مێژووی هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا
2018-04-15 10:00:36
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت
سەرەتایەكی پێویست
دوای جەنگی جیهانی یەكەم، وڵاتانی زلهێز هەرسێ ویلایەتی (بەغداد، بەسرە، موسڵ) یان بەپێی رێككەوتننامەی (سایكس پیكۆ) لەچوارچێوەی وڵاتێكی نوێدا بەناوی (عێراق) یەكخست.
لە رۆژی 11 ی تشرینی دووەمی 1920، عێراق بوو بە ئەندام لە كۆمەڵەی گەلان لەژێر ئینیتدابی بەریتانیادا، ئینگلیزەكان بۆ جێگیركردنی وڵاتە نوێیەكە، شۆڕشی 1920ی عێراق و شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفیدیان لە كوردستان سەركوتكرد.
ساڵی 1921 بەسەرۆكایەتی وینستۆن چەرچڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆنگرەی قاهیرە بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دیاریكرا، كۆنگرەكە پێشنازی كرد ریفراندۆمێك سازبدرێت بۆ دانانی شا فەیسەڵ، 23ی ئابی 1921 فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دانرا.
كانونی دووەمی 1924 كە عێراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بو، هەڵبژاردنێك بەڕێوەچو بۆ دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی دامەزراندن، ئەوە یەكەم هەڵبژاردن بو لە مێژووی نوێی عێراقدا، شیعەكان كە دژی ئینتیدابی بەریتانیا بون، هەڵبژاردنەكەیان بایكۆت كرد.
ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكە یەكەمین دەستوری بۆ عێراق نوسییەوە، تەموزی 1924 دەستوری عێراق پەسەندكرا، لە 21ی ئازاری 1925 شا فەیسەڵ دەستورەكەی ئیمزا كرد، لە دەستورەكەدا سیستمی حوكمڕانی عێراق بە سیستمی (پادشایەتی دەستوریی) دیاریكرا لەگەڵ بوونی حكومەتێكی پەرلەمانیی و دوو ئەنجومەنی یاسادانان بەمشێوەیە:
• ئەنجومەنی نوێنەران: ئەم ئەنجومەنە چوار ساڵ جارێك لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت
• ئەنجومەنی پیران (ئەعیان): ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی لەلایەن پادشاوە دەدەنرا
بەشێوەیەكی گشتی مێژوونوسان مێژووی عێراق بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەكەن:
• قۆناغی یەكەم: رژێمی پادشایەتی 1921-1958
• قۆناغی دووەم: رژێمی كۆماریی 1958 تاوەكو ئێَستا
لە هەردوو قۆناغەكەدا چەندین پەرلەمان هەبوون كە نوێنەرایەتی گەلیان كردووە.
سەردەمی پادشایەتی و یەكەم پەرلەمان لە مێژووی عێراقدا
ساڵی 1925 یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، بەشێوەیەكی گشتی لە قۆناغی پادشایەتیدا 16 خولی پەرلەمانی هەبووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو پەرلەمانانە خولی یاسایی خۆیان تەواو نەكردووە و پێشوەخت هەڵوەشێندراونەتەوە جگە لە سێ خولی پەرلەمانی نەبێت، بۆ نمونە 1953 هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچووە، بەڵام سەرۆك وەزیران داوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختی كردوەو بەوهۆیەوە 1954 دیسان هەڵبژاردن بەڕێوەچوە، هەر هەمان ساڵ جارێكی تر هەڵبژاردن كراوەتەوە.
تاوەكو روخانی سیستمی پادشایەتی لە ساڵی 1958 لە عێراق (10) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچوو، هەر لەو ماوەیە زیاتر لە (50) حكومەت پێكهێنرا، ئەمەش نیشاندەری ناسەقامگیری دۆخی سیاسی عێراقە لەو سەردەمەدا.
لەم سەردەمەدا ئەنجومەنی نوێنەران یاخود پەرلەمان ناوی (كۆمەڵەی نیشتیمانی) لێنراوە.
سیستمی كۆماری و سەردەمی قاسم
ساڵی 1958 بە سەرۆكایەتی سەركردەكانی كودەتاكەی 14ی تەموزو ئەفسەرانی ئازادیخواز رژێمی كۆماری راگەیەندرا، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ هەنگاوێك بە ئاڕاستەی پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردن سەرنەكەوت.
سەردەمی بەعسییەكان
تاوەكو كودەتای ساڵی 1963ی بەعسییەكان هیچ هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەنەچوو، لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسییەكانیشدا ژیانی دیموكراتی لە عێراق تاوەكو ساڵی 1980 بەتەواوەتی پەكیكەوت، دوای 22 ساڵ راوەستان، 1980 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچو.
بەعسییەكان ناوی پەرلەمانیان گۆڕی بۆ (ئەنجومەنی نیشتیمانی)، ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی سەربە حزبی بەعس بون، هەرچەندە لە 1980وە رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدا، بەڵام هیچ یەكێك لە هەڵبژاردنەكان نەیتوانی دیموكراسی لە عێراق بچەسپێنێت.
ناوی ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نیشتیمانی (پەرلەمان) لەسەردەمی بەعسدا:
• نەعیم حەداد: 1980-1983
• سەعدون حەمادی: 1983-1990
• سەعدی مەهدی ساڵح: 1990- 1996
• سەعدون حەمادی: 1996-2003
دوای سەددام
ساڵی 2003 رژێمی بەعس روخێنرا، قۆناغێكی سیاسی نوێ دەستیپێكرد، مارسی 2004 ئەنجومەنی بەڕێوەبردن كە لەلایەن دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانانەوە دانرابو، ئیمزای لەسەر دەستورێكی كاتی كرد، دەستورەكە داوای پێكهێنانی كۆمەڵەی نیشتیمانی ئینتیقالی كرد، بەجۆرێك تەمەنی كۆمەڵەكە لە مانگی كانونی دووەمی 2005 تێپەڕنەكات، ئەركی ئەم كۆمەڵەیە ئامادەكردنی رەشنوسی دەستورێكی نوێ بوو بۆ عێراق لەگەل دیاریكردنی.
لە قۆناغی دوای سەددام حسێندا پەرلەمان ناوی لێنرا (ئەنجومەنی نوێنەران)، یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یەكی كانونی دووەمی 2005دا بەڕێوەچوو. ئیئتیلافی عێراقی یەكگرتوو هەڵبژاردنەكەی بردەوە و رێژەی 48%ی دەنگەكانی دەنگەكانی بەدەستهێنا، كە ژمارەی دەنگەكانی دەیكردە 140 كورسی لە كۆی 275 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران.
ئیتیلافی عێراقی یەكگرتوو وەكو لایەنی براوەی هەڵبژاردنەكە دەستیكرد بە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی، لەسەر بنەمای ئەو دانوستانانە، رۆژی 4ی كانونی دووەمی 2005:
• حاچم حەسەنی وەكو عەرەبێكی سوننی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا
• هەریەكە لە حسێن شەهرستانی لە پێكهاتەی عەرەبی شیعە و عارف تەیفور لە پێكهاتەی كورد وەكو جێگرانی یەكەم و دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران
• جەلال تاڵەبانی لەسەر پێكهاتەی كورد وەكو سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا
• ئیبراهیم جەعفەری لەسەر پێكهاتەی شیعە وەكو سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا
دەستور
15ی تشرینی یەكەمی 2005 دەستوری نوێی عێراق خرایە راپرسییەوە، بەپێی ئەو دەستورە پەیكەری پەرلەمان یاخود ئەوەی پێی دەوترێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەمشێوەیە داڕێژرا:
• ئەنجومەنی نوێنەران
• ئەنجومەنی فیدراڵ
ئێستا ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران (329) كورسییە كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن، ئەركی ئەم ئەنجومەنە دەركردنی یاسا و چاودێركردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.
بەشێوەیەكی گشتی لە پاڵ رۆڵی دەركردنی یاسا و چاودێریكردن، دەستور هەندێك ماف و دەسەڵاتی تری بە ئەنجومەنی نوێنەران داوە لەوانە:
• ئیمزاكردنی پەیماننامەكان
• دەنگدان لەسەر كاندیدەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن
• هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران سەرۆك كۆمار
• پێدانی متمانە بە سەرۆك وەزیران
ئەنجومەنی فیدراڵ
ئەم ئەنجومەنە پێكدێت لە نوێنەری هەموو ناوچەكانی وڵات، لە هەندێك لە وڵاتانی جیهان ئەم ئەنجومەنە ناوی لێنراوە ئەنجومەنی پیران، تائێستا ئەم ئەنجومەنە لە عێراق پێكنەهێنراوە و كێشەی لەسەرە.
لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە تائێستا ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچووە، ناوی هەندێك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە قۆناغی دوای سەددام:
• حاچم حەسەنی: 2005-2006
• مەحمود مەشهەدانی: 2006-2008
• فوئاد مەعسوم: 14ی حوزەیرانی 2010- 11ی تشرینی دووەمی 2010
• ئوسامە نوجێفی: 2010-2014
• سەلیم جبوری: 2014-2018