Draw Media

هەڵبژاردن چی لە هەولێر دەگۆڕێت؟

هەڵبژاردن چی لە هەولێر دەگۆڕێت؟

2018-04-15 19:00:17


دەنگی هێزەكان لە 1992 بۆ 2014 لە پارێزگای هەولێر.

راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف


ئەگەرچی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو پەیوەستە بە پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی هێزەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەو پێیەی لەماوەی چوارساڵی رابردوودا كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە رویانداوە كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و پێگەی هەرێمی كوردستان هەبووە، بۆیە ئەو كاریگەریانەش راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ پێگەی هێزەكان، ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو كاریگەریانەی لەسەر پێگەی هەرێم درووستی كردوو دواتریش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری بەدوای خۆیدا هێنا، هەموو ئەمانە كاریگەری لەسەر گۆڕینی نەخشەی هێزە سیاسیەكانی هەرێم درووست دەكەن و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی گۆڕینی پێكهاتەی حكومەت و بڕیاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی هێزەكان بەبێ گۆڕانكاری لە پێگەی هێزەكان لە هەولێر كاریگەریەكی ئەوتۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان درووست ناكات، چونكە هەولێر هەم پایتەختی هەرێم و ئەم شوێنی بریاری سیاسی و هەم قۆرخكراوی پارتی دیموكراتی كوردستانە، گۆڕانكاری لە نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر گۆڕانكاری لە داهاتووی سیاسی و حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان.

پێگەی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر 
یەكەم/ هەڵبژاردنی 1992 
لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای هەولێر كە (340000) مافی دەنگدانی هەبوو(335827) دەنگیدا بەرێژەی ( 77.6%) لەو پارێزگایە ئاستی دەنگەكان بە جۆرێك بوو كە، پارتی دیموكراتی كوردستان (152143) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (45.9%) و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (148352) دەنگ بە رێژەی (44.4%) و لیستی ئیسلامی (11092) بە رێژەی (3.3%) و حیزبی شیوعی (11047) بەڕێژەی (3.3%) دەنگیان بەدەست هێنا، پارێزگای هەولێر لەیەكەم هەڵبژاردندا دەنگی یەكێتی و پارتی زۆر نزیك بوو لەیەكەوە، بۆیە كەڵكەڵەی یەكلاكردنەوەی شوناسی هەولێر بۆ یەكێكیان هەرزوو پەیدا بوو، بۆیە یەكێتی سلێمانی و پارتی هەولێریان بۆخۆیان یەكلاكردەوەو شەڕی هەیمەنەی هەولێریان كرد و لە شەڕی ناوخۆ ماوەیەك بۆ یەكێتی یەكلا بوەوەو دواتر پارتی لە 31ی ئابدا هەیمەنەی خۆی بەسەر هەولێردا چەسپاند و تا ئێستاش ئەو هەیمەنەیە بەردەوامە و لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتووە كە گۆڕان لە پێگەو نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە درووست بكات.   
  

دووەم/ هەڵبژاردنی 2005 
بەڵام  لە هەڵبژاردنی 2005 دا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی و یەكێتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد بەلام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە لیستی جیابوو بۆیە ئاستی دەنگی حیزبەكان لەو هەڵبژاردنەدا دەردەكەوێت، لەو هەڵبژاردنەدا (647994) كەس دەنگیان دابوو، تەنها (4) لیست توانیان كورسی مسۆگەر بكەن ئەوانی تر دەنگی پێویستیان نەهێنا، لیستی دەنگی دیموكراتی كوردستان كە لە (پارتی و شیوعی و ژمارەیەك حیزب پێكهاتبوو) كە (347772 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بە رێژەی (53.7%) دەنگەكان و لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (244343) دەنگ بەریژەی بەڕێژەی (37.7%)و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (22523) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (3.5%) و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (18781) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (2.9%)، دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە غیابی یەكێتی لەو شارە لەدوای روداوەكانی 31ی ئاب یەكێتی توانی نزیكەی 38%ی دەنگی ئەو پارێزگایە مسۆگەر بكات و پارتی كۆمەڵێك هێزی دیكەش نزیكەی 54%.                                          

سێیەم/ هەڵبژاردنی 2010 
بەلام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 ی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە (917685)، هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (680408) هاوڵاتیش دەنگیانداوە،   پارتی دیموكراتی كوردستان (306775) دەنگ بەڕێژەی (45.08%) دەنگەكان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (124632) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (18.3%) و لیستی گۆڕان توانی (103397) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (15.19%) و  كۆمەڵی ئیسلامیی ( 70662) دەنگ و توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (9.2%)، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (51065) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (7.5%)، لە دوای درووست بونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئیدی یەكێتی دەنگەكانی لە پارێزگای هەولێر زۆر دابەزی بۆ 18% واتا بە بەراوردی 2005 بەرێژەی 20% دابەزی و دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی لە پارێزگای هەولێر پەرت بوو . 

چوارەم/ هەڵبژاردنی 2014   
بەڵام پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014، كە (936557) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (744489) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (354735) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (48% ) و ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168688) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%) و لیستی گۆڕان توانی (104059) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و  لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80492) دەنگ بەڕێژەی (11%) و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (26323) دەنگ و بەڕێژەی (4%)ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی لایەنەكان زیاتر بوو لە پارتی كە پارتی 45% و لایەنەكانی تریش زیاتر لە 50%ی دەنگەكانیان مسۆگەر كردووە. 


ئەگەر لە دەنگ و رێژەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو ورد بیتەوە دەردەكەوێت ئاستی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر زۆر گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەو پێیەی پارێزگای هەولێر لەژێر هەیمەنەی پارتیدا بووەو جموجول و چالاكی هێزەكانی سنورداركردووەو دۆخێكی سیاسی وای خوڵقاندووە، كە تەواوی پۆست و بڕیار و پرۆژەكانی ئەو ناوچانە لەژێر هەیمەنەی پارتی خۆیی و بۆ گیرفانی خۆی بووە.
ئەگەرچی ململانێی توندی هێزەكان لە پارێزگای سلێمانی گەرم بووەو ئەوەش لە قازانجی دەنگی پارتیە لە هەولێر و دهۆك، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت  هەڵبژاردنی داهاتوو گۆرانكاری لە پێگەو دەنگ و رێژەی لایەنەكاندا درووست بكات بەتایبەتیش لە پارێزگای هەولێر، بەو پێیەی پارتی دەسەڵاتداری ناوچەكە بەرپرسی پلە یەكی خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ناسەقامگیری كوردستان بووە، بەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و بەم دوایانەش سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەیوەندیەكان و نەوت و ناوخۆ هەمووی لەدەستی پارتیدا بووە بۆیە بەرپرسیارێتی سەرەكی دەكەوێتە ئەستۆ، هاوكات ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو دۆخە پڕ لە قەیرانەی بەدوای خۆیدا هێنای دارێژەرو پلانی سەرەكی ئەنجامدانی لە دەستی پارتی و سەرۆكی پارتیدا بووە ئەو سیاسەتەش هۆكاری سەرەكی داروخانی ژێرخانی ئابوری و سیاسی و روخان و لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بووە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و هەرێمایەتی و جیهانیش.


بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەموو ئەو بارودۆخانەی كە رویان داوەو رێوشوێنە توندەكانی كۆمسیۆنی عێراق بۆ رێگری لە تەزویر و ساختەكاری گۆڕانكاری لە دەنگ و رێژەی دەنگەكانی هێزە باڵادەستەكانی كوردستان لە پارێزگای هەولێر درووست بكات، بە درووستكردنی هەرجۆرە گۆڕانكاریەكیش لە دەنگی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان درووست دەكات.، بەتایبەتیش ئەو زنجیرە خۆپیشاندانانەی كە لەماوەی رابردوودا رویاندا هەیمەنەی دەسەڵاتی پارتی لە ترس و تۆقاندن و سەركوتكردن تێكشاند، كە ئەمەش رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی دەنگدەر ترسی نەبێت لەوەی دەنگ بە هێزوو لایەنی دیكە بدات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand