ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی بۆ شانۆی سیاسی
2018-04-17 20:05:46
راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف
لەدوای دەركەوتنی ئەنجامی ریفراندۆمی 25ی ئەیلول كە لەبری رزگاریی و سەربەخۆیی، كارەسات و نەهامەتی بۆ هاوڵاتیان پێبوو، عەڕابی ئەو ریفراندۆمەش كە خودی مەسعود بارزانی بوو كە ( دوو خول سەرۆكی هەرێم و دوو ساڵ بۆی درێژكرایەوە و دووساڵیش پۆستەكەی جێنەهێشت).
شكستی ریفراندۆم، شكستی هەنگاو و ئەجێندای بارزانی بوو، بۆیە ریفراندۆم لەبری سەربەخۆیی بارزانی ناردە ماڵەوە، كە رەنگە بەشی زۆری ون بوونی بارزانی بۆ دەرنەچوونی پێشبینیەكانی بۆبێت، بەتایبەت " ریفراندۆم هیچ كارەساتێكی بەدوادا نایات، پشتیوانی نێودەوڵەتیمان هەیە، سەربەخۆیی رادەگەیەنین، ئەگەر سەرنەكەوتین بڵێن ئەم پیاوە شێت بووە و سوار سەری خۆی بووە".
تەنها شكستی ریفراندۆم نەبوو كە بارزانی ناردە ماڵەوە، روانینێكی تر دەڵێت، كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا و مام جەلال بارزانی ناردە ماڵەوە و ئەو خۆی لە پرۆسەی سیاسی بەدوورگرتووە، زانیاریەكان دەڵێن بەشداری پرۆسەی بانگەشەی حزبەكەشی ناكات، وەك ئەوەی لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی هەڵمەتەكەی كرد، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بارزانی دەگەڕێتەوە سەر شانۆی سیاسی یاخود نا ؟
دەوترێت ساڵی 2017 ساڵی ماڵئاوایی جیلی یەكەمی سیاسی بوو لە هەرێمی كوردستان ، نەوشیروان مستەفا و مام جەلال ماڵئاواییان كردوو كۆچی دواییان كرد، مەسعود بارزانیش لەسەر ئەرزی واقیع ژیانی سیاسی كۆتایی هات و لەرووی سیاسیەوە مرد.
ئەگەرەكانی نەگەڕانەوەی بارزانی:
1- شكستی ریفراندۆم و لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی كوردستان كە كارتێك بوو دەكرا هەمیشە كورد تا دەیان ساڵی دیكە شەڕی مافەكانی پێبكات لە بەغداو ناوچەكەش، بەڵام ئەو كارتە بە ئاسانی لەدەست بارزانیدا سوتا، بارزانی چەندین جار بەڵێنیدا ئەگەر سەری نەگرت، ئەوا سەری خۆی هەڵدەگرێت ، بۆیە دەیەوێت تا هەستانەوەی پێگەی كورد و لەبارنەبوونی بارودۆخەكە نەگەڕێتەوە ناو دیمەنە سیاسییەكە.
2- شكستی ریفراندۆم، كۆتایی قۆناغی بارزانی و دەستپێكردنی قۆناغی پۆست بارزانی بوو، بەو پێیەی دواكارتی بارزانی بۆ مانەوەی بە زیندوویی راكێشراو سوتا، ژیانی سیاسی خۆشی پێوە سوتاند.
3- ریفراندۆم خاڵی كۆتایی ژیانی سیاسی بارزانی بوو، بەو پێیەی ریفراندۆم بەشێك لە جوڵەی سیاسی بارزانی وەك كارەكتەرێكی سەرەكی سیاسی كۆتایی پێهێنا.
4- دەوترێت بارزانی تاقەتی سیاسەتی نەماوە، وەك یەكێك لە نزیكەكانی بارزانی رایگەیاندووە كە مەسعود بارزانی لەدوای كۆچی دوایی ( نەوشیروان مستەفا و مام جەلالەوە) تاقەتی سیاسەتی نەماوە، بەو پێیەی كەس بە هاوشانی خۆی نابینێت و پێشی وایە ململانێی سیاسی لەگەڵ ئەم كارەكتەرانەی ئێستا لەبری بەهێزبوون، هێندەی تر بارزانی لاواز دەكات.
5- ئەگەر گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكان لە قازانجی بەرەی روسیا و ئێران و شیعە بوون، ئەوا ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی لاواز دەكەن و مەودای گەڕانەوەشی بۆ شانۆی سیاسی دووردەخەنەوە.
6- لاوازی پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزب لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەش كە پێشتر خاوەنی پێگەیەكی بەهێز و پەیوەندیەكی فراون بوو.
7- نەمانی متمانەی نێودەوڵەتی و عێراقی و هەرێمایەتی بۆ كارەكتەری بارزانی كە هەموو داوایان لێكرد ریفراندۆم نەكات بەڵام كردی، بۆیە دروستكردنەوەی ئەو متمانە نێودەوڵەتییە بۆ بارزانی هەروا ئاسان نیە.
ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی
1- ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاریگەری دەبێت لەسەر گەڕانەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی، بەو پێیەی ئەگەر لە هەڵبژاردنەكاندا پارتی و یەكێتی دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێنایەوە و پێگەی خۆیان بەدەستهێنایەوە لە بەغداد، بەغداد ناچارە لەگەڵ بارزانیدا مامەڵە بكات چونكە پێی وایە لە پشتی روداوەكان و سیاسییەكانی پارتی و یەكێتیشەوە بارزانی ئامادەیی هەیە و كاراكتەری سەرەكیە.
2- نەبونی دەستوری هەرێم گەڕانەوەی بارزانی ئاسانتر دەكات، بەو پێیەی ئێستا هیچ رێگرییەكی دەستوریی نیە بۆ گەڕانەوەی بارزانی كە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بگەڕێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی خۆ ئەگەر پرسی دەستوریش بێتە پێشەوە، جارێكی تر لەوێدا پینەی رابردوو بۆ بارزانی دەكەن و گەڕانەوەی بارزانی مسۆگەردەكەن.
3- بارزانی تا ئێستاش ركابەری نیە، بەتایبەتیش هێزە ركابەرەكانی كۆك نین لەسەر ركابەرێك، كە بە جدی هەوڵی بۆ بدەن و پشتگیری بكەن و لەبەرامبەر بارزانی راستی بكەنەوە، بەتایبەتیش لەدوای كۆچی دوایی ( مام جەلال و نەوشیروان مستەفا). بەو پێیەش هۆكاری سەرەكی لاوازی بەرامبەرەكانیەتی كە تائێستاش نەیانتوانیوە ركابەری بدۆزنەوە و بەدیلی بارزانی پێشكەشبكەن، بە واتایەكی تر بەدیلیان نیە بۆ بارزانی.
4- ئەگەر پارتی دەنگی زۆرینە بێنێتەوە و بەهۆی ناكۆكی لایەنە عێراقیەكانەوە هەولێر ببێتەوە بە چەقی پێكهێنانی كابینەی نویًی حكومەتی عێراق، ئەوەش لە پێناو راستكردنەوەی هاوسەنگی هێزەكان لە عێراق، ئەو كات بارزانی دێتەوە ناو شانۆی سیاسیی.
5- دەوامكردنی بارزانی لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم و مانەوەی تیمی سەرۆكایەتی هەرێم وەك خۆی و بینینی میوان و وەفدەكان لە هەمان شوێنی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن بارزانیەوە، ئەوە نیشان دەدات كە وازهێنانی بارزانی كاتیە و هەركات بیەوێت دەگەڕێتەوە.
6- سەركەوتنی هەندێك هێز لە عێراق و مامەڵە و سەودای پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەتیش دڵداری سیاسی ژێربەژێری نێوان پارتی و نوری مالیكی لەلایەك و پارتی و عەلاوی و نوجێفی لەلایەكی تر، بە عەبادیشەوە. ئەمە ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی زیاتر دەكەن.
7- بەهێزی پەیوەندییەكانی پارتی بەهێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانەوە، دوور نیە ئەگەر لە داهاتوودا شوێنگرەوەی بارزانی نەبوو، بارزانی بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی.
8- گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان لە ناوچەكەدا ئەگەر لە قازانجی بەرەی توركیا و سوننە بوو ئەوا ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی بەهێزتر دەكەن.
دۆخی ئاڵۆزی ناوچەكەو گۆڕانگاریە خێراكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و پێویستی پارتی بە خودی بارزانی، بەتایبەتیش ئەگەر پارتی پارێزگاری لە كورسیەكانی بكات و وەك هێزی یەكەم بمێنێتەوە، ئەوا دوور نیە بە سیناریۆی جیاواز جارێكی تر بارزانی نەهێننەوە ناو شانۆ سیاسیەكە، بەو پێیەی تا ئێستاش بارزانی لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم دەوام دەكات و تیمەكەی وەك خۆیەتی، بەڵام باڵادەستی ئێران لە ناوچەكەو هەڵكشانی كێرڤی دەنگی نەیارانی بارزانی لەبەغداد و تاران و ئەنقەرە و لە ئاستی ناوخۆشدا،ئەگەرەكانی هاتنەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی بەتەواوی لاواز كردووە