Draw Media

ئەردۆغان بۆ وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پێشخست؟

ئەردۆغان بۆ وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پێشخست؟

2018-04-18 19:20:47


راپۆرتی شیكاری: نامیق رەسوڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا " ئاكەپە" و سەرۆك كۆماری توركیا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی وڵاتی پێشخست بۆ 24ی حوەزیرانی داهاتوو، هەرچەندە كە بڕیاربوو ئەو دوو هەڵبژاردنە سێی تشرینی دووەمی 2019 و هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئازاری هەمان ساڵ ئەنجامبدرێن.
ئەردۆغان هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی رەتدەكردەوە، بەڵام شێوازیی راگەیاندنی پێشخستنی ئەم هەڵبژاردنە سروشتێكی پلان بۆداڕێژراوی هەیە، رۆژ سێشەممە دەوڵەتی باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا " مەهەپە" كە پێشووتر نەیارێكی سەرسەختی ئەردۆغان بوو ئێستا هاوپەیمانێتی، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد.


ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی نیسانیش دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ باخچەلی، ئەردۆغان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا  وتی " بڕیارماندا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی رۆژی یەكشەممە 24ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوەبچێت."

دوابەدوای لێدوانەكەی ئەردۆغان ، فراكسیۆنی ئاكەپە و مەهەپە لە پەرلەمانی توركیا رایانگەیاند  رێوشوێنی یاسایی لە پەرلەمان دەگرنەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان لە 24ی حوەزیراندا ."
لیژنەی هەڵبژاردنەكان ئامادەكاریی دەكات
 سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاند لە چوارشەممە وە ئامادەكارییان بۆ دانانی خشتەیەكی زەمەنی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی و پەرلەمان دەستپێكردووە و لە دوو رۆژدا تەواوی دەكەن.
سەعدی گۆڤەن لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا وتیشی : " داوا لە دادگای باڵا دەكەین دۆكیۆمێنتی پێویستمان بداتێ، ئەوكاتە رونیدەكەینەوە كە كام حزب مافی هەیە بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات".
سێ مانگی تر باری نائاسایی

پێش ئەوەی ئەردۆغان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات پەرلەمانی توركیا بڕیاری درێژكردنەوەی باری نائاسایی وڵاتی بۆ سێ‌ مانگی تر پەسەندكرد كە لەلایەن حكومەتی توركیاوە پێشنیازكرابوو.
لە دوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی توركیا بەردەوام حكومەتی ئەنكەرە باری نائاسایی درێژدەكاتەوە و لەو كاتەشەوە هەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی نەیارانی حكومەت و داخستنی میدیا ئۆپۆزسیۆنەكان دەستپێكردووە و هەڵمەتەكەش بە شێوەیەكی سەرەكی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" و لایەنگرانی بزوتنەوەی خزمەتی فەتحوڵا گولەنی كردوەتە ئامانج كە ئەردۆغان ئەمەی دووەمیان بە پلانداڕێژەری سەرەكی كودەتاكە ناودەبات.
هۆكارەكانی پێشخستنی وادەی هەڵبژاردن
راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت  لەلایەن ئەردۆغانەوە لە كاتێكدایە كە توركیا لە رووی ئیقلیمییەوە رووبەڕووی دۆخێكی دژواری سەربازی و ئابوری بوەتەوە و پەیوەندییە دەرەكییەكانیشی لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەكەش خراپە.
ئەم هەڵبژاردنانەی توركیا بە یەكلاكەرەوە دادەنرێن لە مێژووی توركیادا،  لە راپرسییەكەی نیسانی 2017دا گۆڕینی سیستمی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی پەسەندكرا، ئەم یاسایە دەسەڵاتی زۆر بە سەرۆك كۆمار دەبەخشێت و دوای ئەم هەڵبژاردنە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بە گوێرەی هەمواری دەستوری توركیا ئەردۆغانی تەمەن ( 64 ساڵ ) كە لە 2003ەوە وەك سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار لە دەسەڵاتدایە، مافی ئەوەی دەبێت خۆی بۆ دوو خولی سەرۆكایەتی پێنج ساڵە كاندید بكات.
جەنگیز تورك یەكێك لە سەركردەكانی جەهەپە دەڵێت" پێشخستنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئاكەپەوە بەهۆی ئەوەیە كە ترسێكی زۆری لە داڕمانی جەماوەر هەیە لە شەقامی توركیادا و ئەردۆغان ئەو هەنگاوەی ناوە بۆئەوەی هەل بۆ ئەوانی تر نەڕەخسێنێت كاتی تەواوەتیان هەبێت خۆیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئامادەبكەن، وەك ئەوەی كە ئەردۆغان خۆی چەند مانگێكە دەستیپێكردووە و ئەمسەر و ئەوسەری وڵات دەگەڕێت."
هاوكات مستەفا ئۆزجان چاودێری سیاسی توركیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " عەرەبی 21 " رایگەیاند ئاراستەیەك لای پارتی دەسەڵاتداری توركیا دروست بووە بە پێویستی دەزانێت كە بەهۆی جێگیربوونی سوپای توركیا لە عەفرین و دۆخی خراپی ئابوری و دابەزینی خێرای بەهای لیرەی توركی هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت.
هاوكات تۆران قشڵاقچی نوسەر و رۆژنامەنوسی تورك لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " عەرەبی 21" وتی :" راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت چاوەڕوانكراو بوو، جموجوڵی زۆری ئەردۆغان و وتاری رۆژانەی لە شارەكاندا ئاماژەبوون بۆئەوەی كە هەڵبژاردنی پێشوەخت بڕیاری لێدەدرێت."
بە بۆچوونی قشڵاقچی ئۆپەراسیۆنی عەفرین و كێشە دەرەكییەكانی توركیا پێویستیان بە یەكخستنی بەرەی ناوخۆ هەیە و ئەوەش تەنها لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بەدی دێت.
  هەدەپە و جەهەپە بۆ هەڵبژاردن ئامادەن
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە"  رایدەگەیەنێت كە ئامادەی هەڵبژاردنن.
پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی " هەدەپە"  لە پۆستێكیدا لە پەیجی هەدەپە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی: " بە گیانی حەوتی حوەزیرانەوە پێشوازی لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەین و دەیبەینەوە."

هەروەها بوڵەند توزجان وتەبێژ و جێگری سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە"  ئامادەیی حزبەكەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت راگەیاند.
توزجان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی :" جەهەپە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن وەكو ئەوەی بەیانی ئەنجامبدرێت".
وتەبێژی جەهەپە داواشیكرد دەستبەجێ‌ باری نائاسیی لە توركیا كۆتایی پێبهێنرێت و وتی:" پێویستە دەستبەجێ‌ باری نائاسایی كۆتایی بێت، ناكرێت هەڵبژاردن لە ژێر سایەی باری نائاساییدا بكرێت و وڵاتەكەمان پێویستی بەوەیە باری نائاسایی لە ئەمڕۆوە كۆتایی پێبهێنرێت".
 سەرۆكی پارتی نیشتمانی توركیاش دوغو برینشیك رایگەیاند حزبەكەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئامادەیە و وتیشی " ئەمجارە ئەردۆغان براوەی هەڵبژاردنەكە نابێت".
كێ‌ ركابەرێتی ئەردۆغان دەكات؟
لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆكایەتی توركیادا ركابەری سەرەكی ئەردۆغان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان " سەڵاحەدین دەمیرتاش " بوو كە ئێستا لەدوای كودەتاكەوە لە كونجی زینداندایە و دەیان تۆمەتی ئاراستەكراوە و لە گۆڕەپانی سیاسی دووخراوەتەوەو تا ئێستاش نازانرێت كە هەدەپە كێ‌ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندیددەكات، لەبەرئەوە بەرای چاودێران ئێستا گۆڕەپانەكە بۆ ئەردۆغان تەخت بووە دەتوانێت بە ئاسانی كورسی سەرۆكایەتی بباتەوە، هەرچەندە پێشبینی ئەوەش دەكرێت كە ركابەری تر رووبەڕووی ئەردۆغان ببنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش رێكناكەون پرۆسەكە بە قازانجی ئەردۆغان دەشكێتەوە.
وتەبێژی جەهەپە بوڵەند تورجان لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەیدا رایگەیاند بەمزوانە كاندیدای خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی رادەگەیەنن، ئەوەش دوای گفتوگۆی چڕ و قوڵ لەگەڵ پەرلەمانتاران و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی پارتەكەیان.
ژنێك چانسی خۆی تاقیدەکاتەوە
تا ئێستا بە رەسمی یەك كاندیدا ئامادەیی خۆی بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەردۆغان راگەیاندووە لە  هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ئەویش " میراڵ ئاكشینەر " سەرۆكی پارتی چاكە "IYI "، كە پێشتر وەزیری ناوخۆ بووە و كۆتایی ساڵی رابردوو لە مەهەپە جیابوەتەوە و ئەو حزبەی دامەزراندووە.
ئاكشینەر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند هیچ بەربەستێكی یاسایی نییە بۆئەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندید نەكات و بۆ بەشداریكردن لەو پرۆسەیە 100 هەزار ئیمزا كۆدەكاتەوە.
ئاكشینەر كۆتایی ساڵی رابردوو حزبەكەی حزبەكەی دامەزراندووە و بە گوێرەی دەستوری توركیاش حزبە سیاسییەكان ناتوانن بەشداری  هەڵبژاردن بكەن ئەگەر شەش مانگ بەسەر یەكەمین كۆنگرەی حزبەكەدا تێنەپەڕیبێت.


گویل دێتەوە مەیدان؟
دەربارەی ركابەریكردنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ئێستا لەناوخۆی توركیادا باس لە ناوی عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری پێشوو و هاوڕێی ئەردۆغان دەكرێت كە ئێستا لە ئەردۆغان نیگەرانە و لە ئاكەپە دوووركەوتوەتەوە.
شارەزایەكی توركیا پێشبینی ئەوەدەكات كە عەبدوڵا گویل لە رێگەی پارتی سەعادەتەوە ركابەری ئەردۆغان بكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، بەڵام ئاماژە بەوەشدەدات كە گویل چانسی لەو ركابەرییەدا لاواز دەبێت ئەگەر نەتوانێت هاوپەیمانێتییەكی بەهێز لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەكاندا پێكبهێنێت.
دەربارەی كاندیدكردنی گویل محەمەد ئەمین یەكێك لە سەركردەكانی حزبی سەعادەت بەدووری نازانێت ئەو هەنگاوە بنێن و رایدەگەیەنێت حزبەكەی لە گفتوگۆدایە و تا ئێستا بڕیاری نەداوە و هەموو بژاردەكان تاوتوێدەكەن.

ئامادەکردنی: نامیق رەسوڵ

سەرچاوە: ئاژانسەکانی هەواڵ

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand