رۆژئاوای كوردستان: ئەمریكا دەكشێتەوە و بەریتانیا دەچێتە ناوەوە
2018-04-04 12:17:26
ئامادەكردنی فازل حەمە رەفعەت
ئێوارەی رۆژی سێ شەممە لە دەروازەی سێمالكای هەرێمی كوردستانەوە، وەفدێكی بەریتانی چونە ناو سنوری رۆژئاوای كوردستان.
سەردانی وەفدەكە لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بڕیاریدا هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان بكشێتەوە، بەوەش هەلێكی زێڕینی تری خستە بەردەم توركیا درێژە بە لەشكركێشییەكانی بدات بۆ داگیركردنی ناوچەیەكی فراوانتری خاكی رۆژئاوای كوردستان.
ئەو وەفدە بەریتانییەی كە دوێنێ چوە ناو رۆژئاوای كوردستان پێكهاتبوو لەم كەسایەتیانە:
• لوید رسل مۆیل – پەرلەمانتار لە پارتی كرێكارانی بەریتانیا
• مۆریس گلاسمان- سیناتۆر لە ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا
• سیمۆن دبینگ – بەڕێوەبەری نوسینگەی سەندیكا نێودەوڵەتییەكان
• ریان فلیچەر- بەرپرسی سەندیكاكانی بەریتانیا
• ئیبراهیم دۆگۆس- بەڕێوەبەری سەنتەری پێشكەوتنی كورد
"ئێمە لێرەین لەپێناو بنیادنانی پەیوەندییەكی درێژمەودا لەگەڵ ئێوەدا، دەكرێت پاڵپشتیتان بكەین لەدژی هەموو ئەوانەی كە دەیانەوێت ئازادیتان وێران بكەن" ئەمە قسەی مۆریس گلاسمان سیناتۆری ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا بوو بۆ بەرپرسانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان لەكاتی گەیشتی وەفدەكە بۆ شاری قامیشلۆ.
سەردانی وەفدە بەریتانییەكە بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەو پرسیارەی دروستكردووە ئایا لە حاڵی كشانەوەی ئەمریكادا، بەریتانیا دەتوانێت هاوشان لەگەڵ فەرەنسا پشتیوانی لە راوەستانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بكات لەبەرامبەر هەڕەشەكانی توركیا.
مانگی رابردوو سوپای توركیا شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستانی داگیركرد و هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچەكە كشانەوە.
ئەمریكا كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە پشتیوانییەكی بەهێزی لە شەڕڤانانی كورد دەكرد لە رۆژئاوای كوردستان، ئێستا و دوای كۆتاییهاتنی داعش ترەمپ بەبێ گوێدانە هیچ بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی دوای شەڕ، دەیەوێت هێز و بنكە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان بكێشێتەوە.
ترەمپ وەكو هەمیشە تێڕوانینێكی ئابوری بۆ بارودۆخەكە هەیە و دەڵێ مانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا خەرجی لەسەر ئیدارەی واشنتۆن زیاد دەكات، ئەوانەی خوازیارن سوپای ئەمریكا لە سوریا بمێنێتەوە دەبێت خەرجییەكەشی بدەن، لەمەشدا بەڕون و راشكاوی مەبەستی سعودیەیە.
دەستهەڵگرتنی ئەمریكا لە پاڵپشتیكردنی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە كاتێكدایە لێپرسراوانی رۆژئاوای كوردستان هیچ خواستێكی راگەیاندنی سەربەخۆیی و جیابونەوەیان لە سوریا نیشان نەداوە لەبری ئەوە بەردەوام جەخت لەسەر "خۆبەڕێوەبەرێتی"ی ناوچەكانیان دەكەن لە چوارچێوەی سوریایەكی نامەركەزیدا.
عەبدولكەریم عومەر بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز لەبارەی سەردانی وەفدە بەریتانییەكەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، ئەوە یەكەمجارە وەفدێكی باڵای بەریتانیا لەو ئاستەدا سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات، پێشتر كۆبونەوە كراوە بەڵام ئاشكرانەكراوە، بەڵام ئەمە یەكەمجارە بەریتانییەكان بەو شێوە فەرمییە سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكەن.
بەپێی قسەی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی جزیرە، لەسەردانەكەیدا بۆ رۆژئاوای كوردستان وەفدە بەریتانییەكە لەگەڵ لێپرسراوانی كورد لەبارەی بارودۆخی عەفرین و كێشەی دەیان هەزاران ئاوارەی ئەو شارە گفتوگۆ دەكەن.
وەفدە بەریتانییەكە تەنیا لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان قسە ناكات، بەڵكو سەردانی یەكینەكانی پاراستنی گەل دەكەن و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنە مەدەنییەكان كۆدەبێتەوە.
بە كشانەوەی روسیا لە عەفرین، توركیا بە ئاسانی لەشكركێشی دەستپێكرد و سەرباری خۆراگری و بەرخودانی شەڕڤانانی كورد شارەكەی داگیركرد، كشانەوەی ئەمریكاش لە مەنبەج، رەنگە هەمان سیناریۆی عەفرین دووبارە بكاتەوە، ئەگەر ئەوروپا بەتایبەتیش بەریتانیا و فەرەنسی رۆڵ نەگیڕن لە پاراستنی ئیدارەی رۆژئاوا و خەڵكەكەی لە رودانی كۆمەڵكوژییەكی نوێ.