Draw Media

کاریگەری ڕاگرتنی پاڵپشتییە داراییەکانی "USAID"

کاریگەری ڕاگرتنی پاڵپشتییە داراییەکانی "USAID"

2025-02-16 17:30:03


راپۆرتی: درەو

🔹 بەپێی داتاکانی سایتی (Foreign Assistance) ی ئەمریکی، ئەو پاڵپشتییە داراییانەی لەلایەن سەرجەم ئاژانسە ئەمریکییەکان پێشکەش بە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی عێراق کراوە تەنها لە ساڵی (2024) بریتی بووە لە (180 ملیۆن و 447 هەزار و 919) دۆلار لە کاتێکدا ئەو بڕە پاڵپشتییە بە ڕێژەی (84%)ی و (151 ملیۆن و 476 هەزار و 883) دۆلاری لە لایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)" دابین کراوە.
🔹 بەپێی داتاکان ئەو پاڵپشتییە داراییانەی لەلایەن سەرجەم ئاژانسە ئەمریکییەکان پێشکەش بە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی (172) وڵاتی دنیا کراوە پاڵپشتییەکان تەنها لە ساڵی (2024) دا بریتی بووە لە (26 ملیار و 897 ملیۆن و 267 هەزار و 5) دۆلار لە کاتێکدا ئەو بڕە پاڵپشتییە بە ڕێژەی (92%)ی و (24 ملیار و 674 ملیۆن و 888 هەزار و 30) دۆلاری لە لایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)" بۆ (142) وڵاتی جیهان دابین کراوە.

سەرەتا
ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)"، دەزگایەکی سەربەخۆیە و بە بڕیارێکی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 1961 دروستکراوە و بودجەیەکی  نزیک لە (40 ملیار) دۆلاری کە نزیکەی (0.6%)ی کۆی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکایە بۆ هاوکاری مرۆیی و پەرەپێدان، کە بەشێکی زۆری بۆ بەرنامە تەندروستییەکان دەچێت. لە سەرانسەری جیهان زیاتر لە (120) وڵاتی جیهان خەرج دەکات. پێشترو لە 20/1/2025 "دۆناڵد ترامپ" پڕۆژەی هاوکارییە دەرەکییەکانی راگرت و داوایکرد لە ماوەی (90 رۆژ)دا پێداچوونەوەی بۆ ئەنجام بدرێت و تەنیا ئەو هاوکارییانە بهێڵدرێنەوە، کە لەگەڵ ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا یەکدەگرنەوە.
لە سەرەتای مانگی شوبات ئیلۆن مەسک، کە لەلایەن ترەمپەوە ئەرکی رێکخستنی ئابووریی ئەمریکای پێسپێردراوە، داخستنی ئاژانسی "یو ئێس ئەید"ی راگەیاند و سەرجەم کارمەندانی ئەو ئاژانسە لە رۆژی هەینی 31ی کانوونی دووەمەوە خراونەتە مۆڵەتی کارگێڕییەوە. ماسک لە ئەکاونتی خۆیدا لەسەر پلاتفۆرمی (X)  نووسیویەتی: "ئێمە دەزگای ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی دادەخەین"، ئەمەش توڕەیی و خۆپیشاندانی بەربڵاوی دیموکراتەکانی لە دەرەوەی باڵەخانەی ئاژانسەکە لێکەوتەوە.
ڕۆژی (6/2/2025) (مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا) لە میانی سەردانێکیدا بۆ "گواتیمالا" لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پاش ئەنجامدانی پێداچوونەوە بە هاوکارییە دەرەکییەکانی بواری مرۆیی لە سەرانسەری جیهان، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان. روبیۆ ئەوەشی ووت؛ دەبێت لە خوارەوە بۆ سەرەوە پێداچوونەوە بە دۆسیەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێت، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ئەوەی کام بەرنامەی هاوکاری گونجاوە بۆ جێبەجێکردن.
ئەو "یو ئێس ئەید"ی تۆمەتبار کرد بە وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ پێداچوونەوە بە بودجەی وڵاتدا. جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەو ئاژانسە خێرخوازی نییە و بودجەکەشیان بودجەی گشتییە و تایبەت نییە. ئەوە پارەی باجدەری ئەمریکییە ئەرکی ئەوانە بە ژیرانە خەرجی بکەن.

هاریکارییەکانی "یو ئێس ئەید (USAID)" بۆ عێراق
دۆخێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەزموون دەکرێت، بەتایبەت ئەو ڕێکخراوانەی کە سوودمەندن لە "پڕۆژەکانی گەشەپێدان (USAID)" لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای ئەوەی (وەزیری کارایی حکومەتی ئەمریکا "ئیلۆن مەسک")، داخستنی دەزگای گەشەپێدانی ئەمریکای"USAID" ڕاگەیاند، بڕیارەکەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڕەشەی وەستاندنی دەیان پڕۆژە، کە لەلایەن ڕێکخراوە ئەمریکییەکان لە عێراقدا پاڵپشتی ماددییان بۆ دابینکراوە.
ئەوەی جێگەی ئاماژەپێدانە زۆرینەی پڕۆژەکانی ئاژانسەکە لە چەند ساڵی ڕابردوو لە عێراقدا، تیشکیان خستووەتە سەر بەرنامەکانی چاکسازی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، پێشکەشکردنی هاوکاری بە شێوەی ماددی بۆ کەمکردنەوەی هەژاری، چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو، کەرتەکانی پەروەردە، و ژێرخانی ئابووری، جگە لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژە بچووکەکان و بەرنامەکانی "کارگێڕی" بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆییەکان. بەم بۆنەیەوە داهاتووی دەیان ڕێکخراوی ناوخۆیی کە لەلایەن "USAID"ەوە پاڵپشتی دەکرێن بە نادیاری دەبمێنێتەوە، بەتایبەتی کە هەندێکیان چالاکن لە بەرگریکردن لە ئازادییە گشتییەکان و پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ لە بڕیارەکە نیگەرانن
لەم چوارچێوەیەدا، کارمەندێکی یونیسێف، کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکرێت، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “العالم الجدید” ڕایگەیاندووە "تیمەکانی کارکردن لە چەند پارێزگایەک ئێستا لە دۆخێکی نادڵنیاییدان، بەو پێیەی هیچ ڕێنماییەکی فەرمی نییە سەبارەت بە داهاتووی ئەو بەرنامانە، هەروەها هیچ زانیارییەک لەبارەی بەدیلەکانی پێشنیارکراویشەوە نیە، نیگەرانییەکی جددیش هەیە سەبارەت بە چارەنووسی سودمەندانی ئەو پڕۆژانە، بەتایبەتی ئەو گروپ و ڕێکخراوانەی کە پشت بە پڕۆژەکان دەبەستن".
لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا دەزگای ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "USAID" وەبەرهێنانێکی بێ وێنەی بەهای (20 ملیۆن) دۆلار ڕاگەیاند بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و پاکوخاوێنی لە عێراق، بە هاوکاری لەگەڵ یونیسێف و لەژێر ڕێنمایی حکومەتی عێراقدا، بڕیار بوو پڕۆژەی تایبەت لە پێنج پارێزگا جێبەجێبکرێن، لەوانە میسان، دیوانیە، نەینەوا، بەغدا، هەولێر، بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئاو و پاکوخاوێنی و باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان کە نزیکەی (2.5 ملیۆن) کەس لێی سودمەند دەبوون.
هەندێک لە چاودێران پێیان وایە وەستاندنی ئەم بەرنامانە واتە پەکخستنی قۆڵی خێرخوازی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری، تەندروستی، و ڕاوێژکاری لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش کاریگەری لەسەر زۆرێک لەو وڵاتانە دەبێت کە لە کەرتە گرنگەکاندا پشت بەم هاوکارییە دەبەستن، ئەم هەوڵانەش ڕەنگە دەرگای گۆڕانکاری نوێ لە نەخشەی کاریگەری نێودەوڵەتی لە بواری گەشەپێداندا بکاتەوە.
لە هەفتەیی ڕابردوودا "جۆنی ئێرنست" سیناتۆری کۆمارییەکان لە ویلایەتی ئایوا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) لیستی ئەو پڕۆژانەی بڵاوکردەوە کە ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی (USAID) لە سەرانسەری جیهان پارەداری کردوون. لە یەکێک لەو پڕۆژانەی ئێرنست باسی کردووە دەڵێت، ئاژانسەکەی ئەمریکا )20 ملیۆن( دۆلاری لە عێراق بۆ بەرهەمهێنانی زنجیرەیەکی منداڵان خەرجکردووە.
 پڕۆژەکە لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن جێبەجێ کراوە و پارەکە دراوەتە رێکخراوی ناحکومی و قازانج نەویست، رێکخراوەکە زنجیرەیەکی تایبەتی بۆ منداڵانی عێراق بەناوی (ئەهلەن سمسم عێراق) بەرهەمهێناوە "کە یارمەتیی لەخۆگرتن، ئاوێتەکردن، رێزی هاوبەش، تێگەیشتن و یەکدی قبووڵکردن لەنێو گرووپە جیاوازە نەتەوەیی، تائیفی و ئاینییەکان دەدات." ئێرنست پڕۆژەکەی بە "بەهەدەردانی پارە" ناوبردووە.
پێش داخرانی وێبسایتەکەی، ئاژانسی USAID رایگەیاند، "عێراق خەریکە لە ساڵانێکی تەنگژە و شەڕ چاکدەبێتەوە، کۆمەڵگەکانی هەوڵی ئەوە دەدەن مانایەک بۆ ئاساییبوونەوەی ژیان بدۆزنەوە، ئەمە لە کاتێکدا برینە جەستەیی و دەروونییەکان هێشتا ماون. شەڕی داعش لە عێراق چەندین منداڵی دەربەدەر و ئاوارەکرد، بەتایبەت ئەو منداڵانەی لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانن."
 ئاژانسە ئەمریکییە کە ئێستا داخراوە ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ "گەنجانی عێراق کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، ناتوانن لە وڵاتەکەی خۆیان کە شەڕ و گەندەڵی بەرۆکی گرتووە، کارێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە."
بەپێی داتاکانی سایتی (Foreign Assistance.gov)ی ئەمریکی، هاریکاری ئاژانسە ئەمریکییەکانی ساڵی (2001 - 2024)ی لەسەرە لە نێویشیاندا هاریکارییەکانی (USAID) هەیە، بەپێی داتاکان ئەو پاڵپشتییە داراییانەی لەلایەن سەرجەم ئاژانسە ئەمریکییەکان  پێشکەش بە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی عێراق کراوە تەنها لە ساڵی (2024) بریتی بووە لە (180 ملیۆن و 447 هەزار و 919) دۆلار لە کاتێکدا ئەو بڕە پاڵپشتییە بە ڕێژەی (84%)ی و (151 ملیۆن و 476 هەزار و 883) دۆلاری لە لایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)" دابین کراوە. بۆ وردەکاری زیاتری پاڵپشتییەکانی ئاژانسە ئەمریکییەکان لە عێراق لە ماوەی ساڵانی (2021 - 2024) بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)).   
خشتەی ژمارە (1)

هاریکارییەکانی "یو ئێس ئەید (USAID)" بۆ وڵاتانی جیهان
ڕاگرتنی هاریکارییەکان ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)"، تەنها لە عێراق لێکەوتەی نەبووە، بەڵکو کاریگەرییەکانی جیهانین.
سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیWHO  دەڵێت، بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز، ئیفلیجی منداڵان، بۆکس و ئەنفلۆنزای باڵندە دەکەونە ژێر کاریگەری ڕاگرتنی دەیان ملیار دۆلاری هاوکاری دەرەوەی وڵات لە ئەمریکاوە. چارەسەری ئایدز و خزمەتگوزارییەکانی دیکە لە 50 وڵاتدا پەکخراوە.
هەر بۆیە دکتۆر (تێدرۆس ئەدهانۆم- سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی) داوای لە ئیدارەی ترەمپ کردووە بیر لە دەستپێکردنەوەی پارەی هاوکارییەکان بکاتەوە تا ئەو کاتەی چارەسەری دیکە دەدۆزرێتەوە.
کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەواندا لە جنێڤ، دکتۆر تێدرۆس وتی: "کردەوەگەلێک هەن کە حکومەتی ئەمریکا ئەنجامی دەدات... کە ئێمە نیگەران دەکات و کاریگەری جددی لەسەر تەندروستی جیهانی هەیە". دکتۆر تێدرۆس ئەوەشی وتووە: کلینیکەکان داخراون و کارمەندانی تەندروستی خراونەتە مۆڵەتەوە.
بۆ نمونە لە کابولی ئەفغانستان، بەرنامەیەکی گەورە، کە تاکە بژاردەی خوێندنی باڵایە بۆ کچان داخراوە. لە سەرانسەری پاکستاندا دەیان بەرنامەی گەشەپێدان وەستاون.
لە بەنگلادیش ناوەندێکی توێژینەوەی تەندروستی زیاتر لە هەزار کارمەندی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.
ئەم دەرئەنجامە دوو هەفتە دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هاوکارییە دەرەکییەکانی ڕاگرت لە کاتێکدا پێداچوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجامدرا و هەزاران بەرنامەی پەرەپێدانی لە دۆخێکی نادیاردا هێشتەوە.
خوێندکارێکی قوتابخانەی کچان لە کابول کە لەلایەن USAIDەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، بەبێ ئەوەی ناوی خۆی ئاشکرا بکات، وتی: "من تووشی شۆک بووم". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە دوا بژاردە بوو کە مابووەوە بۆ کچان بۆ ئەوەی خوێندن وەربگرن و کارێک بەدەستبهێنن".
سەرۆکی ڕێکخراوێکی پەروەردەیی قازانج نەویست لە ئەفغانستان کە لەلایەن USAID پشتگیری دەکرێت و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی: "خەڵک بەردەوام پەیوەندی دەکەن و پرسیار دەکەن، 'کەی بەرنامەکە دەستپێدەکاتەوە؟".
هەرچەندە لەم دواییانەدا یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا کەمیکردووە، بەڵام ناوچەکە هێشتا ساڵانە ملیارەها دۆلار وەردەگرێت و ئەفغانستان گەورەترین وەرگری ناوچەکەیە.
وڵاتەکە کە لە ساڵی 2023دا (ملیارێک و 300 ملیۆن) دۆلاری وەرگرتووە، ئێستا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی داخستنی بەرنامەکان بووەتەوە، بەرنامەکانی گەشەپێدان لە تەندروستی منداڵ و دایکانەوە تا پەروەردە وەستاون.
کاریگەرییەکەی بەرفراوان بووە. بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ناوچەکە، "پیۆ سمیس"، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان سەرجەم ئەو پرۆگرامانەی لە ئەفغانستان پشتگیریان لێدەکرێت لەلایەن ئەمریکاوە ڕاگیراوە، ئەمەش ئەگەری هەیە لەسەر زیاتر لە (9 ملیۆن) کەس کە لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەش ببن.
کەرتی پەروەردە یەکێکی دیکەیە لە قوربانییەکانی ڕاگرتنی هاوکارییەکان لە ئەفغانستان. زانکۆی ئەمریکی لە ئەفغانستان کە لە ساڵی 2006 بە یارمەتی USAID دامەزراوە، بەپێی زانیارییەکان، خوێندنی ڕاگرتووە.
لەلایەکی دیکەوە لە بەنگلادیش زانکۆی ئاسیا بۆ ژنان لە خەباتدایە بۆ ئەوەی سەدان خوێندکاری ئەفغانی بهێڵێتەوە دوای ئەوەی پارەی ئەمریکا وشک بووەوە. بۆ دابینکردنی کەمیی بودجە، زانکۆکە بانگەوازێکی (7 ملیۆن) دۆلاری دەستپێکردووە.
زانکۆکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە "ناتوانین و ناتوانین ئەو خوێندکارانە بنێرینەوە بۆ ئایندەیەکی نادیار و ستەمکار".
بەنگلادیش هاوپەیمانی ئەمریکایە و گەورەترین وەرگری یارمەتییەکانی ئەمریکایە لە باشووری ئاسیا دوای ئەفغانستان، زیاتر لە (500 ملیۆن دۆلار) پشتگیری لە کۆمەڵێک بەرنامەی بەرفراوان دەکات لە یارمەتییە خۆراکییە فریاگوزارییەکانەوە تا بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی سیل و ئەنفلۆنزای پەتا.
لە پاکستان زیاتر لە دەیان پڕۆژەی کە لەلایەن ڕێکخراوی USAIDەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داخران. ناوەندێکی سووتاوی و نەشتەرگەری جوانکاری لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، کە بە یارمەتیی 15 ملیۆن دۆلاری USAID دروستکراوە، ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار دەبێتەوە. دکتۆر تەحمیدوڵڵا، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: لە ئێستادا نازانم چی بەسەر تەواوی بەرنامەکەدا دێت، بەڵام هیوادارم بەرنامەکە بەرەو پێشەوە بچێت.
لە ئاسیای ناوەڕاست کە پێنج کۆماری سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی 2023دا نزیکەی (235 ملیۆن دۆلار)یان وەرگرتووە، بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییە ناوخۆییەکان، نزیکەی هەموو بەرنامە و دەستپێشخەرییەک کە لەلایەن USAID پارەدار دەکرێت، ڕاگیراوە.
ئەلیشەر خامدۆڤ، ڕاوێژکارێکی قیرغیزستانە و بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی USAID دەکات لە ناوچەکەدا دەڵێت: "بەپێی ئەو زانیارییانەی کۆیکردۆتەوە، تا ئێستا هەموو جۆرە بەرنامە و دەستپێشخەرییەک ڕاگیراون".
ڕاگرتنەکان دەستپێشخەرییە تەندروستییە گرنگەکانی وەک بەرنامەکانی "بێ سیل"ی USAID بە بڕی (18 ملیۆن-20 ملیۆن) دۆلار لە تاجیکستان و ئۆزبەکستان لەخۆدەگرن کە هەردووکیان لە ساڵی 2023 دەستیپێکردووە.
خامدۆڤ هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا وتی: ئەم پڕۆژەیە بۆ ئۆزبەکستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە یەکێک بوو لەو پڕۆژە کەمانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیل بنیادنراوە لە وڵاتەکەدا.
ڕێکخراوی USAID گرینگ بووە لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی لە کۆڵۆمبیا، هەوڵەکانی پاراستن لە ئەمازۆنی بەڕازیل و بنبڕکردنی کۆکاین لە پیرۆ. هەروەها پارەی ئەم دواییەی USAID پشتگیری لە یارمەتییە مرۆییە بەپەلەییەکانی کردووە بۆ زیاتر لە 2.8 ملیۆن خەڵکی ڤەنزوێلا کە لە قەیرانی ئابووری هەڵاتوون.
لە بەرازیل، گەورەترین دەستپێشخەری USAID هاوبەشی بۆ پاراستنی جۆراوجۆری بایۆلۆجی ئەمازۆنە، کە گرنگی بە پاراستن و باشترکردنی بژێوی ژیانی گەلانی ڕەسەن و کۆمەڵگاکانی تری دارستانە باراناوییەکان دەدات.
لە پیرۆ، بەشێک لە (135 ملیۆن) دۆلاری USAID لە ساڵی 2024دا تەرخانکرابوو بۆ دابینکردنی دارایی بەدیلەکانی بەرهەمهێنانی کۆکاین وەک قاوە و کاکاو. دەزگای مرۆیی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە هەوڵی سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانە دەدات.
یەکێک لە سەرکەوتووترین بەرنامەکانی یارمەتی دەرەکی لە جیهاندا ناسراوە، پلانی فریاگوزاری سەرۆک بۆ فریاگوزاری ئایدز، یان PEPFAR، شانازیی بە ڕزگارکردنی ژیانی زیاتر لە 25 ملیۆن کەسەوە کراوە، کە زۆربەیان لە ئەفریقان.
ئارۆن مۆتسۆالیدی، وەزیری تەندروستی ئەفریقای باشوور، ئەو وڵاتەی زۆرترین ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی ئایدزی تێدایە، دوای ئەوەی ئەمریکا یارمەتییەکانی ڕاگرت، وتی: "جیهان سەری لێ شێوا".

زۆر بەکورتی بەپێی داتاکانی سایتی (Foreign Assistance.gov)ی ئەمریکی، هاریکاری ئاژانسە ئەمریکییەکانی ساڵی (2001 - 2024)ی لەسەرە لە نێویشیاندا هاریکارییەکانی (USAID) هەیە، بەپێی داتاکان ئەو پاڵپشتییە داراییانەی لەلایەن سەرجەم ئاژانسە ئەمریکییەکان  پێشکەش بە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی (172) وڵاتی دنیا کراوە پاڵپشتییەکان تەنها لە ساڵی (2024)دا بریتی بووە لە (26 ملیار و 897 ملیۆن و 267 هەزار و 5) دۆلار لە کاتێکدا ئەو بڕە پاڵپشتییە بە ڕێژەی (92%)ی و (24 ملیار و 674 ملیۆن و 888 هەزار و 30) دۆلاری لە لایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئەید (USAID)" بۆ (142) وڵاتی جیهان دابین کراوە. بۆ وردەکاری زیاتری پاڵپشتییەکانی ئاژانسە ئەمریکییەکان لەساڵی (2024) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).   

خشتەی ژمارە (2)

 

کاردانەوە ناوخۆییەکان بۆ بڕیاری ڕاگرتنی هاریکارییەکان "یو ئێس ئەید (USAID)" بۆ وڵاتانی جیهان
لەگەڵ ئەوەی کاردانەوەکان لە ناوخۆی ئەمریکادا زۆرن، بەشێک لە ئەمریکییەکان پێیان وایە ڕاگرتنی هاریکارییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی جیهان ڕێگەخۆشکەوە بۆ ئەوەی ڕکابەرەکانی ئەمریکا ئەو بۆ شاییە لە هاریکاری پڕ بکەنەوەی لە سەروو هەموشیانەوە وڵاتی چین و دواتیش روسیا.
بەشێک لە چاودێران زیاتر لەوەش ڕۆشتوون و ئەوەیان ڕاگەیاندووە، کە هارکارییەکانی گەشەپێدان ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە هێشتنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک زللهێزی جیهان و هەر ئەم هاریکارییانەش بووە بە شێک لە هۆکارەکانی بەلاداخستنی جەنگی سارد بە قازانجی ئەمریکا.
لە دوایین هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی هەنگاوەکانی سەرۆک بۆ داخستنی ئاژانسەکە، گروپێک لە یاسادانەرانی دیموکراتەکانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە 11/2/2025 پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش کردووە، کە ئامانج لێی وەستاندنی ئیدارەی ترەمپە لە بەکارهێنانی پارەی حکومەت بۆ نەهێشتنی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی.
لە پڕۆژە یاساکەدا باس لەوە کراوە کە تەنیا کۆنگرێس دەتوانێت یو ئێس ئای ئاید وەک دەزگایەکی سەربەخۆ لەناوببات و هەر چاکسازییەک پێویستە بەپێی یاسا ئەنجام بدرێت. دیموکراتەکان ڕایانگەیاندووە، کردەوەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاژانسەکە نایاساییە.

سەچاوەکان
-    https://manage.rudaw.net/sorani/world/080220253
-    https://time.com/7213288/what-is-usaid-what-impact-does-it-have-across-the-globe/
-    https://al-aalem.com/%d8%a8%d8%a5%d8%ba%d9%84%d8%a7%d9%82%d9%87-usaid-%d9%85%d8%a6%d8%a7%d8%aa-%d8%a7%d9%84%d9%85%d8%b4%d8%a7%d8%b1%d9%8a%d8%b9-%d9%81%d9%8a-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d8%b1%d8%a7%d9%82-%d8%aa%d9%88%d8%a7/
-    https://channel8.com/kurdish/108826
-    https://www.voanews.com/a/how-pause-in-us-foreign-aid-is-impacting-south-central-asia/7971248.html
-    https://www.bbc.com/news/articles/czj3z290ngyo
-    https://www.reuters.com/world/us/democratic-lawmakers-introduce-bill-aimed-halting-elimination-usaid-2025-02-11/

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand