ژمارەو ڕێژەی گەشەی بایکۆت لە هەڵبژاردن
2024-10-09 18:05:57
راپۆرتی: درەو
🔹 لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (140 هەزار و 47) کەس بەڕێژەی (12.6%) بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردووە.
🔹 لە خولی دووەم و نێوان ساڵی 1992 بۆ 2005 ڕێژەی بایکۆت گەیشتووە بە (23.4%) و (536 هەزار و 817) كەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان نەکردوە.
🔹 بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان لە خولی سێیەم (122 هەزار و 277) کەس بەڕێژەی (7%) بەشداری لە دەنگدان زیادی کردووە و ژمارەکە گەیشتووە (ملیۆنێک و 876 هەزار و 196) کەس، بەڵام ڕێژەی بایکۆت گەیشتووە بە (25.5%) و (642 هەزار و 577) کەس بەشداری هەڵبژارنەکەیان نەکردووە.
🔹 لە خولی چوارەمدا (675 هەزار و 631) كەس دەنگدانیان نەداوە بە ڕێژەی (25.4%).
🔹 لە خولی پێنجەمدا بەرزترین ڕێژەی بایکۆت تۆمارکراوەو (ملیۆنێک و 239 هەزار و 482) كەس بە ڕێژەی (40.2%) دەنگیان نەداوە.
هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان
سی و دوو ساڵی بەر لە ئێستا لە ڕۆژی (19/5/1992) یەکەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو، لەم هەڵبژاردنەدا كوردستان بەسەر چوار ناوچەی هەڵبژاردندا دابەشکرا، هەوەک لە ماددەی (9) یاسای ئەنجومەنی نییشتمانیدا هاتبوو، کوردستان بەسەر (176) بنکەی هەڵبژاردندا دابەشکرا بە جۆرێک؛ دهۆک (42) بنکەو ژمارەی دەنگدەری چاوەڕوانکراو (178 هەزار)، هەولێر (62) بنکە و ژمارەی دەنگدەری چاوەڕاونکراو (340 هەزار)، کەرکوک (16) بنکەو ژمارەی دەنگدەری چاوەڕوانکراو (144 هەزار) و سلێمانی (56) بنکەو ژمارەی دەنگدەری چاوەڕاونکراو (450 هەزار)، كۆی گشتیی ژمارەی دەنگی چاوەڕوانكراو (ملیۆنێک و 112 هەزار) بووە.
لەو هەڵبژاردنەدا (971 هەزار و 953) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (87.4%)، تەنها (140 هەزار و 47) کەس بەڕێژەی (12.6%) بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردووە.
هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان
لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە 9/4/2003 و دروستبوونی ئەنجومەنی حوكمی عێراق، حیزب و لایەنەكانی كوردستان چوونە بەغداد و لە كۆی پرۆسەی سیاسی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەشداربوون، لە رۆژی 30 كانونی دووەمی 2005 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەچوو، بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان سێ هەڵبژاردن بوو، چونكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشی لەگەڵدابوو.
هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان، كە دوای 13 ساڵ لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو، ئەویش بەپێی یاسای ژمارە (47) ی رۆژی 21/11/2004 ی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان، كە هەمواركراوی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستانی عێراقە.
بەپێی ماددەی (4) یاسا هەمواركراوەكە، هاتووە (هەرێمی كوردستانی عێراق بەیەك ناوچەی هەڵبژاردن لەقەلەم دەدرێت) كە لە یاسای ژمارە (1)دا كوردستان كرابوو بە (4) ناوچەی هەڵبژاردن ئەوانیش (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك).
لە هەڵبژاردنی 30ی كانونی دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا (13) پارتی سیاسی بەشداریان تێداكرد، بە سیستمی (نوێنەرایەتی رێژەیی) بەڕێوەچوو، تیایدا (2 ملیۆن و 290 هەزار و 736) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی یەكەم، كە لە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو (ملیۆنێک و 112) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، واتا لە نێوان ساڵی 1992 بۆ 2005 (ملیۆنێک و 178 هەزار و 736) كەس زیادیكردووە، واتا بە رێژەی (106%) ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە زیادیكردووە.
لە خولی دووەم و نێوان ساڵی 1992 بۆ 2005 ژمارەی بەشداری گەیشتووە بە (ملیۆنێک و 753 هەزار و 919) كەس کە بە رێژەی (80%) و (781 هەزار و 966) کەس لە ژمارەی بەشداری دەنگدان زیادیكردووە.
بەڵام ڕێژەی بایکۆت گەیشتووە بە (23.4%) و (536 هەزار و 817) كەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان نەکردوە.
هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان
ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخ و كەشوهەوایەكی گونجاودابوو، بەتایبەتیش بۆ دەرخستنی سەنگی راستەقینەی هێز و لایەنەكانی كوردستان، بەو پێوەدانگەی كەشی ئەمنیی و دۆخی ئابووریی و سیاسیی و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان لە باربوو بۆ هەڵبژاردن، لە 25/7/2009دا لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمیش ئەنجامدرا، هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان بەپێی یاسای هەمواری پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان کە تێیدا هەڵبژاردن بە یەک بازنەیی بەڕێوەچوو.
لەم هەڵبژاردنەدا (2 ملیۆن و 518 هەزار و 773) کەس مافی دەنگدانی هەبوو، بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان (228 هەزار و 37) کەس بەڕێژەی (10%) ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو زیادی کردووە.
هاوکات ژمارەی بەشدای گەیشتووە بە (ملیۆنێک و 876 هەزار و 196) کەس، لەسەر ئەو بنەمایە ژمارەی بەشداری کردن لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە خولی پێش خۆی (122 هەزار و 277) کەس بە ڕێژەی (7%) زیادی کردووە. بەڵام ڕێژەی بایکۆت گەیشتووە بە (25.5%) و (642 هەزار و 577) کەس بەشداری هەڵبژارنەکەیان نەکردووە.
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان
پرۆسەی هەڵبژاردنی 21/9/2013 وەک خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردسیان لەدوای ساڵی 1992 و خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، یەكەم خول بوو كە تەواوی هێزە سیاسیەكان هەریەكە و بە لیستی سەربەخۆ و جیا بەشداری هەڵبژاردنیانكرد، ئەمەش روونتر پێگەو سەنگی هێزەكان دەردەكەون، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 21/9/2013 بە یەک بازنەیی بەرێوەچوو، تیایدا (31) لیست بەشداریان لە پرۆسەكەدا كردوو سەرەنجام (17) لیست توانیان سەركەوتن بەدەستبهێنن.
لەو هەڵبژاردنەدا، كە (2 ملیۆن و 653 هەزار و 743) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەم پێیەش بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی سێیەم (134 هەزار و 970) کەس بە ڕێژەی (5%) ژمارەی ئەوانەی مافی بەشداریکردنیان هەبوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیادی کردبوو.
هاوکات بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی سێیەم (102 هەزار و 186) کەس بە ڕێژەی (5%) ژماری بە زیادی کردبوو، چونکە (ملیۆنێک و 978 هەزار و 382) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردبوو.
لە خولی چوارەمدا (675 هەزار و 631) كەس دەنگدانیان نەداوە بە ڕێژەی (25.4%).
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە 30/9/2018 بەرێوەچوو، تیایدا (29) لیست بەشداریان لە پرۆسەكەدا كردوو سەرەنجام (16) لیست توانیان سەركەوتن بەدەستبهێنن. لەو هەڵبژاردنەدا، بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان (3 ملیۆن و 85 هەزار و 461) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەم پێیەش بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەم (431 هەزار و 718) کەس بە ڕێژەی (16%) ژمارەی ئەوانەی مافی بەشداری کردنیان هەبوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیادی کردبوو.
هاوکات لەم هەڵبژاردنەدا (ملیۆنێک و 845 هەزار و 979) کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمدا کردبوو، بەم پێیەش بەراود بە خولی چوارەم ژمارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن (132 هەزار و 403) کەس بە ڕێژەی (7%) کەمی کردووە.
لە خولی پێنجەمدا بەرزترین ڕێژەی بایکۆت تۆمارکراوەو (ملیۆنێک و 239 هەزار و 482) كەس بە ڕێژەی (40.2%) دەنگیان نەداوە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
بڕیارە ڕۆژی 20/10/2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.
بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 318) وێستگە.
پارێزگای هەولێر (498) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت ژمارەی وێستگەکانیش (2 هەزار و 213) وێستگەی دەنگدان دەبێت. پارێزگای سلێمانی (477) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت، (2 هەزار و 373) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای سلێمانی دەبێت. پارێزگای دهۆک (264) بنکەی هەڵبژاردن و (هەزار و 596) وێستگەی دەنگدانی تێدا دەبێت. پارێزگای هەڵەبجە (27) بنکەی هەڵبژاردن و (136) وێستگەی دەنگدانی دەبێت.
ئەگەر چی لە هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 789 هەزار و 360) کەس تەمەنیان گەیشتووە بە سەر و (18) ساڵ، بەڵام بە گوێرەی دواین ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 899 هەزار و 578) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیەو کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە بەشێوەیەک (2 ملیۆن و 683 هەزار و 618) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (215 هەزار و 960) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. هەر بۆیە دەبینین ژمارەی ئەوانی مافی دەنگدانیان هەیە بەراورد بە خولی پێنجەم (185 هەزار و 883) کەس بە ڕێژەی (6%) کەمی کردووە.
کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر کە کاتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە بریتییە لە (ملیۆنێک 22 هەزار و 906) دەنگدەر، بەشێوەیەک (933 هەزار و 115) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (89 هەزار و 791) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە (ملیۆنێک 87 هەزار و 73) دەنگدەر، بەشێوەیەک (ملیۆنێک و 8 هەزار و 412) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (78 هەزار و 661) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بریتییە لە (729 هەزار و 347) دەنگدەر، بەشێوەیەک (682 هەزار و 791) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (46 هەزار و 556) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە (60 هەزار و 252) دەنگدەر، بەشێوەیەک (59 هەزار و 300) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (952) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
بۆ بەرچاو ڕوونی بڕوانە خشتە و گرافیکی هاوپێچ
خشتەو گرافیک
سەرچاوەکان
• محەمەد رەئوف، هەڵبژاردن لە کوردستان 1992 – 2021، توێژینەوەیەکی شیکاری – بەراوردکارییە، چاپی سێیەم، 2023.
• دامەزراوەی میدیایی درەو، کلیلی هەڵبژاردنەکان 1992 – 2021 پێگەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا، چاپی یەکەم 2023.