Draw Media

ئێران چۆن سیستەمی دارایی عێراق دەقۆزێتەوە؟

ئێران چۆن سیستەمی دارایی عێراق دەقۆزێتەوە؟

2025-02-07 16:41:03


 
درەو:
راپۆرتی كەناڵی (الحرة)
"تۆڕە ئاڵۆزەکان"... ئێران چۆن سیستەمی دارایی عێراق دەقۆزێتەوە؟.
پێکهاتەی ئابوری عێراق دەرفەت دەڕخسێنێت ساڵانە ملیارەها دۆلار بڕژێتە ناو ئێرانەوە، ئەوەش لە ئامارە زەبەلاحەکانی مەزادی دراوی قورسی بانکی ناوەندیدا دەرکەوتووە، کە لە ساڵی (٢٠٢٤)دا، زیاتر لە (٨١)ملیار دۆلار بووە.
ئاماری فرۆشی دراو زیادبونێكی گەورە ئاشکرادەکات بە بەراورد بە ساڵی  (٢٠٢٣) کە ئەوکات نزیکەی (٤١)ملیار دۆلار بووە.
زۆرینەی ئەو بڕە پارانەش بۆ دابینکردنی پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی چووە، نرخی هەر دۆلارێک بە هەزار و  (٣٠٥)دینارە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە یاداشتێکی سەرۆکایەتیی واژۆکرد، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەستبەجێی دەزگا فیدراڵیەکان بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە بەکارهێنانی سیستەمی دارایی عێراق.

ئێران چۆن سیستەمی دارایی عێراق دەقۆزێتەوە؟
شارەزایانی ئابوری عێراقی دەڵێن: وڵات لە بەردەم "تاقیکردنەوەیەکی سەخت"دایە.
بەغداد دەیەوێت گەمارۆکانی ئەمریکا جێەجێبكات، لەهەمان کاتدا هەوڵدەدات سەقامگیری ئابوری وڵات بپارێزێت و نەیخاتە ناو قەیرانی نوێوە.

"بازرگانی" کلیلی بەقاچاغبردنە
ئێران سیستەمی دارایی عێراق دەقۆزێتەوە بۆ دەربازبون لە سزا نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی دەرچەیەکی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی دراوی قورس و بە قاچاغبردنی بۆ تاران. عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، پرۆفیسۆری پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: قۆستنەوەی سیستەمی دارایی عێراق لەلایەن ئێرانەوە کێشەیەکە ساڵانێکە هۆشداریمان داوە لەبارەیەوە.
مەشهەدانی کۆمەڵێک شێوازی دەستنیشان کرد کە ئێران لە عێراق پەیڕەوی دەکات، کە بە روونی لە هاوسەنگی بازرگانیدا دیارەو لە بەرژەوەندی تاراندایە، چونکە بەغداد کەمتر لە ملیارێک دۆلار هەناردەی ئەم وڵاتە دراوسێیە دەکات.
جۆ ویلسۆن، نوێنەری کۆمارییەکان ئاشکرایکرد، ترەمپ ڕێنمایییەکی بڵاوکردەوە و داوای لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و دەزگاکانی دیکەی ئەمریکا کردووە هەنگاوی خێرا بنێن بۆ دڵنیابون لەوەی سیستەمی دارایی عێراق لەلایەن ئێرانەوە بۆ خۆدزینەوە یان بەدەربازبون لە سزاکان بەکارنەهێنرێت.
هاوكات ڕێنماییشی دەركردووە بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو وەک خاڵی سەرلەنوێ باركردن بەکارنەهێنرێن بۆ ئەوەی خۆیان لە سزاکان بدزنەوە.
ویڵسن، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، کە هاوپێچی وێنەیەکی بڕیارەکەی ترەمپی کردووە، ڕوونیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوانە دەبێت زامنی ئەوە بكات ئێران سیستەمی دارایی عێراق بۆ خۆدزینەوە یان بەدەربازبون لە سزاکان بەکارنەهێنرێت، هەروەها دەوڵەتانی کەنداو وەک خاڵی سەرلەنوێ باركردن بۆ تاران بەکارنەهێنرێن.
نەبیل مەرسومی، ئەکادیمیست و مامۆستای ئابوری، رایگەیاند: ئێران بە فەرمی ساڵانە بە بەهای نزیکەی (12)ملیار دۆلار هەناردەی عێراق دەکات، هەموو ئەو داهاتانەش تاران بە دۆلار دەستیکەوتووە.
ئەم ژمارانە تەنها ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە لە رووی بازرگانییەوە ئەنجامدەدرێت، بەڵام بڕە پارەیەکی زۆر هەیە کە لە ڕێگەی تۆڕە ئاڵۆزەکانەوە بە قاچاغ دەبرێت.
مەرسومی هاوڕایە کە کۆمەڵێک هاوردەکار و بانک و فەرمانگەی گواستنەوەی پارە هەن کە تۆڕێک پێکدەهێنن کە پشت بە بەڵگەنامەی دروستکراو دەبەستن، جا چ لە ڕووی بڕبێت یان بەها، بۆ حەواڵەكردنی ملیارەها دۆلار بەشێوەیەكی ساڵانە.
ناوبراو بوونی دوو جۆر قاچاغی دۆلار لە عێراق دووپات كردەوە، یەکێکیان بۆ هێنانی دراوی قورس بۆ ناو بازاڕی عێراق ، دووەمیشیان بۆ دووبارە بەقاچاغبردنەوەی بۆ ئێران.
لە مانگی ئابی(2023)، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا هەڵوەشاندنەوەی دیارترین تۆڕەکانی قاچاغچێتی دراوی ڕاگەیاند، کە کۆمەڵێک تۆمەتباریان لەخۆگرتبوو، چالاکی دارایی و بانکی گوماناوییان ئەنجامداوە و دانیان بەوەدا ناوە کۆمپانیا ساختەکانیان بەکارهێناوە وەک روپۆشێك بۆ پرۆسەی قاچاغچێتی دراو بۆ دەرەوەی وڵات.
هێزە ئەمنییەکان (11)تۆمەتباریان لە عێراق دەستگیرکرد، ئەو شوێنانەشیان ئاشکرا کرد کە پارەکەی تێدا هەڵگیراوە و  دەستیشیانگرت بەسەر(14) ملیۆن دۆلاردا.
ئێران پێویستی بە دۆلار هەیە بۆ سەقامگیرکردنی ئابورییە داڕماوەكەی، کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، لە کاتێکدا دراوی ئێرانی بەشێکی زۆری بەهای خۆی لەدەست داوە.
ئەو میکانیزمانەی تاران لە عێراق پەیڕەوی دەکات، دامودەزگا فەرمییەکانی وەک بانکی ناوەندی، یان بانکە ئەهلیەکان دەکاتە ئامانج، کە بەشێکیان بە روكاری لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەژمار دەکرێن، وەک ئەوەی جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان جەختی لێكردووە.

ستراتیجەکانی بەقاچاغبردنی دراو بۆ دەرەوەی عێراق
بۆ دڵنیابون لە پابەندبون بە پێوەرەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە و سزاکانی سەر ئێران، زیاتر لە(20) بانکی عێراقی لە مامەڵەكردن بە دۆلار قەدەغە کراون، بەڵام هێشتا لە عێراق بە بەکارهێنانی دینار کاردەکەن.
کۆچەر ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە دیارترین ئەو ڕێگایانەی بەكاردەهێنرێت بۆ قۆستنەوەی بازرگانی، لەكاتی هاوردەکردنی کاڵاکاندا فاکتورەکانیان زیاد دەكرێت، بۆ نمونە، ڕەنگە گرێبەستێک بەهای یەک ملیۆن دۆلار بێت، بەڵام لەسەر کاغەز دەبێتە چوار ملیۆن دۆلار.
 وتیشی: شێوازی دووەم کە دەستیکردووە بە بڵاوبوونەوە، بریتییە لە دامەزراندنی کارگەی ئێرانی لە ناوخۆی عێراق، بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا دەفرۆشرێن و داهاتەکانیش لە رێگەی تۆڕی تایبەتمەندەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئێران.
تەنانەت بەشێک لەو پارە نەختینەیە راستەوخۆ لەلایەن کەسانێکەوە دەنێردرێت لەڕێی سنورەکان بۆ ناو ئێران، بەتایبەتی بەهۆی چاوپۆشیكردنی دەروازە سنورییەکان لە بەدواداچوون یان ڕێگریکردن لە بە قاچاغبردنی دراوەکان.
مەشهەدانی ئاماژە بەوەدەكات: کەرتی تایبەتی عێراق کە بە بەهای ملیارەها دۆلار كاڵا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، بە زۆری پشت بە کۆکردنەوەی دۆلار دەبەستێت لە بازاڕی رەش، لە ڕێگەی تۆڕی ئاڵوگۆڕی تایبەتەوە یان تەنانەت راستەوخۆ لەلایەن كەسەكانەوە.
ناوبراو جەختی کرد، ئەم مامەڵە داراییانە لەگەڵ ئێران بە گشتی لە ڕێگەی بانکی ناوەندیەوە ئەنجام نادرێن، بە تایبەت دوای ئەوەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی لە ماوەی رابردودا سەپێنرا.
بەوتەی مەشهدانی، زانیاری هەیە دەیسەلمێنێت، دراوی ساختەی عێراقی لە ئێران چاپ دەکرێت، بۆ بەدەستهێنانی دۆلار دەخرێتە بازاڕی عێراقەوە.
  ئاماژەی بەوەشکرد، لە عێراقدا گروپی لایەنگری ئێران هەیە، هەندێکیان کۆمپانیای وەبەرهێنانیان دامەزراندووە، کە ڕاستەوخۆ ملیارەها دۆلار دەگوازنەوە بۆ ئێران.
سەرەڕای ئەوەی باس لە ئاڵوگۆڕی عێراق و ئێران دەکرێت کە بە تمەنی ئێرانی، بەڵام بەشێکی زۆری گرێبەستەکان بە دۆلاری ئەمریکی ئەنجام دەدرێن.
مەشهەدانی پرسیاری ئەوەی کرد، چۆن ڕۆژانە پرۆسەی كڕینی كەرەستە بە بەهای (٢٥)ملیۆن دۆلار لە ئێران ئەنجامدەدرێت؟.
 لەنێو ئەو ئامرازانەی کە تاران بەغداد دەقۆزێتەوە، بە وتەی مەشهەدانی، گواستنەوە یان فرۆشتنی نەوتی ئێرانە وەک نەوتی عێراق، کە ئاڵوگۆڕەکان لە ئاوە هەرێمیەكان ئەنجام دەدرێن، لە هەنگاوێکدا بۆ خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەکان.
ناوبراو میکانیزمەکەی دەستنیشانكرد كە پسوڵەی شوێنی بەرهەمهێنانی نەوتەكە ساختەدەكرێت و بەجۆرێك هەناردە دەكرێت وەک ئەوەی لە عێراقەوە كرابێت، دووبارە هەناردە دەکرێتەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کە دووبارە دەیفرۆشنەوە.
ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە، سەپاندنی سزای دارایی راگەیاند، کە یەکەمجارە لە دوای دەستبەکاربونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، "تۆڕێکی نێودەوڵەتی"ی کردە ئامانج، تۆمەتبارە بە گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ چین بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییە سەربازییەکانی تاران.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، سزاکان تۆڕێکی نێودەوڵەتی دەکەنە ئامانج کە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێران دەکات، بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بۆ چین.

پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی
لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٣)، بانکی ناوەندی عێراق پەسەندکردنی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ چاودێریکردنی فرۆشتنی دۆلار و کارەکانی سپیکردنەوەی پارە راگەیاند. نەبیل مەرسومی ئەکادیمی و پرۆفیسۆری ئابوری، رایگەیاند، ئەو میکانیزمانەی لە ماوەی ڕابردودا بۆ سنوردارکردنی قاچاغچێتی دراو بۆ عێراق و لە عێراقەوە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەتایبەتی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی، سەرکەوتوو نەبوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەشێک لە بازاڕەکانی عێراقدا مامەڵە بە تمەنی ئێرانی دەکرێت، بەڵام ئەو بڕە پارانە دووبارە لە ناوخۆی عێراق بە دۆلار دەگۆڕدرێنەوە.
لەسەرەتای ئەمساڵدا، بانکی ناوەندی عێراق، میکانیزمەکانی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی پەیوەست بە فرۆشتنی دۆلاری راگرت، هاوکات بەردەوامبونی میکانیزمی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکان.
مەرسومی وتی: پلاتفۆرمەکە ئامانجی خۆی نەپێكاوە، چونکە فرۆشی دۆلاری بانکی ناوەندی لە ماوەی دوای کردنەوەی پلاتفۆرمەکە زیادی کردووە، هاوردەکاران تەنها فاکتوری دروستکراویان پێشکەش دەکرد و تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی دروستیش بەدواداچوونیان بۆ بکرێت، ساختەکارییەکان ئاشكرا نەدەکرا.
جەمال کۆچەر، هاوڕایە کە پلاتفۆرمی گواستنەوەی پارەی ئەلیکترۆنی نەیتوانیوە قاچاغی دراوی قورس لە عێراقەوە بۆ ئێران رابگرێت و، تۆڕەکان چالاکن لە گواستنەوەی ئەو دۆلارە کاشانەی کە لە بازاڕە رەشەكانداهەن.

غازی ئێران
وێستگەکانی کارەبای عێراق زۆر پشت بە غازی ئێران دەبەستن، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران، بەغدا ناتوانێت راستەوخۆ پارەی هاوردەکردنی غاز بە ئێران بدات، بەڵکو دەبێت تاران ئەو پارەیە بۆ کڕینی خۆراک یان كەرەستەی تەندروستییەکان بەکاربهێنێت.
مەشهەدانی ترسی ئەوەی هەبوو کاریگەرییەکانی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران بگاتە بەغداد، بەهۆی ئەوەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی واشنتۆن بریتین لە وەستاندنی هاوردەکردنی غازی ئێرانی بۆ عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە ئابوری عێراق روبەڕوی هەژاندن ببێتەوە بەهۆی ئەو بڕیارانەوە، بەتایبەتی کە عێراق پشت بە غازی ئێرانی دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، رەنگە قەیران روبدات ئەگەر بەدیلێک بۆ غازی ئێرانی نەدۆزرێتەوە.
کێشەی کارەبا لە عێراق هەستیارە، بەو پێیەی دانیشتوانەکەی کە(43)ملیۆن کەسن، بەدەست پچڕانی کارەبای بەردەوامەوە دەناڵێنن، کە ڕەنگە ڕۆژانە تا(10) کاتژمێر بخایەنێت، دۆخەکە خراپتر دەبێت بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما بۆ پەنجا پلە لە وەرزی هاویندا.
ئەگەر گەمارۆکان فراوان بکرێن و سیستمی بانکیش بگرێتەوە، ئەوە دەبێتە هۆی زیانی زیاتری ئابوری، بەتایبەتی کە(28) بانک لە کۆی(62) بانک لە عێراقدا سزایان بەسەردا سەپێنرێنراوە.
کۆچەر پێیوایە، عێراق ناتوانێت پەیوەندییە ئابورییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت، بەتایبەت كە پشتبەستنێکی زۆری هەیە بە هاوردەکردنی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە پارێزگاکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە حکومەتی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا قسە بکات، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە وەرگرتنی جیاكاری بۆ دڵنیابون لە بەردەوامی هاتنی غاز. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مێژە عێراقی لە سزاکان بەخشیوە بە پێدانی پارە بە ئێران بۆ دابینکردنی کارەبا، بەومەرجەی تاران تەنها ئەو پارەیە بۆ ئەو مامەڵانە ئەنجامبدات كە گەمارۆ نایانگرێتەوە، وەک کڕینی کەلوپەلی مرۆیی، لەوانە خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان.
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ ئەو لێخۆشبونەی هەڵوەشاندەوە کە بە عێراق دراوە بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە، هاوکات بڕیاریدا ڕێگری لە تاران بكات لە قۆستنەوەی پارەی بەغداد.
کۆچەر ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکێشەکە لە عێراق ئاڵۆزە، بەو پێیەی زۆرێک لە هێزە سیاسییەکان پەیوەستن بە ئێرانەوە و هەر پچڕانێکی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران ڕوبەڕوی ڕەتکردنەوەی گەورە دەبێتەوە.
سەرەتای ساڵی (2023)، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دانی بەوەدانا کە گواستنەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات رویداوە.
رونیشیکردەوە، ئەو دراوە بە قاچاغ دەبرا بۆ دەرەوەی وڵات بە پشتبەستن بە فاکتوری ساختە بۆ هاوردەکردن کە نرخەکانیان زیادكراوە.
سەرەڕای دانپێدانانی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بە بوونی قاچاغی دراوی بیانی، بەڵام جێبەجێکردنی سیاسەتی دارایی و دراوی یەکگرتوو بۆ وەستاندنی ئەم خوێنبەربونە لە ئابوری عێراقدا نییە، وەک ئەوەی  مەرسومی وتی  لە کۆتایی قسەکانیدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand