خانەنشینبوونی (ئەبو فەدەك)و (ئەبو زەینەب) ناكۆكی دەخاتە ماڵی شیعەكانەوە

2025-02-17 13:10:11
راپۆرت: درەو
بەهۆی ئەوەی (ئەبو فەدەك)و (ئەبو زەینەب) خانەنشین دەكات، یاسای حەشدی شەعبی ناكۆكی خستوەتە ناو ماڵی شیعەكانی نزیك لە ئێرانەوە، ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمان هەڵوەشایەوە، حاجی عامری خۆی چووە پەرلەمان، بەڵام هێشتا چارەسەر نەبووە، هەندێك لە شیعەكان گومانیان هەیە حكومەتی سودانی لەپەنای ئەم یاسایەوە، حەشد پاكتاو بكات و بێ دەسەڵاتیان بكات، تارانیش تەماشای دۆخەكە دەكات، ئایەتوڵا خامنەیی بەر لە مانگێك سودانی لەوە ئاگاداركردەوە كە دەبێت پارێزگاری لە حەشد بكات، وردەكاریی زیاتر لەم راپۆرتەدا.
پەرلەمان دانیشتنی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆی خۆی كشاندەوەو دانیشتنەكەشی هەڵوەشاندەوە. بەپێی قسەی سەرچاوەكان، هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی ئەمڕۆ، دوای سەردانی هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی (بەدر) هاتووە بۆ ناو بینای پەرلەمان؛ بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكییانەی لەسەر یاسای حەشدی شەعبی دروستبووە، عامری لەگەڵ موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كوتلە پەرلەمانییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی (لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران) كۆبوەتەوە.
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ غەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ عەممار حەكیم) لەناوخۆیاندا لەبارەی یەكێك لە ماددەكانی (یاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی) ناكۆكن، وەكو پەرلەمانتار (عەباس جبوری) دەڵێ: ئەو ماددەیە دەبێتە هۆی خانەنشینكردنی نزیكەی (4 هەزار) كەس لە جەنگاوەرانی نەوەی "ئەبو مەهدی موهەندیس"، ئەمە بوەتە هۆی پەكخستنی پرۆسەی دەنگدان لەسەر یاساكە، ئەبو مەهدی لەگەڵ قاسمی سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێكی ئەمریكادا لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغداد كوژرا، ئەمە یەكەم گورز بوو كە بەر حەشدو هەژموی ئێران كەوت لەناوخۆی عێراقدا.
هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان لەكاتێكدایە، بەر لە چەند رۆژێك هادی عامری و فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كۆبوونەوەیەكیان بە فەرماندەكانی حەشد كرد بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەی بەهۆی خانەنشینبوونەوەی رووبەڕووی حەشد دەبێتەوە، بەڵام وادیارە لەم كۆبوونەوەیەكدا بە هیچ رێككەوتنێك نەگەیشتوون.
ئەبو فەدەك و ئەبو زەینەب!
وەكو باسدەكرێت، ئەگەر ئەو ماددەیە لە یاساكەدا تێپەڕیت، تەنانەت دەبێت (فالح فەیاز)ی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیش رەوانەی خانەنشینیی بكرێت. هەندێك لە فەرماندەكانی حەشد زیاتر دەڕۆن و پێیانوایە خانەنشینكردنی ئەو (4 هەزار) كەس لە حەشدی شەعبی لەرێگەی هەمواری یاسای حەشدەوە، دەچێتە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان كە ناوكی (حەشد)ن، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ فشارەكانی ئەمریكا بەو ئاڕاستەیەدا.
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمان دەڵێ پرۆژە یاساكە پێشتر ئامادە بووە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەو پێشنیارانەی كە هەندێك لە پەرلەمانتاران پێشكەشیان كردووە بوەتە هۆی ئەوەی یاساكە لەلایەن حكومەت و دەستەی حەشدی شەعبییەوە بكێشرێتەوە بەمەبەستی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی، بەر لەوەی بخرێتە دەنگدانەوە.
عەلی بەنداوی ئەندامی ئەم لیژنەیە رایگەیاند" یاساكە گرنگەو خزمەت بە رۆڵەكانی حەشدی شەعبی دەكات، هەروەكو پاڵپشتی خێزانی شەهیدان و بریندارەكانیش لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە فەراهەمكردنی مافی ئەوانەی لەناو حەشددا كاردەكەن".
بەڵام (ئەبو میساق مەساری) كە یەكێكە لە فەرماندەكانی رێكخراوی (بەدر) كە گروپێكی چەكداری شیعەیە بە رێبەرایەتی حاجی هادی عامری باسلەوە دەكات، بەهۆی ئەوەی تەمەنی یاساییان تێپەڕاندووە، یاساكە ژمارەیەكی زۆر لە دەستەبژێری حەشد رەوانەی خانەنشینیی دەكات، كە ژمارەیان لە (3 هەزارو 500) كەس زیاترە، لەنێویاندا هەریەكە لە (ئەبو فەدەك محەمەداوی) سەرۆكی ئەركانی حەشدو (ئەبو زەینەب لامی) سەرۆكی دەزگای ئاسایشی حەشد هەن.
بە بۆچوونی ئەم فەرماندەی رێكخراوی بەدر، حەشدی شەعبی بەبێ ئەم "حاجی"یانە كە مەبەستی لە (ئەبو فەدەك)و (ئەبو زەینەب) هیچی نامێنێتەوە، بۆیە پێشنیارێك هەیە بۆ ئەوەی ئەم حاجیانە رەوانەی خانەنشینیی بكرێن و دواتر بە گرێبەست بیانگەڕێننەوە بۆ ناو حەشد، بەڵام ئەم چارەسەرەش هێشتا ناكۆكی لەسەرە لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، ئەوانەی لایەنگریی مانەوەی ئەم كەسانە دەكەن دەڵێن لە حاڵەتی مانەوەیاندا بەشێوەی گرێبەست هیچ دەسەڵاتێكیان نامێنێت، بۆیە دەبێت پارێزگاریی لە مانەوەی هەمیشەییان بكرێت.
سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن، حكومەت سورە لەسەر ئەوەی بڕگەی تەمەنی یاسایی بۆ خانەنشینبوون وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت كە 60 ساڵە، ئەمەش بەواتای گۆڕینی هێڵی یەكەمی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی دێت، بەڵام پێشنیارێكی حكومیی هەیە بۆ رازیكردنی حەشد، ئەویش ئەوەیە فەرماندە خانەنشینەكان پۆستی راوێژكاریان پێبدرێت، بەڵام وادیارە ئەم پێشنیارەش ئەو فەرماندانەی قایل نەكردووە كە سەرباری تێپەڕینی تەمەنی یاساییان هێشتا چاویان لەوەیە پارێزگاری لە رۆڵ و دەستڕۆیشتوویی سیاسی و مەیدانیی خۆیان بكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە، هەندێك لە سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن، حكومەتی محەمەد شیاع سودانی لەڕێگەی ئەم یاسایەوە دەیەویت دۆسیەی حەشد پاكتاو بكات و دواتر بەتەواوەتی تێكەڵ بە دامەزراوەی ئەمنیی عێراقیان بكات و لەم رێگەیەوە بەتەواوەتی كۆنترۆڵی جموجوڵیان بكات، دۆخەكەش لەئێستادا بە جۆرێكە فەرماندەكانی حەشد جگە لە قبوڵكردن هیچ بژاردەیەكی تریان لەبەردەستدا نییە.
پەیامی خامنەیی بۆ سودانی
حەشدی شەعبی چەتری كۆكەرەوەی زیاتر لە (70) گروپی چەكدارە شیعەو لایەنگرانی ئێرانە، هەربۆیە پرسەكە رەهەندی دەرەكیشی (دەرەرەوەی سنوری عێراق) وەرگرتووەو هەر جۆرە مامەڵەیەك لەوبارەیەوە دەبێت چاوەڕوانی كاردانەوەی تارانی لێ بكریت.
بەر لە مانگێك سودانی سەردانی تارانی كرد، لەوێ عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانی بینی، خامنەیی داوای لێكرد پارێزگاری لە هێزەكانی حەشدی شەعبی بكات و بەهێزتریان بكات، ئەم قسەیە چاوەڕوان نەكراو بوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەر لە سەردانی سودانی بۆ تاران، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی سەردانی بەغدادی كردو سەرچاوەكان لەناو ماڵی شیعەوە باسیان لەوە دەكرد، لەچوارچێوەی ئەو دۆخە نوێیەی كە لەوای جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە لە ناوچەكە هاتووەتە ئاراوە، ئێران دەیەوێت پارێزگاری لە هەژموونی خۆی بكات لە عێراق و بۆ ئەمەش دەیەوێت ژمارەیەك لە گروپە چەكدارەكان هەڵوەشێنێتەوەو حزبی سیاسییان بۆ دروستبكات بەمەبەستی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئایندەی عێراقدا، ئەمەش بۆ ئەوەی لە مەترشی هێرشی سەربازی ئیسرائیل یاخود ئەمریكا لەم قۆناغەدا بەدووریان بگرێت.
بەر لە توندبوونەوەی ناكۆكییەكان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی، مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەمدواییە سەردانی تارانی كردو یەكێك لە پرسەكانی سەردانەكەی تایبەت بوو بە چارەنوسی حەشدەوە، ئەم رۆژانەش بەرپرسانی ئێرانی بەردەوامن لە جموجوڵەكانیان لە بەغداد.
كورتەیەك لەبارەی حەشدەوە
هێزەکانی حەشدی شەعبی دوای دەرکردنی فەتوای (جیهادی کفائی) لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعە "عەلی سیستانی"یەوە، لە ساڵی (2014)، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی سێیەکی خاکی عێراقدا لەلایەن "داعش"ەوە پێکهێنرا. دواتر یاسای هێزەکانی حەشدی شەعبی پەسەندکرا دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە 26ی تشرینی دووەمی 2016 دەنگی لەسەردا و کردی بە هێزێکی فەرمی ژێر فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی داڕشتنی سیاسەت، پێکهاتەی شیعە 85%ی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و 15%ی پێکهاتەی سوننە پێکیدەهێنێت. سەبارەت بە ئاستی سەرکردایەتیش پێکهاتەی شیعە بە ڕێژەی 100% کۆنتڕۆڵی هێزەکانی کردووە.
هیشام هاشمی توێژەری ئەمنیی و شارەزای گروپە ئیسلامییەكان كە سەرەتاكانی تەموزی 2020 لە بەغداد تیرۆر كرا، بەر لە تیرۆركردنی توێژینەوەیەكی وردی لەبارەی حەشدی شەعبی بڵاوكردەوە، تێیدا وردەكاریی ناكۆكییەكانی ناو ئەم هێزەی لەنێوان هەردوو بەرەی (خامنەیی)و (عەلی سیستانی)دا ئاشكراكردبوو.
لە توێژینەوەكەیدا هاشمی باسی لەوەكردبوو، حەشد پێكدێت لە (67) گروپی شیعە، (43) گروپی سوننیو، (9) گروپی سەربە كەمینەكان لە ناوچەكانی باكوری وڵات، دەكرێت ئەو گروپە شیعانە لەڕووی پەیڕەویكردنیان لە فیقهی مەزهەبییەوە دابەشبكرێن بۆ (44) گروپی پەیڕەوكار لە خامنەییو، (17) گروپی پەیڕەوكار لە سیستانی، (6) گروپی پەیڕەوكار لە مەرجەعەكانی تری شیعە لەناوخۆو دەرەوەی عێراق.
ئەوكات هاشمی نوسیبووی: ژمارەی توانای مرۆیی كۆی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەگاتە (164 هەزار) كارمەندو هێزی شەڕكەرو لۆجستی، یاسای ژمارە (40)ی ساڵی 2016 دەیپارێزێتو پشت بە پەیكەرێكی رێكخراوەیی دەبەستێت كە چەند فەرمانێكی دیوانیی لە ساڵی 2019دا بۆی داناوە، كە ئەوانیش فەرمانەكانی ژمارە (237)و (328)و (331)ن، ژمارەی توانای مرۆیی سەربە پێكهاتەی شیعە نزیكەی (110 هەزار) كەسە، پێكهاتەی سوننەش نزیكەی (45 هەزار) كەسە، پێكهاتەی كەمینەكانیش نزیكەی 10 هەزار كەسن.
