‌رمون)، له‌ ئێستاشدا ئه‌م سوپایه‌ به‌ درێژایی سنووری وڵاته‌‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سوریادا به‌ قوڵایی (60) كم هاتۆته‌ ناو خاكی ئه‌م وڵاته‌ كه‌ (ته‌لئه‌بیب) وه‌كو رێوشوێنی پاراستنی ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی له‌ قه‌ڵه‌می ده‌دات. سوپای ئیسرائیل به‌مه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو چه‌كه‌ ستراتیژیه‌كانی سوپای سوریای له‌باربرد نه‌وه‌كو بكه‌وێته‌ ده‌ست گرووپه‌ نزیكه‌كانی ئیداره‌ی نوێی سوریا. له‌ هه‌مان كاتدا، پێگه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی له‌ سوریا به‌هێز ده‌بێت. دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د، ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سوریا له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی (داعش) بۆ ئیداره‌دانی دۆسیه‌ی سوریا گۆڕاوه‌، رۆژ له‌دوای رۆژ ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ تێڕوانینه‌كانی ده‌سه‌پێنێت كه‌ دیمه‌شق ناتوانێ به‌هه‌ند وه‌رینه‌گرێت و حیسابی بۆ نه‌كات. چونكه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌وڵه‌كانی (هه‌ته‌شه‌) بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا سزاكان له‌سه‌ر سوریا هه‌ڵگرن و ناوی هه‌ریه‌ك له‌ (ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع/ ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانی) و هه‌ته‌شه‌ له‌ لیستی تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی ده‌ربێنن. له‌ خوێنده‌وه‌ی هاوكێشه‌ نوێیه‌كانی ناو سوریادا، خاوی ته‌مبه‌ڵی وڵاتانی عه‌ره‌بی و سوڕانه‌وه‌یان له‌ناو سنووری سیاسی دیاریكراوی خۆیاندا، هه‌وڵدانی دوور له‌ رێگه‌ی پاره‌ و راگه‌یاندن بۆ بوونه‌ خاوه‌ن سه‌نگ له‌ناو ئه‌م وڵاته‌، ناتوانێ ببێته‌ به‌ربه‌ستێكی به‌هێز بۆ راگرتنی توركیا، كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌خوازى له‌ رێگای لینكی تائیفی به‌ده‌ستی بێنێت. چونكه‌ به‌ درێژایی ساڵانی رابردوو توركیا پشتگیری ماددی و مه‌عنوی گرووپه‌ چه‌كداریه‌كانی سوریا بووه‌، به‌بیانووی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاته‌كه‌ی. له‌ ئێستاشدا توركیا به‌ رێگای (قه‌ته‌ڕ) هه‌وڵده‌دات خۆی به‌ خاوه‌ن مافی یه‌كه‌م له‌ سوریادا بسه‌پێنێت. به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هاتوو (هه‌ته‌شه‌) نه‌توانێ رۆڵی خۆی له‌ سوریادا بگێڕێت و دامه‌زراوه‌ حوكمداری رێكبخاته‌وه‌ و سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ بونیادنانه‌وه‌ به‌ده‌ستنه‌هێنێت. له‌ ئێستادا هه‌بوونی توركیا له‌سه‌ر جوگرافیای سوری و دروستبوونی هێزێكی ئیسلامی سوننی تۆكممه‌، ترس له‌ دڵی ئیسرائیل ده‌چێنێت، به‌ تایبه‌تی دوای رووخانی ئه‌سه‌د كه‌ پێشتر ده‌بووه‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی راسته‌وخۆ له‌ نێوان ئیسرائیل و توركیا له‌ ناوچه‌كه‌دا. له‌وانه‌شه‌ (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) سه‌ركۆماری توركیا به‌م دوایه‌ دركی به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كردبێت كه‌ دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د و ئێران نۆره‌ی ئه‌ویش دێت وه‌كو به‌شێك له‌ یاری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێدا. بۆ رێگرتن له‌م یاریه‌ش، ئه‌ردۆغان ویستی په‌نا بباته‌ به‌ر (به‌شار ئه‌سه‌د) په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵدا ئاسایی بكاته‌وه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ رووخانی به‌ په‌له‌ و له‌ناكاوی ئه‌سه‌د، ئیتر ئیسرائیل و توركیا بوونه‌ دراوسێ له‌ رێگای ناوچه‌كانی هه‌ژموونی ژێر ده‌ستی سوپای وڵاته‌كه‌یان، كه‌ ئه‌مه‌ش ئیسرائیلی ناچاركرد تا له‌ رێگای "كۆمیته‌ی ناغل/ كۆمیته‌ی پشكنین بودجه‌ی ئاسایش و دروستكردنی هێز" پێداچوونه‌وه‌ی ورد و گشتگیر بكات بۆ سروشتی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ل توركیادا بكات. كۆمیته‌ی ناوبراو له‌ راپۆرته‌كه‌یدا له‌ (7-1-2025) بۆ سه‌رۆك وه‌زیران (بنیامین ناتانیاهۆ) داوای ئاماده‌كاری له‌ حكوومه‌ت كردووه‌ بۆ ئه‌گه‌ری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ توركیادا.‌ راپۆرته‌كه‌ی ناغل ده‌رباره‌ی مه‌ترسیه‌كانی هاوپه‌یمانی سوری - توركی ده‌ڵێت:" له‌وانه‌یه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ مه‌ترسیه‌كی نوێ و گه‌وره‌ بێت له‌سه‌ر ئاسایشی ئیسرائیل. ئه‌م مه‌ترسیه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونی كات گه‌وره‌تر ده‌بێت له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێرانیش". راپۆرته‌كه‌ی كۆمیته‌ی (ناغل) ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌یه‌  به‌و تێڕوانینه‌ گشتیه‌ی كه‌ له‌دوای (7 تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2023) دروستبووه‌ ده‌رباره‌ی پڕۆسه‌ی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ) كه‌ پێیوایه‌ پرۆسه‌ی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ) به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئیسرائیل قۆناخێكی دیكه‌شی بڕیووه‌، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشتر به‌ره‌وپێش ده‌چێت و به‌ڕوونی سه‌ره‌داوه‌كانی ده‌ركه‌وتوون.   ئه‌گه‌رێكی زۆره‌ خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی تورك بۆ ئه‌م دۆخه‌، به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ده‌رباره‌ی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ) باخچه‌لی و ئه‌ردۆغانی پاڵ نابێت تا به‌ره‌و دوورگه‌ی (ئیمڕالی) بچن و رێبه‌ری په‌كه‌كه‌ (عه‌بدولڵا ئۆجالان) رازی بكه‌ن به‌ چه‌كدانانی (په‌كه‌كه‌). ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا به‌ زه‌قی دیاره‌ توركیا هه‌وڵی بازدان ده‌دات به‌سه‌ر كێشه‌ی كورد، كه‌ كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ناوخۆی ئه‌م وڵاته‌یه‌، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ پڕۆژه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووری نیه‌، ده‌خوازێت به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شه‌پێدان و ئابووری له‌ناوچه‌ كوردیه‌كان، خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ رازی بكات تا چاو له‌ راستی كێشه‌كه‌یان بگرن، كه‌ كێشه‌ی خاك و میلله‌ته‌، نه‌وه‌كو كێشه‌یه‌كی ئابووریانه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ (په‌كه‌كه‌) به‌ چه‌كدانان رازی بكات، له‌ كاتێكدا كه‌ خه‌ریكه‌ گرژیه‌كانی ئیسرائیل – توركیا له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چن. توركیا ده‌ترسێت نه‌وه‌كو په‌یوه‌ندی و هاوبه‌شی ستراتیژی له‌ نێوان كورد – ئیسرائیل دروست بێت، له‌ كاتی به‌فیڕۆدراودا هه‌وڵده‌دات ئه‌م بۆشایه‌ پڕ بكاته‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ دوا سه‌ردانی بۆ شاری ئامه‌د له‌ باكووری كوردستان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا ده‌ڵێت:" نه‌وه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبی هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ زایۆنیه‌كان ناكه‌ن". رێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ش‌ (عه‌بدولڵا ئۆجالان) له‌ به‌رگی پێنجه‌مینی په‌رتووكه‌كه‌ی مانیفێستۆی شارستانی دیموكراتیدا، له‌ ساڵی 2010 له‌ باره‌ی ئه‌گه‌ری په‌یوه‌ندی كورد و ئیسرائیل ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان، له‌ پێش هه‌موویاندا توركیا، به‌ره‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد هه‌نگاو نه‌نێن و چاره‌سه‌ری دیموكرایتانه‌ پێشكه‌ش نه‌كه‌ن، كورد خۆیان له‌ به‌ره‌ی ئیسرائیل – ئه‌مریكا ده‌بینه‌وه‌". ره‌وشێكی نوێ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ كه‌ ئاماژه‌كانی سه‌ره‌وه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌، ئه‌ویش هه‌وڵه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی ئیسرائیله‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ كورد. ئه‌مه‌ش به‌ راشكاوانه‌ ئاماژه‌كانی پێشبڕكێ بگره‌ ململانێی داهاتوو له‌ نێوان (ته‌لئه‌بیب) و (ئه‌نقه‌ره‌) ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ له‌وانه‌یه‌ كورد پارسه‌نگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بێت.  


درەو: بەپێی نوێترین توێژینەوەی گۆڤارێكی ئەمریكی، ژمارەیەك وڵاتی دەستنیشانكردووە بۆ ساڵی 2025 كە مەترسیدارن بۆ گەشتكردن لەناویاندا عێراق پلەی نۆیەمینی گرتووە، لەدوای سوریا، یەمەن، فەلەستینەوەیە، ژمارەیەك وڵاتیشی دەستنیشانكردووە كە سەلامەتترینن بۆ گەشتكردن لە 2025دا. گۆڤاری (CEOWORLD)ی ئەمریکی، کە تایبەتە بە ریزبەندی و پۆلێنكارییە جیهانییەكان لە بوارە جیاوازەكاندا، لە نوێنترین توێژینەوەو پۆلێنكاریدا لیستی مەترسیدارترین وڵاتانی جیهانی بڵاوكردووەتەو كە نابێت سەردانیان بكرێت و ئەو وڵاتانەش كە لە 2025دا سەلامەتن بۆ گەشتكردن: ئەو وڵاتانەی مەترسیدارن بۆ گەشتكردن لە 2025دا: 1-    سوماڵ 2-    باشوری سودان 3-    ئۆكراینا 4-    لیبیا 5-    سودان 6-    پاكستان 7-    ئەفغانستان 8-    میانمار 9-    عێراق 10-    لوبنان 11-    فەلەستین 12-    یەمەن 13-    سوریا 14-    بیلاروسیا 15-    كۆریای باكور بەپێی ریزبەندییەكە (سوماڵ) مەترسیدارترین وڵاتی جیهانە بۆ گەشتكردن لە 2025دا و (عێراق)یش نۆیەمین وڵاتی جیهانە بۆ گەشتكردن لە 2025دا، لەپێش (سوریا و لوبنان و فەلەستین و كۆریای باكور)ەوەیە، واتا لەو وڵاتانەش مەترسیدارترە بۆ گەشتكردن. لەبەرامبەردا ئەو وڵاتانەی كە سەلامەترینن بۆ گەشتكردن لە 2025دا: 1-    كەنەدا 2-    ئەمریكا 3-    بەریتانیا 4-    ئیسپانیا 5-    فەرەنسا 6-    مەغریب 7-    ڤێتنام   لینكی گۆڤاری (CEOWORLD)ی ئەمریکی


راپۆرتی: درەو   🔻 پشکی موچەی "فەرمانبەرانی هەرێم" لە یاسای بودجە زیاتر(9 ترلیۆن و 556 ملیار) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زیاتر(9 ترلیۆن و 556 ملیار) دینارمان ناردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ نزیکەی (9 ترلیۆن و 248 ملیار) دینارتان ناردووە. 🔻 پشکی موچەی "چاودێری کۆمەڵایەتی، خانەنشینان و زیندانیان"ی هەرێم لە یاسای بودجە زۆتر لە (2 ترلیۆن و 20 ملیار) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ (2 ترلیۆن و 5 ملیار) دینارمان ناردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ (ترلیۆنێک و 506 ملیار) دینارتان ناردووە. 🔻 پشکی هەرێم لە "پێداویستی خزمەتگوزاری" لە یاسای بودجە (2 ترلیۆن و 126 ملیار) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زۆرتر لە (251 ملیار و 699 ملیار) دینارمان خەرجکردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ هیچ پارەیەک خەرج نەکراوە. 🔻 پشکی هەرێم لە "پێداویستی شمەک" لە یاسای بودجە نزیکەی (539 ملیار و 206 ملیۆن) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زۆرتر لە (285 ملیار و 143 ملیۆن) دینارمان خەرجکردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ هیچ پارەیەک خەرج نەکراوە. 🔻 پشکی هەرێم بۆ نۆژەنکردنەوەی"صیانة الموجودات" لە یاسای بودجە (255 ملیار و 914 ملیۆن) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زۆرتر لە (130 ملیار و 825 ملیۆن) دینارمان خەرجکردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ هیچ پارەیەک خەرج نەکراوە. 🔻 پشکی هەرێم بۆ بەخشینەکان"المنح والاعانات والمصروفات" لە یاسای بودجە (431 ملیار و 690 ملیۆن) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زۆرتر لە (485 ملیار و 831 ملیۆن) دینارمان خەرجکردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ هیچ پارەیەک خەرج نەکراوە. 🔻 پشکی هەرێم بۆ "خەرجی سەرمایەگوزاری" لە یاسای بودجە (79 ملیار و 104 ملیۆن) دینارە. 🔹 وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ زۆرتر لە (86 ملیار و 648 ملیۆن) دینارمان خەرجکردووە. 🔹 وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت؛ هیچ پارەیەک خەرج نەکراوە. خشتە و چارت     پشکی هەرێم لە نێوان یاسای بودجە و داتاکانی هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق هەرێم ڕۆژی (14/1/2025) وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانێکی بە هاوپێچ کردنی کۆمەڵێک بەڵگەنامەوە بە زمانی عەرەبی و دواتریش بە زمانی بڵاوکردەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، کە لە ڕۆژی (12/1/2025) بەیانێکی تایبەت بە تەمویل کردنی حکومەتی هەرێمی بۆ ساڵی (2024) تایبەت بە خەرجی موچە و پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق ڕاگەیاندبوو، بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی داریی عێراق، بە بڕی (11 ترلیۆن و 561 ملیار و 522 ملیۆن) دیناری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە؛   •    تەرخاكراوی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ قەربوی موچەی فەرمانگە مەدەنی و هێزە ئەمنیەكان گەیشتووەتە (9 ترلیۆن و 556 ملیارو 348 ملیۆن) دینار. •    موچەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی (130 ملیارو 931 ملیۆن) دینار. •    موچەی خانەنشینی سەربازی (650 ملیارو 40 ملیۆن) دینار. •    موچەی خانەنشینی مەدەنی (776 ملیارو 657 ملیۆن) دینار. •    موچەی ئەنفالكراون (98 ملیارو 346 ملیۆن) دینار. •    موچەی سەربازی ئەنفالكراون (338 ملیارو 479 ملیۆن) دینار. •    مینحەی زیندانیان (10 ملیارو 721 ملیۆن) دینار. گرافیک     لە کاتێکدا بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی عێراق لە ساڵی (2024)دا تەنها بڕی (10 ترلیۆن و 753 ملیار و 879 ملیۆن و 319 هەزار و 963) دیناری ڕەوانەی هەرێم کردووە بە جۆرێک؛ •    بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم (9 ترلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن و 5 هەزار) دینار خەرج کراوە. •    بۆ موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشینان بڕی (ترلیۆنێک و 506 ملیار و 52 ملیۆن و 520 هەزار) دینار خەرج کراوە. •    بڕی (726 ملیار و 995 ملیۆن و 775 هەزار) دینار بۆ ڕاگرتنی خانەنشینی و باجی داهات لە پشکی هەرێم بڕاوە. •    پوختەی تەواوی پارەی هاتوو بۆ هەرێم بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 26 ملیار و 883 ملیۆن و 544 هەزار) دینار. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یاسای بودجە پشکی هەرێمی کوردستان (20 ترلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار) دینارە، وەک لە خشتەکەی وەزارەتی داریی هەرێمدا ڕوونکراوەتەوە. پشکی هەرێم لە یاسای بودجە     خشتەی وەزارەتی دارایی هەرێم   هەروەک لە خشتەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕوونکراوەتەوە، حکومەتی عێراق جگە لە خەرجی موچە، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ پێداویستی خزمەتگوزاری، پێداویستی شمەک، نۆژەنکردوە (صیانة الموجودات)، بەخشین و خەرجییەکانی دیکە، قەرز، سەمایەگوزاری و وەبەرهێنان خەرج نەکردووە. بەڵام بەگۆێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دارایی عێراق، لە (24ی کانونی یەکەمی 2024) تایبەت بە داهات و خەرجی وەزارەتەکە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2024 بڵاوکردووەتەوە، •    بڕی (251 ملیار و 699 ملیۆن و 449 هەزار) دیناری بۆ بواری خزمەتگوزاری خەرج کردووە. •    بڕی (285 ملیار و 143 ملیۆن و 528 هەزار) دیناری بۆ بواری شمەک خەرج کردووە. •    بڕی (130 ملیار و 825 ملیۆن و 557 هەزار) دیناری بۆ بواری نۆژەنکردنەوە خەرج کردووە. •    بڕی (485 ملیار و 831 ملیۆن و 378 هەزار) دیناری بۆ بەخشین و خەجییەکانی تر خەرج کردووە. •    بڕی (86 ملیار و 648 ملیۆن و 443 هەزار) دیناری بۆ تێچووی سەرمایەگوزاری خەرج کردووە. ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق سەرچاوەکان •    ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، 14/1/2025؛ https://www.facebook.com/share/p/1Bng1WfqGm/ •    ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عێراق، 12/1/2025؛ https://www.facebook.com/share/p/1Tt1CxsbeC/ •    درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=16237 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=16253 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=%2016245 https://www.facebook.com/share/p/1Tt1CxsbeC/ •    حساب الدولة لغاية تشرين الاول لسنة 2024 للموازنة الاتحادية؛ https://mof.gov.iq/Pages/MOFPublicReports.aspx    


راپۆرت: درەو "شامپانیای رەش" رۆژگارێك ناونیشانی ئەو نەوتە بوو كە لە كێڵگەی (تەقتەق) بەرهەم دەهێنرا، ئەم كێڵگەیە كە بە سەرەتای مێژووی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرێمی كوردستان و یەكەمین گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای بیانی تێدا كراوە، بەهۆی كەمتەرخەمیی حكومەت و هەڵپەی كۆكردنەوەی پارەی زیاترەوە، وشك بووە. وردەكاری چیرۆكی نەوتە كوالیتیی بەرزەكەی تەقتەق لەم راپۆرتەدا.     تەقتەق.. چیرۆكی یەكەم گرێبەستی نەوت بلۆكی نەوتی (ته‌قته‌ق) دەكەوێتە ناحیەی (تەقتەق)ی سەربە قەزای كۆیە لە پارێزگای هەولێر، لەڕووی ئیدارییەوە پارێزگای هەولێر لەژێر قەڵەمڕەویی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە، بەڵام ئەم بلۆكە نەوتییە دەكەوێتە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانەوە، بەگشتیی كێڵگەكە دەكەوێتە نێوان هەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و كەركوكەوە. رووبه‌ری ئەم بلۆكە (951) كیلۆمه‌تر دووجایەو (28) بیرە نەوت لەخۆدەگرێت‌، به‌گوێرەی راپۆرتی (سكۆتیا كاپیتاڵ)و (گه‌نه‌ڵ ئینه‌رجی) بڕی (1.5) ملیار به‌رمیل نه‌وت لەم كێڵگەدا هەیە. سەرەتای چیرۆكی ئەم كێڵگە نەوتییە بۆ پەنجاكانی سەدەی رابردوو دەگەرێتەوە، بۆ یەكەمجار ئینگلیزەكان نەوتیان تێدا دۆزیوەتەوە، لە سەردەمی حكومەتی بەعسدا پەرەی پێدراوەو سێ بیری تێدا هەڵكەندراوە.   لەدوای كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی بەعسی عێراق لە ناوچە كوردییەكان و دروستبوونی یەكەم كابینەی حكومەت لە كوردستان، تشرینی یەكەمی 1993 یەكەم كابینەی حكومەت بڕیاریدا لەسەر دامەزراندنی (كۆمیتەی باڵای پرۆژە تایبەتەكان)، كاری ئەم كۆمیتەیە هەوڵدان بوو بۆ دەرهێنانی نەوت لە ناوچەی (تەقتەق)و (شیواشۆك)، ئەم كۆمیتەیە لەلایەن ئەندازیاری نەوت (حەمەجەزا ساڵح)ەوە سەرپەرەشتی دەكرا، لیژنەكە لەسەردەمی دووەم سەرۆك وەزیرانی كابینەی یەكەمدا كە (كۆسرەت رەسوڵ) بوو لە رۆژی 26ی كانونی یەكەمی 1994دا نەوتی لە بیری (تەقتەق) لە گوندی (شیواشۆك) دەرهێناو گواستییەوە بۆ پاڵاوگەیەكی بچوك لە سلێمانی، كە لەو سەردەمەدا بە دەستی ناوخۆیی دروستكرابوو، سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت واتا كۆسرەت رەسوڵ خۆی خەڵكی ئەم ناوچەیە (شیواشۆك) بوو، بیرە نەوتەكانی ئامادەبوون، تەنیا لەسەردەمی بەعسدا سەریان نرابووەوەو حكومەتی كوردستان سەری بیرەكانی هەڵدایەوە، ئەمە بە سەرەتای قۆناغی پیشەسازی نەوت لە كوردستانی دوای بەعس ناودەبرێت، بەڵام شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەكێتیی هەوڵەكەی بە ناچڵی هێشتەوە. دوای راوەستانی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 1998و دابەشبوونی كوردستان بەسەر دوو حكومەت و ئیدارەی پارتی و یەكێتیدا، ئیدارەی یەكێتیی كە دەسەڵاتی بەسەر سنوری سلێمانیدا هەبوو، پێش پارتی كەوت و دەستی بۆ سامانی نەوت برد، حكومەتی یەكێتیی لە 17ی تەموزی 2002 واتا ساڵێك بەر لە روخانی رژێمی بەعس، یەكەم گرێبەستی بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی (تەقتەق) لەگەڵ كۆمپانیای (گەنەڵ ئینەرجی)ی توركیدا ئیمزا كرد، ناوەڕۆكی گرێبەستەكە بەو جۆرە بوو كە پرۆسەی دەرهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە بۆ ماوەی (25 ساڵ) بەردەوام بێت، ئەمە بە یەكەمین گرێبەستی نەوتی لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا ئەژمار دەكرێت، گرێبەستەكە لە جۆری (هاوبەشی لە بەرهەمهێنان)دا بوو، پاشان لە 2004دا بەشێك لە بڕگەكانی ئەم گرێبەستە هەمواركرایەوە، دواجار 80%ی پشكەكانی كێڵگەكە دراوه‌ بە‌ كۆمپانیای (تی تی ئۆپكۆ) كه‌ له‌ هه‌ردوو كۆمپانیای (ئا‌داكس)ی سویسری و (گه‌نێڵ ئەنێرجی) توركی پێكهاتووە، پشكی كۆمپانیای نەوتی كوردستانیش "كیپكۆ" 20%ه‌. لەم دابەشكارییەدا گەنێل ئەنێرجی توركیا (44%)ی پشكەكانی كێڵگەكەی بردووەو (ئاداكس پترلیۆم)ی سویسری (36%)ی پشكەكان. (فەرهاد حەمزە) كە ئەندازیارێكی كوردە لە كۆمپانیا نەوتی باكور دەڵێ:" كۆمپانیای گەنەڵ ئینەرجی پسپۆر نەبوو لە بواری دەرهێنانی نەوتدا، بۆیە تا ساڵی 2006 نەیانتوانی بیری تر لە تەقتەق لێبدات، تا ئەوكاتەی لەگەڵ دوو كۆمپانیای تری نەوتدا هاوبەشیی كرد". بەپێی قسەی ئەم ئەندازیارە كوردە، لە ساڵی 2005دا ئەوكاتەی كە (محەمەد بەحرعلوم) وەزیری نەوتی عێراق بووە، چەند ئەندازیارێكی لێهاتوو، ئەوانەی نرخی نەوتی (تەقتەق)یان دەزانی، داوایان لە وەزیری ناوبراو كردووە پاڵاوگەیەك لە نزیک کێڵگەکە دابمەزرێنرێت، بەجۆرێك دیزاین كرابێت كە بە نەوتی سوك كاربكات، رەزامەندی لەسەر دراوە بە تێچووی (700 ملیۆن) دۆلار لەماوەی سێ ساڵدا تەواو بكرێت، پاڵاوگەكە لەتوانایدا بووە رۆژانە (70 هەزار) بەرمیل نەوت بپاڵێوێت و هەموو بەروبومە نەوتییەكانیشی بەرهەم دەهێنا، بەڵام بە گۆڕانی وەزیرو هاتنی (حسێن شەهرستان) بۆ وەزارەتی نەوت، بڕیار دراوە حكومەتی هەرێم پاڵاوگەكە لەسەر 17%ی پشكی خۆی لە بودجەی گشتیی عێراق تەواو بكات، حكومەتی هەرێم ئامادە نەبوو هیچ پارەیەك خەرج بكات، "ئەگەر ئەو پاڵاوگەیە بنیات بنرایە ئێستا نە هەرێم وەها بێ بەنزین دەبوو، نە كێڵگەش وەها زوو پەكی دەكەوت!!". ساڵی 2006 بۆ یەكەمجار وەزارەتێك بۆ سامانە سروشتییەكان لەناو كابینەی حكومەتی هەرێمدا زیادكرا، لەم ساڵەدا بەرهەمی كێڵگەی (تەقتەق) بریتی بوو لە (5 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە)، لە ساڵی 2007 پەرلەمانی كوردستان یەكەم یاسای نەوت و غازی دەرچواند، یاساییەك كە رۆژی 15ی شوباتی 2022 لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە بە نادەستوریی هەژماركراو هەڵوەشێندرایەوە. 1ی حوزەیرانی 2009 بۆ یەكەمجار هەناردەكردنی نەوتی لە هەرێمی كوردستانەوە راگەیەندرا، وەك هەنگاوی یەكەمیش لە كێڵگەكانی (تەقتەق)و (تاوكی) بەتێكڕای (100 هەزار) بەرمیلی رۆژانە لەڕێگەی هێڵی كەركوك- جیهان‌و لە ڕێگەی تانكەرەوە هەناردەكرا، واتا (تەقتەق) لەو كێڵگانەیە كە لەسەرەتاوە بەشداربووە لە پرۆسەی هەناردەی نەوتی كوردستاندا. رۆژی 7ی ئابی 2012 بەرپرسانی كێڵگەی (تەقتەق) رایانگەیاند، رۆژانە (105 هەزار) بەرمیل بەرهەمدەهێنین، لەم رێژەیە (50 هەزار) بەرمیلی بە تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ (خورمەڵە)و بڕی (35هەزار) بەرمیلیشی رەوانەی پاڵاوگەی (بازیان) دەكرێت. 22ی ئایاری 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان هەناردەی نەوتی خاو لە كوردستانەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆو لەرێگەی بۆرییەوە راگەیاند، لەسەرەتای هەناردەی نەوتیشدا بە بۆری، كێڵگەی (تەقتەق) كە نەوتەكەی بە بۆریی گواستراوەتەوە بۆ نزیك كێڵگەی (خورمەڵە)، بە بڕی (148 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بەشداربوو لە هەناردەی نەوتی كوردستاندا، ئەو سەردەمە هێڵی یەكەمی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، ناوی لێنرا بوو "هێڵی تەقتەق- خورمەڵە- فیشخاپور". كوالیتی نەوتی ئەم كێڵگەیە لە جۆری (زۆر باش)ە، چونكە APIی نەوتەكەی دەگاتە (48)و زۆر سوكە، كبریت (گۆگرد)ی تێدا نییەو بەر لە هەناردەكردنی پێویستی بە چارەسەركردن نییە، لە هەندێك بیردا APIی نەوتەكە دەگاتە (51)، كە ئەمە ئیتر كوالیتییەكەی زۆر بەرزەو پێی دەوترێت " شامپانیای رەش". 16ی نیسانی 2014 وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بانگەشەیەكی کۆمپانیای (بلاک دایەمۆند)ی رەتكردەوە لەبارەی ئەوەی گوایا رێکكەوتنێکی ئیمزا کردووە بۆ کرینی نەوتی خاو لە کێڵگەی (تەقتەق)و دابینکردنی بۆ پاڵاوگەیەکی "نوێ" کە لەلایەن گروپێکی کەرتی تایبەتی کوردی بە ناوی کۆمپانیای (رێژوان) بەڕێوە دەبرێت. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وتی:" هیچ یەکێک لە کۆمپانیای بلاک دایەمۆند، کە بارەگاکەی لە فلیپینە، و کۆمپانیای رێژوان کە شەریکی ئەو کۆمپانیا هاوبەشەیە بە فەرمی تۆمار نەکراون لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەت زانیاری نیە لەسەر هیچ یەکێک لەو کۆمپانیایانە. کۆمپانیای گەنەل ئێنەرجی، کە کۆمپانیای کارکەری کێڵگەی تەقتەقە، بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راگەیاندووە کە ئەوانیش هیچ زانیارییەک، یان مامەڵەیەکیان، لەگەڵ بلاک دایەمۆندو رێژواندا نیە. هەروەها، هیچ پاڵاوگەیەکی "نوێی" لەم شێوەیە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە مۆڵەتی پێنەدراوە و رێگەی پێنادرێت کار بکات. دووپاتی دەکەینەوە بلاک دایەمۆند هیچ بنەڕەتێکی نیە بۆ بڵاوکردنەوەی بانگەشەی ساختەو سەرلێشێوێنەر سەبارەت بە کڕینی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستاندا. هەموو هەنگاوە پێویستەکان دەنێین بۆ رێگەگرتن لە دابینکردنی نەوتی خاو بۆ بلاک دایەمۆند یان رێژوان". بەرهەمی كێڵگەی تەقتەق لە  2014وە بۆ 2024 •    2014: 148 هەزار بەرمیلی رۆژانە •    2015: 145 هەزار بەرمیل •    2016: 60 هەزار بەرمیل •    2017: 18 هەزار بەرمیل •    2018: 12 هەزار بەرمیل •    2019: 12 هەزار بەرمیل •    2020: 10 هەزار بەرمیل •    2021: 8 هەزار بەرمیل •    2022: 5 هەزارو 940 بەرمیل •    2023: 3 هەزارو 960 بەرمیل •    2024: سفر لە 2024وە بەرهەمهێنان لە (تەقتەق) راوەستاوە، لەلایەك بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بە بۆریی لە 25ی ئازاری 2023وە، لەلایەكی تر بەهۆی ئەوەی هیچ پەرەپێدانێك لەم كێڵگەیەدا نەكراوەو ئاو تێكەڵ بووە لەگەڵ نەوتەكەیدا، چەندجارێك یەكێتیی نیشتمانی لە میدیای خۆیەوە دۆخی ئەم كێڵگەی وەكو ئاماژەیەك بۆ (نادادپەروەریی لە بواری پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان) باسكردووەو پارتی تۆمەتباركردووە بەوەی جیاوازی دەكات لەنێوان نەوتی ژێر دەسەڵاتی خۆی و نەوت لە سنوری یەكێتیدا. ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی تەقتەق لەماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2024 دەریدەخات لەماوەی (10 ساڵ)دا بەرهەمهێنان لەم كێڵگەیە لە (148 هەزار) بەرمیلی رۆژانەوە دابەزیوە بۆ (سفر) بەرمیل، ئەمەش لەكاتێكدایە لەسەرەتای دەستپێكردنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی راستەوخۆ بۆ توركیا ئەم كێڵگەیە لەڕووی بەرهەمەوە سێیەم گەورە كێڵگەی كوردستان بووە. چەند هۆكارێك باسدەكرێن كە لە پشت وشكبوونی ئەم كێڵگە گرنگەی نەوتی كوردستانەوەن لەوانە (زیادبوونی ئاو لە بیرە نەوتەكاندا، مامەڵەی خراپ لەگەڵ بیرەكان و تێكچوونی چینەكانی بیرە نەوتەكە، دروستكردنی بیری نوێ بەبێ ئەوەی بیرە كۆنەكان نۆژەنبكرێنەوە، فشاركردن بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر لە بیرەكاندا لە هەندێك قۆناغدا). ئەوەی جێگەی سەرەنجە، ئەوە تەنیا بیرە نەوتەكان نین كە وشكیان كردووە بەهۆی ئەوەی كاری پەرەپێدان لە كێڵگەكەدا نەكراوە، یەدەگی كێڵگەكەش زیانی بەركەوتووە، سەرەتا بڕی یەدەگی نەوت لەم كێڵگەیە بە (1.5 ملیار) بەرمیل دەخەمڵێندرا، بەڵام ساڵی 2016 ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاویكردەوە، کۆمپانیای نەوتی (گەنێل ئینەرجی)  ناچار بووە، خەمڵاندنی نوێ ئەنجامبدات بۆ دۆزینەوەی ئاستی راستەقینەی یەدەگی نەوت لە (تەقتەق)، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2015دا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لەو کێڵگەیە بەردەوام لەدابەزیندا بووە. لە 2016دا بەگوێرەی خەمڵاندنی کۆمپانیاكە، ئاستی نەوتی یەدەگی کێڵگەی (تەقتەق) بریتی بووە لە (356 ملیۆن) بەرمیل، ئەمەش بۆ ئەوكات دابەزینێکی بەرچاوە لەچاو خەمڵاندنەکەی ساڵی 2011 کەئاستی نەوتی یەدەگی كێڵگەكە نزیكەی (685 ملیۆن) بەرمیل بووە. لە ساڵی 2017دا، بەگوێرەی خەمڵاندنێكی كۆمپانیای (ماكدانیاڵ) یەدەگی كێڵگەی (تەقتەق) تەنیا (59 ملیۆن) بەرمیل نەوت بووە، لەكاتێكدا لە كۆتایی ساڵی 2015 یەدەگی كێڵگەكە بریتی بووە لە (172ملیۆن) بەرمیل، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە نەك هەر بیرەكان، بەڵكو یەدەگی كێڵگەكەش بەهۆی پشتگوێخستنەوە زیانی گەورەی بەركەوتووە. رۆژی 28ی ئازاری 2017، كۆمپانیای (گەنەڵ ئینەرجی) راپۆرتێكی لەسەر سایتی خۆی بە زمانی ئینگلیزی لەبارەی دۆخی كێڵگەی (تەقتەق) بڵاوكردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوەكردبوو یەدەگی نەوتی كێڵگەی (تەقتەق) بە بەراورد بە پێشتر 66% كەمیكردووە، بۆیە لەو كێڵگەیەدا پێشبینیكردنی خۆی بۆ كۆی بەرهەمهێنان بۆ ساڵی 2017 راگرتوە . كۆمپانیاكە لە راپۆرتەكەیدا باسی لەوەكردبوو، بۆ ساڵی 2016 پێشبینی ئەوەی كردووە بەهای پشكی خۆیان لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق (181 ملیۆن) دۆلار بێت، هۆكاری كەمبوونەوەی بەهای پشەكانی خۆی بۆ نەزانینی رێژەی یەدەگی نەوتی كێڵگەكە گەڕاندبووەوە. لە بەشێكی تری راپۆرتەكەیدا، گەنەڵ ئینەرجی باسی هۆكاری كەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی كێڵگەكەی گەڕاندبووەوە بۆ تێكەڵبوونی ئاو بە نەوت، بەپێی خشتەیەكیش كە كۆمپانیاكە ئامادەی كردبوو، بەراوردكاریی كردبوو لەبارەی پێشبینییەكانی بۆ یەدەگی نەوت لە (تەقتەق)، بەراوردكارییەكەی بەمشێوەیە بوو كە لە خشتەكەدا دەردەكەوێت: (فەرهاد هەمزە) ئەندازیاری كورد لە كۆمپانیای نەوتی باكور سەبارەت لە چارەنوسی غەمگینی ئەم كێڵگەیە دەڵێ:" قەدەری ئەم كێڵگەیە ئەوها بوو كەوتە دەست كەسانێك كە نرخی خۆیان پێنەدا، كاربەدەستانی حكومەتی هەرێم هیچیان لێ نەدەزانی، كۆمپانیا بیانیەكانیش بەدوای قازانجەوە بوون؛ لەبەر هەڵپەی هەردوولا بۆ دەستكەوتنی پارەی زیاتر، ئەم كێڵگەیان بەو دەردەبرد كە ئەمڕۆ تێیدایە". تاوەكو بەر لە وشكبوونی كێڵگەكە، زیاتر لە (400) كرێكاری خۆماڵیی و نزیكەی (140) كرێكاری بیانیی لە (تەقتەق) كاریان دەكرد. ئەیلولی 2024 ئیتر كرێكارەكانی كێڵگەی نەوتی (تەقتەق) بێهیوا بوون لەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ سەر كارەكانیان، بۆیە بڕیاریاندا لەرێگەی پارێزەرەوە سكاڵا لەسەر كۆمپانیاكە تۆمار بكەن. ئەوكات سەنگەر عەزیز نوێنەری كرێكارەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" بەهۆی دەركردنیان بارودۆخی ئابوریی و دەروونیی كرێكارەكان زۆر خراپەو پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بێنە سەر هێڵ و ئەو كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن. داوا دەكەین كۆمپانیا 11 موچەمان پێكەوە پێ بدات، چونكە پێشتر ئەگەر كرێكارێك دەركرابێت كۆمپانیا زیاتر لە 11 موچەی بەیەكەوە پێداوە، بەڵام ئێستا بۆ ئەم كرێكارانە هیچ موچەیەك نادات، سەرباری ئەمەش جیاوازی لە موچەی كرێكارە كوردەكان و كرێكاری بیانیدا هەیە". سەرچاوەكان: •    پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ توێژینەوەی وزە •    BBC •    سایتی كۆمپانیای (گەنەڵ ئینەرجی) https://genelenergy.com/operations/production/taq-taq/ •    سایتی (تی تی ئۆپكۆ) https://www.taqtaqopco.com/ •    جۆرو كوالیتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان- نەوزادی موهەندیس https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10248 •    کێڵگە نەوتیەکانی پارێزگای هەولێر و توانای بەرهەمهێنانیان- راپۆرتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10190 •    مەسعود مەلا هەمزە. یەكەمین هەنگاوی دەرهێنانی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە. چاپخانەی هێڤی، هەولێر 2017 •    فریای كێڵگەی نەوتی تەقتەق بكەون- بیلال سەعید، لە سایتی (رووداو) بڵاوكراوەتەوە https://www.rudaw.net/sorani/business/120420171  


   ئامادەکردنی:  مەعروف مەجید, سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە تەشەنەسەندنی خێرای ئەو ئاگرکەوتنەوە کە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا و بەتایبەت شاری لۆس ئەنجلۆسی گرتۆتەوە، یادەوەرییەکانی بۆ هەندێک لە گەورەترین ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم جۆرە لە مێژووی هاوچەرخدا بە بیری هاوڵاتیاندا هێنایەوە، کە زیانی گەورەی  مرۆیی و ژینگەیی ماددی بەرچاوی لێکەوتەوە. بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمز، ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی شاری لۆس ئەنجلۆس کە بۆ ناوچە جیاوازەکان بڵاوبووەتەوە، بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 9 هەزار باڵەخانە زیانیان پێگەیشتووە یان لەناوچوونە. لە خەمڵاندنە سەرەتاییەکاندا لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاگرکەوتنەوەکان، کۆمپانیای پێشبینیکردنی ئاکووێزەر ڕایگەیاندووە، کۆی زیانەکان و زیانە ئابوورییەکان ١٣٥-١٥٠ ملیار دۆلارە. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئاگری پالیسادز لە نێوان سانتا مۆنیکا و مالیبو لە لای ڕۆژئاوای لۆس ئەنجلۆس و ئاگری ئیتۆن لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە لە نزیک پاسادینا، لە ئێستاوە بە وێرانکەرترین دادەنرێت لە مێژووی ئەو شارە ئەمریکییەدا، کە زیاتر لە 34 هەزار دۆنم ڕووبەری هەیە (13,750 هێکتار) - یان نزیکەی 53 میل چوارگۆشە - کە بووە هۆی سووتانی تەواوی گەڕەکەکان. لە کاتێکدا تیمەکانی ئەمریکا چاوەڕێی تەواوبوونی هەوڵەکانی ئاگرکوژێنەوە و نەهێشتنی ئاگرەکەن بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ زیانەکانی ئاگرەکە، تا ئێستاش چەندین ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە دارستانەکاندا بونیان هەیە.  بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ کۆمەڵێ ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە، وەک لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ژینگەپارێزی Earth.Org ئاماژەی پێکراوە ، کە لە چەند وڵاتێک بەم شێوەیە بووە: 1- ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تایگای سیبیریا لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕوویدا - لە یەکێک لە گەرمترین هاوینەکاندا کە تا ئێستا لە ئەوروپا تۆمارکراوە - کاتێک زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە ٥٥ ملیۆن دۆنم (٢٢ ملیۆن هێکتار) زەوی لە دارستانەکانی تایگا لە ڕۆژهەڵاتی سیبیریا لە ڕووسیا لەناوبرد. پێدەچێت تێکەڵەیەک لە بارودۆخی لەڕادەبەدەر وشک و زیادبوونی ئیستغلالکردنی مرۆڤەکان لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا ڕۆڵی هەبووبێت لەو ڕووداوەی کە وەک یەکێک لە وێرانکەرترین و گەورەترین ئاگرکەوتنەوەی کێوی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەبیر دەکرێت. 2- ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئوسترالیا ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی ئوسترالیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەهۆی کاریگەرییە کارەساتبارەکانی لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان کەوتە مێژووەوە. ئاگری توند لە ویلایەتی نیو ساوس وێڵز و کوینزلاندی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا گرتووەتەوە و بەهۆیەوە 42 ملیۆن دۆنم زەوی سووتاو و هەزاران باڵەخانە وێران بوو دەیان کەسیش گیانیان لەدەستدا، هەروەها سێ ملیار ئاژەڵیش گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا 61 هەزار کوالا. ئوسترالیا لە نێوان کۆتاییەکانی ٢٠١٩ تا سەرەتای ٢٠٢٠ گەرمترین و وشکترین ساڵی تۆمارکراوی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو لە ئاگرکەوتنەوە وێرانکەرەکانی دارستانەکاندا. داتاکانی ڕێکخراوی چاودێری کەشوهەوا دەریدەخەن کە تێکڕای پلەی گەرمی ئوسترالیا لە ساڵی ٢٠١٩دا ١.٥٢ پلەی سەدی لە سەرووی تێکڕایەوە بووە، ئەمەش وایکردووە کە گەرمترین ساڵ بێت لەوەتەی تۆمارەکان لە ساڵی ١٩١٠ دەستیپێکردووە؛ مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٩ گەرمترین مانگ بوو کە تا ئێستا لە ئوسترالیا تۆمار کراوە. بارانبارین بە ڕێژەی 40% لە خوار تێکڕای بارانبارینەوە بووە، کە کەمترین ڕێژەی بارانبارین بووە لە ساڵی 1900ەوە. 3- ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی باکووری ڕۆژئاوا لە کەنەدا لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا زیاتر لە ١٥٠ ئاگری جیاواز لە سەرانسەری ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوا کەوتەوە، کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٤٤٢ میل چوارگۆشەیە (١.١ ملیار کیلۆمەتر چوارگۆشە) لە باکووری کەنەدا. پێدەچێت سیانزە لەو ئاگرکەوتنەوانە بەهۆی کردەوەی مرۆڤەکانەوە بێت. دوکەڵی ئەو ئاگرکەوتنەوانە هۆشداری لەسەر کوالیتی هەوا لە سەرانسەری کەنەدا و هەروەها لە ئەمریکا دروستکرد، کە دوکەڵەکە لە دوورەوە وەک پورتوگال لە ڕۆژئاوای ئەوروپا دیار بووە. نزیکەی 8.5 ملیۆن دۆنم (3.5 ملیۆن هێکتار) دارستان بە تەواوی لەناوچوون و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاگرکوژێنەوەش 44.4 ملیۆن دۆلاری تێچووە بۆ حکومەت. 4- وەرزی ئاگری ئەلاسکا وەرزی ئاگرکەوتنەوەی ئەلاسکا لە ساڵی ٢٠٠٤دا خراپترین وەرزی بوو لە مێژووی ویلایەتەکەدا لە ڕووی ڕووبەری زیانلێکەوتووەوە. زیاتر لە 6.6 ملیۆن دۆنم (2.6 ملیۆن هێکتار) زەوی لە 701 ئاگرکەوتنەوەدا سووتاون. ٢١٥ لەو ئاگرانە بە ڕەشەبا دەستی پێکردووە؛ 426 ئاگرکەوتنەوەکەی دیکەش لەلایەن مرۆڤەوە دەستیپێکردووە. هاوینی ساڵی ٢٠٠٤ بە بەراورد بە بارودۆخی هاوینی ئاسایی ئەلاسکا زۆر گەرم و تەڕ بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە لێدانی ڕەشەبا لێیدا. دوای چەند مانگێک لەم ڕەشەبا و پلەکانی گەرما بەرز، مانگی ئابێکی وشکی نائاسایی ئاگرکەوتنەوەی لێکەوتەوە کە تا مانگی ئەیلول بەردەوام بوو. 5- ئاگری هەینی ڕەش ئەم ئاگرکەوتنەوانە وەک هەینی ڕەش لە مێژوودا تۆمارکران، کاتێک زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆنم زەوییان لە ڤیکتۆریا - ویلایەتێک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا - لە ساڵی ١٩٣٩ لەناوبرد، و لوتکەی چەند ساڵێک بوو لە وشکەساڵی، دواتر پلەی گەرمی بەرز و بای بەهێز. ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر لە سێ لەسەر چواری ویلایەتی گرتۆتەوە و ٧١ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەمەش بووە سێیەم کوشندەترین ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان لە مێژووی ئوسترالیادا. هەرچەندە چەند ڕۆژێک بوو دەسووتا، بەڵام ئاگرەکە لە ١٣ی ١ی ٢٠١٩دا پەرەی سەند. پلەکانی گەرما لە شاری مێلبۆرنی پایتەختی ئوسترالیا گەیشتە 44.7 پلەی سەدی و لە میڵدورا لە باکووری ڕۆژئاواش 47.2 پلەی سەدی، بەهۆیەوە 36 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 700 ماڵیش وێرانبوون، ئەمە جگە لە زۆرێک لە کێڵگە و شوێنی بازرگانی. خۆڵەمێشی ئاگرەکان تا نیوزلەندا کەوتە خوارەوە. 6- ئاگری گەورە لە کەنەدا سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر ڕوویدا، ئاگری گەورەی ساڵی ١٩١٩ تا ئێستاش وەک یەکێک لە گەورەترین و وێرانکەرترین ئاگرکەوتنەوە کێوییەکانی مێژوو لەباس دەکرێت. لە سەرەتای مانگی ئایاردا، کۆمەڵێک ئاگرکەوتنەوە لە دارستانە بۆریالییەکانی پارێزگاکانی ئەلبێرتای کەنەدا و ساسکاچواندا گرتەوە، ئەو دارانەی بۆ پیشەسازی دار دروێنە دەکران، لەگەڵ بای بەهێز و وشکدا، بەشداربوون لە ئاگرکەوتنەوە خێراکان کە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نزیکەی پێنج ملیۆن دۆنم (دوو ملیۆن هێکتار)ی سووتاند و سەدان بینای وێران کرد و ١١ کەسی کوشت. 7- ئاگری چینچاگا هەروەها بە ئاگری ویسپ و "ئاگری ١٩" ناسراوە، ئەمە زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوەی کێوی بووە کە لە باکووری کۆڵۆمبیا و ئەلبێرتای ئەمریکا لە مانگی حوزەیران تا سەرەتای پاییزی ١٩٥٠ سووتا. 8- ئاگرکەوتنەوەکانی بۆلیڤیا لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٠ زیاتر لە ٢٥ هەزار ئاگر لە سەرانسەری بۆلیڤیا سووتا و بە مەزەندەکردن ٣.٧ ملیۆن دۆنم (١.٥ ملیۆن هێکتار)ی گرتەوە و زیانێکی تایبەتی بە پشکی وڵاتەکە لە دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن گەیاند. دوکەڵی ئەستووری ئەم ئاگرکەوتنەوانە حکومەتی ناچارکرد زۆرێک لە گەشتە ئاسمانییەکان ڕابگرێت و باری نائاسایی ڕابگەیەنێت. هۆکارەکانی بریتین لە زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە کە لەلایەن جووتیارانەوە دانراوە بۆ پاککردنەوەی زەوی بۆ کشتوکاڵ، هەروەها وشکبوونەوەی ڕووەکی کە لە ئەنجامی ئەو وشکەساڵییە توندەوە دروست بووە کە وڵاتەکە لە مانگەکانی هاویندا تووشی بووە. ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی بۆلیڤیا هەندێک لە خراپترین ئاگرکەوتنەوەکان بوو کە وڵاتی ئەمریکای باشوور لە ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵدا بینیبووی. 9- ئاگری گەورەی کۆنتێکتیکۆت هەروەها بە تەقینەوە گەورەکە، ئاگری سوتەمەنی شەیتان، یان ئاگری گەورە ناسراوە، ئەم ئاگرە گەورەیە لە مانگەکانی هاوینی ساڵی ١٩١٠ لە ویلایەتی ئایداهۆ و مۆنتانای ئەمریکا کەوتەوە. هەرچەندە تەنها بۆ ماوەی دوو ڕۆژ سووتا، بەڵام بای بەهێز بووە هۆی ئەوەی ئاگری یەکەم لەگەڵ ئاگرە بچووکەکانی دیکەدا تێکەڵ بێت و ببێتە ئاگرێکی گەورە کە ٣ ملیۆن دۆنم (١.٢ ملیۆن هێکتار)ی سووتاند - نزیکەی قەبارەی تەواوی ویلایەتی کۆنتێکتیکۆت - و ٨٥ کەسی مردن  ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە خراپترین ئاگرکەوتنەوە کێوییەکان لە مێژووی ئەمریکادا. هەرچەندە ئەم ئاگرە بەهۆی ئەو وێرانکارییەوە لەبیر دەکرێت کە بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی حکومەتی ئەمریکا سیاسەت بۆ پاراستنی دارستانەکان دەربکات. 10- ئاگری ئەژدیهای ڕەش هەروەها بە ئاگری داکسینگ ئانلینگ ناودەبرێت، لە ساڵی ١٩٨٧ ڕوویداوە و ڕەنگە گەورەترین ئاگرکەوتنەوە بێت لە جیهاندا لە سەدان ساڵی ڕابردوودا، هەروەها جددیترین ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە کۆماری گەلی چین، کە لە سنوورەکانەوە بڵاوبووەتەوە بۆ ڕووسیا. ئاگرەکە بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک بەبێ وەستان بەردەوام بوو نزیکەی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆنم زەوی لەناوچوون. لە کاتێکدا هۆکاری وردی ئاگرەکە ڕوون نییە، بەڵام ڕاپۆرتە چینییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕەنگە ئاگرەکە بەهۆی چالاکیی مرۆڤەکانەوە بووبێت، کۆی گشتی گیانلەدەستدان لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا گەیشتە ١٩١ کەس، جگە لەوەی ٢٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون. هەروەها نزیکەی ٣٣ هەزار کەس ئاوارە بوون. 11- ڕیچاردسۆن باککانتری فایەر ئاگری ڕیچاردسۆن باککانتری لە مانگی ئایاری ٢٠١١ لە شاری ئەلبێرتای کەنەدا کەوتەوە. گەورەترین ئاگر بوو لە ماوەی زیاتر لە ٦٠ ساڵی وڵاتەکەدا، لە دوای ئاگرکەوتنەوەی چینچاگا لە ساڵی ١٩٥٠. ئاگرەکە نزیکەی یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆنم (٦٨٨ هەزار هێکتار) دارستانی بۆریالی لەناوبردووە و دەسەڵاتدارانیش پێیان وایە کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بارودۆخی وشکەساڵی و بەرزی پلەی گەرمی نائاسایی و بای بەهێز توندی دارستانەکەی زیاتر کردووە. 12- ئاگری مانیتۆبا ئاگرکەوتنەوەکانی مانیتۆبا لە نێوان ناوەڕاستی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٩ ڕوویدا، بە مەزەندەکردن ١١٤٧ ئاگر دەستنیشان دەکرێ، زۆرترین ژمارەیە کە تا ئێستا تۆمارکراوە - لە کەنەدا کە شوێنی چەندین دیمەنی سروشتییە. بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار دۆنم (3 ملیۆن و 300 هەزار هێکتار) زەوی لەناوچوون، هەروەها 24 هەزار و 500 کەسیش ماڵەکانیان چۆڵکران، تێچووی کوژاندنەوەی گەیشتە ٥٢ ملیۆن دۆلار. 13- تەکساس فایرز ئاگرکەوتنەوەی کێوی لە ویلایەتی تەکساس لە کۆتاییەکانی شوباتی ٢٠٢٤دا ئاماژەیە بۆ چەندین ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە ویلایەتی ئەمریکا، لەوانە ئاگرکەوتنەوەی سمۆکهاوس کریک لە ناوچەی هاچینسۆن؛ گەورەترین ئاگری کێوییە لە مێژووی ویلایەتی تەکساسدا. ئەم سووتانە بە تەنیا نزیکەی یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆنم زەوی لەناوبردووە، ئەمەش لە ئاگرکەوتنەوەی گەورەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ئاماریلۆی ساڵی ٢٠٠٦ تێپەڕاندووە کە نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی لەناوبردووە.  


(درەو): "دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی ئەنجام دەدەن، بەڵام دەوڵەت هێشتا خاوەندارییەکی ڕوونی لێ نەکردووە، زمانی راگەیاندنەكانی توركیا ژەهراوییە، زاراوەی (سەرکردەی تیرۆریست و بکوژی منداڵ) سوکایەتیکردنە بە ئیرادەی گەلی کورد.. لەکوێی دنیا بینراوە، ئاشتی بە شەڕ و هەڕەشە بێتەدی؟" ئەمانە دواین قسەی موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكەیە سەبارەت بە هەوڵەكانی ئاشتی لە توركیا.  "بۆ هەمیشە گرێدراوی ڕێبەر ئاپۆین" موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەکەکە" رایگەیاند" پاش ماوەیەکی درێژ لە گۆشەگیریی، پاش سەردانەکەی عومەر ئۆجالان، شاندی دەم پارتی سەردانی ڕێبەرمانیان کرد. ئەمە لەڕووی ئاگاداربوونمان لە تەندروستی ڕێبەرێتی و وەرگرتنی سڵاو و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی سەبارەت بە پرۆسەکە لە ڕاگەیاندندا، بۆ پارتەکەمان و گەلەکەمان جێی خۆشحاڵی بوو. ئەمە ڕەوشێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. بە تایبەتی دیداری بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگە، بەوپێیەی پێشتر لە ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. هەروەها بەوردی چاودێری ئەم پرۆسەیە دەکەین". "ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵی داوە چارەسەری سیاسی-دیموکراتیک بۆ پرسی کورد بدۆزێتەوە، هەوڵیداوە هەموو دەرفەتەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت. تا ئێستا ئەم ئامانجە هەوڵی زۆری داوە. ڕێبەر ئاپۆ، لە دوایین جاردا لەسەر بانگەوازی سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی، جارێکی دیکە دەیەوێت هەنگاو بنێت بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد. ئێمە دەبینین کە رێبەرمان هەوڵێکی گرنگ لەم ڕووەوە دەدات" لەو چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، قەرەیلان وا دەڵێ. باسلەوە دەكات" ئێستا دەم پارتی زنجیرە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ چەند پارتێک ئەنجام دەدات. ئەمە کارێکی زۆر بەنرخ و گرنگە. ئێمە وەک تەڤگەرەکەمان بە فەرمی ڕامانگەیاندووە کە پشتیوانی ئەو پرۆسەیە دەکەین کە ڕێبەر ئاپۆ پێشی دەخات. تەڤگەرەکەمان و پارتەکەمان بۆ هەمیشە گرێدراوی ڕێبەر ئاپۆیە و باوەڕێکی پتەوی هەیە. لەم ڕووەوە هیچ کێشەیەک نییە". ئەمە بێڕێزییە بە گەلی كورد ! لەبارەی كاردانەوەی دەوڵەتی توركیا سەبارەت بە دەستپێشخەریی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتیی، قەرەیلان ئاماژە بەوە دەكات" تائێستا لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتەوە ئاماژەیەک نییە بۆ پرۆسەی نوێ. بەپێچەوانەوە ڕۆژانە هەڕەشەی لەناوبردن و توندوتیژیمان لێ دەکەن. ئەمە ناکۆکییە. ئێمە لەم پێشهاتانە تێدەگەین کە بەرپرسانی دەوڵەت هەندێک دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی ئەنجام دەدەن، بەڵام دەوڵەت هێشتا خاوەندارییەکی ڕوونی لێ نەکردووە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ خوشک و برایەتی تورک-کورد لەم پڕۆسە مێژووییەدا هەوڵی ئاسایی نین، بەڵکو هەوڵی مێژوویین. ئەمە بۆ ئایندە و بەرژەوەندیی هەموو کۆمەڵگەی تورکیا گرنگە. نابێت ئەم هەوڵە گرنگانە بێ وەڵام بمێننەوە. تائێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی نەدراوەتەوە. لەبری ئەوەی وەڵامێکی ئەرێنی بدەنەوە، جووڵە و قسەگەلێک دەکەن کە دەبنە مایەی نیگەرانیی و مەترسیی قوڵ". "لە ڕاگەیاندنی ئازاددا، هەندێک نوسەر ئسلوبی ڕاگەیاندنی تورک بە (زمانی ژەهراوی) پێناسە دەکەن. زمانی ئەم ڕاگەیاندنانە، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئاکەپە، نەوەک هەر ژەهراوی، بەڵکو ئاژاوەسازە. هەڵوێست و مەیلێکی وەهایە، کە هەوڵەکان بۆ چارەسەر بێمانا دەکات و لەناوی دەبات و لەبری چارەسەر بەدوای شەڕدا دەگەڕێت. وەک زۆر جار وتراوە ئەم زمانە زمانی توندوتیژیی و دوژمنایەتیییە، خوشک و برایەتی لەگەڵ کوردو ئاشتی ناوخۆیی بەهێز ناکات. زاراوەی وەک "سەرکردەی تیرۆریست، بکوژی منداڵ" کە تا ئێستاش بۆ وەسفکردنی ڕێبەرمان بەکاریدەهێنن، تەنها زمانی ئاژاوەگێڕیی نین؛ لەڕاستییدا بێڕێزییە بەرامبەر ئیرادەی گەلەکەمان. پێناسەی وەها دژی مرۆڤێک کە گەلی کورد وەک ڕێبەری خۆی قبوڵی دەکات و باوەڕی پێیەتی، بێڕێزیی و سوکایەتیکردنە بە ئیرادەی گەلی کورد. مادام ڕێبەر ئاپۆ کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ڕێبەرێکە کە نوێنەرایەتی گەلێکی دێرین دەکات، بۆیە هەر نزیکایەتییەک بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ، نزیکایەتییە بەرامبەر تەواوی گەلەکەمان. بۆیە هەڵوێستی دوورخستنەوەی ڕێبەرێتی و تەڤگەر و گەلی کورد لە یەکتر، سیاسەتی شەڕی تایبەتە، زمانی شەڕی تایبەتە". هەر لەبارەی دەستپێشخەریی ئاشتییەوە، موراد قەرەیلان زیاتر قسە دەكات و دەڵێ: هەمووان دەزانن ئەمە ڕاست نییە و زۆرینەی کورد لەپشتی ڕێبەر ئاپۆن. چونکە ڕاستی دەزانن، بۆیە ڕوو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن. لەلایەک ئەم تێکۆشانەی دەکرێت، ئەو بەرخۆدانەی پێش دەخرێت، ئەو پێشهاتانەی لەگەڵ جەنگی جیهانیی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتن، ئەوانی ناچارکرد لە دەرگای ڕێبەر ئاپۆ بدەن. گوتیان ناچارن کە بچنە بەر پێی ڕێبەر ئاپۆ، کەچی لەولاوە هێشتا زمانی ڕق و سوکایەتی بەکاردەهێنن. ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنیش ڕۆڵی هەیە و لەم ڕووەوە هەڵوێستی جیاواز نیشان دەدات. ئاشتی بە شەڕ دێتە دی؟ قەرەیلان زیاتر قسە دەكات" ئەگەر وەک ئەوان دەڵێن تەڤگەری ئازادیی کوردستان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت، یان وەک خۆیان دەڵێن تەڤگەرەکەمان بێکاریگەر کراوە، ئەوا پێویستیان بە شتێکی لەم جۆرە نەدەبوو. لە ڕەوشێکی وەهادا نەدەچوونە بەر دەرگای ڕێبەر ئاپۆ. ئاشکرایە کە تێکۆشانی ئێمە خاوەن هێز و ئیرادەیە و ئەکتەرێکی سەرەکییە لەو پرسەدا کە داهاتووی تورکیا دیاری دەکات. گوایە مەبەست لەمە ڕێکخۆشکردنە بۆ چەند پێشکەوتنێک، بەڵام ئسلوب و زمان و نزیکایەتییەکەیان پێچەوانەی ئەمەیە. هیچ پرۆسەیەک بەم زمان و نزیکایەتییە پێش ناکەوێت. بۆیە دەبێت ئەم ئسلوبە بگۆڕدرێت. ئەگەر لەم ڕووەوە، هەڵوێست و نزیکایەتییەکەیان بەرامبەر گەلی کورد جدی بێت و خواستی خوشک و برایەتی و ئاشتی ناوخۆییان هەبێت، هەر بە قسە نابێت، لانی کەم با سەرەتا زمانی شەڕی خۆیان و هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن. لەکوێی دنیا بینراوە، ئاشتی بە شەڕ و هەڕەشە بێتەدی؟". كورد كێشەی متمانەی هەیە ئەم ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان باسلەوە دەكات كە" پێش هەموو شتێک، پێویستە بەرپرسانی تورک ئەمە بزانن: گەلی کورد کێشەی متمانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەیە. سەرەتا ڕێوشوێنی دروستکردنی متمانە پێویستە. دەوڵەت دەبێ سەرەتا بە هەڵوێست و زمانی خۆی متمانە پەیدا بکات و دواتر هەنگاوی پراکتیکی بنێت. تا ئێستا گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ هەڵنەگیراوە، هێرش لە گۆڕەپانی سەربازی بەردەوامە، هێرشی ئاسمانی ڕۆژانە بەردەوامە، فشار و گرتن لە دژی گەلەکەمان بەردەوامە. بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی ڕاگەیاندنەکان، ٦٥ کەس دەستبەسەر کراون و سیاسەتی فشاری فاشیستی بەردەوامە. لە ڕۆژئاوا ڕەوشی شەڕ هەیە و پێداگرن لەسەر هەڵوێستی شەڕ، بە واتایەکی تر بچوکترین گۆڕانکاری لە سیاسەتی توندوتیژی و لەناوبردن نییە. بۆ نموونە؛ جێگری سەرۆکی گشتی مەهەپە چەندین جار پرسی ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش و بەساڵاچووی وروژاندووە. ئەمە شتێکە کە دەکرێت لە هەر وڵاتێک و بە شێوەیەکی ئاسایی ڕووبدات، بەڵام دەنگێک لە بەرەی ئاکەپەوە هیچ هەڵوێستێک نییە، گوێیان لێی داخستووە. ئایا نیازو نزیکایەتی چارەسەر، بەم جۆرەیە؟ ڕوونە کە هیچ شتێکی لەو جۆرە لە بەرەی ئاکەپەوە نییە". ئیرادەی چارەسەر لەنێوان (مەهەپە)و (ئاکەپە)دا؟ "لە ئێستاوە، لە چەپەوە بۆ ڕاست، زۆربەی سیاسەتی تورکیا، چارەسەری پرسی کورد لەو چارەسەرەدا دەبینن کە ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردووە. بەگوێرەی چاودێرییەکانی ئێمە، سەرەڕای نزیکایەتیی نابوێرانەو هەڵوێستی لاواز، لێدوانی پشتیوانی بۆ پرۆسەکە سەری هەڵداوە. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا، ئەو لایەنەی بە ئاشکرا هەڵوێست نیشان نادات و دەست لە زمانی شەڕو توندوتیژی هەڵناگرێت و بەردەوامە لە شەڕخوازی، تەیب ئەردۆغان و ئاکەپەن. ڕەوشی ئێستا وا دێتە بەرچاو. ئێستاش لەبری ڕاستی، پەنا بۆ تاکتیک و زمانی شەڕی تایبەت دەبات. بۆ ڕەوشی چارەسەر دەبێت ڕاستییەکان ببینن. دەست لە زمان و هەڵوێست و پراکتیکی پێشوویان هەڵبگرن". "چوار ساڵە نەیانتوانیوە بگەنە زاپ" لە وەڵامی ئەو قسانەی بەرپرسانی توركیادا كە دەڵێن پەكەكە لاواز بووەو هێزی سەربازییان خەریکە تەواو دەبێت، قەرەیلان رایگەیاند" راستییەکان بەو شێوەیە نییەو تەواو پێچەوانەکەیەتی. ئێمە لە باشترین و سەرکەوتووترین قۆناغی مێژووی تێکۆشانمانداین.. ئەندامانی کۆنسەی فەرماندەییمان تائێستاش لە ناوچەکانی سنوری تورکیان، هێزەکانی گەریلامان لە سەرانسەر سنور جێگیربوون. لەم بارەیەوە، ناتوانن بڵێن کۆتاییمان بە تەڤگەرەکە هێناوە. هەروەها ساڵانە چەندین چالاکی و پێکدادان ڕوودەدەن. بۆیە لە باکوری کوردستان، واتە لەناو سنورەکانی تورکیادا شەڕ هەیە. ساڵانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدرێن و ژمارەی سەربازەکانیان لە 10 هەزار سەرباز تێدەپەڕێت. بابەتی هەرە سەیر ئەوەیە، ئەمە چوار ساڵە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، واتە لەسەر خاکی باشوری کوردستان، بە پشتیوانی ناتۆ و پەدەکە و دەوڵەتی عێراق، پرۆژەی داگیرکاری هەیە. ئامانجی ئەم پرۆژەیە ئەوە بوو، لەماوەی ٢ بۆ ٣ مانگدا، کۆتایی بە ئێمە بهێنن و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا نەهێڵن. بەڵام ئەوە چوار ساڵە نەیانتوانیوە بگەنە زاپ. بە هەموو هێزی خۆیان و بە بەکارهێنانی تەکنیک و چەکی قەدەغەکراو و چەتەکانی سوریاو هێزەکانی پەدەکە و دەوڵەتی عێراق، ویستیان لە زاپ و مەتینا ئەنجامێک بەرامبەر گەریلا بەدەست بهێنن. بەڵام کامە ئەنجام، چیان بەدەست هێنا؟ لە كۆتایدا سەبارەت بە هەوڵەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتیی لە توركیا، قەرەیلان دەڵێ: گەر دەسەڵاتداری ئاکەپە بە شێوەیەکی دروست نزیکی نەبێتەوە، پێش هەموو شتێک خۆی لە ناودەبات. لەگەڵ ئەم ڕاستیانەدا نزیکایەتییەکی پێچەوانە دەبێتە هۆکاری دۆڕاندنی ئەوان. یانی لەم قۆناغەدا نەک بە تەنها گەلی کورد، گەلانی تورکیاو دەوڵەتی تورکیش پێویستی بە چارەسەری هەیە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدە گەر شەڕ هەڵبژێرن، ئەمە دەبێتە شتێکی جیاواز. ڕێبەر ئاپۆ بژاردەی گەلی کوردی دەرخست، بەڵام گەر ئەوان گوێ نەدەنێ و بە کەمی سەیربکەن و لە فریودان و شەڕی تایبەت بەردەوام بن، ئەوان لەناودەچن. ئایدیای ئێمە لەم بابەتەدا ڕوون و ئاشکرایە. ئایدی سەرکەوتنمان لە بواری سەربازییدا لە هەموو هەنگاوەکاندا بەهێزترەو بە ئەزموونی ٤٠ ساڵی قوڵاتی تاکتیکی، پێرفۆرمانسی سەربازیمان، ئاستی تەنکنیکی و ڕوحی فیدایانەی هێزەکانمان لە شەڕی ڕەوای پاراستندا سەردەکەون. ئەزموونێک کە ستراتیژ و تاکتی ئەمە پێش دەخەن لە ئارادایە. بەڵام لە کاتی سەرلەنوێ دیزانکردنەوەی هەرێمدا پرۆسەی چارەسەری لە لایەن ڕێبەرێتیمانەوە پێشخراوە، بۆ هەموو کەسێک زۆر گرنگە. هەڵسەنگاندنی ئەمە زۆر گرنگە. لە دۆخی پێچەوانەدا شەڕ لە هەرێمەکەدا بەهێزتر دەبێ و ئیمکانی سەرکەوتنی دەوڵەتی تورک لەم شەڕەدا نییە. هاوسەنگییەکان گۆڕی. شانس و دەرفەتی سەرکەوتنی گەلی کوردو هێزە شۆڕشگێڕەکانی هەرێمەکە لە هەموو هەنگاوەکاندا زیاتر بووە.  


راپۆرتی: درەو كۆی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024 نزیكەی (17) ترلیۆن دیناربووە، (10 ترلیۆن و 752 ملیار دیناری پارەی بەغداد، 4 ترلیۆن و 347 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ، 240 ملیار دیناری پارەی هاوپەیمانان، زیاتر لە 2 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوت) كۆی پارەی پێویست بۆ موچەی 12 مانگی موچەخۆران ( 11 ترلیۆن و 727 ملیار) دینارە، زیاتر لە (5 ترلیۆن) دینار داهات لە خەرجی موچە زیاترە، چۆن موچەی مانگی 12 لە نزیكەی (ترلیۆنێك) دینارەوە كەمكرایەوە بۆ (442 ملیار) دینار و بۆ موچەی مانگی 11 خەرجكرا؟ راپۆرتێكی وورد لە بارەی داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان لە 2024 بخوێنەوە.  داهاتەكانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 دا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024دا بە چوار رێگە داهاتی هاتووەتە بەردەست، (بۆ ژمارەكان پشت بە ئامارە رەسمییەكان بەستراوە) حكومەتی هەرێم بە چەندین رێگای جیاواز داهاتی كۆكردووەتەوەو هاتووەتە بەردەستی: یەكەم: پارەی بەغداد بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە 8/1/2025 كۆی ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە گەیشتووەتە هەرێم بۆ موچە: (10 ترلیۆن و 752 ملیار ) دینار بووە. بەڵام بەپێی راپۆرتی بڵاوكراوەی وەزارەتی دارایی عێراق (10 ترلیۆن و 901 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە. دووەم: داهاتی ناوخۆ كۆی داهاتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 2024 دا بریتی بووە لە (4 ترلیۆن و 347 ملیار) دینار بە (كاش و چەك و مقاسە)ەوە واتا مانگانە (362 ملیار) دینار. ( ژمارەكە لەسەرچاوەی وەزارەتی دارایی هەرێم وەرگیراوە) سێیەم: پارەی هاوکاری هاوپەیمانان مانگانە هاوپەیمانان بڕی (20 ملیار) دینار دەدەنە هەرێمی كوردستان پێشتر دەدرایە موچەی لیوا هاوبەشەكان ئێستا وەك مینحە پێیان دەدرێت، كۆی ئەو پارەیەی هاوپەیمانان خەرجیان كردووە (240 ملیار) دینارە. چوارەم: داهاتی نەوت لە 25ی ئازاری 2023ەوە نەوتی هەرێمێكی كوردستان بە بۆری راگیراوە، لە ئێستادا كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم نەوت بەرهەمدەهێنن و دەیفرۆشن بە پاڵاوگەكان و بەشێكیشی بۆ دەرەوە، بەپێی چاوپێكەوتنەكەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەگەڵ رۆژنامەنووسان وتی (بەرمیلێک نەوت بە تێكڕا بە (31.3) دۆلار دەفرۆشرێت (55%)ی داهاتەكەی بۆ حكومەتەو (45%)ی داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكانە) لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكان خەرجی گواستنەوە نادەن راستەوخۆ دەیفرۆشن. ئێستا رۆژانە بە تێكڕا لەسەرجەم كێڵگەكانەوە (310 – 320 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، بە پێی لێكدانەوەكانی (درەو) لە ساڵی 2024دا بڕی (111 ملیۆن و 600 هەزار) بەرمیل نەوت فرۆشراوە، بەرمیلی بە (31.3) دۆلار، كۆی داهاتەكەی دەكاتە (3 ملیارو 493 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (4 ترلیۆن و 610 ملیار) دینار (ئەگەر 1 دۆلار بەرامبەر هەزار و 320 دینار بێت)، لەو پارەیە (55%)ی بۆ حكومەت بووە (ملیارێك و 921 ملیۆن) دۆلار واتا (2 ترلیۆن و 535 ملیار) دینار، رێژەی (45%)ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكان بووە بە بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 74 ملیار) دینار. كۆی داهاتەكانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2024)دا -    پارەی بەغداد: 10 ترلیۆن و 752 ملیار دینار -    داهاتی ناوخۆ: 4 ترلیۆن و 347 ملیار دینار -    پارەی هاوپەیمانان: 240 ملیار دینار -    داهاتی نەوت بۆ حكومەت: 2 ترلیۆن و 353 ملیار دینار كۆی گشتی داهاتی هەرێم لە 2024 دا دەکاتە  17 ترلیۆن و 692 ملیار دینار   خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان یەكەم: خەرجی موچە بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی 2024 حكومەتی هەرێمی كوردستان  (11 ترلیۆن و 712 ملیار)ی دیناری بۆ موچە خەرجكردووە، بڕی (10 ترلیۆن و 752 ملیار) دیناری پارەی بەغداد و (960 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ موچە خەركراوە بۆ موچەی (11) مانگی ساڵەکە، هەرچەندە كۆی خەرجی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە 2024 دا كۆی پێویستی بۆ موچە بۆ 12 مانگی 2024: 11 ترلیۆن و 727 ملیار دینارە.   دووەم: خەرجی ناوخۆ بە پێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستیكەوتووە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە 2024دا: (4 ترلیۆن و 347 ملیار) دینار بووە بە (كاش و چەك و مەقاسە)ەوە واتا مانگانە بە تێكڕا (362 ملیار) دینار بووە. بەپێی ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی هەرێم، داهاتی ناوخۆ بەم شێوەیە خەرجكراوە: -    160 ملیار دینار مانگانە بۆ خەرجی بەگەڕخستن (تەشغیلی).  بۆ ساڵی 2024 دەكاتە (2 ترلیۆن) دینار. -    390 ملیار دینار دراوە بەبەغداد بۆ داهاتی دامەزراوە فیدراڵیەكان بۆ (5) مانگ. -    960 ملیار دینار بۆ تەواوكاری موچەخۆران خەرجکراوە. -    350 ملیار – 400 ملیار دینار بۆ پرۆژەكان خەرجكراوە -    400 ملیار دینار ( چەك و مەقاسە) بووە واتا بەكاش نەهاتووەتە وەزارەتی دارایی. سێیەم: خەرجی پارەی هاوپەیمانان مانگانە ئەو پارەیەی كە هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی دەنێرن بڕكەی (20 ملیار) دینارەو ساڵانە (240 ملیار) دینار دەکات، تا مانگی ئازاری 2024 وەك موچە دراوە بە لیوا هاوبەشەكان، بەڵام دواتر كراوە بە مینحەو لە موچە دەركراوە.  چوارەم: خەرجی داهاتی نەوت داهاتی نەوت لە ساڵی 2024دا  (4 ترلیۆن و 610 ملیار) دینار بووەو، (55%)ی بۆ حكومەت بووە بە بڕی (2 ترلیۆن و 535 ملیار) دینار. ئەم پارەیە ناگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی و بەشێكی راستەوخۆ خەرج دەكرێت، ئەو پارەیەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئەنجومەنی وەزیران بەشێكی بەم شێوەیە خەرجكراوە: -    بڕی (22) ملیۆن دۆلاری بۆ كرێی غازی تەمویلی كارەبا (دانەغاز + کۆمپانیای كار) -    پاڵپشتی نەوتی سپی ماڵان -    دانەوەی قەرز كۆی گشتی داهاتی نەوت بە وتەی (ئاوات شێخ جەناب) نزیكەی (50) ملیۆن دۆلاری مانگانە دەدرێتە حكومەتی هەرێم، بەڵام ناچێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، لە رێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە خەرجدەكرێت.   موچەی مانگی 12ی2024 بە دوو نوسراو وەزارەتی دارایی عێراق، بڕی (441 ملیارو 493 ملیۆن) گوژمەی یەكەم (264 ملیار و 698 ملیۆن و 348 هەزار و 312 ) دینار بوەو گوژمەی دووەم (176 ملیار و 795 ملیۆن و 250 هەزار و 669) دیناری رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە: بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كۆی ئەو بڕە پارەیەی بڕیاربوو لە مانگی 12/2024 لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بنێردرێت بڕی ( ترلیۆنێك و 131 ملیار) دینار بووە، بەشێكی بۆ موچەی مانگی (12) بووە كە نزیكەی (700 ملیار) دیناربووەو بەشێكی (433 ملیار) دیناری گواستنەوە بووە لە خەرجییەكانی ترەوە بۆ خەرجی موچە، لەگەڵ بڕێك پارەی ماوەی مانگی (11)، بەڵام وەزیری دارایی عێراق داوای لە حكومەتی هەرێم كردووە پارەی داهاتی ناوخۆ بنێرن بۆ ئەوەی تەسفیەی ساڵی 2024 بكرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم نەیناردووە بۆیە ئەویش تەسفیەی تەواوەتی ساڵی 2024ی كردووە، دوای لێدەركردنی داهاتی ناوخۆی (7) مانگ كە مانگانە نزیكەی (80 ملیار) دینارە، لەگەڵ (76 ملیار) دیناری خانەنشینان لە كۆی گشتی (441 ملیار و 493 ملیۆن) دیناری ماوەتەوەو ناردوویەتی بۆ هەرێمی كوردستان. بۆ مانگی 12 -    كۆی گشتی نزیكەی (ترلیۆنێك و 131 ملیار) دینار بۆ هەرێم تەرخان کراوە، بەجۆرێک؛ -    (700 ملیار) دینار بۆ موچەی مانگی 12 -    (430 ملیار) دینار گواستنەوە بۆ موچە -    كۆی گشتی نزیكەی (ترلیۆنێك و 131 ملیار) دینار بەڵام -    لێبڕینی (7) مانگی داهاتی ناوخۆ: (550 ملیار) دینار -    لێبڕینی خانەنشینی (10%): (76 ملیار) دینار -    پارەی لێبراو = (626 ملیار) دینار -    هەندێك لێبڕینی تر -    پوختەی ئەو پارەیەی بۆ موچەی مانگی  12 دەمێنێتەوە (442 ملیار) دینارە ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ سەرجەم موچەی مانگەكانی سالێ 2024ی موچەخۆرانی هەرێمی كورستانی ناردووەو ئەو (442 ملیار) دینارەش دوا پشكی موچە بووە كە بۆ مانگی (12) ناردوویەتی، ئیتر فایلی موچەو پشكی هەرێم بۆ 2024 داخراوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand