Draw Media

نەوەی سێیەمی شازادە سیاسییەكانی كوردستان 

نەوەی سێیەمی شازادە سیاسییەكانی كوردستان 

2018-04-09 19:59:53


تایبەت بەدرەو میدیا/ راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف
پرسەكەی دلۆڤان ئیدریس بارزانی، یەكەم شوێنی دەركەوتنی نەوەی سێیەمی شازادە سیاسییەكانی هەرێم بوو، كە پێشتر بەو شێوەیە و وا بەگروپ نەبینرابوون، ئەو نەوەیەی كە هاوڵاتیانی كوردستان تازە بە دەموچاویان ئاشنا دەبێت و لە قۆناغی ئامادەكاریدان بۆ هاتنە نێو دنیای سیاسەتەوە كە لە دایك بووی مۆدێلی ئەو تەوریسە سیاسیەیە كە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا لەبرەودایە.
ئەم نەوەیە لەگەڵ ئەوەی لەناو هەرێمی كوردستاندا دەژین و ناسنامە و زمانیان لە هەرێمدایە، بەڵام لە ستایلی ژیان و گوزەران و خوێندن و پەیوەندییەكانیان هیچ پەیوەندیەكیان بە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم و كوردستانەوە نیە ئەمانە لە ژیانێكی پڕ لە خۆشگوزەراندا دەژین هەروەك ژیانی  دۆق و بارۆن و شازادە و ئەمیرەكانی نەوەی سوڵتانەكانی سەردەمی رابردوو، ئەمانە بەهەموو پێوەرێك كەمینەیەكی جیاوازن، دابڕاون لە ژیانی ئاسایی كۆمەڵگە. 
نمایشكردنیان لە مەراسیم و پرسەكاندا و دەركەوتنی ئەم نەوە گەنجەی كە بە شازادەی سەردەمی خۆیان ئەژمار دەكرێن كاردانەوەی گەورەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بەدوای خۆی هێنا، ئەمانە لە ئێستاوە پاسەوان و كۆشك و تەلارو ڤێلای تایبەتی خۆیان هەیە، ژیان و گوزەرانی ئەمانە زیاتر لە خەیاڵەوە نزیكە وەك لە واقیع، تەنها هۆكاری ئەو ژیانە شاهانەیەیان، ئەوەیە كە ئەمانە كوڕ و كچی نەوەی تەوریسی سیاسیین، وەچەی كۆمەڵێك سەركردەی سیاسین كە لە هەناوی خانەوادەی سوڵتانیدا لەدایك بوون.
ئەوەی لە شێواز و ستایلی ژیانی ئەم نەوەیە دەگێڕدرێتەوە زیاتر لە چیرۆكی ناو حیكایەت و ئەفسانە كان دەچێت،  نەك لە واقیعی ژیانی هاوڵاتیان، ئەوان سەرەرای رەخساوی پاڵپشتی خێزانی و بنەماڵەی سوڵتانی، پاڵپشتی حیزبی سیاسیشیان بۆ ئامادەدەكرێت، تا لە كاتی گونجاودا بێنە سەرشانۆی سیاسی، ئەوان لە بازنەیەكی داخراوی ناوخۆییدا ژیانی شاهانە دەگوزەرێنن، ئەمانە لەدایك بووی ئەو سیستمە خێزانیە سوڵتانیەن كە سیستمی حوكمڕانی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆماری یان دیموكراتی بێت، بەڵام لەباشترین حاڵەتدا سیستمەكە بووە بە سیستمێكی حوكمرانی سوڵتانی پشتاوپشت، باوك ئامادەكاری كردووە بۆ هاتنە پێشەوەی كوڕەكانی ئەمەش بۆخۆی جارێكی تر گەڕانەوەیە بۆ شەرعیەتی خێزانی و بنەماڵەیی. 
ئەم شێوازە لە حوكمڕانیە بەتایبەت لە وڵاتە رەیعیەكاندا لە برەودایە، بە واتایەكی تر نەوت و سیاسەتی نەوتی و كۆنترۆڵكردنی نەوت ژینگەیەكی لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو فۆرمە لە حوكمڕانیی، بەو پێیەی نەوت چەكێكی كاریگەرە لەلایەك بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و كۆكردنەوەی خەڵك لە دەوری خێزانی سوڵتانی و لەلایەكیش بەكارهێنانیەتی وەك چەكێكی سیاسی لە كۆمەڵگەدا، لە كاتێكدا نەوت سەرچاوەیەكە بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان، بەوپێیەش نەوت سیستمی سیاسی و حوكمرانی دیموكراسی دەروخێنێ، چونكە لە وڵاتی رەیعی و حوكمڕانی خێزانیدا دەسەڵات پێویستی بە خەڵك نیە و منەتیان بە خەڵك نیە هەموو هەوڵێكیان پتەوكردنی پایەكانی خێزانیە، بەڵكو خەڵك پێویستی بە حكومەتە بۆ پارە و موچە گوزەرانیان، بەپێچەوانەوە  لە سیستمی دیموكراسیدا دەوڵەت پێویستی بە خەڵكە بۆ دەنگدان.
دەركەوتنی ریزێك لە نەوەی سێیەمی خانەوادەی بارزانی لە پرسەی دلۆڤان ئیدریس بارزانیدا، گفتوگۆی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدوای خۆیدا هێنا، ریزی نەوەی سێیەم پێكهاتبوون لە ( ئارین مەسرور مەسعود بارزانی، یاسر مەنسور مەسعود بارزانی، ناسر مەنسور مەسعود بارزانی، ئیدریس نێچیرڤان ئیدریس بارزانی ) ئەمانە نەوەی سێیەمی ئەو مۆدێلە حوكمرانیە سوڵتانیەن، كە بوەتە مۆدێلی هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە، لە باشترین زانكۆكانی جیهان دەخوێنن و لە جوانترین مۆدیڵەكانی جیهان سودمەندن بەڵام هەڵگری خراپترین و دواكەوتوترین مۆدێلەكانی حوكمرانین  لە جیهاندا، ئەوان لەبری هێنانی مۆدێلی سوید و هۆڵەندا و وڵاتانی رۆژئاوا، مۆدێلی شازادەكانی سعودیە و مەغریب و ئەردەن و سیستمە شمولییەكانی لە چەشنی عەلی عەبدوڵا ساڵح و موبارەك و قەزافی برەوپێدەدەن.


ئێستا مۆدێلی هێنانە پێشەوەی نەوەی سێیەمە، پێشتر مەلا مستەفا بارزانی نەوەی یەكەمی خانەوادەكەی مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی هێنایە ناو كایە سیاسیەكەوە بۆ درێژەدان بەتەوریسی سیاسی و حوكمڕانی بنەماڵەیی و ئەوانیش نەوەی دووەمیان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیان هێنایە ناو شانۆی سیاسییەوەو ئەمانیش نەوەی سێەم بەهەمان نەریتی باوو باپیرانیان پەروەردە دەكەن، نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمە، ئیدریسی كوڕی هێناوەتە ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە، مەسرور بارزانی كە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاساییشە ئارینی كوڕی ماوەیەكە بەگەرمی دەردەخات، مەنسور بارزانی كە خۆی فەرماندەی لەشكری تایبەتی گوڵانە، ناسری كوڕی بەرپرسی یانەی وەرزشی پێشمەرگەیە، ئەمانە خۆیان و بەردەستەكانیان وا رادێنن، كە  ئەمانە موقەدەسن و بە سەدان پاسەوان و بۆدیگارد دەورەدراون و فڕۆكەی تایبەت و ئۆتۆمبێلی گرانبەها بەكاردێنن، ئەمانیش بۆ  تەقدیسكردنی نەوەی دووەم هەمیشە ( جەنابی براگەورە، جەنابی فەرماندە، جەنابی دەوڵەتمەدار، پارێزەری ئاشتی و...) كۆمەڵێك ناوی قەبە و تەقدیسكراو بۆ یەكدی بەكار دەهێنن.  
 ناسر مەنسور بارزانی لە ساڵی 2017 لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن بڕوانامەی زانستی سیاسی وەرگرتووە و ئێستا سەرۆكی یانەی پێشمەرگەیە و خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریكییە، ئیدریس نێچیرڤان بارزانی كە لەدایك بووی 1998، لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەزگای روانگەی دامەزراندووە كە بە یەكێك لە دەزگا دەوڵەمەندەكان ئەژماردەكرێت، بە گوێرەی بەدواداچونێكی عەبدوڵا حەوێز رۆژنامەنوس لە كەناڵی BBC  ی بەریتانی ،لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، ئیدریسی كوڕی نێچیرڤان بارزانی، كە تەمەنی ٢٠ ساڵە، خۆی وەك میر (بەو واتایەی لە خێزانی پادشاییە) خۆی ناساندووە، لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٦ ئیدریس بە فرۆكەی تایبەتی دایكی لە سویسرا سەردانی لەندەن دەكات و لەگەڵ ٧ لە پاسەوانەكانی لە هۆتێڵی دۆرچیستەر - كە یەكێكە لە گرانترین هۆتێلەكانە لەناو هۆتێلە پێنج ئەستێرەكان، ئەو كاتە كەسێك دەچێت بۆ سەردانی كە لە پرسگە دەڵێت دەیەوێت ئیدریس ببینێت و مەوعیدی لەگەڵ هەیە پێی دەڵێن مەبەستت پرینس (میر) ئیدریسە؟   ناساندنی ئەو بە میر لە خۆوە نەهاتووە، بەڵكو ژیانی تایبەتی و گرنگی پێدانی و ئەو پێگەیەی هەیەتی لە میرەكان میرترە.


 ئەم ستایلەی ژیان و گوزەرانی شازادەكانی نەوەی سێیەمی خانەوادەكانی هەرێم، هەمان ژیان و تەقدیسی شازادەكانی مەغریب و ئوردن و سعودیەیە، هەروەك ئەمیر حەسەن جێنشینی پادشای مەغریب لە ( 8ی ئایاری 2003 ) لەدایك بووەو لەو كاتەوە بوەتە جێنشینی مەغریب و لە هەموو بۆنە و مەراسیمێكدا دەستی ماچدەكرێت و بۆدیگارد و پاسەوان و فڕۆكەی تایبەتی خۆی هەیە، هەروەها شازادەی جێنشینی ئوردن  ئەمیر ( حسێن كوڕی عەبدوڵا) كە ( 28 حوزەیرانی 1994 ) لەدایك بووە و لە 2ی تەموزی 2008 بوەتە جێنشینی باوكی، كوڕی شا عەبدوڵای دووەمی پاشی ئێستای ئوردنە،  پلەی مولازمی دووەمی هەیە لە سوپای  سوریای عەرەبی و مێژووی نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆرج تاون لە وشانتۆن خویندووە و ئارەزووی لە وەرزشە بەتایبەت تۆپی پێ. هاوشێوەی ناسر مەنسور بارزانی كە ئەویش لە ئەمریكا خوێندنی تەواو كردووە و ئارەزووی وەرزشی هەیە بەتایبەتی یاری تۆپی پێ.


ئەم مۆدیڵەی شازادەكانی نەوەی سێیەمی خانەوادەی بارزانییەكان، تەنها مەترسیەكەیان ئەوە نیە كە لە ژیانێكی دابڕاون لە كۆمەڵگەی كوردی و لە هەمانكاتدا ئامادەدەكرێن بۆ بەرپرسیارێتی و حوكمڕانیەتی ئەو كۆمەڵگەیەی كە تەنها زمان و لە دایك بوونیان بە كوردستانیان دەبەستێتەوە، ئەگەرنا لە هیچ رەهەندێكی ژیانیانەوە ئاشنای كۆمەڵگەی كوردی نین، بەڵكو مەترسیەكە لەوەدایە كە ئەم فۆرمە تەنها لە خانەوادەی بارزانیدا نەوەستاوە و لەفراوانبوندایە بۆ گروپ و حیزب و خانەوادە دەسەڵاتدارەكانی دیكەی كوردستان، كە هەرێمی كوردستان دەكاتە كۆمەڵگەیەكی خانەوادەیی سوڵتانی و بەهۆی كۆنترۆڵكردنی نەوتیشەوە، كۆنترۆڵی تەواوی جومگە هەستیارەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بە ئاسانیش دەستبەرداری حوكمڕانی هەرێم نابن.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand