Draw Media

خویندنەوەیەک بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران

خویندنەوەیەک بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران

2025-02-13 08:52:55


نوسەر و یاسایی /سلێمان مستەفا حەسەن


هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە دەبێت لەنێوان مانگی (١٠ بۆ مانگی ١١ ) ئەم ساڵدا ئەنجام بدرێت ،یەکیکە لەو پرسانەی کە بە گرنگیەوە لێدەروانڕێت لەڕوی نەخشەی سیاسی ئایندەی عێراق لە دەرنجامی داواکاری دەنگدەران و دۆستانی عێراق و ئەو گۆڕانکاریانە لەناوچەکەدا ڕویانداوە ، بۆیە لەئێستادا کات درنگە و زوو نییە دەست بە ئامادەکاریەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت ، دیارە شاراوە نییە بۆ هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردنیش ئامادەکاری پێویستە ، لەوانە چوارچێوەی دەستوری و یاسایی ، ئامادەکاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ، تەرخان کردنی بودجە .
لە بابەتی پێشوماندا بە ناوی ( دەرفەتێک بۆ چاکسازی بەر لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران) تیشکمان خستە سەر چەند لایەنێکی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ، لێرەدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەکی گشتگیر بۆ چوارچێوەی و یاساییەکەی بکەین لەبەر ڕۆشنایی دەقەکانی دەستووردا .
سەرکەوتنی هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردنیش بەندە بە ئامادەکاری پێش وەختە بۆ دوو کۆڵەکەی هەڵبژاردن کە خۆی لە : بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی و بەهێزکردنی دەستپاکی لە بەرێوەبردنی هەڵبژاردندا دەبینێتەوە  .
چوارچێوەی دەستوری:
 ماددەی ( ١٣) ی دەستور جەختە دەکاتەوە کە:
 يەكەم: ئەم دەستورە بە ياساى باڵاو هەرە بەرز دادەنرێت لە عێراقداو،  پێويستە لە هەموو شوێنێكى عێراقدا پابەندبن پێوەى بە بێ جياوازى.
 دووەم: نابێت ياسايەك دابنرێت پێچەوانەى ئەم دەستورە بێت.
 گرنگتر لەمەشیان لە ماددەى( ١٣٠ )ی دەستوریش دووپاتی دەکاتەوە (ياسا كارپێكراوەكان كاريان پێدەكرێت ئەگەر هەڵنەوەشێنرابێتنەوە يان هەموار نەكرابن بەگوێرەى حوكمەكانى ئەم دەستوورە.) کەواتە ئەو دووبنەما دەستوریە نەخشە رێگای یاسا دانانن و دەبێت  پابەندبن پێەوە .
جگە لەو دوو ماددەی دەستور کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان ،چەندین بنەمای تر لەماددەکانی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ ئاماژەیان بەکۆمەڵی بنەمای تایبەت بە سەروەری یاسا و سەروەری گەل و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەرکردنی یاسا و پرسی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن وە لە دوو توێی ماددەکانی رێکخراون وەک نەخشە ڕێگا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە یاسا رێکیان بخات ، گەر سەرنج بدەین لە ماددەی پێنجەمی دەستووری عێراق جەخت دەکاتەوە کە(سەروەرى بۆ ياسايە، گەليش سەرچاوەى دەسەڵات و شەرعيبوونيەتى، كە بە هۆى دەنگدانى ڕاستەوخۆو نهێنيەوە لە ڕێى دام و دەزگا دەستووريەكانەوە ئەنجامى دەدات  . بۆ نمونە لەماددەی شەشەمیش دا پێداگری لەسەر (ئاڵوگۆڕى دەسەڵات ئاشتيانەو لە ڕێى ئەو ميكانيزمە ديموكراسيانەوە دەبێت كە لەم دەستوورەدا ئاماژەيان پێكراوە. لە ماددەی بیستی دەستوریشدا هاتوە (    هەموو هاوڵاتيەك بە ژن و پياوەوە مافى بەشداريكردنی لە كاروبارى گشتى و شاد بوون بە مافە سياسيەكان هەيە لەوانە مافى دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن. کەواتە بنەماو جوارچێوەی دەستوری بۆ پرسی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماددەی ( ٣ ، ٥ ،٦ ،١٣ ، ٢٠. ٤٩ ،٥٦ ) ماددەکانی تری پەیوەندیدار دەگەڕێتەوە .
وە بە دیاریکراویش لەبەر ڕۆشنایی ماددەی ٤٩/ سێيەم /مەرجەكانى كانديدەكان و دەنگدەران و هەرچى پەيوەندى بە هەڵبژاردنەوە هەيە بە ياسا دياري دەكرێت. ئەنجومەنی نوێنەران یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەر مەبنای ئەم دەقە و دەقەکانی تر دەرکردوە .

چوارچێوەی یاسایی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران
یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەران :
پاڵپشت بەو ماددە دەستوریانەی لەسەروە ئاماژەمان پێدان لەدوای پەسەندکردنی دەستوری عێراقی فیدڕاڵ لەساڵی ٢٠٠٥ وە ئەنجومەنی نوینەران یاسای هەڵبژاردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەرکردوە ، لەهەمان کاتدا لە خولی یەکەمەوە بەدیاریکراوی (٢٠٠٥ بۆ ٢٠٢٣) بە بەردەوامی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران یان هەموار کراوە ، یان بەتەواوی هەڵوەشێنراوەتە ، بێ گومان ئەم کردارەی لە لایەن هێزە باڵا دەستەکان پێرەوی لیوەکراوە هەموو هەژموونی زۆرینە بووە بۆ مسۆگەر کردنی بردنەوەی هەڵبژاردن بوو ، بەداخەوە گە کاریگەری نەرێنی جێ ‌هێشتوە لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دا.
لێرەدا ناگەڕێنەوە سەر یاسای خولەکانی پێشووئەنجومەنی نوێنەران بەڵکو تەنها ئاماژە بەیاسای هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دەدەین کە بە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامدرا ، لە ئێستادا ئەگەر سەرنج بدەین بۆ یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەم یاسای ژمارە (٩) لە لایەک هەموار کراوە بە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ ، لە لایەکی ترەوە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بەیاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ هەڵوەشێنراوەتەوە ، کە بابەتێکە دەکرێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت لەبةر ڕۆشنایی ماددەکانی یاساکە.
ئەوەی لەم خوێندنەوە جێگای باس و شرۆڤەی ئێمەیە یاسای هەڵبژاردنی ژمارە ( ٩ ) ی ساڵی ٢٠٢٠و یاسای ژمارە (٤ ) ی ساڵی ٢٠٢٣یاسای هەمواری سێیەمی  یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاو ناحەیە رێکنەخراوەکان لەگەڵ هیچ هەرێمێکدا  . سەرەتا پێویستە یاساکان لێک جیا بکەینەوە چونکە ئەنجومەنی نوێنەران دوو یاسای جیاواز ی بۆ دوو ئەنجومەنی جیاواز لە یەک یاسادا هەموار کردۆتەوە:
یەکەم : یاسای ئەنجومەنی نوینەران :
یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانە کە لە کە لە (٥٠) ماددە و پاشکۆی دابەشکاری بازنەکان پێکهاتوە و لە ژمارە (٤٦٠٣) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە .
دووەم : یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان :  یاسای ژمارە (١٢)ساڵی ٢٠١٨کە لە (٥٢) ماددە پێکهاتوەو لە ژمارە (٤٤٩٤) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە کە دوو جار هەموار کراوە ، هەمواری یەکەم بەیاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠١٩ کراوە کە لە ژمارە (٤٥٥٣ ) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە ، هەمواری دووەمی بە یاسای (٢٧)ی ساڵی ٢٠١٩ کراوە کەلە ژمارە (٤٥٦٦ ) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە.
سێیەم : یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەمی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە (٢٦) ماددە پێکهاتوەو ، لە ژمارە (  ٤٧١٨) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە.
سەرتا دێنە سەر شرۆڤەی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران :
یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ ئەو یاسایە بوو کە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێ ئەنجام دراوە ، بەڵام  لە ئێستادا بە یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی ٢٠٢٣ هەموار کراوە لە لایەک هەموار کراوە ، لە لایەکی تر بەهەمان یاسا هەڵوەشێنراوەتەوە ، هەموارەکەش بۆ دوو یاسا بەیەکەوە کراوە واتە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩) و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەموار کراوە ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠١٨ .
یاسای ژمارە (٤) ساڵی ٢٠٢٣ بەناوی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای ئەنجومەنی نوینەران و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاوقەزاو ناحیەکانە ، جارێ گەر دیقەت بدەین ناوی یاساکە هەڵەیە چونکە یاسای ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ هەمواری یەکەم و دووەمی بۆ نەکراوە ، واتە لەڕوی یاساییەوە دەبوایە ناوی یاساکە ( یاسای هەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و یاسای هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگاوقەزاو ناحەکان بوایە ) گەر مەبەستی یاسادانەر هەموار کردنی هەر دوو یاساکەیە ، بەلام گەر نیەتی یاسا دانەر هەڵوەشاندنەوەی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانە دەبوایە لە ڕووی یاساییەوە یاساکە ناوی ( یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ) بوایە .
چونکە گەر سەرنج بدەین بەپێی بڕگەی یەکەم لە ماددەی (٢٥)ی یاسای ژمارە (٤) ساڵی ٢٠٢٣ یاسای ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوەشێنراوەتەوە چونگە بەدەقێکی ڕوون دەڵێت ( اولا : یلغی قانون انتخابات مجلس النواب العراقی رقم (٩) لسنە ٢٠٢٠   ) کەواتە لێرەدا دژ یەکی هەیە لە نێوان ناونیشانی یاساکە کە بەناوی یاسای هەمواری سێەمی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و یاسای ئەنجومەنی پارێزگا وقەزاو ناحەکان هاتوە. چونکە لەروی زمانەوانی و ناوەرۆکە جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان زاراوەی (هەموارکردن و هەڵوەشاندنەوە )
بۆیە بەپێی دەقی ماددەی (١٣٠ ) دەستور لە ئێستادا یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بەرکار نییە وەک لەماددەکەدا هاتوە ( ياسا كارپێكراوەكان كاريان پێدەكرێت ئەگەر هەڵنەوەشێنرابێتنەوە يان هەموار نەكرابن بەگوێرەى حوكمەكانى ئەم دەستوورە.
کەواتە ئێستا ئەو یاسایەی بەرکارە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ، ئەو یاسایە لە (٢٦) ماددە پێکهاتوە ،
ئەگەر لە ناوەڕۆکی یاساکە وورد بینەوە چوارچێوەی یاسایی هەڵبژاردنی ئەم خولە بەم شێوەی خوارەوەیە :
یەکەم : لەماددەی یەکەمی یاساکەدا دەڵێت ئەم یاسایە بەسەر ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا وقەزاو ناحیەکان جێبەجێ دەبێت ، بەڵام لە یاسای ژمارە ٤ باسی هەڵوەشاندنەوەی یاسای پارێزگاو قەزاو ناحەکانی نەکردوە.
دووەم : لە ئاماژەدان بە ماددە هەموار کراوەکان لەهەردوو یاساکە جیاوازن
سێیەم : لەماددەی (٧) یاساکەدا هاتوە ماددەی (١٢)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە ( دەنگە دروستەکانی هەر لیستیەکە دابەشی ژمارە ١.٧ ، ٣ ، ٥ ، ٧ ، ٩  ) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکان ، هەموارەکە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دروستە بەڵام ماددەی (١٢) لەیاسای ئەنجومەنی نوێنەران بابەتێکی ترە ، گەر بەو بنەمایە وەریبگرین ئەوا لەم هەڵبژاردنە کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی بەشیوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت .
چوارەم :بەپیی ماددەی (٩) یاساکە ماددەی (١٥) لەیاسای ژمارە (٩) ی ساڵی ٢٠٢٠ ی هەموار کردوە و دەلێت ماددەکە بەم شیوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە ، بە پێی ناوەرۆکی ماددەکە ، کار بە سیستەمی براوەی یەکەم  ناکرێت ، بەپێی خشتەیی هاوپێچی یاساکە (٣٢٠) کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەش کردوە ، هەروەها (٩) کورسیی بۆ پێکهاتەکان تەرخان کردوە ، بەبێی ڕەچاوکردنی بنەمای بڕگەی یەکەمی ماددەی (٤٩) ی دەستور کە لە ئێستادا پرۆسەی سەرژمێری ئەنجام دراوە .
پێنجەم : بەپێی ماددەی (١٠) یاساکە ماددەی (١٦) یاساکەی هەموار کردوە ناوەرۆکی هەموارەکە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دروستە بەڵام بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بابەتێکی ترە .
شەشەم : ئەوەی لە یاساکە دەخوێنرێتەوە :
1-    بازنەکانی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای پاڕیزگا رێکدەخرێنەوە .
2-    کار بەسیتەمی نوێنەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت دەنگی حزبەکان و کاندیدانی تاک بۆ کورسی یەکەم بەجیا دابەشی (١.٧) دوای ئەوە دەنگی حزبەکان بۆ کورسیەکانی تر دابەشی ژمارە تاکەکان دەکرێت تا هەموو کورسیەکان تەواو دەبن.
3-    پێویستە دەنگدەر بە ئیجباری دەنگ بدات بەلیستەی حزبەکان ، بەڵام بۆ کاندیدان ئیختیارییە ، واتە دەبێت یەکەم جار دەنگ بە لیستی دڵخوازی بدات ئینجا گەر بیەوێت ئارزومەندانە دەنگ بە کاندیدێکی هەمان لیست بدات .
4-    کورسی کاندیدە براوەکان بەپێی ژمارەی دەنگەکانیان رێکدەخرێتەوە ، واتە شێوازی لیستی نیمچە کراوە پێرەو دەکرێت .
5-    هەروەها تەمەنی کاندیدان نابێت لە(٣٠) کەمتر بێت و مەرجە خاوەنی بڕوانامەی بکالۆریۆس بێت بۆ کۆتاکانیش لە ئامادەیی کەمتر نەبێت ، لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەمەنی کاندید (٢٨) ساڵ بوو وەک لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٨) یاسای ژمارە ٩ ساڵی ٢٠٢٠ هاتبوو.
6-    تۆماری بایۆمەتری و کارتی نیشتیمانی بەکار دەهێنرێن .
7-    ئەژمار کردن و جیاکردنەوەی ئەلکترۆنی پێرەو دەکرێت .
8-    ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە ٣٢٩ ئەندام دیار کردوە .
دەرنجام : هەروەک لەسەرتا ئاماژەمان بە ماددە دەستوریەکان دا ، بە پشت بەستن بەو بنەمایانە و گەرانەوە بۆ بڕگەی یەکەمی ماددەی (٢٥) لەیاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحيەکان ، یاسای ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوەشێنراوەتەوە ، بەڵام لە ناوەرۆکی یاساکەدا کە لە (٢٦ ) ماددە پێکهاتوە لەکۆی (٢٥) ماددە باس لە هەموارکردن و لادان و هەڵوەشاندنەوە دەکات بەبێ ئەوەی بلێت لەکام یاسا ئەو گۆرانکاریانە بکرێت لەگەڵ ئەوەشدا چەند ماددەیەک زیاد کراوە بەبێ ئەوەی بڵێت دەبن بە ماددەی چەند و بۆکام یاسا .
بۆیە گەر لە ماددە پەیوەندیدارەکاندا دەڵێت ماددەکە هەموار دەکرێت یان زیاد دەکرێت یان لادەدرێت و لە زیادکردنی مادەکانێش دەڵێت بۆ یاساکە زیاد دەکرێن ، گەر مەبەستی یاسادانەر هەڵوەشاندنەوەی یاساکەیە بۆچی باس لە هەموار دەکات ، بەرای ئێمە یاسا دانەری عێراقی بەمەبەست یان بێ مەبەست کەوتۆتە هەڵەو لادان لە کار کردن بە رێکارو بنەما دەستوری و یاساییەکان لەدەرکردنی ئەم  یاسایە هەروەها پێرەوی رێکاری شکلی و بابەتیش نەکراوە  ، چونکە ناکرێت دوو یاسا جیا لەناو یاسایەک هەموار بکرێن . ئەگەر نیەتی یاسا دانەر هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بێت وەک برگەی یەکەمی ماددەی (٢٥) یاسای ژمارە (٤) دا هاتوە ئەوا لەم هەڵبژاردنە تەنها حوکمەکانی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا جێبەجێ دەکرێن بێ گومان ئەم یاسایەش بە تەنها بەس نین بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ، بۆ نمونە لە ماددەی (٩) یاسای ژمارە (٤) دا دةڵێت ماددەی (١٥)ی یاسا هەموار دەکرێت کە لە بنەرەتدا ماددەی (١٥) ماددەیەکە لە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، بۆیە باشتر وایە ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەربکات کە وەڵام دەرەوەی خواستی دەنگدەران و پارتە سیاسیەکان و ڕای گشتی بێت ، گەر نا باشتر وایە بگەڕێنەوە بۆ کۆنوسی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران گەر هەڵەی چاپ بێت ئەم هەڵەیە چاک بکرێتەوە .
لەکۆتایی بە وتەیەکی کوردی کۆتایی بەم بابەتە دێنین و دەڵێن (کەنگر و ماست بە وادەی خۆی ) مەبەستی ئێمەش ئەوەیە تا کات بەردەستە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران رێکبخەنەوە لە دوو توێی یاسایەکی سەربەخۆدا .
 


   

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand